بازگشت   پی سی سیتی > ادب فرهنگ و تاریخ > شعر و ادبیات > زبان ادب و فرهنگ کردی

زبان ادب و فرهنگ کردی مسائل مربوط به زبان و ادبیات و فرهنگ کردی از قبیل شعر داستان نوشته نقد بیوگرافی و .... kurdish culture

پاسخ
 
ابزارهای موضوع نحوه نمایش
  #1  
قدیمی 06-26-2011
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض نارنجی فڕین


نارنجی فڕین

(چیرۆ ک)

خاتوون لەبەر دەلاقە چكۆڵەكە ڕاوەستاوە و چاوی لە كێوی (دووبرا كوژراو) بڕیوە. دوای چەندچركە ڕوانین دەگەڕێتەوە بۆلای وەجاخەكە، هەڵیدەكات و قابلەمەكەی دەنێتە سەر.
«با جارێ ئەو دووچڵە پیوازە بجنم، هەرباشە بەو بۆنەیەوە تۆزێ دەگریم. ناچارم لەبەر دڵی ئەو دوو كچە هەر خۆم بخۆمەوە. مەگین كاتێك بە تەنیام تۆزێ بگریم و كوڵی دڵم دامركێنم. جا ئەوە ژیانە؟ وەرە نەوێری بە ئاشكراش بگریی. سەد جار مەرگ خۆشترە لەو ژیانە.
«ژیان! بڵێ گنخان و پڕووكان لە بن توێژێك پەڕۆوپاڵی ڕِەشدا. خۆزگە ئەم پەڕۆیانە ئاوریان تێبەربێ و بەجێی ئەم‌گنخان و پڕووكان و پووكانەوە بەرەبەرە و پڕلەئازارە، ببنە باڵی سوور و نارنجی و هەڵم‌فڕێنن.ڕۆحە تەم ‌لێ‌نیشتووەكەم هەڵگرن و لەگەڵ دووكەڵێكی خەست و بۆكوڕووزێكی پشووبڕ بەرزی بكەنەوە و لەم خاكەی دوور بخەنەوە. لەم ژیانەی داببڕن. لەم خاكە نەگبەتەی كە مرۆڤ ڕموودەی كردووە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ جوانی و پاكییەكانی دەسڕێتەوە. خاك! خاكی چی؟! ئەم‌خەڵكە وەك قاڵۆنچەی گووخلێركە دەمیان لەو تۆپەڵە قوڕە ناوە و بەدەوریدا دەخولێنەوە و هەزار باری پێدەكەن.، بۆئەوەی لە نێوی بەرن. ئاخری لە نێوی دەبەن!»
بوغزێكی تاڵ گەرووی گرتووە. خەمێك دڵی ڕێك‌دەگوشێ، هەڵقرچانە لە ناخەوە.
«ئاخ زەوی، دەرد و ئازاری تۆش بەدەست ئەوخۆركە و مۆركانەوە هێندە زۆرە، خەریكم لە تاوی تۆ ئازارەكانی خۆمانم لە بیر دەچێتەوە.»
دیسان هاتووەتەوە بەردەلاقەكە. تەمێكی لێڵ بەری چاوی تەنیوە. دەورییە پیوازەكە دادەنێ و دەستێك بەشووشەكەدا دێنێ. كێردەكە بەدەستی چەپەوەیەتی، ئەویش دادەنێ. دەستێك بەچاوەتەڕەكەیدا دێنێ. تەمەكە دەڕەوێ بەڵام هەروا لێڵی دەبینێ. دەربیجەكە دەكاتەوە، دیسان چاو لە كێوی دووبراكوژراو دەبڕێ. جگە لەو كێوە هیچ جێگایەكی‌تر دیار نییە. كێوەكە هەڵدڕهەڵدڕ كراوە و تەپوتۆزی لێ‌هەڵدەستێ. كەڵپەی شۆڤڵ و بۆڵدزێر دایدەپاچن. لە داوێنیشییەوە دووكەڵێك هەڵدەچێ و خەریكە لەگەڵ نەرمەبای دەمەو نیوەڕۆ دەچێ خۆ لە پەلك و گەڵای ئەو دارانەی بەرقەدی كێوەكە هاڵێنێ كە زۆربەیان گابەردی جاڵەبوو لەبەر دەمیاندا گیرساوەتەوە و لەوانەیە چۆكی زۆریشیانی شكاندبێ. هەناسەیەك هەڵدەكێشێ.
«دەی بۆ چۆكی من نەشكاوە؟ دووكەڵم بەسەردا نەكراوە؟ خەریكم خەم بۆ سروشت دەخۆم؟»
هەناسەی سواربووە. گەرمایەكی تاقەتپڕووكێن خەریكە لە ناخەوە لەشی دەتوێنێتەوە. هەتا شانی سەری لە دەلاقەكە بردۆتە دەرێ. جگە لە كێوە بریندارەكە هیچ‌كوێی دیكە نابینێ. قوونەبانی چەند سەربان دیارن، جاروبار چۆلەكە لەسەریان دەنیشنەوە و هەڵدەفڕنەوە. گوێسوانەوەی تەویلەیەك لەبەری لای ڕِاستەوە دارەكانی وەك ددانی زەرد و شاشی پیاوێكی تووڕە و غەزریو ڕیچەی لێ‌دەكا. جاروبار شمشێرباڵ بەپڕتاو دێن و خۆ بە كەلێنی ئەوددانە ڕزیوانەدا دەكەن، بەپەلەش دێنەوە دەرێ و باڵ‌دەگرن. ڕەنگە ئەم ‌دیوارە خەمبارانەش تەنیا دڵخۆشیان ئەو زیندەوەرە وردیلانە بن.
«دەی ئەو پەلەوەرە وردانە بۆ دیوارەكانیش هۆی دڵخۆشی نەبن، لانیكەم بۆ ئێمە هەن. لەوان زیاتر چاومان بە هیچ‌ كەس و هیچ‌ شتێك ناكەوێ. هیچ‌ كەس ناوێرێ بێتە ماڵمان. چەند ساڵە ئەودیوی درگای حەوشەكەمان نەدیوە. ڕۆژی چەندچركە، كاتێك كە ڕمووزن دەڕواتە دەرێ، لەو دەلاقەیەوە چاو لەكێوی دووبراكووژراو دەكەین و هەڵدێینەوە سەرفەڕشەكە. ژووری فەڕشەكەش تاقە دەرووی ڕووناكییەكەی ئەو شووشەیەی سەردرگا یەك‌ تاییە ژنگاوییەكەیە. كاتێك ڕمووزن لەماڵێ نییە گوڵۆپەكە هەڵدەكەین و دەتوانین جوانتر هیلمە و ڕەنگەكان لێك‌بكەینەوە. (خودا غەزەب لە پوورە ئایشێ گرێ دوو مانگ هات لێرە دایكوتا و ئەو تەونە نەگبەتییەی فێر كردین.) ڕۆژی چەند جار بە نۆرە دەچینە بەر پەنجێرەكە و چاو لە كێوەكە دەكەین. جاران ئەو كێوە جوان و سەوزەپۆشە ڕۆحی دەلاواندینەوە و دیمەنی بەژن و باڵا ڕازاوەكەی تەمی خەمەكانی تۆزێ دەڕەواندین. ئێستا ئەویش بەدەردی ئێمە چووە و جەستەی تواتوا بووە.»
سەری هەروا لەدەلاقەكە هێناوەتە دەرێ، سووچێكی درگای حەوشەكەی لێ‌دیارە. دەروازەیەكی ئاسنی قورس، ژەنگی هەڵێناوە و قەت ڕەنگی بە خۆیەوە نەدیوە. پشیلە ڕەشی دەستەمۆی ڕمووزن لەسوچێكی دیوارەكە قنگەڵستی داوە و چاوی زیت و زەردی لەشوێنێكی نادیار بڕیوە. لەسەر پشیلەكەوە چاوی دەگوێزێتەوە سەر دەروازە ژەنگاوییەكە. ئەودەروازەیەی ڕۆژی چەندجار دەكرێتەوە و ڕمووزن لێوەی دێتە ژوورێ، پێ‌دەنێتە حەوشە و غەزریوانە جگەرەكەی بە لالێویەوە دەنێ و بەرەو ژوورە تەنگ و شێدارەكە سەر پێوەدەنێ و پشلیە ڕەشیش بە دوایدا دێتە ژوورێ.
سەری كێشاوەتە دەرێ و چاوە تەم لێنیشتووەكانی بەدار و دیوار و دیمەنی كێوە بریندارەكەی دوو برا كوژراودا دەگێڕێ. جلە ڕەشەكانی باوەشیان لە لەشی وەرهێناوە، گیانی گۆڕەوشار دەدەن و خوێن و تەڕاییی جەستەی دەچنن. وشكی دەكەن، لەپڕ درگای حەوشەكە تەقەی قوفڵەكەی دێت و بەپەلە سەری دەباتەوە ژوورێ. دەروازەكە لەسەر جیڕەیەكی وشك و مێشك‌تاسێن دەكرێتەوە. ڕمووزن بەباقەیەك دووكەڵەوە دێتە حەشەو شەققەی توندی درگاكە دەیانتاسێنێ. بەرلەوەی بەرەو ژوورێ مل‌پێوەنێ ئەو ژوورەی كە ناویان ناوە چێشتخانە و زیاتر لە تاریكخانە دەچێ؛ چونكە تەنیا شوێنێك كە ڕِووناكاییی لێوە دەڕژایە ژوورێ ئەو دەلاقە چكۆلە بوو. ئەویش پەنجێرە نەبوو، بەرلەوەی ژووری پێش ئەو دروست بكەن ـ ژووری فەڕشەكە ـ تاقە بوو. تاقەیەكی چكۆڵە بوو لەچكە كۆنێكی پێدا بەردرابۆوە. بوخچەی جلەكانی دایكیانی لەسەر بوو. كاتێك ئەو ژوورەیان دروست كرد، ئەم چێشتخانەیە تاریك داگەڕا و لە هیچ كوێوە ڕِووناكیی تێ‌نەدەكەوت. ڕمووزن بوخچەی جلەكانی دایکیانی داگرت و تاقەكەی دیواودەر كرد، ئەو چوارچێوە دارینەی تێگرت و ناوی نا دەلاقە. ئیتر دوای ئەوە چاویان بەجلەكانی دایكیان نەكەوتەوە. نەیانزانی بردی بوكوێ و چیی لێ‌كردن.
«بریا لەڕووناكاییی ئەودەلاقەیەش بێبەش بوایەین، بەڵام جلەكانی دایكم هەر بمایەن، بۆئەوەی ڕۆژی چەندجار بۆنیان پێوە بكەین و بەسەریدا بگریین و كوڵوكۆی دروونمان دامركێ.»
تەقەی درگاكە هات و خۆی كرد بە ژووری تەونەكەدا، تاپۆیەكی ڕەش بەباقەیەك دووكەڵ و بۆنی خڵتەوە بەری ئەوتۆزە ڕووناكییەشی گرت. بەسێ و ئینتیهای خوشكی لە سەر تەختەی فەڕشەكە هەستان و بەپێوە وشك بوون. سەریان بەردایەوە و ڕەنگی مردوویان لێ‌نیشت. لە دوای مردنی دایكیان ئەم قانوونە ـ وردە وردە یان كتوپڕ لە بیریان نییە ـ جێ‌كەوت و ئیتر ناتوانن بە موو لێی لادەن. هەتا دایكیشیان مابوو هەروا غەزەب بوو. ڕۆژ نەبوو بەهانەیەك نەبینێتەوە بۆ كێشە و هەرا و لێدانیان. كاتێك دەهاتەوە ماڵێ ئیتر قسە كردن قەدەغە بوو، هیچیان هەقیان نەبوو زمانیان بگەڕێ. كەپێی دەنایە ژوورێ، لەشیان دەبوو بەبەرد و زمانیان دەبوو بە لەتكە گڵمتكێكی وشك.
«حەتمەن ئێستا چاو لەفەڕشەكە دەكا. لەو خەتەی بەیانی لێی‌داوە. هەموو بەیانییەك كە دەچێتە دەرێ، هەرچوار قامكەخەریتەكەی لەسەر فرێتەكە دادەنێ و بەقەڵەمێكی ڕەش دیاریی دەكا.»
ـ هەتا نیوەڕۆ ئەوەندە.
ئەوانیش سەریان بەردەدایەوە و ژانێك، تەزوویەك یان ترسێك بەسەرتاپای لەشیاندا مێروولەی دەكرد. تەنانەت نەیاندەوێرا چاو لە چاویشی بكەن. چەندساڵە چاویان بەڕوخساری نەكەوتووە.
«بەش‌بەحاڵی خۆم تەنانەت شێوەیم وەبیر نایەتەوە. نازانم لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا ڕەنگی گۆڕاوە، ڕیشی سپی بووە، ددانی كەوتووە؟ نازانم شێوەی ئەدگاریم لە بیر نەماوە. تەنیا كاتێك دەتوانین چاوی لێ‌بكەین كە پشت هەڵدەكا و دەڕوا بۆ ژوورەكەی خۆی، یان دەڕواتە دەرێ.»
چەند خولەكێك لەمەوبەر هات بەلای چێشت لێنانەوە، قامكێكیان مابوو بگەنە دیارییەكە. گوتی: «خوشكێ گیان دەستی لێ‌هەڵێنن، من دەبێ بڕۆم بەلای چێشتەكەوە، ئێستا دێتەوە نان و چێشت سازنەبێ ...»
زرمەی لاقی هات و دەنگی هەڵبڕی:
ـ داوەشێن، داڕزێن، تەواوتان نەكردووە؟ ئەی لەبەیانییەوە چیتان كردووە، بە سێ‌ كەس ... مردبوون؟!
تەپەیەك و تەقەی بەربوونەوەی قولاپ و كەركیت. لەدواوە لەچكە و قژی بەسێ و ئینتیهای گرت و بەری‌دانەوە خوارێ. وەك هەمیشە. هەموو ڕۆژێك ئەوە پیشەیەتی. ڕۆژێك لێیان نەدا نابێ، كاتێك لەسەر فەڕشەكەن و سەریان داخستووە، درگاكە دەكاتەوە، دێتە ژوورێ، لەبەر درگاكەدا ڕادەوەستێ هەتا جگەرەكەی تەواو دەبێ، قوونچكەكەی لەبن پێیدا دەكوژێنێتەوە و كەلاقی لەعەرزەكە دەخشكێنێ دەزانن، جگەرەكەی تەواو بووە. چاوی لەپشتەسەریان دەبڕێ. سێبەرەكەی ژوورەكە تاریك دادەگێڕێ بەری ڕِۆشناییەكەی دەگرێ. پشیلەكە خۆی لە دەلینگی پانتۆڵەكەی هەڵدەساوێ . هەڵدێتە ژێرتەختەكە و دێتەوە لای لاقی. ڕمووزن دوای ئەوەی بەرچاوی ڕوون بۆوە و چاوی بەتاریكایی ژوورەكە ڕاهات، دەچێتە پێشێ. كچەكان هەستیان بۆتە چركەژمێر، دەزانن چەندە لەپشت ‌سەریان ڕادەوەستێ، ئەوەندەی كێشانی جگەرەكەی. بەپێوە سەریان دادەخەن و چاوەڕوانن قژیان بگرێ و لەسەر تەختەكە بەریان‌داتەوە. لەپڕ باشووی چنگی لەڕێشۆڵەی پرچیان ڕۆدێ و بەسەرەوە بەریان دەداتەوە. پێلاقە و مست و چەپۆك دەخاتە كار. پشیلەكە هەڵدێتە سووچێك و قنگەڵتس دەدا و چاوی زیت دەكاتەوە. تەنیا دەتوانن دەست‌بەسەریانەوە بگرن و ددان بەجەرگی خویاندا بنێن. هەقی گریان و هاواریان نییە. خۆی دەڵێ: «پرووكەتان لەدەم بێتەدەرێ، سەرەوبن هەڵتاندەواسم بەو دەستەكی بن‌میچەدا و شووڵكەتەڕ دێنم.» زرمەی مست و پێلاقە خاتوون دەتاسێنی.
«ئەو دوو خوشكە چارەڕەشەم ئێستا لە ژێر ئەو زەبرە دڕندانەیەدا دانیان بە خۆیاندا گرتووە و لە ژێر مست و پێلاقەكانیدا جینگڵ دەدەن.»
حەوتووی پێشوو ئێوارەیەك هاتەوە و دەستی كرد بە لێدانیان، بە پێلاقە دای بە پشتی ئینتیهادا و نركەی لێ‌هەستاند. خاتوون بەسەر ژان و ئازاری خۆیدا خەمی ئەوی بوو. ئەو و بەسێ لەژێر گۆپاڵەبارانی مست و پێلاقەدا بوون. چاوەڕێ بوون زەبرێكی ئاواش وەئەوان بكەوێ. لەبنەوە چاوی لە لاقی ڕمووزن و جەستەی تخێڵ‌ بووی ئینتیها بوو. زیتەی زەردی چاوی پشیلەكەش، دەتگوت پێدەكەنێ. لە تاوی خوشكی زەندەقی چوو. هەر ئەوەندە بوو گیانی دەرنەچوو.
«كوشتی، حەیاتی لێ‌بڕی، چاكتر، نەجاتی بوو. هەزارجار مەرگ باشترە لەو ژیانە. بەختی خۆی نەجاتی بوو.»
پشتی كردۆتە دەلاقەكە و چاوی لەگڕی وەجاخەكەیە. گوێشی لە زرم‌وكوتی مست و پێلاقەیە. دەڵێی پێلاقە بەسەردڵیدا دەدا.
«هەرئێستا دێ بۆجەستەی منیش.»
چاوێك لە كراسە ڕەشەكەی دەكا و چاوێكیش لەگڕی وەجاخەكە: «ئەم جلەڕەشانە چەن‌خۆشە ببنە سوور و نارنجی، چەندخۆشە ببنە سوور و نارنجی، ببنە باڵ، خۆم و ژوورەكەش پێكەوە باڵ بگرین. ببینە دووكەڵ و بڵێسە و باڵ بگرین. بەڵام دڵم نایە، یان ناوێرم، نازانم، لە ئاورەكە دەترسم یان لە مردن؟ نا، لە هیچیان ناترسم، لەوە دەترسم ئەو دوو خوشكە بەستەزمانەم لە بەردەستی ئەو ڕمووزنەدا بەجێ بێڵم.»
«دەی چیت پێ‌دەكرێ؟ خۆ بوون و نەوبوونت بۆ ئەوان هەروەكوو یەك وایە. بۆ دەتوانی دەستی بگری؟»
«نا، لانیكەم كارەكەیان لەگەڵ دەكەم، كارێك دەكەم بەهانەی نەكەوێتە دەست. نا، نابێ بیر لەشتی‌وا بكەمەوە.»
پێرێ بەسێ لەسەر فەڕشەكە بەچاوی فرمێسكاوی و بەدەم هەنیسكەوە گوتی: «خوشكێ وەرن با خۆمان و ئەم‌ فەڕشە گڵاوە و ماڵەكە ئاور تێ‌بەردەین و نەجاتمان بێ.» سەری بەسێی بەسینگییەوە نا و ڕوومەتە تەڕەكەی ماچ كرد. سوێراییی فرمێسكەكەی لێوی كزاندەوە. گوتی: «نا، بیر لە شتی وا مەكەنەوە خوشكێ، خودا گەورەیە، بڵێی دەردێكی بۆ نازڵ نەبێ؟» ئینتیها گوتی: «ئێوەش ئەو كارە نەكەن، من ناچارم. من حەتمەن دەبێ خۆم ڕزگار بكەم. من ئیتر زۆر لەئێوە ... چارەڕەشترم ...» بەدەم قوڵپی گریانەوە دوایین ‌وشەی دەربڕی. دوای پێلاقەكەی ئەو ڕۆژە ئینتیها ماوەیەك بێ هۆش بوو. ڕمووزن دەستی لە لێدانیان هەڵگرت و ڕۆیشتە دەرێ. بە پلیكانەكاندا وەسەر كەوت و چووە ژوورەكەی خۆی. ئەو ژوورەی دیوار بە دیواری ژووری فەڕشەكەیە و كورسەكەی بەرزە. چوار پلیكان لە دوو ژوورەكەی دیكە بەرزترە. هەمیشە قوفڵێكی گەورەی پێوەیە و داخراوە. هێشتا هیچكامیان نێو ژوورەكەیان نەدیوە. كاتێك نان و چێشتیشی بۆ دەبەن دەبێ هێواش لە درگاكە بدەن و سەر داخەن. بیدەنە دەستی و بە هەڵاتن بچنەوە خوارێ. ڕمووزن و پشیلەكەی لەو ژوورەدا دەژین. هەمیشەش یەكەم پارووی نان و چێشتەكە دەدا بە پشیلەكەی و دوای چەن ساتێك خۆی دەست دەكا بە خواردن. خاتوون و بەسێ هەستان و چوونە ژوور سەری ئینتیها. گریان. گریانێكی بێدەنگ. گریانێكی خنكێندراو. گریانێكی مردوو. خاتوون دەستی نایە سەر دڵی، سەری نا بە سینگییەوە، وەك تەپڵ دەنگی دەهات. هەڵات بۆ چێشتخانەكە و پەرداخێكی ئاوی سارد هێنا. لەسەروچاوی پڕژاند، بە ئارامی چاوی هەڵێنا. قومێك ئاوی كرد بە دەمییەوە. باوەشیان پێداكرد و خەریك‌بوو قوڵپی گریانەكەیان بتەقێتەوە، گریانێكی ئاوێتەی شادی لە ژوورەكەدا دەنگ بداتەوە. هەڵیان‌ساندەوە. پشتیان نابەدیوارەكەوە و دایان نیشاند. خاتوون قومێكی‌تری ئاو بە دەمییەوە كرد. ڕەنگی بووبووە چۆڕی شیر. سپی سپی هەڵگەڕابوو. نا زەرد هەڵگەڕابوو. پێلووی چاوی دادەكەوت و بێ‌ئیختیار هەڵیدێنایەوە. لەپەستا ئارەقەی دەردەدا. بەسێ بە لۆی لەچكەكەی نێوچاوانی بۆ سڕی. ئینتیها بەجارێ ڕەنگی هەڵبزركابوو. لەپڕ ڕەنگێكی هێناوبرد. چاوێكی لەخاتوون و پاشان لەبەسێ و داوێنی خۆی كرد. سەری هەڵێنا و چاوی لە چاوی خاتوون بڕی. گلێنەی چاوی دەتگوت هەڵدەخولێن. جۆرێك ترس و سەرسووڕمان و تاسان بەڕوخسارییەوە دیاربوو. بەپڕتاو داوێنی كراسەكەی خۆی هەڵدایەوە و دەستی برد بۆ بەینی ڕانی، شەرمێك لە چاوییەوە داڕژا و لەگەڵ فرمێسك و ئارەقە تێكەڵ بوو. دەتگوت دەستی وشك بووە و لە بەینی ڕانیدا بۆتە بەرد و ئیتر ناتوانێ بیبزێوێ. لەپڕ دەستی دەرهێنا و چاوی لێ‌كرد. چاوی خاتوون و بەسێش لەسەر دەستی گیرسایەوە، هەرپێنج قامكی خوێناوی بوون. ئیتر ئەو شەوە هەتا بەیانی گریان و هەڵچۆقان و نەیانزانی چۆن ڕۆژیان كردەوە. دوای ئەو شەوە ئینتیها ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ كزتر دەبوو و ڕەنگی زەرد هەڵدەگەڕا. هێزی لێ‌بڕابوو. تەنانەت قسەشی بەجوانی بۆ نەدەهات.
هەروا پشتی لە دەلاقەكە كردووە و بەچاوی ئاوری وەجاخەكە دەخوا. دەنگی زرم‌وكوتی مشت و پێلاقە تەواو بوو. چاوی لەسەر گڕەكەوە گوێستەوە بۆسەر درگاكە: «هەرئێستا دەكرێتەوە و دێتە ژوورێ. نۆرەی منە.» وەردەسووڕێت و چاو لە كێردەكە دەكا، لەسەر دەورییە پیوازەجندراوەكەیە و لەبەر دەلاقەكە داندراوە. قابلەمەئاوەكە قوڵتەی دێ و هەڵمی لێ‌هەڵدەستی. دەستگرەكە بەبزمارێكدا هەڵواسراوە، بەپڕتاو چاوی لەسەر كێردەكە و قابلەمەكە و دەستگرەكە دێت و دەچێ. دەست دەداتە كێردەكە، چاوێك لە نووكە تیژەكەی دەكات و دایدەنێتەوە. دەچێ بۆلای دەستگرەكە و لە بزمارەكەی دەكاتەوە. بەهەردوودەست قابلەمەئاوەكە دەگرێ و چاو لە درگاكە دەبڕێ. چاوی لە ڕەشەوە دێ. دڵی تێكەڵ دێ و خەریكە بەلادا دێ. خۆشی نازانێ بۆئاوا تووشی سەرەگێژە بووە. هەردوو دەستی بە دەستگرە و قابلەمەكەوەیە، لەپڕ درگاكە دەكرێتەوە و ڕمووزن چاوەسوورەكەی تێ‌دەبڕێ. لەمێژە ڕەنگی چاوی نەدیوە، ڕوخساری نەدیوە. قەت نەیان‌وێراوە سەرهەڵێنن و چاو لە چاوی بكەن. ڕمووزن چاوی لە چاوی خاتوون بڕی. هاتە پێشێ. خاتوون بەدەستێك سەری قابلەمەكەی لابرد و لەو لاوە داینا. ئاوەكە قوڵتەی دەهات و جارجار بە لێواری قابلەمەكەدا دەهاتە خوارێ و چزەی لە ئاورەكە هەڵدەستاند. سێ‌هەنگاوی ماوە بێگاتێ. بەڵام هێندە دوورە لە بەرچاوی تەنیا تارمایییەك دەبینێ. ژوورەكە هۆگانێك گەورە بۆتەوە. دەرك و دیوار دیارنین، دەشتێكی كاكی بەكاكی. تارمییەكە دێتە پێشێ. خاتوون هەروا دەستی بەدەستگرە و قابلەمەكەوە دەلەرزێ. چۆكی خەریكە دەنووشتێتەوە. هێزی لێ‌بڕاوە. هەنگاوێكی‌تر هەڵدێنێتەوە و دەستی دەكێشێ بۆسەر و قژی. كچە هەموو هێزی خۆی لە دەستیدا كۆدەكاتەوە و دەیهەوێ قابلەمە ئاوەكە بەرز كاتەوە. ناتوانێ بەقەد گابەردێك قورسە. دێتە پێشێ و بەدەستێكی قوڕگی دەگرێ و بەدەستەكەی دیكەی قژی. ڕمووزن پڕ بەژوورەكە دەنەڕێنێ و خاتوون بەنەڕەكەی دادەچڵەكێ. لەو دیوی دەرگاکەوە دەنگی هەڵێنا:
ـ كوانێ ئەوقەحبەیەی دیكە؟
كچە چاوێكی لە كێردەكە كرد و بەنیگای ساردی دەم و نووكە تیژەكەی سڕی. دەستی بەدەستگرە و قابلەمەئاوەكەوەیە، هاڵاوی قابلەمەكە شاڵاو دێنێ بۆسەروچاوی. سەرەكەی لابردووە. ڕمووزن خۆی بە درگاكەدا دا و كردییەوە. لاقێكی لەم دیوی درگاكە و لاقێكی لەو دیو، خاتوون قابلەمەئاوەكەی پێدادا. ڕاست دای‌بەسینگ و سەروچاویدا. هێشتا دەستی نەگەیشتبووە دەم‌وچاوی، دەمەوڕوو كەوت. كچە وەرسووڕا و دەستی داكێردەكە. هەلینگی دایە و سێ‌جار لە سەریەك ئەوەندەی هێزی تێدابوو كێردەكەی بەمۆغەرەی پشت و كورتەكەلەكەیدا كرد. ڕمووزن تلێكی‌دا و كەوتە سەرپشت، ویستی هەستێتەوە، وای‌‌نەڕاند لەوانە بوو جەرگ و دڵی كچەكان داكەوێ. خاتوون چوارەم زەبری ڕاست لە سەردڵی دا و نووكی كێردەكە هەتا بن‌دەسكەكەی چووەخوارێ. چاوی لە سەروچاوی كرد بووبووە یەكپارچە بلۆق و سوور هەڵگەڕابوو. چاوی لە بەینی دوو بلۆقدا بە مۆلەق وێستا. لەپڕ كچە هاوارێك لە گەروویدا تەقییەوە و هەڵات بۆ لای بەسێ و ئینتیها و باوەشیان بەیەكتردا كرد. دوای ساڵانێكی زۆر توانییان بە دڵ بگرین و بە دەنگی بەرز كوڵوكۆی دڵیان هەڵڕێژن. دوای ئەوەی كوڵی دڵیان دامركا، چوونە حەوشە و بیست لیترییەك نەوتیان هێنا. هەنگاویان بەسەر تەرمی ڕمووزندا هەڵێنایە و چوونە چێشتخانەكە. لە دەلاقەكەوە چاویان لە كێوی دووبرا كوژراو بڕی. هەمووی هەڵدڕ هەڵداڕ كراوە و تەپو‌تۆزی لێ‌هەڵدەستێ. بەردەلاقەكەیان چۆڵ كرد و چوون بۆلای بیست‌لیترییە نەوتەكە. ئینتیها سەرەكەی لابرد و لە تەرمەكەی باوكیان و دار و دیوارەكە و هەردوو خوشكەكەی پڕژاند. بیست‌لیترییە نەوتەكەی دایە دەست خاتوون. ئەویش ئینتیهای خووساند و بڕێكی دیكەشی لە وڵات پڕژاند. وەجاخەكە هەروا دەگڕێ. بیست‌لیترییەكە بڕێكی نەوت تێدا ماوە، خاتوون بردی لە سەر وەجاخەكەی دانا. دەستیان كردە ملی یەكتر و چوونە بەر دەلاقەكە. نیگای چاویان بەرەو كێوەبریندارەكەی دووبراكوژراو هەڵفڕاند. سێ چۆلەكە لە سەر گوێسوانەی دەستەڕاستی دەلاقەكە نیشتبوونەوە. سووك و قوشقی ملیان دەسووڕاند. دەتگوت باشوویان دیوە. لەپڕ هەڵفڕین و ڕوویان كردە كێوە بریندارەكە و بە ئاسمانەوە بوونە سێ خاڵی ڕەش و بزر بوون.
دووكەڵێك خەریكە لەگەڵ نەرمەبای دەمەونێوەڕۆ خۆ لە ماڵەكانی ئاوایی هەڵدەساوێ. بۆكوڕووزێك ئاسمانی گوندەكەی داگرتووە و هەواكەی قورس كردووە. دوای چەندخولەك خەڵك بەرەو بۆنی كەباب خێزەرەیان بەست.

ئه‌مين گه‌رديگلاني

__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید




پاسخ


کاربران در حال دیدن موضوع: 1 نفر (0 عضو و 1 مهمان)
 

مجوز های ارسال و ویرایش
شما نمیتوانید موضوع جدیدی ارسال کنید
شما امکان ارسال پاسخ را ندارید
شما نمیتوانید فایل پیوست در پست خود ضمیمه کنید
شما نمیتوانید پست های خود را ویرایش کنید

BB code is فعال
شکلک ها فعال است
کد [IMG] فعال است
اچ تی ام ال غیر فعال می باشد



اکنون ساعت 10:11 AM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.



Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)


سایت دبیرستان وابسته به دانشگاه رازی کرمانشاه: کلیک کنید




  پیدا کردن مطالب قبلی سایت توسط گوگل برای جلوگیری از ارسال تکراری آنها