"په‌نا به خوا له‌تاو شه‌یتان"
ئه‌یگێڕمه‌وه، با وایش بیر وه‌که‌ن بڕوام نه‌ماوه، شێت بووم یا شه‌یتان چووه‌ته کڵێشه‌مه‌وه. گێژم، کاسم. نازانم یا نا ئه‌زانم چ هێزێکه هه‌رچی به‌ره‌و پێش ئه‌چم شکم پتر ده‌کا و پرسیاری زیاتر گێژم ئه‌کا؟! له به‌ر درگای بیمارستان هه‌مووی ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو یا نا بڕێکیانم دێته‌وه بیر که موبایله‌که‌م زه‌نگ ئه‌خوا.
ئه‌و ڕؤژه چووم بۆ که‌ره‌ج به شوێن دایکم و خوشکما، له ناو مێترۆ کتێبی دنیای سووفی ئامۆندسێنی یووستین گۆردێرم ئه‌خوێنده‌وه که له‌گه‌ڵی ئاشنا بووم. ئێستا ئه‌و بوو -به‌دیع- وتی له تاران چه‌ند شه‌و میوانت ئه‌بم. نازانم بڵێم به‌خێر بێی، نه‌ڵێم، کوڕه میوان هه‌ر مه‌رامێکی بێ حه‌بیبی خوایه، کێشه ئه‌وه‌یه خۆیشم سه‌رم له‌و ژانه‌سه‌رانه ئه‌خورێ.
باسه‌که‌مان له فه‌لسه‌فه و کۆمه‌ڵگای ده‌ور و به‌ر یا ره‌شید وته‌نی کۆمه‌ڵه‌گای ده‌ور و به‌ره‌وه به‌ره‌و دین و عیرفان چوو و ئه‌و زوو ڕای خۆی ده‌ربڕی و من زوو هه‌ستم پێ کرد که به‌هاییه (له‌وه‌ی که وتی به باوه‌ڕی من هه‌تا دنیا دنیایه پێغه‌مبه‌رانی پاش موحه‌ممه‌دیش(ص) دێن) له وریایی خۆم نه‌بوو به‌ڵکوو ئه‌م ماوه هاوکارێکم که به‌هایی بوو زانیاری باشی له‌و بوواره‌وه پێ دابووم، به کورتی ئه‌و ڕؤژه شوکور بۆ خوا ئیمانه‌که‌م به ساغی گه‌یانده‌وه ماڵ.
زۆرم به دایکم وت مه‌یه کوڕه جارێکه مه‌یه بۆ تاران له باوکم پاڕامه‌وه، هیچ سوودی نه‌بوو نازانم بۆ ئه‌موت مه‌یه. ئه‌مڕۆ له سه‌ر کاره‌وه ته‌له‌فوونم بۆ کرد، پاش حه‌وت هه‌شت زه‌نگ :
_ ئه‌لۆ فوئاد گیان زوو خۆت بگه‌یێنه‌وه ماڵ پێم وا بێ ده‌ستم شکاوه.
_ به چی...؟
_ هه‌ڵاتم ته‌له‌فوونه‌که به‌رز وه‌که‌م له سه‌ر سرامیکه‌کان هه‌ڵخزام و که‌وتم.
_ باشه وا هاتم.
ئێستا پاش ئه‌وه‌ی بۆ سێ بیمارستانی دیکه‌ش چووی لێره گیرساوییه‌وه که تایبه‌ت به شکاوی و ئێسک و چوارپه‌له، دوکتور ئه‌ڵێ ئه‌بێ عه‌مه‌لی که‌ی ده‌ستی خراپ شکاوه. بیرت هه‌ر لای نازانی خۆشت چییه و وڕ به ده‌وری خۆتا ئه‌سووڕێیته‌وه. چۆنه ئه‌بێ دایکت بێت و تۆ له‌و شاره زل و زه‌به‌نه سه‌ر له‌و بیمارستانه ده‌ر بێنی و چاوت به چه‌ند دۆست بکه‌وێ و دیسان له‌و حاڵه که له‌وانه‌یه جار و بار نوقمت کا و ون بی و دیسان میوان بیته‌وه، میوانی بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆت، میوانی چاره‌نووس، ئه‌و جار ئه‌و دۆسته تازه‌ش خزمی ڕفیقێکی کۆنت بێ... ئای که سه‌یره.
زۆر شت هه‌یه قورسه له‌سه‌ر شانت، ئه‌زانی چییه به‌ڵام ناتوانی بیڵه‌ی یا نابێ بیڵه‌ی، خه‌ڵک به شێتت ئه‌زانن، لێت دوور ئه‌که‌ونه‌وه، لێت ئه‌ترسن، ته‌نانه‌ت جاری وایه خۆیشت له خۆت ئه‌ترسی یا گه‌مه به خۆت ئه‌که‌ی، باوه‌ڕ به خۆشت ناکه‌ی، ئیتر خه‌و و خه‌یاڵه‌کانت له گه‌ڵ ژیانی ئاسایی بۆ جیا ناکرێته‌وه، خه‌و به که‌وشه‌وه ئه‌بینی که‌وشی سپی له‌و که‌وشه یێسیکه‌نه کوره‌ییه‌کان، ئه‌و که‌وشانه‌ی له‌مێژه بۆ ئه‌سڵه‌که‌ی ئه‌گه‌ڕێی.
ئێستا شه‌و دره‌نگه، خه‌وم دێ خه‌وێ که ڕه‌نگه خه‌ون ببینم، ئه‌خه‌وم پاشماوه‌ی چیرۆکه‌که‌تان به‌یانی بۆ ئه‌گێڕمه‌وه ئه‌گه‌ر مام، به‌ڵێن ناده‌م ئه‌گه‌ر خه‌ونیشم دی پێش هه‌موو که‌س بۆ ئێوه‌ی وه‌گێڕم، تۆ بڵه‌ی خه‌و به چییه‌وه ببینم؟! به‌یانی بۆتان ئه‌گێڕمه‌وه.
خه‌وم دی، خه‌وێ که ئه‌زانم چی بوو به‌ڵام ناتوانم بیڵێم یا کاتێ ئه‌مه‌وێ بیڵێم له بیرم ئه‌چێته‌وه و ئیتر نایێته‌وه بیرم.
سبه‌یشه‌و میوانم هه‌یه میوانی زۆر، هه‌ر یه‌که‌و له لایێکه‌وه، دڵم نایێ به هیچیان بڵێم نه‌یێن، ئه‌مڕۆ دایکم له بیمارستان هێناوه‌ته‌وه بۆ ماڵ.
وه‌ڕه‌ز نه‌بووم به‌ڵام له‌مه‌ولا ئه‌بێ میوانه‌کانم به نۆبه بێن، په‌توو سه‌رین و قاپ و قاچاخم که‌مه.
جاری وایه میوانی وایشت بۆ دێ که ئه‌بێ ئاوێنه بکڕی، ئیتر ناته‌وێ بۆ تماشا کردنی خۆت بچییه ناو ئاسانسۆڕه‌که و له ئاوێنه‌که‌یدا تماشای باڵای خۆت بکه‌ی، ئه‌گه‌ر خۆشت به‌دزییه‌وه بچی پێت عه‌یبه به میوانه‌که‌ت بڵێی بچۆ له ئاسانسۆڕه‌که‌دا تماشای باڵای خۆت بکه. له‌وانه‌یشه له‌ناکاو ئاسانسۆڕه‌که بچێته نهۆمی سه‌ره‌وه، به‌رده‌م درگای ماڵی جیرانه‌که‌ت و دوای ئه‌وه‌ی درگا ئه‌کاته‌وه چاوی به میوانه‌که‌ت بکه‌وێ، جا ئه‌گه‌ر کاتیش نیوه‌شه‌و یا سه‌رله‌به‌یانی بێ و دراوسێ ترسه‌نۆکه‌که‌ت وه‌بوورێ ئه‌مجار وه‌ره و کۆی که‌ره‌وه. ئێستایش له خه‌جاڵه‌تی ئه‌و دوو جاره‌ی له ئاسانسۆڕه‌که‌دا لێت ترسابوو ئاره‌قی سارد ناو چاوانت ئه‌گرێ.
جاری وایه حه‌ز ئه‌که‌ی ده‌ورت پڕ بێ له میوان به‌ڵام ناچاری جوابیان که‌ی و دڵیان له خۆت بڕه‌نجێنی به‌ڵام تۆ ئه‌و کاره‌ت نه‌کردووه و ناشیکه‌ی. جاری وایه ئه‌بێ کارێ بکه‌ی که خه‌ڵک و دۆست و ئاشنا لۆمه‌ت بکه‌ن یا ته‌نانه‌ت دایکت باوکت، به‌ڵام ئه‌وان نازانن تۆن له بیری چی دای، چی به دڵتا دێ، ئه‌گه‌ر بیڵه‌ی به شێتت ئه‌زانن لێت ئه‌ترسن ئه‌ڵێن جنۆکه‌ی له‌گه‌ڵه. ته‌نانه‌ت ناوێری خه‌ونه‌کانیشت وه‌گێڕی ئه‌گه‌ریش بته‌وێ جاری وایه ده‌مت ئه‌بێته ته‌ڵه‌ی ته‌قیو.
ئێستا ئێوه‌ش به شێتم ئه‌زانن به‌ڵام من پێتان ئه‌ڵێم جارێکی تر ئه‌م چیرۆکه مه‌خوێننه‌وه چون له خۆتان ئه‌ترسن و ئه‌که‌ونه گومان، گومان له هه‌موو شتێ ... ته‌نانه‌ت له که‌وشه‌کانتان، له میوانه‌کانتان، له خه‌وێ که ئه‌یبینن له شتێ که ئه‌یزانن به‌ڵام ناتوانن بیڵێن و ئه‌گه‌ریش بیڵێن خه‌ڵک به شێتتان ئه‌زانن. گرینگ ئه‌وه‌یه هه‌موومان که‌م و زۆر ئه‌وجۆره بیر و هه‌ستانه به زه‌ین و دڵماندا دێ و که یه‌کێک نهێنیێکمان پێ ئه‌ڵێ لێی ئه‌ترسین، به‌شێتی ئه‌زانین یا وا هه‌ست ئه‌که‌ین جنۆکه‌یه یا شه‌یتان چووه‌ته ناخی.
" فوئاد جه‌هانی " بانه