پی سی سیتی

پی سی سیتی (http://p30city.net/index.php)
-   زبان ادب و فرهنگ کردی (http://p30city.net/forumdisplay.php?f=150)
-   -   شيعر بو منالان (http://p30city.net/showthread.php?t=23548)

behnam5555 03-14-2010 10:56 AM

درگا
 

درگا

1ـ ته‌ق ته‌ق. كوێیه‌ ڕێگایه‌
نانا، ده‌نگی درگایه‌
ئه‌وه‌ كێیه‌؟
2ـ منم من
1ـ تۆ كێی، دۆستی یا دوژمن؟
2ـ میوانم دۆستی ئێوه‌م
بیكه‌ره‌وه‌ چاوه‌كه‌م
1ـ بڕۆ كه‌س نییه‌ له‌ ماڵ
پاسه‌وانێكم مناڵ
2ـ بژی ڕۆڵه‌ی گورج و گۆڵ
پاسه‌وانی ماڵی چۆڵ
1ـ خۆ بابه‌یه‌ وه‌ستاوه‌
ده‌نگی له‌ من گۆڕاوه‌
دیاره‌ بابه‌ له‌ پێشا
وریایی منی كێشا
بابه‌ بابه‌، بمبه‌خشه‌
فه‌رمووده‌تم لا نه‌خشه‌
ده‌رفه‌ت ناده‌م بێگانه‌
فێر بێ به‌م ده‌رگا و بانه

شیعری. ع. شەونم


behnam5555 03-14-2010 11:00 AM

مامه‌ی كۆڵان
 



مامه‌ی كۆڵان

مامه‌ی كۆڵان داماوه‌
داماوی ده‌ست و چاوه‌

سه‌یری كه‌ن ڕووت و قووته‌
له‌م دنیایه‌ نابووته‌

كه‌ساسێكه‌ بێچاره‌
مه‌ینه‌تی له‌سه‌ر باره‌

ئه‌ڕوا و ئه‌سووڕێته‌وه‌
بۆ نان ئه‌پاڕێته‌وه‌

داستانی تۆماری
پڕه‌ له‌ شه‌رمه‌زاری

نانی ئه‌وێ بۆ ژیان
ژیانی مان و نه‌مان

توخوا به‌ردی تێ مه‌گرن
مناڵ ڕێگه‌ی پێ مه‌گرن

سزا و تاڵاوی ئێوه‌ش
با نه‌بێته‌ باری له‌ش

مامه‌ی له‌رزۆك و بێ‌كه‌س
دڵسۆزێكی هه‌یه‌ و به‌س

ئه‌ویش كێیه‌ ئه‌زانن؟
خاوه‌ن به‌زه‌یی‌یه‌كانن

سایه‌ و په‌نای كه‌ساسان
به‌زه‌ییه‌ و دڵسووتان

شیعری. ع. شەونم


behnam5555 03-14-2010 11:05 AM

یاری
 




یاری

لاچۆ لاچۆ ده‌ی بڕۆ
یاری ناكه‌م له‌گه‌ڵ تۆ

تۆ ئه‌ڵێی شێت و هاری
نازانی چۆنه‌ یاری

دار ئه‌كێشی به‌ سه‌رما
جل ئه‌دڕێنی له‌ به‌رما

به‌ باز ئه‌چیته‌ سه‌ر كۆڵ
فڕێ ئه‌ده‌ی به‌رد و خۆڵ

یا پاڵ ئه‌نێی له‌ ناكاو
زامار ئه‌كه‌ی ده‌م و چاو

وه‌كوو من نیت، بزێوی
فێری شه‌ڕه‌ جنێوی

هه‌تا وا بی ده‌ی بڕۆ
یاری ناكه‌م له‌گه‌ڵ تۆ

یاری دنیای به‌هه‌شته‌
یاری‌كه‌ران فریشته‌

شیعری: ع. شەونم


behnam5555 03-14-2010 11:10 AM

خواردن
 
خواردن

بابه‌! بابه‌ ده‌ست ئه‌شۆم
له‌گه‌ڵ ئێوه‌ نان ئه‌خۆم

له‌به‌ر ده‌می خۆمه‌وه‌
ئه‌خۆم و ئه‌خۆمه‌وه‌

ده‌ستم ڕاناوه‌شێنم
چێشته‌كه‌ ناڕژێنم

كه‌وچكه‌كه‌م پڕ ناكه‌م
سنگ و به‌رۆك ته‌ڕ ناكه‌م

كاتێ پاروو ئه‌گلێنم
دوو لێوم ئه‌نووقێنم

پارووی بچووك قووت ئه‌ده‌م
ئینجا پارووی تر ئه‌كه‌م

هێمن و نه‌رم و نیان
بێده‌نگ ئه‌بم له‌ سه‌ر نان

نه‌وه‌ك پڕیشكی ده‌مم
بپڕژێته‌ به‌ر ده‌مم

فڕه‌فڕ و هه‌ڵ‌لووشین
یا قرقێنه‌، یا پژمین

ته‌قه‌ی كه‌وچك و چنگاڵ
په‌رداخ و قاپی به‌تاڵ

له‌گه‌ڵ هه‌ڵپه‌ی شێتانه
‌ ناشیرنن ئه‌مانه‌

كه‌ چێشت هاته‌ كه‌مایی
ده‌س هه‌ڵئه‌گرم ئه‌سپایی

تێریش نه‌بم دامناوه‌
بۆ خۆم بكێشمه‌ دواوه‌

بابه‌ شاره‌زای خوانم
گشت وێڵێكی ئه‌زانم
شیعری: ع. شەونم


behnam5555 03-14-2010 11:18 AM

بووكه‌كه‌م
 


بووكه‌كه‌م




بووكه‌كه‌م بووكه‌كه‌م
بووكه‌ ئێسك سووكه‌كه‌م

ئش‌ئش‌نایلۆنی‌بێ‌هۆش

ئه‌ی خۆشه‌ویستی ڕووخۆش

پیلان ناكه‌ی وه‌ك زینوو

نه‌ برسیته‌ نه‌ تینوو

من له‌ ئێستاوه‌ دیاره‌

خه‌مم هه‌زار هه‌زاره‌

نازانم هاوڕێی باشم

چۆن و له‌چی داتاشم؟

ئش‌ئش باڵا كه‌،‌باڵا

تۆ هاوڕێمی له‌ ماڵا

چۆنم ئه‌وێ وا ئه‌كه‌ی

یه‌ك یه‌ك خه‌مم لا ئه‌به‌ی

هه‌ردوو ده‌ستم له‌ مل كه‌

گوێ بۆ لای لایه‌م شل كه‌

«ئش‌ئش ئه‌مڕۆ بێ‌گیانی

ئاگای دنیا نازانی

رۆژێ ئه‌بێ كۆرپه‌ گیان

گه‌وره‌ ئه‌بم بۆ ژیان

ژیان ئه‌به‌خشم به‌ تۆ

بۆ بزوان و گفت‌وگۆ

په‌یكه‌ر! دڵپاك و جوانی

ئای داخه‌كه‌م بێ گیانی»

شیعری: ع. شەونم

behnam5555 03-14-2010 11:29 AM

كۆڵان
 



كۆڵان

دایه‌ ناچم بۆ كۆڵان
یاری ئه‌كه‌م له‌ داڵان

كۆڵان پیس و ناخۆشه
مناڵ جنێو فرۆشه‌

به‌ خۆڕایی لێم ئه‌ده‌ن
كه‌ل‌وپه‌لیشم ئه‌به‌ن

دایكیشیان به‌ پێكه‌نین
پێیان ئه‌ڵێن ئافه‌رین

كه‌نگێ دایكن ئه‌وانه‌
ته‌مێ لایان تاوانه‌

مناڵ ئه‌كه‌ن به‌ چوختی
گۆشی ناكه‌ن به‌ پوختی

دایك ئه‌بێ وه‌ك تۆ بێ
تیشكی سه‌رووی ئاسۆ بێ

رۆڵه‌ی خۆت و نه‌ناسراو
سه‌یریان ئه‌كه‌ی به‌ یه‌ك چاو

په‌ریا شاسه‌نه‌م



behnam5555 03-14-2010 11:36 AM

جۆلانه‌
 

جۆلانه‌


جۆلانه‌ی با جۆلانه‌
بێ باڵم، بچكۆلانه‌

وه‌ك باڵنده‌ی هێلانه‌
بفڕه‌! بفڕه‌! جۆلانه‌

بمبه‌! بمبه‌! بۆ سه‌ر دار
له‌وێ سێو ئه‌خه‌مه‌ خوار

بۆ نه‌خۆش و په‌رێشان
بۆ هاوه‌ڵ و بۆ خوێشان

جۆلانه‌كه‌م جۆلانه‌!
بفڕه‌ وه‌ك ئه‌و مه‌لانه‌

بمبه‌ به‌ره‌و به‌رزایی
له‌وێ ئه‌یكه‌م به‌شایی

وه‌ك باڵنده‌ ئه‌خوێنم
سه‌ربه‌ستی خۆم ئه‌نوێنم



شیعری: ع. شەونم

behnam5555 03-14-2010 11:43 AM

چۆله‌كه‌
 


چۆله‌كه‌

جووك جووك چۆله‌كه‌
چۆله‌كه‌ بچكۆله‌كه‌

به‌ له‌رزه له‌رزی باڵا
دیاره‌ كه‌وته‌ سكاڵا

ئه‌ڵێ وه‌ك تۆ مناڵم
زه‌ڕنه‌قووته‌ی ئه‌مساڵم

خۆ تۆ خاوه‌نی هه‌ستی
هه‌وڵ ئه‌ده‌ی بۆ سه‌ربه‌ستی

بۆچی به‌رد ئه‌هاوێژی؟
خوێنی پاكم ئه‌ڕێژی؟

جووك جووك ئه‌ی هاوار
دۆستم نییه‌ سه‌روخوار

بۆ سه‌ر ئه‌ڕوانم داڵه‌
خواره‌وه‌شم مناڵه‌

جووك جووك دانی ئاش
كه‌وته‌ به‌ینی دوو به‌رداش

گیاندارێكی بێ‌هێزم
كه‌س ناڵێ ئه‌تپارێزم

شیعری: ع.شه‌ونم



behnam5555 03-14-2010 11:47 AM



مناڵي پير

وه‌ڵام :
خوشكه‌ بۆ من نازانم
تۆ بيڵێ با بيزانم
هه‌ر دوو بۆ ئامۆژگاري
ده‌ستيان داوه‌ته‌ داري!

دايه‌: ئازار مه‌ده‌ن گيانداران

بابه‌: نه‌خشين بێ كاروباران
تۆ نه‌توت ئاقڵ چۆنه‌
تازه‌يه‌ يان زۆر كۆنه‌
راست چۆنه‌ درو كامه‌
ره‌نگي چۆنه‌ چ تامه‌
ده‌س‌بڕين و درۆيه‌
چه‌وسانه‌وه‌ي مرۆيه‌؟
خواردني خوێني سووره‌؟
كه‌وابێ لێم ببووره‌
له‌ كوشتارێ ئازايه‌
وه‌كوو خۆي ده‌ڵێ وايه‌؟
نه‌مديوه‌ كاري باشي
چي ده‌س‌كه‌وت دايتاشي
وتي ناخه‌وم شه‌وێ
خه‌و له‌ چاوم ناكه‌وێ
له‌ دێهات و له‌ شارا
به‌ياني تا ئێوارا
هه‌وڵي له‌تێ نانمه‌
بۆ ماڵ و خێزانمه‌
هه‌ر بۆ ماڵ و مناڵه‌
ئه‌م ره‌نج و ده‌رده‌تاڵه‌
گه‌ر ئه‌قڵداري وايه‌
داينێ بۆ بابه‌ و دايه‌
گوێچكه‌ي چۆن بۆ رادێرم
چۆن دڵي پێ‌بسپێرم
ده‌ي چۆن بير نه‌كه‌مه‌وه‌
دڵم ژير نه‌كه‌مه‌وه‌
نامه‌وێ وه‌كوو تۆ بم
گوێ‌ڕايه‌ ڵي درۆ بم
پێم‌خۆشه‌ گه‌وره‌ نه‌بم
مرۆي ئه‌م ده‌وره‌ نه‌بم
هه‌ر به‌ منداڵي پير بم
نه‌ك وه‌كوو ئه‌وان ژير بم





behnam5555 03-14-2010 11:51 AM

برا بژين برايي
 
برا بژين برايي

بۆ زيزي خوشكي كاكي
ده‌زانم تۆ دڵپاكي
دڵي تۆ چي تێدايه‌
كيژه‌ جوانه‌كه‌ي دايه‌
له‌چي نه‌باني بێژه‌
له‌ دڵتا هه‌ڵيڕێژه‌
«««
هيوا براي شيرينم
يا خوا مه‌رگت نه‌بينم
دڵته‌نگي تۆم نازاني
پێت ده‌ڵێم با بيزاني
له‌ بيرته‌ جاراني زوو
ئه‌و رۆژانه‌ي به‌سه‌رچوو
كايه‌ له‌ ده‌شت و له‌ده‌ر
له‌ گه‌وره‌كان بێ‌خه‌به‌ر
تا ئێوارێ مناڵان
شادي و خۆشي هه‌واڵان
له‌ باخ و ده‌شت و كاني
له‌ جێگاي ئاوه‌داني
دڵمان نه‌ده‌هات گوڵێك
ته‌نيا خونچه‌ي سه‌ر چڵێك
هه‌ڵوه‌رێنن براكه‌م
برا شه‌وقي چراكه‌م
يان چيمه‌ن بژاكێنن
يان گوڵێك هه‌ڵوه‌رێنن
يا لێڵ كه‌ين ئاوي كاني
ژياني ئاوه‌داني
مناڵي خۆشه‌، جوانه‌
وه‌ك رووناكي به‌يانه‌
په‌پووله‌ي نه‌خشين و كاڵ
خاڵ‌خاڵۆكه‌ي پڕ له‌ خاڵ
باڵنده‌ي ورد و بچووك
رازاوه‌ هه‌ر وه‌كوو بووك
به‌ردمان پێدا نه‌داون
رووناكي هه‌ر دوو چاون
ئێستا په‌رێشاني تۆم
بۆ دوارۆژه‌ خه‌م ده‌خۆم
گه‌وره‌ بووي گۆڕدراوي
وه‌كوو جاران نه‌ماوي
حه‌زت له‌ چه‌ك و چۆڵه‌
ئاواتێكي كرمۆڵه‌
پێت جوانه‌ ته‌ور و مشار
برا هاوار سه‌د هاوار
ئه‌وانه‌ با نه‌مێنن
ژيان زوو ده‌فه‌وتێنن
نه‌چي تۆش وه‌كوو بابه‌
خه‌وني بۆ من عه‌زابه‌
ئاگر ده‌ي ئاوه‌داني
باخ و بنار و كاني
سه‌وزايي نه‌سووتێني
ماڵي ژين نه‌ڕووخێني
زۆردار ناوي نه‌مێنێ
ئاشتي چاوي هه‌ڵێنێ
ره‌فتاري تورك و تازي
كرداري به‌عس و نازي
جێي شانازي نين په‌ستن
ئاكاري پياوي مه‌ستن
بۆيه‌ دڵته‌نگي تۆمه‌
فكري دواڕۆژي خۆمه‌
ئينسان به‌ وه‌ك ئينسان بوون
مه‌رمه‌ بۆ بوون و نه‌بوون
گه‌وره‌ مه‌به‌ براكه‌م
رووناكايي چراكه‌م


اکنون ساعت 02:08 AM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.

Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)