behnam5555 |
12-10-2012 06:58 PM |
ساقیا! وا باده‌وه، وا باده‌وه
ساقیا! وا باده‌وه، وا باده‌وه
ساقیا! وا باده‌وه، وا باده‌وه
ڕوو له‌لای من كه به جامێ باده‌وه
موشته‌ری وه‌ك من له مه‌یخانێ كه‌من
زۆربه‌یان شاد و بەكهیف و بێخهمن
مه‌ی حه‌رامه بۆ سه‌هه‌نده و بێخهمان
مه‌ستی بێخه‌م بۆچی بگرن ئێخه‌مان؟
ئه‌و شه‌رابه تاڵه ده‌رمانی خه‌مه
لێی حه‌رام بێ ئەو كه‌سه‌ی ده‌ردی كه‌مه
ئه‌م شه‌رابه ئاڵه بۆ بێ ده‌رد نیه
لێی حه‌رام بێ ئه‌و كه‌سه‌ی ڕه‌نگ زه‌رد نیه
بۆ كه‌سێكه مه‌ی چزڵكی پێوه‌نێ
بۆچی ملهوڕ لێره بینی پێوه‌نێ؟!
بۆ كه‌سێكه مه‌ی؛ كه ده‌ردی كاری یه
بێ خه‌مێك بیخواته‌وه، زۆرداریه
بۆ كه‌سێكه مه‌ی؛ دڵی پڕ بێ له داخ
بۆچی لێی بوخواتهوه به‌رزه ده‌ماخ؟!
ئه‌و كه‌سه‌ی بێ كه‌س نیه و خانه‌خه‌راب
ده‌ك به ژاری ماری بێ باده و شه‌راب !
ئه‌و كه‌سه‌ی نه‌یچێشتووه ده‌ردی ژیان
ئه‌و كه‌سه‌ی نه‌یدیوه ئێش و برك و ژان
ئه‌و كه‌سه‌ی نه‌كرا نیشانه‌ی تیری خه‌م
شانی دانه‌خزا له بن باری سته‌م
ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌ستی به زۆرداری نه‌كرد
تیخی زۆرداری برینداری نه‌كرد
ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ستی له ئهوكێ به‌ردرا
ئه‌و كه‌سه‌ی دوژمن له ماڵی ده‌ركرا
ئه‌و كه‌سه‌ی نه‌یبینی هاتنی دوژمنی
تیری یه‌خسیری له ئه‌ستۆ داڕنی
ئه‌و كه‌سه‌ی هێنده نه‌بوو زویر و زگار
وا نه‌كه‌وته به‌ر چه‌پۆكی ڕۆژگار
ئه‌و كه‌سه‌ی نه‌یهاڕی به‌رداشی زه‌مان
ئه‌و كه‌سه‌ی زیڕه‌ی نه‌گه‌ییه ئاسمان
ئه‌و كه‌سه‌ی دووری عه‌زیزانی نه‌دی
تیر‌و تانه‌ی بێ ته‌میزانی نه‌دی
تۆزی به‌دبه‌ختی له‌سه‌ر شانی نه‌نیشت
لێی نه‌گیرا ده‌ور و پشت و چوارته‌نیشت
ئه‌و كه‌سه‌ی خواردی و له بن سێبه‌ر ڕما
شه‌و له بۆ كه‌یفێ له ماڵی خۆی نه‌ما
بۆ ده‌بێ بێت و بكا مه‌یخانه ته‌نگ؟!
شوێنی دیكه زۆره بۆ گاڵته و جه‌فه‌نگ
ئه‌و كوڕه‌ی هێشتا له ژوانێ ڕێی هه‌یه
سه‌یره، زۆر سه‌یره كه ئالووده‌ی مه‌یه
ئه‌و كه‌سه‌ی ڕاوی نه‌نێن لێره و له‌وێ
ئه‌و كوڕه‌ی ماچی كچانی ده‌ست كه‌وێ
ئه‌و كوڕه‌ی دۆی داوه‌تی ده‌ستی ده‌نێ
بێته ئێره چۆنه هه‌یی دێی ناكه‌نێ؟!
ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ستی له مه‌مكان گیر ببێ
ئه‌و كه‌سه‌ی تفڵی دڵی بۆ ژیر ببێ
ئه‌و كه‌سه‌ی پهنجۆَڵه بگوشێ جاروبار
ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ستی بگاته گه‌ردنی یار
ئه‌و كه‌سه‌ی ڕاموسێ كوڵمه‌ی تاس و لوس
ئه‌و كه‌سه‌ی تێی هه‌ڵنه‌دابێ چاره‌نووس
ئه‌و كه‌سه‌ی بمژێ خوناوه‌ی گه‌ردنێ
كوفره یه‌ك قه‌تره شه‌رابی گه‌ر ده‌نێ
…
ئه‌و كه‌سه‌ی ئاسووده و خۆش ڕایبوارد
قه‌ت خه‌می یه‌خسیر و كۆیلانی نه‌خوارد
یه‌ك له ماڵێ چاوه‌ڕێی بوو بێته‌وه
ده‌ركی نێو ماڵێكی لێ بكرێته‌وه
خه‌م ڕهوێنێك گوێ بداته ڕازی ئه‌و
نازهنینێك بێ َبكێشێ نازی ئه‌و
بگرێ په‌نجه‌ی نه‌رم و نۆڵی ناسكێ
بۆی كرابێته سه‌رینێ، باسكێ
هه‌یبێ هێز و گورد و تین و تاو و گوڕ
ڕۆژگاری ڕه‌ش نه‌بێ به‌ختی مكور
ئه‌و كه‌سه جێگای له مه‌یخانه نیه
ئه‌و كه‌سه باده‌و شه‌رابی بۆچییه!؟
…
ساقیا وا وه‌رگه‌ڕێ وا وه‌رگه‌ڕێ
ڕوو له لای من كه مه‌چۆ بۆ سه‌ر په‌ڕێ
لهنگرێ بگره مه‌به وا به‌رزه فڕ
بێنه بۆ من، بێنه بۆ من، جامی پڕ
مه‌ی حه‌ڵاڵه بۆ منی وێرانه ماڵ
بۆ منی سه‌ر گه‌شته و ڕووت و ڕه‌جاڵ
بۆ منی با برده‌ڵه‌ی گرده نشین
بۆ منی دڵ پڕ له ناسۆر و برین
بۆ منی ئاواره و دووره وه‌ته‌ن
بولبولی بێ به‌ش له گوڵزار و چه‌مه‌ن
په‌ڕ وه‌ریوی، باڵ شكاوی، ده‌نگ بڕاو
بێ بژیوی، به‌ش خوراوی، ده‌ركراو
پیری زۆر هانی، كهنفتی، ده‌ربه‌ده‌ر
دیده سوری، دڵ مه‌كۆی ده‌رد و كه‌سه‌ر
داته‌پیوی، بی َپهسیوی، بێقهرار
بێكه‌سی، ده‌ست شكاوی، كۆڵه‌وار
لێو به‌باری، ده‌رده‌داری، ڕه‌نجه ڕۆ
شاعیری جوان په‌رستی دڵ پهستو
مامۆستا هێمن موكریانی/ ساڵی 1972
|