ئێمه‌ش
حوسێن شێربه‌گی- بۆکان
یادی به‌خێر، بڕگه‌ی گه‌نجی و ته‌شقی که‌ف‌وکوڵی شۆڕشگێڕی و ڕووناک‌بیری. تاقمێکی گرینگ بووین. پیاو به زبانی خۆی تاریف و وه‌سفی خۆی نه‌کا... به‌ڵام... نازانم بڵێم چی؟... ده‌ترسم خۆم باسی نه‌که‌م، له‌به‌ر به‌خیلی و ئێره‌یی پێ‌بردنی دیتران که‌س باسی نه‌کات. به‌ڵام... نا. ئه‌م گشته چالاکی و ڕووناک‌بیری و شۆڕشگێڕییه‌ی تاقمی ئێمه (پۆلی برایان) نابێ نه‌چێته ناو مێژوو، نابێ له مێژووی ڕووناک‌بیری و شۆڕشگێڕی و خزمه‌تگوزاری به گه‌ل و نیشتماندا بزر بێ...
ده‌یجا باوه‌کوو ده‌ڵێن: (پیاو بوخۆی به زبانی خۆی تاریفی خۆی نه‌کا)، به‌ڵام نا... من ده‌یڵێم:
ئێمه‌ش ئێمه بووین! که‌م نه‌بووین. نه‌ک له ڕوانگه‌ی ئه‌ژماره‌وه، نا.. له ڕووی بایه‌خ و کێش و چۆنیه‌تییه‌وه. دایم‌وده‌رهه‌م، یان هه‌ر کاتێ کاروبار و قسه و باسێک له گۆڕێ‌دا بوایه. ده‌مانتوانی نیگاکان به‌ره‌و خۆمان ڕاکێشین. زۆر جار وای لێ ده‌هات و کار و کرده‌ی ئێمه وه‌های ده‌نگ ده‌داوه، ده‌تگوت هه‌ر ئه‌و ڕۆژه، یان ئه‌و شه‌وه ناومان ده‌چێته ناو لاپه‌ڕه‌ی مێژووه‌وه و مێژوونووسان ئه‌و شه‌و و ڕۆژه ناخه‌ون تا کار و کرده‌وه‌کانی ئێمه نه‌خه‌نه سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی مێژوو. هه‌ر به ڕاستی کرده‌ی وامان هه‌بوو که زۆر که‌سمان لێ‌بڕاو ده‌کرد پێمان بڵێن: ئافه‌رم، ئه‌مانه کوڕی پاشه‌ڕۆژن!
به‌ڵام ئی واش هه‌بوون له به‌ر به‌خیلی و ئێره‌یی پێ‌بردن به ته‌وس و توانجه‌وه پێیان ده‌گوتین: نا.. قوڵی ئه‌و قوڵی نه‌ماوه...
جه‌ماوه‌ری ئێمه ئاوهایه، کۆمه‌ڵگای ئێمه به‌م چه‌شنه‌یه. له جیاتی خۆشه‌ویستی و پێ‌زانین و مروڤ‌په‌روه‌ری، له‌به‌ر گچکه‌یی خۆیان، ده‌تشکێنن، له به‌ر به‌خیلی ده‌تبوغزێنن! ده‌یجا زۆر جاران هاکا کارێکی گه‌وره‌مان ده‌کرد، له بری هه‌موو پێ‌زانین و ڕێز لێ‌گرتنێک، پێیان ده‌گوتین: که‌س نا، ڕه‌جه‌ب، ئه‌ویش به حاڵه‌حاڵ...
به‌ڵام به سه‌ر گشت ئه‌مانه‌دا، ئێمه‌ش ئێمه بووین. کار و کرده‌ی خۆمان هه‌بوو، ئاکار و خووخده‌ی خۆمان هه‌بوو. خۆمان زۆر باش بۆ به ده‌سته‌وه گرتنی ڕۆڵ و سوکانی لێ‌خوڕینی پاپۆڕی زه‌ریای ژیان و زاڵ بوون به سه‌ر دۆخی کۆمه‌ڵگا و جه‌ماوه‌ردا ئاماده کردبوو. له ڕاستیدا کارمان به قسه‌ی خه‌ڵک نه‌بوو، خۆمان له پێشه‌وایی و ڕێبه‌رایه‌تی جه‌ماوه‌ر خۆش کردبوو...
زستانی هه‌زار و سێسه‌ت و ته‌قڵه‌کوت _ ئه‌ڵبه‌ت به مێژووی کۆچی هه‌تاوی _ بڕیار وا بوو خه‌ڵک بڕژێنه سه‌ر شه‌قام و له ده‌ست گرانی نان و ئارد و گه‌نم، ڕێ‌پێوان و خۆپیشان‌دان بکه‌ن. ده‌یجا خۆ نه‌ده‌کرا ئێمه تێدا نه‌بین! ده‌بایه (پۆلی برایان) کۆوه باین و بۆ به‌شداری کردن و ته‌نانه‌ت ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌م ئه‌رکه پلان داڕێژین. ده‌بوایه کۆڕێک بگرین و پرس و کێشه‌که شه‌ن‌وکه‌و که‌ین و پلانی بۆ داڕێژین. هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه ته‌واوی شه‌وانی یه‌که‌م مانگی زستان، له کازینۆی (حه‌سه‌ن مودیر) وه‌کۆ ده‌بووین و پرسه‌که‌مان شیکاری ده‌کرد. کازینۆی حه‌سه‌ن مودیر له‌م شاره‌ی ئێمه‌دا مۆڵگه‌ی چاخۆر و قلیان‌کێش و دامه‌باز و تاقمێ که‌وباز و کۆترباز و... زه‌لامی له‌م چه‌شنه ئاکارانه بوو. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به دوور له گومانی خۆفیه و موفه‌تیشی ئاسایش بوو، (پۆلی برایان)یش کردبوومانه بنکه‌ی خۆمان و زۆربه‌ی کاتمان هه‌ر له‌وێ بووین و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌کانیشمان بۆ شه‌ن‌وکه‌وی پرسه‌کان هه‌ر له‌وێ بوو.
به‌ڵێ... بۆ به‌شداری کردن له‌و ڕێ‌پێوانه‌ی باسی کرا، نزیکه‌ی چل شه‌و و ڕۆژ کۆڕمان به‌ست و قسه و باس و شیکاری کێشه‌که‌مان کرد. به‌تایبه‌ت شه‌وی شه‌شی ڕێ‌به‌ندان و ڕۆژه‌که‌شی له گه‌ڵدا بێ، ئێمه هه‌دادان و حه‌وانه‌وه‌مان له خۆمان حه‌رام کرد و ته‌واو سه‌رقاڵی ئیشه‌که بووین، که‌چی له سه‌عات چواری ئێواره‌دا هه‌واڵیان داینێ: خۆپیشان‌دان کرا و سه‌رکه‌وت و ته‌واویش بوو!!!
به‌ڵام ئێمه‌ش ئێمه بووین... ده‌مانتوانی له هه‌ر بارودۆخێکدا و به هه‌ر کلۆجێ بێت نیگاکان به‌ره‌و خۆمان ڕاکێشین. هه‌ر بۆیه ئه‌و ڕۆژه‌ش له پاش ته‌واو بوونی خۆپیشان‌دان و سه‌رکه‌وتنی خه‌ڵک، له پاش ئه‌وه‌ی پۆلی برایان له کازینۆی حه‌سه‌ن مودیر بایه‌خی چه‌نده‌ها دۆلارمان چایی و پورته‌غاڵ و مۆز و شیرینی خواردبوو، له کازینۆ چووینه ده‌ر و خۆمان گه‌یانده شوێنی ئاپۆره‌ی جه‌ماوه‌ر و ده‌ستمان کرد به قسه و باس و چۆنیه‌تی بزاڤه‌که و شیکاری ئه‌م ڕاپه‌ڕینه بۆ خه‌ڵکه‌که. ئه‌ڵبه‌ت وامان قسه ده‌کرد وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشه‌نگ و هه‌مه‌کاره‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌که ئێمه بووبێتین! ئاخه سی چل شه‌و و ڕۆژمان زه‌حمه‌ت کێشابوو...
ئه‌ی ڕۆژی سێزده‌ی مانگی سێی ساڵی قه‌له‌ڕه‌شه‌که چی؟ ئێمه به شه‌قامدا ده‌خولاینه‌وه، که‌مێکمان مابوو بگه‌ینه به‌ر ده‌رگای نه‌خۆشخانه‌ی گه‌وره، که‌چی ته‌ماشامان کرد. ده دوانزه ئۆتۆمبیلی گاری و باری و سه‌واری، پڕپڕ له حه‌شیمه‌ت به هه‌ڵڵا و زه‌نا گه‌یشتنه ئه‌و شوێنه. هه‌روه‌ها چاومان پێکه‌وت ئه‌وا له ناو شاریشه‌وه جه‌ماوه‌ر به ڕاکردن به‌ره‌و ئه‌م شوێنه دێن. ئێمه هه‌ر له حه‌واوه بۆمان ده‌رکه‌وت ئه‌مانه سێڵاو بردوون و ده‌ربه‌ده‌ر و ئاواره و لێقه‌وماوانی ئه‌و نه‌یامه‌تییه‌ن. ده‌یجا نامه‌ردت نه‌که‌ن ڕۆژی هیممه‌ته. هه‌رکام له ئه‌ندامانی پۆلی برایان له شوێنێکه‌وه چووینه سه‌ر چرپا و عاره‌بانه و لادیوار و سه‌رسه‌رکۆ و ده‌ستمان کرد به خوتبه و مژوولیایش بۆ جه‌ماوه‌ر و ئاماده‌بووان:
«هۆ خه‌ڵکینه هۆو.. ئه‌ی نه‌ته‌وه‌ی قاره‌مان و پاڵه‌وان، خوشکان و برایانتان لێیان قه‌وماوه، سێڵاو ماڵ‌کاولی کردوون، سێڵاو ڕووت و ڕه‌جاڵ و ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ری کردوون، به‌ڵای ئاسمان کوڕ خنکاو و کچ‌ون‌بوو و دای و باب له پێ‌که‌وتووی کردوون. هۆو گه‌لۆ، ئه‌ی گه‌لی قاره‌مان و ئه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کاوه‌ی نه‌به‌رد، ئه‌مه خوشک وبرایانی ئێوه‌ن، به‌رگیان له به‌ردا نه‌ماوه و لافاو بردوویه، ئه‌وه هاوڕه‌گه‌زه و خزم و که‌سی ئێوه‌ن سێڵاو نان و پێخۆری ڕفاندوون، ئه‌ی شێره کوڕانی قه‌ندیل و هه‌ڵگورد، ڕۆژی یارمه‌تی و ده‌س‌گرتن و پشت‌گرتن و هه‌وڵ و هیممه‌ته. داده‌ی له گیان و ڕۆحی ئێمه‌ی خوێندکار و ڕووناکبیرتان که‌وێ، دا با بزانین چۆن ئه‌وی له توانا و ماڵ و حاڵ و باخه‌ڵتاندایه پێشکه‌ش به‌م خوشک و برایانه‌ی ده‌که‌ن...»
ئێمه هه‌ر ماوین و هه‌ر ده‌مێنین، هاوینی دووهه‌زار و غارغارێن و ڕمبازێنی قاعیده و تالیبان ماڵ و مه‌نزڵمان ببووه به‌ر ده‌رگای زانکۆکان و ناو شه‌ریکه‌کانی ڕێگه‌وبان و بیناسازی و ناو چایخانه و کازینۆ و شتی وا و له به‌ر بانگه‌شه و پڕوپاگه‌نده‌ی دژ به تیرۆر و شه‌ڕ و هه‌ڵڵا و گازه‌گاز بۆ جیهانێکی نوێ و دژه‌تیرۆر و وڵاتێکی که‌لاوی ئاشتی و ئازادی و... گه‌روومان نووسابوو، له به‌ر خوتبه‌دان. هێندمان مژولیایش کردبوو هه‌ر ده‌ممان ده‌کرده‌وه قسه‌یه‌ک بکه‌ین، که‌ڵه‌شێری ناباڵغ‌ئاسایی شتێک؟ زه‌رداوێک؟ له گه‌روومان ده‌هاته ده‌ر و ده‌بووه نووزه نووزێک بۆخۆمان نه‌بایه که‌س نه‌یده‌زانی چی ده‌ڵێین.
به حاڵ‌وباڵی ئه‌م ده‌نگ‌نووسان و نووزه‌نووزه‌شه‌وه، جه‌ماوه‌ر هه‌ر به چاوی پێشه‌وا و ڕووناکبیر و تێکۆشه‌ر لێمانی ده‌نواڕی و ئافه‌رمی لێ ده‌کردین. که‌چی تاقمێکی که‌م بزه‌یان ده‌هاتێ و ته‌وس و توانجێکیان داویشت!
به‌ڵام ئه‌مه خووخده‌ی پیاوی به‌خیل و چکۆله‌یه، ئه‌م کرده و دژکرده پڕوپووچانه نه‌یده‌توانی ساردمان کاته‌وه. ئاخه ئێمه‌ش ئێمه بووین. گرووپ و تاقمێکی که‌م نه‌بووین. پیاومان ده‌گه‌ڵدا بوو شیری میسر نه‌یده‌بڕی و له ڕۆژی خۆیدا چۆکی له دیوه‌خانان بوو...!
هه‌ر بۆ وێنه کوڕی وه‌ک که‌ریم که‌متیارمان ده‌گه‌ڵدا بوو. که‌ریم شه‌وێک له ماڵه‌بابی تۆرابوو، زوو هاته کازینوی حه‌سه‌ن مودیر، دیار بوو شێوی نه‌خواردبوو و زۆری برسییه! هه‌ر گه‌یشتێ هێشتا ته‌واو دانه‌نیشتبوو وتی: ئه‌رێ کوڕینه بۆچی نه‌یکه‌ینه مه‌رج و گرێ‌و؟
- ده‌ی باشه که‌ریم گیان، مه‌رج و گرێ‌و له سه‌ر چی؟
- مه‌رج له سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێستا له به‌ر چاوی هه‌مووتان ده دانه نان به ئاوی سارده‌وه بخۆم، خواردم و مه‌رجه‌که‌م برده‌وه، پووڵه‌که‌ی ئێوه بیده‌ن، ئه‌گینا نه‌مخوارد، خه‌رجی خۆم له سه‌ر خۆم!
مه‌رج کرا و که‌ریم ده‌ستی پێ‌کرد. نانه‌کان چکۆله‌ش نه‌بوون، که‌ریم تا خواردنی نانی شه‌ش و حه‌وتیش زۆر ئازا بوو، له‌وانه بوو به‌رامبه‌ره‌کانی ببه‌زن و له مه‌رج ڕاکه‌ن، به‌ڵام به‌ره‌به‌ره خاو بۆوه و بووراوه. تاقه نانێکی مابوو مه‌رجه‌که به‌رێته‌وه، زۆر زۆری ته‌ڵخ لێ‌چوو. حاڵی زۆر به‌دحاڵ بوو، به‌ڵام هه‌ر چۆن بێ ئه‌میشی خوارد و براوه بوو. به‌م حاڵه‌شه‌وه وتی ئه‌گه‌ر به‌رامبه‌ره‌کانم پووڵیان پێ نییه، وه‌رن به هه‌ڕه‌وه‌ز له‌گه‌ڵیاندا بۆیان دانێین. من پێمابێ مێژوو ئه‌م که‌ڵه‌کاره تۆمار نه‌کا، مێژوونووس هیچ نه‌نووسێ باشتره.
ئه‌م کاره‌ش کاردانه‌وه و ده‌نگ‌دانه‌وه‌ی خۆی هه‌بوو. زۆر که‌س و زۆر ده‌سته و تاقم مه‌رج به‌ستن و گرێ‌و کردن له سه‌ر خواردنی ساردی و گه‌رمی و شووتی و خورما و چه‌ند پۆرس چڵاوپڵاو و... بووه کار و پیشه و ڕابواردنی کاتی کۆوه‌بوونیان له کازینۆ، که‌چی ده‌بێ هه‌مووان ئه‌مه بزانن که ئه‌م دۆزینه‌وه و که‌شف و که‌رامه‌ته ئی گرووپی ئێمه‌یه.
ئه‌ی به‌س، باسی کێو گه‌ڕانه‌که‌ی سه‌ری ساڵی نوێ بۆ نه‌که‌ین؟! لایانگرانی ژینگه و ژینگه‌پارێزانی شاره‌که، کێوپێوانێکی ڕۆژی نه‌ورۆزیان ڕاگه‌یاندبوو. یارمه‌تییان له ڕووناکبیران خواستبوو، به‌تایبه‌ت له (پۆلی برایان)یان یارمه‌تی هان‌دانی جه‌ماوه‌ر بۆ به‌شداری کردن خواستبوو.
ئێمه‌ش ئێمه بووین. ده‌سا به پیر بانگه‌شه و هاواری یارمه‌تی‌خوازی کوڕان و کیژانی ژینگه‌پارێزه‌وه چووین و وێڕای دنه‌دان و هان‌دانی جه‌ماوه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پیرۆزه، خوشمان به‌شداریمان کرد، نیشان به‌و نیشانه‌ی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ئێمه‌ش به‌شدار بوون. له ڕیزه‌کانی پێشه‌وه‌دا بوون و زۆریان نووسراوه و دروشمیان به ده‌سته‌وه گرتبوو. که‌وش و جل‌وبه‌رگی وه‌رزشی وایان له به‌ر کردبوو، بۆ جوانی و گرانی له به‌ر که‌سدا نه‌بوو! وه‌ڵڵا هێنده شیک و ته‌ڕپۆش و ڕازاوه بوون ده‌تکوت "ڕۆژئاوایی و ئۆڕووپین. له ڕێ‌پێوان به‌ره‌و دوندی چیاکه‌ش ئه‌ندامانی ئێمه زۆر ئازا بوون، ته‌نانه‌ت چه‌ند که‌سێکیان وه‌پێش جه‌ماوه‌ر که‌وتن و گه‌یشتنه خاڵی ئامانجی ڕێ‌پێوانه‌که. به‌ڵام شه‌ش له کوڕه‌کان تا نیوه‌ی ڕێ هاتن و له‌وه زیاتریان له وزه‌دا نه‌بوو. حه‌وتیان تا به‌نده‌نی چیاکه هاتن و له‌وێ دانیشتن. چوار پێنج ئه‌نداممان بڕێ ڕشانه‌وه و سه‌رباقی دۆست و ئه‌ندام هه‌ر هه‌موویان ده نێو خه‌ڵکه‌که و ده‌گه‌ڵ ئه‌واندا کاره‌که‌یان به ئه‌نجام گه‌یاند. من که وه‌ک نوێنه‌ری پۆلی برایان ئه‌مانه‌تان بۆ ده‌گێڕمه‌وه، لام وایه زۆر باش بووین و ده‌وری خۆمان به باشی گێڕا. ده‌می خه‌ڵکیش نابه‌سترێ و به‌دخواش قسه هه‌ر ده‌که‌ن.
ببڕاببڕ هێرشی کولله‌ڕه‌شه‌کانم له یاد ناچێ. پۆلی برایان بۆ به‌رگری کردن له هێرشی کولله بۆ سه‌ر حاسڵات و خه‌له و خه‌رمان و باغ و بێستان ئه‌وی له ده‌ستمان هات به خوتبه‌دان و قسه کردن بۆ جه‌ماوه‌ر و سه‌م‌پاشی کردن و ئاگر کردنه‌وه و جۆگه‌له کێشانی پڕ له ئاوی نه‌فتاوی و گازۆڵاوی و چی و چی... به ڕاستی که‌مته‌رخه‌میمان نه‌کرد. ئه‌وه‌تانێ ئێستاش وێنه‌کانمان له کاروباری ئه‌و پڕۆژه و سووژه‌یه‌دا هه‌ر ماوه، ئه‌وه‌تانێ ئه‌و کاغه‌زی ئاگه‌داری و زانیاری ڕاگه‌یاندنانه‌ی کردوومانه، هه‌م لای خۆمان و هه‌م به ده‌رگا و دیوار و دارته‌لی کاره‌باوه ماوه‌ته‌وه. ئێمه ئیلتزامی خۆمان سه‌لماند، با نه‌یاریش هه‌ر فشه بکات!
ئه‌ی ئه‌و ساڵه‌ی بێستان هێنده‌ی به‌ر گرتبوو، بێستانچی ده‌ره‌قه‌تی نه‌ده‌هاتن و داهات و حاسڵات خه‌ریک بوو زایه ده‌بوون، هه‌ر ئێمه بووین چووینه یارمه‌تی بێستانچی و وه‌فریایان که‌وتین.
ئێمه دوو پێشنیاری گرینگمان کرد، یه‌کیان: خه‌ڵک له شاره‌وه بچن بۆ بێستانه‌کان و تا ده‌توانن حاسڵات لێوه‌که‌ن، نیوه‌ی بۆ خۆیان و نیوه‌ی بۆ خاوه‌ن بێستان. دووهه‌م: مناڵی قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی و لاوانی خوێندکاری زانکۆکان به ئۆتۆمبیل و که‌ره‌سه‌ی خۆیانه‌وه بچنه کۆ کردنه‌وه‌ی حاسڵ و بیهێننه شار، بیفرۆشن و ده‌سکه‌وته‌که‌ی له‌گه‌ڵ خاوه‌ن بێستاندا به‌ش که‌ن.
ئێمه‌ی پۆلی برایانیش هه‌ر ڕۆژێ له گوندێک و بێستانێک بووین و به یارمه‌تی و تێکۆشان درێغیمان له یارمه‌تی هاووڵاتیان نه‌کرد. به‌خیل و به‌دخواش بڕێ قسه‌یان کرد. ده‌یانووت هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێ ده‌که‌نه‌وه بۆخۆیان بیخۆن. ده‌یانکوت ڕۆژی سه‌عاتێک کار ده‌که‌ن و داده‌نیشن هاواری به‌رقه‌نده و نیوه‌ڕۆژه و شێو ده‌که‌ن و له خواردن و زگ له‌وه‌ڕاندندا تێر خواردنیان نییه و نییه و نییه!
به‌د و به‌دخوا چی ده‌ڵێن با بڵێن، ئێمه‌ش ئێمه‌ین. که‌م ده‌سته و تاقمێک نین، پۆلی ڕووناکبیریی برایان. به زبان وتنی ئه‌م شتانه سانا و ساده و ئاسانه، به گوێ بیستنیشی. به‌ڵام به کرده چی؟ به ئاکار و دژکرده چی؟ به‌شه‌ر سه‌ری سوڕ ده‌مێنێ له کار و کرده و چالاکی پۆلمان، چ به کرده‌ی تاکه‌که‌سی و چ به کرده‌ی گشتیمان.
بیرمه ساڵی هه‌زار و نۆسه‌د و به‌فره زۆره‌که، شه‌و و ڕۆژ به‌فر ده‌باری. هه‌ر ده‌باری و ده‌باری و.. له چه‌ند حه‌وتوودا به‌فر بارین ڕاوه‌ستانی نه‌بوو. وای لێ‌هات ئیدی خه‌ڵک له ماڵینی به‌فری سه‌ربان و حه‌وشه و کۆڵان و ڕێگه‌وبان ماندوو ببوون. که‌س وره‌ی نه‌ما، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵک بێڵ و وه‌روه‌ره‌یان فڕێ‌دا و ڕۆیشتنه ناو ژووره‌کانیان ڕاکشان و دانیشتن و چاوه‌نواڕی داڕمانی سه‌ربانی ماڵیان مانه‌وه.
به‌ڵام ڕاست له حه‌ده‌حه‌دی قه‌یرانێکی ئاوادا کوڕانی پۆلی برایان لنگیان دا پشت بڵیندگۆی قوتابخانه و مزگه‌وت و زانکۆکان و کردیانه خوتبه‌دان و مژوولیایش و ڕێنوێنی خه‌ڵک و دڵ‌دانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر. له‌م بڵیندگۆیانه‌وه به خه‌ڵکمان ڕاگه‌یاند: وره‌تان له ده‌ست مه‌ده‌ن، له ژووره‌کان وه‌رنه ده‌رێ و بیکه‌نه شه‌ڕه تۆپه‌ڵه و یه‌کتری ڕاودوونان و ڕاکردن به سه‌ر سه‌ربان و ناو کۆڵان و شه‌قام و شۆسته‌دا. بیکه‌نه خلیسکێن و ساز کردنی بووکه‌به‌فرینه و کێ‌به‌رکێی تۆپه‌ڵه شکاندن و شه‌ڕه فڕ و شه‌ڕه گۆرانی و چه‌پڵه‌ڕێزان و چه‌قه‌نه و قاقاکێشان و...
ئه‌وه‌تانێ هه‌ر به‌م ڕێنوێنی و هۆکاره‌وه، سه‌ربانان له به‌فر پاک بۆوه، کۆڵان و شۆسته و شه‌قام ڕچه‌ی شکا و له زۆر جێ به‌فر کوترا و پاک بۆوه و له هه‌موو شتێ گرینگتر، وره‌ی جه‌ماوه‌ر به‌رز بۆوه و دێوی ناهومێدی و هیوابڕاوی شکا و ڕای‌کرد و به‌م چه‌شنه له پاش حه‌وتوویه‌ک وڵات له به‌فر پاک کراوه و به‌فر هه‌ر نه‌ما و ئه‌م به‌فره‌ش به ده‌ردی به‌فره‌که‌ی پار چوو!
که‌چی لێره‌شدا نه‌یار و به‌خیل وتیان ئه‌م پۆله چی‌یان نه‌کرد، که‌س به قسه‌ی نه‌کردن، ئه‌وی به قسه‌ی کردن له سه‌ربان به‌ربوونه‌وه، ده‌ست و لاقیان شکا و سه‌رما بردنی و تێداچوون. وتیان...
به‌ڵام نا... ئێمه‌ش ئێمه‌ین. که‌م نین. له‌وانه‌یه ئه‌گه‌م نه‌ک هه‌موومان، چه‌ند که‌سێکمان ناومان بچێته ناو لاپه‌ڕه‌کانی مێژووه‌وه. ئاخه ئێمه‌ش ئێمه‌ین. هه‌ر له مه‌یاندا بووینه و هه‌ر له مه‌یاندا ده‌مێنینه‌وه، به‌دخواش چی ده‌ڵێن با بڵێن، زاری خه‌ڵک به ئێمه نابه‌سترێ...
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
ویرایش توسط behnam5555 : 03-30-2015 در ساعت 09:27 PM
|