والی.
ووتیان ، ئه‌گه‌ر
شایه‌تمان هه‌ق به‌نووری
ماهی تابانی ڕوخساری
ئه‌و نه‌هێنێ
قامکی خورمامژه‌ت ده‌بڕێ
ووتیان ، ئه‌گه‌ر
وه‌کو بولبولێکی شه‌یدا
به‌ڕۆژو شه‌و
بۆ چاوه هه‌نگوینیه‌کانی
ئه‌و نه‌خوێنی
زارت ده‌کات به‌ئیسفنج و
له‌سه‌ر ته‌خته‌ی ڕه‌شی گه‌ردوون
دوایین ووشه‌ی ناوت ده‌سڕێ
ووتیان ، ئه‌گه‌ر
له‌جیاتی تاج ، نه‌ی که‌یته‌سه‌ر
له‌بری پۆشاک ، نه‌ی که‌یته‌به‌ر
له‌شوێن جامانه ، نه‌ی به‌ستی
له‌جێی گۆچان ، نه‌چیه ده‌ستی
وه‌کو خودا‌ش ، نه‌ی په‌رستی
دوو بیلبیله‌ی چاوه‌کانت
ده‌کات به‌دوو ده‌نکه هه‌ڵمات
له‌سه‌ر وه‌ختی بێزاریاو
بۆ سوکنایی ڕوحی په‌ستی
تیل تیلێنیان پێوه ده‌کات
ووتیان ، ئه‌گه‌ر
ووتم ، نه‌خێر
عه‌یامی گورگانه‌شه‌وێ و
شه‌وله‌بان و
حوچه‌که‌ی بن فه‌له‌ک .. گوزه‌شت
من ئه‌و که‌سه‌م پێ ڕه‌وایه
بیابانی
ووشک و ڕووته‌ڵی نیشتیمان
ده‌کات به‌گوڵزاری به‌هه‌شت
نه‌ک ئه‌و نیگار کێشه په‌سته‌ی
به‌فڵچه‌ی میزاجی خه‌سته‌ی
تابلۆی ژیان
پڕاوپڕکا له‌چاوی سوور
له‌هێڵی سوور
له‌مه‌ودای ترسی بێ سنوور.
مه‌ته‌ڵ.
ئه‌ی فڕێنێ و
پێشی ناخۆشه پێی بڵێن
باڕه‌شی هار
ئه‌ی دڕێنێ و
پێشی ناخۆشه پێی بڵێن
نوکی جه‌خار
دای ئه‌پۆشێ و
پێشی ناخۆشه پێی بڵێن
ته‌م و غوبار
ئه‌ی بڕێت و
پێشی ناخۆشه پێی بڵێن
دانی مشار
ئه‌ی دزێت و
پێشی ناخۆشه پێی بڵێن
قه‌له‌ڕه‌شکه
شه‌ریکی گیرفانی چۆڵی
هه‌موومانه‌و
پێشی ناخۆشه پێی بڵێن
ئه‌دی تۆ چیت هه‌یه یارۆ
چکێکمان له‌گه‌ڵا به‌شکه
ئه‌شیه‌وێ هه‌ر تاجی سه‌ر بێ
ئه‌شیه‌وێ تاقانه خونچه‌ی
ده‌شت و ده‌ر بێ.
بۆ هه‌ڵه‌بجه.
له‌پێده‌شتی شاره‌زوورا
باخێک هه‌بوو وێنه‌ی به‌هه‌شت
چریکه‌ی پاساریه‌کانی
ئه‌گه‌یشته گوێی بنارو ده‌شت
گوڵه‌کانی له‌پرچی خۆر
یه‌کی ڕه‌نگێکیان گرتبوو
گوڵاوی شیرینی عه‌شقیان
ئه‌ڕشته سه‌ر لێوی هه‌موو
به‌هار له‌وێ کاتێ ئه‌هات
ژیان ئه‌بوو به‌ڤیستیڤاڵ
په‌پووله سه‌رچۆپی ئه‌گرت
به‌نه‌شئه‌ی شمشاڵی شه‌ماڵ
له‌نێو بێشکه‌ی گژو گیادا
له‌گه‌ڵ چرپه‌ی نه‌رمی کانی
سروشت کۆرپه‌ی دڵی ئه‌نواند
شه‌وانی پڕ سیحر‌و جوانی
ئه‌و ڕۆژانه عه‌بابه‌یلێ
میحرابی نوێژی دونیا بوو
له‌ده‌روازه‌ی عه‌رشی خوایا
کانی عاشقان پرسگا بوو
ئه‌و ڕۆژانه سه‌رگوزشته‌ی
خه‌وێکی ئه‌رخه‌وانی بوون
له‌گه‌ڵ بۆنی سێوی غه‌درا
کاتێ ئه‌و هات ئه‌مانیش چوون
چه‌نده وه‌رزی نه‌وبه‌هاره
ژه‌هری مه‌رگه‌ساتێکی تاڵ
له‌لێوی ووشکه‌ڵاتوومان
نابێته‌وه ساڵ به‌دوی ساڵ
بۆته ئایین له‌لای ئێمه
پێش هه‌موو نه‌ورۆزێکی نوێ
چرۆی فرمێسک له‌چاومانا
ئه‌بێ دیسان بپشکوێ
له‌هه‌ر چاوێ چه‌پکێ له‌گوڵ
ئه‌هۆنمه‌وه وه‌ک تاجی سه‌ر
بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ی باخی عیشق و
بۆ کۆرپه‌که‌ی کۆشی خاوه‌ر
ئه‌و برینه ته‌ڕه‌ی مێژوو
له‌دڵمانا ووشک نابێ
ئه‌گه‌ر گڕی کووره‌ی سه‌قه‌ر
له‌گشت لاوه ده‌وری دابێ
له‌و ڕۆژه‌وه هه‌موو ساڵێ
به‌هار به‌ئاخ ده‌ست پێ ئه‌که‌ین
له‌و ڕۆژه‌وه چاوی دنیا
ئه‌مانبینێ ئێمه‌ش که‌هه‌یین.
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )