پی سی سیتی

پی سی سیتی (http://p30city.net/index.php)
-   زبان ادب و فرهنگ کردی (http://p30city.net/forumdisplay.php?f=150)
-   -   اشعار کلاسیک کوردی (http://p30city.net/showthread.php?t=39630)

behnam5555 05-24-2015 08:34 PM


به‌نوری باده‌ كه‌شفی زوڵمه‌تی ته‌قوا نه‌كه‌م ، چیبكه‌م !
به‌شه‌معێكی وه‌ها چاری شه‌وێكی وا نه‌كه‌م، چیبكه‌م !

له‌خه‌زنه‌ی دڵم دا هه‌رچی هه‌یه‌، هه‌رداغی سه‌ودایه‌
ده‌سا ئه‌م نه‌قده‌ ده‌ردی عیشقی پێ سه‌ودا نه‌كه‌م ،چیبكه‌م !؟

له‌گه‌ڵ ده‌ستی مه‌لا ڕێ ناكه‌وێ زونناری زوڵفی یار
وه‌كو (شێخ) ئیختیاری مه‌زهه‌بی (ته‌رسا) نه‌كه‌م ،چیبكه‌م !؟

(مه‌حوی)

behnam5555 05-24-2015 08:35 PM


خه‌رامی ناز ئه‌گه‌ر هێنایه‌ له‌نجه‌ سه‌روی مه‌وزونت
وه‌كو له‌یلا، له‌سه‌ر ڕێ پرسشێ كه‌ حاڵی مه‌جنونت

ده‌ترسم گه‌ردی خوێنی من له‌ شیشه‌ی گه‌ردنت نیشێ
وه‌گه‌رنا ، غه‌م نیه‌ بمرم له‌ حه‌سره‌ت لێوی مه‌یگونت

(مه‌حوی)

behnam5555 05-24-2015 08:35 PM


دڵم ئه‌مشه‌و نه‌خۆشی نیسبه‌تی چاوێكی بیماره‌
جگه‌ر غه‌ڵتانی خوێنی حه‌سره‌تی لێوێكی خۆنخواره‌

سه‌رم شێواوی شێوه‌ی فیتنه‌ هه‌ڵگیرسێنی شوخێكه‌
حه‌واسم ته‌فره‌قه‌ی عیشوه‌ی دڵ ئاشووبێكی عه‌ییاره‌

خه‌یاڵی زوڵفی ده‌رناچێ له‌ دڵ تا ده‌رنه‌چێ ڕۆحم
سپێراوه‌ خه‌زینه‌ی به‌ختی ئێمه‌ به‌و سیاماره‌

له‌شینی فیرقه‌تی ئه‌ودا ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌شكی سورم ڕێت
به‌ده‌وری جێگه‌ما تا بڕ ده‌كاتن دیده‌، گوڵزاره‌

(مه‌حوی)

behnam5555 05-24-2015 08:36 PM

ژانـــــــــى عـــەشــــق .........

گـەر دەمـزانــى خــۆشــەویــســتــى وا بــەژانــە قــەت نــەمــدەکــرد
ئــەوەى ســیــعــرى چــاو بــوایـــە چـــاوى خــۆمــم لــێ ون ئــەکــرد

گـەر دەمـزانـى نـامـە نـوسـیـن دەسـت و پـەنـجـەم ئـەشـکـێــنــــى
دەریــای خــەیــال هــەمــووســاتــێ مــاســی رۆحـم ئـەخـنـکـێـنـێ

هـەرگـیـز رازى ئــەم دلــەى خــۆم بــۆ کــاغــەزێ دەرنـــەئــــەبــــری
وەکــو مــەجــنــون بــەشـێـتـانـە یـەخــەم بــۆیــار دەرنــەئـــەبـــــــرى

خــۆم نــادایــە بــەر روبـــارى نــەهــــامـــەتــــى ئـــەویـــنـــــــــــدارى
دلــم نـــاکــرد بــەرێــبــوارى رێــی فــرمــێــســـک و رێـــی دلــــــدارى

بــەلام چـى بـکـەم کـە عـاشـق بـووم ئـەوسا زانـیـم عـەشـق ژانــە
بـۆ هـەنـدێ کـەس زەردەخـەنـەو بـۆ هـەنـدێ کـەس هـەرتــــاوانـــــە

شـــەهـــــاب زەنــــگــــەنـــە

behnam5555 05-24-2015 08:37 PM

ته‌مه‌نیک له‌ چاوه‌روانى بێوه‌فایى دا......

ئــــــه‌ى ئـــــه‌و که‌سه‌ى گـه‌ڵاى ته‌مه‌نـمت وه‌رانـد
ئــــــه‌ى ئـــــــه‌و که‌سـه‌ى خـه‌نده‌ت له‌لێوم تۆرانـد

ئــــــه‌ى ئه‌و که‌سـه‌ى هـه‌موو ژیـانمت تێک شکاند
ئــــــــه‌ى ئه‌و که‌سه‌ى ئه‌ستێره‌ت له‌ ئاسمانم تۆراند

تـــــــــــــۆ بـــــێـوه‌فاى خــــۆتـت دۆرانــــــــــــد..
ئـــه‌ى ئــــه‌و که‌سـه‌ى ژیــانت لـه‌ چاوما لـێڵ کـرد

ئــــه‌ى ئه‌و که‌سه‌ى خه‌ونه‌کانمت زینده‌ به‌چاڵ کرد
دڵـــنیابه‌ ڕۆژێ دادێ ئاهى دڵه‌ى گریاوم ده‌تگرێ..

وا جــــــــه‌ژن دێت من نـــــــازانم جـه‌ژن چى یه‌!
ڕۆژان ده‌ڕوا و مــــــــن نــــــازانم خۆشى چى یه‌!

هــــه‌ر تۆ نه‌بــــــــوى ده‌توت دلـَى من دڵـى تۆیــه‌؟
هه‌ر تۆ نه‌بـــــــوى ده‌توت ژیان له‌ دواى تۆ درۆیه‌؟

کـــــــــــوا ئه‌و ســــۆزه‌؟ کـــــــــــوا وه‌فــــــــاکه‌ت؟
کـــــــــــوا ئه‌و عــــه‌شقه‌؟ کــــــــــــوا دڵــــــه‌که‌ت؟

نــه‌مده‌زانى خه‌م چى یه‌، تۆ فێرى خه‌مـــت کــــــردم
نه‌مده‌زانى عه‌شق چى یه‌، تۆ توشى عه‌شـقت کــردم

تـــه‌مه‌نى من به‌هارێ بوو،پایزت کــــرد به‌ میوانم
زۆر گه‌شبین بوم له‌ ژیانم،روخاندت کۆشکى ژیانم

مـــــن قوتابى ده‌ستى عه‌شـق،ئێستا شـێتى کـــۆڵانانم
خــــه‌ڵک دڵخۆشه‌ له‌ ژیان،منیش به‌شیمانم له‌ ژیانم

له‌لاى خه‌ڵک وا جه‌ژنه‌ و له‌لاى منیش ڕه‌ش و ماته‌م
خــه‌ڵک ده‌ڕوا بۆ مـیوانى، دڵى منیش میوانى خـه‌م!!


هیمداد نامۆ


behnam5555 05-24-2015 08:40 PM

شنه‌ی‌ پشكووتن‌

كه‌ هه‌ور ده‌گری‌، ئه‌تۆ ده‌ستی‌ به‌ باڵا دێنی

شیرنه‌ مۆچڕكی‌ فڕینی‌ به‌ خه‌یاڵا دێنی‌!

تۆ وه‌كوو رێژنه‌ بزه‌ی‌ گه‌رمی‌ به‌یانی‌ نه‌ورۆز

ده‌س‌ به‌ سه‌ر یاڵ و بژی‌ نه‌رمی‌ شه‌ماڵا دێنی‌!

تۆ هه‌ناسه‌ی‌ په‌مه‌یی‌ نه‌رمه‌ شنه‌ی‌ پشكووتن‌

به‌ مل‌ و سنگی‌ سڕ و زه‌رده‌ڵی‌ ساڵا دێنی‌!

له‌ ده‌ماری‌ ده‌گه‌ڕێ خوێنی‌ كه‌سك‌، ورده‌ چرۆ

كه‌شنه‌ی‌ واده‌ به‌ باخ‌ و چه‌م‌ و یاڵا دێنی‌!

تۆ وه‌كوو هه‌وره‌تریشقه‌ی‌ به‌ گوڕ و تینی‌ به‌هار

ره‌وه‌ز و جه‌نگه‌ڵ و كوێستان‌ وه‌سكاڵا دێنی‌!

نیونیگای‌ تیژی‌ برووسكه‌ی‌ له‌ ده‌ڵاقه‌ی‌ هه‌ورا

خه‌نجه‌ری‌ گڕ به‌ ده‌ماری‌ شه‌وی‌ زاڵا دێنی‌!

وه‌كوو فرمێسكی‌ چه‌می‌ هه‌وری‌، به‌ بێ جیاوازی‌

سه‌ر به‌ سه‌ر شانی‌ گوڵاڵه‌ و دڕووداڵا دێنی‌!

ئه‌و ترووسكه‌ی‌، كه‌ له‌ جێژوانی‌ ئه‌وینا پشكووت‌

تیشكی‌ هیوا به‌ دڵی‌ تار و به‌تاڵا دێنی‌!

تۆ به‌ ئاسۆگی‌ خه‌می‌ زه‌رده‌په‌ڕا تێده‌په‌ڕی‌

لێو به‌ سه‌ر زامی‌ چیای‌ جه‌سته‌ شه‌ڵاڵا دێنی‌!

بۆ ئه‌وین‌ و گوڵی‌ شۆڕان‌ سه‌ری‌ خۆت‌ دانانێی‌

له‌ حه‌وا ده‌م‌ به‌ مه‌م‌ و كوڵمی‌ خه‌زاڵا دێنی‌!

تۆ شنه‌ی‌ سه‌وزی‌، قژی‌ زه‌ردی‌ گه‌نم‌ دادێنی‌

شه‌و به‌ ئاڵاوه‌ شنه‌ی‌ شاپه‌ڕی‌ ئاڵا دێنی‌!

ئه‌مين گه‌رديگلاني

behnam5555 05-24-2015 08:41 PM

دوو غه زه ل

* دەریا+ ئاسمان=چاوی... *

وەرزی گیانم بەسروەی نیونیگای تۆ ڕاچەنیوە

بۆیە سەدان كانیی ئەوین لە نێو دڵما تۆقیوە

هەستم لەسەر كێش و هەوای زەردەخەنەی شێعراویت

لەگەڵ شنەی تیشك و هاژەی باڵی (با) هەڵپەڕیوە

ئێستاش وێنەی ئەو نیگایەی لەسەر پاساری زەینم

نیشتەوەم، هەر‌بەدیواری ڕۆحمدا هەڵواسیوە

كڕنۆش دەبەن بۆ زەریای چاوانی شینت مژۆڵت

كاتێ سەیری دڵم دەكەی لەبەر پێت هەڵوەریوە

كە دیم ئەوین وەكوو ئاونگێ داوەری لەسەر گوڵ

ڕۆحم بەپشت شووشەی ڕوونی نیگاوە بوو بەجیوە

ڕادەچڵەكێ گڕپژێنی هەستی كەسیرە كەوتووم

بەو خورپەیەی بە ڕێی شنەی ڕووتا بۆلام فڕیوە

كێڵگەی ڕۆحم ڕاخستووە بۆ بارانی ئەوینت

ئەو بارانەی سەدان ڕۆحی لەباوەشدا زەلیوە

چەپكە پڕشنگی كەلێنی هەوری زەمانە كەزیەت

هەرچی ڕەنگە بەسەماوە لەهەمبەریا چەمیوە

شەنگە چناری باوەشی سەوزی چۆمی مەجیدخان

ئاسمان بۆ ماچێكی شینی چاوی تۆ دانەویوە.

*ژانی خاك *

دانەبەردی زەوی دانی نەلەقیبوو هێشتا

گابنەی پیرەزەوی پێی تەبەقی بوو هێشتا

زەوی پێخوێیە قوڕی خۆشە نەبووی پۆپۆ بوو

ڕەشەبا كاری دڕی و كەللەڕەقی بوو هێشتا

شەوی ئەم شاخە كڕە و گیانی خەواڵووی پێدەشت

چقڵی دژ ویستی لە دڵیان نەچەقیبوو هێشتا

ئەو دەمە ژوانی شنە و تیشكی ژیان بوو ئێرە

قارچكی مێشكی مرۆڤ هەڵنەتەقیبوو هێشتا

# #

دووكەڵە سواخە بەدەست ئێمە دەموچاوی هەتاو

سەیرە بەوحاڵەوە بۆچی شەبەقی بوو هێشتا

بە ڕمی كەڵپە و چڕنووكی مرۆڤ گیانی زەوی

هەموو توێ توێ بوو بەڵام هەر ڕەمەقی بوو هێشتا

زۆر بە مۆچڕك و تەزوو گیانی تەزی و جینگڵی دا

كەچی كۆڵنجی لەشی هەر نەتەقیبوو هێشتا

# #

دڵی خاك هێندی لەدەس ئێمە هەنیسك داوە

هەڵدڕێ سینگ و بەرۆی خۆشی هەقی بوو هێشتا

ئه‌مين گه‌رديگلاني



behnam5555 05-24-2015 08:43 PM

خوێنی ئەستێرە

لە دڵم ئەوشەوە خوێنی دڵی ئەستێرە تكا

كە تكەی خوێن لەدڵی ئەو كەژە زەنوێرە تكا

مانگەشەو چاوی شەوارەن بەترووسكەی سووری

ئەودڵۆپەی لە پەڕەی زەردی گوڵەستێرە تكا

كەچیا چۆكی لەژێر باری خەما نووشتاوە

خوێن لەچاوی ئەوی تاڤگە و چەم و هەڵدێرە تكا

كەوتە ڕێ كاتێ لە كۆی نوورەوە بۆ باوەشی شەو

سەد بەهار ڕۆحی ژیانی لەڕوو، تا ئێرە تكا

دەركەوت شەو لەدڵی شاخی شەپۆلی شەبەقێ

خوێنی ئەستێرە لە پەلكی گوڵی شللێرە تكا

ڕاچەنی شاخ و دڵی كەیلی،برووسك پێكای

شەو گزنگێ لەسەر ئەو تەقتەقە تاوێرە تكا

لەكەلی سووری برینی دڵەوە خۆر هەڵدێ

بۆیە شەو خوێن لە دڵی ئاشقی ئەو شێرە تكا

دەشت و شاخانی لەیەكتر كە گرێ دا "كێوگەرد"

ڕیزی شەودڵ وەكوو سەروای سەری ئەم شێعرە شكا.


ئه‌مين گه‌رديگلاني

behnam5555 05-24-2015 08:44 PM

*شەبەقی ناز*

کووچە چۆڵ و شەبەقی نازێ لە پەنجێرە تکا
ئاسمان شەق بوو تکەی شەونمی ئەستێرە تکا

شەونمی واژە لەسەر کۆشی خەیاڵ بوونە شێعر
کە تریفەی بزە لەو لێوە گوڵاودێرە تکا

وتم: ئەی شۆخی بەدەو بۆخەمی تۆ بوومە هەور
وەرە ئەم تک تکی فرمێسکمە بژمێرە، تکا

ئاوری بەرداوەتە دڵ پێلی گڕهاوێژی نیگات
بکە ڕەحمێک و بە تاڤگەی قژەوە بێرە تکا

مەمکەکەت بگرە لەبەر حاکمی ئەشقی دڵڕەق
بۆ گرێ دانی دڵ و وەسڵی ئەوین خێرە، تکا

سەرم هەڵگرت و لەبەر دەرکی ئەوینم دانا
دایە بەر شەق وتی پێم: باوی نییە لێرە تکا

من نیگام برسییە بۆ دینی گوڵی ڕووت و کەچی
لە نیگات شەونمی ماچی ئەوی چاو تێرە تکا

بوومە تاوێکی سڕی کەوتوو لەنێو کووچەکەتان
چابوو تیرێژی بزەت هات و لەپەنجێرە تکا.

ئه‌مين گه‌رديگلاني

behnam5555 05-24-2015 08:44 PM

*خاسە کەو*

خاسەکەوێکی بە گەرووی ئاڵەوە

خۆت لە قەفەس نا بە خەت و خاڵەوە

ماڵەوە جێ بێڵە شەقام چاوەڕێن

شادی وەخە ڕۆحی کوڕ و کاڵەوە

گۆمی جەماوەرورە بابشڵەقێ

بەوڕەشەبای بەژن و قەد و شاڵەوە

با بشکێنێ شنە ئاڵای کەزیت

مەقنەعەکەت تووڕ دە بەدەسماڵەوە

گڕدە لەچەک، پەرچەمی تۆ خۆی گڕی،

پاقژی نەورۆزە بەدەم یاڵەوە

تامەزرۆی نەرمە شنەی رەوتی تۆن

لاو و بەساڵاچوو و بە منداڵەوە

ڕوون کەرەوەی چاو و دڵن قۆڵ و پۆز

مەیخەرە ژێر ئەو سڕ و سیپاڵەوە


ئه‌مين گه‌رديگلاني


اکنون ساعت 02:49 AM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.

Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)