پی سی سیتی

پی سی سیتی (http://p30city.net/index.php)
-   زبان ادب و فرهنگ کردی (http://p30city.net/forumdisplay.php?f=150)
-   -   شعر كردي ... (http://p30city.net/showthread.php?t=12987)

behnam5555 07-30-2013 06:32 PM

لەم شیعرەدا (مەدهۆش)گەردوون لەناو جوانی دولبەردا دەتوێنێتەوە، ئەوهەموو شتێکە بۆی ئەم شیعرە لەسالی(١٩٤٢)هۆنیویەتیەوە....
 

لەم شیعرەدا (مەدهۆش)گەردوون لەناو جوانی دولبەردا
دەتوێنێتەوە، ئەوهەموو شتێکە بۆی
ئەم شیعرە لەسالی(١٩٤٢)هۆنیویەتیەوە....


قوربــــان وەرە زوو دەسکە ملم مــاڵ و سەرم تۆی
فـــەوتاوی دەستی تۆم و بەڵــــێ چارەسەرم تۆی

بەینێکە لەژێر دەستی جەفـــا وتەعنەیی عەشقم
یەك دەفعە دڵــــم بێنەوە جێ خێر و شــــەرم تۆی

ڕوو دەرخــــە پەچــــەت لابەرە لێـــو بێنەرە پێشێ
ماچێــــك ئەفڕێنم لە دەمـــــت نەشئە دەرم تــۆی

من بولبول و تۆ غـــونچەیێکی سەر چڵی عەشقی
ئێشکچییە دڵ شەو کە ئــــومێدی سەحــەرم تۆی

عەشقت کــــە هەموو ئــــان و سعاتێك لە دڵم دا
کردوویە بە غـــەوغایە کەچــــی بێ خەبەرم تۆی

(مەدهۆش) کە وەکو شایە لەژێر سێبەری عەشقا
غـــەم لەشکر و دڵ دوژمنە مــــایەی زەفەرم تۆی

شاعیری گەورەی کورد
حەمە عەلی کوری حەمە ساڵحی کوری محمدی قوربانی)
ناسراو بە

(مـــــــەدهـــــۆش)


behnam5555 07-30-2013 06:34 PM

پێنج خشتەکی "دیلان" لەسەر شیعرێکی "سالم"
 

پێنج خشتەکی "دیلان" لەسەر شیعرێکی "سالم"

من برۆی پەیوەستی ئەو نازدارە شیر و تیرمە
پرچی لوول و زولفی ئاڵۆز، کۆتە و زنجیرمە

قوژبنی مه‌یخانه‌ دایم گۆشه‌ی ته‌دبیرمه‌

سوجده‌ بردن بۆ نیگایه‌ک کرده‌وه‌و ته‌فکیرمه‌

شێخی ئەو پیر و موسینە، من جوانــــێک پیرمە


نەکەی هەرگیز نەمامی گوڵ، ببێتە سێبەر و سایەت

بە نینۆک گەر بژاری کەی، بە پولـێک بەرهەم و مایەت

ئەوی بۆنی وەفا و عەهدە بە هیچ جۆرێک، لە گوڵ نایەت

هەتا ماوم ئەچـێنم تۆوی هەر خارێک، لە دڵ شایەت

کە بــێی بۆ سەر مەزارم، دامەنت بگرن ئەگەر مردم



behnam5555 07-30-2013 06:36 PM

ئه‌ی جه‌ننه‌تی عه‌یشی ئه‌به‌دم ڕێ گوزه‌ری تۆ
 

ئه‌ی جه‌ننه‌تی عه‌یشی ئه‌به‌دم ڕێ گوزه‌ری تۆ
نووری نه‌زه‌رم، تاجی سه‌رم خاکی ده‌ری تۆ

به‌و قامه‌ته‌ خاڵ و خه‌تی ڕووی رۆ که‌ ده‌بینم
هه‌ر گوڵشه‌نی فیرده‌وسه‌ به‌ نه‌خلی شه‌جه‌ری تۆ

سه‌روی سه‌هی، قوربان! ئه‌ه‌گر ئازاده‌ ئه‌دی بۆچ
بادام و گوڵ و سونبول و نه‌سرینه‌ به‌ری تۆ؟

ده‌دره‌وشێ له‌ نێو زولفی ڕه‌شت ئاره‌قی گه‌رده‌ن
خۆ هه‌ر شه‌وه‌ په‌یدا بوو ستاره‌ی سه‌حه‌ری تۆ؟

نازانم ئه‌تۆ بۆچی به‌ له‌ب و قامه‌تی شیرین؟
غونچه‌ی شه‌جه‌ری، یا نه‌ گوڵی نه‌یشه‌که‌ری تۆ ؟

ئه‌و چاوه‌ که‌وا مه‌سته‌ به‌ حوسنی ڕوخی زیبا
داخۆ چ بکا فیتنه‌ی ده‌وری قه‌مه‌ری تۆ؟

توخودا ده‌مه‌که‌ت ده‌رخه‌ له‌ نێو توڕڕه‌ بزانم
تامی چییه‌ ئه‌و حوققه‌یی شیر و شه‌که‌ری تۆ

خۆ سه‌یدی حه‌ڕه‌م قه‌تڵی حه‌رامه‌!!! ئه‌دی زولفت
کافر که‌ نه‌بوو بۆچی منی کوشت له‌ ده‌ری تۆ؟

ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ زونناره‌وه‌ من چوومه‌ خه‌رابات
زولفت منی کێشا به‌ ئیشاره‌ی نه‌زه‌ری تۆ

بۆ من که‌ نه‌بێ وه‌عده‌یی دیداری جه‌ماڵت
چ بکه‌م له‌ به‌هه‌شت و نه‌زه‌ری حوور و په‌ری تۆ؟

قه‌ت گوڵ به‌ ڕوخی تۆ نه‌بووه‌، سه‌رو به‌ باڵات
سه‌روێکه‌ ڕه‌وان به‌خشه‌ گوڵی سیمبه‌ری تۆ

بۆ قیبله‌یی لای ڕووته‌ هه‌موو سه‌عیی "وه‌فایی"
عومره‌م به‌ خودا عه‌ینی سه‌فا وا له‌ ده‌ری تۆ

وه‌فایی



behnam5555 07-30-2013 06:37 PM

شەوێ لەیلا بە مەجنوونی دەوت : بنواڕە حاڵی خۆت
 

شەوێ لەیلا بە مەجنوونی دەوت : بنواڕە حاڵی خۆت
بە خۆڕایی کە چۆنت دا بە با عەقڵ و کەماڵی خۆت؟

جوابی دایەوە مەجنوون: ئەگەر تاقەت ببێ لەحزێ
لەناو ئاوێنەدا بنــواڕەرە حوســـن و جەماڵـی خۆت !!!

"
مەحوی"



behnam5555 07-30-2013 06:39 PM

شەو كەسێ‌ پرسی لەخۆ دەرخستی پەروانە شەو
 

شەو كەسێ‌ پرسی لەخۆ دەرخستی پەروانە شەو
ئەو وتی:نا تیگەیشتوو! تەجرە بەی مــــەردانە شەو

هەر سیا بەختانی عیشقە مەزهەری نــــووری هودان
شەو نەبێ‌ ئەستیرە مەستوورن، بەكەم مەڕوانە شەو

ئەم سیا رۆزی منە پۆشیویە عەیبی كـــــــــــــــەسان
ئاشكارە سەتری ئەحوالی گونەهكارانە شــــــــــــــەو

بۆیە زولمەت پۆشە،نووری ئەهلی جەوهەر دەركــــەوێ‌
سەیری حەققی كەن لەسەر ئەم ما‌هـ وئەستیرانە شەو

نەبووە،نابینی لەشەو مەحرەم ترێ‌ تارۆژی حـــــــەشر
پەردە پۆشه،هەمدەمه،هەمدەردی عوششاقانە شەو

شەو،هەموو شەو چاوەرییە رۆژ هەلێ‌،هەر رۆژهەلات
مەحوە سەرتاپا لەبەر پـێیـا فیداکارانە شــــــــــــــــــەو

خۆر پەرستینه! لەشەو فێری پەرستن بن،كە خۆر
هەر دیاری دا،بەدەوری سەریەدا قوربانە شــــــەو

فیرقەتی رۆژە دەروونی كردە داغیكی ســــــــــــــــیا
وەك منی سەودازەدە ئاتەش زەدەی هیجرانە شەو

گەرفیراق ئاگر هەموو رۆژێ‌ لەجەرگی بــــــــــــەرنەدا
بۆ هەموو شەو تیرە دل، سینەی زوخالستانە شەو!

تیرەگی وا فەزلی بۆنادەم بەسەر روونــــــــــــــــــــاكییا
مەنشەئی ئیزهاری جیلوەی فەیزی سبحەینانە شەو

هەر لەتاریكی شەوایە ديته دەر ئەهـــــــــــــــلی نیاز
رازی دل ئیفشا بكەن،خەلوەت گەهی خاسانە شەو

تێ‌ بگە بۆجی بەجانن طالیبی شــــــــەو عاشقان
نیوە شەو بوو، وەعدەگاهی هاتنی جانانە شــــــــەو

هیندە ساحیب سیڕڕە،(میعراج)و شەوی (قەدر) و (بەرات)
خاسەجاتی ئەون و مومتازە بەم ئەسرارانە شــــــــــــــەو

هەركەسێ طالیب بە دوڕڕی مەعریفەت كـــــــــۆكردنه
پر لەدوڕ دەریایەكی بێ‌ مەهلەكەی خنكانە شـــــــەو

وەك خظر ئاوی حـــــــــەیاتی فەیزی حـــــەق عافیتیه
ئەوخودا پیداوه ( مـەحـوی)! تا ســـــەحەر ناڵانە شەو !!!

"
مەحوی"



behnam5555 07-30-2013 06:40 PM

ئاوات
 

ئاوات


ناسره‌ون هه‌ست و خه‌یاڵ، ئه‌ی خۆزگه‌ من دێوانه‌ بام!
خۆزگه‌ ده‌ست و پێم له‌ ناو زنجیری بایه‌ و، وا نه‌بام!

زولفی سه‌ر شانت، عه‌زیزم! کاتێ هاتی شانه‌ که‌ی
من گوتم: ”سه‌د خۆزگه‌ ده‌نکی شانه‌ بام و، شا نه‌بام“!

که‌س وه‌ک ئاوێنه‌ به‌ وردی ناژمێرێ خاڵی ڕووت
بۆیه‌ ئاواتم بوو ئه‌و ئاوێنه‌ به‌سته‌زمانه‌ بام.

شه‌و چه‌قوچۆی جووتێ به‌ی وام ده‌گرێ، ڕۆژێ ڕه‌نگه‌ من
وا نه‌له‌رزیبام له‌ سه‌ر سینگی ئه‌گه‌ر له‌رزانه‌ بام.

نابێ ڕزگارم له‌ دانه‌ی خاڵ و داوی که‌زیه‌که‌ی
من که‌ ده‌مویست قه‌ت له‌ گیری داوودانه‌دا نه‌بام.

زه‌رده‌خه‌نده‌ی لێوه‌کانت هه‌ر هه‌ناسێکی ده‌وێ
ئه‌و ته‌له‌سمه‌م پێ نه‌ده‌شکا من که‌ وه‌ک شه‌وبا نه‌بام.

تا په‌ره‌نگ و پیاڵه‌ وا لاجانگ و لێوت ماچ ده‌که‌ن
من ده‌ڵێم: ”قه‌یدی چ بوو خوایه‌ یه‌کێ له‌و دوانه‌ بام!“

کێ هه‌بوو وه‌ک شه‌م بسووتێ بۆ منی شه‌یدا، ئه‌گه‌ر
خۆم له‌ ده‌وری وی وه‌کوو په‌روانه‌ بێ‌په‌روا نه‌بام؟

شه‌و بوو، ئه‌و بوو، مه‌ی بوو، بسکی باوه‌شێنی ڕووی ده‌کرد
هه‌ر منی بێچاره‌ له‌و ناوه‌ ده‌بوو بێگانه‌ بام.

خۆزگه‌ بۆ ئه‌و پێنج و دوو ڕۆژه‌ی ژیانی خۆم، منیش
هه‌ر وه‌کوو ”هێدی“ مه‌لی تۆفانی بێ هێلانه‌ بام!

ماڵ و سه‌ر ویستم به‌ جارێ وا فیدای تۆ که‌م، وه‌ته‌ن!
ئه‌وڕۆ چیرۆک بێ له‌ ناو گه‌لدا، سبه‌ی ئه‌فسانه‌ بام.

خالیدی حیسامی (هێدی)

behnam5555 07-30-2013 06:42 PM

ھەی شەمی بەشەوق چل چرای شەوان
 

ھەی شەمی بەشەوق چل چرای شەوان

ھەی ژیانی من ھەی ڕۆحی ڕەوان
ھەی گلێنەکەی دیدەی بێ خەوان

ھەی ئاسکی سەرکەل لەسێبەر سڵ کەر
ھەی ھەوای سازی کوێستانان لە سەر

ھەی عەنبەرین خاڵ سۆسەنی کڵاف
ھەی ڕوناکایی ڕەشماڵانی جاف

ھەی من پەروانەی پەڕ سوتاوی تۆ
ھەی من گیرۆدەی زوڵفی خاوی تۆ

تۆ جارێ نایەی بۆ سەر وەختی من
گوێ نادەی بە ئاە زامی سەختی من

ناپرسیت ئاخۆ من بۆ تۆ چۆنم
بێ باکی لە تین قرچەی دەرونم

ھەوای کوێستانت وا بۆ بووەوە
حەیفت کرد منت لەبیر چووەوە

بێ مروەتیت کرد ھەی شەم دەربارەم
من بۆ تۆ قەیسی سیا ستارەم

وادەی من و تۆ دیوانی خوابێ
مەگەر ئەو ڕۆژە دادم ڕەوا بێ

شەمی شەم ڕوومەت تۆ بەسەلامەت
سکاڵای دڵم کەوتە قیامەت

"وه‌لی دێوانه‌ "


behnam5555 07-30-2013 06:44 PM

ئەی جــامیعی دونیا و قیامەت بەخــــــــەیاڵات
 

ئەی جــامیعی دونیا و قیامەت بەخــــــــەیاڵات
ئەورۆژەی کەمردی نە ئەوت بوو ونە ئەمەت بوو

دوێنێ چ بوو دەتدا بە زوبان لافــــی کەرامەت ؟!
ئەمرۆ نەدەمت بوو ! نە دەمت بوو ! نە دەمت بوو

نالی


واتە:ئەی ئەو کەسەی بە خەیاڵات دنیاو قیامەتت کۆکردۆتەوە و بردوتەتەوە ئەو رۆژەی کەمردی هیچیانت پێ نەبرا...چونکە دونیاو قیامەت دژی یەکن ...

تا دوێنێ بوو بەسەر زیندوبویت بەراست و چەپا لاف و گەزافەتت لێ دەداخۆت نەبێ کەست بەهیچ نەدەزانی.وە ئەمرۆش بەرام بەر بە مەرگ وەستاویت و هیچت پێناکرێ....لەهەمو لاف و گەزافێک پەشیمان بوویتەتەوە ناتوانی هەناسەیەک بدەیت نە دەمت گۆی کرد هیچ بڵێ
لیکدانەوەی مامۆستا عبدوکەریمی مودەریس


behnam5555 07-30-2013 06:46 PM

بۆسه‌ی ڕۆژگار
 

بۆسه‌ی ڕۆژگار

نیمه‌ ئاواڵێ له‌ گۆشه‌ی بێکه‌سی دا خه‌م نه‌بێ
چاکه‌ ئه‌و لێره‌ش وه‌فای هه‌ر ماوه‌، سایه‌ی که‌م نه‌بێ

لاپه‌ڕه‌ی ژینم هه‌موو هه‌ڵده‌یته‌وه‌ تێیدا نییه‌
باسی فرمێسک و هه‌ناسه‌ وشیوه‌ن و ماته‌م نه‌بێ

ڕۆژگاری سپڵه‌ بۆ من بۆسه‌یه‌کی نایه‌وه‌
نه‌مدی هه‌ر تیرێکی ده‌یهاوێ، به‌ره‌و سینه‌م نه‌بێ

ڕه‌نجی دووری دلبه‌رم بۆ کوشتنی من کافی یه‌
گه‌ر له‌ دنیادا ئه‌من هیچ مه‌ینه‌تێکی دیکه‌م نه‌بێ

کوا ده‌زانێ چه‌ند په‌رێشان و په‌شێوه‌ حاڵی من ؟
ئه‌و که‌سه‌ی گیرۆده‌یی ئه‌گریجه‌ و په‌رچه‌م نه‌بێ

ڕه‌مزی دڵداری له‌ زینێ فێر نه‌بوو یارم ده‌نا
کوا ئه‌وینداری وه‌فاداری وه‌کو من، مه‌م نه‌بێ ؟

کیژی شاریمان له‌خۆی وه‌رگرتووه‌ چارشێوی ڕه‌ش
داخه‌که‌م نه‌مدی له‌وێ مانگێکی ده‌وره‌ی ته‌م نه‌بێ

شادی جارێکی به‌ میوانی نه‌هاتۆته‌ دڵم
ڕه‌نگه‌ خه‌ڵوه‌تخانه‌یی خه‌م شوێنی نامه‌حره‌م نه‌بێ

خۆم ده‌سووتێنم هه‌تا به‌زمی خه‌ڵک ڕۆشن بکه‌م
کێ له‌ ڕێی خه‌ڵکا وه‌کوو شاعیر ده‌سووتێ، شه‌م نه‌بێ
هێــــــــــــــمن




behnam5555 07-30-2013 06:50 PM

له‌م به‌حری فیتنه‌ به‌ڵکی نه‌جاتت بدا خودا
 

له‌م به‌حری فیتنه‌ به‌ڵکی نه‌جاتت بدا خودا
داوێنی باخودا بگره‌، به‌رده‌ ناخودا

بێ که‌س منم، که‌سێ له‌ زوبانم بگا نیه‌
هه‌مده‌م خودا نه‌ناسن و ده‌م پڕ له‌ یا خودا

عه‌هد و وه‌فایه‌ سوخره‌یی به‌د عه‌هدی و جه‌فا
هه‌ر ما به‌ دادی ئه‌هلی وه‌فادا بگا خودا

هه‌ر ئه‌و که‌سه‌ که‌ خه‌یری دوعای خێری دیوه‌ لێم
دائیم دوعامه‌ شه‌ڕڕی له‌ من لابدا خودا

لوتفی به‌ حاڵی من که‌، وتم، ئه‌و وتی به‌ قار:
تۆ شێخی با خوداوو ئه‌من شۆخی ناخودا

غه‌یری ئه‌مه‌ که‌ سوێندی درۆی پێ بخۆن و به‌س
قوربانی ناوی، ناوی له‌ناوا نه‌ما خودا

تا زوڵمه‌تی وجووده‌ ته‌ریکی له‌ نووری عیشق
سێبه‌ر نه‌ما هه‌تاوه‌، که‌ [مه‌حوی] نه‌ما، خودا

مه‌حوی


اکنون ساعت 09:34 AM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.

Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)