06-11-2012
|
|
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی
|
|
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172
3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
|
|
ژیان نامه‌ی مامۆستا مه‌لا موحه‌ممه‌دی ڕه‌بیعی
ژیان نامه‌ی مامۆستا مه‌لا موحه‌ممه‌دی ڕه‌بیعی مۆدریک جاف
نوسینی ژیان نامه‌ی که‌سێک وه‌ک مامۆستا مه‌لا موحه‌ممه‌دی ڕه‌بیعی کارێکی زۆر دژوار دێته به‌رچاو به‌داخه‌وه تا ئێستا ژیان نامهیاکی ته‌واو و به پیت له‌م زانا و قاره‌مانی گه‌لی کورده نه‌نوسراوه، هه‌رچه‌ن مامۆستا ڕوداوی ڕۆژانه‌ی خۆی ده‌نووسی به‌ڵام به‌داخه‌وه سه‌رقالی ژیان ئیزنی ئه‌وه‌ی نه‌دا که ژیان نامه‌ی خۆی به ده‌ستی خۆی بنوسێت.
کتێبی "عه‌لامه محمد ربیعی" (به قه‌ڵه‌می عبدالسلام حقگو) ته‌نیا کتێبێکه که له‌سه‌ر ژیاننامه‌ی مامۆستا نووسراوه ،هه‌رچه‌ن نوسینی ئه‌م کتێبه زۆر شیاوی ڕێزه، به‌لام زۆر به‌کورتی و به‌ربڵاو باسی مامۆستای کردووه و زۆرێک له تایبه‌ت مه‌ندیه‌کانی ژیانی مامۆستای نه‌هێناوه.
ناساندن و روون کردنه‌وه‌ی ژیانی هه‌ر که‌ڵه پیاوێ پێویستی به لێکۆلینه‌وه‌و تێکۆشانێکی زۆر هه‌یه تا کوو له راستیێکی ته‌واو ژیانی بخاته به‌ر چاو؛ به داخه‌وه تا ئیستا بۆ کۆکردنه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی مامۆستا کارێکی به‌رچاو نه‌کراوه .
ئیستا که هیچ ده‌سه‌لاتێک له خزمه‌تی کولتوور‌و ئایینی کورد نیه ؛ له سه‌ر گه‌لی کورده که زانایان و قاره‌مانانی خۆی بناسێت و به رێز گرتنیان بیر‌و بروایان بپارێزێت.
مامۆستا مه‌لا موحه‌ممه‌د ڕه‌بیعی (خوای لێ رازی بێت) له ساڵی 1311 کۆچی هه‌تاوی له گوندێک به ناوی "دهرێز" له ئاواییه‌کانی سه‌ر به ناوچه‌ی دیوانده‌ره له کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات له بنه‌ماڵه‌یێکی ئایینی له دایک بوو. به وته‌ی مامۆستا نزیک به 40 که‌س له بنه‌ماڵه‌ی زانای ئایینی و مامۆستا بوون.
مامۆستا تا پێنج ساڵی قورئانی پیرۆزی لای دایکی خه‌تم کرد. سه‌ره‌تای خوێندنی فارسی و عه‌ره‌بی و ده‌رسی ئایینی لای باوکی "مه‌لا عه‌بدولکه‌ریم(خ.ر)"و مامۆی "مه‌لا مه‌حموود(خ.ر)" ته‌واو کرد. دوای کۆچی مامۆی ڕووی کرده زۆرێک له حوجره‌کانی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور و له زۆرێک له مامۆستایان و زانایانی ئایینی کوردستان که‌ڵکی وه‌رگرت.
له دوانزه ساڵی ده‌ستی کرد به نوسینی شیعر وچیرۆک به زمانی فارسی و هه‌روه‌ها نوسینی به‌سه‌رهاتی ڕۆژانه‌ی خۆی و تا دوایین رۆژه‌کانی ژیانی له سه‌ری به‌رده‌وام بوو.
مامۆستا له لایه‌ن مامۆستا عه‌لائه‌دین حوسه‌ینی بانگ کرا بۆ گوندی "چوارچهرمگ" و چه‌ن ساڵێک له خزمه‌تی مامۆستا حوسه‌ینی بوو تا له ساڵی 1333 ئیجازه‌ی فتوا و ده‌رس دانی وه‌رگرت. مامۆستا حوسه‌ینی پێشنیاری هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ کچه‌که‌ی"سوغرا خانم"ی دا به مامۆستا ڕه‌بیعی و به‌م شێوه مامۆستا بوو به زاوای مامۆستا حوسه‌ینی.
مامۆستا چه‌ن ساڵێک له "چوارچهرمگ" ماوه و دوایی کۆچی کرد بۆ شاری سنه و ده‌فته‌ری ئیزدواج و ته‌ڵاقی دامه‌زراند.
ده‌نگی مامۆستا زۆر زوڵاڵ و ئاسمانی بوو، بۆیه له ساڵی 1345 وه‌ک نوێنه‌ری ئێران له موسابقاتی ناونه‌ته‌وه‌یی قورئان له پاکستان به‌شداری کرد‌و له‌وێ له دوای "شیخ محمود خلیل الفخری" له میسر هاوبه‌ش له ته‌ک "عبدالباسط" قاری به‌ناوبانگی میسر پله‌ی دووهه‌می به ده‌ست هێنا.
مامۆستا سه‌باره‌ت به دۆستی له‌ته‌ک "عبدالباسط" ده‌ڵێ:
(دۆستی من و "عبدالباسط" به‌بۆنه‌ی کورد بوونی من بوو له ته‌واوی ئه‌وماوه‌ی که له پاکستان بووم، جل و به‌رگی کوردیم له‌به‌ر ئه‌کرد؛ ڕۆژێکیان "عبدالباسط" جل و به‌رگی کوردی له به‌رما دی هات روومه‌تمی ماچ کرد‌و حه‌کایه‌تی کورد بوونی خۆی بۆم گێڕاوه‌و وتی که باواگه‌وره‌ی خه‌ڵکی شاری شه‌قڵاوه‌ی سه‌ر به کوردستانی باشووره.)
مامۆستا ده‌ڵێ که زانیم "عبدالباسط" کورده زۆرم پێ خۆش بوو، "عبدالباسط" به "ربیع القلوب" بانگی ده‌کردم و جل و به‌رگه کوردیهکهمی له به‌ر ده‌کرد.
دوای گه‌ڕانه‌وه بۆ ئێران مامۆستا بانگ کرا بۆ به‌شی کوردی ڕادیۆ تاران و له‌وێ ده‌ستی کرد به بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی ئایینی به زمانی کوردی و له‌ته‌ک ئه‌وه‌ش له مه‌دره‌سه‌ی "اردبیلی ها" و مزگه‌وتی "عمادالدوله" قورئان و ته‌جویدی ده‌رس ئه‌دا.
ساڵی 1351 هاوکات له‌گه‌ڵ گوێزانه‌وه‌ی ڕادیو کوردی بۆ کرماشان ئه‌ویش کۆچی کرد بۆ شاری کرماشان و له‌ته‌ک کاری ڕادیۆ له مزگه‌وتی ئیمام شافعی ده‌رسی قورئانی به منداڵانی کورد ئه‌وت .
ئه‌وده‌م به‌رنامه‌کانی ڕادیۆ کرماشان زۆر به بایه‌خ بوون و له هه‌ر چوار پارچه بیسه‌رێکی زۆریان هه‌بوو، زۆرێک له که‌سایه‌تیه به‌ناوبانگه‌کانی ئه‌و ده‌می کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات له ڕادیۆ کرماشان کاریان ئه‌کرد وه‌ک:
ئه‌حمه‌دی موفتی زاده(خ.ر)، دوکتور عه‌بدوڕه‌حمانی موفتی زاده، مه‌زهه‌ر خالقی، عه‌بدوڵڵا مه‌ردۆخ، شوکروڵا بابان، حه‌سه‌ن زیره‌ک، سدێق بووره‌که‌یی، سواره ئیلخانی زاده، حه‌مه‌ی که‌مانگر، ساڵح ئیبراهیمی، سه‌ید حسه‌ین مه‌سعودی ، میدیا زه‌ندی، سه‌ید موحه‌ممه‌د سه‌فایی،موجته‌با میرزاده، سه‌ید تاهر هاشمی و زۆرێک له ناودارانی کورد...
مامۆستا ڕه‌بیعی له ساڵی 1357 به پێشنیاری خه‌ڵکی سوننی شاری کرماشان بوو به به‌رنوێژی مزگه‌وتی ئیمام شافعی و تا 1375 که کۆچی دوایی کرد له‌م مزگه‌وته خزمه‌تی زۆری به خه‌ڵکی کرماشان به تایبه‌ت جه‌ماعه‌تی سونی ئه‌م شاره کرد.
مامۆستا ڕه‌بیعی له ته‌ک هاورێیانی تری له کوردستان هاوکات له‌ته‌ک ته‌واوی گه‌لانی ئێران دژ به ڕژێمی گۆڕ به گۆڕی په‌هله‌وی و بۆ سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی ده‌ستیان دا به تێکۆشانێکی فراوان. چالاکی و تێکۆشانی مامۆستا تا ڕاده‌یێک بوو که ده‌ڵێن شۆڕشی گه‌لانی ئێران له کوردستاندا به ده‌ستی کاک ئه‌حمه‌دی موفتی زاده(خ.ر) و مه‌لا موحه‌ممه‌دی ڕه‌بیعی(خ.ر) سه‌رکه‌وت.
مامۆستا به‌ر له سه‌رکه‌وتنی شۆڕش ده‌یان کۆبونه‌وه‌ی به کۆمه‌ڵی له شاری کرماشان ڕێبه‌ری کرد. مامۆستا له‌م کۆبوونانه ئایه‌تی ((انما المومنون اخوة))ی ئه‌خوێند و ئه‌یگوت ته‌نیا له ڕێی یه‌کیه‌تی و یه‌ک گرتن ئه‌توانین سه‌رکه‌وین. مامۆستا شێعه و سونی به برای یه‌ک ده‌زانی و به زیره‌کیێکی ته‌واو له شاری کرماشان نێوان شێعه و سونی یه‌کیه‌تیێکی بێ وێنه‌ی رێخستبوو.
دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕش مامۆستا له‌ته‌ک هاوسه‌نگه‌رانی وه‌ک: کاک ئه‌حمه‌دی موفتی زاده، دوکتور مورید، دوکتور بقا سه‌ید شۆههدایی و تێکۆشه‌رانی تری کوردستان بۆ پاراستنی مافی گه‌لی کورد و جه‌ماعه‌تی سونی ئێران ده‌ستیان دا به تێکۆشانێکی زۆرتر؛ به هیوای ئه‌وه که یه‌کێتی پێش له شۆڕش دوای شۆڕشیش به‌رده‌وام بێت وتووێژێکی زۆریان له‌ته‌ک به‌رپرسانی شۆڕش له تاران ئه‌نجام دا ، به‌ڵام به داخه‌وه چه‌ند رووداوێک وهه‌روه‌ها ده‌ست پێکردنی شه‌ری ناوخۆیی بوو به هۆی بێ ده‌سکه‌وت بوونی ته‌واوی تێکۆشانی ئه‌م به‌رێزانه.
مامۆستا له ناو خه‌ڵکی کرماشان وه‌ک ڕێبه‌ر و پێشهوایێک بوو، زۆربه‌ی خه‌ڵکی کرماشان ده‌یان ناسی و ڕێزیان ده‌گرت ته‌نانه‌ت زۆڕێک له برایانی شێعه مه‌زهه‌ب ئه‌هاتن بۆ لای مامۆستا و پرسیاره ئایینیه‌کانیان ئه‌پرسی.
ده‌نگی خۆشی مامۆستا له ڕادیۆ کرماشان مێوانی هه‌موو ماڵێکی کرماشان بوو، مامۆستا دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕش به‌رنامه‌ی ئه‌خلاقی به زمانی کوردی به‌ڕیوه ئه‌برد.
مامۆستا ڕه‌بیعی له وتووێژێکا که له‌گه‌ڵ گۆڤاری کوردی ئاوێنه له ساڵی 1372 به‌ڕێوه‌ی بردبوو سه‌باره‌ت به زمانی کوردی وا ئه‌ڵێ:
"خوای گه‌وره له قورئانی پیرۆزا ته‌واوی گه‌لانی به‌ڕه‌سمی ناسیووه، ئێمه‌ش وه‌کوو میلله‌تێکی زیندوو و خاوه‌ن فه‌رهه‌نگ پێمان خۆشه فه‌رهه‌نگی خۆمان زیندوو بکه‌ینه‌وه.
خوا له قورئانا فه‌رموویه‌تی))ما ارسلنا من رسولا الا بلسان قومه)) و له ئایه‌تێکی دیکه دا فه‌رموویه‌تی (( و من آیاته خلق السموات و الوانکم ان فی ذالک لایات للعالمین)).
زمانی کوردی یه‌کێکه له‌و زمانانه که فه‌رهه‌نگێکی به هێزی هه‌یه، زانا و وێژه‌ر و شاعیری زۆر زۆر گه‌وره‌ی تیا هه‌ڵکه‌وتووه، له فیلسوف و فه‌قیه و وێژه‌ر تا ده‌گاته شاعیر و نووسه‌ر و کۆمه‌ڵ ناسمان هه‌یه.
له ڕوانگه‌ی شه‌رعه‌وه هه‌رکه‌س ده‌بێ بۆ فه‌رهه‌نگی خۆی ته‌قه‌لا بکا چونکه ئه‌و فه‌رهه‌نگه له ئایاتی خوان، ئه‌گه‌ر فه‌رهه‌نگی خۆ له‌به‌ر چاو نه‌گرین ئایاتی خوامان نادیده گرتووه.
که‌سێک لا بدا له فه‌رهه‌نگی خۆی، پشتی پای داوه له حه‌قیقه‌ت. من له خزمه‌تی مامۆستایانی ئایینی دا وتوومه که فه‌رهه‌نگ و گه‌لی کورد وه‌کوو عه‌تر و بۆنی گوڵی تازه‌ن که لێک جیا ناکرێنه‌وه هه‌رکه‌سێ بیه‌وێ ڕێز له دینی بگرێ ده‌بێ ڕێز بۆ فه‌رهه‌نگه‌که‌ی دابنێ. ئه‌رکی مامۆستای ئایینی کوردیش پاراستنی فه‌رهه‌نگ و زمانی کوردیه.
ئێمه وه‌کوو ئه‌رکێکی شه‌رعی له سه‌رمان پێویسته خوێندنه‌وه‌ی کوردی فێربین و فه‌رهه‌نگی خۆمان بناسین."
مامۆستا له‌م گۆڤاره‌دا به‌سه‌رهاتێکی خۆی وا نه‌قل ئه‌کات:
"که ماڵم باری کرد بۆ سنه، ڕۆژێکیان چوومه کهبابیێک و له‌وێ دانیشتم با‌نگم کرد (آی پسر ی‌خ بیار) کهبابچیهکه هاته پێش و وتی ئای ڕۆ، ئای مامۆستا، ئای ماڵ وێران!؟
سه‌رم سوڕما؟
وتی مامۆستا تۆ به فارسی قسه‌بکه‌ی ئه‌دی من زمانی خۆم چی لێ بکه‌م؟! ئێوه ڕێبه‌ری ئێمه‌ن، تۆ که زمانه‌که‌ی خۆت قه‌بوڵ نیه، ئه‌منی چاره‌ڕه‌ش چی لێ بکه‌م؟!
چه‌قۆیه‌کی هێناو وتی فه‌رموو ئه‌م خاوه‌ن مردووه ببڕه و ڕزگارم بکه!!! وتم شه‌رمه‌نده‌م داوای لێبووردن ده‌که‌م، به‌ڵام چی بڵێم؟!
وتی: بڵێ والێهاتوو به‌فر بێنه. ئه‌ویش ئه‌و فارسیه‌ی که تۆ ئه‌یڵێی...
ئێستاش له هه‌ر نوێژێکا فاتێحهیهکی بۆ " وه‌ستا شوکری" ئه‌خوێنم ئه‌و بیری خستمه‌وه زمانی خۆم گوم نه‌که‌م، مامۆستای ڕاسته‌قینه به‌و ده‌ڵێن..."
مامۆستا به‌شێکی زۆری له ژیانی ڕۆژانه‌ی له نێوان ساڵه‌کانی 64-70 بۆ نوسینی "باقیات و صالحات" دابین کردبوو ئه‌م تێکۆشانی به‌رده‌وامه‌ی و مه‌ترسی ئیجازه وه‌ر نه‌گرتنی له چاپ دانیان و هه‌روه‌ها شک نه‌بردنی هیچ سهرمایهیێک بۆ له چاپ دانیان مامۆستای زۆر ماندوو کردبوو.
خودای گه‌وره ئه‌م به‌نده نازداره‌ی خۆی به زیاره‌تی خۆشه ویسته‌که‌ی شاد ئه‌کات و هێز و ژیانێکی تازه‌ی پێ ئه‌به‌خشێ.
له شه‌وی موباره‌کی یه‌کشه‌مه 17ی شوالی 1410 (23/2/1369) حه‌زره‌تی فه‌خری عاله‌م نازداری خوا و موسڵمانان حه‌زره‌تی مۆحه‌ممه‌دی مۆسته‌فا(د.خ) دێته خه‌وی ئه‌م شوێن که‌وتووه‌ی خۆیه‌و و به زیاره‌تی خۆی ئارامی و ته‌سکینی به دڵی ئه‌دا.
دوای ئه‌م رووداوه مامۆستا هه‌ست ئه‌کات ژیانێکی تازه‌ی پێ خه‌ڵات کراوه‌و پشت به یارمه‌تی خوا ده‌به‌ستێ و به‌حه‌مدی خوا ده‌توانێ هه‌ر 8 جڵدی "باقیات و صالحات" ته‌واو بکات و به‌ده‌ستی خۆی 3 جڵدی بداته ژێر چاپ.
مامۆستا له ماوه‌ی 10 ساڵ نزیک به 100 کتێبی به نرخی نووسیوه که زۆریان به هۆی نه‌بوونی ده‌سه‌ڵات و سه‌رمایه له چاپ نه‌دراون .کتێبانی "آیینه اسلام" و "باقیات و صالحات" له ڕیزی به‌که‌ڵکترین کتێبه‌کانی فارسی سونی مه‌زهه‌بن و هه‌زاران که‌س که‌ڵکیان لێ وه‌رده‌گرن. کتێبی"باقیات و صالحات" کتێبێکی فقهیه و ته‌واوی فقهی ئیمام شافعی به زمانێکی زۆر روون و ئاسان به‌یان ئه‌کات و هه‌رکه‌س توانای خوێندنی ببێت ئه‌توانێ به ته‌واوی که‌ڵکی لێ بگرێ.
کتێبی "آینه ی اسلام"یش که له ساڵی 1364نوسراوه له ماوه‌ی چه‌ند مانگ چاپی ئه‌وه‌ڵی ته‌واو بوو به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستا ئیجازه‌ی چاپی تازه‌ی پێنه‌دراوه. ئه‌م کتێبه که ته‌واوی عه‌قایدی ڕاسته‌قینه‌ی موسڵمانانی سونی مه‌زهه‌ب ده‌خاته به‌ر چاو له بواری ته‌واوی و ڕاستی بێوێنه‌یه.
هێندێک له کتێبه‌کانی مامۆستا بریتیین له:
*آینه اسلام (فارسی)
*باقیات و الصالحات (فارسی له 8 مۆجهلهد)
*عالیجناب گوریل (فارسی- ڕ‌ومانی ڕامیاری)
*به‌چکه‌ی بنیاده‌م (کودری)
*گه‌نجینه‌ی گه‌وهه‌ر له حه‌دیس (کوردی)
*دوکاندارانی ته‌ریقه‌ت (کوردی)
*چیرۆکی مناڵان (کوردی)
*وتاری ئایینی (کودری)
*ته‌فسیری سوره‌تی فاتیحه (کوردی)
*وه‌رگێڕانی کتێبی الحلال و الحرام فی الاسلام (کودری)
*دیوانی چهارفصل (کوردی، عه‌ره‌بی و فارسی- زیاتر له 4000 به‌یته)
*ته‌فسیری جوزئی ئه‌وه‌ڵی قورئانی پیرۆز (کوردی)
*هزار پند (فارسی)
*هشت اردیبهشت (فارسی)
...
مامۆستا خزمه‌تێکی زۆری به گه‌لی شاری کرماشان کرد که هه‌ندێک له گرنگترین یان ئه‌مانه‌ن:
*زیندوو کردنه‌وه‌ی زمان و کولتووری کوردی و جل و به‌رگی کوردی له کرماشان
*زیندوو کردنه‌و و ناساندنی ئیسلام و بیری ڕاسته‌قینه‌ی ئیسلام و لابردنی خورافات و بیدعهتهکان
*نوسینی زیاتر له 100 کتێبی به که‌ڵک
*مه‌وعیزه‌و خوێندنی هه‌زاران وتار و ڕێنمایی گه‌ل بۆ سه‌ر ئایینی ئیسلام و تێکۆشان له ڕێی ئیسلام و نیشتمان
*دامه‌زراندنی کتێبخانه‌ی کوردی و ئایینی له مزگه‌وتی ئیمام شافعی کرماشان و دانانی وانه‌ی فێربوونی زمانی ئاڵمانی و فه‌ڕانسه و ئینگلیسی و...
*تێکۆشان بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی خه‌لکی کرماشان و هێنانی ئازادی بیر و ئایین بۆ ناو گه‌ل
*دانانی سنۆقی خه‌یریه بۆ یارمه‌تی فه‌قیرانی کرماشان له ژێر چاودێری مزگه‌وتی ئیمام شافعی
هه‌روه‌ها له مامۆستا ڕه‌بیعی زیاتر له 100 نه‌واری ڤیدیۆ و کاسیت به نرخ به‌جێ ماوه که زۆربه‌یان له باره‌ی ئایین و کۆمه‌ڵگا و ڕامیاری و بیر و بڕوای ئیسلامیه.
دو دیوانی شیعری "1- چهارفصل 2- اردیبهشت" له مامۆستا به یادگار ماوه که چه‌ن نمونه‌یه‌کی لێره‌دا ئه‌خه‌مه به‌ر چاو خوێنه‌ران:
یا ڕه‌ب سه‌رچاوه‌ی ته‌بعم ڕه‌وان که‌ی
هه‌ر کۆسپ و قۆرتێ له لام ئاسان که‌ی
زوان و قه‌لبم له سه‌هو و خه‌تا
احفظ و انت خیر حافظا
زوانم بکه‌یته هۆی خزمه‌ت و یاری
نه هۆی بێزاری و مه‌ردم ئازاری
نه‌مکه‌ی به شه‌یتان له ژێر عابادا
به‌دناوم نه‌که‌ی له ڕووی دونیادا
نه‌مکه‌ی به گورگێ له پێسی مه‌ڕدا
بۆ مه‌ڕگه‌ل خواردن له ڕانهڕێ دا
نهم که‌ی به تاپۆی سه‌رلێ شێواندن
بمکه‌ی به چرا بۆ ڕێ نواندن
یارمه‌تیم بده‌ی هه‌ر به‌نده‌ی تۆ بم
تا ڕوو له تۆ بم نه‌ک ڕه‌نجه‌ڕۆ بم
یاڕه‌ب نه‌مکه‌یته به‌نده‌ی زۆر و زه‌ڕ
دین به دونیا ده‌ر عاقیبه‌ت به شه‌ڕ
قورئان بکه‌یته ئه‌سڵه‌حه‌ی ده‌ستم
ته‌نیا ڕزای خۆت بکه‌ی مه‌به‌ستم
هیدایه‌تی خۆت بکه ڕێ نمام
کیتاب و سوننه‌ت بکه پێشه‌وام
یا ڕه‌ب بنێره سه‌ڵات و دروود
له سه‌ر خاوه‌نی مه‌قامی مه‌حموود
هه‌م ئال و ئه‌سحاب گه‌وره‌ی ئوممه‌تی
منهش ببخشه به شه‌فاعه‌تی
**********************************************
هێژا به بڵێ شه‌رته بژیم و نه‌مرم
تا ده‌ستی مناڵانی نه‌خوێندوو ئه‌گرم
ملیان له په‌تی جه‌هل و نه‌زانی ده‌رکه‌م
کێو سه‌ر نجهوێنێ له خۆ ڕاگری و سه‌برم
**********************************************
که‌م بڵێ بابم کێیه‌و بابی کێم
تا به‌که‌ی بێ ئاوه‌ز و که‌م ده‌رفه‌تی
پیاوی ئازا قه‌ت نهنازیوه به که‌س
کاتێ مه‌ردی پێت بڵێن بابی خوه‌تی
**********************************************
ئه‌و پیاوه به سه‌ر پاوه چووه بۆ پاوه
لای وایه له پاوه ئه‌مێنێ له سه‌ر پاوه
پاوه‌ی به سه‌ری پاوه له ژێر پێ ناوه
نازانێ به سه‌ر پاوه سه‌ری داناوه
به‌ڵام گه‌وره‌ترین یادگاری مامۆستا مه‌لا مه‌حه‌ممه‌دی ڕه‌بیعی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی شاری کرماشان"مزگه‌وتی ئیمام شافعی کرماشان"ه؛ مامۆستا له ساڵی 1368 به‌شی کۆنه‌ی مزگه‌وتی ئیمام شافعی هه‌ڵته‌کاند و به کڕینی چه‌ند ماڵێک له چوار ده‌وری له نوێ به‌نای مزگه‌وتی دانا.له مزگه‌وتی تازه کتێبخانه و هۆڵی کونفڕانس و چه‌ند هۆڵێک بۆ وانه‌ی کوردی و قورئان دابین کراوه.
مامۆستا له چه‌ن شاری کوردستان و وڵاته عهرهبیاکان مامۆستای بانگ هێشت کردبوو بۆ ئه‌م مزگه‌وته که ده‌رسی ئیسلامی بده‌ن . مامۆستا به‌هیوا بوو دوای بازنشین بوون له ڕادیۆ کرماشان به ته‌واوی هێز خزمه‌تی گه‌لی کورد بکات؛ته‌نانه‌ت مامۆستا کتێبی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردیشی ئاماده کردبوو بۆ ده‌رس دان له مزگه‌وت به‌ڵام به داخه‌وه....
به حه‌مدی خوا ئیستا دوای 20 ساڵ کاری به‌نای مزگه‌وتی تازه‌ی ئیمام شافعی ته‌واو بووه‌و بووه‌سه نمادی یه‌کێتی خه‌ڵکی سونه مه‌زهه‌بی شاری کرماشان. به پێویست ده‌زانم ئاماژه بکه‌م که بۆ به‌نای ئه‌م مزگه‌وته سازمانی ئه‌وقاف هیچ یارمه‌تیێکی نه‌داوه‌و ئه‌م مزگه‌وته به تێکۆشانی خه‌ڵکی کرماشان به سه‌مه‌ر گه‌یشتووه. هیوادارم ئه‌م مزگه‌وته تا پاشه‌ڕۆژ جێگای عیباده‌تی موسڵمانان بێت و خوا خۆی ئه‌جری مامۆستا ڕه‌بیعی و یارانی بدات.
مامۆستا له مانگی خه‌رمانانی 1375 له کۆنفه‌ڕانسی یه‌کێتی ئیسلامی که له شاری تاران به‌ڕێوه چوو بۆیه‌که‌م جار به‌شداری کرد و وتارێکی به نرخی پێشکه‌ش کرد.
مامۆستا له ته‌مه‌نی 63 ساڵی له ڕۆژی (13/9/1375) بۆ هه‌میشه چاوی له دنیای ڕۆشن به‌ست و به‌هه‌شتی کوردستانی به جێ هێشت.له‌شی موباره‌کی مامۆستا له گۆڕستانی مین ئاوای شاری کرماشان به خاک سپێردرا. خوا ڕۆحی شاد کات.
خه‌ڵکی شاری کرماشان و شاره‌کانی تری پارێزگای کرماشان وه‌ک پاوه و جوانڕۆ و ڕوانسه‌ر و هه‌روه‌ها شاره سونی نشینه‌کانی باشووری ئێران به بیستنی هه‌واڵی کۆچی دوایی مامۆستا زۆر په‌رێشان بوون و داوای ڕوون بونه‌وه‌ی چۆنیه‌تی کۆچی مامۆستایان ده‌کرد. به داخه‌وه له ڕۆژی به خاک سپاردنی مامۆستا خه‌ڵک ئیحساساتی خۆیان به‌ده‌ر خست و له‌ته‌ک هێزه ئاسایشیه‌کان ده‌رگیر بوون که خه‌ڵکێکی زۆر ده‌ست به‌سه‌ر کران .بۆ چه‌ن ڕۆژێک کرماشان ڕه‌نگی ئاژاوه‌ی به خۆی گرت. تازه دوای خسارێکی زۆر ڕادیۆ و ته‌له‌فزوێنی ئێران ده‌ستیان کرد به بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاگاداری مامۆستایانی کرماشان و بنه‌ماڵه‌ی مامۆستا بۆ داواکاری و به ئارامش بانگ هێشت کردنی خه‌ڵک...
دوای ئه‌م رووداوانه ده‌رگای مزگه‌وتی ئیمام شافعی بۆ ماوه‌ی دوو سال داخریا تاکوو له سالی1377به هاتنی "حجه الاسلام خاتمی" سه‌رۆک کۆماری ئه‌و کاته‌ی ئێران بۆ کرماشان دووباره به‌رووی ئیمانداران باز کرایه‌وه.
به دوای مامۆستا یاران و هاوڕێیانی مامۆستا بوون به یادگاریێک بۆ خه‌ڵکی مزگه‌وتی نوێی ئیمام شافعی و به ته‌واوی هێز بۆ به سه‌مه‌ر گه‌یشتنی زه‌حمه‌ته‌کانی مامۆستا تێده‌کۆشان. ده‌نگی قورئان خوێندنی حاجی وه‌لی، ده‌سته له‌رزۆکه‌که‌ی حاجی عه‌بدولکه‌ریم (که یارمه‌تی نوێژ خوێنانی بۆ به‌نا سازی مزگه‌وتی نوێی ئیمام شافعی کۆ ده‌کرده‌وه)، مامۆستا حه‌کیم، سه‌ید تاهر هاشمی (که به شیعره جوانه‌کانی تامی شیعره جوانه‌کانی مامۆستای ئههاورده بیر)،سه‌ید حسه‌ین مه‌سعودی و ... ئیستا زۆریان کۆچی دواییان کردووه لای کۆنه یاره کهیانن.
http://sonnatnews.blogfa.com
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
|
جای تبلیغات شما این‌جا خالیست با ما تماس بگیرید
|
|