ریکاوێر
هه‌زار تف و له‌عنه‌ت له ریکاوێر.ئه‌گه‌ر ریکاوێر نه‌با،من ئه‌م گۆبه‌نده‌م به سه‌ر نه‌ده‌هات.ئێوه‌اره‌یه. میراوێ به جێ دێڵم.هه‌ر چه‌ند رێگا وه‌ک به‌ری ده‌ستم شاره‌زام،له دوایین که‌س که ده‌یبینم،ده‌پرسم: هه‌تا سنوور چه‌ند سعات رێیه؟
- له هه‌وای خۆش و بێ به‌فر دا دوو و نیو هه‌تا سێ سعات رێیه.
هه‌تا هه‌وار به‌ستێ به‌وپه‌ڕی خۆشیه‌وه‌ر رۆیشتم.له وێڕا دوو رێگا بۆ سنوور هه‌یه:یه‌که‌م شه‌تره که رژد و چه‌توون و پێچ پێچه.ئه‌ویتر رێگای کانی روون ڕوونک که باوێشه و دوورتره.له حاڵێکدا نیمه بتوانم له‌گه‌ڵ خۆم کێشه بکه‌م.رێگای کانی روون ڕوونک هه‌ڵده‌بژێرم.ورده‌ورده هه‌وایه‌که‌ی ده‌گۆڕی. زریان ورشه‌ی دێ.به هانکه‌هانک ده‌گه‌مه کانی روون ڕوونک.قومه ئاوێک له گۆی مه‌مکی ده‌خۆمه‌وه.کانی روون ڕوونک له ناو به‌فر وسه‌هۆڵێ دا هه‌ڵم ده‌کا.پرچه زێڕینه‌کانی به‌ره‌و خه‌ره‌ند و لاخڕ شۆڕبوونه‌ته‌وه.به ده‌یان جارلێی رابردوومه.تینوایه‌تی وماندوویه‌تی هاوینی له روو سڕیومه‌ته‌وه.
زۆر دلۆڤانانه باوه‌شی بۆ رێبواری تینووی هه‌ره‌س هێناو ده‌کاته‌وه.
باسکی شاخه ڕه‌ش وه‌ک ئه‌سته‌مترین و رژدترین به‌شی رێگا له به‌ر ده‌ممه.هه‌ر ئه‌و رژدیه ببڕم ئیتر تا غه‌ڵێ بایزی باوێشه.باسکی شاخه‌ڕه‌ش له کانی روون ڕوونک را به‌ره‌و باشووڕ تێ هه‌ڵده‌کشێ. رژد و چه‌توون.به لای باکووڕه‌وه ره‌وه‌زێکه که به سه‌ر خه‌ره‌ندێکی هه‌زار به هه‌زار دا ده‌نواڕێ. هه‌ر پێم هه‌ڵخلیسکێ،هه‌پڕوون به هه‌پڕوون ده‌بم.ره‌نگه ریکاوێر بۆ زۆر که‌سی باش بێ.شتی ده‌گمه‌نی بۆ دۆزیبنه‌وه.ئه‌و شتانه‌ی تۆزی رۆژگار دایپۆشیون.یارمه‌تی باشی به زۆر که‌س کردووه.به‌ڵام بۆ من، بۆ منی کڵۆڵ،له چاره‌ره‌شی زێتری پێ نه‌بوو.هه‌مووی ئه‌و شوێنه‌ونکانه،سڕینه‌وه‌ی هه‌ر هه‌موو شوێن پێیه‌کانی لێ زه‌ق و زیندوو کردمه‌وه.ئه‌و شتانه‌ی که ته‌نانه‌ت به نێزیکترین و خۆشه‌ویستترین که‌سی خۆشم نه‌گوتبوو.واته نه‌هێنی پارێزیم کردبوو.
سه‌ری له دیوار کوتام.راست ئه‌و جێگایه‌ی چه‌ندین جاری دیکه‌شی له دیوار کوتابوو.ئاوسابوو. ته‌نانه‌ت خوێنیشی تێزابوو.هه‌مووی ئه‌و شتانه‌ی وه‌ک رۆژی روون له به‌ر چاوی من و وان زه‌ق ده‌چوون وه‌درۆم خستنه‌وه.له کورسیله‌یێکی ئاسنیان گرێ دام.سه‌ری سیمێکیان له قامکی شایه‌تمانی ده‌ستی راستم گرێ دا و سه‌ره‌که‌ی تریشی له که‌ڵه قامکی لاقی چه‌په‌م.ئه‌و قامکه‌ی چه‌ند رۆژ له‌وه پێش به زه‌بری پێله‌قه‌ی شکاو و خوێناوی بوو.ره‌نگه به ئانقه‌ست له برینه‌که‌ی به‌ستبێ بۆ ئه‌وه‌ی شوێنه‌واری زیاتر بێ.له پڕ هه‌موو له‌شم به هه‌موو هێزیه‌وه هه‌ڵده‌ته‌کێ.دوو باره و سێ باره و چه‌ند باره.هه‌ست ده‌که‌م ده‌م و لێوم خوار بوونه.شان و پیلم ره‌ق هه‌ڵاتوون.هه‌ست ده‌که‌م هه‌موو چرکان که‌لڵه‌ی سه‌رم ده‌ته‌قێته‌وه.له‌شی نیوه گیانم تووڕ ده‌ده‌نه‌وه نێو سلووله سارد و بۆگه‌نه‌که.کازیوه نه‌ئه‌نگوتوه ده‌مبه‌نه ده‌ر.هه‌ر دوو ده‌ستم له پشته‌وه‌ڕا فه‌لاقه ده‌که‌ن.به ده‌ستی فه‌لاقه‌کراو هه‌ڵم داوه‌سن. ته‌وژمی سه‌رما،له ژانی باهۆیه‌کانم پتر ئازارم ده‌دا.شه‌ش کاتژمێر ئاوا له حه‌وشه فه‌لاقه ده‌کرێم.که لێم ده‌که‌نه‌وه،ده‌مبه‌نه‌وه ژوور و هیچم نیه پێیان بڵێم،ده‌هریتر ده‌بن.له سه‌ر ته‌خته‌خه‌وێک ده‌مه‌وله‌پ رامده‌خه‌ن.هه‌ر چوار په‌لم گرێ ده‌ده‌ن.وه‌ک ئه‌وه‌ی خوری بشۆن له دوولاوه به کابڵ به‌ر ده‌بنه گیانم.... .
باسکی شاخه‌ڕه‌ش چه‌توونه.زۆر زه‌حمه‌ت پێیدا هه‌ڵده‌گه‌ڕێم.کڕێوه‌ی ده‌کا.ورده‌ورده هه‌ست به سڕبوونی لاقه‌کانم ده‌که‌م.وره‌م به‌رزه به‌قه‌د سیاکێو.دڵ له دڵێ ناده‌م.هه‌نگاوم خۆشتر ده‌که‌م. هه‌ڵده‌خلیسکێم،به بنه گوێنیه‌ک خۆ ده‌گرمه‌وه.گوێ ناده‌مه ئه‌ودڕوانه‌ی ده‌په‌نجه‌م رۆچوون:خۆزگه زام هه‌ر دڕوو با.کڕێوه له سه‌ر و چاوم ده‌دا.دوا که‌س که دیتم پێی گوتم پیاوی چاک به واده‌ی سه‌فه‌ر نیه. چه‌ند رۆژێک خۆت حه‌شارده.به‌شکوو هه‌وای خۆش کات.به‌ڵام من که خۆ حه‌شار دان و دیتنه‌وه و ره‌پێچه‌ک دانم لا یه‌ک بوو،هه‌ر بیریشم له قسه‌که‌ی نه‌کرده‌وه.ئێستا تێده‌گه‌یشتم که به راستی واده‌ی سه‌فه‌ر نه‌بوو.به‌ڵام کاکی خۆم که‌سێک له شه‌ڕ نه‌بێ شیری تیژه.ئه‌و نه‌یده‌زانی ئه‌گه‌ر بگیرێمه‌وه، ره‌نگه ئیدی قه‌ت هه‌لی وام بۆ هه‌ڵنه‌که‌وێته‌وه.به ساتمه بردن و هه‌ڵخلیسکان و که‌وتن و هه‌ستانه‌وه باسکی شاخه‌ڕه‌شم بڕی.که گه‌یشتمه باوێش هه‌وا تووشتر بوو.بۆران نه‌یده‌هێشت پێش چاوم ببینم. ساتمه‌م ده‌برد و خۆم ده‌گرته‌وه.به سێ کاتژمێرونیو گه‌یشتمه‌غه‌ڵێ بایزی.ئه‌و جێگایه‌ی رێگای شه‌تره‌ش تێکه‌ڵ ئه‌و رێگایه ده‌بێته‌وه.ئێواره‌یه دره‌نگانه...چۆڕاوی رۆژ داچۆڕاوه و کلووکلوو شه‌و ده‌بارێ*.ده‌رمانی رێیه رۆیشتنه.به‌ره‌و کێله‌شین تێ هه‌ڵده‌بم.له که‌نده‌کان ته‌ندووره‌ی ده‌کا.ده‌ست و پێم به ته‌واو مانا چوونه.خۆ ده‌کوتم زووتر بگه‌مه سه‌ر سنوور.سێ دوژمنی سه‌ره‌کیم هه‌نه که ره‌نگه هه‌ر سێکیان له سه‌ر سنوور چاوه‌ڕوانم بن:کڕێوه،گورگ و مین.پاسگای کێله‌شین وه‌ک مۆته‌ی سه‌ر رێگا لێم وه‌ده‌ر ده‌که‌وێ.تۆ بڵێی به‌و کڕێوه‌یه‌که‌سیان به‌ده‌ره‌وه بێ؟حه‌سکۆ ده‌یگوت ده‌ستووری تیریان هه‌یه.
پاسه‌وانه‌که تێی نه‌خوڕیم.ئاخۆ دیتوومی و خۆی له گێژیه داوه یان سه‌رما و کڕێوه ئه‌و بواره‌یان پێ نه‌داوه؟به به‌ر ده‌می دا تێپه‌ڕیم.ره‌نگه ئه‌ویش به‌و سێ دوژمنه‌ی منی زانیبێ.زه‌ردیێکی هاتبیتێ و له ژێر لێوانه‌وه گوتبێتی:زۆری نه‌ماوه به یه‌کجاری بحه‌سێته‌وه.که گه‌یشتمه سه‌ر سنووربه ته‌واوی تاریکایی داهاتبوو.ئیتر هیچ کوێم لێک نه‌ده‌کرده‌وه.رێ و لاڕێم نه‌ده‌ناسی.یه‌که‌م دوژمنم له باسکی شاخه‌ڕه‌شه‌وه ده‌گه‌ڵ بوو.دوه‌م دوژمنیشم به لووره‌لوور خۆی پێ ناساندم.هه‌ستم کرد له‌وه ماندووترم بتوانم له به‌ریان هه‌ڵێم.هه‌ر هه‌تا کانیه‌خۆمارۆیه شاره‌زا بووم.به‌فر هه‌تا ئه‌ژنۆم هاتووه.به نائۆمێدی ده‌یبڕم.کانیه خومارۆ به مێرگ و کانیاوه‌کانیه‌وه له ژێر به‌فرێکی قورس دا خرپ خه‌وتووه.جێ جێ لێره و له‌وێ به‌فر ده‌ره‌قه‌تی ئاو نه‌هاتووه و دیار ده‌که‌ن سه‌رچاوه‌نه
له خۆم دڵنیام.باش ده‌زانم قفڵی زبانمیان پێ نابیته‌وه.زیاتر له چل رۆژه له ژێر سه‌ختترین جه‌زره‌به داخۆم راگرتووه ودانم به هیچ شتێک دانه‌هێناوه.ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یکه ده‌یان به‌ڵگه‌یان به به‌ره‌که‌تی ریکاوێر له به‌ر ده‌ست دایه،خۆم بۆ شل نه‌کردوونه وهیچم وه‌ستۆ نه‌گرتوون.زامی پێم سارێژ بۆته‌وه.به‌ڵام پێم وانیه زامی دڵ و مێشکم ته‌نانه‌ت له ژێر خاکیش سارێژ بێته‌وه.باش له بیرمه که بازپرسه‌که‌به پانیه‌ی پۆتینه‌که‌ی له سه‌ر په‌نجه‌ی پێم سووڕا،گوێم له قرچه‌ی ئێسکی پێم بوو.رۆژی دواتر یه‌کێک هات تیماری کردم.به راوێژێکی گه‌رم و برایانه ده‌یدواندم.پێی ده‌گوتم چی ده‌زانم پێیان بڵێم و خۆم رزگار که‌م.ئه‌گینا ده‌یان جۆر جه‌زره‌به‌ی دیکه چاوه‌ڕێم ده‌که‌ن.ده‌یگوت به‌زه‌ییم پێتدادێته‌وه،کۆزت ساوایه.تۆ بڵێی ئه‌وانه‌ش دایک و بابیان هه‌بێ؟ژن و منداڵیان هه‌بێ؟ تۆمه‌ز ئه‌گه‌ر یه‌کێک منداڵێکیان ئازار بدا چ بکه‌ن؟ چاوبه‌ندله‌چاودا، سه‌رێکی ده‌سبه‌ند له مه‌چه‌کی راستی من دا و سه‌ره‌که‌یتریشی له ده‌ستی پاسه‌وانه‌که‌م دا به پێبلیکانه‌کاندا وه‌سه‌ریان خستم.هێنایانمه خوار.بردیانمه‌وه سه‌ر.هێنایانمه‌خوار.
- بۆلای راست بسووڕێ.
سووڕام.ده‌م و لووتم له دیواریدا.هه‌ر هه‌موو یه‌کڕا تریقانه‌وه.
- کوڕه حه‌یوان من ده‌ڵێم بۆ لای چه‌پ،بۆ لای راست ده‌سووڕێی؟سه‌رت نه‌وی که.بڕۆ پێش، بسووڕێ،له‌سه‌ر کورسیله دانیشه.
ده‌مه‌وێ له‌سه‌ر کورسیله دانیشم،له‌سه‌ر قوون به‌ر ده‌بمه‌وه،پاشکه‌سه‌رم وه‌دیواری ده‌که‌وی،کورسیله‌ی لێ نیه.دیسان ده‌تریقێنه‌وه.
- سبه‌ی به‌ڕێ ده‌کرێیه دادگا،نه جه‌زره‌به کراوی،نه قسه‌ی خه‌راپیان پێ گوتووی.بازجوویێکی ساده‌ت لێ کراوه.تێگه‌یشتی؟له‌وه زیاتر بڵێی ئێسکی له‌شت ده‌هاڕم.یه‌ڵڵا بیبه‌نه‌وه.
پاسه‌وانه‌که‌م زڕته‌زه‌لامێکه ده‌رچوون له ده‌ستی ئاسته‌مه.له هۆڵی دادگا داوای لێ ده‌که‌م بمباته ئاوده‌ست.به بێ بڕوایی چاوم لێده‌کا.چل و چوار رۆژ تێرنه‌خواردن و لێدان و کوتان بڕستی لێ بڕیوم. له‌وه‌ی بێ هێزترم ده‌بینێ بتوانم له ده‌ستانی راکه‌م.ده‌سبه‌نده‌که‌م بۆ ده‌کاته‌وه و له ده‌رگای ئاوده‌سته‌که ده‌چه‌قێ.هه‌ر که چوومه راڕه‌وی ئاوده‌سته‌که پیره‌پیاوێکم دیت ده‌چۆ ده‌ره‌وه.ده‌ستم گرت:مامه نایه‌ی پاڵتۆ گۆڕینه‌وه‌ی؟ئه‌وه دوا هه‌لمه.
تێم گه‌یشت.بزه‌ی هاتێ.له چه‌ند چرکه دا پاڵتۆمان گۆڕیه‌وه.کڵاو وجه‌مه‌دانیه‌که‌ی له سه‌ری کرده‌وه،له سه‌ری نام.رواڵه‌تم گۆڕا.
-مامه مه‌یه ده‌ر تامن ده‌رده‌چم.
هه‌مووی خوله‌کێک پێ نه‌چوو له ئاوده‌سته‌که هاتمه ده‌ر.بێ ئه‌وه‌ی چاو له پاسه‌وانه‌که‌م بکه‌م،له نێو حه‌شیمه‌ت خۆم ون کرد.تۆ بڵێی مامه‌پیره له سۆنگه‌ی منه‌وه تووشی گۆنگه‌ڵ نه‌بێ؟ئه‌و پیاوه‌پیره کێ بوو؟بۆ یارمه‌تی دام؟ته‌نانه‌ت نه‌یده‌زانی چ تاوانێکم کردووه.یان باشتره بڵێم نه‌یده‌زانی به چیه‌وه تاوانبار کراوم که چی له پێناو به‌زه و شه‌ڕه‌ف و پیاوه‌تی دا ئه‌و ئه‌رکه‌ی وه‌ئه‌ستۆ گرت.
تاکسیه‌که له ده‌رگای ماڵێی دانام.هه‌ر که ژنه‌که‌م دیتمی،هه‌مووشت تێگه‌یشت.باوه‌شم به منداڵه‌کان داکرد.چه‌ند به ئاواته‌وه بووم جارێکی تر بیانبینم.له خۆشیان هه‌ر هه‌موومان ده‌گریاین.
-خۆت ده‌رباز که و بڕۆ.ده‌به‌رت مرم هه‌تا دانه‌ڕژاونه‌ته ماڵه‌که‌مان.هه‌سته،خه‌می ئێمه‌ت نه‌بێ.خودا بۆ ئێمه که‌ریمه.
به‌ده‌م قسه‌کردنه‌وه نان و پێخۆر و شمه‌کی گه‌رمی بۆ ده‌پێچامه‌وه.من هێشتا تاساوی دیتنه‌وه‌ی منداڵه‌کانم بووم.به په‌له پڕووزێ خۆم له منداڵه‌کانم کرده‌وه.ئه‌و بڕه پووڵه‌م له ژنه‌که‌م وه‌رگرت که به‌ده‌م هه‌نیسکه‌وه بۆی راداشتبووم.
-خۆت ده‌رباز که هه‌تا نه‌گه‌یشتووتنێ.
تۆ بڵێی ئه‌و پیره پیاوه چه‌ندی پاسه‌وانه‌که‌م غافڵاندبێ؟تۆ بڵێی چی به سه‌ر بێ؟ده‌نگی له گوێم ده‌زرینگاوه:راکه رۆڵه‌م،تا ده‌توانی دوور که‌وه.
هێدی هێدی لووره‌ی گورگه‌کان نێزیک و نێزیک‌تر ده‌بۆوه.خۆش خۆش ئاوڕم له دواوه ده‌داوه. له دووره‌وه تارمایی و ره‌شایه‌تیه‌کم به‌دی کرد.دوعام ده‌کردهه‌ڵه‌ته بن یان وا زووم نه‌گه‌نێ. بیرم له قسه‌کانی مسته‌فا ده‌کرده‌وه که گوتبووی له گاده‌ری سێ شه‌و و رۆژان له به‌ر ته‌وژمی کڕێوه خۆم له کونه ورچێک خزاند که سێ ورچی تێدا نووستبوون.گه‌رمای له‌شی ورچه‌کان له مردنی رزگار کردم. من ئه‌و کات بڕوام پێ نه‌کرد به‌ڵام ئێستا له‌م دۆخه دا ئه‌گه‌ر کونه ورچێکم دیتباوه،گومانم له‌وه دا نه‌بوو خۆم تێده‌خزاند.کڕێوه نه‌یده‌هێشت سه‌ر هه‌ڵێنم.چاوم هه‌ته‌ری نه‌ده‌کرد.چه‌ند به ده‌وری خۆمدا سووڕابوومه‌وه؟ گورگه‌کان لێم نێزیک ببوونه‌وه.یه‌که‌م شت که هه‌ناوی سارد و برسی گورگه‌کانی گه‌رم کرده‌وه،پرێسکه‌ی نان و پێخۆره‌که‌م بوو که تا ئه‌و حه‌له هه‌ر بابۆڵه‌یێکم لێ خواردبوو.هیواداربووم به‌و زوانه پرێسکه‌که‌یان پێ نه‌بێته‌وه که هه‌ر هه‌موویان تێی وه‌رهاتبوون.بڕیارم دابوو رانه‌وه‌ستم. چونکه راوه‌ستان و سه‌هۆڵ به‌ستنم یه‌ک بوو.بۆیه تا هێزم تێدا هه‌بوو به‌ره‌و پێش خۆم ده‌کوتا.ئیتر ده‌ستم له کار که‌وتبوون.تا ده‌هات هه‌ناسه هه‌ڵکێشانم بۆ سه‌ختتر ده‌بوو.سمێڵم سه‌هۆڵیان به‌ستبوو.چه‌ند چووبوومه پێش؟هه‌موو دونیا به‌فره و هیچ کوێ لێک ناکه‌مه‌وه.ئه‌وه‌ی دڵنیام زۆر له سنوور دوور که‌وتوومه‌ته‌وه.شه‌و راشکاوه و من هێشتا له گه‌ڵ به‌فر و با دا سه‌ما ده‌که‌م.بێ تامترین کایه،کایه‌ی به‌فر و بایه.ئه‌و کاته‌ی وا له به‌ر چاوت گه‌مه به گیانت ده‌که‌ن و هیچت له ده‌ست نایه.دیسان گورگه‌کان له دوامن و لووره‌یان دێ.وا دیاره پرێسکه‌ی نانه‌که‌م به‌شی هیچ کوێی نه‌کردوونه.جێ جێ به‌فر هه‌تا سه‌ر ئه‌ژنۆیانم دێ.ته‌واو هیلاکی کردوومه.وه‌ک دوا فیشه‌ک لۆیه‌کی پشتێنده‌که‌م لێ ده‌که‌مه‌وه. شوێنه‌واری پشتێنده‌که له سه‌ر به‌فره‌که که زۆریشی پێ ناچێ ره‌ش ده‌بێته‌وه،گورگه‌کان ده‌ترسێنێ. گۆرگه‌کان نه‌ختێک لێم دوور ده‌که‌ونه‌وه.به‌ڵام وا دیاره له وه‌ی برسی ترن به هاسانی ده‌ستم لێ هه‌ڵگرن.
-ده‌ڕۆم،تا ئه‌و په‌ڕی هێزم ده‌ڕۆم.تا بڕستم بی،تا هه‌ناسه‌م بێ.
به‌ره‌به‌ره دونیا رووناک ده‌بێته‌وه.شل و کوت دوایین هه‌نگاوه‌کانم ده‌نێم.لاقم له دوو نایه‌ن.له په‌ل و پۆ که‌وتووم.به‌ر ده‌بمه‌وه.هه‌ر ئێستایه و گۆرگه‌کان بگه‌نه سه‌رم.سیمای منداڵه‌کانم،ژنه‌که‌م،پیره‌پی او و پاسه‌وانه‌که‌م،هاوبه‌ندیه‌ک نم یه‌ک یه‌ک به به‌ر چاوم دا دێن و ده‌ڕۆن.ژنه‌که‌م منداڵه‌کانی له باوه‌ش کردووه و به‌بێ ده‌نگی ده‌گری.ده‌سبه‌ندی پاسه‌وانه‌که‌م له ده‌ستی مامه پیره دایه.چاوه‌کانی پڕ له هیوان.بزه‌ی دێتێ.ده‌مه‌وێ پێیان بڵێم نه‌گه‌یشتمه ئاوات.پێێان بڵێم بمبوورن ئاکامه‌که‌م ئه‌وه بوو.زمانم سه‌هۆڵی به‌ستووه.هیچم پێ ناگوترێ.هێدی هێدی چاوم ده‌که‌ونه سه‌ر یه‌ک.خۆم بۆ مردن به ده‌سته‌وه دا.غه‌ڵبه‌غه‌ڵبێکم گوێ لێ ده‌بێ.توانام نیه سه‌ر هه‌ڵێنم.یان لانی که‌م هاوار بکه‌م.ده‌گه‌نه سه‌رم.چه‌ند تارمایی ره‌ش له سه‌ر سه‌رمن.ئیتر ته‌واو.گورگه‌کانن و ئێستا به زیندوویی تێم رۆدێن.پێڵوه‌کانم یاریم ناکه‌ن چاو هه‌ڵێنم بیانبینم.
-هه‌ڤال زندیه.
-راکه‌ن بینن.
هه‌ڵیانگرتم.نازانم نه‌شه‌وه،نه‌رۆژه.جارجار له هۆش ده‌چم و جارجاره‌ش وه‌هۆش دێمه‌وه.له ژوورێکی نایلۆنی دا خۆم دیته‌وه.ئاخۆ ئێره به‌هه‌شت بوو؟به‌هه‌شت بوو،به‌ڵام دڵنیابووم به‌هه‌شته‌که‌ی من نه‌بوو. ئه‌و وڵاته،وڵاتی به‌هه‌شتان بوو.
-هه‌ڤال سڕێ بریه.
-ت دزانی باب و باپيريد مه چ ل سڕێ بریا دکرن؟
-ئه‌رێ هه‌ڤال.
-هونژی هۆ لێبکه‌ن.
ده‌ست و پێم،ران و سمت و سینگ و سه‌ر وته‌نانه‌ت هه‌ناسه‌کانیشم سه‌هۆڵیان به‌ستبوو.رووت و قووت له‌و دیوه نایلۆنیه درێژیان کردووم.دوو دیواری گۆشتن له دوو لاوه را پاڵیان وێداوم.دوو له‌شی گه‌رم و ناسک ده‌یانه‌وێ گیانێکی گه‌رم وه‌به‌ر ئه‌و جه‌سته سڕه بێننه‌وه که خوێن له ده‌ماره‌کانی دا به‌ستبووی. چ له‌وه‌ی خۆشتره گه‌رما له له‌شی ئافره‌ت بدزی؟ئه‌گه‌ر مه‌سیح دیبای چۆن ئه‌و دوو ئافره‌ته گڕگڕ گه‌رمای له‌شی خۆیان به‌قوربانی رووحی من ده‌که‌ن؟من سه‌رم سوڕمابوو.تا ئه‌وکاته من حه‌مامی ژنانم ته‌نیا له چیڕۆکی عه‌نته‌ری هه‌رکیان**بیستبوو.که چی ئێستا خۆم له‌و حه‌مامه دا له ناو ئێسک و گۆشت و خوێنی گه‌رم و زیندوودا مه‌له‌م ده‌کرد.به‌ره‌به‌ره خوێن له ده‌ماره‌کانم گه‌ڕا.ئه‌وانه کێ بوون؟ دایکم بوون؟خوشکم بوون؟کێ بوون که وا رووحی هه‌ڵڕژاومیان چۆڕچۆڕ ده‌ڕشته‌وه ناو کۆلکه‌ی له‌شم؟که زیندوو بوومه‌وه،تا ئێستاش قه‌ت ئه‌و دوو ئافره‌ته‌م نه‌ناسین که وادایکانه گیانیان وه‌به‌ر هێنامه‌وه.من جارێکی‌تر زیندوو ببوومه‌وه و ده‌بوایه به‌ره‌و چڵه‌پۆپه تێ هه‌ڵچمه‌وه به‌ره‌و به‌هه‌شته‌که‌ی خۆم.ئێره به‌هه‌شتی من نه‌بوو.ئه‌و به‌هه‌شته دیوارێکی رووخابوو که وا هه‌ر هه‌موویان له پشت ئه‌و دیواره رووخاوه خه‌ریکی خواردنی به‌رێکی حه‌رام کراو بوون.
روخساری منداڵه‌کانم،چاوه پڕ فرمێسکه‌کانی ژنه‌که‌م،کڵاو و جه‌مه‌دانی مامه پیره و بیر و باوه‌ڕم هه‌ر هه‌موویان پاڵیان پێوه‌نام جارێکی‌تر به‌ره‌و هه‌ورازی به‌هه‌شته‌که‌ی خۆم تێهه‌ڵچمه‌وه.
عه‌لی سۆهرابی
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
ویرایش توسط behnam5555 : 05-09-2011 در ساعت 08:21 PM
|