عه‌یامی هیچ. له سێبه‌ری جه‌سته‌کانا بۆ جیاوازیه‌کان ده‌گه‌ڕێین له‌ژیر عه‌بای شه‌وه‌زه‌نگا بۆ ده‌رزیله‌کانی لێکچوون زریانی پرس و گله‌یی ئه‌که‌ین به‌گژ په‌یکه‌ره خه‌مباره‌کانی ڕابردووا پیاوه سه‌رابیه‌کانی ئه‌مڕۆش ده‌خه‌ینه سه‌رشان و ده‌ڕۆین ڕوو له‌خه‌راباتی عه‌ده‌م له‌وێش وه‌ک نه‌ریتێکی کۆن له‌ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتنا پێکێ له‌شه‌رابی وه‌هم هه‌ڵئه‌ده‌ین و گیرفانه‌کان پڕ پڕ ده‌که‌ین له‌نوقڵی .. هیچ که‌دێینه‌وه بۆ خاڵی سفری ده‌ستپێکیش شه‌که‌ت ، ماندوو ، هه‌ناسه‌سوار وه‌ک ئه‌وه‌ی پیره‌مه‌گروونێکمان هه‌ر به‌کۆڵ گواستبێته‌وه له‌سه‌ر گازی پشت ڕاده‌کشێین بۆ سه‌رخه‌وێکی کورت و کوێر به‌ر له‌خولێکی نوێی تری گه‌ڕان به‌شوێن مانای هیچا له‌نێو بازنه به‌تاڵه‌که‌ی نیشتیمانی پڕ پڕ .. له‌هیچ پڕ پڕ له‌کاوێژی درۆ‌و نیگاره خۆڵه‌مێشیه‌کان. من و تۆ. -1- له‌خۆر ده‌چیت ساتی دووریت وه‌رزی زویر بوون و تۆران ژیان ده‌بێته یه‌خچاڵ و ماڵی دڵم به‌جه‌مسه‌ری سه‌هۆڵبه‌ندان ساتی نزیک بوونه‌وه‌ش لێت نه‌ک هه‌ر جه‌سته په‌پووله‌ی روحیش ده‌سوتێت. -2- له‌مانگ ده‌چیت بێ تو ، شه‌وم قه‌ترانیه‌و نغرۆی خه‌م و ئاهی سه‌ردم وه‌ک مه‌لێکی له‌پۆل جێماو ته‌ره‌و ته‌نیاو بێ هاوده‌ردم که‌ده‌بیته چوارده‌شه‌ویش خۆ ناپرسی ئاخۆ ماندووم یان شه‌که‌تم خه‌و له‌چاوم ده‌تۆرێنی و ده‌ڵێی له‌مه‌حکه‌مه‌ی ده‌هرا تۆ موده‌عی و منیش باوان کوژه‌که‌تم. -3- له‌ئاو ده‌چی یان له‌باران گه‌ر نه‌بارێی یان نه‌چۆڕێی من خۆم ده‌بم به‌ده‌شتی دێم ته‌مه‌ن ، وه‌رزی ووشکه‌ساڵی ساتێ له‌ناکاویش که‌دێی وه‌کو تۆفان ، وه‌کو زریان یان له‌خۆتا نغرۆم ده‌که‌ی یان وه‌کو که‌پرێکی خاپوور ڕامده‌ماڵی. -4- له‌با ده‌چیت یا هه‌ر نایه‌یت له‌جۆزه‌ردانی ته‌مه‌ندا گیانم شه‌ڵاڵی شه‌ونمی شه‌رم ده‌که‌ی یان که‌هاتی ، ده‌مه‌و خه‌زان وه‌ک ڕه‌شه‌با سوچ به‌سوچ ، قوژبن به‌قوژبن پوش و خه‌رمانی ئاره‌زووم له‌جیاتی له‌شه‌نێکدا له‌یه‌کتر ده‌که‌یته دوژمن. -5- له‌هه‌رچیه‌ک بچی ته‌نیا له‌خاک ناچی چونکه ئه‌و له‌م عه‌یامه‌دا که‌بازاڕی هه‌ڕاجی گشت به‌هاکانه نرخی له‌سه‌ر دانراوه‌و ده‌شێ بۆ ئاڵوگۆڕ کردن له‌گه‌ل نرخی زێڕو زیودا ده‌شێ هه‌ڵچێ و ده‌شێ .. داچێ. نامۆیه‌کی هه‌زاره‌ی دووه‌م. -1- حاڵی نه‌بوون به‌خشینی خودایه بۆ به‌رد ته‌نیایی ئه‌به‌دی ، بۆ مانگ هه‌توانی بێ عاریش بۆ زام له‌م زه‌مینه ئاپۆڕه‌یا چ به‌ڵایه‌کی گه‌وره‌ی ئه‌ی فام. -2- نابینایی قه‌ده‌رێکی میهره‌بانه بۆ ئه‌وانه‌ی په‌ڕه‌ی دڵیان له‌باڵه‌کانی په‌پووله ناسکتره که‌ئه‌م ده‌هره نیگارێکی لێواولێو بێ له‌بێ ڕه‌نگی ، له‌دێوه‌زمه ، له‌قێزه‌وه‌ن له‌م زه‌مینه ئاپۆڕه‌یا چ بارێکی قورس و پڕ خاری ئه‌ی ته‌مه‌ن. -3- که‌ڕو لاڵی خۆشبه‌ختیه له‌سه‌رده‌می ژاوه‌ژاوا که‌زینده‌گی دره‌ختێکی هه‌میشه ڕوته‌ڵی ووشک و پڕ چۆله‌که‌ی چه‌نه‌باز بێ هه‌مووش پێکه‌وه بخوێنن ئیدی کێ گوێ له‌کێ بگرێ له‌م زه‌مینه ئاپۆڕه‌یا به‌خوێنی یه‌ک چه‌نێ تینوون ئه‌ی زار‌و گوێ. -4- خۆ ئه‌گه‌ر گوڵ متمانه‌ی به‌میهری ڕۆژگار بکردایه ئه‌به‌د خاری به‌پاسه‌وان ڕا نه‌ده‌گرت گه‌رچی منیش نه‌سلی گوڵ نیم بریا بم توانیایه جارجار دڵم بته‌نیایه به‌خار بۆ ده‌ست و په‌نجه‌ی هه‌ندێ دۆست به‌ر له‌ئه‌غیار. -5- خۆ ئه‌گه‌ر با متمانه‌ی به‌بستێ خاکی نیشتیمانێک بکردایه ئه‌به‌د نه‌ده‌بووه موشته‌ریی هه‌میشه‌یی کۆچ و فڕین له‌م خووه شێتانه‌یه‌دا من و ئه‌و زۆر له‌یه‌ک ده‌چین. -6- خۆ ئه‌گه‌ر ئاو متمانه‌ی به‌کۆشی زه‌ریا بکردایه ئه‌به‌د ڕه‌دووی هه‌ور نه‌ده‌که‌وت ئه‌گه‌ر متمانه‌ی به‌هه‌وریش بکردایه کۆشی لۆکه‌یی ئه‌ویشی جێ نه‌ده‌هێشت دیسانه‌وه به‌ره‌و کۆشی خاک و زه‌ریا ده‌شێ حیکمه‌تی مانه‌وه‌ی ئاو له‌وه‌دابێ ، ئۆقره نه‌گرێ بریا منیش وه‌ک ئاو بێ ئۆقره بوومایه بێ ناو نیشان و نیشتیمان تائه‌و ڕۆژه‌ی گیانم به‌ره‌و دوا مه‌نزڵی عه‌ده‌م ده‌برێ.