بازگشت   پی سی سیتی > ادب فرهنگ و تاریخ > شعر و ادبیات > زبان ادب و فرهنگ کردی

زبان ادب و فرهنگ کردی مسائل مربوط به زبان و ادبیات و فرهنگ کردی از قبیل شعر داستان نوشته نقد بیوگرافی و .... kurdish culture

پاسخ
 
ابزارهای موضوع نحوه نمایش
  #1  
قدیمی 07-19-2010
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض داڵان هووشەنگ گوڵشیری



داڵان

نووسەر: هووشەنگ گوڵشیری
وەرگێڕ: عەبدوڵڵا سـەعیدی

کارەساتەکە لەو جێگەیەوە دەستی پێ کرد کە دایکی منداڵەکان لە حەمام گەڕاوە و پێی نایە سەر لێواری باخچەی ماڵەکە و دیتی کە هەرسێک منداڵەکەی پشتەو قەفان کەوتوونەتە سەر ئاوی حەوزەکە. دواتریش کە ئاوماڵەکان دیتییان و بیستییان و زۆربەشیان گریان.
ئێوارە کە هێشتا ئاوماڵەکان و دووپاسەوانەکە و پزیشکی قانوونی، لە نێو ماڵەکەدا بڵاوەیان نەکردبوو و دایکی منداڵەکان لاسکی ناسکی لالە عەباسی و ئەتڵەسییەکانی دەشکاند و خاک و خۆڵی باخچەکەی بەسەر خۆیدا دەکرد، باوکی منداڵەکان وەک شەوان هاتەوە.
لەمابەینی ژنەکاندا کە منداڵیان بە باوەش و بە کۆڵییەوە بوو و تازە لە حەوشەکە دەڕۆیشتنەدەر، تێپەڕی و خۆی خزاندە دووهەم وەتاغ و دەرکەی لەسەر خۆی داخست.
هەموان دیتیان کە دەم و چاوی وەک کوتە شاخێکی لێهاتبوو،هەر بەو شێوەیە گۆشەدار و بێ خوێن و لە چاوەکانیشی هیچ شتێک نەدەخوێندرایەوە، نەخەفەت و نە هیچ باسێک کەسیش نەیدەزانی کە لە کوێڕا زانیبووی. کە شەو داهات تەرمی سێ منداڵەکە لە ماڵ مایەوە و ئەو چەند ژن وپیاوەی کە هاتبوون سەر سڵامەتی و دڵخۆشی باوکی منداڵەکان بدەنەوە،هەر چەندیان هێناوبرد نەیانتوانی دەرکەکە بکەنەوە.هەرچەند هاواریان کرد:« کاک یەدوڵڵا، کاک یەدوڵڵا !» دەتکوت کەس لەژوورەکە نییە، تەنانەت دەنگی هەناسەشی نەدەبیسترا.
ژوورەکە وەک یەکپارچە بەردی لێهاتبوو،تەنیا لەسەرووی پەردەکانەوە،لە نێو تاریکە سەلاتی وەتاغەکە،ڕووناکایی جگەرەکەی دیار بوو کە وەکوو ئەسێرەیەک چریسکەی دەدا.
ڕۆژی دواتریش کە ئاوماڵەکان بە دەستگێڕی و گەلە کۆمەگی پارەی کفن ودفنی منداڵەکانیییان کۆ کردەوە و لە تەنیشت تەکییەی « بابە ڕەک» لە سێ چاڵدا بە خاکیان سپاردن، باوکی منداڵەکان وەکوو ڕۆژان، بەری بەیانی چووبووە سەر کارەکەی و تەنیا سەرو حەدی مەلا بانگ دان هاتەوە، هەر بە و چەند نانەی شەوانی و دەم وچاوی کە وەک کوتە شاخێک ، سەخت و گۆشەدار بوو.
کە لە دەرگای دا، ژن خوشکەکەی دەرگاکەی کردەوە و سڵاوی کرد و بە سووچی چارشێوە ڕەشەکەی چاوەسوورەکانی سڕی وپیاوەکە تەنیا چاوی لە دیواری بەند کەشی کراوی داڵانەکە دەکرد.
چووە ژوورەکە و نانەکەی دایە دەست ژنەکەی کە سەراپا ڕەشپۆش بوو، لە پەنا دیوارەکە هەڵتووتابوو، جلە کانی داکەندن. لەسەر بزماری جێ لیباسییەکە ،کراسێکی ڕە ش هەڵواسرابوو ، بەڵام پیاوەکە هەر ئەو کراسە بێ قۆڵە سپییەکەی لەبەر کرد ولە سەرووی دیوەکە دانیشت.
ئەوە ژن خوشکەکەی بوو کە سەماوەر و چادان و ئیستیکان و پاشان مەنقەڵی پڕ لە ئاوری هێنایە ژوورەکە و چراکەی هەڵکرد و پیاوەکەی بینی کە لە دوو بووکەڵەکەی سەر تاقە بڵیندەکە ڕامابوو، کە دەتکوت بە و پەنجە چکۆلە و سوورانەیان و ئەو پیستەی کە پیاو وای هەست دەکرد کە یەکپارچە خوێن و دەمار لە ژێر ئەوان دا لە گەڕ دایە.
وەختایەک لە دەرگایان دا ژن خوشکەکەی بووکەڵەکانی هەڵگرت و بردنییە خەڵوەتییەکە.هەمیسان ئاوماڵەکان هاتبوون ؛ دوو پیا و دوو ژن، ژنەکان هەر لە سەرەتاوە چاویان بە گوڵ و گیا وپنجە ڕەنگ پەریوەکانی فەڕشەکە دا دەگێڕا و ئەو هەڵم و بوغەی کە لە سەر پیاڵە چاییەکان هەڵدەستا و پیاوەکان بڕێکیان قسە کرد کە وەکوو دەماری سەهۆڵ لە نێو هەوای گەرمی ژورەکە هەڵوەری، پاشان ئەوانیش چاویان لە گوڵ و گیا و پنجەکانی فەڕشەکە بڕی.
باوکی منداڵەکان هەروا دانیشتبوو چاوی بڕیبووە بەر دەمی خۆی ، چڕو چاوی گرمۆڵە ببوو و برۆکانی داهێنابوونە خوارێ و بە باشی دەبیندرا کە ئیدی خوێن لەژێر پێستیدا لە گەڕ دانییە و تەنیا چاوەکان بوون کە دەیان ڕوانی.هیچ قسەیەکی نەکرد، لە کارخانەش قسەی نەکردبوو، یانی هەر لە مێژ بوو کە قسەی نەدەکرد و تەنیا دەنگی یەکدەست و یەکجۆر و گوێ کەڕ کەری مەکینەکانی رێستن و جووڵە و تەکانی مەکوکەکان و دەستەکانی بوو کە فەزای دەورووبەری پڕ دەکرد و ئەمێستاش پیاوەکە لە نێو داڵانێکی دوورو درێژ و بێ کۆتایی دا دەژیا و لە پشت دیوارە بەند کەشی کراوەکاندا تەنیا دەنگی خنکێنەری مەکینەکانی تەنین و ڕێستنی دەبیست و هەستی بە سرتە سرتی گەرم گوڕی قسە و باسە کان و بۆنی قورسی نان و تاریکایی دەکرد کە جار لە گەڵ جار خەست و خۆڵتر دەبوون . ئەویش کە زۆر هیلاک و ماندوو بوو، تەنیا لە دوورەوە و لەوسەری داڵانی بەند کەشی کراودا ، سێ دەربیجە هەبوون کە لە پاڵوێنی شووشە ئارەقدەردەرەکانییەوە هەوای ڕوون وبێگەردی دەرەوەی، وەکوو سێ دەماری نوور لە نێو خەستایی و دێوەڕژەنی داڵان ، دادەتەپینە سەر زەوی.ئەویش دەڕۆیشت و دەنگ گەلێک لە گوێی دابوون و لە نێو پێستی دا هیلاکی بنەنیش دەبوو و ئەو دەیهەویست ئەو دەنگانە و بۆنی قورسی نان لە بن پێستی دا بتەکێنێ و بگاتە ئەو سێ دەربیجە چکۆلەیە؛ بۆ لای ئە و دەربیجانە بۆ شووشە ئارەقدەردەرە ڕەنگینەکانی و بۆ ئەو دیوی دەربیجەکان کە بێدەنگی دەسەڵاتداربوو و ئیدی بۆنی قورسی نان و دێوەڕژەنی و خەستایی، لە بێداد دا نەبوون وئە مێستاش لە نێو داڵاندا بوو و چاوی بەژن وپیاوەکان نەدەکەوت. تەنیا وەختایەک پیاوەکان قسە یان کرد ، دەنگی مەکینەکانی ڕێستن زیاتر پەرەیان سەند و دێوەڕژەنی و بۆنی نان بە پێستی لە شییەوە نووسان.
وەختایەک کە ئاوماڵەکان ڕۆیشتن،ژن خوشکەکەی شتێکی هێنا و بە توێکوشین خواردیان و تەنیا دایکی منداڵەکان بوو کە نووکە نووکی دەهات و هیچ شتێکی لە گەرووی نەدە چووە خوار. کە سفرەکەیان پێچاوە ژن خوشکەکەی کوتی :«دەڵێن چی سبەی لە مزگەوتێ پرسانەیەک دابنێین؟»
پیاوەکە لە داڵانەکە بوو دەم وچاوی وەک لەتە بەردێک سەخت و گۆشەداربوو:« بۆچی منداڵەکانت نەهێنا؟»
دایکی منداڵەکان لە بانگی گریانی دا و پیاوەکە چاوێکی لێکرد و دیتی کە چەندە هێڵەکانی چڕو چاوی کۆن و نەناسیاوبوون و پاشان چاوێکی لە قژە تێک هاڵاو و ئاڵۆزاوەکەی کرد کە لەبن لەچکەکەیەوە وەدەر کەوتبوون و خەریکبوون ڕەنگی خۆڵەمێشییان بە خۆیانەوە دەگرت.
ئیدی ئێستا خەریک بوو بۆنی نان دەیخنکاند و سرتە سرتی قسە وباسەکان لە لە گوێیدا وەکوو دەنگی هەزاران دەهۆڵ و دەنگی پەیتا پەیتای چەکوشی مەکووکەکان دەبیسترا و دەیهەویست بڕوا و ئیدی وەختێکی نەمابوو هەتا ڕابوەستێ و چاو لە قژەکانی ژنەکە بکات و ئەو وەبیر خۆی بهێنێتەوە و خۆی دڵدۆڕاوی دەم و چاوێک بکات کە ئیدی هیچ نیگایەک لەسەری ڕاگیر نەدەبوو؛دەیزانی کە ئەگەر ڕاوەستابایە، ڕەشایی داڵان ،سێ ئەستێرەی بچووکی کە وەکوو سێ شەم دەسووتان، هەڵدەلووشی و ئەوکاتیش ئەو نەیدەتوانی لە نێو ئاپۆڕای ئەو هەموودەنگە و بۆنی قورسی نان و دێوەڕژەنییەدا، ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە.
وەختایەک گەڕایەوە هەموان زانییان کە پەیمانی شکاندووە،ئەویش بەلایەوە گرینگ نەبوو، دەیکوت:
«پیاو هەموو شتێک تەحەممول دەکات،ئەو شێلاقەی کە لە لاقی پیاو دەکەوێ، کەلەپچە و ئاگری جگەرە و هەزاران دەرد و زەهری ماری دیکەش،بەڵام ئیدی چاوی نابینێ کە کەسێک ڕۆژگارێگ لەگەڵت هاوپیاێەبووبێت و بێت و ڕەپ وڕاست چاو لە چاوت ببڕێ و هەمووشتێ بڵێ،ئەوجارەکەش پیاو هەر لەبەر هیچ و پووچ عومرێک بۆچی لەو کونەڕەشەدا بڕزێ، کەچــی؟»
لەسەر کاریان دانا و هەمووان دەوری ئەویان خەتێک کێشاو ئەویش دەوری هەموانی خەت کێشا،تەنیا لەگەڵ چەند کەسێکیان چاک و چۆنییەکی هەبوو، پاشان زەماوەندی کرد و کۆختەیەکی پێکەوە ناو ئەو مایەوە و سێ منداڵ.
شەش ڕۆژی حەوتوو شەو و ڕۆژ کاری دەکرد.لە گەڵ هەموو ئەو تیغە نیگایانەی کە دەیانهەویست گۆشت و ئێسکی جیا بکەنەوە و ویرەویری لە بن نەهاتووی قڕە و هەراکان و باسەکان و بۆنی ئەو نانەی کەلەسەر دەستی دادەنا و دەیبردەوە بۆماڵێ هەتا منداڵەکانی نۆشی بکەن.
ئاخری حەوتووەکان کەتەواوی ئەوانە کەلەناخیدا قەڵا پرچن دەبوون و ئەو نیگا و تێڕوانین و تەوس هاویشتنانە وەکوو ئاگر، دەم و ئەوکی دەبرژاند و لە ڕقان پەنجەکانی مست ئاسایی دەقونجاند و گرێی دەدان،دەچووە نێو یەکێک لە قاوەخانە قەرەباڵغەکان و خۆی لە قوژبنێک دەپەستاوت و بە تاقی تەنیا لە پشت مێزێک دادەنیشت و یەک دوو شووشە عارەقی هەڵدەدایە گەرووی و پاشان سەرخۆش و مەست دەگەڕاوە بەرەو ماڵێ.
بەیانیانی هەینی ساعەت نۆ و دە لە خەو هەڵدەستا و دەچووە سەر حەوزەکە،دەست و چاوی دەشۆرد و لە پەنا خێزان و منداڵەکانی دادەنیشت،چایی تێدەکرد و لەگەڵ منداڵەکانی گەمە و یاری دەکرد و لالە عەباسییەکانی باخچەکە بوون و ئەو حەوزەی کە هەر بۆ خۆی خاوێنی دەکردەوە و بۆ خۆشی پڕئاوی دەکردەوە.
دەمەو ئێوارانیش لە گەڵ ئەوان وەڕێ دەکەوت و بە شەقامەکاندا پیاسەیان دەکرد و دەگەڕایەوە.بە ڵام ئێستا تەنیا هۆڵی کارخانەکە مابۆوە و ئەو هەمووە دەنگە دەنگەی مەکینە ڕێستن بوو کە لەژێر قامکەکانیدا وەکوو گوێزی ئازا بەنەکانی گرێ دەدان، وەک گیاندارێکی نیوەگیان و بەهێز دەژیا و هەناسەی هەڵدەکێشا و خوێنی لە پەنجەکانی دەگرت هەتا ڕیسەکان بکاتە پارچە و ئێستاش تەنیا جووڵە وکارکردنی پەیتاپەیتای مەکووکەکان بوون کە تەواوی دەورووبەری ئاخنیبوو و لەگەڵ دەنگە دەنگەکان خۆی خافڵاندبوو. بەڵام ئەو ڕۆژە لەڕۆژی کار نەدەچوو،یانی لەسەروسەکتی کرێکاران ڕا دەبیندراکە دەبێ ئەمڕۆ شتێک گۆڕێ دابێ و پاشان یەکە یەکە دەستیان لە کار کێشاوە ولە هۆڵەکە ڕۆیشتنەدەرێ و ئەوتەنیا توانی قۆڵی یەکێک لەوان بگرێ و لێی بپرسێ:
«بۆ کارەکە بە جێ دێڵن؟»
ئەوەشیان قسەی لەزاری دەرنەهات و هەمووان کە ڕۆیشتن؛ئەو مایە وە و مەکینەکانی ڕێستن کە ئێستاش هەر گیانی تێدا بوو و خوێنی دەویست،هەر ئەوکاتە وای هەست کرد کە ئەو ڕەوتە کارەباییە کە دەڕژێتە مەکینەکانەوە ،لەگەڕانی خوێنی ئەو خێراتر و بەهێزترە و ئەو بەتەنیا ناتوانێ ئەو هەمووە خوێنە بڕژێنێتە دەماری مەکینەکەوە هەتا ڕیسەکان ببنە پارچە و ئیدی نیگاکانی نەیاندەتوانی وەدوای ڕەوتی خیرای مەکینەکان بکەون و چاوی لێ بوو کە هەر ئێستانا تاوێکی دیکە پەنجەکانی بچنەمابەینی چەرخ و دندەکانی مەکینەکەو لەوێدا گیر بکەن.
کەکارەباکەیان کوژاندەوە و ئەویش دەستی لە کار کێشاوە و جلەکانی گۆڕی و لە کارخانەکە چووەدەر و ئەوانی بینی کە بەڕیز ڕاوەستابوون، ژن و منداڵەکان لەبەرەوە و ئەوانەی دیکەش لەدواوە،هەر بەو جل و بەرگانەی کە تۆزی پەمۆیان لەسەر نیشتبوو و خەریکبوون لە ڕێگەکە(ڕەیل) دەپەڕینەوە و ئەو مابۆوە و فەزای خاڵی و دەستەکانی کەنەیدەزانی بە چ بەهانەیەکەوە سەرقاڵیان بکات و بیانخافڵێنێ.
هەمووان ئەویان لەگەڵ ئەوی دیکە ڕادا،ئەوەی واهات و وەک سەوڵی خەرامان ڕاوەستا و هەر لەئەوەڵەوە هەتا ئاخر هەمووی بۆگێڕانەوە، بەڵام بەو جیاوازییەوە کە ئەوی دیکە ڕۆیشتە ئیدارەیەکی دەوڵەتی و بەمانگانەی چوار قڕان و ئەمیشیان مایەوە بۆ پرتە پرتی ئەو هەمووە خەڵکە و ئەو ڕەوتە بەهێزەی کارەبا و سێ منداڵ و ژنەکەی کە ئەوەندە لەلایان بێگانە بوو مەگەر خودا بزانێ.هەر لەیەکێک لەو مەیخانانەدا بوو کە چاوی بەحەسەن کەوت؛قیت وقۆز و بەکەیف،لاجانگی گوڵی دەرکردبوو وبەو دەستانەی کە خوێنی لێ دەتکا.بەرامبەر یەکتر دانیشتن و پێک لەدوای پێک هەێیان دا. ئەمجار حەسەن کەوتە قسەکردن،پاش پێنج ساڵان ، پێنج ساڵی ڕەبەق کە بەقەرای دنیایەکی قسەو باس لە دڵیدا هەڵچنیبوو:
«دەزانم لە من دڵمەندی،بەڵام نیش یەکێک بووم وەک هەمووان،وەک ئەوانی دی،لەو کونەڕەشەدا زۆرم حەول دا کە قسەت لەگەڵ بکەم،بەڵام ڕووت تێنەکردم.وات دەزانی کە هاتییە دەرێ تاقی بووستانت بۆ درووست دەکەن بەڵام هەموو هەر فشە بوو،هەموو لەبیریان چووبۆوە .... دەزانی چی؟ ئەوە نەخەتای تۆ بوو ، نە هی من،ئێمە تەنیا دوو داردەست بووین، دەزانی ، دوو داردەست.»
یەدوڵڵاش یەک لەدوای یەک پێکی هەڵدەدا و چاوی لە هێڵی ناسیاوی دەم وچاوی هاوڕێی لە مێژینەی خۆی دەکرد کە ئێستا لەبن تۆێژاڵی گۆشت دا کوێر ببوونەوە و تەنانەت ئیدی لە ڕوانینەکانیشی ڕووناکی بەدی نەدەکردرا،تەنیا ئەو چەند تکە فرمێسکە بوو کە جەلاو گەشەی پێ دەبەخشی:
«باشە بەسە، دەزانم خەتابار نەبووی،ئەخر شێللاق و گۆشت ناسازگارن،پیاو ئێشی پێ دەگا ... »
« بەسە ئیتر، دەستی پێکردەوە، ئەو پێنج ساڵەت بەس نییە کە سەرت وە بەرد بکەوێ،ئەسڵەن دەزانی چی، ئەوان ئەرزشی ئەوەیان نییە کە پیاو بەخاتری ئەوان بەقەرای عومرێک لەو کونەڕەشەدا بڕزێ.»
« ڕاست دەکەی، ئەرزشیان نییە.»
یەدوڵڵاش پیاڵەیەکی دیکەی هەڵدابوو هەتا گڕی ئەو ئاگرە لە ئەوکی دا دابمرکێ و ئەو مستەی کە گرێی دابوو، لە سەر مێزە سارد و شێ دارەکەی دانا.
« ئەی باشە بۆ وەختایەک من لەسەر شەقام و بازاردا دەبینی ،ڕووم لێ وەردەگێڕی،خۆ هێشتا لەو قسانە گوزەراوە و تەنیا من ماومەتەوە و تۆ،بۆچی ناتەوێ لەگەڵ یەکتر بین؟»
یەدوڵڵا نەیدەتوانی قسە بکات،پێنج ساڵی ڕەبەق هەموو ئەو ئازارانەی دامرکابوون،بۆ منداڵەکانی و خەمەکانی و گۆڵە لالەعەباسی و ئەتڵەسییەکانی دەتواوە دەبووە ئاو و ئەێستاکەش کە حەسەن ببووە ڕووناکبیر ، زۆری لەبەر گران بوو کە بکەوێتەسەر قسەکردن:
« دەزانی چی ئێمە سواری ئەسپی با بووین و لاڕێ بووین،نابێ تەنیا بمێنی، تەنیایی زۆر گرانە ... یانی تەنیایی پیاوی دەوێ ... ئێمە ئەو پیاوە نین، حاڵی بووی؟ دەبێ لە گەڵ یەکتر بین بەڵام بۆمن تۆ درەنگە کارلەکار ترازاوه،تەنیا چارەت ئەوەیە کە ژن بێنی و چەند منداڵ لەدەوروبەرت هەڵڕێژی ...»
حەسەنیش لە قوڵپی گریانی دابوو، ئیدی لەوشەوە ڕا یەدوڵڵا ئەوی نەدیتبۆوە و ئیستاش کە لە نێو یەکێک لە چاوەکانی پردەکەچاوی لەڕەوتی ئارامی ئاوەکە دەکرد و ئەو منداڵانەی دەبینی کەلە گۆماوی بن بورجەکەدا مەلەیان دەکرد، خۆزیای دەخواست کە هەمیسان حەسەنی دەدیتەوە هەتا هەمیسان پێکەوە عارەقیان بخواردایەتەوە و قسەیان بکردایە و ئەو هەمیسان بیتوانیبایە گریانەکەی ببینیت و دیسان هێڵی ناسیاوی دەم و چاوی ببینێ کە لەبن توێژاڵی گۆشت دا کوێر ببوونەوە.





سەرچاوە:
ــــــــــــــــــــــــــــــ ــــــــــــــــــــــــــــــ ــــــــــــــــــــــــــــــ ــــــــــــــ
کتاب نیمه تاریک ماه. هوشنگ گلشیری
چاپ اول:1380 ــ انتشارات نیلوفر
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید




پاسخ


کاربران در حال دیدن موضوع: 1 نفر (0 عضو و 1 مهمان)
 
ابزارهای موضوع
نحوه نمایش

مجوز های ارسال و ویرایش
شما نمیتوانید موضوع جدیدی ارسال کنید
شما امکان ارسال پاسخ را ندارید
شما نمیتوانید فایل پیوست در پست خود ضمیمه کنید
شما نمیتوانید پست های خود را ویرایش کنید

BB code is فعال
شکلک ها فعال است
کد [IMG] فعال است
اچ تی ام ال غیر فعال می باشد



اکنون ساعت 09:45 AM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.



Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)


سایت دبیرستان وابسته به دانشگاه رازی کرمانشاه: کلیک کنید




  پیدا کردن مطالب قبلی سایت توسط گوگل برای جلوگیری از ارسال تکراری آنها