بازگشت   پی سی سیتی > ادب فرهنگ و تاریخ > شعر و ادبیات > زبان ادب و فرهنگ کردی

زبان ادب و فرهنگ کردی مسائل مربوط به زبان و ادبیات و فرهنگ کردی از قبیل شعر داستان نوشته نقد بیوگرافی و .... kurdish culture

پاسخ
 
ابزارهای موضوع نحوه نمایش
  #1  
قدیمی 03-05-2015
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض گه‌رمای زه‌رد- یاشار کمال


زنده یادیاشار کمال



گه‌رمای زه‌رد

گه‌رمای زه‌رد
یەشار کەماڵ

وەرگێڕانی؛
سەلاحەدین بایەزیدی


کوڕەکە گوتی: "دایە، بەیانی زوو بەر لەوەی خۆر هەڵبێت، وە خەبەرم بێنە."

"ئەی ئەگەر خەبەرت نەبۆوە؟"

"ئەگەر خەبەرم نەبۆوە، دەرزییەکم تێ ڕۆکە. قژم راکێشە. لێم بدە."

لە چاوە ڕەشەکانی ژنە رەنگ بزرکاو و باریکەڵانەکەدا، شۆقی شادومانی درەوشایەوە:

"ئەگەر دیسان خەبەرت نەبۆوە؟"

"بمکوژە."

ژنە بە هەموو هێزی خۆیەوە، باوەشی بە منداڵەکەدا کرد و گوتی: "گیانەکەم!"

"ئەگەر خەبەرم نەبۆوە..." مناڵەکە هەندێ بیری کردەوە. ئینجا گوتی: "بیبار بخە نێو زارمەوە."

دایکە کە فرمێسک لە چاوەکانیدا قەتیس مابوو، جارێکی تر بە هەمان سۆزەوە هەمبێزی پێدا کرد و ماچی کرد.

مناڵەکە یەکدا بەدوای یەک دەیگوت:

"دایە، لە بیرت نەچێ ها. ئەگەر لە خەو هەڵنەستام، بیبار بخە نێو زارمەوە. باشە!.."

دایکە دەیگوت: "گیانەکەم!"

"بیبارەکە زۆر تیژ بێ."

خۆی شیرین دەکرد، لاقی بە عەرزدا دەدا و بەردەوام دەیگوت: "بیباری تیژ... بیباری تیژ... وا بسووتێنێ کە... خێرا... خێرا وە خەبەر بێم."

خۆی لە باوەشی دایکی دەرکێشا و بە هەمان خێرایی لە پەیژەی هەرزاڵەکە سەرکەوت و چووە نێو جێگەکەیەوە.

شەوێکی هاوینیە، پشووی مرۆڤ سوار دەکات... لە ئاسمان، لێرە و لەوێ چەند ئەستێرەیەکی رەنگ پەڕیوو بەدی دەکرێن و مانگێکی خڕی گەورە... نوێنەکە بۆنی ئارەقی ترشاوی لێدێ.

لە نێو جێگەکەی دا، ئارام و قەراری نییە و بەملا و بەولا دا دەتلێتەوە. کتوپڕ، بڕیارێک: "تا بەیانی ناخەوم." خۆشحاڵ دەبێت. بەیانی هەر کە دایکی گوتی: "عوسمان!" هەڵدەستێتە سەرپێ و دست لە گەردنی دایکی دەهاڵێنێت. دایکی چەندی پێ سەیر دەبێت! لە سەر تەختەکەی، لە خۆشیان خۆی لێک دەکێشێتەوە. خۆشیەکەی بۆ ساتێک دەڕەوێتەوە و ترسێک ناخی دادەگرێت: "ئەی ئەگەر خەوم لێکەوت!" لە دڵی خۆیدا دووپاتی دەکاتەوە: "نانووم، نانووم، بۆچی بنووم؟ بۆچی بنووم؟"

کەمێک دواتر، دایکی دێت و لە تەنیشتی رادەکشێ و دەیلاوێنێتەوە: "کوڕم، خەوتووی؟"

عوسمان متەقی لێوە نایەت. دایکی لە باوەشی دەگرێ و ماچی دەکا. هەستێکی خۆش بە ناخی عوسمان دا تێدەپەڕێ، شتێکی فرمێسک هێنەر بە وێنەی خۆشەویستی و سۆز. چاوەڕوانی بەیانییە. دایکی چەندی پێ سەیر دەبێت. هەموو هزر و بیری لای ئەوەیە کازیوەی بەیانی چلۆن بە هەستانی دەبێتە مایەی سەرسوڕمانیان.

دایک خەوتووە. عوسمان لە سەر جێگەکەی بەملا و بەولا دا گینگڵ دەدا. پێڵوەکانی قورس دەبن. عوسمان نایەوێ وا بە سانایی تەسلیم بێت.

بۆ ساتێک سەری هەڵدێنێت و لە دایکی دەڕوانێت کە هەناسەی قووڵ هەڵدەکێشێت. رووخساری دایک لە ژێر شۆقی مانگ دا دەدرەوشێتەوە. بسکە چنراوە پڕەکەی ئێستا رەشتر دەنوێنێت. بسکە چنراوە درێژەکەی لە سەر سەرینی سپی ئەڵقەی بەستووە. گرێیەکانی پرچی دەدرەوشێنەوە. کوڕە ماوەیەک لە پرچی رەش و روخساری سپیی دایکی رادەمێنێ. ئینجا سەری قورس دەبێت و دەکەوێتە سەر سەرین.

نیوە شەوە، مانگ دەمێکە لە نێوەڕاستی ئاسمان تێپەڕیوە. هەموو شوێنێ وەکوو رۆژ رووناکە. دەنگی کاوێژ و ددانی مانگا کە لە ژێر هەرزاڵەکە خەوتووە، دەبیسترێت. خەو، بە سەر عوسمان دا زاڵ بووە، بێگومان دەخەوێت. ددانەکانی لە چیڕەوە دەبات، قەپاڵ لە باسکی دەگرێت. هەرچی دەیکات، بێ سوودە. خەو وەکوو ئاو چوار دەوری لێ گرتووە و خەریکە سەر دەکەوێت. تووڕە دەبێت، پاشان پێدەکەنێت، تووڕە دەبێت و پێدەکەنێت. بەرەبەیان دەست لە گەردنی دایکی دەکات. دەستەکانی لە گەردنی دایکی دا...

مانگ بەرەو دەشتی رۆژئاوا داكشاوە. دەڵێی دەیەوێت گۆشەیەکی لە زەوی بکەوێت. بەمزووانە سوور هەڵدەگەڕێت و ئاوا دەبێت.

لە پشت شاخەکانی رۆژهەڵاتەوە، تۆپەڵێک نووری باریک و سپی دێنە دەر و ترۆپکی چیاکان ئارام ئارام رووناک دەکەنەوە. بۆڕینی مانگاکانی دێ، هێدی هێدی بەرز دەبێتەوە، لە نێو ئاوایی دا هەموو شتێک دەبووژێتەوە.

دایک چۆکی داداوە و بە سەر مناڵەکەیەوە شۆڕ بۆتەوە. بێ هەست و خوست سەیری دەکات.

منداڵەکە، سەری لە سەر سەرینەکە نەماوە، ملی زراڤ و سیمای زەردە. تەنانەت هەناسە نادات. رووخسارە بچکۆلانەکەی، لە نێو بوومەلێڵ دا بە ئەستەم دەبینرێت... دایک هەناسەیەک هەڵدەکێشێت...

لەم ساتە دا، مدناڵەکە باسکی لە نێو جێگە هێنا دەرێ. ئەندازەی باسکی، لەگەڵ قامکی گەورەی دەست جیاوازییەکی ئەوتۆی نیە. پێستی بە شێوەیەک گرنجی خواردەوە، دەڵێی لە ئێسکەکانی جیا دەبێتەوە و هەڵدەوەرێت... دایک نەیدەتوانی چاو لە سەر باسکی هەڵبڕێت. دواتر لە ناخەوە هەناسەیەکی هەڵکێشا: "ئاخ، رۆڵەم، ئاخ..."

جووڵایەوە. لە پشتوێن بەرەو سەری بەرەو راست و چەپ بزواند. لە سەر مناڵەکەی بەرز بۆوە. مانگ سێبەرەکەی دەخستە سەر قامیشەکانی کەوێڵەکەوە.

بە ڕقەوە گوتی: "هەڵیناستێنم. هەڵیناستێنم. ئەگەر بڕیارە لە برسان بمرین، با بمرین. کارکردنی منداڵێک چ دەورێکی هەیە؟"

نەیدەتوانی چاو لە سەر ئەو باسکە باریکەڵە هەڵبڕێ. سەری سوڕمابوو لەوەی تا ئێستە نەیزانیوە مناڵەکەی وا کز و لاوازە.

"ئەگەر بڕیارە لە برسان بمرین، با بمرین."

پرچە درێژە چنراوەکەی بە رقەوە بەرەو زاری بردو جووی.

مێردەکەی لە خوارەوە گوڕاندی: "هەر هەڵنەستا؟"

ژنە بە دەنگێکی بلاوێن و بە دەم پاڕانەوەوە گووتی: "چیت لێی دەوێ. مناڵی دوێنێیە. ئێسکەکانی هێند باریکن، دەشکێن."

مێردەکە دەنگی بەرزتر کردەوە: "ئەمڕۆ دەبێ هەستێ. پێت دەڵێم دەبێ هەستێ! دەبێ کار بکا. نابێ فێری تەوەزەلی بێ. دەبێ هەر لە مناڵیەوە بخارێ."

ژن بە ترس و لەرز و لە ژێر لێوەکانیەوە گوتی: "باسکی هێند باریکە..."

رۆیشت و لە ژوور سەری مناڵەکە وەستا. دڵی بەرایی نەدەدا ئەم مناڵە بچووک و لاوازە هەستێنێ و لەم گەرما سووتێنەرە دا بێنێرێتە سەر کار.

دەنگی توڕە لە خوارەوە گوڕاندی: "خەبەری کەوە. لێی دە هەتا هەڵدەستێ. بەڵێنی بە "مستەفا ئاغا" داوە. بەم نیوە شەوە کوا دەتوانن مناڵێکی تر بۆ کار بدۆزنەوە؟"

ژنە گووتی: "قەت دڵم نایە.. نازانی چەند کزو لاوازە... خۆ بە کارکردنی ئەو دەوڵەمەند نابین."

پیاوەکە گووتی: "ئەگەر لە ئێستاوە فێری ئیش کردن نەبێ..."

ژنە دەستی بە سەر قژی مناڵەکە داهێنا و بە هێمنی گووتی: "عوسمانەکەم، هەستە عوسمانەکەم... خۆر دەرکەوتوە، عوسمانەکەم..."

مناڵەکە ناڵاندی و لە نێو جێگەکەی دا تلێکی خوارد.

"عوسمانەکەم، بەرخم! خۆر دەرکەوتوە..."

شانی مناڵەکەی گرت و بەرزی کردەوە. وا نەرم و هێمن گرتبووی دەتگووت لەوە دەترسێ بشکێ... جارێکی تر لە سەر جێگەکەی داناوە.

"هەڵناستێ. چی لێ بکەم؟ بیکوژم؟"

خێرا لە سەر هەڕزاڵەکە هاتە خوارێ. هەرزاڵ وەک لانکە دەجووڵایەوە.

پیاو گوڕاندی: "خوا هەردووکتان بە لەعنەت کا.. تازە هەڵناستێ."

"دەی هەڵناستێ. چی بکەم؟"

پیاوەکە گورجێ بە پەیژەکان دا سەرکەوت. لە سەر هەرزاڵەکە بە توڕەییەوە هەر دوو باسکی مناڵەکەی گرت و بەرزی کردەوە. مناڵ وەک کەروێشکێ بە دەستەکانیەوە ئاوێزان ببوو. خەواڵوو، لینگەفڕکێی دەکرد و هاواری دەکرد: "دایە، دایە." پیاوە، مناڵەکەی لە سەر هەرزاڵ هێنا خوارێ و لە بەردەم ژنەکەی فڕێ دا. مناڵەکە لە نێو تەپ و تۆزی حەسار دا پان بۆوە.

ژنەکە سەیرێکی مناڵەکەی کرد و گوتی: "خوا مناڵی هیچکەس یەخسیری کەس نەکا."

ئینجا خێرا مناڵەکەی لە سەر عەرزەکە هەڵگرت و لە باوەشی گووشی. مناڵەکە واقی وڕمابوو. دایکی بە ئاوی سارد دەموچاوی بۆ شۆرد. مناڵەکە کە هاتبۆوە سەر خۆ، گوتی: "دایە!"

"گیان؟"

"بیباری سوورت خستە نێو زارمەوە؟"

لەو کاتە دا، عاڕەبەی مستەفا ئاغا هات و لە بەردەم ماڵەکەیان وەستا.

"عوسمان..."

عوسمان بە پەلە پەل رۆیشت و خۆی هاویشتە نێو عاڕەبەکەوە. تا بڵێی خۆشحاڵ بوو. گۆرانی دەچڕی.

دایک، زەینەبی کێشایە سوچێکەوە کە بۆ کرێکاری دەڕۆێشتە سەر موڵکی مستەفا ئاغا و پێی گوت: "بە قوربانت بم زەینەب، چاوێکت لە عوسمان بێ... مناڵە... پارچە گوشت و ئێسقانێکە."

زەینەب: "خەمت نەبێ خوشکێ، بۆ من دەهێڵم عوسمان ئازاری پێ بگا؟"

گەیشتنە کێڵگە. خۆر هێشتا نەهاتبوە دەر.. ئەو قرغە گەنمانەی مەکینە بە ریز دروبوونی و لە سەر عەرز کەوتبوون، بە شەونم تەڕ ببوون... بۆنی گیا و کڵۆشی تەڕ... ئەسپیان لە خێشکێک بەست و قرغە گەنمەکانیان بار کرد. لە باتی دوو ئەسپ، ئەسپێک خێشکەکەی رادەکێشا. عوسمان هەوساری ئەسپەکەی بە دەستەوە گرتبوو. هەر کە خێشکەکە پڕ دەبوو، وەک مەلێکی رۆح سووک دەیبردە سەر خەرمان و دەگەڕایەوە.

ئەو کرێکارانەی خێشکەکەیان دادەگرت، بە دەم کارکردنەوە بە عوسمانیان رادەبوارد.

"چۆنی عوسمان؟"

"هەر بژی عوسمان."

عوسمانیش خۆشحاڵە.

لە ناکاو، هەتاو وەک بازنەیەک لە ئاگری سوور لە پشت چیاکانی بەرامبەرەوە هاتە دەر. لە لاسکی گەنمەکانەوە هەڵمێکی نەبینراو بەرز دەبێتەوە. کۆمەڵێک هەوری سپی لەت و پەت لە ئاسمان دەجوڵێنەوە.

عوسمان لە نێوان خەرمان و کرێکارەکان دا هاتوچۆ دەکا. عوسمان بە کەیف و دڵخۆشە.

زەینەب جارناجارێ بە شان و باڵی عوسمان دا هەڵدەڵێ: "ئافەرین عوسمانەکەم! رۆڵە شێرەکەم!"

خۆر گەیشتۆتە ژوور سەریان.. هەموو جێەک نوقمی رووناکیە.. تاروپۆی تێک ئاڵاوی تیشکی خۆر وە سەریان دەکەوێ. روخساری کرێکارەکان کەیلی تەپ و تۆزە و ئارەق لە نێوچەوانیانەوە لووزەوەی بەستووە. دەڵێی گشت شوێنێ ئاگری گرتووە و دەسووتێ.

دەموچاوی عوسمان رەش هەڵگەڕاوە و کەمێک کزتر بووە، چاوە درشتەکانی بچووک بونەتەوە و کراسەکەی شەڵاڵی ئارەقە.

چیتر خۆشی بەرەبەیان لە عوسمان دا بەدی ناکرێت. کە بە رێدا دەڕوات، لاقەکانی تێک هەڵدەنگوون. خەریکە بە عەرزدا بکەوێت و بچێتە ژێر سمی ئەسپەکەوە. عوسمان بە ئاستەم خۆی لە سەر پێ رادەگرێت.

خاک وەک ئاسن قاڵ بووە. عوسمان هەر جارێک کە پێی لە سەر عەرز دادەنێ، رادەچڵەکێ. هەر بۆیە سەیر و سەمەرە بە رێگە دا دەڕوا.

تا خێشکەکە دەگات، ژنە باقەبێنەکان، لە سەر کڵۆشە گەنمی بەستراو، لە ژیر هەتاو رادەکێشن و ماندوویەتیان دەردەکەن.

عوسمان پەیتا پەیتا لە ئاسمان دەڕوانێ.. پەڵە هەورێک... جار جارە سێبەری هەورێکی سپی بۆ ساتێک لە ژوور سەریان دەمێنێتەوە و تێدەپەڕێ... چاوەکانی وێڵی سێبەری هەورێکە.

هەتاو لە ژوور سەریانە... لاسکی گەنم خشپە خشپەیان دێ. خۆڵ لە ژێر پێی عوسمان سوور بۆتەوە و... عوسمان بەردەوام لە جموجوڵ دایە.

عوسمان بێ تاقەت بووە. سەر و لاقەکانی دەسوتێن. دەڵێی ئاسنێکی سوورکراوە بە سینگیەوە دەنێن.

گەرما... تیشکی ئازاربەخشی هەتاو لە گشت شوێنێ... ناتوانی چاو بکەیتەوە و دە مەتر پێش خۆت ببینیت.

زەینەب لە کاتێک دا کڵۆشە گەنمەکانی دەخستە سەر خێشکەکە، ئاوڕی دایەوە و سەیری عوسمانی کرد. بینی لاترە دەبەستێت. گوتی:

"عوسمان.. عوسمان، ئاوا بە پێ مەڕۆ. وەرە سواری ئەسپەکەت بکەم."

بەرزی کردەوە و سواری ئەسپەکەی کرد. عوسمان ئەسپەکەی لێ خوڕی. هێشتاش قاچەکانی دەلەرزین. بە سواری ئەسپ رۆیشت و گەڕایەوە. زەینەب تۆزێک ئەولاوەتر، خەریک بوو کڵۆشەکانی دەبەست. عوسمان لە ئەسپەکە دابەزی و بەرەو زەینەب رایکرد.

زەینەب گوتی: "بۆچی ئەسپەکەت بەردا عوسمان. لەوانەیە هەڵێ."

عوسمان لێی نزیک بۆوە. دەستی گرت و گوتی: "چا پوورە زەینەب. ئەگەر گەورە بووم بازنەیەکی زێڕت بۆ دەکڕم."

پاشان بە راکردن بۆ لای ئەسپەکە رۆیشتەوە.

گەرما مرۆڤی دەخنکاند. تەنانەت شنەیەکی بچووکیش هەڵی نەدەکرد. لاقی عوسمان لە سەر پشتی ئەسپەکە تەزیبوو. خۆی پێ ڕا نەدەگیرا. زۆری نەمابوو بکەوێت.. چاوی هیچ کوێی نەدەبینی. ئەو نەبوو ئەسپەکەی لێ دەخوڕی، ئەسپ خۆی دەڕۆیشت و دەهاتەوە.

بەڵام ساتێ دواتر، بۆ نانی نیوەڕۆ دەستیان لە کار هەڵگرت. نانی نیوەڕۆ لە ژێر قرچەی گەرما دا... ئاوی شیلەوگەرم چەشنی خوێن... هەرچەند زەینەب زۆری داوا لە عوسمان کرد نان بخوات، بەڵام ئەو پارویەکیشی نەخوارد و پەیتا پەیتا ئاوی دەخواردەوە.

زەینەب بیرێکی باشی بە مێشک گەیشت و سەتڵێک ئاوی بە سەری عوسماندا کرد. ئەوەش وایکرد بێتەوە سەر خۆ.

کاتێک ویستیان دەست بە کار ببنەوە، زەینەب گوتی: "عوسمانەکەم، تۆ بڕۆ دانیشە. با یەکێکی تر ئەسپەکە ببا."

عوسمان گوتی: "نابێ پوورە زەینەب. خۆم دەیبەم. هیچ ماندوو نەبووم."

کە ئەسپەکەیان لێ وەرگرت، عوسمان دانیشت و هۆن هۆن گریا. بەردەوام دەیگوت: "من ماندوو نیم. بە خوا ماندوو نیم!"

پیرێژنێک هەڵیدایە: "ئەو تووتکە سەگەی سواری ئەسپەکە بکەن با بکەوێ و لە ژێر سمی ئەسپەکە دا پان بێتەوە!"

عوسمان: "بە خوا ناکەوم. من خۆ ماندوو نەبووم."

سواریان کرد. بەڵام دوای سێ جار هاتن و چوون، سەری وە گێژەوە هات. زەختی بۆ خۆی دێنا.

وای لێهات لە سەر پشتی ئەسپەکە خەوی لێکەوت و دەستی بە بژو یاڵی ئەسپەکەوە گرت. زەینەب هەستی پێکرد و لە سەر ئەسپەکە هێنایە خوارەوە. بردیانە سەر کڵۆشە گەنمەکان و خەواندیان.

زەینەب گوتی: "فەقیر! چەند سەربزێویشە."

پاشان زەینەب دیسان ئاوی هێنا و بە سەری دا رژاند. خۆیشی پشت بە هەتاوەکە وەستا بۆ ئەوەی سێبەری بۆ بکات. عوسمان دوای کەمێک، هاتەوە سەرخۆ. تا ئێوارە کە کار تەواو بوو، لەو شوێنە هەڵکوڕما و بە نیگایەکی داهێزراو لە کاری ئەوانی تری دەڕوانی. لە شەرمان، نەیدەتوانی سەری بەرز بکاتەوە.

کاتێک کار تەواو بوو، زەینەب دەستی عوسمانی گرت و سواری عاڕەبانەی کرد. مناڵەکە لە پارچە گۆشتێک دەچوو.

زەینەب گوتی: "عوسمانەکەم، ئەمڕۆ زۆر چاکت کار کرد. بێگومان مستەفا ئاغا حەقدەستێکی باشت پێ دەدات..."

عوسمان بە سەرسوڕمانەوە گووتی: "یانی حەقدەستم پێ دەدا؟"

"ئەتۆ زۆرت کار کرد."

عوسمان هەندێک بووژایەوە.

گشت ئەندامانی خێزان کۆ بوونەتەوە و لە دەرەوە، لە بەردەم دەرگا خەرێکن نانی شەو دەخۆن... کەمێک ئەولاتر، عاڕەبانەکە راگیرابوو و ئەسپەکانیان پێوە بەستبۆوە. ئەسپەکان سەریان خسبوە نێو گیای تازە و بە مڵچە مڵچ دەلەوەڕان. بۆنی گژو گیای تازە ئەو ناوەی داگرتبوو.

تاریکی بەرە بەرە دەهاتە پێش. عوسمان لەو کاتەوەی لە مەزرا گەڕابۆوە، لە بەردەم ئەسپەکان رەق هەڵاتبوو. بێ ئارام سەیری ئەوانی دەکرد کە نانی شەویان دەخوارد. ئەوان هەستیان بە عوسمان نەکردبوو.

عوسمان چاوەڕێیە. دواجار تاقەتی نامێنێت. بە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە. لقە دارێک لە سەر عەرزەکە هەڵدەگرێت و بە دەنگی بەرز دەیشکێنێت. ئەوان کە خەریکی نان خواردنن، هەست پێناکەن. پاشان عوسمان ئەو دارەی شکاندوویەتی، بە دوای خۆیدا دەیخشێنێت. بە هەموو هێزی خۆی، دارەکە بە سەر عەرز دا دەخشێنێت... عوسمان بە ئامانج ناگات. لە سەر سوفرە گشتیان پێکەوە قسە دەکەن و پێدەکەنن. عوسمان توڕە دەبێت. بە دارەکەی لە سەر عەرز خەت دەکێشێتەوە و پاشان بە لاقی خەتەکان دەسڕێتەوە.. دەمی دارەکە لە سەر عەرزە.. عوسمان بە راکردن بە دەوری دارەکە دا دەسوڕێتەوە. ئینجا ئەوانەی لە بیر دەچێتەوە کە نانی شەو دەخۆن و سەرقاڵی یاری دەبێ. بە دوای یەک دا هێڵی بازنەیی دەکێشێتەوە و دەیانسڕێتەوە.

لە ناکاو دەنگێک بەرز بۆوە. دارەکەی لە دەستی کەوت. لە جێگەی خۆی وشک بوو. ویستی بگەڕێتەوە و رابکات، بەڵام نەیتوانی.

ژنی مستەفا ئاغا بە سەرسووڕمانەوە گوتی: "وەی! عوسمان! خۆ ئەوە عوسمانە.. وەرە پێشێ عوسمان!"

عوسمان لە شوێنی خۆی نابزوێت.

"وەرە عوسمانەکەم! دانیشە نانی بخۆ."

عوسمان گوێی پێنادات. بێدەنگ راوەستاوە.

"دایکت تۆی ناردووە؟"

عوسمان سەری داخستوە و بەرزی ناکاتەوە.

"لەو کاتەوەی لە مەزرا گەڕاویتەوە، وە ماڵێ نەکەوتووی، هەتیوە شێتە؟ ئێستا دایکت بە دووت دا دەگەڕێت. نیگەرانت دەبێت."

شۆڕ بۆوە و شتێکی بە گوێی مێردەکەیدا چرپاند. لە سەر سوفرەکە، هەموویان پێکەنین.

عوسمان دەیەوێت لە ناکاو رابکا، بەڵام لە جێگەی خۆی رەق هەڵاتوە.

مستەفا ئاغا گوتی: "بە راستی من سەیرم. لە بیرم چووبوو حەقدەستی عوسمان بدەم."

پارەیەکی بیست و پێنجی لە کیسەکەی دەرهێنا و دای بە عوسمان. عوسمان لە چاوتروکانێک دا، پارەکەی فڕاند، نرکەیەکی لە زار دەرچوو و هەڵات.

بە غاردان گەیشتەوە ماڵ. بە هەناسەبڕکێ خۆی بە باوەشی دایکیدا کرد و گوتی: "هانێ!"

دایکی سێ کەڕەت پارە بیست و پێنجیەکەی بە دەوری سەری دا هێنا و بەرەو لێوی برد و ماچی کرد.

__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )

ویرایش توسط behnam5555 : 03-05-2015 در ساعت 01:25 PM
پاسخ با نقل قول
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید




پاسخ


کاربران در حال دیدن موضوع: 1 نفر (0 عضو و 1 مهمان)
 
ابزارهای موضوع
نحوه نمایش

مجوز های ارسال و ویرایش
شما نمیتوانید موضوع جدیدی ارسال کنید
شما امکان ارسال پاسخ را ندارید
شما نمیتوانید فایل پیوست در پست خود ضمیمه کنید
شما نمیتوانید پست های خود را ویرایش کنید

BB code is فعال
شکلک ها فعال است
کد [IMG] فعال است
اچ تی ام ال غیر فعال می باشد



اکنون ساعت 10:36 AM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.



Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)


سایت دبیرستان وابسته به دانشگاه رازی کرمانشاه: کلیک کنید




  پیدا کردن مطالب قبلی سایت توسط گوگل برای جلوگیری از ارسال تکراری آنها