پی سی سیتی

پی سی سیتی (http://p30city.net/index.php)
-   زبان ادب و فرهنگ کردی (http://p30city.net/forumdisplay.php?f=150)
-   -   کورته چیروک (http://p30city.net/showthread.php?t=28346)

behnam5555 06-24-2012 07:24 AM

گره‌و
 

گره‌و

نووسینی: ئه‌نتۆن چیخۆڤ

وه‌رگێڕانی: محه‌مه‌دی مه‌لا حه‌سه‌ن


http://www.miyanrewi.org/wp-content/...ng-300x225.jpg

شه‌وێكی تاریكی پاییز بوو, خاوه‌ن بانكه‌ پیره‌كه‌ له‌ ژووره‌كه‌یدا ده‌هات و ده‌چوو، بیری له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ چۆن پێش پانزه‌ ساڵا له‌ شه‌وێكی پاییزدا ئاهه‌نگێكی ڕێكخستبوو، چه‌ندین پیاوی زیره‌ك له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌دا بوون ‌و گفتوگۆیان ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كان ده‌كرد، له‌ نێو ئه‌و شتانه‌شی كه‌ باسیان لێوه‌ كرد سزای له‌سێداره‌دان بوو. زۆربه‌ی میوانه‌كان, كه‌ له‌ نێویاندا چه‌ندین ڕۆژنامه‌نووس ‌و خه‌ڵكی ڕۆشنبیر ئاماده‌ بوون, سزای مه‌رگیان به‌لاوه‌ په‌سه‌ند نه‌بوو, ئه‌و جۆره‌ سزایه‌یان به‌ كۆن ‌و نائه‌خلاقی ‌و نه‌گونجا و بۆ ده‌وڵه‌ته‌ مه‌سیحییه‌كان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا. هه‌ندێكیان ڕایان وا بوو كه‌ ده‌بێت له‌ هه‌موو شوێنێك زیندانی هه‌تاهه‌تایی جێگه‌ی له‌سێداره‌دان بگرێته‌وه‌.
خاوه‌ن بانكه‌كه‌ وتی: “من له‌گه‌ڵا ئێوه‌دا هاوڕا نیم. من هیچ یه‌ك له‌ سزای مه‌رگ ‌و زیندانی هه‌تاهه‌تاییم تاقینه‌كردۆته‌وه‌, به‌ڵام به‌ ڕای من له‌سێداره‌دان ئه‌خلاقی ترو مرۆڤانه‌تره‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ زیندانی هه‌تاهه‌تایی. سزای مه‌رگ یه‌كسه‌ر مرۆڤ ده‌كوژێت, به‌ڵام زیندانیكردن به‌ درێژایی ته‌مه‌ن به‌ هێواشی ده‌تكوژێت. ده‌ی كه‌واته‌ كام سزایان مرۆڤانه‌ تره‌, ئه‌وه‌ی كه‌ له‌چه‌ند خوله‌كێكی كه‌مدا ده‌تكوژێت, یان ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا ڕووحت ئه‌كێشێت؟”
یه‌كێك له‌ میوانه‌كان وتی : “هه‌ردووكیان وه‌ك یه‌ك نائه‌خلاقین, چونكه‌ هه‌ردووكیان هه‌مان مه‌به‌ستیان هه‌یه‌. خۆ ده‌وڵه‌ت خودا نییه‌, حكومه‌ت مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ شتێكت لێ بسێنێت كه‌ كاتێك ویستی شته‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌ نه‌توانێت ئه‌و كاره‌ بكات.”
له‌ ناو میوانه‌كه‌ندا پارێزه‌رێكی گه‌نجی لێ بوو، ته‌مه‌نی بیست و پێنج ساڵان بوو. كاتێك ده‌رباره‌ی بیروبۆچوونی لێیان پرسی, وتی:
“هه‌ریه‌ك له‌ سزای له‌سێداره‌دان و زیندانی هه‌تاهه‌تایی وه‌ك یه‌ك نائه‌خلاقین, به‌ڵام ئه‌گه‌ر من یه‌كێكیانم هه‌ڵبژاردایه‌ ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ دووه‌م دانه‌م هه‌ڵده‌بژارد. هه‌ر چۆنێك بژیت هه‌ر له‌وه‌ باشتره‌ كه‌ نه‌ژیت.”
له‌م كاته‌دا گفتوگۆیه‌كی گه‌رم و گوڕ سه‌ریهه‌ڵدا. خاوه‌ن بانكه‌كه‌, كه‌ ئه‌و ده‌م گه‌نجتر و هه‌ڵچووتر بوو, یه‌كسه‌ر جۆش ‌و خرۆش گرتی ‌و مستێكی كێشا به‌ مێزه‌كه‌ی به‌رده‌میدا و هاواری كرده‌ پیاوه‌ گه‌نجه‌كه‌:
” ئه‌وه‌ ڕاست نییه‌! له‌سه‌ر دوو ملیۆن گره‌وت له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌م كه‌ ناتوانی بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵیش له‌ زیندانی تاكه‌ كه‌سیدا بمێنیته‌وه‌.”
پیاوه‌ گه‌نجه‌كه‌ش وتی: “ئه‌گه‌ر تۆ به‌ ڕاستت بێت, ئه‌وا من گره‌وه‌كه‌م قبوڵه‌, به‌ڵام بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵا نا, به‌ڵكو بۆ پانزه‌ ساڵا”.
“پانزه‌؟ ڕێككه‌وتین! به‌ڕێزان, ئه‌وا من دوو ملیۆن ده‌خه‌مه‌ گره‌وه‌وه‌!”
“ڕێككه‌وتین! تۆ ملیۆنه‌كانت دانێ‌ ‌و منیش ئازادیم داده‌نێم!”
به‌م شێوه‌یه‌ش ئه‌م گره‌وه‌ بێ‌ مانا و هۆڤانیه‌یان كرد! خاوه‌ن بانكه‌كه‌ كه‌ به‌ پاره‌ زۆره‌كانیه‌وه‌ ده‌نازی دڵی به‌ گره‌وه‌كه‌ خۆش بوو. له‌ كاتی نانخواردندا گاڵته‌ی به‌ پیاوه‌ گه‌نجه‌كه‌ ده‌كرد و ده‌یوت: “باشتر بیری لێ بكه‌ره‌وه‌ تا كاتت له‌ به‌رده‌ستدایه‌ پیاوی گه‌نج! بۆ من دوو ملیۆن هیچ نییه‌, به‌ڵام تۆ خه‌ریكی سێ‌ یان چوار له‌ خۆشترین ساڵه‌كانی ته‌مه‌نت له‌ ده‌ست ده‌ده‌یت. بۆیه‌ ده‌ڵێم سێ‌ یان چوار چونكه‌ له‌وه‌ زیاتر به‌رگه‌ ناگریت. له‌بیریشت نه‌چێت هه‌ی پیاوی چاره‌ڕه‌ش كه‌ به‌رگه‌گرتنی زیندانی خۆبه‌خش گه‌لێك قورستره‌ له‌ زیندانیكردنی سه‌پێنراو. بیركردنه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌ر ساتێك بته‌وێ‌ ئه‌و مافه‌ت هه‌یه‌ كه‌ خۆت ئازاد كه‌ی هه‌موو بوونت له‌ زینداندا ژه‌هراوی ده‌كات. زۆر به‌ داخم بۆت.”
ئێستاش خاوه‌ن بانكه‌كه‌ كه‌ هه‌ر ده‌هات و ده‌چوو هه‌موو ئه‌مانه‌ی وه‌بیرهاته‌وه‌ و له‌ خۆی پرسی: “باشه‌ ئامانج له‌و گره‌وه‌ چی بوو؟ چ سوودێك هه‌یه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و پیاوه‌ پانزه‌ ساڵا له‌ ته‌مه‌نی به‌ فیڕۆ بچێت و منیش دوو ملیۆن فڕێ‌ بده‌م؟ ئایا ئه‌وه‌ ده‌توانێ‌ بیسه‌لمێنێ‌ كه‌ سزای مه‌رگ باشتره‌ یان خراپتره‌ له‌ زیندانی هه‌تا هه‌تایی؟ نه‌خێر, نه‌خێر. هه‌مووی شتێكی بێمانا و پڕوپووچ بوو. كاره‌كه‌ی من ته‌نها هه‌وه‌سكاریی پیاوێكی به‌ره‌ڵا بوو و, ئه‌ویش ته‌نها له‌به‌ر چاوچنۆكی بۆ پاره‌ وای كرد…”
ئینجا ئه‌وه‌ی وه‌بیرهاته‌وه‌ كه‌ دواتر له‌و ئێواره‌یه‌دا چی ڕوویدا. له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێككه‌وتن كه‌ ده‌بێت پیاوه‌ گه‌نجه‌كه‌ ماوه‌ی پانزه‌ ساڵی ده‌ستبه‌سه‌ریه‌كه‌ی له‌ ژێر توندترین چاودێریدا له‌ یه‌كێك له‌ ژووره‌كانی ناو باخچه‌ی خاوه‌ن بانكه‌كه‌دا به‌سه‌ر ببات. ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ ماوه‌ی پانزه‌ ساڵ نابێت له‌ ده‌رگای ژووره‌كه‌وه‌ تێپه‌ڕێت, بۆی نییه‌ مرۆڤ ببینێت, ده‌نگی مرۆڤ ببیستێت, یان نامه‌ و ڕۆژنامه‌ی پێ بگات. به‌ڵام بۆی هه‌بوو كه‌ ئامێرێكی مۆسیقی و كتێبی هه‌بێت, ده‌یتوانی نامه‌ بنووسێت و مه‌شروب بخواته‌وه‌ و جگه‌ره‌ش بكێشێت. به‌ پێی به‌نده‌كانی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ ته‌نها له‌ ڕێی په‌نجه‌ره‌یه‌كی بچووكه‌وه‌ ده‌یتوانی په‌یوه‌ندی به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ بكات. هه‌رچیه‌كی بویستایه‌ له‌ كتێب و مۆسیقا و مه‌شروب و هتد ده‌یتوانی به‌ نووسینی داواكارییه‌ك ده‌ستی بكه‌وێت, به‌ڵام ته‌نها له‌ ڕێی په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ ده‌یتوانی وه‌ری گرێت. رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌موو ورده‌كارییه‌كی لێكدابووه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیندانیكردنه‌كه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی تاكه‌كه‌سی بێت و له‌ خه‌ڵكی دابڕێت و بۆ ماوه‌ی پانزه‌ ساڵی ڕێك پیاوه‌ گه‌نجه‌كه‌ له‌وێدا بهێڵێته‌وه‌, كاته‌كه‌شی له‌ كاتژمێر دوانزه‌ی ڕۆژی 14ی نۆڤه‌مبه‌ری 1870 وه‌ ده‌ستی پێده‌كرد بۆ كاتژمێر دوانزه‌ی ڕۆژی 14ی نۆڤه‌مبه‌ری 1885. بچووكترین هه‌وڵیش بۆ شكاندنی مه‌رجه‌كان له‌لایه‌ن پارێزه‌ره‌كه‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دوو خوله‌كیش پێش ته‌واوبوونی كاته‌كه‌ بێت ده‌بێته‌ هۆی ڕزگاربوونی خاوه‌ن بانكه‌كه‌ له‌ مه‌رجی پێدانی دوو ملیۆنه‌كه‌.
له‌ یه‌كه‌م ساڵی ده‌ستبه‌سه‌رییه‌كه‌یدا, زیندانیه‌كه‌ ئازاری زۆری ده‌چه‌شت به‌ ده‌ست ته‌نیایی و خه‌مۆكییه‌وه‌. شه‌و و ڕۆژ به‌ به‌رده‌وامی له‌ ژووره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌نگی پیانۆكه‌ ده‌بیسترا. شه‌راب و جگه‌ره‌شی ڕه‌تده‌كرده‌وه‌. نووسیبووی شه‌راب ئاره‌زووه‌كان ده‌وروژێنێت ‌و ئاره‌زووش خراپترین دوژمنی زیندانییه‌, هه‌روه‌ها هیچ شتێك نییه‌ له‌وه‌ زیاتر بێزاركه‌ر بێت كه‌ شه‌رابی باش بخۆیته‌وه‌ و چاوت به‌ كه‌س نه‌كه‌وێت, جگه‌ره‌ش هه‌وای ژووره‌كه‌ی پیس ده‌كات. ئه‌و كتێبانه‌ی كه‌ له‌ یه‌كه‌م ساڵدا داوای ده‌كردن زۆر جیددی نه‌بوون و بریتی بوون له‌و ڕۆمانه‌ خۆشه‌ویستییانه‌ی كه‌ پلۆتێكی (ناوقه‌دبه‌ند)ی ئاڵۆزیان هه‌بوو, یان چیرۆكی خه‌یاڵی ‌و سه‌رنجڕاكێش ‌و شتی له‌و بابه‌ته‌ بوون.
له‌ ساڵی دووه‌مدا پیانۆكه‌ بێده‌نگ بوو و زیندانییه‌كه‌ ته‌نها داوای نووسینه‌ كلاسیكییه‌كانی ده‌كرد. له‌ ساڵی پێنجه‌مدا دووباره‌ ده‌نگی مۆسیقا بیسترایه‌وه‌ و زیندانییه‌كه‌ داوای شه‌رابی ده‌كرد. ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ ته‌ماشایان كرد بوو ده‌یان وت كه‌ ئه‌و ساڵه‌ هیچی نه‌كردووه‌ و ته‌نها خه‌ریكی خواردن و خواردنه‌وه‌ و ڕاكشان له‌سه‌ر ته‌خته‌ خه‌وه‌كه‌ی بووه‌ و, به‌رده‌وام باوێشكی داوه‌ و به‌ توڕه‌ییه‌وه‌ له‌گه‌ڵا خۆیدا قسه‌ی كردووه‌, هیچ كتێبێكی نه‌خوێنده‌وه‌. هه‌ندێ‌ جار له‌ شه‌ودا داده‌نیشت بۆ ئه‌وه‌ی بنووسێت, به‌ چه‌ندین كاتژمێر خه‌ریكی نووسین ده‌بوو و پاشان له‌ به‌یانیدا هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ نووسیبووی ده‌یدڕی. زیاد له‌ جارێكیش ده‌نگی گریانی بیسترابوو.
له‌ نیوه‌ی دووه‌می ساڵی شه‌شه‌میدا زیندانییه‌كه‌ به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ ده‌ستی كرد به‌ خوێندنی زمانه‌كان و فه‌لسه‌فه‌ و مێژوو. ئه‌وه‌نده‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ خۆی خه‌ریكی ئه‌م لێكۆڵینه‌وانه‌ كردبوو كه‌ خاوه‌ن بانكه‌كه‌ هه‌ر فریای ئه‌وه‌ ده‌كه‌وت كتێبی بۆ بێنێت. له‌ ماوه‌ی چوار ساڵدا نزیكه‌ی شه‌ش سه‌د كتێبی داوا كردبوو. هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا بوو كه‌ خاوه‌ن بانكه‌كه‌ ئه‌م نامه‌یه‌ی له‌ زیندانیه‌كه‌یه‌وه‌ پێگه‌یشت:
“خاوه‌ن زیندانی ئازیز, ئه‌م دێڕانه‌ت به‌ شه‌ش زمان بۆ ده‌نووسم ‌و تۆش پیشانی ئه‌و كه‌سانه‌ی بده‌ كه‌ شاره‌زای زمانه‌كانن با بیخوێننه‌وه‌, ئه‌گه‌ر هیچ هه‌ڵه‌یه‌كیان تیا نه‌دۆزییه‌وه‌ ئه‌وا داوات لێ ده‌كه‌م كه‌ له‌ باخچه‌كه‌دا گولله‌یه‌ك بته‌قێنی, ئه‌وه‌ش پیشانی ده‌دات كه‌ هه‌وڵه‌كانم به‌ فیڕۆ نه‌چوون. بلیمه‌ته‌كانی هه‌موو سه‌رده‌م و شوێنه‌ جیاوازه‌كان به‌ زمانی جیاجیا ده‌دوێن, به‌ڵام هه‌مان بڵێسه‌ له‌ ناخی هه‌موویاندا ده‌گڕێت. ئای ئه‌گه‌ر ده‌تزانی كه‌ ئێستا ڕووحم هه‌ست به‌ چ خۆشییه‌كی ئاسمانی ده‌كات چونكه‌ ده‌توانێت له‌وان تێبگات!” داواكاری زیندانییه‌كه‌ به‌جێهێنرا و خاوه‌ن بانكه‌كه‌ فه‌رمانی دا كه‌ دوو گولله‌ له‌ باخچه‌كه‌دا بته‌قێنرێت. ئینجا دوای ساڵی ده‌یه‌م زیندانییه‌كه‌ له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ی نه‌ده‌جوڵا و ته‌نها خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ی ئینجیل بوو. به‌لای خاوه‌ن بانكه‌كه‌وه‌ سه‌یر بوو كه‌ چۆن پیاوێك كه‌ توانیویه‌تی له‌ ماوه‌ی چوار ساڵدا شه‌ش سه‌د كتێبی قورس بخوێنێته‌وه‌، كه‌چی ئێستا نزیكه‌ی یه‌ك ساڵ به‌ فیڕۆ ده‌دات به‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكی بچووكی ئاسانه‌وه‌. به‌ دوای ئینجیلیشدا لاهوت (تیۆلۆجی) و مێژووی ئایینه‌كانی ده‌خوێنده‌وه‌.
له‌ دوو ساڵی كۆتایی ده‌ستبه‌سه‌رییه‌كه‌شیدا زیندانییه‌كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كتێبی هه‌مه‌چه‌شنه‌ی خوێنده‌وه‌. هه‌ندێ‌ جار سه‌رقاڵی زانسته‌ سروشتییه‌كان ده‌بوو و ئینجا داوای نووسینه‌كانی بایرۆن یان شكسپیری ده‌كرد. جاری وا هه‌بوو له‌ هه‌مان كاتدا داوای كتێبێكی كیمیا و كتێبی پزیشكی ‌و ڕۆمانێك ‌و هه‌ندێ‌ نووسینی فه‌لسه‌فی یان لاهوتی ده‌كرد. خوێندنه‌وه‌كانی ئاماژه‌یان به‌ پیاوێك ده‌كرد كه‌ له‌ نێو پاشماوه‌ی كه‌شتییه‌ تێكشكاوه‌كه‌یدا مه‌له‌ بكات ‌و هه‌وڵبدات ژیانی خۆی ڕزگار بكات به‌ په‌نابردن بۆ پارچه‌ ته‌خته‌یه‌ك ‌و پاشان یه‌كێكی تر.
خاوه‌ن بانكه‌ پیره‌كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ی وه‌بیرهاته‌وه‌ و له‌ بیری خۆیدا گوتی:
“سبه‌ینێ‌ كاتژمێر دوانزه‌ ئازادی به‌ ده‌ست دێنێته‌وه‌, به‌ پێی رێكه‌وتننامه‌كه‌شمان ده‌بێت من دوو ملیۆنی بده‌مێ‌, ئه‌گه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌شی بده‌مێ‌ ئه‌وا وێران ده‌بم ‌و به‌ ته‌واوه‌تی له‌ناو ده‌چم.”
پێش پانزه‌ ساڵا ملیۆنه‌كانی له‌ ژماره‌ نه‌ده‌هاتن, به‌ڵام ئێستا نه‌یده‌وێرا له‌ خۆی بپرسێت كه‌ ئایا كامیان زۆرتر بوون: قه‌رزه‌كانی یان سه‌رمایه‌كه‌ی. قوماركردنی به‌رده‌وام له‌ بۆرسه‌دا و پاره‌بازی پڕ له‌ مه‌ترسی ‌و ئه‌و جۆش ‌و خرۆشه‌ی كه‌ ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵا گه‌وره‌بوونیشدا وازی لێ نه‌هێنا وایان لێكرد كه‌ سامانه‌كه‌ی له‌ ده‌ست بدات ‌و ئه‌و ملیۆنێره‌ بێ‌ ترسه‌ پڕ له‌ شانازی و باوه‌ڕبه‌خۆبووه‌ بگۆڕێت بۆ خاوه‌ن بانكێكی چینی ناوه‌ند كه‌ له‌گه‌ڵا هه‌ر به‌رز و نزمێكی وه‌به‌رهێنانه‌كانیدا دڵی ده‌له‌رزی. له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ ورته‌ورتی بوو: “هه‌ی گره‌وی نه‌عله‌تی!” له‌ نائومێدیدا ده‌ستی گرتبوو به‌ سه‌ریه‌وه‌ و ده‌یوت: “ئاخر ئه‌و پیاوه‌ بۆ نه‌مرد؟ ئێستا ته‌مه‌نی ته‌نها چل ساڵه‌. دوایه‌مین فلسێك كه‌ ماومه‌ لێم ده‌سه‌نێت, هاوسه‌رگیری ده‌كات, خۆشی له‌ ژیان ده‌بینێت, قومار ده‌كات, منیش ده‌بێت بۆ خۆم به‌ ئێره‌ییه‌وه‌ وه‌ك سواڵكه‌رێك سه‌یری بكه‌م و هه‌موو ڕۆژێك هه‌مان ڕسته‌ی لێ ببیستمه‌وه‌: ‘به‌ ڕاستی من قه‌رزاری تۆم بۆ ئه‌م خۆشییه‌ی كه‌ تێی كه‌وتووم, ڕێم بده‌ با یارمه‌تیت بده‌م.’ نه‌خێر, ئه‌وه‌ زۆر سه‌خته‌! تاكه‌ ڕێگه‌ بۆ ڕزگار بوون له‌ ئیفلاس و ئابڕووچون ته‌نها مه‌رگی ئه‌و پیاوه‌یه‌!”
زه‌نگی كڵێسا سێ‌ جار لێیدا كه‌ ئاماژه‌ بوو بۆ كاتژمێر سێ‌ ‌و خاوه‌ن بانكه‌كه‌ش گوێی لێ بوو, هه‌موو كه‌س له‌ ماڵه‌كه‌دا نووستبوون ‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ش ده‌نگی هیچ نه‌ده‌هات جگه‌ له‌ خشه‌خشی دره‌خته‌ سه‌رمابرده‌كان. بێ‌ ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌ ده‌نگ بكات كلیلی ئه‌و ده‌رگایه‌ی كه‌ پانزه‌ ساڵ بوو نه‌كرابووه‌وه‌ له‌ گاوسندوقه‌كه‌ی ده‌رهێنا و چاكه‌ته‌كه‌ی له‌به‌ركردو چووه‌ ده‌ره‌وه‌.
باخچه‌كه‌ سارد و تاریك بوو و باران ده‌باری, بایه‌كی ساردی تیژیش هه‌ڵی كردبوو و له‌ باخچه‌كه‌دا ده‌یلووراند و نه‌یده‌هێشت دره‌خته‌كان بحه‌وێنه‌وه‌. خاوه‌ن بانكه‌كه‌ زیاتر چاوی كرده‌وه‌ به‌ڵام نه‌یتوانی نه‌ زه‌وییه‌كه‌ و نه‌ په‌یكه‌ره‌ سپییه‌كان ‌و نه‌ ژووره‌كه‌ و نه‌ دره‌خته‌كانیش ببینێت. به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ ڕۆشت كه‌ ژووره‌كه‌ی لێ بوو و دووجار بانگی پاسه‌وانه‌كه‌ی كرد, كه‌س وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. دیار بوو كه‌ پاسه‌وانه‌كه‌ش له‌ تاو ئه‌و كه‌ش ‌و هه‌وایه‌دا له‌ شوێنێكدا خۆی حه‌شار دابوو و ئێستا له‌ چێشتخانه‌كه‌ یان له‌ خانووه‌ شووشه‌كه‌دا نووستبوو. به‌ خۆی وت: “ته‌نها ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نه‌ ئازا بم و پلانه‌كه‌م جێبه‌جێ‌ بكه‌م, ئه‌وا ئیتر یه‌كه‌م كه‌س كه‌ گومانی لێده‌كرێت پاسه‌وانه‌كه‌یه‌.”
له‌و تاریكییه‌دا به‌ دوای قادرمه‌ و ده‌رگای ژووره‌كه‌دا گه‌ڕا و چووه‌ به‌رده‌م ده‌روازه‌ی ژووره‌كه‌, ئینجا _له‌به‌ر تاریكی_ به‌ ده‌ستی ڕاڕه‌وێكی بچووكی دۆزییه‌وه‌ و ده‌نكه‌ شقارته‌یه‌كی داگیرساند. هیچ كه‌سێكی لێ نه‌بوو, ته‌خته‌خه‌وێكی لێ بوو كه‌ پێخه‌فی له‌سه‌ر نه‌بوو و له‌ گۆشه‌یه‌كیشدا فڕنێكی ئاسنی ڕه‌شی لێ بوو. ئه‌و پلێتانه‌ی كه‌ كونی كلیلی ده‌رگای ژووری زیندانییه‌كه‌یان پێ داپۆشرابوو توندوتۆڵا بوون.
كه‌ شقارته‌كه‌ كوژایه‌وه‌ پیره‌ پیاوه‌كه‌ _كه‌ له‌ ترسانا ده‌له‌رزی_ له‌ په‌نجه‌ره‌ بچووكه‌كه‌وه‌ به‌ دزییه‌وه‌ سه‌یرێكی ژووره‌كه‌ی كرد. مۆمێك به‌ كزی له‌ ژووری زیندانییه‌كه‌دا ده‌گڕا, خۆیشی له‌ به‌رده‌م مێزه‌كه‌دا دانیشتبوو, ته‌نها پشتی ‌و قژی ‌و ده‌سته‌كانی ده‌بینران, كتێبی كراوه‌ش له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ و دوو كورسییه‌كه‌ و فه‌رشی نزیك مێزه‌كه‌ كه‌وتبوون.
پێنج خوله‌ك تێپه‌ڕی ‌و زیندانییه‌كه‌ ئاوڕێكی نه‌دایه‌وه‌, پانزه‌ ساڵی زیندان فێری كردبوو كه‌ بێ جووڵه‌ دانیشێت. خاوه‌ن بانكه‌كه‌ به‌ په‌نجه‌ی ته‌په‌ی له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌ دا, به‌ڵام زیندانییه‌كه‌ له‌ وه‌ڵامدا هیچ جووڵه‌یه‌كی نیشان نه‌دا. خاوه‌ن بانكه‌كه‌ به‌ وریاییه‌وه‌ پلێته‌كانی شكاند و كلیله‌كه‌ی كرد به‌ شوێن كلیله‌كه‌دا, قوفڵه‌ ژه‌نگاوییه‌كه‌ ده‌نگێكی ناخۆشی لێ به‌رز بۆوه‌ و ده‌رگاكه‌ش جیڕه‌ جیڕی كرد. خاوه‌ن بانكه‌كه‌ وای چاوه‌ڕوان ده‌كرد كه‌ یه‌كسه‌ر ده‌نگی پێ‌ ‌و هاواری خۆشی ببیستێت, به‌ڵام سێ‌ خوله‌ك تێپه‌ڕی ‌و هه‌ر ژووره‌كه‌ بێده‌نگ بوو, بۆیه‌ بڕیاریدا بچێته‌ ژووره‌وه‌.
له‌ به‌رده‌م مێزه‌كه‌دا پیاوێك كه‌ له‌ خه‌ڵكی ئاسایی نه‌ده‌چوو بێجووڵه‌ دانیشتبوو, ته‌نها ئێسكه‌ په‌یكه‌رێك بوو كه‌ پێسته‌كه‌ی به‌سه‌ر ئێسقانه‌كانیه‌وه‌ دادرابوو و قژێكی لوولی درێژی هه‌بوو كه‌ له‌ هی ئافره‌ت ده‌چوو و, ڕیشێكی ئاڵۆسكاویشی هه‌بوو. ده‌موچاوی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوێكی خۆڵباو بوو, گۆناكانی قوپابوون, پشتی درێژ و باریك ‌و, ئه‌و ده‌ستانه‌ی كه‌ سه‌ره‌ ئاڵۆسكاوه‌كه‌ی به‌سه‌ردا دابوو ئه‌وه‌نده‌ باریك ‌و لاواز بوون كه‌ نه‌تده‌وێرا ته‌ماشایان كه‌ی. مووه‌كانی سه‌ری ماشو برنجی ببوون و هه‌ر كه‌س ئه‌و ده‌موچاوه‌ ژاكاو و پیره‌ی ببینیایه‌ باوه‌ڕی نه‌ده‌كرد كه‌ ته‌مه‌نی ته‌نها چل ساڵ بێت, هه‌ر له‌وێدا خه‌وی لێكه‌وتبوو… له‌ به‌رده‌م سه‌ره‌ چه‌ماوه‌كه‌یدا له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ پارچه‌ كاغه‌زێك كه‌وتبوو كه‌ به‌ خه‌تێكی خۆش هه‌ندێ‌ شتی له‌سه‌ر نووسرابوو.
خاوه‌ن بانكه‌كه‌ وتی: “هه‌ی داماو! بۆ خۆی خه‌وی لێكه‌وتووه‌, له‌وانه‌شه‌ ئێستا خه‌و به‌ دوو ملیۆنه‌كه‌وه‌ ببینێت. ئه‌م پیاوه‌ نیوه‌ مردووه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نه‌ی به‌سه‌ كه‌ فڕێی ده‌مه‌ سه‌ر جێگاكه‌ی و سه‌رینێكی بچووك بخه‌مه‌ سه‌ر ده‌می, ئیتر ته‌نانه‌ت به‌ ئه‌زموونترین كه‌سیش ناتوانێت نیشانه‌یه‌كی بچووكی كوشتن بدۆزێته‌وه‌, به‌ڵام جارێ‌ با یه‌كه‌مجار ئه‌م نووسینه‌ی بخوێنینه‌وه‌….”
خاوه‌ن بانكه‌كه‌ كاغه‌زه‌كه‌ی له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ هه‌ڵگرت ‌و ئه‌مه‌ی تێدا خوێنده‌وه‌:
“سبه‌ینێ‌ كاتژمێر دوانزه‌ ئازادی خۆم به‌ ده‌ست دێنمه‌وه‌ و ئیتر مافی ئه‌وه‌م ده‌بێت كه‌ تێكه‌ڵاوی خه‌ڵكی ببم, به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م ژووره‌ به‌جێبێڵم و تیشكی خۆر ببینمه‌وه‌ پێم وایه‌ كه‌ پێویسته‌ چه‌ند شتێكی كه‌متان پێ‌ بڵێم. به‌ ویژدانێكی ئاسووده‌وه‌ و له‌ به‌رده‌م ئه‌و خودایه‌دا كه‌ ئاگای لێمه‌ پێتان ده‌ڵێم كه‌ من ڕقم له‌ ئازادی ‌و ژیان ‌و ته‌ندروستی ‌و هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه‌ كه‌ له‌ كتێبه‌كانتاندا پێیان ده‌وترێت شته‌ چاكه‌كانی جیهان.
“بۆ ماوه‌ی پانزه‌ ساڵا به‌ گرنگییه‌وه‌ لێكوڵینه‌وه‌م كرد ده‌رباره‌ی ژیانی زه‌مینی, ڕاسته‌ كه‌ نه‌ زه‌ویم ده‌بینی ‌و نه‌ مرۆڤ, به‌ڵام له‌ كتێبه‌كانی ئێوه‌دا شه‌رابی بۆنخۆشم خوارده‌وه‌, گۆرانیم چڕی, له‌ دارستانه‌كاندا ئاسك و به‌رازم ڕاوكرد, ژنانم خۆشویست… جوانی وه‌ك هه‌ور ناسك, كه‌ به‌ سیحری شاعیر و بلیمه‌ته‌كانی ئێوه‌ به‌دیهێنرابوون, شه‌وان سه‌ردانیان كردم و چیرۆكی وا نایابیان چپاند به‌ گوێمدا كه‌ سه‌رم لێیان ده‌سوڕما. له‌ كتێبه‌كانتاندا سه‌ركه‌وتمه‌ سه‌ر لوتكه‌ی چیاكانی ئه‌لبورز و مۆنت بلانك, له‌وێشه‌وه‌ هه‌ڵهاتنی خۆرم ته‌ماشا ده‌كرد و, له‌ ئێواراندا ده‌مبینی چۆن ئاسمان ‌و زه‌ریا و لوتكه‌ی شاخه‌كان یه‌ك لافاو تیشكی سوور و ئاڵتوونی دایده‌پۆشین. هه‌ر له‌وێوه‌ ده‌مبینی كه‌ چۆن هه‌وره‌ بروسكه‌ له‌سه‌ر سه‌رمه‌وه‌ ده‌بریسكایه‌وه‌ و هه‌وره‌كانی له‌به‌ریه‌ك داده‌ڕنی. دارستانی سه‌وز و مه‌زرا و ڕووبار و ده‌ریاچه‌ و شارانم دی. گوێم له‌ ده‌نگی گۆرانی كچه‌ شۆخه‌كان و شمشاڵی شوانه‌كان بوو, ده‌ستم له‌ باڵی ئه‌و شه‌یتانانه‌ ده‌دا كه‌ هاتبوونه‌ خواره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی خودا له‌گه‌ڵمدا بدوێن… له‌ كتێبه‌كانتاندا خۆم فڕێدایه‌ چاڵی بێ‌ بنه‌وه‌, موعجیزه‌م به‌دیهێنا, كوشتم, بڕیم, شارم سووتاند, چه‌ند شانشینم داگیر كرد, چه‌ن ئایینی تازه‌م گه‌یاند….
” كتێبه‌كانی ئێوه‌ داناییان پێبه‌خشیم, هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ مێشكی بێ‌ ئۆقره‌ی مرۆڤ له‌ سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌كاندا به‌دیهێناوه‌ ئێستا له‌ به‌شێكی بچووكی مێشكی مندا چه‌سپاون, ده‌زانم كه‌ من له‌ هه‌مووتان داناترم.
“به‌ڵام من ڕقم له‌ كتێبه‌كانتانه‌, ڕقم له‌ دانایی ‌و خۆشییه‌كانی ئه‌م ژیانه‌یه‌, چون هه‌مووی وه‌ك سه‌راب بێ‌ نرخ ‌و تێپه‌ڕ و وه‌همی ‌و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رن. له‌وانه‌یه‌ لووتبه‌رز بن, دانا بن یان كه‌سی باش بن, به‌ڵام مردن هه‌مووتان له‌سه‌ر ڕووی زه‌وی ڕاده‌ماڵێت ‌و وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ له‌ مشكی ژێر زه‌وی زیاتر نه‌بووبن و, نه‌وه‌كانی داهاتووتان ‌و مێژووتان ‌و بلیمه‌ته‌ نه‌مره‌كانتان له‌گه‌ڵ ئه‌م جیهانه‌ نزمه‌دا ده‌سووتێن یان ده‌یبه‌ستن.
“ئێوه‌ عه‌قڵتان له‌ ده‌ست داوه‌ و ڕێگایه‌كی هه‌ڵه‌تان گرتووه‌, درۆتان به‌ ڕاست و ناشیرینیتان به‌ جوانی وه‌رگرتووه‌. له‌وانه‌یه‌ به‌لاتانه‌وه‌ سه‌یر بێت ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ر دار سێو و پرته‌قاڵا له‌ جیاتی میوه‌ بۆق ‌و مارمێلكه‌ بڕوێن, یاخود گوڵا بۆنی ئه‌سپێكی عاره‌قاوی بدات, هه‌ر بۆیه‌ منیش به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ كه‌ ئێوه‌ چۆن به‌هه‌شت به‌ زه‌وی ده‌گۆڕنه‌وه‌. نامه‌وێت لێتان تێبگه‌م.
“بۆ ئه‌وه‌ی به‌ كرده‌وه‌ بۆتان بسه‌لمێنم كه‌ ڕقم له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه‌ كه‌ ئێوه‌ تێیدا ده‌ژین, ئه‌وا من ڕایده‌گه‌یه‌نم كه‌ ده‌ست له‌و دوو ملیۆنه‌ هه‌ڵده‌گرم كه‌ كاتی خۆی وه‌ك به‌هه‌شت خه‌ونم پێوه‌ ده‌بینی و ئێستا ڕقم لێیه‌تی. بۆ ئه‌وه‌ی مافی ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و پاره‌یه‌م بفه‌وتێت, ئه‌وا من پێنج كاتژمێر پێش كاتی دیاری كراو لێره‌ ده‌رده‌چم ‌و به‌و شێوه‌یه‌ش ڕێكه‌وتننامه‌كه‌ پێشێل ده‌كه‌م….”
كاتێك خاوه‌ن بانكه‌كه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ بوویه‌وه‌ نامه‌كه‌ی له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ دانا و سه‌ری پیاوه‌ نامۆكه‌ی ماچ كرد و به‌ گریانه‌وه‌ له‌ ژووره‌كه‌ ڕۆشته‌وه‌ ده‌ره‌وه‌. هه‌رگیز له‌ ژیانیدا, ته‌نانه‌ت ئه‌و كاتانه‌شی كه‌ پاره‌یه‌كی زۆری له‌ بۆرسه‌دا ده‌دۆڕاند, ئه‌وه‌نده‌ ڕقی له‌ خۆی نه‌بووه‌. كه‌ گه‌یشته‌ ماڵه‌وه‌ له‌سه‌ر جێگاكه‌ی پاڵكه‌وت, به‌ڵام فرمێسك و هه‌سته‌كانی نه‌یانهێشت تا چه‌ند كاتژمێرێكی تریش بخه‌وێت.
بۆ به‌یانییه‌كه‌ی پاسه‌وانه‌كان به‌ده‌م و چاوی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوه‌وه‌ خۆیان كرد به‌ ژووردا و وتیان ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ له‌ ژووره‌كه‌دا ده‌ژیا له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ناو باخچه‌كه‌ و چووه‌ بۆ لای ده‌روازه‌كه‌ و ئیتر له‌به‌ر چاو ونبووه‌. خاوه‌ن بانكه‌كه‌ش یه‌كسه‌ر له‌گه‌ڵا خزمه‌تكاره‌كاندا ڕۆشت بۆلای ژووره‌كه‌ بۆ دڵنیابوون له‌ ڕووداوه‌كه‌. بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ی زیاده‌ش له‌ كۆڵا خۆی كاته‌وه‌، ئه‌و نووسراوه‌ی سه‌ر مێزه‌كه‌ی هه‌ڵگرت كه‌ تێیدا واز له‌ دوو ملیۆنه‌كه‌ هێنرابوو و كاتێك گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ له‌ گاوسندوقه‌كه‌دا هه‌ڵیگرت.

behnam5555 06-25-2012 08:00 AM

گه‌وره‌ترین دوژمن...
 
گه‌وره‌ترین دوژمن...

http://www.tuimalik.net/up/uploads/13309755471.jpg

له‌ كۆندا پیاوچاكێك هه‌بوو چه‌ند دوژمنێكی هه‌بوو،ئه‌م پیاوچاكه‌ شمشێرێكی هه‌بوو هه‌موو شه‌وێك كه‌ده‌خه‌وت سه‌یرێكی شمشێره‌كه‌ی ئه‌كرد وئه‌یووت: (خودایه‌،ئه‌م شمشێره‌ بده‌ی له‌ ملی دوژمنه‌كانم)
شه‌وێكیان،ئه‌م دوعایه‌ی خوێند و خه‌وت،به‌ڵام له‌ خه‌ویدا بینی كه‌ هه‌مان شمشێر كه‌ دووعاكه‌ی به‌سه‌ردا كردبوو،دێته‌ ملی خۆی و خه‌ریكه‌ سه‌ری ده‌بڕێت.
بۆ شه‌وی دووه‌م و سێهه‌م هه‌مان خه‌و ده‌بینێته‌وه‌،به‌ڵام بۆ شه‌وی سێهه‌م به‌یانیه‌كه‌ی ده‌چێت بۆ لای زانایه‌ك كه‌ مانای خه‌ون لێك ده‌داته‌وه‌ ئه‌ویش خه‌وه‌كه‌ی بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌،پاشان خه‌ونزانه‌كه‌ ده‌ڵێت: (تۆ وتتوته‌ ئه‌م شمشێره‌ بده‌ له‌ گه‌وره‌ترین دوژمنم،به‌ڵام ده‌زانیت كه‌ گه‌وره‌ترین دوژمنت نه‌فسته‌،كه‌شمشێره‌كه‌ داویه‌تی له‌ ملی خۆت،چونكه‌ نه‌فس سه‌ری هه‌موو خراپه‌یه‌كه‌.))،).

behnam5555 06-25-2012 08:19 AM

بەسەرهات
 

رۆژێکیان فضيل بن عياض پیاوێکی بە ساڵاچووی بینی،پێی ووت: تەمەنت چەند ساڵە؟
پیاوەکە ووتی تەمەنم ٦٠ ساڵە ،فضیل پێی ووت کەواتە تۆ ماوەی ٦٠ ساڵە بەرەو خودا رێگە دەبریت ئەوەنەت نەماوە بگەیت،پیاوەکەش ووتی إنا لله وإنا اليه راجعون
فضیل ووتی لە مانای قسەکەم تێگەشتی؟ پیاوەکەش ووتی بەڵێ واتە من بەندەی خودام و بۆ لای خودا دەگەرێمەوە،فضیل ووتی ئەوەی بزانێت کە بەندەی خودایە و بۆ لای خودا دەگەرێتەوە ئەوە ئەوەش دەزانێت کە دەچێتە بەردەم خوای گەورە،کە چووە بەردەم خوای گەورە
ئەوە دەزانێت کە بەرپرسە و پرسیار و دادگایی دەکرێت،ئەوەش بزانیت کە پرسیاری لێ دەکرێت ئەوە کارێک دەکات لەم دنیا کە لەو دنیا لەبەردەم خودا بتوانێ وەڵام بداتەوە و وەڵامەکەی حازر بکات هەر لەم دونیا،پیاوەکە گریا و ووتی ئەی چارە چیە؟
فضیل ووتی:ئاسانە،پیاوەکە ووتی ئادەی پێم بڵێ خودا رەحمت پێ کات
فضیل ووتی لەو تەمەنەی ماوتە تەقوا و خواپەرستیت هەبێت ئەوە خودای گەورە لە گوناهی رابردوو و داهاتووت خۆش دەبێت



behnam5555 06-25-2012 08:22 AM

كورته چیرۆک
 
كورته چیرۆک

ئەگێڕنەوە: لەكۆندا پاشای وڵاتێك نەخۆشیەكی ترسناكی گرت، پزیشك و حەكیمان لێی كۆبوونەوە و ویستیان چارەسەری بكەن، بەڵام هەموو سەرسام بوون و هیچیان بۆ نەكرا.
یەكێك لە پزیشكەكان وتی: بگەڕێن، كراسی مرۆڤێكی دڵخۆش و ئاسوودە بهێنن و بیدەن بەسەروچاوی پاشادا چاك دەبێتەوە. پاشا راكەی پەسەند كرد و وەزیر و پیاوەكانی كەوتنە گەڕان بە دوای كراسی ئاسوودەیدا، زۆر گەڕان، ماندووبوون، بەڵام هیچیان دەست نەكەوت.
رۆژێكیان بەلای دەوارێكدا رۆیشتن، دەنگێك هاتە گوێیان، دەیووت زۆر سوپاس بۆ تۆ خوایە، رازیم بەوەی ئەمڕۆ پەیدامكرد و ئەوا خواردم، باوەڕناكەم كەس هەبێ‌ هێندەی من دڵخۆش و ئاسوودەبێ.) لەم كاتەدا هەموو خۆشیان پێكەوت ئەوا ئەو كەسەیان دەست كەوت كەپاشا داوای كراسەكەی دەكرد. كە چوونە ژوورەوە بینیان پیرەمێردێكی ریش سپی لاوازی دەم بەخەندەیە، بەڵام كراسی لەبەردا نیە! هەربۆیە زانایەك ئەڵێ‌: ئاسوودەیی و دڵخۆشی و سەكینەت لەهەژاریەكی دەم بەخەندەدایە نەك لەدەوڵەمەندیەكی پڕ لەكێشە .



behnam5555 06-25-2012 09:21 PM

نامه‌ی‌ پیره‌ باوكێك بۆ رۆڵه‌كه‌ی‌
 
نامه‌ی‌ پیره‌ باوكێك بۆ رۆڵه‌كه‌ی‌

رۆڵه‌ شیرینه‌كه‌م ..کاتیک کەپیر ئەبم، هیوادارم لیم تیبگەیت و ئارام و لەسەرخۆ بیت لەگەلم
هەندیک جار قاپیک ئەشکینم، یان شوربایەک ئەرژینمە سەر جیگەکە، ئەنقەست نیە، لەبەرئەوەیە چاوەکانم کزبوون.
هیوادارم هاوارنەکەی‌ بەسەرما، مرۆڤی پیر، هەستی‌ زۆر ناسکە و زووش زویر ئەبیت.
کاتیک گویم گران بوو لەوە تینەگەیشتم کەپیم ئەلییت، هاوارمەکە بەسەرما، تکا ئەکەم بۆم دووبارەبکەرەوە.
... ...جەرگەکەم لیم ببورە، لەمەش زیاتر پیرئەبم
کاتیک ئەژنۆکانم بیهیز ئەبن، هیوادارم یارمەتیم بدەیت تا هەستم، وەک چۆن من یارمەتیم دای تا پیتگرت. ئارام بە لەگەلم.
کە هەندیک جار لەبەرخۆمەوە ورینەم کرد، هیوادارم گویملیبگریت و گالتەت لی نەیەت، ئەها تۆش بەمندالی، کەداوای‌ میزەلانیکت ئەکرد هەر ئەتوت و ئەتوتەوە! من قەت تاقەتم لەورتە ورت‌و گروگالت نەئەچوو!
بمبەخشە ئەگەرً بۆنم ناخۆش بوو، بۆنم وەک بۆنی‌ هەر پیریکی تر وایە، زۆرم لیمەکە بۆ خۆشتن، لەشم لاوازە، مرۆڤ کەپیر بوو زوو سەرمای ئەبیت و نەخۆش ئەکەویت. لیم تیبگەو تورەمەبە، ئەها بەمندالی کوناو کون رامئەکرد بەدواتا، چونکە نەتئەویست خۆتبشۆت و خۆت ئەشاردەوە. رۆلەکەم ئەزانم ئیشت زۆرە، بەلام خۆزگە ئەگەر کاتی زیایەت ئەبوو، قسەت لەکەل ئەکردم، ئەگەر بۆ چەند دەقەیەکیش بیت زۆرە، من هەمیشە تەنهام و لەگەل خۆمم.
کاتیک دیت ئیدی نەخۆش ئەکەوم و ئەکەومە سەرجیگا. هیوادارم بەتەحەمول بیت لەگەلم و ئاگات لیم بیت. ئەبیت بمبووری ئەگەر بی مەبەست جیگەکەم تەر کرد، یان خۆم پیس کرد، ئەوەندەم نەماوە لەژیان ئەم ماوەیە سەبربگرە لەگەلم.
هەر چۆنیک بیت، نامەویت لەوە زیاتر بژیم، وەختیک سەرەی مردنم دیت، هیوادارم دەستم بگریت و هیزم بدەیتی تا بتوانم بمرم. خەمت نەبیت، له‌و دنیاوه‌ ئاگام لێته‌ و هه‌میشه‌ دوعات بۆ ده‌كه‌م خوا ئاگادارت بێت..
رۆڵه‌ شیرینه‌كه‌م خوات له‌گه‌ڵ‌


behnam5555 07-22-2012 09:06 AM

"دزی شار"
 

"دزی شار"

"سولەیمان سۆفی ساڵحی"


زه مانی زوو، له شارێكی گه وره وه ك مه هاباد، بۆکان و سنه دزێكی فره گه وره ی لێ بوو. ئه و دزه عاله می وه زاڵه هێنابوو شتی له عاله م ده دزی و ره حمی به هیچ كه س نه ده كرد! شه وانه وه ختی نووستنی خه ڵكی وه سه ر ده رك و دیواری مالاَن ده كه وت و ده چووه حه سار و ژوورێ و هه رچی وه به رده ستی بهاتایه له گه ڵ خۆی ده یبرد!
شه وی وابوو تلویزێون، فه رش، یه خچاڵ، پاره ... هه تا شه وێكی كه خه ریك بوو وه سه ر دیواری ماڵێك ده كه وت، له سه ر دیواره كه وه ژنێكی بینی كه خه ریك بوو له حه سارێ چێشتی بۆ مناڵه كانی لێده نا، مناڵه كانیش زوو زوو ده یانكوت: دایه گیان ساز نه بوو؟ زۆرمان برسیه، زگمان قۆڕه ی لێوه دێ....
به لاَم نێو قابڵه مه كه كه ژنه كه خه ریك بوو به كه وچكێك ده یشێواند و له سه ر ئاوره كه ی دانابوو هیچی تێدا نه بوو بێجگه له و ئاوه كه خه ریك بوو قووڵته قووڵت ده كولاَ، به روونی ده بینرا كه ئه و ماڵه زۆر هه ژارن و هیچیان بۆ خواردن نییه.
دزه كه زۆر په شیمان بوو له و كاره ی، له سه ر دیواره كه هاته خوارێ و چووه وه بۆ ماڵێ.
كاتێ كه له ماڵێ راكشابوو هه ر له بیری ئه و مندالاَنه دابوو كه چۆن داوای چێشتیان ده كرد.
هه ستا چاوی له یه خچاڵه كه كرد كه شه وی پێشوو دزی بووی، پڕ پڕ بوو له گۆشت و شتی دی. ته واوی گۆشته كه ی هه ڵگرت و بردی بۆ ئه و ماڵه، ك اتێ به دیواره كه دا چووه سه رێ و دیتی ژنه كه له سووچێكه وه خه ریكه ده گری و منداڵه كان هه روا داوای چێشت ده كه ن... به هێمنی چووه خوارێ و چووه سه ر قابله مه كه و ته واوی گۆشته كه ی تێ كرد و دووایه رۆیشته گۆشه یه ك و له بن دیواره كه خۆی حه شار دا.
ژنه كه كاتێ هاته لای قابله مه كه و چاوی به گۆشت كه وت له خۆشیان زۆر خه نی بوو، زۆری كوت: خودایه گیان سپاس كه رسقی ئه و مندالاَنه ت گه یاند ده نا تابه یانی برسی ده مانه وه.
ئیتر له وه به دواوه دزه كه ش تۆبه ی كرد كه قه ت دزی نه كات و ئه وه ی له خه ڵكی ئه و شاره ی دزیوه بۆیان به رێته وه و گه ردن ئازایی یان لێ بكاو ببێ به پیاوێكی راست و دروستكار.

behnam5555 07-22-2012 09:09 AM

"گوڵ خەندان"
 

"گوڵ خەندان"

"سولەیمان سۆفی ساڵحی"
ساڵگارێك له وه پێش له گوندێكدا ژن و پیاوێكی پیر ده ژیان.
ناویان مام حه سه ن و پوورخاتوون ده بێ، مام حه سه ن و پوورخاتوون منداڵیان نابێ، زۆر له خوداش ده پارێنه وه تا منداڵیان پێ بدا به لاَم هه ر هیچ و وه جاخیان هه ر كوێر ده بێ.
تا شه وێكی زستانی كه خه ریكه له ئاسمان كلوو كلووی به فری سپی داده بارێ و هێدی هێدی ده كه وێته باوشی وشكی سه ربان و كۆلانه كانه وه خودای گه وره فریشته یه كی جوان و نوورانی ده نێرێ بۆ ماڵی مام حه سه ن و پورخاتوون.
فریشته كه ته ق ته ق له ده ركه ده دا و دوای چه ن چركه یه ك كه گویێان لێ ده بێ پور خاتوون ده ڵێ: كێیه، كێیه؟ فریشته كه ده ڵێ: خۆمانین، بیكه وه پوورێ گیان.
پوورخاتوون ده ڵێ: خۆتان كێن؟ ناوت چیه؟ فریشته ش ده ڵێ: من فریشته م پوورێ گیان، له لای خودای گه وره وه هاتووم، ولاَمم بۆتان هه یه.
پورخاتوون به په له په ل ده ركه ده كاته وه و ده بینێ چ فریشته یه كی نوورانی و جوان له به ر ده میدایه و زوو خۆده خاته باوه شیه وه و ده ڵێ: هه ك ماڵه بابم به قوربانت بێ وه ره ژوورێ چایه ك بخۆ با حه سه نیش چاوێكی پێت بكه وێ و ولاَمه كه مان ده یه ماڵه كه م.
له گه ڵ فریشته ده چنه ژوورێ و مام حه سه ن دوای به خێرهاتنێكی زۆر ده ڵێ: ئه وه چۆن بووه هاتووی بۆ ئێره له ده ورت گه ڕێم؟ فریشته ش ده ڵێ: مام حه سه ن گیان هه ر كه سێك نوێژ بكاو وه ك ئێوه دروست كار بێ خودا ولاَمی كاره چاكه كانیان ده داته وه و بێ دڵیان ناكا، ئێستاش من هاتووم بڵێم خودا ئه مشه و كچێكی جوان و ژیكه ڵه تان پێ ده دا، به لاَم ئه و كچه جوانه ی ئێوه ئه ستێره یه ك به ناو چاوانیه وه یه تی و ئه گه ر خودای نه خواسته لێوه بێ كچه كه تان ده مرێ.
مام حه سه ن و پورخاتوون له خۆشیان خه ریكه باڵ بگرن و هه ڵفڕن، ده ڵێن: نانا ناهێڵین لێ بێته وه، زۆر به باشی ئاگاداری ده كه ین، فریشته ش ولاَمه كه ی ده دا و چایه كه ی هه روا به جێ دێڵی و له پڕدا غه یب ده بێ.
ئه و شه وه زۆر چاوه ڕێ ده بن به لاَم هیچ هه واڵێك نابێ و به ناچار ده نوون.
ده مه و نوێژی به یانی به ده نگی گریانی كۆرپه یه ك مام حه سه ن و پوورخاتوون له خه و راده چڵه كێن، كه چاولێده كه ن و ده بینن كۆرپه یه كی ژیكه ڵه ی ده م و لووت چكووله ی چاوگه وره ی جوان كه ئه ستێره یه ك به ناوچاوانیه وه یه تی له نێوانیان دایه و ده گری .
پوورخاتوون به خێرایی ده چێ یه كێ له مانگاكان ده دۆشێ و شیری بۆ دێنێ و ژیری ده كاته وه و ئه مجاره پێده كه نێ، جا سه یر ئه وه یه ئه گه ر پێده كه نێ گوڵ له زاری دێته ده رێ و جا هه ر له به ر ئه وه ش ناوی ده نێن گوڵ خه ندان.
وای لێ دێ ورده ورده گوڵ خه ندان رۆژ به رۆژ گه وره و گه وره و گه وره تر و جوانتر ده بێ، هه تا رۆژێكی كه له سه ركانی خه ریكی جل شتن ده بێ، له و كاته دا شازاده یه كی بالاَ به رز و جوان چاك به سواری ئه سپێكی سپیه وه به وێدا تێپه ڕ ده بێ، چاوی به به ژن و بالاَ و زراثی گوڵ خه ندان ده كه وێ كه له سه ر كانی راوه ستاوه و به ده م پێكه نینه وه چه پكه چه پكه گوڵ له زاری دێته ده رێ.
شازاده نه به دڵێك به هه زار و یه ك دڵ عاشق و خولیای گوڵ خه ندان ده بێ به لاَم له و كاته دا گوڵ خه ندان لاقی له خیزه لاَنی و وركه به ردی سه ركانیه كه هه ڵده خلیسكێ و ده كه وێ به عه رزی دا و ئه ستێره كه ی ناوچاوانی لێوه ده بێ و بێ هۆش ده كه وێ!
ئه ستێره كه ش هه روا به ده م ئاوه كه وه


تلاوتل ده كه وێته نێو جۆگه له كه وه و ون ده بێ. پوور خاتوون و مام حه سه نیش ده س ده كه ن به گریان و شیوه نێك بۆ ئه و تاقه منداڵه یان مه گه ر خودا بزانێ كه چه ن گوناح بوون.
شازاده كه ئه و كاره ساته و ئه و حاڵه شێواوه ی مام حه سه ن و پورخاتوونی به دی كرد به ڵێنی دا بچێ و ئه ستێره كه بۆ گوڵ خه ندان بدۆزێته وه و بیهێنێته وه سه ر جێگا و ناوچاوانی تا زیندوو بێته وه، شازاده ئه و به ڵێنیه ده دا و ده ڕوا.
وای لێدێ دوای چه ن ساڵ و گه ڕانێكی زۆری شازاده به دوای ئه ستێره دا له قه راغ زه ریایه ك خه ریكه پشووده دا، له و كاته دا چاوی به شتێك ده كه وێ له دووره وه كه تریفه ی دێ و شه وق ده دا، كاتێ كه لێی نزیك ده بێته وه ده بینێ كه ئه وه ئه ستێره كه ی ناوچاوانی گوڵ خه ندانه، به پێكه نین و هووڕاكێشان هه ڵی ده گرێ و سواری ئه سپه سپیه كه ی و ده چێ بۆ گوند و ماڵی پورخاتوون ومام حه سه ن. ده چێته ژوورێ و به هێواشی له گه ڵ مام حه سه ن ئه ستێره كه ده خه نه سه ر ناوچاوانی گوڵ خه ندان، دوای چه ن چركه گوڵ خه ندان به هۆش دێتوو زیندوو ده بێته وه و سپاسی شازاده ده كا.
هه ر له وێ و له و كاته دا شازاده خوازبێنی لێ ده كاو ده ڵێ: ئه رێ گوڵ خه ندان ده بی به شابانوو مێردم پێ ده كه ی؟
گوڵ خه ندانیش ده ڵێ: ئه گه ر دایكم و باوكم ئیزن بده ن به ڵێ.


ساڵگارێك له وه پێش له گوندێكدا ژن و پیاوێكی پیر ده ژیان.
ناویان مام حه سه ن و پوورخاتوون ده بێ، مام حه سه ن و پوورخاتوون منداڵیان نابێ، زۆر له خوداش ده پارێنه وه تا منداڵیان پێ بدا به لاَم هه ر هیچ و وه جاخیان هه ر كوێر ده بێ.
تا شه وێكی زستانی كه خه ریكه له ئاسمان كلوو كلووی به فری سپی داده بارێ و هێدی هێدی ده كه وێته باوشی وشكی سه ربان و كۆلانه كانه وه خودای گه وره فریشته یه كی جوان و نوورانی ده نێرێ بۆ ماڵی مام حه سه ن و پورخاتوون.
فریشته كه ته ق ته ق له ده ركه ده دا و دوای چه ن چركه یه ك كه گویێان لێ ده بێ پور خاتوون ده ڵێ: كێیه، كێیه؟ فریشته كه ده ڵێ: خۆمانین، بیكه وه پوورێ گیان.
پوورخاتوون ده ڵێ: خۆتان كێن؟ ناوت چیه؟ فریشته ش ده ڵێ: من فریشته م پوورێ گیان، له لای خودای گه وره وه هاتووم، ولاَمم بۆتان هه یه.
پورخاتوون به په له په ل ده ركه ده كاته وه و ده بینێ چ فریشته یه كی نوورانی و جوان له به ر ده میدایه و زوو خۆده خاته باوه شیه وه و ده ڵێ: هه ك ماڵه بابم به قوربانت بێ وه ره ژوورێ چایه ك بخۆ با حه سه نیش چاوێكی پێت بكه وێ و ولاَمه كه مان ده یه ماڵه كه م.
له گه ڵ فریشته ده چنه ژوورێ و مام حه سه ن دوای به خێرهاتنێكی زۆر ده ڵێ: ئه وه چۆن بووه هاتووی بۆ ئێره له ده ورت گه ڕێم؟ فریشته ش ده ڵێ: مام حه سه ن گیان هه ر كه سێك نوێژ بكاو وه ك ئێوه دروست كار بێ خودا ولاَمی كاره چاكه كانیان ده داته وه و بێ دڵیان ناكا، ئێستاش من هاتووم بڵێم خودا ئه مشه و كچێكی جوان و ژیكه ڵه تان پێ ده دا، به لاَم ئه و كچه جوانه ی ئێوه ئه ستێره یه ك به ناو چاوانیه وه یه تی و ئه گه ر خودای نه خواسته لێوه بێ كچه كه تان ده مرێ.
مام حه سه ن و پورخاتوون له خۆشیان خه ریكه باڵ بگرن و هه ڵفڕن، ده ڵێن: نانا ناهێڵین لێ بێته وه، زۆر به باشی ئاگاداری ده كه ین، فریشته ش ولاَمه كه ی ده دا و چایه كه ی هه روا به جێ دێڵی و له پڕدا غه یب ده بێ.
ئه و شه وه زۆر چاوه ڕێ ده بن به لاَم هیچ هه واڵێك نابێ و به ناچار ده نوون.
ده مه و نوێژی به یانی به ده نگی گریانی كۆرپه یه ك مام حه سه ن و پوورخاتوون له خه و راده چڵه كێن، كه چاولێده كه ن و ده بینن كۆرپه یه كی ژیكه ڵه ی ده م و لووت چكووله ی چاوگه وره ی جوان كه ئه ستێره یه ك به ناوچاوانیه وه یه تی له نێوانیان دایه و ده گری .
پوورخاتوون به خێرایی ده چێ یه كێ له مانگاكان ده دۆشێ و شیری بۆ دێنێ و ژیری ده كاته وه و ئه مجاره پێده كه نێ، جا سه یر ئه وه یه ئه گه ر پێده كه نێ گوڵ له زاری دێته ده رێ و جا هه ر له به ر ئه وه ش ناوی ده نێن گوڵ خه ندان.
وای لێ دێ ورده ورده گوڵ خه ندان رۆژ به رۆژ گه وره و گه وره و گه وره تر و جوانتر ده بێ، هه تا رۆژێكی كه له سه ركانی خه ریكی جل شتن ده بێ، له و كاته دا شازاده یه كی بالاَ به رز و جوان چاك به سواری ئه سپێكی سپیه وه به وێدا تێپه ڕ ده بێ، چاوی به به ژن و بالاَ و زراثی گوڵ خه ندان ده كه وێ كه له سه ر كانی راوه ستاوه و به ده م پێكه نینه وه چه پكه چه پكه گوڵ له زاری دێته ده رێ.
شازاده نه به دڵێك به هه زار و یه ك دڵ عاشق و خولیای گوڵ خه ندان ده بێ به لاَم له و كاته دا گوڵ خه ندان لاقی له خیزه لاَنی و وركه به ردی سه ركانیه كه هه ڵده خلیسكێ و ده كه وێ به عه رزی دا و ئه ستێره كه ی ناوچاوانی لێوه ده بێ و بێ هۆش ده كه وێ!
ئه ستێره كه ش هه روا به ده م ئاوه كه وه


تلاوتل ده كه وێته نێو جۆگه له كه وه و ون ده بێ. پوور خاتوون و مام حه سه نیش ده س ده كه ن به گریان و شیوه نێك بۆ ئه و تاقه منداڵه یان مه گه ر خودا بزانێ كه چه ن گوناح بوون.
شازاده كه ئه و كاره ساته و ئه و حاڵه شێواوه ی مام حه سه ن و پورخاتوونی به دی كرد به ڵێنی دا بچێ و ئه ستێره كه بۆ گوڵ خه ندان بدۆزێته وه و بیهێنێته وه سه ر جێگا و ناوچاوانی تا زیندوو بێته وه، شازاده ئه و به ڵێنیه ده دا و ده ڕوا.
وای لێدێ دوای چه ن ساڵ و گه ڕانێكی زۆری شازاده به دوای ئه ستێره دا له قه راغ زه ریایه ك خه ریكه پشووده دا، له و كاته دا چاوی به شتێك ده كه وێ له دووره وه كه تریفه ی دێ و شه وق ده دا، كاتێ كه لێی نزیك ده بێته وه ده بینێ كه ئه وه ئه ستێره كه ی ناوچاوانی گوڵ خه ندانه، به پێكه نین و هووڕاكێشان هه ڵی ده گرێ و سواری ئه سپه سپیه كه ی و ده چێ بۆ گوند و ماڵی پورخاتوون ومام حه سه ن. ده چێته ژوورێ و به هێواشی له گه ڵ مام حه سه ن ئه ستێره كه ده خه نه سه ر ناوچاوانی گوڵ خه ندان، دوای چه ن چركه گوڵ خه ندان به هۆش دێتوو زیندوو ده بێته وه و سپاسی شازاده ده كا.
هه ر له وێ و له و كاته دا شازاده خوازبێنی لێ ده كاو ده ڵێ: ئه رێ گوڵ خه ندان ده بی به شابانوو مێردم پێ ده كه ی؟
گوڵ خه ندانیش ده ڵێ: ئه گه ر دایكم و باوكم ئیزن بده ن به ڵێ.



behnam5555 12-07-2012 08:34 PM


باوکه‌که‌ دوای ماندوبونێکی زۆر له‌ ئیش و کاری رۆژانه‌ی گه‌رایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ له‌ دره‌نگانیکی شه‌ودا ،،،،
منداڵه‌ 5 ساڵانه‌که‌ی له‌به‌ر ده‌رگا چاوه‌ڕوانی ده‌کرد ،،،
باوکه‌ ده‌توانم پرسیارێکت لێبکه‌م ؟
به‌ڵی کورم فه‌رموو ،،،
له‌ ماوه‌ی کاتژمێرێکدا چه‌ند دۆلار قازانج ده‌که‌ی ؟
کورم ئه‌وه‌ ئیشی تۆ نیه‌ ،،،
تکایه‌ پیم بڵی حه‌زده‌که‌م بزانم ،،،
باشه‌ 20 دۆلار ،،،
باوکه‌ ده‌توانی 10 دۆلار م بده‌یتێ ،،،
باوکه‌که‌ توره‌بوو به‌ڵام منداڵه‌که‌ چوه‌ ژوره‌که‌ی خۆی و ده‌رگای له‌سه‌ر خۆی داخست ،،،
دوای ماوه‌یه‌ک باوکه‌که‌ هێوربوه‌وه‌ و په‌شیمان بوه‌وه‌ ،،،
چوه‌ ژوره‌که‌ی جگه‌رگۆشه‌که‌ی و پێ گوت ،،،
ببوره‌ هاوارم له‌سه‌ر کردیت فه‌رموو ئه‌وه‌ش 10 دۆلاره‌که‌ی که‌ داوات کرد ،،،،،
منداڵه‌که‌ پێکه‌نی و گوتی سوپاس بابه‌ گیان ،،،
پیاوه‌که‌ ویستی بروات ،،،
به‌ڵام منداڵه‌که‌ ده‌ستی برد له‌ژێر سه‌رینه‌که‌ی برێک پاره‌ی ده‌رهێنا گوتی :
بابه‌ گیان ئیستا 20 دۆلارم هه‌یه‌ ده‌توانم کاتژمێرێک له‌ کاتی تۆ بکرم ؟
تکایه‌ به‌یانی زووتر وه‌ره‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ ،،،
بابه‌ گیان حه‌زده‌که‌م نانی ئیواره‌ له‌گه‌ل تۆ بخۆم ،،،*

سه‌رچاوه‌< باخچه‌


behnam5555 06-16-2013 07:41 PM

كاوه‌ی ئاسنگه‌ر
 

كاوه‌ی ئاسنگه‌ر


هه‌بوو نه‌بوو. ڕۆژێک له ڕۆژان له سه‌رده‌می كۆندا پاتشایه‌كی ملهوڕ هه‌بوو. ئه‌م پاتشایه ناوی زوحاك بوو. زوحاك زۆر خه‌ڵكی ئازار ده‌دا و كوشتوبڕی ده‌كرد و كه‌سانێكی زۆری داپڵۆساندبوو. له سه‌رده‌می هیچ پاتشایه‌كی‌تردا ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رده‌می ئه‌و خه‌ڵك نه‌كوژرابوو.
خه‌ڵك ئه‌وه‌نده ڕقیان لێ بوو كه پێیان ده‌وت "ئاژی‌ده‌هاك" واته "ماری ده‌ عه‌یب".
هه‌رچه‌ند هه‌موو كه‌س له زوحاك ده‌ترسان و ئه‌و باكی له كه‌س نه‌بوو، به‌ڵام شه‌وێك خه‌وێكی بینی كه ترسی خسته دڵی زوحاك. له خه‌ویدا كابرایه‌ك به ناوی "فه‌ره‌یدوون" كۆت و زنجیر و شپرزه‌ی كردووه. زوحاك ده‌ستووری دا "فه‌ره‌یدوون" بدۆزنه‌وه و بیگرن. باوكی "فه‌ره‌یدوون" كه به‌مه‌ی زانی كوڕه‌كه‌ی به دزییه‌وه نارد بۆ شوێنێكی‌تر. زوحاك نه‌یده‌توانی بیدۆزێته‌وه.
زوحاك هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر ئازاردانی خه‌ڵك. خه‌ڵكه‌كه لێی وه‌ڕه‌س ببوون، به‌ڵام كه‌س نه‌یده‌وێرا هیچ بڵێ.
هه‌ندێ كه‌س ده‌ڵێن ڕۆژێ له ڕۆژان دوو مار له‌سه‌ر ‌هه‌ر دوو شانه‌كانی زوحاك ڕووان، هه‌ندێ كه‌سیش ده‌ڵێن دوو پارچه گۆشت بوون به‌ شێوه‌ی دوو مار. زوحاك ئه‌وانه‌ی به نیشانه‌ی ساحیریی خۆی ده‌زانی و خه‌ڵكی پێ ده‌تۆقاندن.
پاش ماوه‌یه‌كی زۆر ئه‌و پارچه گۆشتانه بوون به برین و ئێشیان ده‌كرد. ئاژدیهاك له‌به‌ر ژان و ئازار نه‌یده‌زانی چی بكات.
ئاخری پزیشكێكی نه‌گریسی شه‌یتانئاسا پێی وت مێشكی ئاده‌میزاد چاره‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه ده‌كات.
به فرمانی پاتشا هه‌موو ڕۆژێ دوو لاویان ده‌كوشت و مێشكه‌كه‌یان ده‌نایه سه‌ر برینه‌كه.
لاوێكی زۆریان به‌و جۆره كوشت.
چێشتلێنه‌ره‌كانی پاتشا له‌و هه‌موو مرۆڤكوژییه بێزار بوون. ئاخری به دزییه‌وه بڕیار ده‌د‌ه‌ن له هه‌ر دوو لاوێ كه دێته به‌ر ده‌ستیان یه‌كێكیان نه‌كوژن و به نهێنی بینێرن بۆ چیا و كوێستان و له باتیی مێشكی ئه‌وان مێشكی مه‌ڕ بده‌ن به ئاژدیهاك. به‌و جۆره هه‌ر مانگێ سی لاویان ده‌نارده چیا و ئه‌وان له‌وێ به نهێنی ژیانی خۆیان ده‌برده سه‌ر.

به‌كرێگیراوه‌كانی ئاژدیهاك به شوێن گه‌نج و لاودا ڕوویان ده‌كرده هه‌ر شوێن و لایه‌ك.
له گوندێكدا كابرایه‌كی ئاسنگه‌ر ده‌ژیا كه پێیان ده‌وت "كاوه‌ی ئاسنگه‌ر" و دوو كوڕی گه‌نجی هه‌بوو. به‌كرێگیراوه‌كانی زوحاك هه‌ردوو كوڕه‌كه‌یان پێكه‌وه گرت و بردیان بۆ لای ئاژدیهاك. ئاژدیهاكیش فه‌رمانی كوشتنی هه‌ردوو لاوه‌كه‌ی دا.
كاتێ كاوه هه‌واڵی كوژرانی كوڕه‌كانی بیست، ڕق و قین و تووڕه‌یی سه‌رانسه‌ری گیانی داگرت. به‌روانكه قایشه‌كه‌ی كه‌ ئاسنگه‌ران ده‌یكه‌نه به‌رۆكی خۆیان، كرده سه‌ر نێزه‌یه‌ك و وه‌كوو ئاڵایه‌ك گرتیه ده‌ستی كه دوایی ئه‌و ئاڵایه به "دره‌فشی كاویانی" ناوبانگی ده‌ركرد. دووكانی ئاسنگه‌رییه‌كه‌ی به‌جێ‌هێشت و ڕووی نایه شار.
قیڕاندی و هاواری كرد و دژ به ئاژدیهاك خرۆشا. خه‌ڵك زۆریان پێ سه‌یر بوو، كه‌س نه‌یوێرابوو تا ئه‌و كاته دژ به ئاژدیهاك شتێك بڵێ. خه‌لك چونكوو له زوحاك قین له‌دڵ بوون، زۆریان پێ خۆش بوو. به‌ره‌به‌ره له ده‌وری كاوه كۆ بوونه‌وه. كاوه قسه‌ی بۆ خه‌ڵكه‌كه ده‌كرد و هانیانی ده‌دا.
ئاخری خه‌ڵكێكی زۆر بوون به پشتیوانی كاوه. كاوه له‌و شاره‌دا به‌كرێگیراوه‌كانی ئاژدیهاكی كوشت و شاره‌كه‌ی خسته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی و بوو به ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌وێ. زێڕ و زیوێكی زۆری له خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت دا به خه‌ڵك و خۆی به چه‌ك ته‌یار كرد. چوو بۆ شاره‌كانی‌تر و به‌كرێگیراوه‌كانی ده‌گرت و ده‌یكوشتن. په‌یتا‌په‌یتا خه‌ڵكی لێ كۆ ده‌بووه‌وه.
زوحاك كه له‌و ده‌مه‌دا له "ده‌ماوه‌ند" بوو له‌شكرێكی زۆری نارد بۆ شه‌ڕ دژ به كاوه، به‌ڵام هه‌موویان تێك‌شكان.
فه‌ره‌یدوون كه ده‌مێك بوو له ترسی پیاوه‌كانی ئاژدیهاك خۆی شاردبووه‌وه، ناوبانگی كاوه‌ی بیست. به دزییه‌وه خۆی گه‌یانده لای كاوه و به‌سه‌رهاتی خۆی گێڕایه‌وه بۆی. كاوه ڕێزێكی زۆری لێ گرت و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئازا و چاونه‌ترس بوو كردییه سه‌ركرده‌ی سوپا و خۆی بوو به سوپاسالار.
ئاژدیهاك كه بیستی كاوه و فه‌ره‌یدوون یه‌كیان گرتووه، شپرزه و په‌رێشان بوو. ئه‌مجار له‌شكرێكی زۆری نارد بۆ شه‌ڕیان. به‌ڵام له‌شكره‌كه‌ی ئاژدیهاك هه‌ره‌سی هێنا و پرش و بڵاو بوون و كوژران. زوحاكیان گرت و فه‌ره‌یدوون فه‌رمانی دا له چیای "ده‌ماوه‌‌ند"دا كۆت و زنجیری بكه‌ن.
ئاخری ئاژدیهاكیان له سزای ئه‌و هه‌موو خوێنمژی و تاوانه‌ی كردبووی هه‌ر له چیای ده‌ماوه‌نددا كوشت.
خه‌ڵك له‌به‌ر ئازایه‌تیی كاوه و هه‌وڵی فه‌ره‌یدوون له ده‌ستی ئاژدیهاك ڕزگاریان بوو و ده‌ستیان كرد به شایی و خۆشی.
كاوه فه‌ره‌یدوونی كرد به پاتشا و خه‌ڵك ژیانێكی ئازاد و سه‌ربه‌ستیان ده‌ست‌پێكرد و ژینیان به خۆشی برده سه‌ر.

ته‌واو!



behnam5555 07-03-2013 08:09 PM

پرد
 

پرد
هەست بە پەستییەكی لە ڕادە بەدەر دەكا. گڕی پەشیمانی وەك پیو هەڵیدەچۆقێنێ. لە خۆی وەڕەزە. دڵی تێكەڵ دێ. بۆنێكی توند و ناخۆش سنگی ئاخنیوە. هەرچی زۆر بۆ مێشكی خۆی دێنێ، ئەم بۆگەنەی تا ئێستا بە لووت نەگەیشتووە. هەر دەڕوا و لاتراسكە دەبەستێ. هێزی ئەژنۆی نییە. چاوی لە ڕەشەوە دێ. كزەبای پایز جەستەی تەزاندووە. دەست و پلی گۆ ناكا. سەرما خۆی لە یەسقانەكانی شەتەك داوە. لاقی وەختە هەڵوەرێ. تا قولاپەی لە قوڕ و لیتە هەڵـكشاوە. چەن هەنگاو دەنێ و بە بێوازی ئاوڕێك دەداتەوە. دەترسێ شێتە لە خەو هەستێ و وەدووی كەوێ! لە ماڵەكانی قەراغ شار نزیك بۆتەوە. كۆڵانێكی پڕ لە قوڕ ولیتە زاری بۆ داپچڕیوە. چەن شەقاوی تری هەڵێنایەوە و كۆلان هەڵـیلووشی. دڵەكوتەكەی كەمتـر بۆتەوە. بەڵام خەمێك دڵی ڕێك دەگوشێ. جار جار خەریكە پشووی ڕاوەستێ. لە هەنگاوێكدا بێزی لە خۆی هەڵدەستێ و لە هەنگاوێكی تردا بە هەقی خۆی دەزانێ. لە دڵی خۆیدا دەڵێ:
"ئەگەر نەگەڕابامەوە بۆ دەواكان، ئەو دیمەنەم نەدەدی. قەت چاوەڕوانی ئەوەم لێی نەبوو. لە دەمی هەزار كەسم ببیستایە باوەڕم نەدەكرد. بە خەونیش بیـرم بۆ شتی وا نەدەچوو!"
لەگەڵ هەر هەنگاوێك دڵۆپە فرمێسك لە چاوی دەتكێن. مردن بە ئاوات دەخوازێ. لە درگای ماڵی دایكی نزیك بۆتەوە. سەری هەڵێنا، بەر دەركە قەرەباڵغە. یەك دێتە دەرێ و دوو دەچنە ژوورێ. چەن كەس لەبەر دەرگاكە وێستاون. هەموو كزەبای چاویان تێ‌هاڵاند. گرفەی نیگایان پڕە لە پرسیار. لە ترسی چاویان زوو سەری داخستەوە. چاوی هەموویان بوون بە مار و لە لاق و قولە قوڕاوییەكەی ئاڵان. خۆی كرد بە حەوشەكەدا. دەنگی گریان و شیوەن ئەوەندەی دیكە تاساندی. نەیزانی چۆن بە پاڵەپەستێ دڕی بە كۆڕی ژنان دا و خۆی خستە نێو بۆنی ئارەقە و هەناسەی ژوورەكەوە.
بـــەرمــاڵێك خۆی بە ســەر مــەیتێكدا كێشاوە. لەگەڵ هاواری دایكەڕۆ ئەویش خۆی بە سەر بەرماڵەكەدا كێشا و لە هۆڕژنی گریانی دا. هەرچی كوڵوكۆی لە دڵی دابوو هەڵیـڕشت. ئێستا دوو خەم دڵی خستبووە گێژەنەوە.
«تا نیو سەعات لەمەوبەر هەر چاوەڕوانی تۆی دەكرد. بەدەم گیانەڵڵاوە ناوی تۆی لە سەر دەم بوو. نەدەكرا تۆزێ زووتر بێی؟»
پووری ئەوەی گوت. گڕی خەمەكەی ئەوەندەی دیكە بڵێسەی سەند.
***
نان و چای بەیانییان خوارد. بە هاوسەرەكەی گوت:
«ئەوە دەچم سەرێكی دایكم دەدەم. فەقیـرە هەردێ و نەخۆشینەكەی قورستر دەبێ.»
ئەویش بە ڕوویەكی ناخۆشەوە گوتی:
«باشە بچۆ، ئەگەر توانیم منیش دێم. تۆ بڕۆ، بەڵام زۆریش چاوەڕوانم مەبە.»
بە زەردەخەنەیەكی شیـرینەوە لە درگاكە هاتە دەرێ. بەڵام ئەو نیگایەكی سارد و بزەیەكی ماناداری بە دوایدا بەڕێ كرد. كۆڵانەوكۆڵان ملـی ڕێی گرت.
گەیشتە سەر شەقام. لە پێش ئەوەوە ژن و پیاوێكی لاو شان بە شانی یەك دەڕۆیشتن. بە دەم ڕێوە دەتریقانەوە. چاوێكی تاسەبار و تینووی لـێ پڕژاندن.
"لە قوتابخانە هاتمە دەرێ. وەك ڕۆژان لە سەر شەقامەكە بە یەك گەیشتین. پێك‌گەیشتنی ئەو ڕۆژەمان جیاواز بوو. ڕۆژان هەر بە نیگا لەگەڵ یەكتـر دەدواین. شان بە شانی یەك كەوتینە ڕێ. زمان و دڵمان لە نێو وتەوكوتەدا كەوتبوونە سەما. وشەی خۆشەویستی و ئەوین وەك شەپۆل باوەشیان لە ڕۆحمان وەردێنا. ئەوینەكەمان هێندە گەرم بوو، ئەگەر ڕۆژێك یەكتـریمان نەدیتبایە ئۆقرەمان لـێ هەڵدەگیـرا."
لە ژن و پیاوەكە زۆر نزیك بۆتەوە. تەنانەت گوێی لە قسەكانیانە.
ژنەكە بە پیاوەكەی دەگوت:
ـــ‌" مەگین مردن من و تۆ لە یەك دابڕێ. بڵێی مردنیش بتوانێ؟"
مردن!! ئەو وشەیە لە گوێیدا دەنگی دایەوە و بوو بە تەزوویەكی سارد و بە مێلوورە كردن بە نێو دەمارەكانیدا تێپەڕی.
چەن مانگ دوای زەماوەندەكەمان بوو، دەستم كردە ملـی و پێم گوت:" بڵێی لە ئێمە بەختەوەرتر و ئاشقتر لەم دنیایەدا هەبێ؟"
بە ڕوویەكی گەشەوە كە گوڵاوی بزەی لـێ دەباری گوتی:" هەیە. زۆریشە. هەموو ژن و مێردێك دەبێ یەكتـریان خۆش بوێ."
ــ" یانی تۆ منت خۆش دەوێ؟"
ــ‌" لە گیانیشم زیاتر. بێ تۆ ژیان مردنە، مردن!!"
سەری هەڵێنا. ژن و پیاوەكە بە كۆڵانێكدا لایان دا.
" بە ئاواتەوەم ڕۆژێ لەگەڵم بێتەدەرەوە. جارێك بچینە سەیاحەت. بەڵام لەوانەیە ئەو ئاواتە بەرمە ژێر گڵ. نازانم بۆ كوتوپڕ وای لێهات؟ ئەو هەموو خۆشەویستییە كوێڕا وشكاوی هات؟"
بە دیتنی تابڵۆی دەواخانە لە جێی خۆی وشك بوو. وەبیـری هاتەوە دەواكانی دایكی لەبیـر چووە. بە هەڵەداوان بەرەوماڵ گەڕایەوە. دەركەی كردەوە و چووە حەوشە. بەرەو پێشخانەكە ڕۆیی. جووتێ كەوشی نامۆ جووت نەكرابوون. سەرنجی واق وڕماوی لە سەریان هەڵنیشت.
تەزوویەكی خەماوی خۆی لە سنگی توند كرد و وردە وردە بەرەو گەرووی هەڵزنا. لەرز و هەناسەبڕكێ گەردەلوول‌ئاسایی لە خۆیانەوە پێچا. دەستی دەتگوت شەپڵە لێی‌داوە، هەر ئەو دەستە لەرزۆكانە بە هێواشی درگای هاڵەكەیان كردەوە. لاقی شل بووی بە ئەژنۆی لەرزۆكەوە كەوشەكانی دانەكەند. چووە ژوورێ. شەققەی ماچ‌ومووچ و هاسكەهاسك و پێكەنین ژووری خەوەكەی پڕ كردبوو و كەلاوڕێژی دەكردە هاڵەكەوە. لاقی هێز لـێ‌بڕوای جەستەی شڵەژاوی گەیاندبووە بەر پەنجەرە بچووكەكەی نێوان هاڵ و وەتاغەكە. لە كەلێنی پەردەكەوە چاوی فەڕشی وەتاغەكەی پێكا. چاوی بە كەڵینەكەوە گرێ درا. دڵەكوتە و هەناسەبڕكێ ئازای ئەندامی دەهەژاند. هەر جارێ شەققەی ماچ دەهات دەتگوت بە كوتك بە سەریدا دەكێشن.
تریقەی پێكەنینەكەیان وەك گوللە جەرگی دەسمی. ڕقێكی ئەستوور خۆی لە گەرووی توند كردبوو. چەن جار ویستی هاوار بكا، بەڵام خۆی خواردەوە. پڕ بە كەلێنی پەردەكە شەپۆلـی دوو لەشی ڕووت گوڵی فەڕشەكەیان داپۆشی. لەو كاتەدا پێی خۆش بوو هەردووكیان بە ددان هەڵپچڕێ. ئیتـر چاوی لە هیچ نەبوو. تاسێك بە سەریدا هات و كەوت بە عەرزدا. هەستاوە.
پاڵی‌دا بە دیوارەكەوە. دڵی وا بە پڕتاو لێی دەدا، دەتگوت دەیهەوێ سنگی كون بكا و بازداتە دەرێ. كەڕاكەی سەری وەختەبوو بتەقێ.
خەیاڵ و هەستێكی غەوارە ڕۆحی كردبوو بە مەزراق و پیـرانی پێ بەستبوو. ئیتـر نەیتوانی خۆ بگرێ. تا هێزی لەبەردا بوو قیژاندی و بەرەو درگاكە هەڵات. درگای هاڵی شەق پێوەدا، دوای چەن سات درگای پێشخانە و پاشان درگای حەوشە. یەك وچان تا چەن كۆڵان هەڵات. هەناسەی سوار بووبـوو. پاڵی ‌دا بە دیوارێكەوە. تۆزێ پشووی هاتەوە سەرخۆ. هەڵتـرووشكا. مێشك و خەیاڵی وەك خولخولە هەڵدەسووڕان. بیـری تۆڵە لە مێشكیدا ڕەگاژۆی دەكرد.
بۆ تاكسی ڕاوەستاوە. تاكسییەك هات، سواربوو. لە چەند جێ هەموو دابەزین، هەر ئەو ماوە. هەرچی زۆر بۆخۆی دێنێ ناتوانێ بیدركێنێ. دەڵێی زمانی بە مەڵاشوویەوە دووردراوە. دڵی وا لێدەدا جەستەی لەگەڵیا دەلەرێتەوە.
"تەشریف دەبەنە كوێ؟" شۆفیـری تاكسییەكە پێی دەڵێ. داچڵەكی. قرچەپێ هەستا. پشتی لە دیوارەكە كردەوە و بەرەو شەقام وەڕێ كەوت. لە قەراغ شەقامەكە ڕاوەستا. چــەن تاكسیی خاڵی بە بەردەمیدا تێپەڕین. ئەختوچاری كرد نەیتوانی دەست بۆ هیچ تاكسییەك بەرز كاتەوە و سوار بێ. سەرەوژوور هەڵـكشا. لە پاركی شار گیـرسایەوە. خشەخشی گەڵای وەریو لە ژیر لاقیدا ئەوەندەی دیكە مێشكی ئازار دەدا. پارك چۆڵوهۆڵ بوو. لە سەر سەكۆیەك دانیشت. فرمێسك لە چاویا قەتیس مابوو. زوو زوو هەنیسكی دەدا. سات لە دوای سات خەیاڵی تۆڵە زیاتر مێشكی دادەگرت. بەڵام نەیدەزانی چۆن تۆڵەی خۆی بكاتەوە.
تەپەی پێیەك هەودای خەیاڵی پساند. سەری هەڵێنا. لاوێكی جوانچاكی بۆشناغ چەن هەنگاو لەو لای ئەوەوە، سەری داخستووە و گەڵای وەریوی پارکەکە پێشێل دەكا. چاوێكی بەدەوروبەریا گێڕا. كەس دیار نەبوو. گەلای زەرد لە بەرۆكی دارەكان دەبوونەوە و دەنك دەنك دوای هێندێ چەرخوخول لێویان دەنا بە لێوی گەڵا وەریوەكانی دیكەوە. ویستی قاوی لێ بكا. هەرچی كرد دەنگی دەرنەهات. دیوارێكی كونكرێت خۆی لە گەروویدا هەڵچنیبوو. زمانی ببووە لەتكە بەرد و نەدەجووڵا... ساتەكان ژیلەمۆی ڕقیان باوەشێن دەكرد و دەیانگەشاندەوە. بەڵام هەرچی دەكرد نەیدەتوانی لە پردی ئابڕووی خۆی بپەڕێتەوە. هەستا سەر پێ. چاوێكی لە سەعاتەكەی كرد. دوازدەونیو بوو. چەن هەنگاو ڕۆیی پاڵی‌ دا بە دارێكەوە. لە بن دارەكەدا كڵاوێكی ڕەشی چڵكن خۆی لە سەرنجی هەڵساوی. بیـرێك وەك برووسكە لە مێشكی دەرپەڕی." كڵاوەكەی ڕەحمانە شێـ..." خۆی چەن جار دوور بە دوور دیتبووی هەر دەڕوا و گۆرانی دەڵێ.
"كچەكێ لە نێوەڕاستی بازاڕ، لە نێو ئەو عالەمەدا پەلاماری ژنێكی دا و خستی بە عەرزیدا. ژنە لە شەرمانا و لە ترسانا وەك هومایی سپی هەڵـگەڕا بوو. شێتە. كەسی نییە. دەڵێن لە دیوێكی چكۆڵەی قوڕینەدایە لەولای مەجبووراواوە. نزیک كانی..."
ئەو قسانەی لە خات كوبڕای جیـرانیان بیستبوو.
وەڕێ كەوت. لەگەڵ كۆڵێ خەیاڵ و كەسەر، لە قەراغ شار لەبەر دەركی دیوە چڵـكن و قوڕینەكەی ڕەحمانە شێت خۆی دیتەوە.

ئەمین گەردیگلانی

زستانی 1379


behnam5555 07-03-2013 08:12 PM

گۆڕبەگۆڕ
 

گۆڕبەگۆڕ


ئارەقەی ڕەش و شینم دەرداوە، هەتا ئەژنۆم لە قوڕ و لیتەدایە. قووڵكێكم هەڵكەندووە گەزێك پان و دوو گەز درێژە. قوڵنگەكەم لە لایەكی قووڵكەكە هەڵپەساردووە و پێمەڕە بەدەست قوڕ و لیتە دەردەدەم و كەوتوومەتە هەناسەبڕكێ. كاری خۆمە و دەبێ زۆر زوو تەواوی بكەم. بێتوو كارەكەم وەدرەنگی بكەوێ ، بۆگەن دەبـم. چركەیەك وێستانـم نییە. لەوەتا وە بیرم دێ هیچ‌كات ئاوا بە دڵ كارم نەكردووە و خۆم ماندوو نەكردووە.
ئاسـمان ڕەنگێكی خۆڵەمێشینی بە خۆیەوە گرتووە. كەشەهەورەكان دەڵێی ڕێگای كزربۆوەی دوای بارانەن و تەراكتۆر بەسەریان‌دا ڕۆیشتووە. بەرەبەیانێكی ساردە و هاڵاوی هەناسەم لە قووڵكەكەوە دێتە دەرێ و دەڵێی ئاوری تێدا دەكوژێننەوە.
جێگای گۆڕەكەمـم بۆیە وا لە حەوزە گەورە دوور خستەوە، ترسم بوو ئاوی حەوزەكە بدەڵێتە نێوی و بۆ هەتا هەتایە گۆڕەكەم شێدار بێ. ئەو شوێنەی هەڵمبژاردووە بە بەر لێژایی قەڵاكەوەیە و كەوتۆتە شانی ڕۆژهەڵاتی حەوزەگەورە. سەرەتا كە دەستم بە هەڵكەندن كرد، توێژێك چیمەنتۆی ڕەش و كەڕوواوی بوو. تا شكاندم تەواوی بەری دەستم بلۆقی دا و هەر قوڵنگێكم دادێناوە بلۆقێكی دەستم دەتەقی و ئاوەكەی لەگەڵ ئارەقەی تەوێڵم دەتكانە سەر عەرزەكە و خاكە بریندارەكە دەكەوتە سۆڵەسۆڵ. كاتێ دیتم درزێك كەوتۆتە چیمەنتۆكە، خۆشی كەوتە دڵم. نووكی تیژی قوڵنگەكەم تێگیراند، قرچەیەكی لێوەهات و یەك‌تەختە هەڵقەندرا. خۆڵەمڕەیەكی نەرم وەدەركەوت. تاشە چیمـەنـتۆم لەتوكـوت كـرد و لام ‌دایە قەراغ و دەستم‌ دا پێمەڕەكەم و خۆڵەمڕەم دەردا، تەپ و تۆزێك ساز بووبوو دەتگوت ڕەشەبا هەڵیكردووە. هەرچی پێمەڕەم لـێ دادەگرت هێندە نەرم و وشك بوو بە دەمی پێمەڕەكەوە گیر نەدەبوو و دەڕژایەوە خوارێ. بە هەڵەپڕووكێ و تاڵووكە خۆڵم دەردەدا؛ هێندەم خۆڵەمڕە پێوە نووسابوو و لەگەڵ ئارەقەی جەستەم تێك هەڵەنگووتبوون، دەتگوت وڕچەقوڕینەی منداڵانـم. هەرچۆنێك بوو بە چنگ و كۆش دواییم بە خۆڵەپۆتەكە هێنا و دەرم‌دا دەرێ. قەت ئەوەندە لە كار بە پەلە نەبووم، وەك ئاشی ئاور هەڵدەسووڕام. ئاخر بیستبووم ئەگەر مردوو زۆر بـمێنێتەوە دەماسێ. دەمگوت ئەگەر زۆر بـمێنێتەوە و بـماسێ، دەبێ گۆڕەكە گەورەتر بكەمەوە و ئەو وەختە شان و شەپیلكم دێنە دەر و لە هەڕەكە دەكەوم و تەرمەكەم هەروا بە دەرەوە دەمێنێتەوە و بۆگەن دەبـم.
دوای تەواو بوونی خۆڵەپۆتە، گەیشتە عەرزێكی وشك و ڕەق و قەڵشت‌قەڵشت. دەتگوت جێگەی گۆلاوە وشك بۆتەوە و تواتوا بووە. هیندە ڕەق بوو وەك بەفركوش وا بوو. نووكی قوڵنگەكە بە حاڵ دەیبڕی. هەڵمكەند و هەڵمكەند و هەڵمكەند. ئێوارە كە سەرم هەڵێنا، خۆر لە شانی بەردە زەردەوە خەریك بوو ئاوا دەبوو. منیش لە نێو قووڵكەكەدا بە حاڵ سەرم بە دەرەوە بوو. تا ئێستا گۆڕی ئاوا قووڵم نەدیبوو. بەڵام دەستم هەڵنەگرت لە هەڵكەندن. ئەو شەوە تا بەیانی هەر هەڵمكەند. كە گزنگ لەسەرانی دا و كفنی سپی بە بەر ئاسـمان دووری، خەریك بووم گۆڕیچەكەی هەڵكەنـم؟ پاتۆڵەكەم تا چۆكم هەڵكرد و كەوشەكانـم فڕێ دایە دەرێ؛ چونكە لە قوڕ و لیتەدا هەر جڵقەیان دەهات. گەیشتبووە ئاو و وەك زنە نەرم نەرم ئاو لە گۆڕیچەكەوە هەڵدەقوڵی، قووڵكەیەكی چكوڵەم لەبەر زنەكەدا دروست كرد و بینم پێوەنا، هەر ئاو هەڵقولێ و خواردمەوە. دەمـخواردەوە و دەمگوت با گوڕەكەم نەخووسێنێ و بەڵكوو ئاوەكەی دوایی بێ و دەست بكەم بە ناشتنی تەرمەكەم. هەروا كە بینم بە ئاوەكەوە نابوو، لەپڕ دەمم پڕ بوو لە قوڕ و وەك چەققە پێوەی نووسا.
كە هەستامە سەر پێ ئاوەكە وشكی كردبوو، زگم ببووە مەشكە. قوڕەكەم لە زارم كردەوە و تووڕم هەڵدا، تەماشام كرد هەرچوار ددانەكەی پێشەوەم بە تۆپەڵە قوڕەكەوە نووساون. بەپەلە دەستم برد بۆ دەمم، هەر دوو لێویشم لـێ ببوونەوە و دەمە بێددانەكەم ببووە كونە قرژاڵ. ویستم بێمە دەرێ و تەرمەكەم ڕۆهێڵمە خوارێ و بینێژم، ئەختوچارم كرد نەمتوانی وە سەر كەومەوە. لەو كەندڕە قووڵەدا گیرم خواردبوو. قوڵنگ و پێمەڕەكەم فڕێ دابووە دەرێ و پێگیرەم لەم بەر و ئەو بەری گۆڕەكە ساز نەكردبوو، كە پێی لەسەر دانێم و بێمە دەرێ. ویستم بە چنگ و نینۆك پێگیرە هەڵكەنـم، بەڵام تەواوی نینۆكەكانـم لەبن‌دا هەڵكەندرابوون، ئەوەندەم قوڕ و خیز و خۆڵ پێ دەردابوون. ددانیشم نەبوو. دەستەوئەژنۆ دانیشتم. دوای ماوەیەك سێبەرێكی نەرم بە سەرمدا كشا و بارانەیەكی گەرمم بە سەردا باری. كە سەرم هەڵێنا، خۆم بووم! دوازدە ساڵم تەمەن بوو، لەسەر لێواری گۆڕەكە وێستابووم و میزم هەڵدەداشت.
گوتـم: جا شەرم ناكەی؟ داناڕزێی، نازانی ئەوە قەبرە، بۆ میزی تێدەكەی؟
لەپڕ وەبیرم هاتەوە من لێرەدا گیرم خواردووە. بریا لێی تووڕە نەبوایەم، جا هەڵێ و بڕوا چ بكەم؟ كەسم وە گیر ناكەوێ داوای یارمەتیی لـێ بكەم. كەوتـمە پاڕانەوە. بەڵام ئەو قاقا پێم پێدەكەنی. لەپڕ وە بیرم هاتەوە لێو و ددانـم نەماوە و خۆم نەبێ كەس نازانێ دەڵێم چی. وا دیارە هەر لێم حاڵی نەبووە گوتوومە چی. بۆیە تۆزێ دڵم خۆش بوو بەوەی كە ڕەنگە لەم تووڕە بوونەم نەگەیشتبێ. گوتـم كاكە چكۆل گیان! ئەو قوڵنگەم بۆ بـخە خوارێ، ناتوانـم بێمە دەرێ. پێگیرەی پێ دروست دەكەم. ئەو مەیتەی لەوێیە بۆگەن دەبێ. دەستی كرد بە پێكەنین و هەڵبەزدابەز لە قەراغ گۆڕەكە؛ هەرچیم دەكرد لێم حاڵی نەدەبوو. گڵی دەكرد بە سەرم‌دا، بەردی پێدا دەدام. خوداخودام بوو قوڵنگەكە یان پێمەڕەكەشم پێدا دا بەڵكوو یەكیانـم وە دەست كەوێتەوە و بە لەونێك بتوانـم لەو قووڵكە بێمە دەرێ. خودا و ڕاستان قوڵنگەكەی هەڵگرتبوو نابوویە سەر سەری و دەیگوت پێتدا دەم، بیدەم بەسەرتدا؟ بتكوژم؟ لە دڵی خۆمدا دەمگوت ڕۆڵە گیان كێ دەكووژی؟ من لە مێژە مردووم. ئەوە نییە گۆڕ بۆ خۆم هەڵدەكەنـم. بە سەر و دەست داوام لـێ دەكرد قوڵنگەكە بهاوێ، بەڵام نەیدەهاویشت. لەپڕ لەسەر گڵەكە لاقی خزی و تلاسكەی بەست. قوڵنگەكەی لە دەست بەربۆوە و كەوت بە سەر قامكەكەڵەی لاقی چەپەمدا. سەرم لە گێژەوە هات و دڵم سست بوو. كە سەرم هەڵێنا كوڕە لەسەر لێواری گۆڕەكە گیر ببوو خەریك بوو بە سەرەوە بەردەبۆوە. لە تاوان هەستامە سەر پێ و باوەشم بۆ گرتەوە. دوای هێندێ گریان و قیژەقیژ جووڵەیەكی كرد و كەوتە خوارێ. قورسایییەكەی بەسەر هەردوو دەستمدا درا و شتێك وەك دووكەڵ و تەپوتۆز بەرز بۆوە. كە تۆز و دووكەڵەكە ڕەوی، تەماشام كرد بە غەیری خۆم و قوڵنگەكە و هێندێ خاك و خۆڵی داوەریو هیچی دیكە لە نێو گۆڕەكەدا نەبوو.
هاتـمە دەرێ. تەرمەكەم چەن هەنگاو لەولا گۆڕەكەوە درێژ كرابوو. بەرماڵەكەی هەروا بە سەرەوە بوو، با لۆیەكی هەڵدابۆوە. لاقی چەپی وە دەر كەوتبوو، قامكەكەڵەی ڕەش و شین هەڵگەڕابوو. بەرماڵەكەم داداوە و وە دووی كفن كەوتـم. دووكانی بەزازی نەما سەری پێدا نەكەم، كفن لە هیچ كوێ وەگیر نەدەكەوت. نازانـم زۆرم پێچوو یان كەم، لەپڕ وە بیرم هاتەوە تەرمەكەم بەجێ هێشتووە. بە هەڵاتن گەڕامەوە. سەگێك لە ژوور سەرم باوێشكی دەدا و پشیلەیەك دەمی نابووە نێو جەرگ و دڵم و خوێنە خەستەكەی دەخوارد و سـمێڵی دەلستەوە. بەردێكم ڕێهاڵاندن، هەڵاتن. مەیتەكەم بە كۆڵمدا دا و بە بەرماڵەكە توند لە خۆمم شەتەك دا و كەوتـمە گەڕان. دووكان نەما نەچم و داوای كفنی لـێ نەكەم. بە سەر و دەست و زمان ئاماژەم دەكرد، كەسم لـێ حاڵی نەدەبوو. پاش گەڕانێكی زۆر لە دووكانی قەسابێك باوەشێكیان ڕۆژنامە دامێ و گوتیان تێوەی پێچە لە كفن نامێنێتەوە.
بەرە و حەوزەگەورە گەڕامەوە. دیوارەكانی هەموو هەڵتەكابوون و حەوزێكی سەرئاوەڵا و ڕووناك بوو. هەرچوار دەوری چیمەن و سەوزەڵانی بوو. مەیتەكەم لەسەر تاتەبەردێك دانا و بە مست ئاوم پێدا كرد و دەستم كرد بە شۆردنی. دەستم بە هەر جێیەكیدا دێنا پێستەكەی دادەماڵكا و گۆشتێكی شین و خۆڵەمێشی وە دەر دەكەوت. ڕۆژنامەكانـم هێنا و تێوەم پێچا. لە هەر لایەكم دەپێچا یەسقانەكانی دەشكان و ڕۆژنامەكەی كون دەكرد. لاقم دەپێچاوە دەستم لـێ دەبۆوە، دەستم دەپێچاوە سەرم لـێ دەبۆوە. وای لـێهات زیاتر لە بیست تۆپەڵە گۆشت و یەسقانـم لە ڕۆژنامە پێچابوو و لەسەر بەرماڵەكەم دانابوو. دەتگوت بەشەگۆشتی قوربانییە ڕیزم كردوون. پاشان بەرماڵەكەم گرێ دا و دام بەشانـمدا و چووم بۆ لای گۆڕەكەم. تەماشام كرد تاتە بەردێكە دەڵێی سەدان ساڵە كەسی بەلادا نەچووە. گۆڕەكە پڕ كرابۆوە و تاتە بەردەكەیان لەسەر دانابوو. كە تەماشای لێواری بەردەكەم كرد بە خەتی بزماری نووسرابوو مێرمنداڵێكی دوازدە ساڵان لەم شوێنەدا نێژراوە و كەس تا ئێستا نەیزانیوە كێیە و ناوی چیە؟! بەرماڵەكەم لە شانـم توند كرد و وەڕێ‌كەوتـم. ئێستا شاخ و دەشت و دۆڵانـم هەموو پشكنیوە، جێیەك نییە ئەم تەرمە لەت‌لەت و هەڵپڕووكاوەمی لـێ بنێژم.

ئەمین گەردیگلانی

بەهاری 1381




behnam5555 07-03-2013 08:17 PM

كۆیلە
 

كۆیلە


«ئەوە منداڵە بەخێوت كردووە؟ تازە تا دەمرێ دەبێ هەر ئاوا فەلەج بێ. ئەوەش وەڵامی ئازمایشەكانی: ئەو منداڵە كاتی لەدایك بوون عەیبی نەبووە. ئەگەر نازانی منداڵێك بەخێو كەی بۆ شووت دەكرد؟ چۆن منداڵی سێ ساڵان ئاوایە؟ دەڵێی نەمەییوە. چیت داوەتێ؟ شیری خۆت یان شیری وشك؟»
چاوێكت لە مێردەكەت كرد. ڕووبەڕووی تۆ لەسەر كورسیلەیەك دانیشتووە. چاوت لە چاوی بڕی. چاوت چاوی بەزاند. سەری داخست.
***

تازە چلەی كوڕەكەت چووبوو. بە دەنگی گریانی ڕاچڵەكیی. تەزوویەك لە تەپڵی سەرتەوە مێروولەی كرد و لەبەری پێتەوە دەرچوو. ویستت هەستی. تەكانێكت لە خۆت دا. دەتكوت بە تەختەی فەڕشەكەوە دووراوی. ئاوڕێكت دایەوە. خەسووت لە هاڵەكە نەبوو. هێواش هاتییە خوارێ. بەرەو گریانی كوڕەكەت ڕۆیشتی. گریانەكەی ئاسایی نەبوو. پاڕانەوە، برسییەتی. گریانی منداڵێكی برسی. لە درگای دیوی خەوەكەتان نزیك بوویەوە. خەسووت لە درگای چێشتخانەكە هاتە دەرێ. لەبەر دەركی دیوەكەدا لووتتان بە لووتی یەكدا تەقی. مەمكە شووشەیەكی پڕ لە قەنداوی بەدەستەوە بوو. دەتكوت پشكۆی ئاورە بە دەستییەوە و دەیهەوێ بینێ بە دڵتەوە! مۆڕەیەكی لێ‌كردی و لچی هەڵقورتاند. زمانێكی بەملاولای دەمیدا هێنا و گوڕاندی:
ـ ژنەتیوە ساویلكەیە! تۆ بنیادەم نەبووی. بە قوربانی خودا بم. تۆ کوا خواردنی كوڕەكەی من بووی؟ دڵم خۆشە ژنم بۆ كوڕم هێناوە، دەك تووی ژن ببڕێ. چەن جارم پێ‌گوتووی، بۆ هەوەڵ و ئاخر جوان لە گوێی گرە. جارێكی دیكە گوێت لە گریانی ئەو كوڕە بێ و لەسەر تەونەكە هەستی و بێی بە لایدا خۆم دەزانم...
لە سووچێكی درگاكەوە چاوێكت لە كوڕەكەت كرد. دەگریا. سەری بە لای بێشكەكەدا شۆڕ بووبۆوە. بوغزێكی تاڵ گەرووتی ڕێك‌گوشی. تف لە زارتدا وشك بوو. جەستەت قورس بوو. نا، سووك بوو. خۆشت نەتزانی چیت لێهاتووە. دڵت توند ببوو. ڕاوەستابوو. نا، بە پڕتاو لێی دەدا. ئەوە بۆ وات لێهاتووە؟ ئەژنۆت دەلەرزی. بە هەنگاوی شل و دڵەكوتەوە گەڕایەوە. بە دوو سێ تەكان توانیت بچییەوە سەر تەختەی تەونەكە. دەستت دا قولاپەكە. پەنجەكانت دەلەرزین. هێزیان تێدا نەبوو. بەری دەستت مێروولەی دەكرد. چاوت لە ڕەشەوە دەهات. كوڕەكەت بە دەنگی كپ و دەمی مەمكەمژە تێ‌ئاخنراوەوە هەنیسكی دەدا. گەرمایەكی تێكەڵ بە مۆچڕك لە دڵتەوە داگەڕا و لە هەناوتدا پێچێكی خوارد و بە هەر دوو لاقدا داگەڕا و بن چۆكت گەرم داهات و هەر دوو بەری پێت سڕ بوون. سەرت لە گێژەوە دەهات. تاڵەكانت نەدەدی. كزە لە قامكت هەستا. قولاپەكەت لە دەست كەوتە خوارێ. دەستە بێ‌هێزەكەی دیكەت بێ‌ئیختیار لەسەر برینەكەت گیرسایەوە. دوو سێ دڵۆپ خوێن ڕژا سەر كۆشت. لەسەر گۆناتەوە دوو ڕیز فرمێسك قەتارەیان بەست و لە چەناگەت داوەرین و لەگەڵ خوێنەكە تێكەڵ بوون. خۆشت نەتدەزانی بۆ ئەسرین لە چاوت دەڕژێ. لە تاوی كوڕەكەتە؟ لە بەر ژانی زامەكەی قامكتە؟ یان بۆ بەخت و نێوچاوانەكەتە؟
لەبەر خۆتەوە دەگریای. نا، ورتەت دەهات:
«خۆ من زۆر لە مێژە فرمێسكم پێ نەماوە. كانیلەی چاوم وشكی كردووە. ئەو دڵۆپە ڕووناكانە چین لە چاوم هەڵدەوەرێن؟! دڵم لەمێژە ژاكاوە، گریانم لەبیر چۆتەوە. گریانم پێ نەماوە. ڕەنگە سۆمای چاوم بن هەڵدەوەرێن. چش. چاوم بۆ چییە؟ ژیانم بۆ چییە؟»
دوكتۆر دیسان گوڕاندی:
«لەگەڵ تۆم نییە؟! بۆ ویشك بووی. دەڵێم چی دەدەی بەو منداڵەکەت؟ شیری خۆت یان...»
چاوت دیسادن لەسەر چاوی مێردەكەت گیرسایەوە.
شەو بوو. دەستت خستبووە سەر شانی مێردەكەت و پێت كوتبوو:
«پیاوەكە منت خۆش دەوێ؟»
قاقای توندی مێردەكەت زرینگەی لە گوێت هەستاندبوو. بە بزەیەكی شیرینەوە پێت كوتبوو:
ـ سووك پێبكەنە كوڕەكە خەوتووە، دادەچڵەكێ.
پێشت خۆش بوو لە خەو هەستێ. هەتا مەلابانگدان دەمی بە مەمكتەوە بێ و چەك و چڕیان دا. تێرتێر چاو لە چاوی بڕی و بیگوشی بە سینگتەوە. بە قامكە ڕەقەڵەكانت بەرمل و چەناگەی ختیلكە دەی و بە پشت پشت وەپێكەنینی بخەی. با ئەو لەباتی تۆش پێبكەنێ. بەڵام تەنیا نیو سەعات لەسەر كۆشت بەخەبەر دەبوو و مەمكتی دەمژی. لەپڕ دەمی شل دەبوو و خەوی لێدەكەوت. بە ڕۆژدا هێندە دەگریا و برسییەتی پێچی بە زگیدا دێنا، خەو نەدەچووە چاوی. بۆیە شەوێ خێرا خەوی لێدەكەوت. كەم وا بوو هەر دوو مەمكەكەت بمژێ. مەمكێكیانی بە تەواوی نەدەمژی. تێری دەخوارد و خەو شلی دەكرد.
«پیاوەكە! گوێم بۆ ڕادەگری؟ دوو سێ كەلیمە قسەم لە دڵـ...»
دیسان قاقای كێشابوو. ئەمجارەیان بە تووڕەیی كوتبووی:
«ـ قسە! قسەی چی؟ تۆ قسە چووزانی؟ دایكم چاكت دەناسێ. تۆ قسە چووزانی؟ دەزانم دەتەوێ بڵێی چی. هەر درۆ و دەلەسەكەی شەوانی دیكەیە. دەڵێی دایكم...»
« ـ نا، ئەو كوڕ...»
«دەمت لێك نێ. تۆ و زمان درێژییان نەگوتووە.»
زللەیەكی خێواندبووە لا ڕوومەتت.
تەڕییەكی گەرمت لەسەر ناوكت هەست پێكرد. مەلی بیرت بە باڵ لێدانێك گەڕایەوە. مەمكت بزووتووە. تك‌تك شیری لێ‌دەچۆڕێ. لە مێژە لەگەڵی ئاشنای. هەموو ڕۆژێ دیوتە. هەموو ڕۆژێ لەسەر تەونەكە مەمكت دەبزووت و بەر زگ و ناوكتی دەخووساند. ئەو كاتانەی بە دەم هیلمە تێوەدانەوە، بە خەیاڵ كوڕەكەت لە باوەش دەگرت و دەتگوشی بە سینگتەوە. لەپڕیش بە تەڕایی مەمكت یان بە گریانی كوڕەكەت ڕادەچڵەكای. ئێستاش خەیاڵ لە خۆیەوە پێچابووی. وەك خەڕەك مێشكی هەڵدەسووڕاندی و بەنی هەموو ژانەكانتی لەسەر ڕۆحت هەڵدەكردەوە. بزووتنی مەمكت وەخۆی هێنایەوە. تەنیا شەواوشەو كاتی خەوتن دەتتوانی مەمك بدەی بە كوڕەكەت. ئەویش هەموو شەوێك نا. زۆربەی شەوان خەسووت لانكەكەی هەڵدەگرت، لەگەڵ مەمكەشووشەی پڕ لە قەنداغ دەیبردە دیوەكەی خۆی. لەگەڵ ئەوەی بە شەقوكوت بێشكەكەی دەبرد و پێچكە و كەمەی لە چوارچێوەی درگاكە دەكوتا، بۆڵەی دەهات:
«ـ چۆن دێڵم دێڵە ساویلكەی وا كوڕم بۆ بەخێو كا. چۆن...»
ئیتر شەو و دڵ گوشران. شەو و ژان. شەو و دابڕان. خوێ لە چاوت دەكرا. ئەگەرچی بەیانی شەو و ڕۆژی تەقە لە درگا هەڵدەستا و دەبوو بە دەم باوێشك و وەنەوزەوە بچییەوە سەر تەونەكە. بەڵام ئەو شەوانەی ڕۆڵەت لەبەر هەڵدەگیرا، ژان ڕەپێچەكی دەدای. پرخەی مێردەكەشت دەبووە مشار و كاسە سەرتی دەبڕییەوە. دەبووە مار و بە هووشەهووش لە ملت دەهاڵا. دەمی ژەهراوی دەنا دەمتەوە و بە گەرووتا دەچووە خوارێ و بە پەڕەی دڵتیەوە دەدا. ژاراوی تێكەڵ خوێن و ڕۆح و هەستت دەكرد.
دوكتۆر دیسان وەدەنگ هات:
ـ لەگەڵ تۆمە! نەخۆشی دیكەمان هەیە. دەڵێم...
چاوێكت لە مێردەكەت كرد. سەری داخستووە. سوور هەڵگەڕاوە. سەری هەڵێنا. لەبەر تەوژمی نیگاتا خۆی نەگرت. سەری داخستەوە. ڕەنگە قسەكانت لە گوێیدا بزرینگێتەوە:
«گوێم بۆ ڕادەگری دوو سێ كەلیمە قسە بكەین؟»
هەستا پێ، ئیتر دەموچاوە سوور هەڵگەڕاوەكەی نەمابوو. زەرد. یان سپی و زەرد. زەرد هەڵگەڕابوو. چاوی فرمێسك تێزاوی لە دوكتۆر بڕی و كوتی:
ـ ئەو، هیچ تاوانێكی ... نییە... مـ ... مـ.... من....
لە پڕمەی گریانی دا و بە پڕتاو بەرەو درگاكە ڕۆیی. تۆش چاوێكت لە دوكتۆر كرد. هەنیشكی لەسەر كورسییەكەیە و بە قەڵەمەكەی ورد ورد لە ناوچاوانی خۆی دەدا. كوڕەكەت وەك مەلۆتكە بە باوەشەوە گرت و هەستایە سەر پێ. لە پشت فرمێسكی چاوتەوە دوكتۆرت دی خەریكی نووسینی نوسخەیە. بە ئەسپایی لە درگاكە چوویە دەرێ و وەدوای مێردەكەت كەوتی.

ئەمین گەردیگلانی


پایزی 1375


behnam5555 07-03-2013 08:19 PM

ناو
 
ناو

زەنگی ئاخر بوو، درگای پۆلی سێهەمی سەرەتایی كرایەوە. تێكڕا قرچەپێ هەستان. درگای پۆلەكە پێوە درایەوە و مامۆستا لە پاڵ تەختە ڕه‌شەكەدا وێستا و چاوی لە پەنجێرەكەوە چەن چركەیەك هەڵڕشتە ئەو دیو. منداڵانی پۆلی پێنجەم بە حەوشەكەدا غاریان دەدا. سەرنجی لە ژێر پێیان هەڵگرتەوە و بە سووڕێكی ملی هێنای لەسەر تەختە ڕه‌شەكە چەقاندی. خاڵ و چوكڵەی چەند پیت لە گلێنەی هەڵچەقین و ڕۆچوون بەرەو مێشكی و لەوێوە داگەڕان بۆ دڵی.
ـ كێ ئەوەی نووسیوە دیسان؟
منداڵەكان هەریەكەی دەست و سەرنجی خۆی بە شتێكەوە خەریك كردبوو. ئەویش لە سووچی پشتەوەی پۆلەكە كتێبەكەی بە بەرچاوییەوە گرتبوو دەگریا. هەر دڵۆپە فرمێسكێكی لاپەڕەیەك بوو و خەمێكی ئەوی لەسەر تۆمار كرابوو. مامۆستا بانگی كرد بێتە بەر تەختە ڕه‌شە بەڵام هێزی هەستانی نەبوو.
"وەك شوانەی جیرانمان خۆزگە منیش باوكم پێی نەخوێندمایە و بیدایەم بە ڕەنجبەر، چا نەبوو لە خەڵك و منداڵان دوور دەبووم."
مامۆستا دیسان بانگی كردەوە.
ئەو ڕۆژەی پووری و ژنی جیرانەكەیان هاتبوون بۆ ماڵی ئەمان، پووری بانگی كردبوو بچێ و ماچێكی بداتێ، جیرانەكەی ماڵی پووری گوتبووی:
ـ هەر بە ڕاستی ناوەكەی وایە؟
ئەم وەك ئێستا سەری بەردابۆوە و لە نێو خۆیدا كوڵابوو. هەستی بە توانەوە و ئارەقە دەردانێكی سەیر كردبوو. زۆر جار تووشی ئەم جۆرە شەرمەزار بوونە بووبوو.
پۆلەكە هەروا بێدەنگ بوو، سریوەی لێوە نەدەهات. مامۆستا هاتە پەنای، دەستی بە سەریدا هێنا و ماچی كرد.
ئەو ڕۆژە پووری گوتبووی: ئەگەر كوڕی من بوایە قەتم ئەو ناوە لێ‌نەدەنا.
دایكیشی گوتبووی: دایكی كوێر بێ زۆر پاڕامەوە و تكام لە باوكی كرد. جوابی نەدامەوە. دەیكوت نابێ ناوی باوكم كوێر بێتەوە.
مامۆستا دەستی گرت و بردی بۆ بەر تەختە ڕه‌شەكە و هەورەكەی دا دەستی و گوتی:
ـ بە دەستی خۆت پاكی كەوە.
ئەم هێشتا نەیدەزانی مردن هەیە، دەنا خۆشی وەك ناوەكەی دەسڕییەوە. دەستە بێ‌هێزەكانی هەڵێنا و بە دەم هەنیسكەوە ناوەكەی پاك كردەوە.
مامۆستا بە بزەیەكی شیرینەوە گوتی:
ـ بڕۆ دانیشەوە.
ئەم سەری بەرداوە و لەگەڵ هەموو خەمە ورد و درشتەكانی لە سەر جێگاكەی دانیشتەوە.
مامۆستا گوتی: ئێستا كتێبی بیركاری دەربێنن. وریا و هیوا بران، وریا هەشت گوێزی پێیە، ئەگەر چواریان بدا بە هیوا...
"بریا منیش برای ئەوان بوایەم. گوێزەكەی خۆشم دەدا بە ئەوان."
مامۆستا هاتە تەنیشتی وێستا. دەستی نا سەر شانی و گوتی: «نازانی چەندی بۆ دەمێنێتەوە؟»
لە سووچی دیواری كۆڵانەكەیان هەڵترووشكاوە. حەوت هەشت منداڵ تۆپێن دەكەن. كاك ڕه‌حیمی جیرانیان دەستی خستبووە سەر شانی و گوتبووی:
ـ نازانی تۆپێن بكەی؟
مامۆستا گوتی:
ـ هەستە بزانم دەزانی.
كاك ڕەحیم دەستی گرتبوو بردبووی بۆ نێو منداڵەكان. دەمی تێكڕای منداڵەكان دەرزییان لێ دەباری و لە گوێچكە و دڵی هەڵدەچەقین.
منداڵەكان پڕ بە پۆلەكە دەنگیان هەڵێنا و گوتیان: چوار، مامۆستا چوار!
لە نێوەڕاستی كۆڵانەكە ڕاوەستاوە. منداڵەكان بە دەوریدا هەڵدەخولێن و وشەی سەیر و سەمەرە بە ناوەكەیەوە دەلكێنن.
تۆپەكە بەڕەڵڵا بووە و دەستی كردووە بە تلارۆكێ و بە كۆڵانەكەدا دەڕواتە خوارێ. دەیهەوێ خۆی بخاتە جۆگەكەوە. هەر تۆپەكە سووڕ دەخوا و ئەم سەری لە گێژەوە دێ. تۆپەكە سووڕ دەخوا و ئەم سەری لە گێژەوە دێ. تۆپەكە سووڕ دەخوا و ئەم سەری لە گێژەوە...
مامۆستا دەستێك بە فرمێسكی سەر ڕوومەتیدا دێنێ، دەیسڕێ و دەڵێ:
ـ تۆش دەزانی وریا چوار گوێزی بۆ دەمێنێتەوە؟
تۆپەكە سووڕ دەخوا و ئەم سەری لە گێژەوە دێ. تۆپەكە خۆی فڕێ دەداتە نێو جۆگەكەوە ئەمیش لە نێوەڕاستی كۆڵانەكەدا دەكەوێ بە عەرزدا. دێ هەستێتە سەر پێ، لە سەر كورسیلەكەوە بەلادا دێ و لەبەر پێی مامۆستاكەیدا دەدرێ بە عەرزدا. مامۆستا هەڵیدەستێنێتەوە و لەسەر كورسیلەكە دایدەنێتەوە و لە پاڵیدا دادەنیشێ.
لە نێوەڕاستی كۆڵانەكەدا كەوتووە و ناتوانێ هەستێتەوە. منداڵان هەر یەكەی بە لایەكدا هەڵدێن. كابرایەك خەتێكی بە دەوردا دەكێشێ و بە هەر دوو دەستی چاوی دەگرێ. دوای چەن چركەساتێك هەڵدەستێتەوە و خۆی دەكاتەوە بە ماڵێدا.
زەنگی قوتابخانە لێ‌درا.
ـ جوانە مەرگ بی، فریای جل شتنت ناكەوم. دیسان خۆت قوڕاوی كردووە.
قیژەی دایكی زرینگەی لە مێشكی هەستاند.
لە قوتابخانە هاتنە دەرێ، سەرنجی چاوی فرمێسكاوی و لاقە بێ‌هێزەكانی بە سەر گڵ و بەردی كۆڵانەكەدا دەخوشێن. دەنگی تێكڕای منداڵەكان ناوی ئەمیان كردۆتە گۆرانی و كۆڵانەكەیان وەلەرزە خستووە.


ئەمین گەردیگلانی

behnam5555 07-03-2013 08:21 PM

مەرگ و بیرەوخەو
 

مەرگ و بیرەوخەو

سات لە دوای سات هەوا تاریكتر دەبێ و ترووسكەی چاوی پەنجێرە بۆ بڕینی جەرگی شەو تیژتر دەبن. شەو بایەكی فێنك هەڵی‌كردووە و وڵاتی ناوەتە ژێر ڕكێفی خۆی. دەنگی زەنگوڵەی ڕانەمەڕێك لە دووری ئاوایی گوێچكەی شەو بە ئەسپایی ختووكە دەدا. لە نێو دار بەڕووەكانی بەرقەدی كێوە هەڵۆ لوورەی گورگێك دێتە گوێ. شوانە حەجمانی نییە، گۆچانەكەی لە قۆڵی كردووە، هەر دێت و دەچێ و دەدا بە ڕانی خۆیدا:
ـ پەككوو ملی شەیتان شكێ، بیری مردنم بوو بیری ئەوم نەبوو. ناكرێ مێگەلەكەش بەجێ بێڵم، هەموو خەتای ئەو واوا لێ‌كراوە بوو، ڕۆژ نییە شڵتاخێك بە پیاو نەكا! ئەو هەرایەی ئێوارە لەسەر هیچ و خۆڕایی سازی كرد، هەر ئەوە بوو نەمردم، خودایە هەقی من و ئەو پیرە زەلیلەی لێ‌بستێنی!
خەوێكی قورس گوندی داگرتووە، شەوقی پەنجێرەیەك نابینی، دێ وا بە گۆمی مەنگی بێدەنگیدا ڕۆچووە، دەڵێی زیندەوەرێكی تێدا ناژی. تەنیا لە قەراغ ئاوایی دەلاقەی دیوێك جار ناجارێك شەوقێكی كزی لێوە دەردەكەوێ، ئەویش هەر جارێ شەوبا هەناسە هەڵدەكێشێ پەنجێرەكە دەكرێتەوە و لەگەڵ وێستانی با، پێوە دەدرێتەوە. پەنجێرەكە نایلۆنێكی تێگیراوە، هێندەی تۆز و دووكەڵ لێ‌نیشتووە كە پێوە دەدرێ شەوقی نێو ژوورەكە نابیندرێ، كاتێ بە شنەی با دەكرێتەوە و پێوە دەدرێتەوە دەڵێی پیرە پیاوێكی بێ‌خەوە باوێشك دەدا. لە نێو دیوەكەدا ناڵە و نووزەیەك دێتە گوێ و بێدەنگیی ژوورەكە دەشكێنێ، لەنتەرێك لە تاقەیەكی چكۆڵە و قورماویدا ترووسكەی دێ. لایەكی شووشەكەی بە دووكەڵ ڕەش داگیرساوە. جیكەجیكی سیسركە بۆ ساتێكیش نابڕێتەوە. لە سووچێكی ژوورەكەدا جێوبانێك ڕاخراوە، پیرە پیاوێكی ڕەنگ بزركاو و ڕەقەڵە ڕاكشاوە، پەیتا پەیتا دەناڵێنێ: «ئاخ سووتام، ئاخ خنكام.»
وەك مێوژۆكە دەلەرزێ، ئارەقەیەكی ساردوسڕ بە ڕوومەتییەوە لەبەر شەوقی لەنتەرەكە بریقەی دێ. تاو و یاوێكی بە تەوژم دایگرتووە، لێفەكەی لە خۆی كردۆتەوە، لای چەپییەوە لە پەنا دیوارەكەدا گرمۆڵە بووە. گۆزەیەكی لێو شكاو و ئاوخۆرییەكی ڕۆح لە ژوور سەری سووچێكی بەڕەكەی بۆ هەڵدراوەتەوە، گۆزەكە ئاوی دەڵاندووە و بە قەرای بستێك دەوری تەڕ بووە. دەم‌ولێوی پیرە پیاو وشك هەڵاتووە، لە دوێنێ شەوەوە ئاوی وێ نەكەوتووە. جارجار بە بێوازی سەری دەجووڵێنێتەوە، دڵۆپێك ئارەقە بە ڕوومەتیدا دێتە خوارێ و دەچێتە گۆشەی لێوی. بە دەم ناڵەوە زمانێكی پێدا دێنێ، دەنگی ناڵەی بەرزتر دەبێتەوە.
دروێنە دەكا، سەرپاڵەیە، بەری لە پێش هەمووانەوەیە، ئارەقەی زوڵاڵ و سوێری ماندوویەتی، دەم‌وچاوی شڵتان كردووە. گەنم خۆ لەبەر شان و باهۆ و گەوزی داسیدا ناگرێ، دوو سواڵەی باقەیەكە، لە تینووانا دەمی وشك بووە، گوێ بە تینوویەتی و ماندوویەتی نادا، تا بەرەكەی دەر نەكا شانی هەڵناهێنێتەوە. ئەوین لە دڵیدا هێلانەی كردووە، دڵی گەرمە، بە دەم دروێنەوە گۆرانی دەڵێ، چریكەی لە نێو دڵی كێوەكانی دەوربەریدا بووە بە زایەڵە.
پشووی سوار بووە، قۆخەیەكی وشك لە گەروویدایە، پیرانی پێ‌بەستووە، هەناسەی وەختە ڕاوەستێ، دوای تاوێ كۆخە تاڵەكە گەرووی بەردا، لەگەڵ ئاخێك... مەلی بیری بە بەردی ناهومێدی پێكرا و لەنگەری باڵی تێك‌چوو. بەجێی ئارەقەی گوڕ و تین ئێستا جواناو دەموچاوی خووساندووە، لە جێی چریكەی گۆرانی، ئاخ و ناڵەی ناهومێدی چنگی لە گەرووی گیر كردووە، بۆ قومێ ئاو وەختە ئیمان بدۆڕێنێ. لەبەر خۆیەوە دەڕاوێنێ: «شوانە، شوانە گیان، لە كوێی؟ ئاخ خنكام، ئاخ سووتام...»
نركەیەك لە دڵییەوە هات. بوغز و خەم لەگەڵ دەستی مەرگ ئەوكی دەگوشن، نووزەی دەرنایە، وەك منداڵ هەنیسك دەدا، چاوی ئاوەڵایە تەم وەسەریان كشاوە، وشەیەك لە گەروویدا گیری كردووە، هەرچی دەكا بۆی نایەتە سەر زمانی. مەرگ و بیرەخەو لە سەر مێشك و ڕۆحی مەچەكیان لێك توند كردووە، ئەمیان بەرەو پێشەوەی دەكێشێ و ئەویان بۆ دواوە، مەرگ دەستی شل دەبێ و بیرەخەو بۆ دواوەی دەگێڕێتەوە.
ئێوارەی هاوینە، وڵات تاریك داهاتووە، لە مەزراوە بەرەو ماڵ دێتەوە، گەیشتەوە نێو دێ، بە كۆڵانی ماڵی دڵدارەكەیدا دەڕوا، لەبەر دەركەی ماڵەكەیان تارماییەكی دی، دڵی داخورپا، نزیكتر بۆوە، ناسییەوە، نازدارە، دیارە چاوەڕوانی ئەمە، نازدار ماندوو نەبوونی لێ‌كرد، لە نێو درگاكەدان، هەر یەكەی پاڵیان داوە بە بەرێكەوە، لە دوورەوە بۆنی هەناسەی یەكتری هەڵدەمژن. قەول و بەڵێن درا، هەردووكیان ڕازین.
پاییزە، جووتیار و سەپان هەموو لە كار بوونەتەوە، دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا گوێچكەی دێی پڕ كردووە، ڕەشبەڵەك گیراوە، ئەم‌سەرەوسەری دیار نییە.
مێشكی خەریكە بتەقێ، وەهەناسەبڕكێ كەوتووە، ڕەشبەڵەك و چەمەرچۆپی شانیان لە یەكتری توند كردووە و لە گۆڕەپانی مێشكیدا هەڵدەبەزەن! هەرچی دەكا بۆی لە یەكتر جیا نابنەوە، ئەم‌سەرەوسەری ئەو بیست و شەش ساڵە وێك‌هاتوونەوە، وەك دەزووی ئاڵۆزكاو سەر و بنی بۆ نادۆزرێتەوە.
زۆرەبانی مەرگ و بیرەخەو هەروا بەردەوامە، مەرگ هەستاوەتەوە، بیرەخەو لە ژێر چۆكیدا جووڵەی لێ‌بڕاوە.
شوانە وەك خولخولە هەڵدەسووڕێ، مەڕەكانی ڕه‌پێچەك داوە، دڵی بە پڕتاو لێ‌دەدا، بەرەو ئاوایی مێگەلی وەپێش داوە و لەبەر خۆوە ورتەی دێ:
ـ دوێنێ ئێوارە زۆر ناساغ بوو، مام لاوەی داماو دەك خەجاڵەتت خۆم، قەولم پێ‌دای هەموو ئێوارەیەك سەرت بدەم. تۆ هەر بۆ چارەڕەشی دروست كراوی، چەندەت كوێرەوەری و چەرمەسەرێ كێشا. دوای مەرگی پوورە نازدار حەوت ساڵت بە بێوەمێردی ڕابوارد، تا هێزت بوو خۆت بەڕێوە هێنا...
نەوتی لەنتەرەكە تەواو بووە، بە پرتەپرت ئاهەنگێكی بەسامی ساز كردووە. لە ئێوارەوە شەوبا جارجار پەنجەی ساردی بە پەنجەرە بچووكەكەوە دەنا و دەیكردەوە و لەشی لاوازی باوەشێن دەكرد، لەپڕ ئەویش خەوت، لەگەڵ خەوتنی شەوبا پەنجێرەكەش لە باوێشك‌دان كەوت و لەنتەرەكە كوژاوە و ژووری دار و دیوار داڕووخاو لە نێو جەرگی تاریكەشەودا بزر بوو.

ئەمین گەردیگلانی


زستانی 1374

behnam5555 07-03-2013 08:27 PM

بانگی بەیانی
 

بانگی بەیانی [1]

دیسان بە جیڕەی درگای مزگەوت لە خەو ڕاچەنیم، غەفووریش كە لە پاڵ مندا نوستبوو كەوتە جووڵەجووڵ. ئەو خودا غەزەب لێگرتووە هەركە دەرگاكەی بە جیڕەجیڕ دەكردەوە ـ چونكە كەركەرۆكی دەركەكە تۆزێ لە تەختی مزگەوتەكە بەرزتر بووـ بازی دەدا ئەم دیوی و دەرگا شڕەی لە پشت سەری بەڕەڵڵا دەكرد، چوارچێوەی لەق و دەرگای تەختە وا بە یەكا دەدران و شەقەی دەهات، دەتگوت تۆپەكەی وەستا ڕەجەبە! نەك ئێمەی لە خەو ڕادەپەڕاند، گەڕەكە ماڵێكی لەولاتریشەوە وەخەبەر دێنا!حوجرەكەی ئێمە هەر لە مزگەوتەكەدا بوو، دەركەیەكی لەسەر مزگەوتەكە بوو و دەركەیەكی تریشی دەچووە دەرەوەی مزگەوت. هەر دەنگێك لە نێو مزگەوتەوە بهاتبایە، دەتگوت لە حوجرەكەی ئێمەدایە. چەرخەكەی دەرهێنا، دوو سێ جار قامكی پێدانا و هەڵی‌كرد و لەنتەرەكەی مزگەوتی پێ‌داگیرساند و چووە لای میحرابەكە دانیشت، دەستی بەرز كردەوە و بەربووە دوعا كردن، ڕیشی درێژی لەگەڵ جووڵانەوەی دەمی دەتگوت بابردەڵەیە بە شتێكەوە گیرساوەتەوە و با دەیجووڵێنێ، سێبەرەكەشی بە دیوارەكەوە كە بە تیشكی لەنتەرەكە ساز بووبوو، دیمەنێكی زۆر سەیری هەبوو.هەروا كە پاڵم بە دیوارەكەوە دابوو، چاوم خەریك بوو گەرم دابێت و خەوم لێ‌بكەوێتەوە، دیسان جیڕەی دەركە هات و شەققەی ناخۆشی بە دوایدا. بە تەپەتەپ بە پلیكانە دارەكەدا سەركەوت بۆ سەربانی مزگەوت و دوای هێندێ پیاسە كردن لە سەربانەكە دەنگی ناخۆشی بەزر كردەوە و بە بانگی ناوەختی خەوی لە چاوی خەڵكی ئاوایی زڕاند. بە دەنگی بانگی مام خەلیل و چەق و لووری سەگەل، غەفوور تۆزێ ئەم‌دیوەودیوی كرد و هەستا سەر قوون دانیشت، لەنتەرەكە لە پشت سەری هەڵواسرابوو، گڕەكەی هەڵكێشا و باوێشكێكی دا، خەریك بوو شەویلكەی لە گرێژەنە بچێ! دەستی كرد بە ژێر سەرینەكەیدا، سەعاتە دەزبەند پچڕاوەكەی دەرهێنا. چاوێكی لێ‌كرد و گوتی: «خۆ دیسان وەختەكەی ڕۆژانە، هێشتا سەعاتێكی ماوە بۆ كاتی بانگ. نازانم ئەو كەڵەشێرە ناوادەیە بۆ وا دەكا و خەوی لەو دێیە حەرام كردووە و كەس هیچی پێ‌ناڵێ؟ بە دەم نیوە باوێشكێكەوە گوتم:ـ جا چی پێ بڵێن برالە، خۆ كەس ناوێرێ، هێندە خۆی بە موسڵمان دەزانێ، هەر ئەوەیە ناڵێ من خودام! بەڵام قەیناكە، ئەمڕۆش نۆبەخشی بێ، فكرێكم بۆ كردووە، دەبێ سبەی شەو وای لێ‌بكەم، بۆ هەوەڵ و ئاخری تەمبێ كەم و داخی ئەو چەند وەختەی پێ‌بڕێژم؛ وشكەسۆفی لەون لێگۆڕاو. ئێستا لە سەربان دێتە خوارێ و دەست دەكا بە نوێژ كردن. تۆ لە دەرگای دەرەوەڕا بچۆ بۆ سەر خەرمانەكەی ماڵی مامە حەمە لە پشت ماڵان، گوریسێكی درێژی لێیە بۆ بێنە، منیش دەچمە سەربان جا مشووری دەخۆم. ـئاخر كوڕەكەی مامە حەمە لە لای خەرمانەكە خەوتووە. ـنا، بەرهەم و حاسڵیان كۆ كردۆتەوە، ئێوارە چوومە پشت ماڵان بۆ ڕاوێچكە كردن، دیم خەرمانیان هەڵگرتبوو گوریسەكەش لەسەر لۆدە كایەكە بوو.مام خەلیل لە سەربان هاتە خوارێ چوو دەستی كرد بە نوێژ كردن، ئێمەش هەردووكمان بە دەرگای دەرەوەڕا هاتینە دەرێ، غەفوور چوو بۆ گوریسەكە و منیش بە پێدزكێ چوومە سەربان و لە كونی جێ قۆڵە كوورەكەوە دەنگی خۆم گۆڕی و بە هێواشی هەرام كرد: مام خەلیل، مام خەلیل! مابووی نوێژەكەی تەواو بێ، دوو سێ جاری ترم قاو لێ‌كرد، نازانم نوێژەكەی بڕی یان تەواو بوو ، گوتی: «بەڵێ.» هەستا چووە بەر پەنجێرەكە و هێندێ بە نێو مزگەوتەكەدا خولاوە، نەیدەزانی لە كوێوە هەرای لێ‌دەكەن، دیسان هەرام كرد: «مام خەلیل، وەرە حاندی جێ قۆڵە كوورەكە، لێرەوە بانگت دەكەم.» هات، بە زمانێكی خۆشەوە گوتم: «سەلامونعەلێكم مام خەلیل، خەلیلی خودا، من جوبرائیلم لە لایەن خوداڕا هاتوومە خزمەتت! خودای مەزن تۆی بۆ پێغەمبەری هەڵبژاردووە، دەیهەوێ سبەی شەو خۆت حازر كەی و بتبەم بۆ خزمەتی!»
ـ م م من؟
ـ ئەرێ تۆ، بۆ تۆ كەمی؟ خۆ ئەمڕۆ لە دنیادا لە تۆ بە ئیمانتر و پیاوچاكتر پەیدا نابێ، پیرۆزباییت عەرز دەكەم. ئێستاش بۆیە هاتوومە خزمەتت عەرزت بكەم، كە سبەی شەو خۆت حازر بكەی، پاك و خاوێن خۆت بشۆی، جل‌وبەرگی جوان لەبەر كەی و عەتر و گوڵاو لە خۆت دەی، چونكە سبەی شەو هەر لەم كاتەدا دێمەوە بە دواتدا، لە لای هیچ كەس دەنگ نەكەی، تەنانەت لای ژنەكەشت.» خوداحافیزیم لێ‌كرد و بە هێواشی هاتمەوە خوارێ، غەفووریش لەگەڵ من گەیشتەوە بەردەرگا و چووینەوە حوجرەكەمان و لە جێگاكەمان خزاین.
كوتم: «غەفوور نەخشەكەم گرتی، ئەوە گوریسەكەش ئامادەیە.» هەموو قسەكانم بۆ غەفوور گێڕایەوە. هێندێ لە ژێر جێگاكەدا خۆمان خافڵاند. تا وەختی بانگ هات. هەستاین چووین لە حەوزەكە دەسنوێژمان هەڵگرت، غەفوور چووە سەربان بانگی دا و منیش چووم بۆ مزگەوت لەپەنا مام خەلیلەوە دانیشتم. گوێم لێ‌بوو لەبەر خۆیەوە هەر پرتە و بۆڵەی دەهات: «دەم‌ڕووتی بەڕەڵڵا، كەس نازانێ لە كوێوە هاتووە، خۆی بە كەوچك بەدەستی ئاوایی دەزانێ، بە تەما بین هەرزەكارێكی ئاوا ببێتە مەلا و جێ‌نشینی پێغەمبەر، هەی مەگەر ببێتە تەڕەماش! ئەوە شەست ساڵم تەمەنە و لەو دێیەدام، لە هەموو كەس بەدینترم، ئەوە بە پێغەمبەرییش گەیشتم، كەچی دەم‌ڕووتێكی بێ‌ئاوەز و بەڕەڵڵا بە بانگەكەی من ڕازی نییە و پێی وایە دەنگی ئەوەندە خۆشە چۆتە سەربان دەنەڕێنێ. ئاخەر ئێستا وەختی بانگە؟ ئەوە نوێژی نیوەڕۆیە. نوێژی بەیانی ھەتا زووتر بیكەی خێری زیاترە، من لە شەووڕۆژییەوە هەڵدەستم و خەو لە خۆم حەرام دەكەم، لەبەر ئەوەی خەڵك نوێژەكەیان نەچێ، كەچی بە دەنگی من گەماڵەكان خەبەریان دەبێتەوە، ئەم خەڵكە خودا نەكا وەخەبەر بێن و بێن بە لای نوێژ و تاعەتەكەیانەوە.»
هەروا لەبەر خۆیەوە دەیڕست و پرتەی دەهات، غەفوور لە سەربان هاتە خوارێ، مامۆستا هات و یەك یەك و دوو دوو پیاوان هاتن و نوێژیان دابەست، بەڵام مام خەلیل لە مێژ بوو نوێژی خۆی كردبوو. هەركە خەڵكەكە هاتن لووتی هەڵمساند و بە تووڕەییەوە چووە دەرێ و شەقەی لە دەرگا شڕە هەستاند و ڕۆیشتەوە بۆ ماڵێ.
ئەو ڕۆژە تێپەڕی، شەوێ دەگەڵ غەفوور دانیشتین بە كتێب خوێندنەوە و بیرەوەری گێڕانەوە خۆمان خەریك كرد و بە نۆرە سەرخەوێكمان شكاند، تا بووە سەعات دوو و نیو و سێی شەو، لەپڕ جیڕەی دەرگا هات و شەقەی توندی بە دوایدا. گوتم: «غەفوور، هات!» لەبەر درگای حوجرەكە وێستاین تا دەستی كرد بە دوعا كردن و نوێژ گێڕانەوە، نازانم ئەو نوێژەی ئەو چ نوێژێ بوو، نوێژی سوننەت بوو، قەرزی باوكی دەداوە، یا نوێژی چواوی خۆی دەگێڕاوە؟ ئەوەش پیشەی هەموو بەیانییەكی بوو، پێش بانگە ناوەختەكەی چەند ڕكاتی نوێژ دەخوێند.
چاوێكم لە سێبەری ڕیشی كرد و بۆ لای غەفوور وەرسووڕامەوە و گوتم:
ـ غەفوور، ئەوە دەچمە سەربان هەروەك پێم گوتی، تۆش مەلافە سپییەكە لە خۆت هاڵێنە، لەبەر دەرگای دەرێ ڕاوەستە، هەركە كاتی خۆی هات وەرە ژوورێ. لەبیرت نەچێ كە هاتیە دەرێ دوو لێفەش گرمۆڵە كە و بیخە نێو جێگاكانەوە، نەوەك شك بكات و چاو لە حوجرەكە بكا.
گوریسم هەڵگرت و بە هێواشی خۆم گەیاندە سەربان و لە كونی قۆڵە كوورەكەوە هەرام كرد: «مام خەلیل، مام خەلیل!» هەر نوێژی دەكرد، خێرا نوێژەكەی تەواو كرد و بە هەڵەداوان هاتە بەر كونی قۆڵە كوورەكە. گوتم: «مام خەلیل سڵاوت لێ بێ، حازری بڕۆین بۆ خزمەت خودای گەورە؟»
ـ بەڵێ بە سەدەقەت بم، حازرم.
ـ خۆ سەروملت شتووە و جل‌وبەرگی خاوێنت لەبەر كردووە؟
ـ بەڵێ بە سەدەقەت بم.
ـ زۆر چاكە، كەوا بوو ئێستا مەلاییكەیەك دێ بۆ لات، هەر شتێكی كرد قسە مەكە و هیچ مەڵێ.
ـ بەڵێ بە چاوان.
لەو كاتەدا غەفوور بە سپیپۆشی خۆی كرد بە مزگەوتدا، منیش گوریسم لە جێ قۆڵە كوورەكەوە داهێڵا خوارەوە و غەفوور توند لە نێو قەدی مام خەلیلی گرێ‌دا.
ـ وای ببەستەوە نەكرێتەوە.
ـ نا دڵنیا بە چاكم بەستووە.
مام خەلیل گوتی: «ئێستا هەرچی دەفەرمووی سەرم لە ڕێتایە.»
ـ كەوایە ئەوە هەڵتدەكێشم.
ـ سەبر كە، بە سەدەقەت بم لە بیرم نەبوو، بانگ بدەم و نوێژەكەم بخوێنم.
ـ نانا، بۆیە وا زوو هاتووم كە بچین نوێژی بەیانیمان دەگەڵ مەلاییكەكانی ئاسمانی یەكەم بخوێنین.
ـ كەوایە حازرم، بە كوێڕا هەڵمدەكێشی؟
ـ بەو كونی قۆڵە كوورەیەدا.
ـ من چۆن لەو كونەوە دەچم بە سەدەقەت بم؟ بە جێیەكی تردا هەڵم‌كێشە.
ـ ئا ئا... مام خەلیل بڵێ ئەستەغفیرەڵڵا، چۆن ئاوا ئیمانت بە خودایە، خودای مەزن ئەگە بیھەوێ لە كونی دەرزییەوە ڕەتت دەكا.
ـ باشە، بە سەدەقەت بم، هەڵم‌كێشە.
كێشامە سەرێ تا تەواو لە بن میچەكەم توند كرد و چركەم لێ‌بڕی و وەناڵە ناڵم خست، ئەمجار سەری گوریسەكەم بە داری گوێسوانەكەوە گرێ دا و بە هێواشی لە سەربان هاتمە خوارێ و لەگەڵ غەفوور لە جێگاكەمان خزاین و لە بن لێفەكەدا هەر پڕم و هۆڕمان بوو، ئافەرینمان بە خۆمان دەگوت كە پیلانەكەمان ئاوا چاكی گرتووە.
بەرەبەیانێكی ئارام و فێنك و دڵگر بوو، گوند لە باوەشی بێدەنگیدا نوستبوو و دەتگوت زیندەوەری تێدا ناژی، ئەم بەیانییە خەوی خەڵكی ئاوایی بە بانگی ناوەختی مام خەلیل نەزڕابوو...
ئەوە مام خەلیلیش دەتگوت مەشكەیە بە بن‌میچی مدبەقیاندا هەڵواسیوە بۆوەی دووكەڵ بگرێ، هەر لەبەر خۆیەوە دەیناڵاند و هاواری دەكرد لە خودا نەجاتی دا. جنێوی واشی حەواڵە دەكرد تەپ‌وتۆژی لێ هەڵدەستاندین.
تا كاتی بانگ هات و دەگەڵ غەفوور چووین دەسنوێژمان گرت و غەفوور چوو لە سەربان بانگی دا و منیش لای حەوزەكە خۆم خافڵاند تا پیاوان یەك یەك و دوو دوو هاتن و چوونە مزگەوت، منیش بە دوایاندا چوومە ژوورێ و تەماشام كرد هەركەس دەهات دەچووە ژێر سكی مام خەلیل ڕادەوەستا و واقی وڕ دەما، كە ئەوە چییە هەڵواسراوە و نووزەی دێ. یەك دەیگوت: ڕەنگە مەلاییكە بێ. یەك دەیگوت: برالە ڕەنگە ئەجندە و شتی وا بێ. یەكی‌تر گوتی: كوڕە ئەجندەی چی! ئەو مزگەوتە بیست قورئانی تێدایە، ئەجندە چۆن دەوێرێ ڕووی تێكا!
تا مام خەلیل هاواری لێ‌هەستا:
ـ كوڕە مەلاییكەی چی و ئەجندەی چی؟ من مام خەلیلم.
هەموو بە سەرسووڕمانەوە چاویان لە یەكتر كرد و مامۆستا گوتی:
جا مام خەلیل تۆ ئەو سەرە بۆ چووی؟!
ـ كوڕە فریویان دام خودا خراپیان بۆ بكا، یەكێ پەیدا بوو گوتی جوبرائیلم و لێرەوە هەڵیكێشام كە بمبات بۆ ئاسمان، كەچی بەو دەردەی بردم.
هەركەس یەكێكی هەڵدا كە ئەوە كاری فڵان كەسە، سۆفی كەریم گوتی:
ـ من دەزانم كاری كێیە، كاری ئەو فەقێیانەیە.
لە دڵ خۆما گوتم: «ئەك بە جەددی باوەگەورە لێمان ئاشكرا بوو، جا ئەوە چ بكەین؟!» باش بوو مام خەلیل گوتی:
ـ كوڕە فەقێی چی، فەقیرانە وەڵڵا لەو كاتەدا تەماشای حوجرەكەم كرد، گوتم نەوەك ئاگایان لێ‌بێ، بە خوا وایان خەو لێ‌كەوتبوو پیاوی ئاقڵ نەبووایە دەیگوت مردوون.
مامۆستا گوتی:
ـ جارێ لەو حەیس و بەیسە گەڕێن، بچن نێردیوانێك بێنن با دایگرین، بێچارە خەریكە دەمرێ.
ـ كوڕە نێردیوانی چی برالە! لە سەربانەوە بەستوویانمەوە، زوو بچن بیكەنەوە مردم، پشتم شكا.
خێرا دوو كەس چوون گوریسەكەیان كردەوە و ڕایان‌هێڵا خوارەوە. كە خەڵكەكە دیتیان نەیانناسییەوە، هێندە پاك و خاوێن و بۆشناغ بوو، جل‌وبەرگی تازە و سۆرانیی سپی دەتگوت بەفرە. دەموچاوی لەبەر شۆقی لەنتەرەكە نووری لێ‌هەڵدەستا. مامۆستا گوتی: «بەڕاستی مام خەلیل دەبێ زۆرت پێ‌خۆش بێ، چونكە هەركەسێ ئەو كارەی كردبێ زۆر دڵسۆزی تۆیە. چونكە بەو كارە ئەگەر بە پێغەمبەریشی نەگەیاندی، خۆ بە پاكی و خاوێنیی گەیاندی. بابم ئێستا لە خودا نزیكی، خۆ جاران لەبەر بۆعارەق و ڕەنگی دزێو و ڕیشی زەرد و چڵكنت كەس نەیدەوێرا لێت نزیك بێتەوە. دیسان تۆ ئەو هەمووە خۆت بە موسڵمان دەزانی، نازانی تازە پێغەمبەر نایەت؟»
مام خەلیل هێندێ سەری داخست، زۆری پێ عەیب بوو. چون بەڕاستی بۆی ڕوون بۆوە كە تا ئێستا چەندە لە دنیا غافڵ بووە، بە هێواشی لە مزگەوت چووە دەرێ و شەقەی لە دەرگا شڕە هەستاند و ئێمەش نوێژی بەیانیمان دابەست.

ئەمین گەردیگلانی

[1] سووژەی ئەم چیرۆکە لە فۆلکلۆر وەرگیراوە


behnam5555 07-03-2013 08:31 PM

نارنجی فڕین
 
نارنجی فڕین ( 1 )
خاتوون لەبەر دەلاقە چكۆڵەكە ڕاوەستاوە و چاوی لە كێوی (دووبرا كوژراو) بڕیوە. دوای چەندچركە ڕوانین دەگەڕێتەوە بۆلای وەجاخەكە، هەڵیدەكات و قابلەمەكەی دەنێتە سەر.
«با جارێ ئەو دووچڵە پیوازە بجنم، هەرباشە بەوبۆنەیەوە تۆزێ دەگریم. ناچارم لەبەر دڵی ئەو دوو كچە هەر خۆم بخۆمەوە. مەگین كاتێك بە تەنیام تۆزێ بگریم و كوڵی دڵم دامركێنم. جا ئەوە ژیانە؟ وەرە نەوێری بە ئاشكراش بگریی. سەد جار مەرگ خۆشترە لەو ژیانە.
«ژیان! بڵێ گنخان و پڕووكان لە بن توێژێك پەڕوپاڵی ڕه‌شدا. خۆزگە ئەم پەڕۆیانە ئاوریان تێبەربێ و بەجێی ئەم‌گنخان و پڕووكان و پووكانەوە بەرەبەرە و پڕلەئازارە، ببنە باڵی سوور و نارنجی و هەڵم‌فڕێنن. ڕۆحە تەم ‌لێ‌نیشتووەكەم هەڵگرن و لەگەڵ دووكەڵێكی خەست و بۆكوڕووزێكی پشووبڕ بەرزی بكەنەوە و لەم خاكەی دووربخەنەوە. لەم ژیانەی داببڕن. لەم خاكە نەگبەتەی كە مرۆڤ ڕموودەی كردووە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ جوانی و پاكییەكانی دەسڕێتەوە. خاك! خاكی چی؟! ئەم‌ خەڵكە وەك قاڵۆنچەی گووخلێركە دەمیان لەو تۆپەڵە قوڕە ناوە و بەدەوریدا دەخولێنەوە و هەزارباری پێدەكەن بۆ ئەوەی لە نێوی بەرن. ئاخری لە نێوی دەبەن!»
بوغزێكی تاڵ گەرووی گرتووە. خەمێك دڵی ڕێك‌دەگوشێ، هەڵقرچانە لە ناخەوە.
«ئاخ زەوی، دەرد و ئازاری تۆش بەدەست ئەو خۆركە و مۆركانەوە هێندە زۆرە، خەریكم لە تاوی تۆ ئازارەكانی خۆمانم لە بیر دەچێتەوە.»
دیسان هاتووەتەوە بەردەلاقەكە. تەمێكی لێڵ بەری چاوی تەنیوە. دەورییە پیوازەكە دادەنێ و دەستێك بەشووشەكەدا دێنێ. كێردەكە بەدەستی چەپەوەیەتی، ئەویش دادەنێ. دەستێك بەچاوەتەڕەكەیدا دێنێ. تەمەكە دەڕەوێ بەڵام هەروا لێڵی دەبینێ. دەربیجەكە دەكاتەوە، دیسان چاو لە كێوی دووبراكوژراو دەبڕێ. جگە لەو كێوە هیچ جێگایەكی‌تر دیار نییە. كێوەكە هەڵدڕهەڵدڕ كراوە و تەپوتۆزی لێ‌هەڵدەستێ. كەڵپەی شۆڤڵ و بۆڵدزێر دایدەپاچن. لە داوێنیشییەوە دووكەڵێك هەڵدەچێ و خەریكە لەگەڵ نەرمەبای دەمەو نیوەڕۆ دەچێ خۆ لە پەلك و گەڵای ئەو دارانەی بەرقەدی كێوەكە هاڵێنێ كە زۆربەیان گابەردی جاڵەبوو لەبەر دەمیاندا گیرساوەتەوە و لەوانەیە چۆكی زۆریشیانی شكاندبێ. هەناسەیەك هەڵدەكێشێ.
«دەی بۆ چۆكی من نەشكاوە؟ دووكەڵم بەسەردا نەكراوە؟ خەریكم خەم بۆ سروشت دەخۆم؟»
هەناسەی سوار بووە. گەرمایەكی تاقەتپڕووكێن خەریكە لە ناخەوە لەشی دەتوێنێتەوە. هەتا شانی سەری لە دەلاقەكە بردۆتە دەرێ. جگە لە كێوەبریندارەكە هیچ‌كوێی دیكە نابینێ. قوونەبانی چەندسەربان دیارە، جاروبار چۆلەكە لەسەریان دەنیشنەوە و هەڵدەفڕنەوە. گوێسوانەی تەویلەیەك لەبەری لای ڕاستەوە دارەكانی وەك ددانی زەرد و شاشی پیاوێكی تووڕە و غەزریو ڕیچەی لێ‌دەكا. جاروبار شمشێرباڵ بەپڕتاو دێن و خۆ بە كەلێنی ئەو ددانە ڕزیوانەدا دەكەن، بەپەلەش دێنەوە دەرێ و باڵ‌دەگرن. ڕه‌نگە ئەم‌دیوارە خەمبارانەش تەنیا دڵخۆشیان ئەو زیندەوەرە وردیلانە بن.
«دەی ئەو پەلەوەرە وردانە بۆ دیوارەكانیش هۆی دڵخۆشی نەبن، لانیكەم بۆ ئێمە هەن. لەوان زیاتر چاومان بە هیچ‌ كەس و هیچ‌ شتێك ناكەوێ. هیچ‌ كەس ناوێرێ بێتە ماڵمان. چەند ساڵە ئەو دیوی درگای حەوشەكەمان نەدیوە. ڕۆژی چەند چركە، كاتێك كە ڕمووزن دەڕواتە دەرێ، لەو دەلاقەیەوە چاو لە كێوی دووبراكووژراو دەكەین و هەڵدێینەوە سەر تەونەكە. ژووری تەونەكەش تاقە دەرووی ڕووناكییەكەی ئەو شووشەیەی سەر دەرگا یەك‌تاییە ژنگاوییەكەیە. كاتێك ڕمووزن لەماڵێ نییە گوڵۆپەكە هەڵدەكەین و دەتوانین جوانتر هیلمە و ڕه‌نگەكان لێك‌بكەینەوە. (خودا غەزەب لە پوورە ئایشێ گرێ دوو مانگ هات لێرە دایكوتا و ئەو تەونە نەگبەتییەی فێر كردین.) ڕۆژی چەند جار بە نۆرە دەچینە بەر پەنجێرەكە و چاو لە كێوەكە دەكەین. جاران ئەو كێوە جوان و سەوزەپۆشە ڕۆحی دەلاواندینەوە و دیمەنی بەژن و باڵا ڕازاوەكەی تەمی خەمەكانی تۆزێ دەڕەواندین. ئێستا ئەویش بەدەردی ئێمە چووە و جەستەی تواتوا بووە.»
سەری هەروا لەدەلاقەكە هێناوەتە دەرێ، سووچێكی درگای حەوشەكەی لێ‌دیارە. دەروازەیەكی ئاسنی قورس، ژەنگی هەڵێناوە و قەت ڕه‌نگی بە خۆیەوە نەدیوە. پشیلە ڕه‌شی دەستەمۆی ڕمووزن لە سوچێكی دیوارەكە قنگەڵستی داوە و چاوی زیت و زەردی لە شوێنێكی نادیار بڕیوە. لەسەر پشیلەكەوە چاوی دەگوێزێتەوە سەر دەروازە ژەنگاوییەكە. ئەو دەروازەیەی ڕۆژی چەند جار دەكرێتەوە و ڕمووزن لێوەی دێتە ژوورێ، پێ‌دەنێتە حەوشە و غەزریوانە جگەرەكەی بە لالێویەوە دەنێ و بەرەو ژوورە تەنگ و شێدارەكە سەر پێوەدەنێ و پشلیە ڕه‌شیش بە دوایدا دێتە ژوورێ.
سەری كێشاوەتە دەرێ و چاوە تەم لێ‌نیشتووەكانی بەدار و دیوار و دیمەنی كێوە بریندارەكەی دوو برا كوژراودا دەگێڕێ. جلە ڕه‌شەكانی باوەشیان لە لەشی وەرهێناوە، گیانی گۆڕەوشار دەدەن و خوێن و تەڕاییی جەستەی دەچنن. وشكی دەكەن، لەپڕ درگای حەوشەكە تەقەی قوفڵەكەی دێت و بەپەلە سەری دەباتەوە ژوورێ. دەروازەكە لەسەر جیڕەیەكی وشك و مێشك‌تاسێن دەكرێتەوە. ڕمووزن بەباقەیەك دووكەڵەوە دێتە حەشە و شەققەی توندی درگاكە دەیان‌تاسێنێ. بەرلەوەی بەرەو ژوورێ مل‌پێوەنێ ئەو ژوورەی كە ناویان ناوە چێشتخانە و زیاتر لە تاریكخانە دەچێ؛ چونكە تەنیا شوێنێك كە ڕووناكاییی لێوە دەڕژایە ژوورێ ئەو دەلاقە چكۆلە بوو. ئەویش پەنجێرە نەبوو، بەرلەوەی ژووری پێش ئەو یانی ژووری تەونەكە دروست بكەن، تاقە بوو. تاقەیەكی چكۆڵە بوو لەچكە كۆنێكی پێدا بەردرابۆوە. بوخچەی جلەكانی دایكیانی لەسەر بوو. كاتێك ئەو ژوورەیان دروست كرد، ئەم چێشتخانەیە تاریك داگەڕا و لە هیچ كوێوە ڕووناكیی تێ‌نەدەكەوت. ڕمووزن بوخچەی جلەكانی دایکیانی داگرت و تاقەكەی دیواودەر كرد، ئەو چوارچێوە دارینەی تێگرت و ناوی نا دەلاقە. ئیتر دوای ئەوە چاویان بەجلەكانی دایكیان نەكەوتەوە. نەیانزانی بردی بۆكوێ و چیی لێ‌كردن.
«بریا لەڕووناكاییی ئەو دەلاقەیەش بێبەش بوایەین، بەڵام جلەكانی دایكم هەر بمایەن، بۆ ئەوەی ڕۆژی چەند جار بۆنیان پێوە بكەین و بەسەریدا بگریین و كوڵوكۆی دروونمان دامركێ.»

دریژه ی هه یه


behnam5555 07-03-2013 08:34 PM

نارنجی فڕین ( 2 )
 
نارنجی فڕین ( 2 )

تەقەی درگاكە هات و خۆی كرد بە ژووری تەونەكەدا، تاپۆیەكی ڕه‌ش بەباقەیەك دووكەڵ و بۆنی خڵتەوە بەری ئەو تۆزە ڕووناكییەشی گرت. بەسێ و ئینتیهای خوشكی لە سەر تەختەی فەڕشەكە هەستان و بەپێوە وشك بوون. سەریان بەردایەوە و ڕه‌نگی مردوویان لێ‌نیشت. لە دوای مردنی دایكیان ئەم قانوونە ـ وردە وردە یان كتوپڕ لە بیریان نییە ـ جێ‌كەوت و ئیتر ناتوانن بە موو لێی لادەن. هەتا دایكیشیان مابووئەم ڕمووزنە هەروا غەزەب بوو. ڕۆژ نەبوو بەهانەیەك نەبینێتەوە بۆ كێشە و هەرا و لێدانیان. كاتێك دەهاتەوە ماڵێ ئیتر قسە كردن قەدەغە بوو، هیچیان هەقیان نەبوو زمانیان بگەڕێ. كەپێی دەنایە ژوورێ، لەشیان دەبوو بە بەرد و زمانیان دەبوو بە لەتكە گڵمتكێكی وشك.
«حەتمەن ئێستا چاو لەفەڕشەكە دەكا. لەو خەتەی بەیانی لێی‌داوە.»
هەموو بەیانییەك كە دەچێتە دەرێ، هەرچوار قامكە خەریتەكەی لەسەر فرێتەكە دادەنێ و بەقەڵەمێكی ڕه‌ش دیاریی دەكا.
ـ هەتا نیوەڕۆ ئەوەندە.
ئەوانیش سەریان بەردەدایەوە و ژانێك، تەزوویەك یان ترسێك بەسەرتاپای لەشیاندا مێروولەی دەكرد. تەنانەت نەیاندەوێرا چاو لە چاویشی بكەن. چەندساڵە چاویان بەڕوخساری نەكەوتووە.
«بەش‌بەحاڵی خۆم تەنانەت شێوەیم وەبیر نایەتەوە. نازانم لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا ڕه‌نگی گۆڕاوە، ڕیشی سپی بووە، ددانی كەوتووە؟ نازانم شێوەی ئەدگاریم لە بیر نەماوە. تەنیا كاتێك دەتوانین چاوی لێ‌بكەین كە پشت هەڵدەكا و دەڕوا بۆ ژوورەكەی خۆی، یان دەڕواتە دەرێ.»

خاتوون چەند خولەكێك لەمەوبەر هات بەلای چێشت لێنانەوە، قامكێكیان مابوو بگەنە دیارییەكە. گوتی: «خوشكێ گیان دەستی لێ‌هەڵێنن، من دەبێ بڕۆم بەلای چێشتەكەوە، ئێستا دێتەوە نان و چێشت سازنەبێ ...»
زرمەی لاقی هات و دەنگی هەڵبڕی:
ـ داوەشێن، داڕزێن، تەواوتان نەكردووە؟ ئەی لەبەیانییەوە چیتان كردووە، بە سێ‌كەس ... مردبوون؟!
تەپەیەك و تەقەی بەربوونەوەی قولاپ و كەركیت. لەدواوە لەچكە و قژی بەسێ و ئینتیهای گرت و بەری‌دانەوە خوارێ. وەك هەمیشە. هەموو ڕۆژێك ئەوە پیشەیەتی. ڕۆژێك لێیان نەدا نابێ، كاتێك لەسەر تەونەكەن و سەریان داخستووە، درگاكە دەكاتەوە و دێتە ژوورێ، لەبەر درگاكەدا ڕادەوەستێ هەتا جگەرەكەی تەواو دەبێ، قوونچكەكەی لەبن پێیدا دەكوژێنێتەوە و كەلاقی لەعەرزەكە دەخشكێنێ دەزانن جگەرەكەی تەواو بووە. چاوی لەپشتەسەریان دەبڕێ. سێبەرەكەی ژوورەكە تاریك دادەگێڕێ بەری ڕۆشناییەكە دەگرێ. پشیلەكە خۆی لە دەلینگی پانتۆڵەكەی هەڵدەساوێ. هەڵدێتە ژێرتەختەكە و دێتەوە لای لاقی. ڕمووزن دوای ئەوەی بەر چاوی ڕوون بۆوە و چاوی بە تاریكایی ژوورەكە ڕاهات، دەچێتە پێشێ. كچەكان هەستیان بۆتە چركەژمێر، دەزانن چەندە لەپشت ‌سەریان ڕادەوەستێ، ئەوەندەی كێشانی جگەرەكەی. بەپێوە سەریان دادەخەن و چاوەڕوانن قژیان بگرێ و لەسەر تەختەكە بەریان‌داتەوە. لەپڕ باشووی چنگی لەڕێشۆڵەی پرچیان ڕۆدێ و بەسەرەوە بەریان دەداتەوە. پێلاقە و مست و چەپۆك دەخاتە كار. پشیلەكە هەڵدێتە سووچێك و قنگەڵتس دەدا و چاوی زیت دەكاتەوە. تەنیا دەتوانن دەست‌ بەسەریانەوە بگرن و ددان بەجەرگی خویاندا بنێن. هەقی گریان و هاواریان نییە. خۆی دەڵێ: «پرووكەتان لەدەم بێتەدەرێ، سەرەوبن هەڵتاندەواسم بەو دەستەكی بن‌میچەدا و شووڵكەتەڕ دێنم.» زرمەی مست و پێلاقە خاتوون دەتاسێنی.
«ئەو دوو خوشكە چارەڕەشەم ئێستا لە ژێر ئەو زەبرە دڕندانەیەدا دانیان بە خۆیاندا گرتووە و لە ژێر مست و پێلاقەكانیدا جینگڵ دەدەن.»
حەوتووی پێشوو ئێوارەیەك هاتەوە و دەستی كرد بە لێدانیان، بە پێلاقە دای بە پشتی ئینتیهادا و نركەی لێ‌هەستاند. خاتوون بەسەر ژان و ئازاری خۆیدا خەمی ئەوی بوو. ئەو و بەسێ لە ژێر گۆپاڵەبارانی مست و پێلاقەدا بوون. چاوەڕێ بوون زەبرێكی ئاواش وە ئەوان بكەوێ. لە بنەوە چاوی لە لاقی ڕمووزن و جەستەی تخێڵ‌ بووی ئینتیها بوو. زیتەی زەردی چاوی پشیلەكەش، دەتگوت پێدەكەنێ. لە تاوی خوشكی زەندەقی چوو. هەر ئەوەندە بوو گیانی دەرنەچوو.
«كوشتی، حەیاتی لێ‌بڕی، چاكتر، نەجاتی بوو. هەزار جار مەرگ باشترە لەو ژیانە. بەختی خۆی نەجاتی بوو.»
پشتی كردۆتە دەلاقەكە و چاوی لەگڕی وەجاخەكەیە. گوێشی لە زرم‌وكوتی مست و پێلاقەیە. دەڵێی پێلاقە بەسەردڵیدا دەدا.
«هەرئێستا دێ بۆجەستەی منیش.»
چاوێك لە كراسە ڕه‌شەكەی دەكا و چاوێكیش لەگڕی وەجاخەكە: «ئەم جلەڕەشانە چەن‌خۆشە ببنە سوور و نارنجی، چەندخۆشە ببنە سوور و نارنجی، ببنە باڵ، خۆم و ژوورەكەش پێكەوە باڵ بگرین. ببینە دووكەڵ و بڵێسە و باڵ بگرین. بەڵام دڵم نایە، یان ناوێرم، نازانم، لە ئاورەكە دەترسم یان لە مردن؟ نا، لە هیچیان ناترسم، لەوە دەترسم ئەو دوو خوشكە بەستەزمانەم لە بەردەستی ئەو ڕمووزنەدا بەجێ بێڵم.»
«دەی چیت پێ‌دەكرێ؟ خۆ بوون و نەبوونت بۆ ئەوان هەروەكوو یەك وایە. بۆ دەتوانی دەستی بگری؟»
«نا، لانیكەم كارەكەیان لەگەڵ دەكەم، كارێك دەكەم بەهانەی نەكەوێتە دەست. نا، نابێ بیر لەشتی‌وا بكەمەوە.»
پێرێ بەسێ لەسەر تەونەكە بەچاوی فرمێسكاوی و بەدەم هەنیسكەوە گوتی: «خوشكێ وەرن با خۆمان و ئەم‌ فەڕشە گڵاوە و ماڵەكە ئاور تێ‌بەردەین و نەجاتمان بێ.» سەری بەسێی بەسینگییەوە نا و ڕوومەتە تەڕەكەی ماچ كرد. سوێراییی فرمێسكەكەی لێوی كزاندەوە. گوتی: «نا، بیر لە شتی وا مەكەنەوە خوشكێ، خودا گەورەیە، بڵێی دەردێكی بۆ نازڵ نەبێ؟» ئینتیها گوتی: «ئێوەش ئەو كارە نەكەن، من ناچارم. من حەتمەن دەبێ خۆم ڕزگار بكەم. من ئیتر زۆر لەئێوە ... چارەڕەشترم ...» بەدەم قوڵپی گریانەوە دوایین ‌وشەی دەربڕی. دوای پێلاقەكەی ئەو ڕۆژە ئینتیها ماوەیەك بێ هۆش بوو. ڕمووزن دەستی لە لێدانیان هەڵگرت و ڕۆیشتە دەرێ. بە پلیكانەكاندا وەسەر كەوت و چووە ژوورەكەی خۆی. ئەو ژوورەی دیوار بە دیواری ژووری تەونەەكەیە و كورسەكەی بەرزە. چوار پلیكان لە دوو ژوورەكەی دیكە بەرزترە. هەمیشە قوفڵێكی گەورەی پێوەیە و داخراوە. هێشتا هیچكامیان نێو ژوورەكەیان نەدیوە. كاتێك نان و چێشتیشی بۆ دەبەن دەبێ هێواش لە درگاكە بدەن و سەر داخەن. بیدەنە دەستی و بە هەڵاتن بچنەوە خوارێ. ڕمووزن و پشیلەكەی لەو ژوورەدا دەژین. هەمیشەش یەكەم پارووی نان و چێشتەكە دەدا بە پشیلەكەی و دوای چەن ساتێك خۆی دەست دەكا بە خواردن. خاتوون و بەسێ هەستان و چوونە ژوورسەری ئینتیها. گریان. گریانێكی بێدەنگ. گریانێكی خنكێندراو. گریانێكی مردوو. خاتوون دەستی نایە سەر دڵی، سەری نا بە سینگییەوە، وەك تەپڵ دەنگی دەهات. هەڵات بۆ چێشتخانەكە و پەرداخێكی ئاوی سارد هێنا. لەسەروچاوی پڕژاند، بە ئارامی چاوی هەڵێنا. قومێك ئاوی كرد بە دەمییەوە. باوەشیان پێداكرد و خەریك ‌بوو قوڵپی گریانەكەیان بتەقێتەوە، گریانێكی ئاوێتەی شادی لە ژوورەكەدا دەنگ بداتەوە. هەڵیانساندەوە. پشتیان نا بە دیوارەكەوە و دایان نیشاند. خاتوون قومێكی‌تری ئاو بە دەمییەوە كرد. ڕه‌نگی بووبووە چۆڕی شیر. سپی سپی هەڵگەڕابوو. نا زەرد هەڵگەڕابوو. پێلووی چاوی دادەكەوت و بێ‌ئیختیار هەڵیدێنایەوە. لەپەستا ئارەقەی دەردەدا. بەسێ بە لۆی لەچكەكەی نێوچاوانی بۆ سڕی. ئینتیها بەجارێ ڕه‌نگی هەڵبزركابوو. لەپڕ ڕه‌نگێكی هێناوبرد. چاوێكی لەخاتوون و پاشان لەبەسێ و داوێنی خۆی كرد. سەری هەڵێنا و چاوی لە چاوی خاتوون بڕی. گلێنەی چاوی دەتگوت هەڵدەخولێن. جۆرێك ترس و سەرسووڕمان و تاسان بەڕوخسارییەوە دیاربوو. بەپڕتاو داوێنی كراسەكەی خۆی هەڵدایەوە و دەستی برد بۆ بەینی ڕانی، شەرمێك لە چاوییەوە داڕژا و لەگەڵ فرمێسك و ئارەقە تێكەڵ بوو. دەتگوت دەستی وشك بووە، لە بەینی ڕانیدا بۆتە بەرد و ئیتر ناتوانێ بیبزێوێ. لەپڕ دەستی دەرهێنا و چاوی لێ‌كرد. چاوی خاتوون و بەسێش لەسەر دەستی گیرسایەوە، هەرپێنج قامكی خوێناوی بوون. ئیتر ئەو شەوە هەتا بەیانی گریان و هەڵچۆقان و نەیانزانی چۆن ڕۆژیان كردەوە. دوای ئەو شەوە ئینتیها ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ كزتر دەبوو و ڕه‌نگی زەرد هەڵدەگەڕا. هێزی لێ‌بڕابوو. تەنانەت قسەشی بەجوانی بۆ نەدەهات.
خاتوون هەروا پشتی لە دەلاقەكە كردووە و بەچاوی ئاوری وەجاخەكە دەخوا. دەنگی زرم‌وكوتی مشت و پێلاقە تەواو بوو. چاوی لەسەر گڕەكەوە گوێستەوە بۆسەر درگاكە: «هەرئێستا دەكرێتەوە و دێتە ژوورێ. نۆرەی منە.» وەردەسووڕێت و چاو لە كێردەكە دەكا، لەسەر دەورییە پیوازەجندراوەكەیە و لەبەر دەلاقەكە داندراوە. قابلەمە ئاوەكە قوڵتەی دێ و هەڵمی لێ‌هەڵدەستی. دەستگرەكە بەبزمارێكدا هەڵواسراوە، بەپڕتاو چاوی لەسەر كێردەكە و قابلەمەكە و دەستگرەكە دێت و دەچێ. دەست دەداتە كێردەكە، چاوێك لە نووكە تیژەكەی دەكات و دایدەنێتەوە. دەچێ بۆلای دەستگرەكە و لە بزمارەكەی دەكاتەوە. بە هەردوو دەست قابلەمە ئاوەكە دەگرێ و چاوی لە درگاكە دەبڕێ. چاوی لە ڕه‌شەوە دێ. دڵی تێكەڵ دێ و خەریكە بەلادا دێ. خۆشی نازانێ بۆئاوا تووشی سەرەگێژە بووە. هەردوو دەستی بە دەستگرە و قابلەمەكەوەیە، لەپڕ درگاكە دەكرێتەوە و ڕمووزن چاوە سوورەكەی تێ‌دەبڕێ. لەمێژە ڕه‌نگی چاوی نەدیوە، ڕوخساری نەدیوە. قەت نەیان‌وێراوە سەرهەڵێنن و چاو لە چاوی بكەن. ڕمووزن چاوی لە چاوی خاتوون بڕی. هاتە پێشێ. خاتوون بەدەستێك سەری قابلەمەكەی لابرد و لەو لاوە داینا. ئاوەكە قوڵتەی دەهات و جارجار بە لێواری قابلەمەكەدا دەهاتە خوارێ و چزەی لە ئاورەكە هەڵدەستاند. سێ‌هەنگاوی ماوە بێگاتێ. بەڵام هێندە دوورە لە بەرچاوی، تەنیا تارمایییەك دەبینێ. ژوورەكە هۆگانێك گەورە بۆتەوە. دەرك و دیوار دیارنین، دەشتێكی كاكی بەكاكی. تارمییەكە دێتە پێشێ. خاتوون هەروا دەستی بەدەستگرە و قابلەمەكەوە دەلەرزێ. چۆكی خەریكە دەنووشتێتەوە. هێزی لێ‌بڕاوە. هەنگاوێكی‌تر هەڵدێنێتەوە و دەستی دەكێشێ بۆسەر و قژی. كچە هەموو هێزی خۆی لە دەستیدا كۆدەكاتەوە و دەیهەوێ قابلەمە ئاوەكە بەرز بكاتەوە بەڵام ناتوانێ، بەقەد گابەردێك قورسە. دێتە پێشێ و بەدەستێكی قوڕگی دەگرێ و بەدەستەكەی دیكەی قژی. ڕمووزن پڕ بە ژوورەكە دەنەڕێنێ و خاتوون بە نەڕەكەی دادەچڵەكێ. لەو دیوەوە دەنگی هەڵێنا:
ـ كوانێ ئەو قەحبەیەی دیكە؟
كچە چاوێكی لە كێردەكە كرد و بە نیگای ساردی دەم و نووكە تیژەكەی سڕی. دەستی بە دەستگرە و قابلەمە ئاوەكەوەیە، هاڵاوی قابلەمەكە شاڵاو دێنێ بۆ سەروچاوی. سەرەكەی لابردووە. ڕمووزن خۆی بە درگاكەدا دا و كردییەوە. لاقێكی لەم دیوی درگاكە و لاقێكی لەو دیو، خاتوون قابلەمەئاوەكەی پێدادا. ڕاست دای‌بەسینگ و سەروچاویدا. هێشتا دەستی نەگەیشتبووە دەم‌وچاوی، دەمەوڕوو كەوت. كچە وەرسووڕا و دەستی داكێردەكە. هەلینگی دایە و سێ‌جار لە سەریەك ئەوەندەی هێزی تێدابوو كێردەكەی بەمۆغەرەی پشت و كورتەكەلەكەیدا كرد. ڕمووزن تلێكی‌ دا و كەوتە سەرپشت، ویستی هەستێتەوە، وای‌‌نەڕاند لەوانە بوو جەرگ و دڵی كچەكان داكەوێ. خاتوون چوارەم زەبری ڕاست لە سەردڵی دا و نووكی كێردەكە هەتا بن‌دەسكەكەی چووەخوارێ. چاوی لە سەروچاوی كرد بووبووە یەكپارچە بلۆق و سوور هەڵگەڕابوو. چاوی لە بەینی دوو بلۆقدا بە مۆلەق وێستا. لەپڕ كچە هاوارێك لە گەروویدا تەقییەوە و هەڵات بۆ لای بەسێ و ئینتیها و باوەشیان بەیەكتردا كرد. دوای ساڵانێكی زۆر توانییان بە دڵ بگرین و بە دەنگی بەرز كوڵوكۆی دڵیان هەڵڕێژن. دوای ئەوەی كوڵی دڵیان دامركا، چوونە حەوشە و دەبەیەك نەوتیان هێنا. هەنگاویان بەسەر تەرمی ڕمووزندا هەڵێنایەوە و چوونە چێشتخانەكە. لە دەلاقەكەوە چاویان لە كێوی دووبرا كوژراو بڕی. هەمووی هەڵدڕ هەڵداڕ كراوە و تەپو‌تۆزی لێ‌هەڵدەستێ. بەردەلاقەكەیان چۆڵ كرد و چوون بۆلای دەبە نەوتەكە. ئینتیها سەرەكەی لابرد و لە تەرمەكەی باوكیان و دار و دیوارەكە و هەردوو خوشكەكەی پڕژاند. دەبە نەوتەكەی دایە دەست خاتوون. ئەویش ئینتیهای خووساند و بڕێكی دیكەشی لە وڵات پڕژاند. وەجاخەكە هەروا دەگڕێ. دەبەكە بڕێكی نەوت تێدا ماوە، خاتوون بردی لە سەر وەجاخەكەی دانا. دەستیان كردە ملی یەكتر و چوونە بەر دەلاقەكە. نیگای چاویان بەرەو كێوەبریندارەكەی دووبراكوژراو هەڵفڕاند. سێ چۆلەكە لە سەر گوێسوانەی دەستەڕاستی دەلاقەكە نیشتبوونەوە. سووك و قوشقی ملیان دەسووڕاند. دەتگوت باشوویان دیوە. لەپڕ هەڵفڕین و ڕوویان كردە كێوە بریندارەكە و بە ئاسمانەوە بوونە سێ خاڵی ڕه‌ش و بزر بوون.
دووكەڵێك خەریكە لەگەڵ نەرمەبای دەمەونێوەڕۆ خۆ لە ماڵەكانی ئاوایی هەڵدەساوێ. بۆكوڕووزێك ئاسمانی گوندەكەی داگرتووە و هەواكەی قورس كردووە. دوای چەند خولەك خەڵك بەرەو بۆنی كەباب خێزەرەیان بەست.

ته واو

ئەمین گەردیگلانی
بەهاری 1386




behnam5555 07-03-2013 08:36 PM

بەفر و خوێن
 

بەفر و خوێن

بەرەبەیانە، حەوش و بان كفنێكی بەفرینیان بەسەردا كێشراوە. ئاوایی مردوویەكی نەنێژراوە. لە كەلێنی درگای ژوورەكەوە چاو بەسەر دیوار و سەربانەكاندا دەگێڕی. دوو ڕۆژە لە ژوورێ نەهاتوونەتە دەرێ. دەگەڕێیەوە سەر جێگاكەت و شیلانی كۆرپە بە هەنیسك و گریانەكەیەوە لە باوەش دەگرییەوە. دیسان وەك ئەو دوو شەو و ڕۆژە مەمكە وشك و بێ‌شیرەكەت دەنێیتەوە دەمی، بەڵام ژیر بوونەوەی نییە. بە باوەشتەوە ڕایدەژێنی. باوك و برا و خوشكە چكۆڵەكەت هەر كام سەریان لە بەر خۆیاندایە و بە ئەوكی پڕ گریان و دڵی پڕەوە لە نێوان خەو و بەخەبەریدا جووڵەیان لە خۆیان بڕیوە. باوكت جار و بار لەگەڵ كۆخەیەك و ئاخێكی خەماوی هەمووتان دادەچڵەكێنێ و شیلانیش دەست دەكاتەوە بە گریان. وەنەبێ ئێوەش نەگرین، بەڵام گریانی ئێوە بێدەنگە، هەڵقرچانە لە ناخەوە. لە دوێنێوە چەن جار لە ژێرپیاڵەدا قەندت بۆ تاواندۆتەوە و كردووتە بە دەمییەوە، بەڵام برسییەتی عەجمانی لێ هەڵگرتووە.
هەڵدەستییە سەر پێ، شیلان بە بەر سینگتەوە دەگوشی و دەچییەوە بەر درگا و بە حاڵ كەلێنێكی پێدەدەی. دیسان چاو بە حەوشە و سەربانەكاندا دەگێڕی. وڵات تۆزێ ڕووناكتر بۆتەوە. تەمومژێكی تەنك خەریكە باڵ بە سەر گوندەكەدا دەكێشێ. درگاكە بە تەواوی دەكەیتەوە و پێ دەنێیە حەوشە.
ـ ڕۆڵە! خەزاڵ، مەچۆ بابم، وەرە ژوورێ، با داخی تۆش نەنێن بە جەرگمەوە.
بەسەر نوا بەفری حەوشەكەدا تێدەپەڕیت و بە جیڕەیەكی وشك درگای حەوشەكە دەكەیتەوە. كۆڵان كپ و بێدەنگە، هێشتا بە هەنگاوی هیچ كەس بۆژۆ نەبووە. شەقڵی نەشكاوە.
ـ ڕۆڵە كچم، مەڕۆ با لەگەڵت بێم.
ئاوڕێكت دایەوە، بابت سەری لە درگاكە هێنابووە دەرێ و هاڵاوی دەم و لووتی لەگەڵ تەمومژەكە تێكەڵ دەبوو. گوتت: «مەیە بابە گیان، زوو دێمەوە»
پێت نایە كۆڵان و كرپە كرپی بەفر لە ژێر پێتا لە گەڵ دەنگی گریانی شیلان بە باوەشتەوە، خەوی سڕی كۆڵانەكەی زڕاند.
بە بن دیواری بەری ڕۆژهەڵاتدا ملی ڕێت گرت و بەرەو مزگەوت كەوتییە ڕێ، كزەی سەرما سەر لووت و ڕوومەتتی دەگەزی. چاوە سوور هەڵگەڕاو و خەو لێ زڕاوەكەت ئاوی پێدا دەهاتە خوارێ. سەیرە گریانی ئەم دوو ڕۆژە چۆن تەڕایی تێدا هێشتووە. لەگەڵ هەنگاو هەڵێنانەوە چاو بە هەموو لایەكدا دەگێڕی، سرك و قوشقی، جار جار گورگاوڕێك. هەموو تارمایی و تاپۆیەكت لێ دەبێتە چەكدار و سێرەت لێ دەگرن. تا گەیشتنە مزگەوت چەن كۆڵانی دیكەت ماوە. ئاوایی خەوی مەرگ چۆتە چاوی. كفنی ترس و سام لەبەر هەموو ماڵەكان كراوە. گریانی شیلان پەنجێرەی هیچ دیوارێكی پێ ناكرێتەوە. هەر دەڵێی زاری دیوارەكانیش دووراون و ناوێرن لێویان ببزێون، كڕ و كپ.
بن دیوارە و دیوار ڕۆیشتی و جێگا پێی خۆت و دەنگی گریانی شیلانت گەیاندە نزیك گۆڕەپانی بەر مزگەوتەكە. ئاواتت بوو لەو كاتەدا وڵات ڕەش داگەڕێ. ببێتە شەوێكی ئەنگوستە چاو. چاو چاو نەبینێ. بەڵكوو بتوانی لەو گۆڕەپانە بپەڕییەوە و خۆ بكەی بە مزگەوتەكەدا.
چاوت لە گردەكەی پشت ماڵان بڕیوە و بە ئەسپایی و كۆمە كۆمە بەرەو مزگەوتەكە دەخوشی. چەن تارمایی بەسەر تەوێڵی گردەكەوەن. دەجووڵێنەوە، دەستت بە ئاستەم لەسەر دەمی پڕ لە گریانی شیلان داناوە و چاوت لە تارماییەكان بڕیوە و لاقت بێ ئیختیار هەڵدێن. تا بەر دیواری مزگەوتەكە بیست هەنگاوێكت ماوە. جار لەگەڵ جار گردەكە چاكتر وەدیار دەكەوێ و تاپۆكان ڕەشتر دەچنەوە. نازانی تارماییەكان سیانن یان چوار. گەرمایی دەمی شیلان بەری دەستتی گەرم داهێناوە و بە حاڵ نووزەی دێ. كرپە كرپی بەفر لە ژێر پێتدا وا دەنگ دەداتەوە خەریكە گوێچكەت كەڕ بكا. پێنج شەش هەنگاوت ماوە بۆ مزگەوتەكە. دەنگی ئیستێك دڵت دادەخا. لاقت دەچێتە بەست و موچڕكێك بە سەرتاپای گیانتدا مێروولە دەكا و هەوا ئەوەندەی دیكەی سارد دەبێ. چەقوچۆ، كاكیلكەت وە شەقەشەق دەخا. ورە بەر خۆت دەنێی، تازە گەڕانەوە ناكرێ. سێ هەنگاوی دیكە هەڵێنیتەوە دیواری مزگەوتەكە لە باوەشت دەگرێ. لاق هەڵدێنیتەوە هێشتا دات‌نەناوەتەوە تەقەیەك لەگەڵ ویزەی گوللەكەی بە پەنا گوێچكەی چەپتدا دەتتاسێنێ. هەنگاوی دووهەم هەڵدێنیتەوە و تەقەیەكی دیكە ویزەی دێت و چزە لە بەفرەكەی بەر پێت هەڵدەستێنێ. هەنگاوێكت ماوە بگەیتە دیوارەكە، بەڵام ئەوەندە لەبەر چاوت دوورە ساڵەڕێیەك دەبێ، تەواوی هێز و ورەی خۆت لە لاقتدا كۆ دەكەیتەوە و دەتەوێ بە بازێك خۆت فڕێ دەیتە بن دیوارەكە. لەگەڵ بەرز بوونەوەی لەشت تەقەیەك و گڤە لە نێو پشتت هەڵدەستێ و گەرمایی بە پەنا كەلەكەتدا دێ و دەیخووسێنێ.
بە سەرەوە دەكەوی بە سەر شیلاندا. زریكەی لێ هەڵدەستێ. هێز دەدەیە بەر خۆت بە لای دیوارەكەدا دەتلێی. شیلان لەسەر بەفرەكە كەوتووە و كراسە سپییەكەی و بەفرەكەی ژێری سوور هەڵگەڕاوە. هەموو گیانت سڕ بووە و دەمت وشك بووە، دەڵێی پڕ بووە لە خۆڵەمڕە. دەست دەبەی بۆ كەلەكەت، لە خوێنا خووساوە. دەست دەكێشی و قۆڵی كراسەكەی شیلان بە گریانەكەیەوە دەكێشی بۆ لای خۆت. هێز لە خۆت دەدەی، دەتەوێ هەستی، ناتوانی. لاقت دەنووشتێتەوە. هەر دەڵێی لاقیشت پێوە نییە. هەناسەت سوار بووە. دڵت بە پڕتاو لێ‌دەدا. شیلان دەگریتە بن باخەڵی ڕاستەت و بە زگەخشكێ بەرەو نێو مزگەوتەكە دەخوشێی. نازانی چەندەت پێدەچێ تا لەو دوو پلیكانەی مزگەوتەكە سەر دەكەوی. خەتێكی سوورت لەگەڵ بەفر هێناوەتە بەر هەیوانی مزگەوتەكە و سەرت ناوە بە درگاكەوە. بەسەر پاڵی پێوە دەنێی. ناكرێتەوە. شیلان لەسەر عەرزەكە دادەنێی و بە شان پاڵ بە درگاكەوە دەنێی، دەكرێتەوە. شیلان دەنێیتەوە بن باخەڵت و لەگەڵ گریانەكەی بە زگەخشكێ دەیبەیتە ژوورێ. هەناسەت بە حاڵ دێتە دەرێ. شیلانی خوشكت ئەوەندە قورس بووە ئیتر ناتوانی بەرزی كەیەوە. ئاتەگی كراسەكەی دەگری و ڕایدەكێشی. دایكت لە نێوەڕاستی مزگەوتەكەدا بەرماڵێكی پێدا دراوە و ڕاكێشراوە. ئێوارێ خۆت جوان داتپۆشیبۆوە و ڕۆیشتبوویەوە. شیلان هەر دوو مەمكی چەك و چڕ دابوو و بە بەر سنیگییەوە خەوی لێ‌كەوتبوو. تۆش كفنەكەت بەستبۆوە و بەرماڵەكەت بەسەردا دابۆوە، شیلانت لە باوەش كردبوو و بە جێت هێشتبوو. دوو جاری دیكەش باوكت هێنابووی تێری مەمكی دایكت مژیبوو و هێنابوویەوە. خۆت خشكاند و شیلانت لەگەڵ خوێن بە دوای خۆتدا ڕاكێشا و زۆر بە دژواری توانیت گرێی كفنەكە لە سەری دایكت بكەیەوە. شیلانت بردە پەنا سینگی و مەمكی دایكت نایە دەمی. شیلان گریانی لەبیر چۆوە. تۆش سەرت نا بە سەری دایكتەوە و هەستت دەكرد جار لەگەڵ جار لەشت سووك دەبێ و وەك فوودانە وە حەوا دەكەوی. توونییەتی و چەقوچۆ ئارا و قارای لێ هەڵگرتبووی. نێوچاوانە سڕەكەت ناوە بە نێوچاوانی دایكتەوە و ورتە دێ:
ـ دایە گیان،‌ئەوە منیش هاتم بۆ لات. بەڵام ئەی شیلان و دیلان و كەژاڵ و باوكم؟ بیریان دەكەین. ئەوانیش بیرمان دەكەن.
وەنەوزت دەدا،‌ خەریك بوو خەوت لێ بكەوێ. شیلان قونەنشینە بوو، تازە فێری گاگۆڵكە دەبوو. بە دانیشتنەوە دەمی بە سینگی دایكتەوە نابوو و دەستی بە بەرمل و چەناگەیدا دەگێڕا.
تەقەیەك دایچڵەكاندی، تەقەی دووهەم گوێت لە ئاخ و هاوارێك بوو. دەنگی باوكت ناسییەوە. ئەویشیان پێكا. نەتدەتوانی لە جێی خۆت ببزووی. هەرچی هێزت لە خۆت دا بخوشێیی، فایدەی نەبوو. تەنانەت نەتدەتوانی ملت هەڵێنی. لە كەلەكە بەرەو خوارت لە خوێنا خووسابوو. دڵی مزگەوتەكەشت لە خوێنا شەڵاڵ كردبوو.
لە دایكت بیستبوو: «خوێن بە جل‌وبەرگ و ڕاخەر و شتەوە بێ لە نوێژی دەبا» تۆ بە جارێ مزگەوتەكەت لە نوێژ بردووە. گوێت لە ناڵەی كزی باوكتە. لە دەرەوەی مزگەوتەكەوە دێ، بانگت دەكا: «خە... زاڵ... ڕۆ...ڵە... خەزاڵ...»
دوو ڕۆژ لەمەوبەر شەڕەكە دەستی پێ كرد. لەو قرمە قرم و ئاوربارانەدا هەموو خەڵكی نێو دێ لە قوژبن و ژێرخانی ماڵێدا خۆیان شاردبۆوە. كەس نەیدەوێرا بێتە دەرێ. دایكت بە پەلە چووە حەوشە گۆزەیەك ئاو بێنێتە ژوورێ. تەقەیەک هات و دایکت لەپڕ قیژەی لێ هەستا و كاتێ دەرپەڕینە دەرێ گوللەكە لە سەر دڵی درابوو و لە سەر بەفری حەوشە كەوتبوو خوێنی لەبەر دەڕۆیی. بە ڕاكێش ڕاكێش بردتانە ژوورێ. دوای چەن كاتژمێر كە دوژمن هەڵات و تێك‌شكاخەڵک کۆبوونەوە و توانیتان مەیتەكەی دایكت ببەنە مزگەوت و كفنی بكەن.
بۆ بەیانی پیاوان ویستیان بچن بۆ گۆڕ هەڵكەندن، دیسان دوژمن بە هێزێكی زۆرەوە هێرشی هێنایەوە سەر ئاوایی و ئەمجارەیان توانییان دەست بە سەر دێیەكەدا بگرن و ئەو گردەی پشت ئاواییش بكەنە مۆڵگە. ئێستا ئەوە دوو شەو و ڕۆژە كەس ناوێرێ لە ماڵ بێتە دەرەوە. ھەموویان لە ماڵەکانیاندا خۆیان لە پەنا و پەسیوان خزاندووە.
سەرت ناوە بەسەری دایكتەوە و لە پەنایدا ڕاكشاوی. شیلان لە نێوان هەر دووكتاندا دانیشتووە و دەست و پلە خوێناوییەكەی بە مەمكی دایكیدا دێنێ. تێری خواردووە و لەبەر خۆیەوە گڕوگاڵ دەكا و چەپڵە لێ‌دەدا. جارجاریش قامكە خرپنەكانی بە خوێنەكەوە دەنێتە دەمی و بە دەستەكەی دیكەشی شەپڵاخە لە مەمكی دایكت دەدا. ئیتر ناڵەی باوكت نایەتە گوێ. چاوت ڕێشكە و پێشكە دەكا و سەرت لە گێژەوە دێ. هەست دەكەی دڵت لە كوتە كوت كەوتووە و هێور بۆتەوە. چاوت لە شیلان بڕیوە. دەڵێی لە پشت شووشەیەكی تەماوییەوە دانیشتووە. لەپڕ شەو بەسەردا دێ و وڵات تاریك دادەگەڕێ.

ئەمین گەردیگلانی

هاوینی 1385

behnam5555 07-03-2013 08:38 PM

چارەچە‌قیلە
 

چارەچە‌قیلە

دیسان ملی ڕێی گرتبوو، گەیشتبووە لای تاشەبەردەكە و ڕاوەستابوو. هەتاوی نیوەڕۆی نۆزدەی بانەمەڕ پەلك و گەڵای گیاوگژ و دارانی پڕشنگ‌باران دەكرد. دەنگی خۆشی هەوێردە و سیچڕە و زەردەوەلی ئەمپەڕاوپەڕ دەنگی دەدایەوە. كابرا چاوی لە چیمەنی بەردەمی تاشەبەردەكە بڕیبوو. بنجێك چارەچەقیلە لەنێو گژوگیاكاندا بەدەم نەرمەباوە دەشنییەوە و جارجار پەلكی ناسكی لێ هەڵدەوەری. چاوی لە بنجەگوڵەكە بڕیبوو و نەیدەترووكاند. هەموو ساڵێك لە كاتی دیاری‌كراودا دەهات و لەو شوێنە ڕادەوەستا و لە گژوگیاكە ڕادەما. یان پاڵی دەدا بە تاشەبەردەكەوە و دەستەوئەژنۆ دادەنیشت و فرمێسك لەچاویدا قەتیس دەما. جاروباریش زەنگوڵ زەنگوڵ لە چاوییەوە كەلاوڕێژی دەكرد و بە ڕیشە سپییەكەیدا دەچۆڕا خوارێ. چەندساڵە ئەوە پیشەیەتی و دڵنیا نابێ. ساڵانی پێشوو لەگەڵ ژنە پیرەكەی دەهات، بەڵام سێ‌ساڵە بە تەنیا دێ.
یەكەم ساڵ كە هاتن چووم بۆلایان و ڕۆحم دایە بەر ڕێژنەی خەمەكانیان.
«لەبیرمە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆ بوو، هەواكەی تاووساو و گەرم بوو. خەڵك هەموو لە مەزرا خەریكی كاروباری كشت و كاڵ بوون. مانگی بانەمەڕ وڵاتی سەوز داگێڕابوو. گوڵ ‌و گیا بەدەم شنەباوە دەشنینەوە و گەنم و جۆ كەروێشكەی دەكرد. دەنگی مەلان ڕۆحی بە بەر ئەو سروشتە نەخشاوەدا كردبوو. ئەمبەراوبەر ئەو ئاوازە دڵبزوێنەیان بۆ یەكتری دەساندەوە. دەنگی هەوێردە لەنێو مێرگ و باخاندا ئەمپەڕاوپەڕ دەڕۆیشت و لەگوێی خڕ و دۆڵ و گرد و تیرەگاندا دەبوو بە زایەڵە. لەپڕ دوای بانگی عەسر لەبەر كێوی (كەڵكەپیرێژنە) قرمە پەیدا بوو. تەقوتۆق وەك ڕه‌شەبایەكی ناوەخت تەواوی ئەو جوانییانەی شێواند. خەڵك بەنێو شیو و دۆڵ و كەندڕاندا مەڕ و ماڵاتیان وەپێش‌ دا و خۆیان كردەوە بەنێو ئاواییدا.»
كاتێك دەیبینم خۆم پێڕاناگیرێ و بێ‌ئیختیار هەنگاوم بۆلای دەخوشێ ئەگەرچی فرمێسكەكانی و هەناسە دووكەڵاوییەكەی كسپە دەخەنە هەناومەوە، بەڵام دەچم بۆلای و بەشێوەیەك خۆم بە شەریكی خەمی دەزانم، جاری‌ وایە خۆم بە تاوانباریش دەزانم. چونكە من یەكەم كەس بووم چاوم بە تەرمە شەڵاڵەكەی كەوت.
«خۆم دیم لەوێ كەوتبوو. لەپەنا ئەو تاشەبەردە، لەسەر پشت چاوی لە ئاسمان بڕیبوو. ڕۆژێك دوای شەڕەكە بوو، لای ئێوارە دەمویست بڕۆمەوە بۆ ماڵێ. كاری ئاوداشتنم تەواو كردبوو. لەخۆڕا لە ڕێگاكە كلابووم و بە نێو ئەو خڕەی لای تاشەبەردەكەدا وەسەر كەوتم. كە چاوم پێی‌كەوت وامزانی كاك ئەحمەدی خاوەنی مەزراكەیە لەوێ ڕاكشاوە. كە چوومە پێشێ لاوێكی نەناس بوو. خوێن لە كەلەكەی چەپەیەوە هەڵقوڵیبوو و بە مەودای سێ‌بست لەخوار خۆیەوە شۆلاوگەی بەستبوو بە عەرزەكەوە مەیی بوو. دەست و پلی شەڵتانی خوێن بوو، خوێنەكەی بە چاكەتە بۆرەكەیەوە ڕه‌ق بووبوو. دەستێكی نابووە. سەر برینەكەی و دەستەكەی دیكەشی لە گیا و خۆڵی پەنا تاشەبەردەكە گیر كردبوو، دەتگوت دەیهەوێ هێز لە خۆی بدا و هەستێتە سەرپێ. چوومە ژوور سەری و هەڵترووشكام. دڵم بەپڕتاو لێی‌دەدا و دەستم دەلەرزی. دەستە لەرزۆكەكەم لە ڕه‌گی لاملی دا، نەمابوو. لەشی گەرم بوو، لەوەدەچوو تازە گیانی دابێ. دەستێكم بەچاویدا هێنا و پێلوویم خەواند. بە هەڵەداوان چوومەوە بۆ نێودێ و چەندكەسم ئاگادار كرد، بەڵام هیچ‌كەس نەیوێرا یارمەتیم بدا. تەنانەت واشیان ترساندم ئیتر نەموێرا هەر باسی بكەم.»
كاتێك ئەو قسانەم بۆ كابرا پیرە دەگێڕایەوە چاوی لە بەردەمی خۆی بڕیبوو، هەستم دەكرد خەریكە لە ناخەوە هەڵدەقرچێ. دەتگوت سەهۆڵە و لەبەر تاوت داناوە. دەستی بە بەرچاوییەوە گرتبوو و شانی هەڵدەتەكاند. نەمدەویست برینەكەی بكولێنمەوە، یان خەفەتبار و هەناسەساردی بكەم. پێم‌وابوو دڵنیا دەبێ و دەڕوا. ئیتر واز لەو تاشەبەردە و شیوەكە دێنێ و نایەتەوە. بەڵام دوای ئەوەش دەستی هەڵنەگرت و هەموو ساڵێك لەو ڕۆژەدا دەهاتەوە.
بەدەم فرمێسك هەڵوەراندنەوە گوتی:
ـ دەزانم لێرەیە. دڵم پێم دەڵێ هەر لەم دەوروبەرەیە. هەست بە بۆنی كوڕەكەم دەكەم. هاوڕێكانی گوتیان لەبن ئەو بەردەپێكراوە و نەیانتوانیوە تەرمەكەی لەگەڵ خۆیان بەرن و بەجێماوە. دڵنیام هەر لێرەیە. ناچارم ڕۆژێك تەواوی ئەم دەوروبەرە هەڵدڕم. بە نینۆخیش بێ هەڵیدەكۆڵم. هەتا چاوم پێی نەكەوێ دڵنیا نابم. دەبێ هەر بیدۆزمەوە. دەیدۆزمەوە. دەیـ ... دۆز ... مەوە.
كاك ئەحمەد چەند مانگ دوای ڕووداوەكە گوتبووی:
ـ ترسام برا، گاڵتە نییە. لە مەزراكەی مندا كوژراوە. دەترسام تووشی گێرە و كێشەم كەن. هەر ئەو شەوە پاچ و پێمەڕەم برد و چەند هەنگاو لەولای تاشەبەردەكەوە ناشتم.
هەر ئەو ئێوارەیەی تەرمەكەم دی و بە هەڵەداوان چوومەوە بۆ نێودێ، بۆ شەوێ كاك ئەحمەد چووبوو تەرمەكەی شاردبۆوە. بەیانی كاتێك چووینە شوێنەكە ئاسەواری نەمابوو. بۆیە بێدەنگەمان لێ‌هێنا. ڕه‌سووڵ گوتی: «ڕەنگە شەوێ هێزەكانی خۆیان هاتبێتن و تەرمەكەیان بردبێ.» ئێمەش گوتمان ڕاست وایە و گەڕاینەوە بۆ ئاوایی.
چەندكەس لە خەڵكی ئاوایی و تەنانەت كوڕەكانی خۆشی شوێنی گۆڕەكەیان لە كاك ئەحمەد پرسیبوو، بەڵام نیشانی هیچ‌كەسی نەدا و ساڵێك دوای ڕووداوەكە مرد.
كابرا پیرە هەموو ساڵێك ڕۆژی نۆزدەی بانەمەڕ دێتە ئەو شوێنە و پاڵ دەدا بە تاشەبەردەكەوە. چاوە فرمێسك ‌تێزاوەكەی لەو بنجە چارەچەقیلەیە دەبڕێ كە پەلكە ناسكەكانی بەدەم نەرمەباوە هەڵدەوەرن.

ئەمین گەردیگلانی

هاوینی 1386


behnam5555 07-03-2013 08:39 PM

چەتە
 
چەتە

بە هەناسەبڕكێ لە پلیكانەكان وەسەر كەوت. كە گەیشتە نێو هۆڵی چاوەڕوانی، چەن ژن و پیاو و منداڵ لەسەر سەندەڵییە یەكڕەنگەكان بە ڕیز دانیشتبوون. هەناسەیەكی قووڵی هەڵكێشا و پشتە كۆمەكەی ڕاست كردەوە. لەگەڵ سڵاوی كرد، هەموو چاویان لەسەر ڕیشە سپییەكەی و قەڵافەتە تێك‌شكاوەكەی گیرسایەوە و چەند كەس لەبەری هەستان و چاكوخۆشییان لەگەڵ كرد. بە لەقەلەق چووە بەر مێزی كابرای بلیت‌فرۆش و ڕاوەستا. هێشتا هەناسەی نەهاتبۆوە بەر خۆی، كابرای بلیت‌فرۆش بە پۆزێكەوە سەری هەڵێنا و چاوی لە چاوە كزەكانی بڕی كە لە ژێر هەوری برۆ خۆڵەمێشینەكەیدا تەمێكی لێڵیان وەسەر كشابوو.
ـ مامە گیان، دوكتۆر نەهاتووە، خێرت بداتێ. بڕۆ سەعاتێكی دیكە وەرەوە.
مامە پیرە ڕه‌نگی سپی هەڵگەڕا و لە ناكاو سەری بەرز كردەوە، دانیشتوانی نێو هۆڵەكە هەستیان كرد پشتە كۆمەكەی لەگەڵیدا ڕاست بۆوە. چاوی لە ڕوومەتە سووتاوەكەی كابرای بلیت‌فرۆش كرد كە جێ جێ چرچ هەڵگەڕابوو و مووی قرژ و تیژ وەك دڕوو سەریان دەرهێنابوو.
ـ باوكەكەم من سواڵكەر نیم، ئەم ئەكسەم هێناوە نیشان ئاغای دوكتۆری بدەم.
دوگمەی كەواكەی كردەوە و دەستی كرد بە باخەڵیا. پاكەتێكی پان و گەورەی لە باخەڵی دەرهێنا و لەسەر مێزەكە داینا. كابرای بلیت‌فرۆش بە ناقایلی ئەكسەکەی لە پاكەتەكە دەرهێنا و دایە بەر ڕووناكایی گڵۆپەكە و چاوی لێ‌كرد. یەسقانی ڕه‌ق‌وتەقی لاشانی مامە پیرە لە ئەكسەكەدا دیار بوو. خستییە نێو پاكەتەكەوە و دایەوە دەستی.
ـ مامە دەبێ بلیت بگری و دانیشی هەتا دوكتۆر دێ، بە نۆرەی خۆت دەتنێرمە ژوورێ.
ـ جا باوكەكەم هەر تەماشایەكی ئەو ئەكسەم بۆ بكا بزانێ یەسقانەكەی گرتوویەتەوە و تەواو، خۆ نامەوێ معاینەم بكا و دەوا و دەرمانم بۆ بنووسێ. ئەوە بلیتی بۆ چییە؟ ئەو دوكتۆرەی بۆی هەڵبەستوومەوە لە سنەیە، گوتم بۆ ئەو ڕێگا دوورە بكوتم، هەر لێرە نیشان ئاغای دوكتۆری دەدەم، ئەگەر پێویست بوو یان دەمنێرێتەوە بۆ لای دوكتۆرەكەی سنە، یان خۆی ماریجەم دەكا.
ـ خاڵە گیان، بلیتی دەوێ. دەنا سەرچاوم. فەرموو مەحتەلمان مەكە.
مامە پیرە دەستی كرد بە گیرفانی بەر پشتێنەیدا و بەستەیەك پارەی دەرهێنا كە دوو قەد نووشتابۆوە و بە جیرێك بەستبووی. جیرەكەی داماڵی و گوتی:
ـ چەندەیە باوكەكەم؟
ـ شەش هەزار تمەن.
مامە پیرە دوازدە پێنج‌سەد تمەنیی جیا كردەوە و لە بەردەمی بلیت‌فرۆشی دانا. چاوێكی لە پاشماوەی پارەكەی كرد و ئەمبارەوباری كرد: دوو پێنج‌سەد تمەنی و دووسەد تمەنییەك و چوار پەنجا تمەنیی پێ‌مابوو. نایەوە گیرفانی و چوو لەسەر كورسییەك دانیشت. پاڵی داوە و سەری نا بە دیوارەكەوە.
ـ خاڵە گیان خەڵكی كوێی؟
یەكێك لە نەخۆشەكان لێی پرسی كە لە پەنایدا دانیشتبوو.
ـ باوكەكەم خەڵكی ئەم ساڵحاوایەی سەقزم.
ـ ئەی ئەوە كەست نەبوو لەگەڵت بێ؟ كوڕێك، ژنێك، خزمێك؟
ـ كوڕ؟
تەزوویەك بە لەشیدا هات و ئۆناقێكی تاڵ گەرووی گرت و خەمێكی ئاشنا چنگی لە دڵی گیر كرد و هەڵیگڵۆفی. هەناسەیەكی هەڵكێشا و بە دڵێكی كەیلەوە گوتی:
ـ نا.
خەریكی بیر هەڵقەندنی ماڵی حاجی سەلیمی جیرانیانە. حەوت میتر بیری لێداوە خەریكە دەگاتە ئاو، ئارەقەی دەرداوە و عەرزە تەڕەكەش هەموو داودەلینگ و پاتۆڵەكەی خووساندووە و لە قوڕ و لیتەی هەڵكێشاوە. زوو زوو پەت و دەولكی بۆ شۆڕ دەكەنەوە پڕی دەكا لە قوڕ و بەرد و هەڵیدەكێشن. لەگەڵ چوونە سەری سەتڵەكە، سەری هەڵێنا و چاوی بە دوادا بەڕێ كرد. هەتاوی نیوەڕۆی مانگی جۆزەردان دەڕژێتە نێو بیرەكەوە. زۆر چاوەڕوان ما پەت و دەولك نەهاتەوە خوارێ، هەرا دەكا. لەوە دەچێ هاوكارەكەی لەوێ نەمابێ. گوێ هەڵدەخا، دەنگی گریان و ژاوەژاوی ژنان و پیاوان دێتە گوێ. بە پەلە لە بیرەكە دێتە دەرێ. حەوشەی ماڵی حاجی سەلیم چۆڵ و هۆڵە، دەڵێی زیندەوەری تێدا نەماوە. بە هەڵەداوان و گیانی قوڕاوییەوە پێ دەنێتە كۆڵان. بەر درگاكەی ماڵی خۆیان عالەمێكی لێ كۆبۆتەوە. بە هەناسەبڕكێ خۆی دەگەیێنێتە بەردەرگا، هەموو ڕێی بۆ چۆڵ دەكەن و دەچێتە حەوشە. تابووتێك لە حەوشە لە ژێر دار تووەكە داندراوە و تارایەكی سووری بە سەردا كێشراوە. دوو كەس لە هاوڕێیانی كوڕەكەی بە چەك و فیشەكلغەوە باوەشی پێدا دەكەن و لەگەڵ گریانی بە كوڵی خۆیان گریانی وە بیر دێننەوە. چونكە وا تاسابوو نەیدەزانی چ بكا.
دوای جوانەمەرگ بوونی كوڕە تاقانە سوور خەڵاتەكەی، تووشی نەخۆشی بوو. نەخۆشییەكەی وا نەبوو لە پێی بخا. بەڵام تووشی فەرامۆشی بووبوو، جاری وا بوو نزیكترین خزمەكانی خۆی نەدەناسییەوە. دوای چەند ساڵ ژنەكەشی بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە كۆچی دوایی كرد و تەنیا و بێكەس مایەوە. بەڵام كاری بیر هەڵكەندنی هەر درێژە پێدا و بە ڕەنجی شانی خۆی ژیا.

شەقوكوتی كورسی و هەستانی خەڵكەكە هەودای خەیاڵی پساند. دوكتۆر پێی نایە هۆڵی چاوەڕوانییەوە و بە پۆز و هەوایەكەوە ڕۆیی بۆ ژووری معاینە. دوای ماوەیەك زیڕەی زەنگێك هات و نەخۆش و شەل و دەست‌شكاو بە نۆرە چوونە ژوورێ و هاتنەوە دەرێ.
ـ خاڵە گیان خۆ لەوە ناچێ هیچ كوێت شكابێ، ئەم دوكتۆرەش جەڕڕاحی یەسقانە، بۆ هاتووی بۆ ئێرە؟
دیسان نەخۆشەكەی پەنای لێی پرسی. ئەمجارەیان مامە پیرە سەری هەڵێنا و چاوی لە كوڕە كرد كە بە پەڕۆیەكی سپی دەستیان بۆ لە ملی كردبوو.
ـ باوكەكەم مانگێك لەمەوبەر خەریكی بیر هەڵقەندن بووم، كەوتمە نێو بیرەكەوە و شانم شكا.
ـ جا تۆ كوا دەتوانی بیر هەڵكەنی مامە گیان؟
ـ ڕۆڵە گیان چۆن ناتوانم؟ خۆ غارغارێن ناكەم. دادەنیشم و لە بنەوپاڵەوە دەست دەكەم بە هەڵكەندن و گڵ و قوڕەكەم بۆ هەڵدەكێشن. بەڵام داخەكەم ناتوانم خۆم بچمە خوارێ و بێمەوە سەرێ. دەبێ پەتێك لە نێوقەدم خەم دامهێڵنە خوارێ و پاشان هەڵمكێشنەوە. هەروەك عەرزم كردی مانگێك لەمەوبەر كاتێك ویستیان دامهێڵنە خوارێ، میترێك نیو میترم مابوو بگەمە تەركی بیرەكە، كەندرەكە لە دەستی ئەو كوڕە بەستەزمانە بەر بوو و لاشانم درا بە دیواری بیرەكەدا و بەرچاوم تاریك بوو. ئیتر نازانم چۆنیان دەرهێنامەوە، كاتێك وەهۆش هاتمەوە لە نەخۆشخانەی سەقز بووم و خەریك بوون بەڕێیان دەكردم بۆ نەخۆشخانەی سنە.
ـ ئەی خاڵە گیان هەر ئەو كاتە بۆ نەیان‌هێنای بۆ لای ئەم دوكتۆرە و بردیانی بۆ سنە؟
ـ ڕۆڵە گیان ئەم دوكتۆرە بیست ڕۆژە هاتووە. ئێرە دوكتۆری جەڕاحی لێ‌نەبوو. ئەوە لەوێ بۆیان هەڵبەستوومەوە و شوكور ژانی نەماوە. ئەمڕۆ چووم لە نەخۆشخانە ئەم ئەكسەیان بۆ هەڵگرتوومەوە و هێناومە بۆ لای ئەم ئاغای دوكتۆرە بزانێ گرتوویەتەوە، گوتم بۆ ئەو ڕێگا دوورەی سنە ببڕم.
پیاوێك بە شەلەشەل لە ژووری معاینە هاتە دەرێ. كابرای بلیت‌فرۆش هەروا كە ملی بە سەر دەفتەرەكەدا شۆڕ كردبۆوە، دەنگی هەڵێنا.
ـ مەحموودی مقەننی.
مامە پیرە بە لەقە لەق هەستا پێ و ڕۆیی بۆ ژووری دوكتۆر، سڵاوی كرد و بە دەستێكی بلیتەكەی دایە دەست دوكتۆر و بە دەستەكەی دیكەی ئەكسەكەی لە بەردەمی دانا. دوكتۆر بلیتەكەی خستە نێو چەكمەجەی مێزەكەیەوە و دەستی دا ئەكسەكە و تەماشایەكی پاكەتەكەی كرد:
- ئەمە بۆ لای من نەنووسراوە. بیبە بۆ سنە.
ئەكسەكەی دایەوە دەست كابرا پیرە و قامكی بە زەنگەكەدا نا، نەخۆشێكی دیكە بچێتە ژوورێ.

ئەمین گەردیگلانی

بۆكان ـ هاوینی 1386


behnam5555 07-03-2013 08:42 PM

دووكەڵ
 
دووكەڵ



گاردۆنێكی لە دوو لاوە كون كردووە و پەتێكی لێ گرێداوە.لە ملی كردووە و بنێشت و نوقڵ و كاكائۆی لە نێو گاردۆنە پەلەكەدا ڕیز كردووە. هەر دەڕوا و لەبەرخۆیەوە بە دەنگە منداڵانەكەی زۆر لە سەرەخۆ ئەوەندەی كە هەر خۆی گۆێی لێ دەبێ دەڵێ: «بنێشت، نەقوڵ، كاكائۆ، كاكائۆ، بنێشت، نەقوڵ...» دەستە كز و ڕەقەڵەكەی بە بنی گاردۆنەكەوە گرتووە و چاوە ڕەشەكانی بە وردی بە خەڵكدا دەگێڕێ و بە شەرمەوە جارجار سەری هەڵدێنی و دایدەخاتەوە. ئارەقەیەكی ڕوون بە لاجانگە گەنم رەنگەكەیدا شۆڕ بۆتەوە. نەرم لە دوولاوە بەرەو چەناگە وردیلەكەی دادەخزێن. سەرلووتە چكۆلەكەی دووسێ دڵۆپە ئارەقەی وردی دەرداوە و دەڵێی شەونمە و لەسەر وشكە گەڵایەكی ئەرخەوانی نیشتووە. هەناسەی سوار بووە، سیخەی سینگی لە گەڵ دەنگە منداڵانەكەی تێكەڵ بووە و دەڵێی سەدان شەقاو هەڵاتووە و هەر ئێستا دەخنكێ. ڕەگی ملە باریكەكەی هەستاوە و هەست دەكەی شین هەڵگەڕاوە. لە بازاڕی چاكەچكۆلە هاتەدەرێ و نەرم نەرم بە شۆستەی شەقامی گەورەدا بایدایەوە و بەرەو فەلەكەی ئەسكەندەری ڕۆیی. سیخە سیخی سینگی هەروا لەگەڵ نوقڵ و كاكائۆ و بنێشت و دەنگە منداڵانەكەی تێكەڵ دەبێ. كابرایەكی ڕەشی سەرماشوبرنجی جگەرەیەكی بە لێوەوەیە و بەرەو ڕووی دێ. كابرا خێرا خێرا مژ لەجگەرەكەی دەدا و دووكەڵەكەی دەردەداتەوە. ئەمیر بە دیتنی كابرا چاوە ڕەشەكانی زیت كردەوە و بە قەڵەمبازێكی ورد و منداڵانە بازیدا ئەو بەری قاناوەكە و ڕاوەستا. كابرای جگەرەكێش بەلایدا تێپەڕی و بای دەمەونیوەڕۆ دووكەڵ و بۆنی خڵتەكەی ئاوقای ئەمیر كرد و وەكۆخەكۆخی خست. بە هەنگاوە وردیلەكەی دیسان بازی دایەوە سەر شۆستەكە و پاڵیدا بە دیواری بەینی دوو دووكانەوە. كوخە پیرانی پێ كرد و ئازای ئەندامی وەسەر ئارەقە گەڕا. كابرای دووكاندار دەستی لە سەر شانی دانا و گوتی:
«مامە چكول گیان ئەوە سەرمات بووە ؟»
ئەمیر ئاوڕی دایەوە كابرا جگەرەیەكی بە لێوەوە بوو. ئەمیر بە دینی جگەرەكەی لێوی داچڵەكی و لەناكاو وەك چۆلەكەیەك كە خۆی لە چنگی باشوو ڕاپسكێنێ هەڵات و دیسان بەقەڵەمبازە وردیلەكەی لە قاناوەكە پەڕییەوە. چەند شەقاو بە سەر شەقامەكەدا ڕۆیشت و دیسان بازی دایەوە سەر شۆستەكە. كۆخە چنگی لە گەرووی گیر كردبوو و ئەوەندەی تری ئارەقە پێدەردابوو و هەرا كردنی لەبیر بردبۆوە. چاوی لە بنێشت و نوقڵەكانی بڕیبوو و نەرم نەرم هەنگاوی دەنا و سیخەی سینگی لەگەڵ ترپە و خشپەی كەوشە ئیسپۆڕتەكانی ئاوێتە دەبوو. هێندە كۆخیبوو سپیایی چاوی سوور هەڵگەڕابوو و گلاركە ڕەشەكەی چاویشی خورمایی دەنواند. نەدەگریا، بەڵام دوو ڕیز ئارەقە و فرمێسك لە بەر پێڵووی چاوییەوە دادەخزان و لە هەر دوو لاوە دادەگەڕان بۆ سووچی لێوی و دەیانویست زمانە ویشك هەڵگەڕاوەكەی تەڕكەنەوە. لە دەوری فەلەكەی ئەسكەندەری تۆزێ ڕاوەستا. تازە خەریك بوو پشووی بێتەوە بەر خۆی چەند گاردۆنی پڕ لەجووجەڵەی زەرد و سوور سەرنجی ڕاكێشا و هەنگاوی بێ ئیختیار بەرەو لایان خوشی.
كابرای خاوەنی جووجەڵەكان پشتی نابوو بەدیوارەكەوە هەڵترووشكابوو. ئەمیر لەلای جووجەڵەكان ڕاوەستا و چاوی تێبڕین. جووجەڵەكان خێراخێرا دەنووكیان لە كادار و وردە گەنمەكەی بەر دەمیان دەدا و چینەیان دەكرد. ئەمیر لە دڵی خۆیدا گوتی: «بریا منیش جووجەڵە بایەم بەس نییە مریشك و كەڵەشێر و جووجەڵە جگەرە ناكێشن.» كابرای جووجەڵە فرۆش دەستی كرد بە گیرفانی پانتۆڵەكەیدا بەستەیەكی جگەرە دەرهێنا و لە گیرفانەكەی دیكەشی شەمچەكەی دەرهێنا. جگەرەی نا بەلێویەوە. ئەمیر هەروا چاوی لە جووجەڵەكان بڕیبوو دانەیەكی سووریان لەگەڵ بوو بە دەنووك لە هەموویانی دەدا و نەیدەهێشت لە جێی خۆیان بسرەون. كابرای جگەرەفرۆش لقە شەمچەی دەرهێنا و هەڵیكرد. ئەمیر هەركە گوێی لەخشەی شەمچەكە بوو داچڵەكی و سەری هەڵێنا. كابرای جگەرە فرۆش خەریك بوو جگەرەکەی داگیرسێنێ، هێشتا گڕی لقە شەمچەكە نەگەیشتبووە جگەرەكە ئەمیر پێی پێوەنا و وەك ئاسكی سڵۆك بازیدا ئەوبەری قاناوەكە و دوور كەوتەوە. دەوری فەلەكەكەی لێدا و لەسەر سەكۆی بەردرگای بانگی مەسكەن دانیشت. لەدەستی ڕاستی سەكۆكە كوڕێكی لاو ماشێن و تفەنگ و بووكەباخەی منداڵانەی دەفرۆشت. چاوی لەسەر ماشینێكی پۆلیسی گیرسایەوە و چرا سوورەكەی وەك كارەبا ئەمیری كێشا بۆ لای خۆی. هەستا و چوو لە پەنای ماشێنەكە ڕاوەستا و چاوی لە ماشینەكە نەترووكاند.
ئەمیر لە ژوورە چكۆلەکەی ماڵێ دانیشتووە دایكی لە ئاشپەزخانەكە خەریكی چێشت لێنانە و ئەوینی خوشكی بە گاگۆڵكێ بە نێو ژوورەكەدا دەگەڕێ و گڕوگاڵ دەكا. ماشێنە پۆلیسییەكەی قورمیش كردەوە و لە سەر فەرشەكە دایدەنێ. ماشێنەكە بە ئاژیر لێدان دەچێ بۆ لای ئەوین، كەلێی نزیك دەبێتەوە ئەوین بە دەستە خڕپنەكانی ماشێنەكە دەگرێ و ناهێڵێ بڕوا. هەڵدەستێ و دەچێ لەبەر دەستی ئەوین لای دەبا و دەیهەوێ دیسان قورمیشی بكاتەوە. ئەوین دەست دەكا بەگریان.
- «كاكە ئەو ماشێنە پۆلیسییە بەچەندە؟».
كابرایەك دەستی كوڕەكەی گرتبوو لە پەنا ئەمیر ڕاوەستابوون.
-«دووهەزار و پێنج سەد خاڵەگیان.»
كابرا دوو هەزار و پێنج سەدەكەی دایەدەست كوڕە لاوەكە و ماشێنەكەی هەڵگرت. كوڕەكە خێرا ماشێنەكەی لەدەستی باوكی ڕاپسكاند و لە پێشییەوە هەڵات. هەتا دوور كەوتەوە ئەمیر هەر چاوی لە كوڕە و ماشێنەكەی باوەشی بوو.
-«كاكە گیان سەعات چەندە؟»
-«سەعات دوازدە و نیوە.»
بە بیستنی دوازدە و نیو داچڵەكی و چاوی لە گاردۆنەكەی ملی كرد و دەستێكی لەگیرفانی دا. پارەكانی دەرهێنا و بژاردی بایی چوارسەد و پەنجاتمەنی فرۆشتبوو. بەپەلە بەرەو ماڵێ پێی پێوەنا. بە شەقامی گەورەدا بەرەو ژوور ڕۆیشت و پاشان بە شەقامی هێمندا داگەڕا. گەیشتە بەر سۆپرماركێتەکەی نادری. لەبەر شووشەبەندەكەی ڕاوەستا و چاوی لەكەل وپەلی دووكانەكە بڕی. دەمانچە ئاوییەكە لەوێ نەمابوو. دوێنێ لەگەڵ باوكی چووبوون بۆ كڕینی فاف و ماكاڕۆنی چاوی بەو دەمانچە ئاوییە كەوتبوو. چەندەی پێخۆشبوو بۆی بكڕێ ، پڕی بكا لە ئاو و لە دایكی و ئەوینی خوشكی گرێ و ئەوینی خوشكی بەپڕیشكەی ئاوەكە قریشكەی پێكەنینەكەی لەماڵەكەدا دەنگ بداتەوە. دوێنێ كە چاوی بە دەمانچەكە كەوتبوو زۆر لەباوكی پاڕابۆوە بۆی بكڕێ بەڵام بۆی نەكڕیبوو. ئەمیر گوتبووی: «كاكە ئەو دەمانچەیە بەچەندە؟»
نادری گوتبووی:«حەوسەت تمەن.»
كاتێک دەستیان دابووە فاف و ماکاڕۆنییەکان و هاتبوونە دەرێ، باوکی گەڕابۆوە بۆ نێو دووکانەکە. ئەمیر لەخۆشیانا خەریک بووبوو شاگەشکە بێ. بەدوای باوکیدا هەڵاتبۆوە بۆ نێو دووکانەکە و دەستی دابووە دەمانچە ئاوییەکە. بەڵام بە مۆڕەیەکی باوکی لە جێی خۆی دانابۆوە. نادری بەستەیەکی جگەرەی وێنستون دابووە دەست باوکی ئەمیر و هەزار و دووسەت تمەنی لێوەرگرتبوو.
کابرایەک لە دووکانەکەی نادری هاتەدەرێ و جگەرەیەکی قاوەیی بە لێوەوە بوو. ئەمیر هەرکە چاوی پێی کەوت لە جێی خۆی داچڵەکی و بەچەند هەنگاوی سووک و سرک هەڵات و دوور کەوتەوە. گاردۆنەکەی ملی و بنێشت و نوقڵەکانی و سیخەسیخی سینگی لەگەڵ خۆیدا برد و بەدوو سێ کۆڵاندا بایدایەوە و گەیشتەوە ماڵێ. لەدەرگای دا و دایکی هات دەرگاکەی بۆ کردەوە. دایکی باوەشی پێداکرد و ڕوومەتە سوێرەکەی ئەمیر لێوی کزاندەوە. دایکی گاردۆنەکەی لەملی داماڵی و دەستی گرت و بردی بۆلای شێرەئاوەکە. شێرەکەی بۆبەردایەوە و ئەمیر دەست و دەموچاوی شوشت. پاشان بەلۆی لەچکەکەی دایکی دەموچاوی سڕی. بەدوای دایکیدا چووە پێشخانەکە و چاوی بە کەوشەکانی باوکی کەوت. ئەمڕۆ باوکی لەپێش ئەودا هاتبۆوە. هەمیشە هەوڵی دەدا لە پێش باوکیدا بگاتەوە ماڵێ و هەتا ئەو دێتەوە دایکی نان و چایی بداتێ و کاتێک باوکی دێتەوە ئەو خۆی لە حەوشە بخافڵێنێ و بۆن و دووکەڵی جگەرە وەکۆخەکۆخی نەخات. بەڵام ئەمڕۆ بەلای جووجەڵە و ماشێنی پۆلیسییەوە خافڵا و ئاوا وەدرەنگ کەوت. ئەو ڕۆژانەی کەلەدوای باوکی دەگەیشتەوە ماڵێ دەبوو هەتا سەعات دوو و نیو و سێ، ئەو کاتەی باوکی دەڕۆیشتەوە بۆسەر کارەکەی لە حەوشە خۆی بەخیز و خۆڵوخاکەوە بخافڵێنێ و نەچێتە ژوورێ. بەڵام ئەوە هەر بۆ نیوەڕۆیانی هەواخۆشی بوو. ئەو ڕۆژانەی دانی پاش نیوەڕۆش دەچووە قوتابخانە باشبوو سەعات یازدە و نیو نانی نیوەڕۆی دەخوارد و دەڕۆیشت. بەڵام شەوانە و زستانانەش ئەگەر دانی بەیانیان لە قوتابخانە بوایە، سەعات دوازدە و نیو دەهاتەوە و ناچار بوو ئەو دووکەڵ و بۆگەنە جگەرەیەی باوکی تامڵ بکا و بەدەم کۆخە و هەناسەسوارییەوە نان و چاییەکەی بخوات. هەتا بەیانیش لەنێو جێگاکەیدا لەبەر ژانی سینگی جینگڵ بدات. کە دایکی دەرگای هاڵەکەی کردەوە و چووە ژوورێ، دووکەڵ و بۆنی جگەرە هاشاوڵی هێنا بۆ کەوشکەندەکە و خۆی کرد بەقوڕگی ئەمیردا و لەگەڵ هەناسەی گەرم و سیخەسیخی سینگی باوەشیان بەیەکدا کرد. بە پەلە گەڕایەوە بۆ حەوشە و چوو لە سووچی دیواری حەوشە و ئاودەستەکە دانیشت. دەستی بە سینگییەوە گرت و کۆخە پیرانی پێکرد. زگی لەبرسانا قۆڕەی دەهات و سینگ و گەرووە بریندارەکەی دەتگوت بیباری پێوەکراوە. سەری نا بەدیوارەکەوە و خەیاڵی ماشێنە پۆلیسییەکە بردی بۆ دەوری فەلەکەی ئەسکەندەری.
دایکی نان و چایی دا بە باوکی ئەمیر و باڵنجێکی بۆدانا ڕاکشێ. پاشان چوو لەچێشتخانەکە بابۆڵەیەکی بۆئەمیر کرد و ڕۆیی بۆ حەوشە. ئەمیر لە جێگای هەمیشەی خۆی بوو. سووچی دیواری حەوشە و ئاودەستەکە. کاتێک دایکی بە بابۆڵە هێڕەڵماسییەوە گەیشتەلای، ئەمیر بەلادا هاتبوو. دایکی لە پەنایدا دانیشت و سەری ئەمیری کردە سەر ڕانی خۆی. ئارەقەی ڕوومەتە گەنم ڕەنگەکەی عەرزەکەی تەڕکردبوو. بە لەپی دەستی قوڕەکەی لە ڕوومەتی سڕی و دەستی نایە سەر سینگی ئەمیر و فرمێسک بە چاویدا هاتە خوارێ.
دوای سەعاتێک باوکی ئەمیر لەژوورێوە گوڕاندی:
ـ کاڵێ! پاکەتی جگەرەکەمت لە کوێ داناوە؟!


ئەمین گەردیگلانی
هاوینی 1387

behnam5555 07-03-2013 08:44 PM

خولیای برسییەک
 
خولیای برسییەک


دیسان لێو بە بزە و جوانتر لە ڕۆژان خۆی کردەوە بە دووکانەکەتدا و بە نازێکی کچانەوە تەوقەی لەگەڵ کردی. چوو لەسەر کورسیی پەنا سۆبەکە دانیشت و بەگەرمە چاکوخۆشیتان کرد. دیسان وەک ڕۆژان نەتدەزانی لە کوێوە دەست پێبکەی و چۆن باسێکی تازەی لەگەڵ دامەزرێنی. بە دەست و چاو خەریکی کاری و زەنگیانە و مەلیلەکان و پووڵەکەکان لەسەر مێزەکە ئەمباروبار دەکەی و بە تەرازووە چکۆڵەکە دەیانکێشی و بەستە بەستە لەسەر قەفەسەکە دایاندەنێی و هێندێکیش لە نێو جامخانەکەدا دادەنێی.
ـ دەی شەهێن خانم ئێستا دیار نیی، بووی بە گوڵە گەزیزە، دەزانی لە کەنگێوە نەهاتووی؟
شەهێن بە نازێکی تێکەڵ سرکی و خۆشیرین کردنێکی کچانەوە لێوە ناسک و سوورەکەی شیلە بزەیەکی تێگەڕا و گوتی:
ـ چۆن دیار نیم؟ پێرێ لێرە بووم. لە بیرت نییە؟
ـ دەنا من پێموابوو، چەند حەوتووە نەهاتووی، ئاخر من...
لەو کاتەدا ژنێک و کچێک ھاتنە ژوورێ و بە سڵاوێک هەودای باسەکەتان پسا. چاو بە زەنگیانە و پووڵەکەکاندا دەخشێنن و لە چەند ڕەنگ هەڵدەبژێرن. بۆیان دەپێچییەوە و پارەکەی دەدەن و خواحافیزی دەکەن. لەگەڵ شەهێن دوو بەدوو دەمێننەوە. دیسان خۆت بە کەلوپەلەکانەوە خەریک دەکەی و لەگەڵ ئەوەی لەبنەوە باشووی چاوت لەسەر کوڵمەی ناسک و برۆ ڕەشەکانی شەهێن جارجارە لەنگەر دەگرێ و بە باڵ لێکدانێک دوور دەکەوێتەوە و دیسان بۆ شوێنەکەی خۆی دەچێتەوە، لە قسەیەک دەگەڕێی کە بتوانێ ببێتە کلیلێک بۆ کردنەوەی دەرگای دڵی ئەو شۆخە نازەنینە. زمانێک بە لێوتدا دێنی و لەگەڵ ئەوەی چاو لە چاوی جوان و ڕەشی دەبڕی دەڵێی:
ـ ئەمانەش دەڵێی کات قاتە، لە وەختی وادا خۆ دەکەن بە ژوورێدا، بریا مشتەریی ئاوام هەر نەبوایە.
شەهێن لەگەڵ ئەوەی هەڵدەستێ و دەچێ بۆلای قەفەسەکان و بەستەیەک پووڵەکە دادەگرێ و چاوی لێدەکات و دایدەنێتەوە دەڵێ:
ـ ئەی تۆ ئەو دووکانەت بۆ چی داناوە؟ ماڵومنداڵ بە چی بەخێو دەکەی ئەگەر مشتەریت نەبێ؟
بە نازێکەوە ناوقەدە زراوەکەی بادەدا، بە باڵتە تیسکدارەکەیەوە کە بە دووگمەیەک لە ژێر مەمکیدا دایخستووە دەچێ لەسەر کورسییەکە دادەنیشێتەوە. حەزت دەکرد هەتا ئێوارە هەروا بە بەردەمتدا هاتوچۆ بکات و سەیری بەژنوباڵا جوان و وردیلەکەی بکەیت و پەپوولەی چاوت لەسەر هەموو بەرز و نزمییەکانی بەژن و باڵای بنیشێتەوە. تفی دەمت قووت دەدەیەوە و چاو لەو بەستە پووڵەکەیە دەکەی کە شەهێن دەستی لێدا بوو و دەڵێی:
ـ ئەو پووڵەکەیەت پێ جوانە. ئەگەر کراست کڕی لەو پووڵەکەیەی بۆ بەرەوە.
شەهێن بزەیەکی هاتێ و گوتی:
ـ جا دەرس خوێندن کوا دەرفەتی ئەوەی بۆ هێشتوومەوە کراس بکڕم و پووڵەکە و زەنگیانەی لێدەم. ئەم دەرسانەش هێندە گرانن.
چاوێکی لە جانتاکەی سەر کۆشی کرد کە کتێبەکانی تێدا بوو، تۆش لەگەڵ ئەو چاوت لەسەر جانتا ڕەشە بریقەدارەکەی گیرسایەوە. گوتت:
ـ دەی هەتا کەنگێ تەواو نابێ، هەر دەبێ بخوێنی؟ ئەی کەنگێ...
لەو کاتەدا کابرای داڵاندار هاتە ژوورێ بۆ وەرگرتنی مانگانەکەی. دوو هەزارتمەنت پێدا و بە هیوا بووی بڕواتە دەرێ. بەڵام کابرا چوو بۆ لای کوورەکە و لە نزیک شەهێن ڕاوەستا و لەگەڵ ئەوەی چاکوچۆنی لەگەڵ کرد دەستی بەسەر کوورەکەدا گرت و گەرمی کردەوە. چاوێکی لە تۆ کرد و پاشان لە شەهێنی ڕوانی و گوتی:
ـ کوڕە نازانی دوێشەو بە چ مکافاتێک ڕۆژم کردەوە. جاتۆ خودا ئەوە کەسپە من هەمە؟ خۆ لە ترسی ئەو خوێڕی و موعتادانە ناوێری چوار هەنگاو دوور کەویەوە. هەتا دەچییە ئەو سەری بازار و دێیەوە ئەمسەر، نابێ بە هیوای خۆت بی. دەبێ چاوێکت بکەیە چوار چاو و ئاگادار بی. دەنا لە پشتەوە چەقۆیەکت لێدەن هەروا دەچێ.
خوداخودات بوو زوو تەواوی کات و بڕوا. بەڵام دیار بوو ئەو پەلەیەی لە تۆیە لەو نییە و دڵی نایە پەنا سۆبە گەرمەکە بەجێ بێڵێ. کڵاوەکەی سەری ئەمبارەوبار کرد و گوتی:
ـ دوو دانە لەو بەڕەڵڵایانە بەو سەرمایەی دوێشەو هەر لەو پەنا دەڕابە و سووچی کۆڵانانە مۆتەمۆتیان بوو. هەرچی خۆم لێ نابەڵەد دەکردن و وام دەنواند کە نەمدیون، نە ئەوە بوو بڕۆن، نە ئەوە بوو دەستبەکار بن. باوەڕ بکە هەتا ڕۆژی پاک لە ترسی ئەو جووتە نەمتوانی بچمە ژووری نگابانییەکەم و وچانێک بدەم.
شەهێن چاوە جوانەکانی زیت کردەوە و بە بزەیەکی تۆزێ منداڵانەوە گوتی:
ـ ئەیەڕۆ، جا بە تەنیا چۆن دەوێری؟ بۆ کەسێکی دیکە پەیدا ناکەی بەیەکەوە نگابانی بدەن؟
کابرای داڵاندار دیار بوو ئەو پرسیارەی زۆر پێخۆشە، لە لایەکەوە جێی گەرمی دەست کەوتووە و خۆی لێ دەخافڵێنێ، لەلایەکی تریشەوە بە گوێی تۆدا دەدا کە کرێی مانگانەکەی کەمە. تۆزێ خۆی خوار دەکاتەوە و دەڵێ:
ـ جا دادە گیان ئەوە کوا بەشی دوو کەس دەکا ئەو کۆڵانە چل و حەوت دووکانی لێیە، کۆڵانەکەی ئەو بەریش پەنجا و چوار دووکان، بیست و سێ دووکانیش لەم کۆڵانەی تەنیشت،هەمووی دەکاتە سەد و بیست و چوار دووکان. وەرە شەو هەتا بەیانی خەو لە چاوت نەکەوێ و بە ترس و دڵە خورپەوە نیگابانی بدەی بۆ دووسەد و چل و هەشت هەزار تمەن.
لەو کاتەدا کابرایەک خۆی کرد بە دووکانەکەدا و شانی کابرای داڵانداری گرت:
ـ ماڵت بە قوڕێ نەگیرێ لە کوێی سەعاتێکە لێت دەگەڕێم. وەرە بابچین ئەو بارەی میرزا عەزیز خاڵی کەین. بە جووت خوداحافیزیان کرد و چوونە دەرێ.
هەناسەیەکی ئاسوودەت هەڵکێشا و چاوێکت لە شەهێن کرد، سەری داخستبوو و خەریکی مۆبایلەکەی بوو. هێندێک خۆت هەڵگوشی و بە کۆخەیەکی چکۆلە گەرووت ساف کرد و گوتت:
ـ شەهێن خانم ئێستا کورتە نامەشمان بۆ نانێری. جا هاوڕێیەتی ئاوا دەبێ؟
شەهێن دیسان نازێکی بە چاوە ڕەشەکانی کرد و لێوی وەک خونچە کۆکردەوە و قامکە شووش و سپی و نینۆخە پەمەییەکەی بە مۆبایلەکەیدا ناو گوتی:
ـ بڕوا بکە ئەم ئیرانسێڵە بەرگە ناگرێ. بە دوو سێ ڕۆژ جارێک پارە کۆدەکەمەوە کارتێک بکڕم، بەشی هیچ ناکا.
خۆت بە زەنگیانەکانەوە خەریک کردەوە و بیرت لەوە دەکردەوە چۆن درێژە بەقسە بدەی لە گەڵیدا و ئەو ڕازەی کە وەکوو بارێک لەسەر دڵت قوورسایی دەکا بیدرکێنی. مۆبایلەکەت دەرهێنا و کورتە نامەیەک کە ژومارە تەلەفوونێکی نەناس بۆی ناردبووی دۆزیتەوە و لێی چوویە پێشێ و بۆت خوێندەوە:
«دنیا باخێکە، تەمەن گوڵێکە، ژیان ساتێکە
خۆشەویستی تۆش هەموو کاتێکە»
شەهێن دیسان لێوە قەیتانییەکەی بە بزەیەکی مانادار گەشایەوە و گوتی:
ـ کێ بۆی ناردووی؟ بڵێی کچ بێ یان کوڕ؟
چاوێکت لە چاوی کرد و هەناسەیەکت هەڵکێشا، زۆری نەمابوو فرمێسک بە چاوتدا بێتە خوارێ. تەواو دڵت پڕ بووبوو، پێشت بە گریانەکەت گرت و گوتت:
ـ جا تازە کێ ئاوڕ لە من دەداتەوە. ئەوەتا چاو لە ڕیشم کە چەندەی لقی سپی تێکەوتووە.
دەستێکت برد بۆ ڕیش و لاجانگت و ڕوومەتت بۆلای ئەو سووڕاند. لەگەڵ هەناسەیەکی تر گوتت:
ـ خۆ کچانیش هەتا گەنجی سەر چەور و پۆپۆلی هەبێ کوا جوابی ئێمە و مانان دەدەنەوە؟ داخوا کێیە ویستوویەتی بەو کورتە نامەیە سەر بخاتە سەرم.
شەهێن تۆزێ خۆی ئەمباروبار کرد بسکە خورماییەکەی بە لەپی دەستە ناسکەکەی خستەوە ژێر لەچکەکەی و بە شیلە بزەیەکەوە، گوتی:
ـ کچان دەبێ قوڕاخۆریش بن، تۆ ئاوڕیان لێ بدەیەوە. جا لەتۆ چاکتر؟ دەنا تۆ سەدی وەک منت...
لەو کاتەدا ژنێک هاتە ژوورێ و داوای نیو مەتر دەسماڵی موژگانی ئەرخەوانیی کرد و بەپەلە بۆت بڕی و داتە دەستی. چاوەڕێ بووی ژنە بڕوا بەڵام چوو بۆ لای قەفەسەی زەنگیانە و پووڵەکەکان و هەر جارێ بەستەیەکی دادەگرت چاوی لێدەکرد و دایدەنایەوە. تۆش لەگەڵ ئەوەی خەیاڵ هەڵیگرتبووی چاوت لە شەهێن دەکرد و کە ئەویش چاوی لە تۆ دەکرد، بە چاو ئاماژەت بە ژنەکە دەکرد و سەرت ڕادەوەشاند. ژنە ئاخری زۆر بە کاوەخۆ خوداحافیزیی کرد و ڕۆیشت. مات و بێدەنگ چاوت لە زەنگیانەی سەر مێزەکە دەکرد و دڵیشت هەر لەلای شەهێن بوو و چاوەڕێ بووی ئەمجارەیان ئەو سەری قسە دامەزرێنێ. بەڵام دیار بوو هیچ ناڵێ و کایەی بە مۆبایلەکەی دەکرد.
ئێوارە بوو نزیک بانگی شێوان، کاتی ئەوە بوو دووکان داخەی. شەهێن شۆخوشەنگ و ڕووخۆش خۆی کرد بە دووکانەکەدا و یەکسەر هات دەستی لەگەڵ لێکدایەوە و لێوی نا بەلێوتەوە و ماچی کردی. تۆش وا تاسابووی فریا نەکەوتی ماچی بکەیەوە و لێت دوور کەوتەوە. وەها شڵەژا بووی و لە ناخیشەوە شاد بووی. دەستت دەلەرزی و تەنانەت قسەشت بۆ نەدەهات. دەتگوت زمانت شکاوە. شەهێن بە نازێکی کچانە و تایبەتی خۆیەوە لێت هاتە پێشێ و دەستی گرتی. وەهای قامکە لەرزۆکەکانت گوشی، قرچەی یەسکەکانی هات و ژانێکی وشکی لە ئێسکی قامکە باریکەکانت ئاڵاند. دیسان لێوی نا بە لێوتەوە و گوتی:«دووکانەکە داخە با بڕۆین». دەستی گرتی و ڕایکێشای بۆ دەرێ. بێ ئەوەی زمانت بگەڕێ. خۆشت نەتزانی چۆنت دووکانەکە داخست و لەگەڵی ڕۆیشتی. دەستی خستە نێو دەستت. بە شەقامەکەدا داگەڕان و نەتزانی چۆن گەیشنە پارک و لەسەر چیمەنی بن دارەکان دانیشتن. هەستت بە چێژێکی ڕۆحی دەکرد و جوانیی شەهێن وای لێکردبووی قسەت بۆ نەدەهات. تەنیا ئەو بوو قسەی دەکرد و لێوی دەجووڵا. بەڵام هیچی لێ حاڵی نەدەبووی. لە پشت سەرتەوە گرمەی ماشێنێک هات. ئاوڕت دایەوە لۆرییەک بە شەقامەکەدا تێپەڕی. کە ملت وەرسووڕاندەوە شەهێن لەلات نەمابوو. هەرچی گەڕای و چاوت گێڕا نەتدۆزییەوە. وەها دڵت ڕێک گوشرا و خەم دایگرتی، کەوتییە دڵە کوتێ و هەناسەت سواربوو. خەریک بوو دەخنکای و لەترسانا خەبەرت بۆوە.
تۆزێ بیرت کردەوە و خۆت بەکەل و پەلەکانەوە خافڵاند و دەتویست ئەو خەونەی بۆ بگێڕیەوە. یان خەونەکانی تر کە دیتبووت. چونکە شەو نەبوو خەونی پێوە نەبینی و بەشێوەیەک لێی دانەبڕێی. هەر لەو خەونەیاندا کە شەهێنت لێ ون بووبوو و لەتاوانا خەریک بوو هەناسەت ڕاوەستێ و داچڵەکیبووی. لەگەڵ داچڵەکینەکەت خێزانت خەبەری بووبۆوە و گوتبووی: «بیسمیللا ئەوە چیبوو قادر بۆ وا داچڵەکیی؟» تۆش دەستت کردبۆوە ملی و لەگەڵ ئەوەی باوەشتان بە یەکدا کردبۆوە و یەکترتان ماچ کردبوو گوتبووت: «هیچ نەبوو، لە خەوما لە سەربانێکی بەرز بەربوومەوە.»
ئێستاش کە بیرت لە خەونەکە دەکردەوە وەک ئەو کاتەی نێو خەونەکە شڵەژابووی و کەوتبوویە دڵە کوتێ. هەرچی هەوڵت دەدا نەتدەزانی چۆن دەست پێ بکەی و چیی پێ بڵێی.
شەهێن زڕەیەک لە مۆبایلەکەیەوە هەستا. دەری‌هێنا بە بزەیەکەوە خستییەوە نێو جانتاکەی. چاوێکی لە کاتژمێرەکەی کرد و هەستا سەرپێ. لەگەڵ هەستانەکەی ئەو تەزوویەک بە دڵتدا هات. چونکە حەزت نەدەکرد بڕوات و بەجێت بێڵێ. ئەگەرچی ئەو کاتانەی لێت دوور بوو هەر لەگەڵ ئەودا دەژیای و ساتێک لە بیرت نەدەچۆوە. تەنانەت لە کاتی خەویشا خەونت پێوە دەدی. شەهێن لەگەڵ ئەوەی لێت نزیک بۆوە و ڕوخساری بە بزەیەکی شیرین گەشایەوە گوتی:
ـ ئەگەر ئیشێکت نەبێ دەڕۆم. دەستی لەگەڵ لێدایەوە و کاتێک دەستە نەرم و شلەکانی لەگەڵ دەست و قامکەکانی تۆ تێکەڵ بوو، خەونەکەت وەبیر هاتەوە کە چۆن دەستی گوشیبووی و قرچەقرچی لە قامکەکانت هێنا بوو. حەزت دەکرد دەستت بەرنەدات و هەتا ئاخری تەمەن هەروا دەستت بە دەستییەوە بێ. هێشتا مەلی دەستی لە هێلانەی دەستت نەهاتبووە دەرێ، کوڕێکی بەلەباریکە بە پانتۆڵێکی تەنگەوە خۆی کرد بە ژوورێدا و بێ ئەوەی سڵاو بکات ڕووی لە شەهێن کرد و گوتی:
ـ ئەرێ تۆ لە کوێی دوو سەعاتە لەو سەر شەقامە چاوەڕێتم.
شەهێن لەگەڵ بزەیەکی نەرم و شیرین چاوێکی لێ قرتاند و گوتی:
ـ لەلای خاڵە قادر دانیشتم، ئەمڕۆ زوو دەرسەکەمان تەواو بوو، خۆ نەدەکرا لەسەر ئەو شەقامە ڕاوەستم هەتا تۆ دێی. خۆ دووسێ جار نووکەم بۆ کردی پێموابوو دەزانی لێرەم.
کوڕە بێ خوداحافیزی چووە دەرێ و شەهێنیش لەگەڵ ئەوەی بە دوایدا چووە دەرێ، بە بزیەکی مانا دارەوە دەستی بەرز کردەوە و بە نازێکی کچانەوە گوتی:
ـ خوداحافیز.
لاقت بێ ئیختیار بەرەو دەرگای دووکانەکەی کێشای و چۆلەکەی نیگات بە دوادا بەڕێ کردن. لەو سەری کۆڵانەکە شەهێن بە کوڕە گەیشتەوە و دەستی یەکیان گرت و بە شەقامەکەدا سەرەو خوار داگەڕان.

ئەمین گەردیگلانی


بەھاری 1389



behnam5555 07-03-2013 08:47 PM

خمخۆرکی خوێن
 

خمخۆرکی خوێن ( 1 )


«نە ئەوەیە ئەم شەوگارە کۆتایی پێ‌بێ، نە ئەوەشە ئەم خەونە دوابڕاوە دەستم لە کۆڵ بکاتەوە. چبکەم؟ پەنا بۆکێ بەرم؟ چیم لەدەست دێ؟ تەنیا خەم و دڵەڕاوکێم بۆ ماوەتەوە. بەدەست خۆم نەبوو، ئەو قسەیە بەرچاوی تاریک کردم، هۆش و بیرم لا نەما...»
دانیشتووە و لەبەر خۆیەوە ورتەی دێ، هەرتاوێ پەیتووکەی چاوی لەسەر شوێنێک دەنیشێتەوە. جاروبار دەکەوێتە دڵەکوتێ و دڵی هێندە بە پڕتاو لێدەدا جەستەی لەگەڵیدا دەلەرێتەوە. جاری وایە هەست دەکا سییەکانی ماسیون و لەنێو قەفەسەی سینگیدا جێیان نابێتەوە. دەکەوێتە هەناسەبڕکێ و نیخەنیخی سینگی لە ژوورەکەدا دەنگ‌ دەداتەوە.
«دە بمخنکێنە دەی! دە کارێک بکە هەناسەم ڕاوەستێ! ئاخەر من نازانم بۆ زیندووم؟ ئیتر ژیانم بۆچییە؟ دنیا بەبێ ئەشق و خۆشەویستی بەکاری چی دێ؟ هیچ هیوایەکم نەماوە. ئیتر باوەڕ بەچاوی خۆشم ناکەم. ئاخ، نازانم بۆ...»
دوو ڕیز فرمێسک بەسەر ڕوومەتیدا دەخوشێن و لە لقە زبرەکانی ڕیشیدا ڕێگە دەکەنەوە و لەبەر ملیدا خۆیان حەشار دەدەن. هەناسە سواربوونەکەی دڵی توند کردووە و بۆغمە و ئۆناقیش ئەوەندەی ‌تر گەرووی ڕێک دەگوشن. گەرمایی‌یەک مێروولە بە بەری پێی دەکات و بە ڕەفیچکەیدا هەڵدەگەڕێ و لەگەڵ خوێنی شادەماری، خۆی دەگەیێنێتە لاجەسەری و کاسی دەکات. هەست دەکا کاسەسەری بۆته مەنقەڵی و لێوڕێژە لەپشکۆی گەش و خەریکە گڕوگەرمایی بە مل و بڕبڕەی پشتیدا شۆڕە دەکاتەوە و ئیسکی ڕان و بەلەکی دەکاتە بۆڕیی ئاور. بەڵام ئەو تاوویاوە سووتێنەرە بۆ ساتێکە و لە چاوترووکانێکدا دەبێتە چەقوچۆ، لەرز و تەزوویەک سەرتا پای دادەگرێ و هەست دەکا هەر ئێستا هەموو لوولاکەکانی دەست و لاقی لەبەریەک دەچن و قرچەدەکەن. دەکەوێتە لێوەلەرە و شەقەشەقی کاکیلکەی لەژوورەکەدا دەنگدەداتەوە. هەڵدەستێ پەنجێرەکە پێوەدەدا و بە لەرزە لەرز سێ چوار لێفە و بەتانی دێنێ، گوڵۆپەکە دەکوژێنێتەوە، لێفەکان بەخۆیدادەدا و لە سەرلا تەنیشت خۆی کوشمەڵە دەکا.
بە کۆڵانی پڕلە بەفر و شەختەدا تێدەپەڕێ و خۆی دەگەێنێتە بەردەرگای ماڵی سۆما، دەرگای حەوشەکە کەلێنێکی پێدراوە و پەنجەرەی سەوزی ژوورەکەیان دیارە. دەچیتە ئەوسەری کۆڵانەکە و دەگەڕێتەوە، چاوێک لە حەوشە و پەنجێرە سەوزەکە دەکاتەوە. سەری سۆما بە قژێکی ئاڵۆزاوەوە لەسەر بەفری بەرپەنجێرەکە داندراوە و هەر دوو چاوە شینەکەی زیت کردۆتەوە و سەیری کۆڵانەکە دەکا. هەست دەکا چاوی لەلاقی ئەو بڕیوە، سەردادەخا و چاو لەلاقی خۆی دەکا، تا ئێستا بەسەر بەفر و شەختەدا هەنگاوی دەنا، کەچی ئێستا هەتا ئەژنۆی لە خوێن و کەفدا نوقم بووە و جار لەگەڵ جار خوێنەکە خەریکە دێتە سەرێ و توند دەبێتەوە. سەیری حەوشەکە دەکاتەوە، سەری سۆما هەروا لەسەر بەفرەکەیە، ئەمجارەیان چاوی قووچاندووە و برژۆڵە ڕەشەکانی هاتوونەتە سەر ڕوومەتی، دەمی داچەقاندووە و زمانی دەرکێشاوە. وزاقێک لە خۆی دەدات و دەیهەوێ بچێ بۆلای، گریان ئەوکی گرتووە و لەگەڵ هاوارێک لە سینگیدا قەتیس ماوە. نەدەتوانێ هاوار بکات نەدەشتوانێ هەنگاو هەڵێنێتەوە. خوێنە خەستەکە هەتا سەرووی چۆکی هاتووە و بۆتە خمخۆرکێکی هەڵلووشەر. دادەنەوێ و دەستێک دەبا بۆ خوێنەکە بزانێ لاقی بۆئاوا تێی‌گیراوە، کە دەستی دەکا بەنێو خوێنەکەدا هەتا مەچەکی دەچێتە خوارێ و هەرچی هەوڵ دەدا بۆی دەرنایەتەوە. هەروا بە دانەواوی دەمێنێتەوە و لەجێی خوێ جووڵەی لێ‌دەبڕێ. خوێنە خەستەکە لەپەستا دێتە سەرێ و دەگاتە سەرووی ڕانی، دەستە تێ‌چەقیوەکەشی هەتا سەرووی هەنیشکی دەکەوێتە ژێرەوە. سەری هەڵێنا و سەیری حەوشەکە کرد، سەری سۆما هەروا لەسەر بەفری سپیی بەر پەنجێرەکەیە، ئەمجارەیان بسکە کاڵەکەی خاو و شانەکراو بە هەردوو لادا لادراوە، خەتی نێوەڕاستی سەری وەک برووسکەی شەوەزەنگێکی هەوروهەڵا بریقەی دێ. چاوە شینەکانی هەڵێناوە، برژۆڵە ڕەشەکانی وەک قولاپ هەڵگەڕاونەتەوە و گەلاوێژ ئاسا دەدرەوشێنەوە. لێوە سوورەکەی بزەیەکی شیرینی لێ‌نیشتووە، دەتگوت پێدەکەنێ و هەر ئێستا قاقایەک دەکێشێ پڕ بە گەرووی حەوشە و کۆڵان و ئاسمانی شارەکە. حەزی نەدەکرد چاوی لەسەر هەڵگرێ. هێندە جوان بوو پێی‌خۆش بوو سەد چاوی تری هەبوایە و سەیری سۆمای بکردایە. خوێنە خەستەکە هەروا دێتە سەرێ و گەیشتۆتە چەناگەی و تەنیا لە دەمی بۆ سەرێ بەدەرەوەیە، بڕێکی تر دێتە سەرێ و دەگاتە لێوی، نازانێ خوێن و کەفەکە دێتە سەرێ یان خۆی تێهەڵدەچەقێ. ئیتر ناتوانێ ملیشی بۆ هیچ لایەک وەرسووڕێنێ. حەز دەکا جارێکی تر چاو لەسەری سۆما بکاتەوە و بزە شیرینەکەی ببینێ، بەڵام ناتوانێ. کە تۆزێک چاوی بەرز دەکاتەوە ئاپۆرەیەک ژن و پیاو دەبینێ هەموو قامکیان بۆ لای ئەو ڕاداشتووە و چاوی پڕ لە ڕق و بێزاریان تێ‌بڕیوە. خوێنەکە دەگاتە دەمی و لەبن مەڵاشووی توند دەبێ، تامێکی سوێر و بۆگەن ناخی دادەگرێ. سەردەکەوێ و کونە لووتەکانی و گوێچکەی پڕ دەکا. هەناسەی دەرنایە و چاوی پڕ دەبێ لە سووراییەکی خەست.
دادەچڵەکێ، لێفەکان لە خۆی دەکاتەوە، سەرتاپای لە ئارەقێکی ساردا خووساوە. خەریکە لە گەرمانا دەسووتێ. هەڵدەستێ گڵۆپەکە هەڵدەکات و پەنجێرەکە دەکاتەوە. سەیری حەوشە چۆڵەکە و دارەتووی پڕ پەلک و گەڵا دەکا. سەری بۆ ئاسمان بەرز دەکاتەوە و سریوەی ئەستێرەکان سەرنجی ڕادەکێشن. هەموو ئەستێرەکان دەبنە چاوی سۆما و سریوەیان دێ. گەرووی وشک بووە، خەریکە لە توونیانا بخنکێ. دەچێتە چێشتخانەکە و پەرداخێک ئاو لە بەفرە چاڵەکە تێدەکا و دەیخواتەوە. دێتەوە ژوورەکەی چەقوچۆیەک دیسان وەلەرزینی دەخاتەوە. پەنجێرەکە پێوە دەداتەوە. لێفەیەک بە شانیدا دەدا و پشت دەنێ بە دیوارەکەوە و ئەژنۆی لە باوەش دەگرێ. سەر دەکاتە سەر کڵاوەی چۆکی و دەست دەکا بە گریان.
سەری هەڵدێنێ چاو بە چوار دەوری ژوورەکەدا دەگێڕێ. هاوارێک لە گەروویدا پەنگی خواردۆتەوە. پێی عەیب نەبوایە پڕ بە ژوورەکە و حەوشەکە و کۆڵانەکە و شارەکە دەینەڕاند. سەری کردەوە سەر کڵاوەی ئەژنۆی و دەستی کرد بە گریان.
تازە لە سەفەر هاتبۆوە، هێشتا جانتاکانی نەکردبۆوە و سۆما و دایکی و برا چکۆلەکەی هەموویان شاد و لێو بە بزە لەلای دانیشتبوون و بەخێر هاتنەوەیان پێدەگوت. دیار بوو توونیەتی. بێ ئەوەی هیچ بڵێ سۆما هەستا و چوو لە چێشتخانەکە پەرداخێک ئاوی ساردی بۆ هێنا. هێشتا بە تەواوی ئاوەکەی نەخواردبۆوە مۆبایلەکەی زڕەی لێ هەستا و دوای ئەوەی پەرداخە ئاوەکەی خواردەوە و لێوی سڕی، مۆبایلەکەی دەرهێنا و بە گوێیەوەنا.
ـ بەڵێ فەرموو.
دوای چاکوچۆنی و هێندێ قسەوباس لەپڕ گرژ بوو. سپی هەڵگەڕا و زمانی کەوتە تەتەڵە کردن و بە جارێ ڕەنگی هەڵبزرکا.
دایکی دەستێکی کێشا بە سینگیدا و بە ڕووخسارێکی شیواو و دڵی پەرۆشەوە گوتی:
ـ ئەیەڕۆ چبووە شێرکۆ گیان؟ هەواڵی چییان پێدای؟
سۆما کە پەرداخە بەتاڵەکەی لێ وەرگرتبۆوە هەروا بە پێوە ڕاوەستا بوو و ئەویش بەسەر سوڕمانەوە چاوی لە مێردەکەی بڕیبوو، دەستی بە ڕوومەتیەوە گرتبوو و بە چاوێکی پڕ لە پرسیارەوە گوتی:
ـ شێرکۆ پێمان ناڵێی چبووە؟ ئەوە کێ بوو؟
شێرکۆ بە چاوی ڕقەوە لە سۆمای ڕوانی و لەگەڵ ئەوەی لێوی دەکرۆشت گوتی:
لەمن دەپرسی؟ یانی نازانی چبووە؟
سۆما شڵەژا و حەپەساو پەرداخەکەی لەدەست کەوتە خوارێ، ڕەنگی هەڵبزرکا و لەگەڵ ئەوەی کەوتبووە دڵە کوتێ، خەیاڵ هەڵیگرت: "یانی ئەوە، بڵێی چیی پێ گوتبێ؟ بەڕەڵلای هیچووپووچە هەڕەشەکەی خۆی بردەسەر." ترساو و ڕەنگ بزرکاو تفەکەی قووت دایەوە و گوتی:
ـ شێرکۆ چبووە؟ تۆخودا پێمان بڵێ، کێ مردووە؟ ئەو تەلەفۆنە کێ بوو؟
ـ کەس نەمردووە، پێت خۆش بوو کێ بمرێ. خۆت بمری چۆنە؟!
سۆما کەئەوەی بیست چۆکی نووشتایەوە و لەپەنای خەسووی دانیشت. یەکسەر بیری چوو بۆ لای کەریمی جیرانیان. کەریم چەند جار پێی گووتبوو: «سۆما ئەوەی پێت دەڵێم دەیکەی چاکە دەنا قووڕێکت بۆ دەگرمەوە هەتا ئاخری تەمەنت هەر بیشێلی. یان وات بۆ تێدەچێنم شێرکۆ سەرت بتاشێ و وەدەرت نێ.»
دایکی لەگەڵ ئەوەی خەم و ترسێک دڵی ڕێک‌دەگوشی گوتی:
ـ ڕۆلە گیان، ئەوە چ قسەیەکە تۆ دەیکەی؟ دەبیڵێ دەی دڵم تۆقی، بزانین چبووە، بۆ پێمان ناڵێی؟
دریژه ی هه یه

behnam5555 07-03-2013 08:50 PM

خمخۆرکی خوێن ( 2 )
 
خمخۆرکی خوێن ( 2 )

شێرکۆ هەستا بە نێو ژوورەکەدا سووڕێکی لێدا و لەگەڵ ئەوەی دەیویست شاڵاو بۆ سۆما بەرێ، لەبەر خۆیەوە ورتەی دەهات و تفی لە دار و دیوارەکە دەکرد.
سۆماش جار لەگەڵ جار لە خەسووی دەچووە پێشێ و وای خۆی پێوە نووساند بوو دەتگوت هەر ئێستا دەچێتە باوەشی، سەری نابوو بە شانی خەسوویەوە و دەگریا و شۆڕشی برا چکۆلەشی لەولاوە سەری داخستبوو. جار جار سەری هەڵدێنا و لە کاکی و لە سۆما و دایکی دەڕوانی. حەپەسا و منداڵانە دەیڕوانی و نەیدەزانی چبووە و بۆ ئاوا دەکەن.
شێرکۆ دوای ئەوەی زۆری نەڕەنەڕ کرد و جنێوی دا، لە دایکی و براکەی و ژنەکەی مۆڕدەبۆوە و هەر جارەی دەیویست هۆمەن بۆ یەکیان بەرێ و وەک گورگی هار هەڵیاندڕێ. بە ڕقەوە دەستی کرد بە گیرفانیدا و مۆبایلەکەی دەرهێنا. ژومارەیەکی گرت و نای بە گوێیەوە و لێوی خۆی گەست:
ـ عەلۆ، کاک عەلی هەتا ماڵی ئێمە وەرە.... لەسەری مەڕۆ... زووکە هەتا ئێرە وەرە.
دایکی کەوتبووە دڵە کوتێ و سۆماش لەو خراپتر. هەردووکیان ڕەنگی مردوویان لێ نیشتبوو. سۆما دەمی وشک بووبوو و دەتگوت خۆڵەمڕەی تێکراوە بە زۆر زمانێکی بە لێویدا هێنا و گوتی:
ـ شێرکۆ دە پێمان بڵێی چبووە؟ کاکە عەلیمت بۆ چییە وا بانگت کرد بێ بۆ ئێرە؟ چبووە؟ بۆ پێمان ناڵێی؟
شێرکۆ مۆڕەیەکی لێکرد و بەرەو دەرگاکە ڕۆیشت. چووە دەرێ و شەق پێوەیدا لەوانەبوو شووشە و تایەکانی بکەونە خوارێ. دایکی شێرکۆ سەری سۆمای بە سینگییەوە گوشی و هەردووکیان دایان لە پڕمەی گریان.
دوای چەند خولەکێک عەلی لە دەرگای دا شێرکۆ کە هەر لە حەوشە دەهات و دەچوو خێرا دەرگاکەی لێکردەوە و دوای ئەوەی هێندێکیان قسە کرد هەردووکیان وەک گورگی برسی بەرەو ژوورێ ملیان پێوەنا. شێرکۆ خۆی کرد بەژوورێدا و عەلیش بەدوایدا. سۆما و دایکی و براکەی هەر سێکیان بە پێوە ڕاوەستا بوون. شێرکۆ هۆمەنی بۆ سۆما برد، قژی گرت و بە ڕاکێش ڕاکێش بردیە دەرێ. دایکی هەرچی هاواری کرد و ڕوومەتی خۆی ڕنی و پاڕایەوە کەڵکی نەبوو. عەلی سۆمای برد و دەرگای حەوشەکەی بە توندی پێوەدا.
**
لێفەکەی لە شانی کردەوە، چووە بەر پەنجێرەکە و چاوی لە ئاسمان بڕی، دیسان لە هەموو سووچێکی ئاسمانەوە چاوی سۆما ترووسکەیان دەهات و چاوەبڕکێنەیان لەگەڵ دەکرد. ئاراوقارای لێ هەڵگیرابوو، نەیدەزانی چبکا؟ دوو حەوتوویە لەو ژوورەدا خۆی زیندانی کردووە و دایکی ڕۆژی جارێک بەزۆر نان و ئاوی بۆ دێنێ و دەرخواردی دەدا. هەرچی گوشار بۆ مێشکی خۆی دێنێ و بیری لێدەکاتەوە نازانێ چۆن بڕوا بکات.
«باشە ئەوە کێ بوو ئەو ڕۆژە تەلەفۆنی بۆ کردم، وێدەچوو ئاشنا بێ. زۆر خۆمانە پێی گوتم: شێرکۆ، شتێکت پێدەڵیم باوەڕ دەکەی بیکە نایکەی کەیفی خۆتە. چونکە ئابڕووی منی پێ‌ناچێ و گوێشم لێ نییە. دەڵێم با گەڕەکەکەمان پیس نەبێت و ژنان شووی لێ‌هەڵنەکێشن. لەو ماوەیەدا کە لە ماڵێ نەبووی زۆربەی کات ماڵی ئێوە و بەتایبەت ژنەکەتم دەخستە ژیر چاوەدێری. ژنەکەت هەر ڕۆژی بەدەست یەکێکەوەبوو، چەند جار لەگەڵ منیش چاوەچاوی کرد بەڵام من قەت ویژدانم ڕازی نابێ لە ژنی مێرددار نزیک ببمەوە، ئەویش ژنی دەروجیران...»
تاسابوو، ئەوە دەبێ کێ بووبێ؟ دۆست بوو یان دوژمن؟
دایکی چەند جار گریابوو، سوێندی بۆ خواردبوو کوتبووی: «ڕۆڵە گیان تۆ بۆ خەریکی خۆت لەنێو دەبەی و ئەو ژنە بەستەزمانەشت ئاوا لێکرد؟ ئەو ژنە خۆ هیچی نەکردووە، مەگین بەر دەرگای حەوشەکەی گەسک دابێ دەنا پێی لەو ماڵە نەچۆتە دەرێ. تەنانەت لەو ماوەیەدا تۆ لەماڵێ نەبووی سەری لە ماڵی باوکیشی هەڵنەهێناوە.
خەونەکەی سەعاتێک لەمەوبەری وەبیر هاتەوە، خوێنەکە. ڕۆچوونەکەی بەنێویدا. چاوێکی لەدەستی خۆی کرد، ئەو دەستەی قژی سۆمای پێ‌گرتبوو.
نەیدەزانی چبکا. وەک شێت بەنێو ژوورەکەدا دەهات و دەچوو. لەبەر خۆیەوە قسەی دەکرد، دەگریا، لەرزی لێ‌دەهات و بەهەردوو دەستی سەری خۆی دەگرت. «نازانم من بۆ ئاوا دەرهەڵبووم . ژیانی خۆمم وێران کرد؟» وەبیری هاتەوە قژی سۆمای دابووە دەست عەلیی برای. عەلی کە قژی گرتبوو و بەڕاکێش ڕاکێش بردبوویە دەرێ گوتبووی: « تۆی ئابڕووبەرەی ڕووڕەش بۆ سەربڕین چاکی، کوڵکەی سەربەخوێن.»
دیسان جەستەی گەرم داهاتەوە و هەستی دەکرد هەر ئێستا ئێسکی لەشی دەسووتێن و پێست و دەمارەکانی دەتوێنەوە. ئازای ئەندامی لە ئارەقەدا شەڵاڵ بووبوو. خەم و گریان و تاویاو و چەقوچۆ یەک لەدوای یەک لە جەستە و ڕۆحی وەردەهاتن. سەری لە سەر کڵاوەی چۆکی هەڵگرت و چاوی لە سوچی نیوە تاریکی ژوورەکە بڕی.
« شێرکۆ گیان نازانی چەندەم خۆش‌دەوێی، دەڵێم بڵێی لە دنیادا ژنێکی تر هەبێ بەقەد من مێردەکەی خۆی خۆش بوێ؟ شێرکۆ بەو خودایە سەعاتێکم لێ‌دوور بی پێم بە ساڵێکە. توخودا قەتم لێ‌دوور مەکەوە...»
پەپوولەی ماچەکانیان باڵیان لە باڵی یەک دابوو و بە ئاسمانی ئەشقێکی وەنەوشەییدا فریبوون.
شتێکی قورس، گڵمتکێکی ڕەق، لە گەروویدا گیری کردبوو، نە گریانەکەی دەردەهات نە دەیتوانی هاوار بکا. سەری کردەوە سەر چۆکی.
کۆخەیەکی ویشک پیرانی پێ‌کرد، سۆما لەخەو ڕاچەنی و دەستی خستە سەر شانی: «چییە؟ بۆ ئاوا دەکۆخی؟» لە جێگاکەی دەرپەڕی و بە پەلە چوو پەرداخێک ئاوی هێنا کردی بە دەمییەوە.
لەپڕ بۆغمە قورسەکەی گەرووی ڕەوی و کوڵی گریانێک، ئاو و ئاور پێکەوە لە چاو و سینکیدا تەقینەوە. وەها دای لە قوڵپەی گریان ژوورەکە دەنگی دایەوە. دایکی بە هەڵەداوان هات بۆ ژوورەکەی و باوەشی پێداکرد. سەری کردە سەر ڕانی خۆی و لە گەڵ ئەوەی فرمێسک بە چاویدا دەهاتە خوارێ گوتی:
ـ شێرکۆ گیان! من ئەمڕۆش چوومەوە بۆلای سۆما. لەو ڕۆژەوە پێم لێ نەبڕیوە. هەموو شتێکی بۆ من و دایکی باس کرد. تۆ واتکردبوو لە خۆت نەمدەوێرا هیچت پێ‌بڵێم. خۆ بە کاری ئەوە نەدەھاتی قسەت لەگەڵ بکەم. تۆ نەتهێشت سۆماش قسەیەک بکات. ڕۆڵە گیان هەر ئەو لە تۆ چاکترە، دەیگوت خۆم بە شێرکۆ دەڵێم چیبووە. بەیانی بچۆ بۆلای.
کە خەبەری بۆوە سەری لە سەر کوشی دایکی بوو. دایکیشی پاڵی بە دیوارەکەوە دابوو و خەوی لێ‌کەوتبوو. وڵات ڕووناک بووبۆوە و گزنگی بەرە بەیان لە سەر لقی دارەتووەکەی دابوو و چۆلەکە لەنێو لق و گەڵاکانیدا جریوە و جووکەیان دەهات. هەستا سەر پێ و دەرپەڕی بۆ دەرێ. دایکی بە تەقەی دەرگاکە لە خەو ڕاچەنی:
ـ شێرکۆ!
شێرکۆ لە دەرگای حەوشە چووە دەرێ و بە پڕتاو ڕۆیشت بۆ گەڕەکی باخی قازی و خوی کرد بە کۆڵانەکەی ماڵی خەزووریدا. کە گەیشتە بەر دەرگای ماڵەکەیان، دەرگای حەوشەکە کەلێنێکی پێ‌درابوو. چووە ئەوسەری کۆڵانەکە و گەڕایەوە. چاوێکی لە حەوشەکە کرد، تایەکی پەنجێرە سەوزەکە کرابۆوە و سۆما سەری کێشابووە دەرێ. کە چاوی بە شێرکۆ کەوت چاوە شینەکانی بریقەیان لێوە هات و لەگەڵ بزەیەکی شیرین ئەستێرەی گەلاوێژیان وەبیر شێرکۆ هێنایەوە. شێرکۆ دڵۆپێک فرمێسک بە سەر ڕوومەتیدا خزی و خۆی کرد بەنێو ڕیشە زبرەکەیدا. بێ ئیختیار سەری داخست و چاوی لە بەر پێی خۆی کرد.

ته واو

ئەمین گەردیگلانی
ھاوینی1389


behnam5555 07-03-2013 08:52 PM

گۆمە گێژە
 

گۆمە گێژە


دیسان وەک هەمیشە هاتبۆوە قەراغ گۆمەکە. لەسەر گابەردی پەنا کەندەڵانەکە دانیشتبوو و چاوی لە گێژ و خول و تەندوورەی گۆمەکە و شینایی مەیلەوسەوزی بڕیبوو. کەسێک نەیناسیبایە و چاوی پێی بکەتایە پێی وابوو خۆی لە ڕاوی نقە و ماسی خۆش کردووە یان تۆڕی تێخستووە و چاوەڕوانی ئەوەیە بارێکی ماسی پێوەبێ. ئەوە بووەتە کاری هەموو ڕۆژێکی و لە بەیانییەوە هەتا ئێوارێ دەچێ لەسەر ئەو بەردە دادەنیشێ و زەق زەق دەڕوانێتە گۆمەکە و کاس و وڕ و بێ جووڵە، وەک داوەڵ لەوێ دەچەقێ. ڕۆژی وایە هەتا تاریکان لەوێ دەمێنێتەوە و هەر جارەی کەسێکی نێودێ یان خزمێکی دەچن دەیهێننەوە بۆ ماڵێ. تەنانەت لە چلەی زستان و تۆف و بەند و سەغڵەتیشدا دەچوو، بەڵام خەڵکی نێودێ چاویان لێ خافڵ نەدەکرد و نەیاندەهێشت سەرما بیبا و دەچوون دەیان هێنایەوە. ئەمڕۆش بەو گەرمای هاوینە خۆی گەیاندبۆوە لای گۆمەکە و چاوی لە ئاوە شینەکەی بڕیبوو. بایەکی گەرم هەڵیکردبوو برینجەی دەخستە سەر لێوی دەروای مەندی چۆمەکە. بەستێنی چۆم پڕە لە خیز و بەردی ئاوەسوو، بنچکی گزیچار لە چەند جێوە لەدەوری چۆم و بنگەڕ و بە تایبەت لێواری گۆمەگێژە ڕواون و سێبەری خۆیان بە پووشی زەردەڵ و ڕمڵی نەرم و وشک بەخشیوە. گۆمە گێژە تەنیا گۆمێکە لەم مەڵبەندە کە بەهاران تەنانەت مەلەوانی شارەزاش ناتوانێ خۆی لێدا. بەڵام هاوینان کە ئاو لە کەمی دەدا هێندێک لە لاو و گەنجە پڕ وزەکان بۆ خۆدەرباز کردن لە گەرما دەخزێنە باوەشی و ململانی لەگەڵ گێژاوی شین و پڕ تەوژی دەکەن.
ڕەحمانی پووربەگم کە خەڵکی ناوچە لە دوای ئەو کارەساتە بە ڕەحمانە شێت دەیانناسی، لە کاری مەزرا و خەلە و خەرمان بووبووە و بە ڕۆژدا لە نێو باخە سێو و گوێزەکەیدا ڕایدەبوارد و چاوەڕوانی گەیشتنی باخەکەی بوو. مەزرا و باخەکەی لە نزیک چۆمەکە و جیرانی گۆمە گێژە بوو. ئەو لە دارای دنیا تاقە کوڕێکی بوو کە دنیا و ڕووناکی و هەناسەکێشانی تەنیا لەبەر ئەو دەویست و هەموو جوانی و خۆشی و هیواکانی ژیانی لە چاوی ئەو کوڕە تاقانەیەیدا دەدی. کاوە تاقانە کوڕەی دایک و بابی و تەنانەت تاقانە لاوی گوندەکەش بوو بۆ ژیری و جوانچاکی و، گەورە و بچووکی گوندەکە ئەویان بە قەد دایک و بابی خۆش دەویست.
ڕەحمانە شێت لەبن سێبەری چڕی دار گوێزێک خۆی لە گەز دابوو، مریشک و جووچک و کەڵەشێر کە لە بەهارێوە لەو نێو باخەدا کولانەی بۆ دروست کردبوون و بە گیاوگژی ناسک و کرم و کوللە پەروەردە بووبوون لە دەوری دەهاتن و دەچوون و فڕووج و باڕۆکە بە نێو جۆگەلە و دێراو و شیلەگەدا یەکتریان هەڵدەبڕی و قیڕەقیڕ و پڕژەی باڵیان ڕەحمانە شێتی خەنی کردبوو. جارجار سەری هەڵدەبڕی و چاوی لێدەکردن و لە دڵی خۆیدا تەڕەکەبابی چەوری زستانێی دەهاتە بەرچاو و دەمی ئاوی تێدەگەڕا. قاوەڵتوونێکی درەنگە و زۆری ئیشتیای چایی کردووە. هەستا سەر قوون دانیشت، کە سەری هەڵێنا دیتی لە ڕێگای خوار باخەکەوە خێزانی و کوڕەکەی بۆ لای ئەو دەهاتن. بە پەلە هەستا و ئاورەکەی هەڵکرد و کترییە ڕەشی نایە سەری. کە ژنەکەی و کوڕەکەی گەیشتنە لای، کترییە ڕەش کەوتە گیزەگیز. خێزانی چاییەکەی دەم کرد و سێ بە سێ نان و چاییان خوارد.
کاوە دوایین قومی لە چاییەکەی دا و گوتی:
ــ باوە نایەی بچین بۆ گۆمە گێژە مەلەیەک بکەین؟
باوکی کە زۆری حەز لێبوو و لە خودای دەویست لەگەڵ کوڕە تاقانەکەی هێندێک یاریی قڕنەگۆمە بکات گوتی:
ــ بۆ نایەم ڕۆڵە گیان. جا لە مەلە خۆشتر هەیە. بەڵام جارێ ئاوەکەم لەو پەڵە وێنجەیە ئاژین کردووە، تەواو بێت دەچین.
کاوە چاوێکی لە دایکی کرد و گوتی:
ــ باشە باوە من و دایکم دەچین بۆ لای گۆمەکە، لە بن داربییەکە دادەنیشین من تۆزێ مەلە دەکەم هەتا تۆ دێی. با دایکیشم بمبینێ چۆن مەلێ دەکەم و ئیتر بە منداڵم نەزانێ.
ڕەحمانە شێت کە دەیزانی کوڕەکەی وەک بێچووە مراوی وایە و لە منداڵییەوە کوڕی چۆم و گۆمان بووە و لە دەریاشدا دەبێ پشتی لێ بکاتەوە گوتی:
ــ باشە کوڕم ئێوە بچن منیش تاوێکی تر دێم.
ڕەحمانە شێت دەستی دا پێمەڕەکەی و چوو بۆلای شێلگە ئاوەکە و خێزانی و کوڕەکەی بەرەو لای گۆمەکە داگەڕان.
خەریک بوو شێلەگەکە هەڵبڕێ و بەرێکی تر ئاو لە وێنجەکە ئاژین بکات، کەڵەشێرە لارییەکەی کە لەسەر سەربانی کولانەکە قیت ڕاوەستا بوو دووجاری خوێند. ڕەحمانە شێت ئاوڕی دایەوە و بە دیتنی کەڵەشێرەکە بسکەی سمێڵی هات و بیری ڕۆیشت بۆ لای ئەو چوارسەد هەزار تمەنەی خلەی قاوەچی پێیدا بوو و بۆ شەڕە کەڵەشێری دەویست. بەڵام ڕەحمانە شێت بەو قیمەتە پێی نەدابوو و داوای پێنج سەد هەزار تمەنی کردبوو. بۆیە چاوێکی لە کەەشێرەکە کردەوە و لە دڵەوە خۆی بە قوربانی لاق و ملە درێژەکەی و تەنانەت دەنگە ناخۆشەکەی کرد. بەڵام لەگەڵ ئەوەدا کە تاسەی پێنجسەد هەزارتمەنەکە بزەی خستبووە سەر لێوی بلووکی ڕەشی دیواری کولانەکە موچۆڕکێکی بە دڵیدا هێنا و هەناسەیەکی هەڵکێشا.
بەهارێ تازە یەکەم بەری وێنجەکەی دووریبوو، بە زەحمەتێکی زۆر بەرد و بلووکی هێنا و لە نزیک چارداخەکە ئەو کولانەیەی دروست کرد و بڕیاری دا کەڵەشێرێک و دووسێ مریشک بکڕێ و بە خێویان بکات. شەوێک هەتا نیوە شەو لە ماڵێ بە دار و تەختە و تەنەکە دەرگایەکی بۆ دروست کرد و بەیانی کاتێک بە دەرگاوە گەیشتە مەزرا و چوو بۆلای کولانەکە، دێڵە سەگێک لە کولانەکە هاتە دەرێ. کە چاوی لێکرد شەش تووتکی وردیلەی چاو نەپشکووتوو لە نێو کولانەکەدا بوون. شەوێ دێڵەسەگ هاتبوو لە نێویدا ترەکیبوو. ڕەحمانە شێت لە داخانا لێوی خۆی گەست و چوو پێمەڕەکەی هێنا، تووتکەکانی هێنا دەرێ و بردی لەو بەری جۆگەکەوە لە بن بەردێک داینان و هاتەوە بەربووە قوڕگرتنەوە و دەرگا تێگرتن. چوارچێوەی دەرگا چکۆلەکەی تێگرت. تای دەرگاکەی بە دیواری چارداخەکەوە هەڵسەپارد. پاشان دەستی دا ماڵەغان و هەتا نیوەڕۆ خەریکی دوورینی گیاوگژی نێو باخەکە بوو. خەریک بوو دوایین قەرخ لێبدا دیتی سەگەکە خۆی کرد بە نێو کولانەکەدا. ماڵەغانی دانا و بە پەلە چوو بۆ لای کولانەکە کە دانەوی و تەماشای کرد دێڵەسەگەکە تووتکەکانی هێنابۆوە نێو کولانەکە و لەسەریان وەرکەوتبوو. زۆری حەول دا دەریکاتە دەرێ بەڵام دێڵەکە تووتکەکانی بەجێ نەدەهێشت و نەدەهاتە دەرێ.
ڕەحمانە شێت لێوی خۆی گەست و بە پەلە چوو بۆ نێو چارداخەکە. شەمچەیەکی هێنا و لەلای جێ ئاورەکە باوەشێکی دار و چرپی هەڵگرت و بە دەرگای کولانەکەیەوە ناو هێندێ نەوتی لێ پڕژاند و ئاوری تێبەردا. ئاوری چرپی و میچی کولانەکە بڵێسەی کێشا و گڕمەشقاڵ بەرز بۆوە. دێڵە سەگ بە پڕتاو دەرپەڕی و دوای ئەوەی سووڕێکی بە دەوری کولانەکەدا لێدا خۆی کردەوە بە نێو ئاورەکەدا، چەند چرکە لە نێو کولانەکەدا بوو دیسان دەرپەڕییەوە دەرێ، تووکی کلکی و پشتی هەمووی هەڵپڕووزا بوو. دیسان دەورێکی بە دەوری کولانەکەدا لێدا و خۆی کردەوە بە ژوورێدا، بەڵام ئاورەکە وەهای گرتبوو و بڵێسەی بەرز بووبۆوە کە ئیتر توانای نەبوو بێتەوە دەرێ. بۆکڕووز و بۆچرووک لەگەڵ دووکەڵێکی ڕەش و چەور باخەکە و دۆڵی پشتەوەی داگرتبوو و وەک مژ بەسەر دارەکانەوە ڕاوەستا بوو. ڕەحمانە شێت پاڵی بە چارداخەکەوە دابوو و چاوی لەو دیمەنە دەکرد. چاوی لە دۆزەخێک بڕیبوو کە حەوت زیندەوەری دیار و سەدانی نادیاری دیکەی تێدا دەسووتا. دەستی لە گیا دروون هەڵگرت و مات و دڵتەنگ ڕۆیشتەوە بۆ ماڵێ. شتێکی ڕەق و سارد دڵی ڕێک دەگوشی و ئازارێک لە ناخەوە هەڵیدەچۆقاند. ئۆناقێک لە شێوەی پەشیمانی چنگی لە ئەوکی گیر کردبوو، وزەیەکی دیکەش لە ناخەوە هانی دەدا و وای لێدەکرد خۆی بە تاوانبار نەزانێ، وەزەی تاوان و بێ تاوانی لەسەر دڵی کەوتبوونە ململانێ و زۆران و لەوانە بوو دڵی لە لێدان بخەن، جارجار دڵی بە پڕتاو لێدەدا و گوێی لە زرمەی دەبوو کە خۆی بە دیواری ڕەقی سینگیدا دەکێشا. چاوی لە ڕەشەوە دەهات و سەری گێژی دەخوارد، دڵی تێکەڵ دەهات و دەتگوت گۆشتی برژاوی سەگی خواردووە و دوای تێرخواردن بە زۆری دەرخواردی دەدەن. دوو چنگی ڕەش و سپی بە زۆر گۆشتی برژاوی نیوە سووتاویان لە زاری دەئاخنی و دەسەڵاتی هیچی نەبوو. کە گەیشتەوە ماڵێ تووشی تاوویاو و چەقوچۆیەک بوو ددانی وە ددانی نەدەکەوت بەو گەرمای بەهارە دەتگوت قڕی هات لە سەرمانا و لێوی وێک نەدەکەوتەوە داوا بکا سێ چوار لێفەی پێدادەن. دەروجیران وەسەرگەڕابوون و هەر کەسەی شتێکی دەگوت و دەرمانێکی بۆ دەدۆزییەوە:
ــ برا ماندوو بووە و ئارەقەی کردووە، حەتمەن سەهۆڵاوی خواردۆتەوە.
ــ کچێ دایکم تۆ دەڵێی چی، بێت و نەبێ ئەوانگەل دەستیان لێ وەشاندووە.
ــ گەرم دایپۆشن ئارەقە بکات چاک دەبێ.
ــ نا کاری وانەکەن بیبەن دوو گۆزەی ئاوی سارد بەسەردا کەن چاک دەبێ.
گوێی لەو دەنگانە دەبوو تارمایی حەشاماتێکی دەدی کە بەر دەرگا و پەنجەرەی ژوورەکەیان تەنیبوو، دەتگوت دەنگیان لە چەند کۆڵان ئەو لاوە دێ و هیچیان لێ حاڵی نەدەبوو.
بەیانی بە دەنگی خێزانی خەبەری بۆوە کە بە خات فاتمی جیرانیانی دەگوت:
ــ خوشکێ نازانی چ دەردێکی کێشا، شەوی ئەم شەو ڕاواندی و هاواری کرد. خۆ هیچیشی لێ حاڵی نەدەبووین. بەری بەیانی خەوی لێ کەوت و جارێ هەڵنەستاوە.
کە لە نێو جێگاکەی هەستا و چاوی لە دارودیواری ژوورێ کرد، تازە وەبیری هاتەوە لە کوێیە و دوێنێ چی ڕوویداوە.
هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و هەستا سەرپێ، هەرچی خێزانی تکای لێکرد و لێی پاڕایەوە، گوێی نەدایە و ڕۆیشت بۆ مەزرا. خێزانی نەیتوانی کەمتەرخەم بێ و گوێی پێ نەدا. وەدوای کەوت بۆ مەزرا و چەند خولەکێک دوای ئەو گەیشتە لای چارداخەکە و دیتی لە پەنا دیواری ڕەش و دووکەڵاویی کولانەکە دانیشتووە و هەر دوو دەستی بە لاجە سەرییەوە گرتووە.
ــ ئەیەڕۆ پیاوەکە خەمی ئەو کولانەیەتە؟ جا ئەو کولانەیە بۆ ئەوە دەبێ خەمی بۆ بخۆی، کوڕە گوێی مەدەیە هەر ئەمڕۆ من و تۆ و کاوە گیان پێکەوە خاوێنی دەکەینەوە و چوارچێوەیەکی دیکە بۆ دەرگاکەی دروست بکە تێی دەگرینەوە و دوو لق داروچرپی بخەوە سەربانەکەی، خەم بۆ شتی وامەخۆ.
ڕەحمانە شێت بوغزێک گەرووی ڕێک گوشی و چاوی لە ژنەکەی کرد بەڵام هیچی نەگوت.
ــ پیاوەکە بڵێی کێ ئاوری تێبەردابێ؟ جا چاک بووە ئەو خودا غەزەب لێگرتووانە چارداخەکەشیان ئاور تێبەرنەداوین. ئاخەر بڵێ هیچ و پووچانە ئەو کولانەیە چ ڕێگایەکی لە ئێوە گرتبوو، ئاورتان تێبەر داوە! ئەرێ ڕەحمان بڵێی کاری کێ بێ.
ڕەحمان چاوێکی لە چاوی ژنەکەی کرد و فرمێسکی قەتیس ماو لە چاویدا بریقەی هات و ویستی شتێک بڵێ، بەڵام ژنەکەی بە بزەیەکی تێکەڵ بەسەر کۆنەوە گوتی:
ــ ئەیەڕۆ ڕەحمان! ئەوە بۆچی دەگریی، دیوەخان و ماڵەکەت سووتاوە؟ کوڕە عەیبە، یەکێک بێت بۆ ئێرە بزانێ بۆ ئەو کولانەیە دەگریی ئابڕوومان دەچێ. خەڵک تەواوی ماڵ و حاڵەکەی دەسووتێ وەک تۆ ناکا.
ڕەحمان چاوێکی لە خێزانی کرد و ئیتر هیچی نەگوت.
خێزانی لەچکەکەی لە پشت سەری توند کرد، قۆڵی هەڵماڵی و دەستی دا پێمەڕەکە، چاوێکی لە مێردەکەی کرد کە هەروا هەڵترووشکا بوو، گوتی:
ــ هەستە دەی هەستە، پیاوی بە غەیرەت، هەستە هەر ئێستا پێکەوە خاوێنی دەکەینەوە و چی زۆرە داروچرپی هەر ئەمڕۆ یەکجاری سەرەکەی دەگرین و گڵەبان و قوڕەبانیشی دەکەین، ئێوارەش لە ماڵێ چوارچێوەی دەرگاکەی بۆ دروست بکەوە، ئەوەتا دەرگاکەی هیچی لێ نەهاتووە بە دیواری چارداخەکەوە هەڵپەسێردراوە.
ڕەحمان تەکانێکی لە خۆیدا و هەستا. هەتا نیوەڕۆ خاوێنیان کردەوە و سەربانەکەیان گرت و وەک پێشووی لێهاتەوە بەڵام جیاوازییەکی هەبوو ئەویش دیوارە ڕەشەکەی بوو، بەرد و بلووکەکان وا ڕەش داگەڕابوون بە هیچ شتێک سپی نەدەبوونەوە.
شێلەگەکەی گوێستەوە و چاوێکی لە گۆمە گێژە کرد، ژنەکەی لە بن داربییەکە دانیشتبوو و کوڕەکەشی کراس و پاتۆڵەکەی داکەندبوو و بە شۆرتێکەوە لەسەر کەندەڵانی ژوور گۆمەکە ڕاوەستا بوو دەیویست خۆی بخاتە نێو ئاوەکەوە. زەردەیەکی گرت و لە دڵەوە خۆی بە قوربانی بەژن و باڵای کرد. لەبەر خۆیەوە گوتی: «بابت بە قوربانت بێ مەلەوان. لە دەریاش سڵ ناکات. کوڕی بابی خۆیەتی. لە هەموو جۆرە مەلەیەک شارەزایە.»
پێمەڕەکەی بە دارێکەوە هەڵپەسارد و چوو مریشک و کەڵەشێرەکانی کۆ کردەوە و هەموویانی لە کولانەکە کرد و دەرگای لێ داخستن.
چاوێکی لە گۆمە گێژە کردەوە و ویستی بۆ لای ژن و کوڕەکەی وەڕێ بکەوێ. کوڕەکەی دیار نەبوو و دیارە خەریکی مەلە کردنە و لە نێو گۆمەکە دایە. لەپڕ دیتی خێزانی لەبن دارەکەوە بە هەڵە داوان هەڵات بۆ لای گۆمەکە. پێی سەیر بوو، بۆچی دەبێ ئاوا شڵەژابێ، چ قەوماوە. کەخێزانی گەیشتە لای گۆمەکە دیار بوو بە دەست و دەم هاوار دەکات و هەڵدێتە قەراغ ئاوەکە و دێتەوە دەرێ و بە هەر دوو دەستی بانگی ئەم دەکات و هەڵدەبەزێ. ڕەحمان کە ئەو دیمەنەی دی ئەژنۆی شکا، نەیدەزانی چ بکا. چۆن خۆی بگەێنێتە گۆمەکە. سەرەوخوار هەڵات بەڵام هێزی ئەژنۆی نەبوو هەموو جارێ چۆکی دەنووشتایەوە و سەرەنگرێ دەبوو. ئەو مەودایە ئەگەرچی نزیکەی دووسەد مەتر دەبوو بەڵام هێندە دوور بوو، نەدەگەیشتێ و ساڵەڕێیەک دەبوو. لاقی کەوتە قوڵکەیەکەوە و دەمەوڕوو کەوت، بە هەر دوو دەستی خۆی گرتەوە و هەستایەوە، بە دەم هەڵاتنەوە چاوی هەر لە گۆمەکە و خێزانی بوو کە هەڵدەهاتە نێو ئاوەکە و دەهاتەوە دەرێ، بەڵام نەیدەوێرا خۆی بخاتە نێو گۆمەکەوە. نزیک تر دەبۆوە، بەڵام دەتگوت دیسان مەوداکە کێشی دێ و نابڕێتەوە. دڵی وا بە پڕتاو لێی دەدا لەوانە بوو سینگی کون بکات، هەموو جارێ هەناسەی ڕادەوەستا و هاسکەهاسک و هەناسەبڕکێ ئەوەندەی دیکە دەستی لە بینی توند دەکرد و لەوانە بوو بیخنکێنێ. بە قووڵایی ئاودڕی سەر ڕێگاکەیدا داگەڕا و لەوبەر هاتەوە سەرێ و بە دەم هەڵاتنەوە چاوی لە گۆمەکە کردەوە، نزیکەی پەنجا مەترێکی مابوو بگاتێ. بووبووە مردوویەکی بزۆک، بابردەڵەیەک بوو بێ ئیختیار با دەیڕفاند و جووڵان و هەنگاونانی لە دەست خۆیدا نەمابوو. سینگ و دەروونی سووک و خاڵی بووبوو و دەتگوت بۆتە بووکەباخەیەکی مردووی نێو بەتاڵ یان، فوودانەیەکی سووک بەدەم باوە. بە دەم هەڵاتنەوە هەر چاوی لە گۆمەکە بوو، بڕوای بە چاوی خۆی نەدەکرد ئەمجارەیان خێزانی لە قەراغ ئاوەکە نەبوو سەگێکی دی ئاڵۆز و پەشۆکاو هەڵدێتە نێو ئاوەکە و دێتەوە دەرێ. لەناکاو دیتی سەگەکە خۆی خستە نێو قووڵایی گۆمەکەوە و لە چاو ون بوو.

ئەمین گەردیگلانی

behnam5555 07-04-2013 08:24 PM


کورته‌ چیرۆکێک بۆ تێگه‌یشتن
_______________________
کوڕێک چوو بۆ داوای کچێک،کاتێک کچەکە حاڵی کوڕەکەی زانی ووتی بە مەرجێک شووت پێ دەکەم کە دایکت بۆ ئاهەنگی مارەبڕین نەیەت!! کوڕەکە زۆر پەشۆکا و نەی دەزانی چی بکات،بۆیە بیری کردەوە کە ڕاوێژ بکات بە هاوڕێیەکی کە زۆر خۆشی دەویست و سیقەی پێ بوو. کاتێک بە هاوڕێکەی ووت،هاوڕێکەی ووتی:بۆ ئەم مەرجەی داناوە؟! کوڕەکە بە شەرمەوە وەڵامی دایەوە و ووتی:کاتێک تەمەنم


١ساڵ ...بوو باوکم مرد،ئیتر دایکم بەخێوی کردم بۆیە ناچار بوو جل و بەرگی خەڵکی بشوات تا ئێمەی پێ بەخیو بکات بۆیە من زۆر شەرمەکەم لە کارەکەی دایکم و دەمەوێت ژیانێکی تازە دروست بکەم. هاوڕێکەی ووتی: تەنها داوایەکم هەیە لێت،بڕۆ دەستی دایکت بشۆ ئینجا سبەینێ وەرەوە وەڵامی خۆمت پێ دەڵێم!! بۆیە کوڕەکە کاتێک گەڕایەوە خێرا بانگی دایکی کرد و ووتی دەمەوێت دەست بشۆم،کاتێک دەستی دایکی دەشۆرد بینی دەستەکانی دایکی چرچ بووە و هەمووی برین و زامە لەو کاتە کوڕەکە دەستی کرد بە گریان و هەردوو دەستی دایکی تێر ماچ کرد، هەر لەو کاتە خۆی پی نەگیرا تا سبەینێ چاوەڕی بکات و بڕواتەوە بۆ لای هاوڕێکەی بۆیە خێرا تەلەفونی کرد بۆ هاوڕێکەی و ووتی:زۆر سوپاست دەکەم هاوڕێکەم هەرگیز دایکم ناکەم بە قوربانی کچی خەڵک لە کاتێکدا دایکم خۆی کردە قوربانی بۆ ئێستای من و بەختەوەریم ئەوەی ڕێزی دایکی نەگرێت لە ژیانیدا ئەوە کەس لە ژیاندا ڕێزی ناگرێ



fatemiii 07-20-2013 09:25 AM

خۆشەویستی و پێڵاو
دوای ئەوەی كوڕێك بۆ ماوەی 2 ساڵ پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كچێكا ئەبێت
وای لێیەت ئەم كوڕە تەنانەت جلەكانیشی بە دڵی كچەكە لەبەر ئەكات
ڕۆژێك داوای لێ ئەكات جووتێك پێڵاو قاوەی بكڕێت
كوڕە خۆی حازر ئەكات و ئەڕوا بە دوای ئەو ڕەنگ و مۆدێلەیا بگەڕێت كە خۆشەویستەكەی داوای كردووە..
لە ڕێگا كوڕێكی هاوڕێی ئەبینێت و ئەكەونە قسە كردن
كەسەیری قاچی هاوڕێ كەی ئەكات هەمان پێڵاوە كە كچە داوای لێ كردووە.
كوڕە قسە ناكات
ئەكەوێتە لێ كۆڵینەوە لەو مەسەلەیە
سەیر ئەكات كچەی خۆشەویستی لەگەڵ هاوڕێ كەشی پەیوەندی خۆشەویستی هەیە
لە یەك كاتا كچێك پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ 2 كوڕا هەیە و جوتێك پێڵاو ئاشكرای ئەكات.

ئێوەش ئاگاتان لە پێڵاوەكانتان بێت


behnam5555 09-22-2013 08:26 PM

چاكه‌ی‌ بكه‌ و به‌ ئاوی داده‌ !!
 

چاكه‌ی‌ بكه‌ و به‌ ئاوی داده‌ !!

http://www.shenaw.com/uploads/1328875934_lebordn0.jpg


خه‌لیفه‌ی‌ به‌غدا غوڵامێكی به‌ ناوی‌ ((فه‌تح)) هه‌بوو . فه‌تح زۆر نه‌جیب و راستكار بوو . هه‌ر بۆیه‌ش خه‌لیفه‌ به‌ كوڕی‌ خۆی‌ دانابوو و له‌ ئه‌ولادی‌ خۆی‌ زیاتر خۆشی ده‌ویست. رۆژێ‌ خه‌لیفه‌ فه‌رمانی دا كه‌ فه‌تح ده‌بێ فێری‌ مه‌له‌كردن بێت. مه‌له‌وانی كوشته‌كار هاتن له‌ دجله‌ دا فێری‌ مه‌له‌ی‌ بكه‌ن. هه‌رچه‌ند كه‌ فه‌تح جوان فێری‌ مه‌له‌كردن نه‌ببوو، وای‌ ده‌نواند كه‌ ته‌واو فێر بووه‌. تا ئه‌وه‌ی‌ كه‌ رۆژێك بڕیاری‌ دا به‌ ته‌نیا و بێ مامۆستا، له‌ دجله‌دا مه‌له‌ بكات. فه‌تح بۆ سه‌ر ئاوه‌كه‌ چوو و به‌ ته‌قڵه‌یه‌ك خۆی‌ به‌ رووباره‌كه‌ دادا. رێژه‌وی‌ به‌ خوڕی‌ ئاوه‌كه‌ له‌ گه‌ڵ خۆیدا بردی‌. فه‌تح، په‌له‌قاژه‌یه‌كی زۆر كرد به‌ڵام بێ سوود بوو. به‌ ناچار خۆی‌ به‌ ره‌وتی رووبار سپارد و به‌ ده‌م ئاوه‌كه‌دا رۆیشت. رووبار ده‌یلرفاند و ده‌یگرفاند و فه‌تحی له‌ گه‌ڵ خۆیدا ده‌برد. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌یه‌ك له‌ گه‌ڵ ره‌وتی رووباردا رۆیشت، له‌ لاپاڵێكی چۆمه‌كه‌ به‌ سه‌ر كه‌لێنێك داكه‌وت كه‌ شه‌پۆله‌كانی ئاو به‌ په‌نایه‌كه‌وه‌ دروستییان كردبوو. به‌ دژواری‌ خۆی‌ گه‌یانده‌ ئه‌و كه‌لێنه‌ و له‌ وێ‌ لێی دانیشت و له‌ به‌ر خۆیه‌وه‌ وتی: (( هه‌رچی خوا بیكات ئه‌و باشه‌، تا ئێره‌، ئه‌وا له‌ مردن رزگاریم بوو.))
فه‌تح حه‌وت رۆژ له‌و شوێنه‌ مایه‌وه‌. رۆژی‌ یه‌كه‌م كاتێك خه‌لیفه‌ بیستی كه‌ فه‌تح به‌ ئاوی‌ دجله‌ دا چووه‌ و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، له‌ سه‌ر ته‌خته‌که‌ی هاته‌ خوار و له‌ هه‌رده‌که‌‌ دانیشت و وتی: ((هه‌ركه‌س فه‌تح به‌مردوویی بدۆزێته‌وه‌ و بیهێنێته‌وه‌، هه‌زاردیناری‌ خه‌ڵات ده‌كه‌م.)) سوێندیشی خواردكه:‌ ((هه‌تا كاتێك كه‌ فه‌تح بۆ لای‌ من نه‌هێننه‌وه‌ و به‌ چاوی‌ خۆم نه‌یبینم، هیچ شتێك ناخۆم.))
مه‌له‌وان خۆیان به‌ رووبار دادا. له‌ گه‌ڵ ره‌وتی به‌ رێژه‌وی‌ ئاودا بناو بوون. مه‌له‌یان كرد و له‌ پێناو دۆزینه‌وه‌ی‌ فه‌تحدا به‌ سات نه‌وێستان. كه‌س هیوای‌ به‌ زیندوو مانی فه‌تح نه‌مابوو، تا حه‌وت رۆژ گوزه‌را.
له‌ حه‌وته‌مین رۆژ دا، به‌ رێكه‌وت یه‌كێ له‌ مه‌له‌وانه‌كان سه‌ری‌ به‌و كه‌لێنه‌ داكرد كه‌ فه‌تح په‌نای‌ بۆ بردبوو و ساغ و سڵامه‌ت له‌ وێ‌ چاوی‌ به‌ فه‌تح كه‌وت. زۆری‌ پێ خۆش بوو و وتی: (( لێره‌ چاوه‌ڕوان به‌، تا به‌له‌مێك بینم و رزگارت بكه‌م.))
ئینجا به‌ پڕتاو بۆ لای‌ خه‌لیفه‌ چوو و وتی: ((ئه‌ی‌ خه‌لیفه‌! ئه‌گه‌ر فه‌تح به‌ زیندوویی بێنمه‌وه‌، چیم خه‌ڵات ده‌كه‌ی‌؟))
وتی: (( پێنج هه‌زار دینارت ده‌ده‌مێ.))
مه‌له‌وان نه‌ڕاندی‌: (( دۆزیمه‌وه‌، به‌ زیندوویی ! ))
به‌له‌میان برد و فه‌تحیان به‌ زیندوویی و به‌ سه‌ڵامه‌تی بۆ لای‌ خه‌لیفه‌ هێنایه‌وه‌. خه‌لیفه‌ به‌ڵێنی خۆی‌ برده‌ سه‌ر و ئه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ دابوو، به‌ مه‌له‌وانی به‌خشی. ئینجا ده‌ستووری‌ به‌ وه‌زیر دا: ((بۆ خه‌زانه‌ بچۆ و له‌ هه‌ر شتێك كه‌ تێی دایه‌، به‌ شوكرانه‌ی‌ سه‌ڵامه‌تی فه‌تح نیوه‌ی‌ به‌ سه‌ر فه‌قیر و هه‌ژاراندا ببه‌شه‌وه‌.)) ئینجا، به‌ نۆبه‌دارانی ده‌رباری‌ وت: ((نان و خوان بێنن، فه‌تح حه‌وت رۆژه‌ دمی له‌ هیچ نه‌داوه‌.)) فه‌تح وتی: ((ئه‌ی‌ خه‌لیفه‌ ! من تێرم.))
خه‌لیفه‌ وتی: ((به‌ ئاوی‌ دجله‌ !)) وتی: (( نا، من له‌و حه‌وت رۆژه‌ دا برسی نه‌ماومه‌وه‌، چونكوو هه‌موو رۆژێک‌ بیست نان له‌ سه‌ر سینیه‌كی گه‌وه‌ره‌ به‌ ئاوه‌كه‌ دا ده‌هات و منیش به‌ هه‌ر دژواریه‌ك بوو، به‌ره‌و لای‌ خۆم ده‌مكێشا و دوو یا سێ نانم لێ ده‌خوارد. له‌ سه‌ر هه‌ر نانێك نووسرابوو: (( محه‌ممه‌د كوڕی‌ حوسێن ئه‌لیسكاف، هه‌ر بۆیه‌ش من برسی نیم و به‌ زیندووییش ماوم.)) خه‌لیفه‌ به‌ بیستنی ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی‌ به‌ سه‌ر فه‌تح هاتبوو،فه‌رمانی دا له‌ ته‌واوی‌ شار دا جار بده‌ن: ((ئه‌و كه‌سه‌ی‌ نان له‌ دجله‌ ده‌هاوێت، كێیه‌ ؟ بۆ ده‌ربار بێت. خه‌لیفه‌ ده‌یهه‌وێ‌ رێزی‌ لێ بگرێت.)) فه‌رمان به‌ڕێوه‌ بردرا. رۆژی‌ دوایی كابرایه‌ك بۆ ده‌ربار هات و وتی: ((من ئه‌و كه‌سه‌م كه‌ نان له‌ دجله‌ ده‌هاوێت.))
خه‌لیفه‌ وتی: ((به‌ڵگه‌م بده‌یێ تا باوه‌ڕت پێ بكه‌م كه‌ راست ده‌كه‌ی‌.))
كابرا وتی: ((به‌و نیشانه‌ی‌ كه‌ له‌ سه‌ر هه‌ر نانێك ناوی‌ من نووسراوه‌.))
خه‌لیفه‌ وتی: ((نیشانت راسته‌، ئێستا پێم بڵێ بزانم له‌ كه‌یه‌وه‌ نان له‌ دجله‌ ده‌هاوێی ؟ ))
كابرا وتی: ((یه‌ك ساڵه‌.))
لێی پرسی: ((مه‌به‌ستت له‌و كاره‌ چ بووه‌ ؟))
كابرا وڵامی دایه‌وه‌: ((بیستبووم كه‌ چاكه‌ی‌ بكه‌ و به‌ ئاوی داده‌، تا له‌ كاتێكی نادیاردا پاداشی ئه‌و چاكه‌یه‌ت وه‌ربگریه‌وه‌ و منیش وام كرد. ئه‌وه‌ی‌ هه‌مبوو نان بوو، هه‌موو رۆژێ‌ هه‌ندێ‌ نانم له‌ سه‌ر سینیه‌كی گه‌وره‌ داده‌نا و به‌ ده‌م ئاومه‌وه‌ ده‌دا.
خه‌لیفه‌ وتی:((ئه‌وه‌ی‌ بیستبووت،به‌ جێت هێنا و ئیستاش پاداشی چاكه‌كه‌ت وه‌رده‌گریه‌وه‌.))
خه‌لیفه‌، له‌ نزیك ده‌روازه‌ی‌ شاری‌ به‌غدا، چه‌ند پارچه‌ زه‌ویه‌كی پێ به‌خشی. كابراش له‌ سه‌ر زه‌ویه‌كانی كاری‌ ده‌كرد و له‌ ده‌سكه‌وت و بوونیه‌تیشی به‌شی هه‌ژارانی ده‌دا .
سه‌رچاوه‌ : په‌ڕتووكی قابووسنامه‌
وه‌رگێڕانی بۆ سه‌ر زمانی كوردی‌ : هێرش بێتووشی
سه‌رده‌شت – هه‌ینی (5/11/1386)ی‌ هه‌تاوی

behnam5555 11-23-2013 08:27 PM

هێی دز ژیانت کامه‌یه؟
 

هێی دز ژیانت کامه‌یه؟

ژان ماری گۆستاو

وه‌رگیڕانی : هه‌رمان وه‌تمانی

ــ پێم بڵێ له کوێوه ده‌ستی پێکرد؟
نازانم، ئیتر نازانم، زۆری لێ لاداوه، ئیتر بیره‌وه‌رییه‌که‌م له‌و کات نییه. من له وڵاتی پورته‌غاڵ له دایک بووم، له ئیریسیرا، ئه‌و کات گوندێکی بچووک بوو که ڕاوچیانی ماسی له‌وێ ده‌ژیان، له نزیکه‌ی لیسبوون، سپی سپی، له قه‌راغ زه‌ریا، پاشان باوکم به هۆی هێندێک کێشه‌ی سیاسی ناچار بوو ئه‌وێ به‌جێ بێڵێ و له‌گه‌ڵ دایکم و پوورم نیشته‌جێی فه‌ڕانسا بووین. من ئیتر باپیرم نه‌دیته‌وه، به‌ڵام چاکم له بیره ڕاوچی ماسی بوو، چیرۆکی بۆ ده‌گوتم، ئیدی تازه به زبانی پورته‌غاڵی قسه ناکه‌م. وه‌کوو شاگرد به‌ننایه‌ک ده‌گه‌ڵ باوکم کارم ده‌کرد، پاشان ئه‌و مرد و دایکم ناچار بوو کار بکا، من چوومه کۆمپانیایه‌ک که کاری نۆژه‌ن کردنه‌وه‌ی بینا کۆنه‌کانی ده‌کرد، هه‌موو شتێک باش بوو، ئه‌و کات وه‌کوو هه‌موو که‌س بووم، کارم هه‌بوو، ژیانی هاوبه‌شیم پێک هێنابوو، چه‌ند هه‌ڤاڵ و براده‌رم هه‌بوو، له بیری سبه‌ی دا نه‌بووم، بیرم له نه‌خۆشی و ڕووداو و به‌سه‌رهاته‌کان نه‌ده‌کرده‌وه. زۆرم کار ده‌کرد و پاره که‌م بوو، ته‌نیا ده‌مزانی به‌خته‌وه‌رم. پاشان فیری کاری ئه‌لکتریکی بووم، مه‌داره ئه‌لکتریکی‌یه‌کان و که‌ل‌و‌په‌لی ناوماڵم چاک ده‌کرده‌وه و ڕۆشناییم هه‌ڵداوه‌سی. سیم کێشیم ده‌کرد، ئه‌و کاره‌م زۆر پێ خۆش بوو، کارێکی باش بوو.
ئه‌وانه‌ی ده‌یانڵێم ئه‌وه‌نده دوورن که جاری وایه له خۆم ده‌پرسم ڕاسته؟ ئه‌و کات به ڕاستی به‌م چه‌شنه بووه؟ بڵێی ئه‌وانه خه‌یاڵێک نه‌بن که ئه‌و کات بۆ خۆم ساز ده‌کرد؟ ئه‌و کات هه‌موو شتێک ئاوا ئاسایی بوو، شه‌وێ کاتژمێر حه‌وت ده‌گه‌ڕامه‌وه ماڵێ که ده‌رگام ده‌کرده‌وه هه‌وای گه‌رمی ماڵێ له ناوچاوانی ده‌دام، قیژه و هه‌رای مناڵه‌کانم گوێ لێ ده‌بوو و ده‌نگی هاوسه‌رم که ده‌هاته لام و ماچی ده‌کردم. چوون ماندوو بووم، به‌ر له خواردنی شیو له‌سه‌ر ته‌خت ڕاده‌کشام و چاوم له‌و سێبه‌رانه ده‌کرد که گوڵۆپ له به‌ری مێچی ده‌نه‌خشاند. بیرم له هیچ نه‌ده‌کرده‌وه، ئه‌و کات داهاتوو نه‌بوو، هه‌روه‌تر ڕابردوو، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌م ده‌زانی به‌خته‌وه‌رم.
ــ وه ئێستا؟
ئاخ، ئێستا هه‌موو شتێک گۆڕاوه، لێره‌وه به دوا سامناکه، ئه‌م گۆڕانه له ناکاو بوو، کاتێک که به هۆی وه‌رشکست بوونی کۆمپانیا کاره‌که‌م له ده‌ست دا ده‌یانگوت به‌رپرسه‌که‌ی تا ملان چۆته نێو قه‌رزه‌وه. هه‌موو شتێک ڕه‌هنی بوو. ئه‌و ڕۆژه‌ی که به‌رپرسی کۆمپانیا هه‌ڵات هه‌قده‌ستی سێ مانگمان پێ قه‌رزدار بوو. ڕۆژنامه‌کان سه‌باره‌ت به‌م باسه لێدوانیان هه‌بوو، به‌ڵام تازه که‌س نه ئه‌وی دێوه و نه ئێمه‌ش پاره‌که‌مان. به‌م جۆره هه‌موو هاتنه‌وه سه‌ر سیفر. ئه‌وه له چاڵێک ده‌چوو که هه‌موو تێی که‌وتین. هێندێک نازانم چییان لێ به‌سه‌ر هات، وا بزانم چوونه شوێنێکی تر که ئاشنایان هه‌بوو و ده‌یانتوانی یارمه‌تییان بده‌ن. سه‌ره‌تا وام ده‌زانی هه‌موو شتێک جێبه‌جێ ده‌بێ، دیسان کارم بۆ په‌یدا ده‌بێ، به‌ڵام هیچی به هیچ نه‌بوو.
خاوه‌ن کۆمپانیایه‌کان ته‌نیا ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌ڵت بوون و خه‌ڵکی هه‌نده‌ران دایانده‌مه‌زراند. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به هاسانی ده‌یانتوانی له ده‌ستیان ڕابکه‌ن، بۆ کاره ئه‌لکترییه‌کانم جه‌وازی پیشه‌م نه‌بوو، ئاوا که‌س کاری نه‌ده‌دامێ، چه‌ند مانگان هه‌ر ئاوا ڕۆیشت و من ده‌ست به‌تاڵ بووم. تێر کردنی زگ و دانی پاره‌ی خوێندنی کوڕه‌کانم دژوار بوو، ژنه‌که‌م نه‌یده‌توانی کار بکا، حاڵی باش نه‌بوو، ته‌نانه‌ت بۆ کڕینی ده‌وا و ده‌رمانیش پاره‌مان نه‌بوو. پاشان یه‌کێک له هه‌ڤاڵانم که تازه زه‌ماوه‌ندی کردبوو کاره‌که‌ی به قه‌رز دامێ و من سێ ماوه‌ی مانگ چوومه به‌لژیک و له کوره‌خانه کارم کرد، سه‌خت بوو، به تایبه‌ت که ناچار بووم ته‌نیا له هۆتێل بمێنمه‌وه، به‌ڵام پاره‌یه‌کی چاکم وه‌چه‌نگ که‌وت، به‌و پاره‌یه توانیم ماشێنێک بکڕم، وانێت پێژۆیه‌ک، ئێستاش ماومه. ئه‌و کات وام بیر ده‌کرده‌وه که له‌وانه‌یه بتوانم به وانێتێک که‌ره‌سته‌کانی بینا هه‌ڵگرم یان سه‌وزی بفرۆشم. به‌ڵام بارودۆخ زۆر دژوارتر بوو، چوون هیچم بۆ نه‌مابۆوه. ته‌نانه‌ت ئه‌و وامه‌ی وه‌رم گرتبوو له ده‌ستم دا. خه‌ریک بوو له برسان ده‌مردین، وه‌ها بوو که بڕیارم دا. سه‌ره‌تا به خۆم ده‌گوت ئه‌و دۆخه به‌رده‌وام نابێ، ته‌نیا تا ئه‌و کاته‌ی که بڕێکم پاره دێته ده‌ستی و کارێک په‌یدا ده‌که‌م. ئێستا سێ ساڵ تێپه‌ڕ بووه، ده‌زانم که تازه ئه‌و بارودۆخه ناگوڕدرێ. ئه‌گه‌ر ژن و منداڵه‌کانم نه‌بوان له‌وانه بوو بمتوانیبا بڕۆم، نازانم بۆ کوێ، کانادا، ئوستڕالیا، شوێنه‌که‌ی گرینگ نییه، ته‌نیا گۆڕینی شوێن، گۆڕینی ژیان...
ــ ده‌زانن؟
منداڵه‌کانم؟ نا، نا، هیچ نازانن، نابێ پێیان بڵیی، زۆر چکۆله‌ن، سه‌ریان له‌وه ده‌رناچێ که باوکیان بۆته دز، سه‌ره‌تا نه‌مده‌ویست به خێزانم بڵێم. پێم گوت که ئاخری کارێکم دیته‌وه، نیگابانی شه‌و له ئه‌نبارێکی که‌ره‌سته‌ی بینا. به‌ڵام ته‌واوه‌تی ئه‌و شتانه‌ی ده‌مهێناوه ده‌یدیت، ته‌له‌ویزیۆنه‌کان، گۆشییه‌کانی ته‌له‌یفوون، که‌ل و په‌لی ناوماڵ، ئه‌و شتانه‌ی بۆ ڕازاندنه‌وه و جوانکردن به کار ده‌هاتن، قاب و قاچاغی زێو، چوون هه‌موویانم له گاڕاژ ئه‌نبار ده‌کرد، ئاخرێکه‌ی شکی کرد. هیچی نه‌گوت، به‌ڵام ده‌مدیت له هێندێک شت دوو دڵ بوو. ده‌یتوانی بڵی چی؟ گه‌یشتبووینه جێگایه‌ک هیچمان بۆ فه‌وتان نه‌مابوو. یان ده‌بوو ئه‌وه‌ی بکه‌ین یان له شه‌قام سواڵ... نا، هیچی نه‌وت. به‌ڵام ڕؤژێک که سه‌رقاڵی به‌تاڵ کردنی که‌ل و په‌لی پشت ماشێن بووم و چاوه‌ڕێی
ئه‌و کابرایه بووم که ماڵی دزێتی ده‌کڕێوه،هاتنه گاڕاژه‌وه، زۆر زووئه‌و کابرایه‌مدیتبۆوه، بیری لێ بکه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی خۆی له مه‌ترسی باوێ پاره‌یه‌کی زۆری له ته‌نگه‌ی باخه‌ڵی نا. دوکانێکی که‌ل و په‌لی کاره‌با و ناوماڵی له شاری هه‌بوو و دوکانێکی تری ئه‌نتیکه فرۆشی له شوێنێکی تر، وا بزانم له ده‌وروبه‌ری پاریس. هه‌موو شتێکی یه‌ک له ده‌ی نرخه‌که‌ی ده‌کڕی، بۆ ئه‌نتیکه‌که‌کان پاره‌یه‌کی زۆرتری ده‌دا، به‌ڵام هه‌موو شتێکیشی نه‌ده‌ویست. ده‌یوت ده‌بێ ئه‌رزشی مه‌ترسییه‌که‌ی هه‌بێ. ڕۆژێک سه‌عاتێکی پاندۆلی نه‌کڕی، سه‌عاتێکی پاندۆلی کۆن، وتی سێ چوار سه‌عاتی وه‌ک وه‌ی له دنیادا هه‌یه و له‌وانه‌یه ئاوا به دندوکه‌وه بێ. سه‌عاته‌که‌م دا به خێزانم، به‌ڵام حه‌زی لێ نه‌بوو، دڵنیام چه‌ند ڕۆژ دوایه له سه‌تڵی زبڵی هاویشت، له‌وانه‌یه له ترسان.
ئه‌رێ ده‌موت، ئه‌و ڕۆژه که سه‌رقاڵی به‌تاڵ کردنی پشتی وانێت بووم، گه‌یشتێ، چاوێکی لێ کردم، حه‌ولی دا بزه‌ی بێتێ به‌ڵام زۆر چاک هه‌ستم به‌وه کرد که دڵ په‌شۆکاوه، ته‌نیا گوتی، جوان له یادمه، وتی: جێی مه‌ترسی نییه؟ حه‌یا دایگرتم، پێم گوت نا و داوا لێکرد بڕوا، چوون
کابرای کڕیاربه‌ زووانه ده‌گه‌یشتێ و نه‌مده‌ویست بیبینێ.
نا، نامهه‌وێ منداڵه‌‌کانم ئه‌و شتانه بزانن، زۆر چکۆله‌ن، وا ده‌زانن وه‌کوو جاران کار ده‌که‌م، پێم وتن شه‌وانه کار ده‌که‌م و بۆیه ده‌بێ شه‌وانه بڕۆمه ده‌ر و ڕۆژانه‌ش تاوێک بنووم.
ــ حه‌زت له‌و ژیانه‌یه؟
نا، هه‌رگیز سه‌ره‌تا حه‌زم لێی نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ده‌توانم چ بکه‌م؟
ــ هه‌موو شه‌وێ ده‌چی ده‌رێ؟
شوێن ده‌زانێ، هێندێک کۆڵان هه‌ن که له ماوه‌ی هاوین‌دا که‌سیان لێ نییه، هێندێک شوێنی دیکه زستانان به‌م جۆره‌یه. جاری وایه ماوه‌یه‌کی زۆر وه‌ده‌ر ناکه‌وم، ده‌بێ چاوه‌ڕوان بم، چوون ده‌زانم ئه‌گه‌ری قۆڵ به‌ست کرانم هه‌یه. به‌ڵام جاری وایه له ماڵێ بۆ جل و به‌رگ و ده‌رمان پێویستمان به پاره‌یه، کرێ خانوو و پاره‌ی کاره‌با له جێی خۆی. ده‌بێ له ئاست کاروباره‌کان وریا بم. وه‌شوێن مردووه‌کان ده‌که‌وم.
ــ مردووه‌کان؟
به‌ڵی، ده‌زانی کاتێک که رۆژنامه‌کان ده‌خوێنێوه و ده‌بینی که‌سێکی پاره‌دار مردووه، ده‌توانی ڕۆژی به خاک ئه‌سپاردنی بچی و سه‌رێک له ماڵه‌که‌ی بده‌ی.
ــ زۆرتر ئاوا کار ده‌که‌ی؟
یاسایه‌کی تایبه‌تی نییه، هێندێک کار هه‌ن که به‌س به شه‌و جێ به جێیان ده‌که‌م، له کووچه چه‌په‌که‌کان دا، چوون ده‌زانم ئاوا ئاسووده‌ترم، جاری وایه ده‌توانم ئه‌و کاره‌ی به ڕۆژ جێ به جێ بکه‌م، لای ئێواره‌یه‌ک، زۆرتر حه‌ز ناکه‌م به ڕۆژ کار بکه‌م، تا شه‌وێ چاوه‌ڕوان ده‌بم، ته‌نانه‌ت به‌ره‌به‌یانی، ده‌زانی، نێوان کاتژمێر سێ و چوار باشترین کاته، چوون ئیتر که‌سێک له شه‌قام نییه، ته‌نانه‌ت پۆلیسه‌کانیش له‌و سه‌عاته‌دا خه‌وتوون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێک له ماڵه‌وه بێ هیچ کات ناچم.
ــ چۆن ده‌زانی که‌سی لێ نییه؟
وه‌ختێک عاده‌تت گرت ئه‌وه زۆر زوو بۆت ڕوون ده‌بێته‌وه، له تۆز و خۆڵی به‌ر ده‌رگا ڕا، گه‌ڵاو وشک بووه‌کان و یان له ڕۆژنامه‌کانی که له ناو مجری نامه‌کان دا هه‌ڵچنراون.
ــ به ده‌رگادا ده‌چێ ژوور؟
کاتێک ڕاحه‌ت بێ ئه‌رێ، قفڵی ده‌شکێنم و یان که‌لک له شاکلیل وه‌رده‌گرم، ئه‌گه‌ر نه‌کرا حه‌ول ده‌ده‌م به په‌نجه‌ره‌دا بچم. هه‌میشه ده‌سته‌وانه‌ی تێده‌که‌م، بۆ ئه‌وه‌ی جێ قامکم نه‌مێنێته‌وه و برینداریش نه‌بم.
ــ
ئاژیری خه‌ته‌ر چی؟
ئه‌گه‌ر
له جۆری دژواربێ، بێ خیاڵی ده‌بم، به‌ڵام زۆرتر ساده‌ن، زوو ده‌یانبینمه‌وه و سیمه‌کانیان هه‌‌ڵده‌پاچم.
ــ چیت پێ باشه هه‌ڵیگری؟
کاتێک ده‌چییه ناو ماڵی که‌سێکی نه‌ناسراو دروست نازانی چیت وه‌چه‌نگ ده‌که‌وێ، به‌س ده‌بێ زوو عه‌مه‌ل بکه‌ی، بۆیهه‌یه که‌سێک به‌دوته‌وه بێ، ده‌ی هه‌رچی باش بێ و زوو بفرۆشرێ هه‌ڵیده‌گری، ته‌له‌ویزیوون، زه‌بت، که‌ل و په‌ل و قاب و قاچاغی زێو، شتی جوان، گوڵدان و په‌یکه‌ره‌کان به‌و مه‌رجه‌ی زۆر ده‌ست و باڵی پیاو نه‌گرن.
ــ زێڕ و گه‌وهه‌ر؟
نا، زۆر که‌متر، دوای ئه‌وه‌ش خه‌ڵک کاتێک وه‌ده‌ر ده‌که‌ون زێڕ و گه‌وهه‌ره‌کانیان به‌جێ ناهێڵن. سه‌یره ئه‌وه‌یه شوشه‌ی خواردنه‌وه‌ش چاک ده‌فرۆشرێ. خه‌ڵک زۆر سرنج ناده‌نه ژێرخانی ماڵه‌کانیان، قفڵی پاراستن لێناده‌ن و زۆریان ئاگا له‌وه‌ نییه که چ دێته پێش. ده‌بێ زوو هه‌موو شتێکی بار بکه‌ی و تێقولێنی، چاکه ماشێنم هه‌یه، بی وی ناتوانم ئه‌و کاره بکه‌م. ده‌بوو چووبامه نێو گرووپێکه‌وه و بووبامه
گانگه‌سته‌رێکیباش. حه‌زم له‌وه نییه، پێم وایه ئه‌وان ئه‌و کاره‌ی بۆیه ده‌که‌ن وه‌ڕه‌ز نه‌بن، ده‌نا نیازیان چییه؟!. ده‌یانهه‌وێ ده‌وڵه‌مه‌ند بن. دزی گه‌وره گه‌وره ده‌که‌ن، که‌چی من ئه‌و کاره‌ی بۆیه ده‌که‌م له برسان نه‌مرم. بۆ وه‌ی ژن و منداڵه‌کانم شتێکیان هه‌بێ بیخۆن، جل و به‌رگیان هه‌بێ، بۆ وه‌ی منداڵه‌کانم بتوانن بخوێنن و کارێکی باشیان وه‌چه‌نگ که‌وێ.
هه‌ر سپه‌ی کارێکی په‌یدا که‌م تازه دزی ناکه‌م. دیسان ده‌توانم شه‌وانه ئاسووده بێمه‌وه ماڵی و به‌ر له‌ خواردنی شیو له‌سه‌ر ته‌خت ڕاکشێم و بڕوانمه سێبه‌ره‌ نه‌خشاو‌ه‌کانی به‌ری میچی. بێ ئه‌وه‌ی بیری شتێک بکه‌مه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی بیری داهاتوو بکه‌مه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی له شتێ بترسێم...
وا هه‌ست ده‌که‌م بۆشاییه‌کی گه‌وره که‌وتۆته ژیانم، له پشت ئه‌وه‌ش هیچ شتێک نییه، وه‌کوو دێکۆڕێک، خانوویه‌کان، خه‌ڵک، ماشێنه‌کان، وا هه‌ست ده‌که‌م هه‌مووی ده‌سکردین، وا هه‌ست ده‌که‌م ڕۆژێک پێم ده‌ڵین ئه‌وانه هه‌ر هه‌مووی گاڵته و قماره و هی که‌س نین... بۆ وه‌ی بیر له‌و شتانه نه‌که‌مه‌وه دوا نیوه‌ڕۆ ده‌چمه شه‌قام و هه‌روا ده‌ڕۆم، ڕێ ده‌پێوم، ڕی ده‌پێوم، له کاتی گه‌رما، له ژێر باران، هه‌ست به نامۆیی ده‌که‌م، ده‌ڵیی هه‌ر ئێستا به شه‌مه‌نده‌فه‌ر گه‌یشتوومێ و که‌س له شاری دا ناناسم، که‌س.
ــ ئه‌ی هه‌ڤاڵ و براده‌ره‌کانت؟
ئای، براده‌ره‌کانم، کاتێک که گرفتێکت هه‌یه و براده‌ره‌کانت ده‌زانن کاره‌که‌ت له کیس چووه و ئیتر پاره‌یه‌کت بۆ نه‌ماوه سه‌ره‌تا زۆر دڵسۆزن، به‌ڵام دوایه ده‌ترسن بچی پاره‌یان لێ وه‌ربگری، ئه‌و کاته که... ده‌ی خۆ تۆ زۆر گوێ ناده‌یه‌ی و ڕۆژێک ده‌بینی که که‌ست به به‌ره‌وه نه‌ماوه، تازه که‌س ناناسی، ده‌ڵێی به ڕاستی بێگانه‌‌یه‌کی و تازه له شه‌مه‌نده‌فه‌ر هاتوویه‌ خوار.
ــ پێت وایه بارودۆخه‌که وه‌ک جارانی لێبێته‌وه؟
نازانم... جاری وایه هه‌ست ده‌که‌م ئه‌و ناخۆشییانه ته‌واو ده‌بن و من دیسان له به‌ننایی یان ئه‌لکتریکی دا کار ده‌که‌مه‌وه، گشت ئه‌و کارانه‌ی ئه‌و کات ده‌مکردن... به‌ڵام جاری واشه به خۆم ده‌ڵێم ئه‌و حاڵه قه‌ت قه‌ت ناگۆڕێ. چوون سامانداره‌کان خۆ ده چاره‌ڕه‌شان ناگه‌ینن، گاڵته‌یان پێ ده‌که‌ن، سامانه‌کانیان بۆ خۆیان هه‌ڵده‌گرن و له خانووبه‌ره گه‌وره‌کانیان دا قه‌پاتیان ده‌که‌ن، ئه‌تۆش بۆ وه‌ی شتێکت هه‌بێ، بۆ پارۆ نانێک، ده‌بێ بچێ ناو ماڵه‌کانیان و بۆخۆت هه‌ڵی گری.
ــ که بیر له‌وه ده‌که‌یه‌وه بوویته دز چ هه‌ستێکت هه‌یه؟
ده‌ترسم، دڵه خورپه دامده‌گرێ، ئه‌و فکره ده‌مکوژێ، جاری وایه شه‌وانه وه‌ختی شیو ده‌گه‌ڕێمه‌وه ماڵێ و ئیتر وه‌ک ئه‌و وه‌ختانه نییه. شیو ته‌نیا چه‌ند سانده‌ویچی سارده که ده‌گه‌ڵ تماشا کردنی ته‌له‌ویزیون ده‌یخۆم، منداڵه‌کان ده‌نگیان لێ ده‌ر نایه، خێزانم چاوم لێ ده‌کا به‌ڵام ئه‌ویش هیچ ناڵێ، دیاره زۆر ماندوویه، له چاوه خۆڵه‌مێشی و غه‌ماوییه‌کانێوه دیاره. وه‌بیر ئه‌و شته‌ی دێمه‌وه یه‌که‌م جار پێێ وتم، کاتێک پرسی جێی مه‌ترسی نییه؟ پێم وت نا. به‌ڵام ئه‌وه ڕاست نه‌بوو. چوون باش ده‌زانم ڕۆژێک، ڕۆژێکی شووم، گرفتێک دێته ئاراوه. پێشتر سێ چوار بار هێنده‌ی نه‌مابوو بگیرێم، ته‌قه‌یان لێ کردم. سه‌رتاپا ڕه‌شم پۆشی بوو به ده‌سته‌وانه و ده‌مامکی ڕه‌شه‌وه، نه‌یانتوانی لێم ده‌ن، چوون له تاریکی دا نه‌یانده‌دیتم. به‌ڵام ئاخری هه‌ر لێم ده‌ده‌ن، دڵنیام، له‌وانه‌یه ئه‌م شه‌و، له‌وانه‌یه سبه‌ی شه‌و، کێ چووزانێ؟ له‌وانه‌یه پۆلیسه‌کان قۆڵبه‌ستم که‌ن و چه‌ند ساڵ له گرتووخانه‌دا بم. له‌وانه‌شه کاتێک که ته‌قه‌م لێ ده‌که‌ن نه‌توانم زوو هه‌ڵێم و بکوژرێم، مه‌رگ، بیر له ژنه‌که‌م ده‌که‌مه‌وه. له فکری خۆم دا نیم، من هیچم ناوێ، گرینگ نیم، بیر له‌وی ده‌که‌مه‌وه و هه‌روه‌تر منداڵه‌کانم چییان لێ به‌سه‌ر دێت؟ له‌م دنیایه‌دا کێ بیریان لێ ده‌کاته‌وه؟ کاتێک له ئیریسیرا ده‌ژیام بابه گه‌وره‌م زۆری ئاگا له من بوو. ئه‌و شێعره‌ی که زۆر جار بۆی ده‌خوێندمه‌وه ئێستاش له بیرمه، له خۆم ده‌پرسم بۆچی ئه‌وه‌یان زیاتر له‌وانی دیکه له یادم ماوه، له‌وانه‌یه چاره‌نووس وای دانابێ، بڕێک پورته‌غاڵی ده‌زانی؟ ئاوا بوو، گوێ بده‌یه:
...
...
...
هێی دز! هێی دز!
ژیانت کامه‌یه؟
خواردن و خواردنه‌وه
خولانه‌وه‌ له شه‌قام،
نیوه شه‌و بوو
که دز هات
سێ جار لێی دا
له ده‌رگای ناوه‌ندی.

ژێده‌ر:
La ronde et autre faits divers, Gallimard,1982
وه‌رگێڕان بۆ فارسی: ئه‌سغه‌ر نووری

behnam5555 12-02-2013 07:37 PM

"په‌نا به‌ خوا له‌تاو شه‌یتان"
 

"په‌نا به‌ خوا له‌تاو شه‌یتان"

ئه‌یگێڕمه‌وه‌، با وایش بیر وه‌که‌ن بڕوام نه‌ماوه‌، شێت بووم یا شه‌یتان چووه‌ته‌ کڵێشه‌مه‌وه‌. گێژم، کاسم. نازانم یا نا ئه‌زانم چ هێزێکه‌ هه‌رچی به‌ره‌و پێش ئه‌چم شکم پتر ده‌کا و پرسیاری زیاتر گێژم ئه‌کا؟! له‌ به‌ر درگای بیمارستان هه‌مووی ئه‌و به‌سه‌رهاتانه‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو یا نا بڕێکیانم دێته‌وه‌ بیر که‌ موبایله‌که‌م زه‌نگ ئه‌خوا.
ئه‌و ڕؤژه‌ چووم بۆ که‌ره‌ج به‌ شوێن دایکم و خوشکما، له‌ ناو مێترۆ کتێبی دنیای سووفی ئامۆندسێنی یووستین گۆردێرم ئه‌خوێنده‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵی ئاشنا بووم. ئێستا ئه‌و بوو -به‌دیع- وتی له‌ تاران چه‌ند شه‌و میوانت ئه‌بم. نازانم بڵێم به‌خێر بێی، نه‌ڵێم، کوڕه‌ میوان هه‌ر مه‌رامێکی بێ حه‌بیبی خوایه‌، کێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ خۆیشم سه‌رم له‌و ژانه‌سه‌رانه‌ ئه‌خورێ.
باسه‌که‌مان له‌ فه‌لسه‌فه‌ و کۆمه‌ڵگای ده‌ور و به‌ر یا ره‌شید وته‌نی کۆمه‌ڵه‌گای ده‌ور و به‌ره‌وه‌ به‌ره‌و دین و عیرفان چوو و ئه‌و زوو ڕای خۆی ده‌ربڕی و من زوو هه‌ستم پێ کرد که‌ به‌هاییه‌ (له‌وه‌ی که‌ وتی به‌ باوه‌ڕی من هه‌تا دنیا دنیایه‌ پێغه‌مبه‌رانی پاش موحه‌ممه‌دیش(ص) دێن) له‌ وریایی خۆم نه‌بوو به‌ڵکوو ئه‌م ماوه‌ هاوکارێکم که‌ به‌هایی بوو زانیاری باشی له‌و بوواره‌وه‌ پێ دابووم، به‌ کورتی ئه‌و ڕؤژه‌ شوکور بۆ خوا ئیمانه‌که‌م به‌ ساغی گه‌یانده‌وه‌ ماڵ.
زۆرم به‌ دایکم وت مه‌یه‌ کوڕه‌ جارێکه‌ مه‌یه‌ بۆ تاران له‌ باوکم پاڕامه‌وه‌، هیچ سوودی نه‌بوو نازانم بۆ ئه‌موت مه‌یه‌. ئه‌مڕۆ له‌ سه‌ر کاره‌وه‌ ته‌له‌فوونم بۆ کرد، پاش حه‌وت هه‌شت زه‌نگ :
_ ئه‌لۆ فوئاد گیان زوو خۆت بگه‌یێنه‌وه‌ ماڵ پێم وا بێ ده‌ستم شکاوه‌.
_ به‌ چی...؟
_ هه‌ڵاتم ته‌له‌فوونه‌که‌ به‌رز وه‌که‌م له‌ سه‌ر سرامیکه‌کان هه‌ڵخزام و که‌وتم.
_ باشه‌ وا هاتم.
ئێستا پاش ئه‌وه‌ی بۆ سێ بیمارستانی دیکه‌ش چووی لێره‌ گیرساوییه‌وه‌ که‌ تایبه‌ت به‌ شکاوی و ئێسک و چوارپه‌له‌، دوکتور ئه‌ڵێ ئه‌بێ عه‌مه‌لی که‌ی ده‌ستی خراپ شکاوه‌. بیرت هه‌ر لای نازانی خۆشت چییه‌ و وڕ به‌ ده‌وری خۆتا ئه‌سووڕێیته‌وه‌. چۆنه‌ ئه‌بێ دایکت بێت و تۆ له‌و شاره‌ زل و زه‌به‌نه‌ سه‌ر له‌و بیمارستانه‌ ده‌ر بێنی و چاوت به‌ چه‌ند دۆست بکه‌وێ و دیسان له‌و حاڵه‌ که‌ له‌وانه‌یه‌ جار و بار نوقمت کا و ون بی و دیسان میوان بیته‌وه‌، میوانی بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆت، میوانی چاره‌نووس، ئه‌و جار ئه‌و دۆسته‌ تازه‌ش خزمی ڕفیقێکی کۆنت بێ... ئای که‌ سه‌یره‌.
زۆر شت هه‌یه‌ قورسه‌ له‌سه‌ر شانت، ئه‌زانی چییه‌ به‌ڵام ناتوانی بیڵه‌ی یا نابێ بیڵه‌ی، خه‌ڵک به‌ شێتت ئه‌زانن، لێت دوور ئه‌که‌ونه‌وه‌، لێت ئه‌ترسن، ته‌نانه‌ت جاری وایه‌ خۆیشت له‌ خۆت ئه‌ترسی یا گه‌مه‌ به‌ خۆت ئه‌که‌ی، باوه‌ڕ به‌ خۆشت ناکه‌ی، ئیتر خه‌و و خه‌یاڵه‌کانت له‌ گه‌ڵ ژیانی ئاسایی بۆ جیا ناکرێته‌وه‌، خه‌و به‌ که‌وشه‌وه‌ ئه‌بینی که‌وشی سپی له‌و که‌وشه‌ یێسیکه‌نه‌ کوره‌ییه‌کان، ئه‌و که‌وشانه‌ی له‌مێژه‌ بۆ ئه‌سڵه‌که‌ی ئه‌گه‌ڕێی.
ئێستا شه‌و دره‌نگه‌، خه‌وم دێ خه‌وێ که‌ ڕه‌نگه‌ خه‌ون ببینم، ئه‌خه‌وم پاشماوه‌ی چیرۆکه‌که‌تان به‌یانی بۆ ئه‌گێڕمه‌وه‌ ئه‌گه‌ر مام، به‌ڵێن ناده‌م ئه‌گه‌ر خه‌ونیشم دی پێش هه‌موو که‌س بۆ ئێوه‌ی وه‌گێڕم، تۆ بڵه‌ی خه‌و به‌ چییه‌وه‌ ببینم؟! به‌یانی بۆتان ئه‌گێڕمه‌وه‌.
خه‌وم دی، خه‌وێ که‌ ئه‌زانم چی بوو به‌ڵام ناتوانم بیڵێم یا کاتێ ئه‌مه‌وێ بیڵێم له‌ بیرم ئه‌چێته‌وه‌ و ئیتر نایێته‌وه‌ بیرم.
سبه‌یشه‌و میوانم هه‌یه‌ میوانی زۆر، هه‌ر یه‌که‌و له‌ لایێکه‌وه‌، دڵم نایێ به‌ هیچیان بڵێم نه‌یێن، ئه‌مڕۆ دایکم له‌ بیمارستان هێناوه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵ.
وه‌ڕه‌ز نه‌بووم به‌ڵام له‌مه‌ولا ئه‌بێ میوانه‌کانم به‌ نۆبه‌ بێن، په‌توو سه‌رین و قاپ و قاچاخم که‌مه‌.
جاری وایه‌ میوانی وایشت بۆ دێ که‌ ئه‌بێ ئاوێنه‌ بکڕی، ئیتر ناته‌وێ بۆ تماشا کردنی خۆت بچییه‌ ناو ئاسانسۆڕه‌که‌ و له‌ ئاوێنه‌که‌یدا تماشای باڵای خۆت بکه‌ی، ئه‌گه‌ر خۆشت به‌دزییه‌وه‌ بچی پێت عه‌یبه‌ به‌ میوانه‌که‌ت بڵێی بچۆ له‌ ئاسانسۆڕه‌که‌دا تماشای باڵای خۆت بکه‌. له‌وانه‌یشه‌ له‌ناکاو ئاسانسۆڕه‌که‌ بچێته‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌، به‌رده‌م درگای ماڵی جیرانه‌که‌ت و دوای ئه‌وه‌ی درگا ئه‌کاته‌وه‌ چاوی به‌ میوانه‌که‌ت بکه‌وێ، جا ئه‌گه‌ر کاتیش نیوه‌شه‌و یا سه‌رله‌به‌یانی بێ و دراوسێ ترسه‌نۆکه‌که‌ت وه‌بوورێ ئه‌مجار وه‌ره‌ و کۆی که‌ره‌وه‌. ئێستایش له‌ خه‌جاڵه‌تی ئه‌و دوو جاره‌ی له‌ ئاسانسۆڕه‌که‌دا لێت ترسابوو ئاره‌قی سارد ناو چاوانت ئه‌گرێ.
جاری وایه‌ حه‌ز ئه‌که‌ی ده‌ورت پڕ بێ له‌ میوان به‌ڵام ناچاری جوابیان که‌ی و دڵیان له‌ خۆت بڕه‌نجێنی به‌ڵام تۆ ئه‌و کاره‌ت نه‌کردووه‌ و ناشیکه‌ی. جاری وایه‌ ئه‌بێ کارێ بکه‌ی که‌ خه‌ڵک و دۆست و ئاشنا لۆمه‌ت بکه‌ن یا ته‌نانه‌ت دایکت باوکت، به‌ڵام ئه‌وان نازانن تۆن له‌ بیری چی دای، چی به‌ دڵتا دێ، ئه‌گه‌ر بیڵه‌ی به‌ شێتت ئه‌زانن لێت ئه‌ترسن ئه‌ڵێن جنۆکه‌ی له‌گه‌ڵه‌. ته‌نانه‌ت ناوێری خه‌ونه‌کانیشت وه‌گێڕی ئه‌گه‌ریش بته‌وێ جاری وایه‌ ده‌مت ئه‌بێته‌ ته‌ڵه‌ی ته‌قیو.
ئێستا ئێوه‌ش به‌ شێتم ئه‌زانن به‌ڵام من پێتان ئه‌ڵێم جارێکی تر ئه‌م چیرۆکه‌ مه‌خوێننه‌وه‌ چون له‌ خۆتان ئه‌ترسن و ئه‌که‌ونه‌ گومان، گومان له‌ هه‌موو شتێ ... ته‌نانه‌ت له‌ که‌وشه‌کانتان، له‌ میوانه‌کانتان، له‌ خه‌وێ که‌ ئه‌یبینن له‌ شتێ که‌ ئه‌یزانن به‌ڵام ناتوانن بیڵێن و ئه‌گه‌ریش بیڵێن خه‌ڵک به‌ شێتتان ئه‌زانن. گرینگ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موومان که‌م و زۆر ئه‌وجۆره‌ بیر و هه‌ستانه‌ به‌ زه‌ین و دڵماندا دێ و که‌ یه‌کێک نهێنیێکمان پێ ئه‌ڵێ لێی ئه‌ترسین، به‌شێتی ئه‌زانین یا وا هه‌ست ئه‌که‌ین جنۆکه‌یه‌ یا شه‌یتان چووه‌ته‌ ناخی.

" فوئاد جه‌هانی " بانه

behnam5555 12-02-2013 07:39 PM

ئه‌و دیو په‌نجه‌ره
 

ئه‌و دیو په‌نجه‌ره
له‌مێژه‌ بۆ ڕێگایێ ده‌گه‌ڕێ خۆی بكوژێ و له‌ده‌ست ئه‌م ژینه ‌له‌عنه‌تییه‌ ڕزگار بێ. تازه ‌دیمه‌نه‌ جوانه‌كانی ژیان بۆ ئه‌و بۆن و به‌رامه‌یێكیان نییه، له‌ڕاستیدا ده‌یه‌وێ خۆكوشتنه‌كه‌ی یا شاراوه‌ و هه‌ست پێ نه‌كراو بێ یا به‌ شێوه‌یێكی سه‌رنج ڕاكێش. زۆر ڕێگه‌ به‌ مێشكی ده‌گا ته‌نانه‌ت منیش چه‌ند ڕێگه‌م نیشان داوه‌ به‌ڵام بۆ جێبه‌جێ كردنی پێویستی به‌ پاره‌ هه‌یه‌.
دیاره‌ ئه‌ویش وه‌كوو زۆر مرۆڤی تر هه‌ست و بیر و هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندی ده‌روونی خۆی هه‌یه‌ و بێگومان حه‌زی له‌ زۆر شته‌ و ڕقی له‌ زۆر شتی دیكه، ئه‌ویش ئه‌توانێ ژیانێكی ئاسایی بێ، خولیای ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێ، عاشق بێ یا ته‌نانه‌ت پیاوكوژ و تیرۆریستێكی باش. گرینگ ئه‌وه‌یه‌ بڕیاری داوه‌ خۆ بكوژێ، به‌ڵام چۆن و پاشان چ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی هه‌بێ ئه‌مه‌ گرینگه‌. له‌وانه‌یه‌ پێویست بێ ده‌مانچه‌یێ بكڕێ یا ئوتۆمبیلێ كه‌ له‌ جادده‌ به‌ سورعه‌ت خۆی له‌ په‌رتگایێ بخاته‌ خوار. حه‌زی له‌ دزی و فڕ و فێڵیش نییه، نه‌وه‌ك زۆر كوڕێكی ناسك و پاك بێ به‌ڵكوو نایهه‌وێ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ‌جگه‌ له‌ خۆی كه‌ڵك له‌ كه‌س وه‌رگرێ.
له‌ ژوورێكی پان و به‌رین و تاریك خۆی له‌ سووچی دیوارێ كز كردووه‌ و هاڵاوی هه‌ناسه‌ی له‌گه‌ڵ مژی ته‌ڕی دیوه‌كه‌ به‌ بن میچه‌ نزمه‌كه‌وه‌ ئه‌نووسێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناو سییه‌كانی، بۆی هه‌یه‌ هه‌ر له‌م ژووره‌دا بمرێ به‌ڵام قه‌ت بیری له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه. ژوورێ كه‌ په‌نجه‌ره‌ی تێدا نییه‌ و كپ و كڕ و مه‌رگه‌، به‌م خه‌یاڵانه‌وه‌ ئه‌بێ بمری، مه‌گه‌ر هه‌نگاوێ بنێی و خۆت كه‌ره‌سه‌كانی كوشتنت به‌ ده‌ست بێنی به‌ڵام تۆ هه‌میشه‌ بیرت له‌ جوانترین و تازه‌ترین و گه‌وره‌ترین كه‌ره‌سه‌ كردۆته‌وه‌. ته‌نیا شتێ كه‌ بۆت گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌‌ چۆن و به‌چی و له‌ كوێ و بۆچی خۆت بكوژی. هه‌مووی هه‌وڵه‌كانیشت ئه‌بێ له‌ پێناو ئه‌م بیره‌دا بێ. به‌رنامه‌كانت بڕێژه‌، ئه‌گه‌ر بۆ به‌ده‌ست هێنانی ئه‌م ئامانجه‌ پێویسته‌ كار بكه‌ی، بنووسی یا خه‌ریكی باز‌رگانی و سیاسه‌ت بی، بڕیار بده‌ و ده‌ست پێ بكه. له‌وانه‌یه‌ كار بكه‌ی و ورده‌ ورده‌ ببیه‌ باز‌رگان و هات و چۆی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و دوور بكه‌ی یا ببیه‌ سیاسه‌تمه‌دارێكی گه‌وره‌ و تێكه‌ڵاو شۆڕش و لایه‌نگری مافی مرۆڤ و ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات بی، به‌ڵام گرینگ ئه‌وه‌یه‌ ته‌واوی ئه‌م هه‌وڵانه‌ له‌ پێناو خۆكوشتنتا ئه‌بێ.
به‌ڕاستی چ پێویستیێ هانت ئه‌دا تێبكۆشی مردنێكی خۆشت بێ؛ تازه‌ و نه‌ناسراو، وه‌ها كه‌ بۆ هه‌میشه‌ ببیه‌ هۆی سه‌رسوڕمانی خه‌ڵك و ون نه‌بی. تۆ ئێستا له‌م ژووره‌ نزم و به‌رین و تاریكه‌دا ون بووی. زۆر جار نزمی بن میچه‌كان گوشارێ ئه‌خاته‌ سه‌ر سینگت و هه‌ناسه‌كانت داگیر ئه‌كا و تۆ هه‌ر له‌ دنیای خۆتدا نوقمی خه‌یاڵی. بڕیاری خۆت بده‌ و یه‌كه‌م هه‌نگاوی خۆكوشتنت هه‌ڵگره‌، با ئێستا شا بیت و له‌ سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی تاجی سه‌رت به‌ مه‌كرێكی شاهانه‌وه‌ هه‌ڵگری و به‌ په‌نجه‌ سه‌رت هه‌ڵكڕێنی و بیرت هه‌ر لای دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌یێكی تازه‌ بێ، دڵنیاش ئه‌بی هه‌ر ڕێگه‌یێ تا ئه‌و كاته‌ تازه‌یه‌ كه‌ به‌ بیری تۆدا دێت و له‌وه‌دوا ئیتر كۆن ئه‌بێ و تۆ به‌ سه‌رقاڵی خۆت فه‌رامۆشی ئه‌كه‌ی. له‌ڕاستیدا بیر كردنه‌وه‌ت له‌م مه‌به‌سته‌ و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌ بردنی بزاوتنت تیا دروست ئه‌كا و هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ ئه‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی تۆ ئه‌م جۆره‌ خۆ كوژییانه‌ت به‌ دڵ نه‌بێ.
بازرگان به‌و له‌ په‌نجه‌ره‌ی فڕۆكه‌وه‌ بیر له‌وه‌ بكه‌وه‌‌ چۆن خۆ بخه‌یته‌خوار و چۆن بمری. هه‌ناسه‌كانت توندتر ده‌بێ و ده‌نگی هه‌ناسه‌ت پانایی ژووره‌كه‌ پڕ ئه‌كاته‌وه‌ و ڕه‌نگی مه‌رگ ده‌پژێنێته‌ ناو ژووره‌كه‌ و تا دێ به‌م بیره‌ قووڵانه‌وه‌ زیاتر په‌له‌قاژه‌ ئه‌كه‌ی. بیر له‌ چی ئه‌كه‌یته‌وه‌؟ هیچ نییه‌ و سه‌ره‌تایش هیچ نه‌بووه.
چاوت به‌ره‌و په‌نجه‌ره‌كه‌ ئه‌ڕوانێ و به‌ ئاسپایی حه‌جمی له‌شت له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌ هه‌ڵده‌واسی و ده‌ته‌وێ بچیه‌ ده‌رێ ...

behnam5555 12-02-2013 07:50 PM


خاچ
چاوت لێیه له كۆتایی دارستانه‌كه‌دا ئه‌و جێگه‌ی تاقه‌ دارێك له جه‌ماوه‌ر دابڕاوه ماشینه‌كه‌ت تورمۆزی گرتووه و تیشكی چراكانی چۆڵایی ڕێگای دارستانه‌كه‌ی بڕیوه، چاوت له هه‌نگاوه‌كانت بڕیوه، دائه‌به‌زی گوریسێكی درێژ له ماشینه‌كه ده‌ر دێنی و به‌ره‌و تاقه‌‌داره‌كه ئه‌ڕۆی، ئه‌گه‌یته سێبه‌ری داره‌كه، به‌ری تیشكی ماشینه‌كه‌تی گرتووه، لقێكی ئه‌ستوور و قایم ئه‌دۆزیه‌وه، سه‌رێكی گوریسه‌که‌ی پێوه ئه‌به‌ستی و سه‌رێكی تری به ملته‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نگاوێكتا ئاره‌قی ترس و گومان ده‌تكێنی،ورده ورده له ماشینه‌كه نزیك ئه‌بیه‌وه.
ئێستا له پشت فه‌رمانی ئوتومبیله‌كه دانیشتوویت، ڕۆشنت كردووه و پێت ناوه به گازدا و دووسه‌د میتر ڕۆشتووی، گوریسه‌كه له سه‌ر لقی دره‌خته‌كه‌وه پچڕاوه و تۆ هیچ ئازارێكت پێ نه‌گه‌یشتووه.
به‌یانی دێیت و چاوت به ته‌رمه‌كه‌ت ئه‌كه‌وێ كه به گریانه‌وه ئه‌ینێژن ....

behnam5555 12-02-2013 07:52 PM

مار دێته‌ خه‌وت
 

مار دێته‌ خه‌وت

ڕێگه‌‌م لێ گیراوه‌ و ناتوانمده‌رباز بم، ده‌ستی توند قوفڵ كردووه‌، نه‌ڕێگه‌‌ی پێشم هه‌یه‌ نه‌ڕێگه‌‌ی پاش. دوو سه‌عاته‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌م مێزه‌دا سه‌ركه‌وم و ئێستا ئه‌م دێوه‌زمه‌ پێشی پێ گرتووم. زۆرچار له‌گه‌ڵ قسه‌كانیا ده‌ست به‌رز ئه‌كاته‌وه‌ و توند له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ قوفڵی ده‌كاته‌وه‌. ده‌ترسم ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستیا هه‌ڵ گه‌ڕێم بمبا و له‌جێیه‌كیدوور فڕێم بداته‌ خواره‌وه‌. هه‌ست ده‌كه‌م له ‌به‌ر ده‌م كێوێكی دژوارا وێستاوم و هه‌نگاونانبه‌ره‌و لووتكه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌یش خۆش و شادی هێنه‌ره‌ كه ‌له‌پێناو ئامانجیدواڕۆژ سه‌رشێتانه‌ سه‌رده‌كه‌وم.
له‌گه‌ڵ قسه‌كانیا كتێبێكی هه‌ڵگرت و به‌نیشانه‌ی جه‌خت شه‌ق دایه‌وه‌ به‌سه‌ر مێزه‌كه‌دا. ڕێك به‌رگازی پشتم كه‌وت. كێ ده‌زانێ چه‌ند به‌سه‌ختی له‌ژێر ئه‌و كتێبه‌ ده‌رباز بووم؟ قورسایی وشه‌كانی هه‌ناسه‌ی پێ توند كردبووم. بۆ ماوه‌یه‌ك گێژ و وڕ به‌ ده‌وری خۆما هه‌ڵده‌خولام و بۆ ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕام ده‌رباز بم؛ خه‌ته‌ر كردن باشتره‌ له‌ ڕاوه‌ستان و بۆگه‌ن كردن. ورده‌ورده‌ به‌ سه‌ر ده‌ستیا هه‌ڵگه‌ڕام، كه‌وتمه‌ خوار، هه‌ستامه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتم. به‌ چه‌ند جار هه‌وڵ دان گه‌یشتمه‌ سه‌ر لوتكه‌ به‌رزه‌كه‌ی ده‌ستی. له‌وێوه‌ چاوم پێی كه‌وت. ئۆخژنێكم تێ هات و هیوایێكی گه‌ش له‌ ده‌ماره‌كانما گه‌رمه‌ی كرد. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ داگه‌ڕام له‌ په‌نجه‌كانی یه‌كه‌یه‌كه‌ تێپه‌ڕ بووم و گه‌یشتمه‌ سه‌ر دوایین په‌نجه‌ی. له‌ ناكاو هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی هه‌ڵكێشا و هه‌ستایه‌ سه‌ر پێ ‌ و دوو هه‌نگاو له‌ولاوه‌تر له‌ په‌نای په‌نجه‌ره‌كه‌ دانیشت و چووه‌ بیره‌وه. منیش سه‌ر له‌ نوێ به‌ره‌و مێزه‌كه‌ ڕێكه‌وتم .

چوویته‌ په‌نا په‌نجه‌ره‌كه‌، ته‌ماشایه‌كی ده‌ره‌وه‌ت كرد و قورسایی له‌شت به‌ ئارامی له‌ سه‌ر سه‌نده‌ڵییه‌كه‌ دانا. جه‌ماوه‌ره‌كه‌ قرم و قاڵێكی سه‌یریان بوو، نازانم چۆن له‌و ژووره‌ بچووكه‌دا جێیان ببۆوه، كورِ و كچه‌كان تا قه‌یرێك له‌مه‌پێش به‌ پێ دزه‌ سه‌یری یه‌كتریان ده‌كرد به‌ڵام ئێستا نزیك له‌ یه‌ك زۆر به‌ نه‌رمی قسه‌یان ده‌كرد و ده‌ستیان ده‌خسته‌ ناو ده‌ستی یه‌كدی و به‌ دزییه‌وه‌ ده‌یان گوشی. ده‌میان ده‌خسته‌ ناو ده‌می یه‌كتر و ده‌توانه‌وه‌ و شه‌ڵاڵه‌ی ئاره‌ق ده‌بوون. تۆیش هه‌ڵمێك له‌سییه‌كانته‌وه‌ ئه‌هاته‌ ده‌ر و به‌ده‌وری سه‌رتا گێنگڵی ئه‌دا و ده‌وری هه‌موو جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی داده‌پۆشی. ته‌مێك له‌ پرسیار و ئاره‌قێك له‌عه‌شق. هه‌موو ده‌یانزانی تۆ دڵت به‌ یه‌كێكی دی ئه‌سپاردووه‌ بۆیه‌ كه‌س بێهووده‌ لێت نزیك نه‌ده‌بۆوه‌، جگه‌ له‌ كه‌سێك كه‌ به‌ هیوای ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ خۆشه‌ویستیت وه‌بووژێنێ به‌ خه‌یاڵ لێت ورد ده‌بۆوه‌ و ته‌لاره‌كانی مێشكتی ده‌پشكنی به‌ڵام تۆ بێ خه‌به‌رانه‌ به‌ ئازاری خۆته‌وه‌ ده‌تلایته‌وه‌ .
له‌ سه‌ر ده‌ستم هاته‌ خوار و رِێكه‌وت. چه‌ند شلكه‌ڕان و سه‌رسنگی نه‌رمی تێپه‌رِكرد تا گه‌یشته‌ مێزه‌كه. بۆ سێهه‌م جار هه‌ستی به‌ بووژانه‌وه‌ كرد، وه‌ك بڵێی دڵی ئاوپرِژێن ده‌كه‌ن. ده‌ست و قاچه‌كانی له‌ یه‌ك هه‌ڵسوو و به‌ خێرایی خۆی لێ نزیك كرده‌وه.
یه‌كێك له‌ كچه‌كان خه‌ونه‌ سیحراویه‌كانی خۆی ده‌گێڕاوه‌ و جه‌ماوره‌كه‌ هه‌موو گوێ قوڵاخ ببون. تیشكێك له‌ دڵی ڕه‌شی ئاسمانه‌وه‌ هات و جه‌سته‌می كرد به‌ دوو له‌ت و له‌تێكیانی برد و پاش ماوه‌یه‌ك هات و نیوه‌ی ون بووی كه‌سێكی دی بۆ هێنام و به‌ له‌شمیه‌وه‌ نووساند. تۆیش ون بوون له‌ ناو ڕه‌وان و جه‌سته‌ی خوشه‌ویسته‌كه‌ت ده‌چڕی و به‌و حه‌زه‌وه‌ خولیای ژیانێكی دیكه‌ت بوو، دوور له‌ ته‌نیایی. دنیای دوو كه‌سی دوو دوو دوو.
ورده‌ ورده‌ نزیك ده‌كه‌وته‌وه، ئێستا ئیتر چه‌ند هه‌نگاوی مابوو. كچه‌كه‌یش هه‌مووی خه‌ونه‌كه‌ی گێڕاوه‌. به‌ڵام كوڕ و كچ له‌ هه‌ناسه‌ی یه‌كتردا ده‌خنكان و تۆیش خنكا بووی له‌ هه‌ناسه‌ی ته‌نیایی. له‌ ناكاو هه‌ستایته‌ سه‌ر پێ و ناوكه‌ توویه‌كت له‌ سه‌ر مێزه‌كه‌ هه‌ڵگرت و له‌ ده‌متا كردت به‌ دوو له‌ت و له‌گه‌ڵ جه‌ماوره‌كه‌ ژووره‌ ته‌نیاكه‌ و مێرووله بێ هیواكه‌ت به‌ جێ هێشت .

فواد جهانی - پاییزی 79

behnam5555 06-16-2014 02:14 PM




كارنامە
زه‌ینه‌ب بابایی
وێڕای بابم بۆ وەرگرتنی كارنامەكەم وەڕێكەوتین، دەفتەری قوتابخانە پڕ بوو لە قوتابی و دایك وباوكیان. زۆرم هەوڵ دابوو. دووهەمی ناوەندی بووم بەڕاستی سەخت بوو، بەڵام دڵنیا بووم جگە لەوەیكە وڵامی تێكۆشانەكانم دەبینمەوە، دایك و باوكیشم دڵشاد دەكەم...
بەرپرسی مەدرەسە بە بزەوە كوتی: باڕەقەڵڵا، بژی..چاوێكی لە باوكم كرد و كارنامەكەی دایە دەستی و كوتی: جێی رێزە، تكایە ئێرەش ئیمزا بكەن...
بابم كارنامەكەی وەرگرتوو، لەناكاو گووشێكەی وەدەنگ هات ..ئەلۆ.. لە كوێی پیاوی باش. ئەو گووشێیەت بۆ كوژاندۆتەوە، چەن رۆژە بەردەوام ژومارەكەت دەگرم..
هەروا كە بە تووڕەیی قسەی دەكرد كارنامەكەی بە دەستێكی گرتبوو، گووشێكەشی بە لاشانییەوە راگرتبوو و خەریك بوو لەگەڵ كابرای قسەی دەكرد و بە دەستەكەی تریشی، دەفتەرەكەی ئیمزا كرد.
دواتر هەر بە ئاماژەی سەری ماڵئاوایی لە بەرپرسەكە خواست و بەرپرسیش لە بەری هەڵستا و بەڕێی كردین. بابیشم كە گووشێكەی بە لاشانییەوە بە گوێیەوە نابوو دەستی دەگەڵ داوە و خێرا هاتە دەرێ، كارنامەكەی كە ئێستا چاوی لێنەكردبوو، دای بە دەستم... بە تووڕە‌یی كابرای دەدواند. ـ دەیجا بۆ ئەمن گرفتم نییە؟ كارەم بەوە نییە. سپەی لە بانكێ چەكەكەت ورد نەبێتەوە هەر لە وێ بەرگەشتی لێ‌دەدەم.
گێژ ببووم، كارنامەكەم زۆر باشە! ئەی بۆ بابم چاوی لێ ناكا..
گووشی بە دەست ماشێنی هەڵكرد و بەرەو ماڵ وەرێكەوت. بە دەنگی بەرزەوە دەیگوت : ئەگەر دنیاش خرا بێ. رۆژێكی ترت لە سەر راناوەستم، بۆ خۆم بۆ قڕانێكی سەوزەڵەی دەڵەم .. سەر و بابانم لە قەرزێ دایە..
بیرم لەوە كردەوە، بابم دوێنێ شەوێ بە دایكمی دەكوت. لەو یەك دوو رۆژەی‌دا سەمەندەكەی دەگۆڕمەوە بە پڕادۆ.. ئەدی ئەگەر بۆ قڕانێكی مەحتەڵە چۆن ماشێنەكەی دەگۆڕێتەوە.. بابە چاوت لێیە هەموو نومرەكانم باشن.. دمی لێ خێچ و خوار كردم و بە رووخساری گرژەوە كوتی: سەبركە جارێ ..
بێ‌دەنگ بووم.. ئیدی هەر تووڕە دواندنەكەی بابم دەبیست. هۆشم چوو لای دایكم: داخوا دایكم چەندی پێ خۆش دەبێ. دڵنیام خەڵاتیشم دەداتێ. بابم لە ماشێنەكەی هاتە خوارێ، بەردەوام لەگەڵ گووشێكەشی قسەی دەكرد. بە دەستەكەی تری كلیلەكانی دەرهێنا و دەركەی بۆ كردمەوە.. لە ئایفۆنەكەوە دەنگی دایكم بیست: كەماڵ، راوەستە، مەڕۆ، كارم پێتە. بابم دیسان رووخساری گرژ كردەوە و بە ئایفۆنەكەدا كوتی: خانم هەزار كارم هەیە، دواتر دێمەوە.. بە چەن چركەیەك دایكم گەیشتە بن دەركەی. قوتوویەكی سووری لە دەستدا بوو و كوتی: ئەو گەردەنبەندەم نگینێكی كەوتووە، عەیبە! ئەوشۆ چۆن ئاوا بۆ داوەتێ تێیكەم؟
بابم پڕ بە گووشێكەی دەنگی بەرز كرد و كوتی: كارم بەو قسانە نییە سپەی دەتكەمە پووڵ؛ تەق گووشێكەی داخست و كوتی: ئەرێ دەڵەی چی خانم؟ نازانی قەرارم هەیە و ئێستا لە سەر زەمینەكە ئەندازیار چاوەڕوانمە.. دایكم كوتی ئەی من چ بكەم چۆن ئەو نیگینەی لێدەمەوە؟ ئاوا بچمە داوەتێ؟
بابم سەرێكی لێ راوەشاند و چاوێكی لە كاتژمێرەكەی كرد ... زوو ساز بە تاكوو زێڕینگەرێكت دەبەم بەڵام نایەمەوە لە دوات. ناگەمێ... دایكم هەڵاتە ژوورێ كە خۆی ساز كا. بە دوای‌دا هەڵاتم كارنامەكەم هەڵێنا پێش دم‌وچاوی و كوتم چاو لەو نومرە چاكانە كە.. شاگردی یەكەم هاتوومەوە. دەتكوت تازە شتێكی وەبیر هاتۆتەوە، بەپەلە، بێ ئەوەی كە كارنامەكەم چاو لێبكا، ماچێكی كردم و كوتی: بارەقەڵڵا ئەگە هاتمەوە چاوی لێدەكەم. بڕۆ بۆ لای پریا، لە سەرێیە. بە پەلە رۆیی، شەقەی دەرگای دەرێم بیست كە داخرا..
بە بێ‌وازی لە سەر مۆبڵەكە دانیشتم، كارنامەكەم هەر وا بە دەستەوە بوو... پریا لە پیلكانەكانی سەرێ، دەهاتە خوارێ كە كوتی: چ بۆ ئەوە؟ بۆ وا مات و دڵگیری؟ بەلەمەكانت لە ناو ئاودا ماون یان خوای نەخواستە بەفر باریوە و نومرەكانت لە ژێر بەفردا بوونەتە سیفر..
ئەوەندە بێ‌تاقەت بووم تەنانەت نەمدەتوانی وڵامیشی بدەمەوە دام‌نووشتاندەوە و خستمە ناو گیرفانم..
لە ناخی خۆم‌دا كوتم: خۆزگە تۆزێ زیاتر لە لای بەرپرسی قوتابخانە ماباینەوە..
هەر لە سەر مۆبڵەكە راكشام و خەوم لێكەوت. بە دەنگی دایكم وەخەبەر هاتم هەستە پوویا نانەكەت بخۆ و وێڕ‌ای بابت بچنە سەلمانی و وەرەوە حەمامێكی بكە با بۆ شەوێ پاك و خاوێن بی...
كارنامەكەم هاتەوە بیر و كوتم هەر ئێستا لە كاتی نان خواردن‌دا پێیان نیشان دەدەم.. لە گیرفانم دەرهێنا و لە سەر میزەكەی، لە تەنیشت دەورێكەم دانا. بەڵكوو دایكیشم بێ و پێشانیان دەم. دایكم هات و دانیشت كە لە ناكاو وەبیری هاتەوە .. پوویا هەستە هەستە بڕۆ لیباسەكانت بگۆڕە و دەست و دم‌وچاوت بشۆ ئێنجا وەرە نانی بخۆ..
هەر كە ویستم هەستم، دەستم وەلیوانی نووشابەكە كەوت و هەوەڵ بە سەر كارنامەكەم داڕژا و دوایش بە سەر میزەكە..
بابم كوتی: هەك ماڵتە.. قەت بۆ شتێكی نەڕێژی.. دایكم بە بۆڵەبۆڵچوو پەڕۆیەكی بێنێ كە كوتی ماڵت نەشێوێ پوویا ئاە! ئەو پەڕە چییە؟ بۆ چركەیەك دڵم خۆش بووـ كوتم ئێستا كە چاو لە كارنامەكەم بكەن، نووشابە و چەك و ماشێن و گەردەنییان لە بیر دەچێتەوەـ كوتم: كارنامەكەمە!
دایكم كوتی: هەستە بیبە لە بەر تاوێ هەڵیخە با ویشك بێتەوە. ماڵت خەرا نەبێ، ئاقڵت نییە ئەوە كارنامەیە و پێویستە ئاگاداری لێبكەی. گریان وەك پۆلووی ئاوری لە ژاوكمدا دەبرژاوە، بە دەنگێكی بەرزەوە وتم: ئەمن دەزانم ئەوە كارنامەیە، بەڵام ..
هەڵستام و كارنامەكەم كە‌ لە نووشابەیدا خووسا بوو دەدەستمدا گڕۆڵەم كرد و بۆ لای حەسارێ وەرێ‌كەوتم بێ وەكە بزانن دەركەی كۆڵانێم كردەوە فڕیم دایە كۆڵان ....
گووشی باوكم دیسان زەنگی خوارد

behnam5555 06-16-2014 02:16 PM

" ئه‌وشۆ پڵاوی ده‌خۆیی"
شیرین ئه‌مینی
حه‌شیمه‌تێكی زۆر ده‌وریان دابوو، زۆری گه‌رما بوو، لاقێكی ڕاكێشا و گرێی لێچكه‌كه‌ی كرده‌وه و به قه‌راغی لێچكه‌كه‌ی خۆی فێنك كرده‌وه. نێوچاوانی ئاره‌قه‌ی كردبوو، ئاره‌قه‌ی پشت مل و قه‌راغ سینگی ئه‌ستڕێوه.
حه‌شیمه‌ته‌كه له بنه‌وه پرته‌یان ده‌هات و چاویان تێ بڕیبوو، گه‌رما و وه‌ڕه‌زی هێرشی بۆ هه‌موویان هێنابوو، له بن سێبه‌ری دووكانی حاجی هاشم دانیشتبوو، حه‌شیمه‌ته‌كه‌ش له ده‌وری ڕاوه‌ستابوون و وه‌كوو شتێكی سه‌یرییان دیتبێ چاویان لێ زه‌ق كردبوو.
بوخچه ڕه‌شه كۆنه‌كه‌ی كرده‌وه و یه‌ك دوو شتی سه‌یری لێ ده‌رهێنا، مله قه‌ڵه‌و و ڕه‌شه‌که‌ی هه‌ڵێنا و ده‌ستی ڕاستی له سه‌ر چۆكی دانا، له بنه‌وه پرته‌یه‌كی هات و دوایه‌ش به ده‌نگێكی زل كوتی: چییه؟ بواتان چاو زه‌ق كردووه... قه‌توو بنی ئاده‌م نه‌دیوه؟
له نێو حه‌شیمه‌ته‌كه‌دا ده‌نگێك هاته ده‌ر: نا وه‌ڵڵا... جوانی وه‌ك تۆ قه‌ت نه‌بووه و نییه.
جه‌ماعه‌ته‌كه یه‌كڕا لێیان دا له قاقا، پیرێژن ده‌ستێكی وه‌به‌ر كه‌له‌كه‌ی دا و كوتی: هه‌ر كه‌س پیاوی مه‌یدانه بێته پێش ده‌‌ا بڕۆن یاڵڵا... زۆرم حه‌وسه‌له نییه هه‌ر كه‌سیش قسه‌ی زل بكا به شه‌پان هه‌ڵی ده‌دێرم.
كوڕێكی كه‌ڵه‌گه‌ت و ڕه‌ش ئه‌سمه‌ر داهاته‌وه، چه‌ند تاڵه‌مووی سه‌ری كه هه‌ر بریقه‌ێان ده‌‌ات خزابوونه نێو چاوانی، به قامكی ده‌ستی موویه‌كانی لادا پشت سه‌ری و لێوی گه‌ست، هه‌ناسه‌یه‌كی خسته‌ ده‌ر و خێرا ده‌ستی برده پێش پیرێژن، به ده‌سته زوور و قه‌ڵشاوه‌كانی ده‌ستی كوڕه‌ی گرت و چاوێكی له چاوی بڕی، پرته پرت و هات و هاوار ببوو به ساتێك بێده‌نگی، پیرێژن ده‌نگی هه‌ڵێنا و كوتی: خۆشت ده‌وێ؟!
كوڕه‌كه عاره‌قه‌ی كرد، له بن برۆ تێك هاڵاوه‌كانی چاوێكی له حه‌شیمه‌ته‌كه‌ی ڕووبه‌ڕووی بڕی و كوتی: نازانم... بۆ خۆت ده‌زانی!!!
یه‌كێك له هاواڵه‌كانی هه‌ڵی دا قسان و كوتی: ئه‌وشۆ ده‌چینه خوازبێنی، یه‌ك دوو كه‌سیش قاقایان كێشا به‌ڵام جه‌ماعه‌ته‌كه پێنه‌كه‌نین، پیرێژن ده‌ستی كوڕه‌‌ی به‌ردا و كوتی: هیچ... ده‌بێته فچ فچێن!!!، ئه‌وه‌ی كوت و پاڵی داوه، كوڕه‌كه برۆی تێك نا و ملی برده پێش و زۆر به سه‌یری كوتی: فچ فچێن؟!
پیرێژن ملی ڕاوه‌شاند و كوتی: هه‌رچی ئه‌وان كوتیان ئه‌نگۆ ده‌ڵێن فچ، هه‌رچیش ئه‌نگۆ كوتتان ئه‌وان ده‌ڵێن فچ!، هه‌موو لێیان دا له قاقا، جه‌وانه‌كه د‌دانه‌كانی لێك داگرت و لێوی خوارێی تووند گه‌ست، به تووڕه‌ییه‌وه هه‌ستا سه‌ر پێ و له بنه‌وه پرته‌یه‌كی هات و دووسه‌تمه‌نێكی شڕی بۆ فڕێ دا.
له قه‌راغ جه‌وانه‌كه كابرایه‌كی كورته باڵا داهاته‌وه و ده‌ستی برده پێشی و چاوێكی كڕیارانه‌ی له پیرێژن بڕی، لێوی لێك كرده‌وه، هه‌ر فیكه‌ی سمێڵی ده‌هات، كه‌لێنی ددانه ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانی كه‌وته ده‌ر. پیرێژن به سیله‌ی چاوی تێی ڕوانی و چه‌پۆكێكی بۆ حه‌واڵه كرد و كوتی: زۆرت نه‌ماوه... ئه‌و ڕۆژانه ده‌مری... ئه‌تۆ فاڵت بۆ چییه؟
كابرا به قامكی ده‌ستی سه‌ری كه‌پۆی خوراند و پێچه‌که‌ی كه‌مێك لادا و كوتی: ئادی به سه‌ری تۆ... وا زوو نامرم نا...
پیرێژن پرته‌ی هات: ئادی به سه‌ری بابت.
گه‌رما هێرشی هێنابوو، پیرێژن دیسان به قه‌راغ لێچكه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی ملی ئه‌ستڕێوه، بوخچه‌كه‌ی خڕ كرده‌وه و سه‌ری ڕاوه‌شاند و كوتی: هه‌ر ده‌ڵێی له پشت كێو و شتی وا ڕا هاتوون ... حه‌ك به قوڕێ گیرێ ئه‌و جێگایه‌ی پیاوی خوێڕی وه‌كوو ئه‌نگۆی لێیه. یه‌كێك پرته‌ی هات، پیرێژن ده‌ستی برده به‌ر كه‌له‌كه‌ی و لاقی خڕ كرده‌وه، نێو چاوانی ئاره‌قه‌ی كردبوو، به زمانی لێوه ئیشك و چرچه‌كانی ته‌ڕ كرد و كوتی: بابه بڕۆن ده‌وره‌م به‌ر ده‌ن... مردم له گه‌رمان...
كوڕێك كوتی: جا خۆ هه‌رچی كوتت درۆ بوو!
پیرێژن سه‌ری هه‌ڵێنا و چاوێكی له لای ده‌نگه‌كه بڕێ و خێچ بۆوه، هاواری كرد و كوتی: چوون هه‌مووتان درۆزنن... ئه‌گه پیاون و ڕاست ده‌كه‌ن مه‌رد و مه‌ردانه وه‌رنه پێش بزانن چۆنیان بۆ له بنی كوله‌كه‌ی ده‌ده‌م.
كابرا كورته باڵاكه داهاته‌وه و كوتی: ئه‌وه‌نێ ده‌ستم هێناوه‌ته پێ، پیرێژن به تووڕه‌یی ده‌ستی لێ برده پێش و كوتی: كوتم ئه‌وه‌ی پیاوه...
قاقا بڵیند بوو له نێو حه‌شیمه‌ته‌كه‌دا كچێكی سه‌ر قژنی ڕه‌ش و ڕووت ڕێی خۆی كرده‌وه و هاته پێش، چاوه‌كانی خێس كرد و كه‌پۆی هه‌ڵقرچاند، قابڵه‌مه‌یه‌کی خێچ و خواری له بن هه‌نگڵی نابوو به سه‌یری چاوی له به‌ر و بوخچه‌ی پیرێژنه‌كه بڕی.
قابڵه‌مه‌كه‌ی تووندتر له بن هه‌نگڵی قایم كرد و ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌ی برده پێش ده‌له‌رزی... ده‌نگ له كه‌س نه‌ده‌بزووت، كچه‌كه چاوه‌كانی له پیرێژن زه‌ق كرد و به ترسه‌وه تێی هه‌ڵڕوانی.
مێشێك هاته سه‌ر كه‌پۆی، به قۆڵی كراسه‌كه‌ی بن كه‌پۆی خاوێن كرده‌وه و لووشمه‌یه‌كی هات، پیرێژن به ئارامی چاوی تێبڕی، بێده‌نگ بوو، بێده‌نگتر له هه‌موو ساته‌كانی ته‌مه‌نی... ده‌ستی بۆ لای كچه‌كه درێژ كرد و بۆ لای خۆی ڕاكێشا.
بزه‌یه‌كی هات و ده‌ستێكی به قژه زه‌رده‌كانی دا هێنا، چای له چاوه‌ كاڵه‌كانی بڕێ، كچه‌كه دیسان قابڵه‌‌مه‌كه‌ی تووندتر له بن هه‌نگڵی قایم كرد و سه‌ری گه‌‌ڕانده‌وه له نێۆ حه‌شیمه‌ته‌كه‌دا له كه‌لێنێك ده‌گه‌ڕا چاو له‌و به‌ری شه‌قامه‌كه ببڕێ به‌ڵام له هیچ كوێ كه‌لێنێك نه‌ده‌دۆزراوه، پیرێژن مه‌ودای خه‌ێاڵی پساند، سه‌ری برده پێشێ و شتێكی له بن گوێ كچه‌كه كوت.
له ناكاو لێوه‌كانی به بزه‌یه‌كی شیرین لێك بوونه‌وه، خێرا هه‌ستا سه‌رپێ و هه‌ڵات و له نێو جه‌ماعه‌ته‌كه‌دا ڕێگای بۆ خۆی كرده‌وه، به سه‌یری تێیان ڕوانی، له ناكاو گه‌ڕاوه و ده‌ستێكی له نێو گیرفانی پاتۆڵه كۆنه‌كه‌ی ناو پێنج سه‌تمه‌نێكی شه‌قی ده‌ر‌هێنا و بۆ پیرێژنه‌كه‌ی فڕێ دا و كوتی: خه‌ریكن بوكی داده‌به‌زێنن!!!
ئه‌وه‌ی كوت و خێرا هه‌ڵات، ڕووبه‌ڕووی شه‌قامه‌كه پڕ بوو له حه‌شیمه‌ت كچ و كوڕ هه‌موو شۆخ و شه‌نگ به داوه‌ت و هه‌ڵپه‌ڕكێ به‌ره‌و پێشوازی بووك و زاوا ده‌چوون.
ده‌نگی ته‌پڵ و توزه‌له هه‌ر ده‌هات و بڵیندتر ده‌بوو، خێرا له نێو جه‌ماعه‌ته‌كه‌دا ڕێی خۆی كرده‌وه و چۆ نێو تالاره‌كه، بۆنی پڵاوی بۆ ده‌هات.


behnam5555 06-16-2014 02:19 PM


ڕاپۆرتێک لە کوشتاندینا
تــوانـا ئــەمـیــن

لەو نامە ساختەیەدا کە ژیانی ڕاستەقینەی نالی دەگێڕێتەوە؛ بەو جۆرەی کە لە (ئەستەمبوڵ) عاشقی کەنیزەیەک دەبێ کەعوسمانییەکان لەشەڕی ڕۆمدا گرتویانە و ئێستا وەک ئیشکەرێک لەقەڵای سێی چێشتلێنەران تاقی حەوت کاردەکا.. لەهامشۆی نێوان نالی و شاعیرانی فارسا بۆ دیوان، لەبەرەوژوورکەکەی (لالەلی)چاویان بەیەک دەکەوێ و نالی دڵنیا دەبێ کە ئەمە حەبیبەی ڕاستەقینەی خۆیەتی و بەخێراییش ئەوەبەسەریادێ كە ئینسان هەمیشە یەکەم و دووەمی شتەکانی لێتێکدەچێت..لەو دەستنووسە تورکییەدا کە بەخەتی شکستەی فارسی نوسراوە و ئێستا وا لە (مۆزەی ئەسفەهان) و من بەسەریدا دانەویومەتەوە و لە هێڵی چەماوەو کەوانەیی و لاری نێوان پیتەکاڵەوبووەکانیدا ڕاماوم و بەئەستەم خەریکم شەرحەکەی لە حاشییەدا دەخوێنمەوە، باس لەو عەشقە سەخت و توندەی نالی دەکات بۆ کەنیزەکە و هاتووە کە؛ شەوێکی درەنگ نالی و کچەی ڕۆمی دەستی یەکدەگرن و بۆ هەتاهەتایە کۆشکی سوڵتان جێدەهێڵن و لە دەریای (مەڕمەڕە)وە بۆ جێیەکی نادیار ون دەبن.
ئەگەر (قیرغیزییەکان) ئەمشەو لە مۆسکۆئەو چالاکییە ترۆریستییەیان نەکردبایە.. من دەرگای ئەم باوەڵەم لەم سەردابە شێدار و ترسناکەدا جارێکی تر نەدەکردەوە..من لە ‌دڵەوە لەگەڵ خەڵکی ڕوسیا هاوغەمم. ئەوەی کە ڕووداوەکان دەتوانن ڕووداوی تر بەدوای خۆیاندا بێنن بۆ من شتێکی نوێ نەبوو، بەڵام ئەوەی کە ڕووداوێک توانای ونکردنی ڕووداوێکی تری هەیە، ئەوە یەک لەو وانە نوێیانە بوو کە من لە ئەنجامی تێڕامان لە کوشتن و وێرانکردنەوە پێی گەیشتم.
کابرایەکیقاجاری شاعیری دیوانی سوڵتان نوسیویە "ئەمێستا من لە کونجی حەپسخانەوە ئەم پەیغامە سەجلدەکەم و سبحەی سوبح لەگەڵ نوێژی فەجرا بەقەتلی من و دفنم لە جەزیرەی (ئۆسکۆدار) لیلئەبەد ئەم فەهێت و عەیبە میسلی لەکەیەک لەخۆیان مەسح دەکەن و من لە نائیبی نالی یەوە فەوت دەکەم" هەرچی سەبارەت بە نالی یەکەم و ڕاستەقینەشە، (خزڕڵڵای شوعاعی قاجاری) نوسیویەتی "نالی لە هیچ مەکانێ چاونەکراوە و تا یومی قیامە مەنفییە دەست بەیەدی مەعشوقەیەوە".
لە مۆزەخانەی (سوور) لە (مۆسکۆ) شەقامی (لێۆڤسکی) باڵەخانەی 216 نهۆمی ژێرزەمین، كچێکی کاڵ لەوانەی برژانگ و پێست و کەزێیانبەدەرەجەیەکە دڵی بونیام سست دەکا، لەپشت مێزێکی ئاسنی کۆنەوە بەزەردەخەنەی کارمەندێکەوە کە پیشەییانە دەیەوێ دڵی میوانەکانی ڕابگرێ،پێشوازی لێكردم. بەڕوسییەکی شکاوی تێکەڵ لە ئینگلیزی خۆم ناساند و وتم بەڵگەنامە هەواڵگرییەکانی کۆتای سەدەی نۆزدەم دەوێ سەبارەت بە دەوڵەتی عوسمانی لە ویلایەتی ئەستەمبوڵ، بۆ ساتێک برۆی هێنایەیەک، دیاربوو عەیامێکی درێژبوو کەس لەبەشێکی ئاوا پرسیاری نەکردبوو، دوایی وەک ئەوەی شتێکی بیرکەوتبێتەوە برۆکانی هاویشتە ئاسمان و سەرێکی بادا و گووتی:
- چاکی ماڵکۆ.. "کەمێک بووەستە"
- دا ئز چاکم... " ‌بەڵێ وەستاوم"
ئەو لەناو ڕەفە دێرین و درێژەکاندا و من لە بیری ئەم دەستنوسەدا ونبووم کە ئێستا وا لە باخەڵی چەپمداو نەمدازانی تا ئەمڕۆ ئاوا سیحریانەو مینا سێبەرێک ژیانی من بەدوای خۆیدا کێشدەکات..
باشچاوشێکی مەلول و ژولیدە لە حەپسخانەی تایبەتی سوڵتانەوە کە دەکەوێتە پشت یەکێک لە ئەمبارە گەورەکانی گەنمەوە لە خوارووی (باغچەلی)یەوە کە ئەوسا پێیان دەگووت (بیئۆغڵۆ)، سەعات سێ و چواردە دەقیقە بە کاتی عەرەبی نامەکە لە نالی وەردەگرێ و ‌بێبەرامبەر وەک هەر سەرکێشییەک کەبەسەرهەریەکەماندا دێ و لەوەدەچێ نرخەکەشی بەژیانی خۆمان تەواوببێ، ‌نامەکە دەگەێنێتە سەر سنوری خاکی عارەبان.. باشچاوش بەدنیابینی خۆی و لەپێناو گەیاندنی نامەکە بەجێی مەبەست، ڕاستەوخۆ بۆ ئێرانی نانێرێ، ‌‌بەڵکو بە تەکنیکێکی سەربازیی کە ئەفسەرێکی ساڵخوردە دایڕشتبێ ‌بڕیار دەدات ڕێگەیەکی دوورو توولانی (بەڵام سەلامەت)ی پێ ببڕێ.. بەمجۆرە لە دووی ڕەبیعی یەکەمی 1293ی کۆچی دا و پاش سێ مانگ و یانزە ڕۆژ لە مراندنی نالی دووەم، بەڕێگای (شام)دا نامەکە دەگەێنێتە سەرسنوری (میسر).. بەیازی زەردی کۆنە دەفتەر لازم بە هەژدە شەوی تر ئینتیزار دەکات تا دەگاتە دەست (پەروێزی ئەکبەریی)، عالی جەنابی نوێنەرایەتی شای قاجار لە میسر..
کە لیستی ناوی بەڵگەنامەکانی بۆ‌هێنام، بەهەردوو زمانی ڕوسی و ئینگلیزی لە خشتەیەکی سێ ستوونیدا ناوی ڕاپۆرت و ڕاپۆرتنووسەکەی و مێژووی ناردنەکانیانی تێدا تۆمارکرابوو. بەوەدا من ناوی ڕاپۆرتنووسەکەم نەدەزانی و لەو مێژووەشدا کە بەرامبەرە بە 1786ی زاینی، چوون ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وەک قەڵتاغێک لەسەر تەختەڕەقێک گیانی دەدا، قەڵمڕەوەکەی تژی ببوو لە جاسوس و خەبەرلەر و ئەوبیانیانەی هەواڵگریانە کاریان بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکانی دراوسێ ‌دەكرد‌..
ئەمە دیسان دۆزینەوەی نامەی مەبەستی لەو مێژووەدا بۆ من دژوارتر دەکرد، ناچار بەناوی ڕاپۆرتەکاندا ڕۆیشتم تا گەیشتمە سەر ئەم ناونیشانە: (ڕاپۆرت- دەقی نامەی نالی شاعیری فارس لە کوشتاندینا 3-4-1786) زانیم ئەوە ئەوشتەیە کە من بەدوایدا دەگەڕێم، گوتم ئەم نامەیەم دەوێ.. ئەو سەیری دەکردم و من هێکڕا هێکڕا دەمگووت ئەم نامەیەم دەوێ.. ئەم نامەیە.
ئاغای (ئەکبەریی) شابەندەری ئێران، نامەکە وەک گەوهەرێک دەبینێ و مەرا‌قی ئەوەی نەخۆی تورکی دەزانێ و نەکەسە نزیکەکانیشی و لە ترسی ئەوەی نەبادا نهێنییەکە دزەبکات و بگاتەوە بە تورکان،لە کەس ڕانابینێ بۆ وەرگێرانی نامەکە بانگهێشتی بکات.. هەر زوو بە قاسیدێکدا ڕەوانەی شای دەکات لە (تەبرێز).. دوای سێ شەو لە دەرچوونی نامەکە لە میسر، شابەندەری ئێران لەوپەڕی سەلامەتیدا و لە کەیف و سەفای سەر (نیل)دا بەدیار ئەو خانمە ئەسمەرانەی هیچ شتێک لە دنیا نازانن جگە لە سمتبادان و وا ئەو هونەرە گەورەیەشیان نیشانی پەروێز دەدەن، شەوێک دڵی بە‌‌هێزی دەوەستێ و دەمرێ..
ئەو ڕۆژانەی ئەمانە ڕوودەدەن تورکی باشچاوش لەو کارەی زۆر پەشیمان دەبێ و هەستی خیانەت لە دین و ئەرک و هاودینەکانی ڕایدەکێشێتە سوچی گۆشەگیری و جگە لە گریان و سوجدەبردن سوکنایی بە هیچ نایەت.. تا سەعات چوار و سی و یەک دەقیقەی عەسرێک لە مزگەوتی(قەدی بایەزید) پیاوچاکێکی ڕێبوار پێشنیاری پێ دەکات کە "بونیامی زەعیف بۆ تەسکینی ڕۆحی عاسیی، هیچ لەوە بۆی دەرمانتر نییە قسەی دڵی خۆی بکات و دانبەگوناهیدا بنێ".. پاش قەیرێ، بێسرەوتی ئێمە لەسەر دەستی ئەم خواناسە دانبەتاوانەکەیدا دەنێ و هەمان شەوی ئەو عەسرە ئەم چاوشە کەسیرەیە لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لە ماڵەکەی خۆیدا بەچەقۆ دەکوژرێ.
شەوهایەکی زۆر من شەرابم خواردەوەو لە پیتی پێچەوانەو سەرهەڵگەڕاوی ئەم نامەیە ڕامام.. ڕۆژگارێکی درێژیش لە بەرامبەر فەرهەنگە قەبەکانی زمانی ڕوسیدا دانیشتم و هەوڵی وەرگێڕانی ئەم نامەیەمدا کە دەتوانێ بەشێکی گەورەی نهێنی هەڵهاتنەکانی (نالی)مان بۆ ئاشکرا بکات.. ئەوەی لەو وەرگێڕانە حەرفیانەدا پێیگەیشتم، ئەنجامێکی دڵخۆشکەر نەبوو جگە لەوەی دواجار حاڵیبووم کە ئەم نامەیە لە نالییەوە بۆ ژنێک نوسراوە.
ئێستا کە دووسەد و سی و چوار ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوانەدا تێدەپەڕێت و من لە نێوان ئێران و ڕوس و تورانا بەدوای بەشی جێماوی ئەم چیرۆکەدا دەگەڕێم، هیچ سەرەداوێکم لەسەر ناوی ئەو پیاوچاکە دەستنەکەوتووە.. ئەوەندەی دەیزانم بەپێی فەرمانێکی ڕەسمیی سوڵتان، دەفتەرداری دەروازەکانی (قوستەنتینە)وسەرجەمی تەکیەو خانەقاکانی،دەبێت ناوی هەموو میوانێکی بیانی لای خۆیان تۆماربکەن.. بەڵام ئەو ڕۆژانەیئەم یەکتربینینەی باشچاوش و خواناسە نەناسراوەکەی تێدا ڕوودەدات سوڵتان لە حەج دەبێ و بەم جۆرەش هیچ میوانێکی تایبەت ڕ‌‌وو لەدیوان ناکات.. دوای سۆراغێکی زۆر لەدەفتەری هۆتێل (قاغێ) لە دامێنی (ئەیاسۆفیا)، بینیم لە تەنیشت ناوێکەوە کە کوژاوەتەوەو ناخوێنرێتەوە، بێ گرنگی پێدان و تەنها وەک تێبینییەک نوسراوە "ئەم ئەغیارە موساییە".
چەند ڕۆژێک دواتر سوڵتان ڕێوڕەسمی حەج لە قەلەقییەکی زۆرو خێراییەکی چاوەڕواننەکراودا تەواو دەکات و دەگەڕێتەوە ئەستەمبوڵ، لەو ماوەیەدا کوژرانی پاسەوانێکی حەپسخانە نهێنییەکانی سوڵتان، وادەکات دەوڵەت بکەوێتە خۆی و لە هەموو سنوری قەڵمڕەوی لەگەڵ خاکی فارس و ڕوس و ڕۆمدا بکات بەخەبەرلەر و سیخوڕ و چاو و گوێ..
(ناسرەدین سالاردەولە) لە کتێبە مێژووییەکەیدا؛ (هەڵهاتن لە گورگەزێ) بەدرێژیی وەسفی ئەو شەڕە خوێناوییە دەکات کە لە کوتایی سەفەرەکەیاندا ئێوارەیەکی پایز لە نێوان پەیک و دەستەی پارێزگارییەکەی لەگەڵ چەند فەسیلێک لەچەکدارانی پیادەی عوسمانی لەبۆسەیەکدا لەخوارووی (دیوانییە) ڕوودەدات و تێیدا هەشتا کەس لە پیادەکانی عوسمان دەکوژرێن و چوارتفەنگ بەدەستیش لە خێڵی قاسید "ڕۆحی بەرزیان بە ئێوە عەتا دەفەرموون" وەک سالاردەولە لە وەسفە شیعرییەکەیدا نوسیویەتی "ئەو غروبە هەوری چڵکنی پایز.. نم نم لە جێی باران خوێن دەبارێنێ".
سەفەری دووری من و وێڵیم بەشارانەوە وایکرد بیرۆکەی گەڕانەوە و ساغکردنەوەی ئەم نامەیە بێنمەوە بۆ ‌وڵات و ئەم گرێ قورسەی سەر دڵم لەلای جەنابی پڕۆفیسۆر بکەمەوە؛ ئەوشەوەی بە تەلەفۆن قسەمانکرد و دوای خۆناساندنێکی کورتی من و ڕوونکردنەوەیەکی سەرپێیی مەبەستەکەم، لەودیو هێڵی تەلەفۆنەوە لەناو غەڵبەغەڵبێ میوانەکانیا بەزارێکی شیرینەوە گوتی "سبەینێ لە‌‌ هۆڵی کتێبخانەی زانکۆی سلێمانی یەک دەبینین و نامەکە وەردەگێڕین" سەعات هەشتی بەیانی ڕۆژی دواتر تاقە ڕۆژنامەی ڕۆژانەی شار بە خەتێکی درشت ئەمەی لە مانشێتیدا نوسیبوو((ئەمشەو لە کارەساتێکی ئۆتومبێلدا پرۆفیسۆر (عەبدولڕەحمانی حاجی مارف) گیانی سپارد)) ئیتر من زانیم ئەم نامەیەی لای من، شتێک لە تەلیسم و شتێک لە نەفرەتی لە خۆیدا هەڵگرتووە.. هەر ئەم ترسەش وایکرد من سێ ساڵی تر نامەکە لە باوەڵێکی کۆندا بپارێزم و نەچمەوە سەری.
(میرزا جەلالی مەمالیک) میرزای (حیسامەدینلمولکی کوڕی فاتح عەلی شای قاجار) لە یاداشتەکانیدا دەڵێت عەسرێکی درەنگ پەیک گەیشتۆتە تەبرێز و لەخانی بەردەم کۆشکدا و بەرلەوەی بەخزمەتی شــــا شەرەفیاب ببێ، لە پەلەپەلێکدا لە ئەسپەکەی کەوتۆتە خوارێ و بەرلەوەی فریای خەڵات و بەراتی شا بکەوێ مردووە.. میرزا مەمالیک نوسیویەتی "لە دیوان شــا بەدەستی موبارەکی خۆی مۆری سەر زەرفەکەی شکاندو فەرمووی جەلال بخوێنە، پەیغامەکەم لە دەستی موبارەکی وەرگرت و ڕوانیم وەک پیرێکی ساڵخوردە نامەکە گیان دەدا، بەنی ئادەم وەهای ئیحساس دەکرد ئەگەر ئێستا فریای خۆندنەوەی نەکەو‌ێ حیبری تاڵ و تاری چوون ڕۆحێکی پەژمووردە، لە بەیازەکە هیجر دەکاو ئەچێ بۆ ئاسمان.." میرزا جەلال دوای وەسفێکی زیادە و پێوەنراوی ساتی وەرگرتنی نامەکە کە هەژدە لاپەڕەی یاداشتەکانی پێ ڕەشکردۆتەوە دەڵی ئەم بەیتە شیعرە سەر دێرێ ‌نامەکە بووە: "نفس ساعت گیپی ایشرسە گر یاد ایلە تاعتدر؟ بر انک قورمەسی پیریولونە احیا ساعتدر" کە لە موزەکەراتی مەمالیک دا گەیشتمە ئێرا، ئێستێکم کرد و چوومەوە سەر دیوانی نالی چاپی 1923ی (عەلی موقەبیل)، هەموو دیوانەکەم شەن‌وکەو کرد، ئەم بەیتەم تیا نەدی. دواتر لە چاپی 1979ی (مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس)دا دیتم خۆیەتی هەمان بەیتە و لە پەراوێزیدا ئاماژەی داوە کە لە نوسخەی دەستنووسی (حاجی ئەحمەدی توربەیی) ناوێکەوە وەریگرتووە.. ئەو زەمانە (مەلا شکور)یان وەک تورکیزانێکی بلیمەت تەکلیفکردبوو بۆ لێکدانەوەی بەیتەکە، بەڵام بەداخەوە مەلا شکور بۆ ئەوەناچی کە ئەم بەیتە تاقانەیە هی نالی نییە و چوون لە زیندانیشەوە نوسراوە و لەترسی بەردەستکەوتن و ئاشکرابوونی، نوسەرەکەی هێندە فامیدەبووە کە بزانی پیتەکانی بەیتەکە و تەواوی نامەکەش بە پێچەوانەوە و لە چەپەوە بۆ ڕاست بنوسێ و بەمجۆرەیش بۆ پەی پێبردن و تێگەیشتنی جگە لە خوێندنەوەی لە ئاوێنەدا، هەر هەوڵێکی تر بۆ سەرلێدەرکردنی سەرلێتێکچوونە.
‌هەر ئەمڕۆژانە چاوە کەمتینەکانی عوسمانی توانای دیتنەوەی ئەغیارە جووەکەیان دەبێ و پاش ئەشکەنجەیەکی زۆری کە سوکترینیان ئەوە دەبێ بەخەنجەر پوزی قاژ بکەن و پڕی بکەن لە خوێ و توند شەکەتیدەن، سەحەری ڕۆژی دووشەممەی 2-5-1786 داندەنێ بەوەی سیخوڕی ڕوسە و ئەوەش ئاشکرا دەکات کە دەقی ئەسڵی نامەکەی لە باشچاوشێک وەرگرتووە و وەریگێڕاوە و ناردوویەتی بۆ (پیترسپۆرگ).. (من لێرەدا ئەوەم بۆ ڕوون بووەوە کە ئەو نامەیەی بۆ ئێران چووە، جگە لە نوسخەیەکی لەبەر نوسراوەی نامە ڕاستەقینەکە بەدەسکارییەوە هیچی تر نەبووە..) دوای ئەم دانپێدانانە سەعات دە و چل و سێ دەقیقەی بەیانی بەکاتی عەرەبی لە مەیدانی (تۆپخانە) بە بەرچاوی دانیشتوانی ئەستەمبوڵەوە سیخوڕەکە بە شمشێر دەکرێت بە دوولەتەوە.
ئەمشەو کە لەهەواڵەکاندا پەلامارێکی ترۆریستیی کەمینە قیر‌غیزییەکانم بۆسەر مۆزەخانە سوور لە مۆسکۆ دی، تەنیا من زانیم ئێمە کلیلێکمان تێیدا فەوتا کە دەتوانێ کۆدی ون بونی نالی بکاتەوە.. سوتاندنی مۆزەخانەکە وایکرد من جارێکیکە سەری باوەڵەکەم بکەمەوە.. بۆ ‌تێگەیشتنیش لەو نهێنیە گەورەیە جگە لە (مامۆستای خەزنەدار) کە لەشارێکی 150 کیلۆمەتری تەنیشت شارەکەی منەوە دەژی، من کەسی دیکەم پێ شک نایە.. ئێستا کە من ئەو چیرۆکەم بۆ ئێوە دەنوسییەوە کاغەزێکی زەرد وا لەباخەڵی چەپمداو بەڕ‌ێگاوەم بۆ ئەو شارە،ئومێد دەکەم تا من دەیگەمێ مامۆستا سەلامەت بێ.. کێ دەزانێ چیرۆکێکی تر لە ناو نامەکەدا چاوەڕێی ئێمە ناکات..!

کوشتاندینا: ناوی دووەمی شاری قوستەنتینە-ئەستەمبوڵە، بەزمانی عیبری.


behnam5555 06-18-2014 02:03 PM


فه‌رته‌نه‌!
ـ مامۆستا فه‌رموو!
له‌ ژێر سێبه‌ری دارێك له‌ په‌نا ڕه‌زێک ،له‌و قه‌دی كێوه‌ ، چه‌ند لاوی هاوته‌مه‌نكه‌ هه‌موو پێشتر قوتابی خۆم بوون ، خه‌ریكی خواردنه‌وه‌ بوون!
هێشتا مابووی بگه‌مه‌ لایان، یه‌كێك له‌ قوتابیه‌كان دووباره‌ فه‌رمووی كردمه‌وه‌ :
ـ مامۆستا ... فه‌رموو!
چووم ،لایان دانیشتم! سه‌رم سووڕمابوو! چ‌زه‌مانه‌یه‌ك تێ‌كه‌وتبووین! په‌رده‌یه‌ك له‌ شكۆ و سام و شه‌رم له‌مابه‌ینی قوتابی و مامۆستا دا نه‌مابوو!
منیش خۆم دایه‌ ئه‌و باری بێ په‌روایی :
ـ نۆشتان بێ! من ناخۆمه‌وه‌!
دایانه‌ قاقای پێكه‌نین!
یه‌كیان ده‌ستی له‌سه‌ر شانم دانا و په‌رداخێكی بۆ ڕاداشتم!
ئه‌وانی تر وازیان له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ هێنابوو و سه‌یری ئێمه‌یان ده‌كرد ! چاوه‌ڕوان بوون بزانن من چ ده‌كه‌م!
زۆرجاران من،تاقیكاریم له‌و قوتابیانه‌ گرتبوو ، ئێستا خۆم كه‌وتبوومه‌ به‌ر تاقی کردنه‌وه‌!
ـ كوڕینه‌ من هاتووم بۆ پیاسه‌ و حه‌زم له‌ كه‌ژ پێوانه‌ و هیچ نێوانم ده‌گه‌ڵ خواردنه‌وه‌ دا نیه‌!
دووباره‌ دایانه‌ قاقای پێكه‌نین!
ـ مامۆستا ! بۆچی ده‌گه‌ڵ ئێمه‌ ناخۆیه‌وه‌ ؟ ئه‌و به‌هانانه‌ چین؟مه‌ترسه‌ به‌وه‌نده‌ وه‌ندانه‌ نه‌ مه‌ست ده‌بی و نه‌ هیچت لێ دێ! كوڕه‌ تو سه‌ری من وه‌ی خۆ!
هه‌موویان به‌ چاوی خوێن تێ چزا و مه‌سته‌وه‌ ، له‌ ئێمه‌یان ده‌ڕوانی!
له‌ دڵی خۆم دا ، سه‌د جار خۆم به‌ نه‌عله‌ت كرد : ئاخر بۆچی هاتوومه‌ كێو؟ نه‌ده‌كرا هه‌ر وه‌ك هه‌ینیه‌كانی تر هه‌ر له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌گه‌ڵ ژن و منداڵ بیگوزه‌رێنم؟بۆ...؟
ناچار ده‌ستم برد و په‌رداخه‌كه‌م وه‌رگرت!
هه‌موو چاویان بڕیبوو ده‌ستی من ! ئه‌م جار هه‌موو به‌ ئاهه‌نگه‌وه‌ هاواریان كرد : ده‌ی وه‌ی خۆ ! بژی مامۆستا! بژی ئاغای....!
هه‌موو گیانم سه‌ر ئاره‌ق گه‌ڕابوو !چاوی پاڕانه‌وه‌م به‌م لاو به‌و لا دا ده‌گێڕا! چاوه‌ڕوانی په‌رجوویه‌ک بووم!
به‌ ده‌ستی له‌رزۆكم ، په‌رداخه‌كه‌م به‌رز كرده‌وه‌ و به‌ره‌و لای ده‌مم برد! « قیر و سیا ، خۆ پێی نامرم ...» !
مابووی په‌رداخه‌كه‌ بگاته‌ لێوانم که‌ به‌ هاوارێک هه‌موو ڕاچڵه‌کین:
ـ ئه‌وه‌ لێره‌ چ ده‌كه‌ن ؟ به‌ نه‌عله‌ت بن ! داوه‌شێن كوڕه‌ موسوڵمان! ڕه‌زه‌كه‌ی منیشتان بێ به‌ره‌كه‌ت كردوه‌!
« فریشته‌ی نه‌جات » ،ڕه‌زه‌وان ، پێمه‌ڕه‌یه‌ك له‌ سه‌رشان ، گه‌یشته‌ لامان !
تا چاوی به‌ من كه‌وت ده‌نگی پتر حه‌وادا : چاومان ڕۆشن ! تۆ ده‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌رزه‌ كارانه‌ چ ده‌كه‌ی ؟ ده‌ڵێی گای نێو گوێلكانی!
كوڕه‌كان خێرا كه‌ل و په‌لیان پێچاوه‌ و به‌ گه‌وه‌ دا هه‌ڵاتن !منیش ناچار ده‌گه‌ڵیان ده‌رچووم!
ڕه‌زه‌وان هه‌ر وا به‌ده‌نگی به‌رز تووك و دوعای ده‌كرد و جوێنی ده‌دا !
نازانم بۆ هه‌موو ئه‌وقسانه‌‌ی كه‌ له‌ ده‌می ڕه‌زه‌وان ده‌هاته‌ ده‌ر پێم وابوو گه‌وهه‌رن!
ده‌گه‌ڵ یه‌كه‌م هاواری ڕه‌زه‌وان ، په‌رداخه‌كه‌ی خۆم له‌سه‌ر زه‌وی خاڵی كردبۆوه‌!
آآ
كوڕ و كاڵ له‌ بن دارێكی تر ، بارگه‌ و بنه‌یان ڕاخسته‌وه‌ و خه‌ریكی ڕازاندنه‌وه‌ی سفره‌ و شت دانان بوون !
جه‌ساره‌تێكم به‌ خۆم دا و به‌ فورسه‌تم زانی خۆم ده‌ربازكه‌م :
ـ كوڕینه‌ لای ئێوه‌م خۆش!
ـ بۆ كوێ؟ وه‌ره‌ ئێستا به‌زمه‌كه‌ ساز ده‌كه‌ینه‌وه‌!
ـ نا به‌زیاد بێ! من به‌شی خۆم جوێنم خوارد!
آآ
سه‌ربه‌ره‌ژێر بوومه‌وه‌!
نه‌ده‌ڕۆیشتم !هه‌ڵده‌فڕیم! ڕام ده‌كرد! له‌به‌رخۆمه‌وه‌ هه‌ر ویره‌ ویرم بوو! گۆرانیم ده‌گوت !
ده‌تگوت له‌ به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ نه‌جاتم بووه‌!
ک.د.ئازاد ــ بانه
بانه‌ ـ به‌هاری 1388

behnam5555 06-18-2014 02:09 PM


رزگار لوتفی ــ بانه

3 دار

گفت آن یار کز و گشت ســــــردار
بلند جرمش این بود که‌ اسرار هویدا میکرد

لەگەڵ لێدانی تەشوێکەی ، نرکەیێک لە هەناوییەوە دەیپژماند و دواتر بە زەبری نووکەکەی، تەڵاشەیێکی لە لەشی دارچنارەکە دەپچڕاند. نرکە و جیڕە. ڕاسپاردەی قۆپچە زیوەکەش، قۆپچەکانی زیو بوون. لەو ماوە کەمەداپێنجت لە سەرڕا بۆ خوارەوە و دوو دانەشت لە سەر گیرفانەکانی بژارد بوو. یەک دوو سێ چوار... " لە کوێی هۆمەر؟ گوێت لە منە کەڕ و کاس؟ " ڕاسپاردەکە بە دەم و فڵچ و زاراوەیێکی توورکییەوە ئەمەی پێ وتبوو. پاشان هۆمەر پاشە و پاش گەڕابووەوە لای خۆی و وتبووی: "لە من بێ خەم بن، وەعدم پێداون و لە سەر وەعدەکەشم گیانم دەخەمە گرەوەوە. بەڵام ئێوەش پیاو بن و لە ژێر قەولتان دەر مە چن." بەڵێنی بە ڕاسپاردەکە دابوو تا کاتژمێر دوازدەی شەو خاشەبڕی بکات و ڕۆی ئاوێژێتە گەرووی خاکەوە و هەڵیبنێت. لەگەڵ تەکانی تەشوێکە پوزوولکەی ئارەق لە ژێر لوێچی جامەدانە کۆن و ڕەنگ ڕۆیشتووە کەیەوە ڕوو لە خوار دەنێت و بە تەکان دەتکێت.'' هۆشی نیە و نازانێت لە گەرمانە یان لە شەرمان!؟''
"هۆمەر! ئەمجارەیان مێسلێ جارەکانی گوزەشتە نییە. تەواو خۆتی پێوە ماندە و خەستە بکە، دەبێ زۆر مەحکەم و سفت و قەوی دروستی بکەیت. سەری ئەم دەفعە بوزورگە هۆمەر، زۆر بوزۆرگە و زلە و پاداشیش چەورە،چەور!"
شوێنی کەسپ و کار و ماڵەکەیان پێکەوە بوون، کە لە ناوچەی فەیزووڵابەیگی لە دەردی گزیری و سەپانی و گاوانی هەڵاتبوو، لێرە بە ناویدارتاش خۆی گیرساند بووەوە.هەر زووش دەم بە دەم لە ناو خەڵکیدا بەهۆمەری دارتاش ناوی دەرکردبوو. لە ترسی ئەوەی دەست و پێوەندی ئاغای ناوچەی خۆیان نەیبیننەوە، دووکانی دانەنابوو. قەناعەتی بە حەوشەی ماڵەکەیان کردبوو. لە بەرەوە هەر نرکە و خنەی بوو، هەڵبەتە ئیشی قورس و وەستایانە نا، بەڵکوو هێندێك کاری سووک و سانا کە بە هەر کەسێکت بسپاردایە تێیدا شارەزایی هەبوو. دوای ئەوەی شار لە لایەن پۆستاڵ پۆشە قۆپچە زیوەکانەوە دووهەم جار دەستی بە سەردا گیردرا، جار نا جارێ بە نهێنی و لە ترسیبۆڵەبۆڵی خورشێی ژنی وڵامی داخوازیەکانی ئەوانیشی هەر چەندە بە نابەدڵی دەدایەوە. خورشێ کە تووڕە دەبوو جەزمە دەیگرت و تا ئەو سەری کۆڵانە کەیان دەنگی هەڵدەنا: "خوا لە ئەزەلەوە هەر بە سەپانی لە قووڕی کردووی، هەر بە بێعورزەیی لە گڵ ڕاهاتووی. ئەگینا خەڵکی بۆ هەموو دەبێ ماڵ و حاڵی باشیان هەبێ و ئێمەش ڕوومەتمان بە شەپڵاغان گەش ڕاگرین. دەک پشتت شکێ بۆ ژیانێ بەرهەمت هێناوە. بۆو بەختە ناحەزەی خۆم دەگریێم و دەزانم تا قیامەتیش ئەمە بەشمانە. یا ڕەبی لەوە کەڕ و کاس‌تر بی هۆمەر !"
گەلێک جار هۆمەر وای لێدەهات بڕیاری ڕۆیشتن بدات و سەری خۆی هەڵگرێت و ڕوو لە وڵاتی نادیاربکات. بەڵام کە بیری لە منداڵەکانی دەکردەوە قەڵەمی ئەژنۆی دەشکاو و دەتڵیسایەوە و دواتر کوێخا وتەنی:"وەکوودەستی کەر دەکەوتە عەرزێ".
خورشێ بە دەستی ڕاستی کەشەفەیێک و دوو چایی و قەندانەیێکی گڵی و بە دەستەکەی دیکەی دامێنی کراسە پڕ چینەکەی گرتبوو و هاتە لای: "هۆمەر خان ماندووش نەبی! چ دەبوو تۆش ناوت هۆمەر خان بووایە وخاوەن کوێخا و گزیر و گاوان و سەپان بوویتایە. ئەوجا بە جووتە و بە سواری ماینێکی تەقڵە دەچووینە بازارێ و بەبەر چاوی عالەمێ و لە بەر دووکانی سولەیمانە جووەی خشڵ فرۆش ڕاماندەگرت و دەچووینە ژوورێ دە دانە گۆبەرۆک وچوار دانە لاگیرە و پێنج دانە ژێر چەنە و شەپڵاغە و گوارە و پاوانە و سەر پشتێن و شتی دیکەم دەکڕی، ئەوسا دەبووم بە خورشیدەی تابان، ژنی هۆمەر خان و ڕەشیدی جاجان و خانەکەی خانان. هۆمەر خان لەگەڵ تۆمە کەڕ و کاس، دەڵێی بۆ دار و بەردی ئەم ناوە قسان دەکەم. ئەوە لە ئێوارەوە کە ڕاسپاردەکە هاتووەتە ئێرە ئیمانم نەچێ گۆڕاویت ولە هۆمەرەکەی جاران ناچی. دەبێ بۆنی دەوڵەمەندی و دراوت کردبێت. ڕەنگە لە بیری ئەوەدا بی کە پاداشەکەت وەربگریت و ئێمە تووڕ هەڵبدەیت و بچی ژنێکی دیکە مارە بکەیت. بۆیە دەڵێن: کورد هەر دەستی بە دەمی گەیشت و دراوی هەبوو چیتر بە هیوای مەبە، یان زەلامان دەکووژێت یان ژنی مارە دەکات...شەرتە بە شەرتی خوا ئەگەر پاداشەکەت وەربگریت و نەمبەی بۆ دووکانی سولەیمانە جووەی خشڵ فرۆش و بە دڵی خۆم ڕازیم نەکەی، وەکوو عوزارەشێتی باپیر ئاغا ئاور لە خۆم بەر دەدەم و ڕووسیای دنیا و قیامەتت دەکەم. جا جوان جوان ئاوێزەی گوێکانتی بکە وبیری خۆتی لێ هەڵپشکنە، هۆمەر خانی دارتاش! " دوایین قسەی بە دەم هەستانەوە کاتێك تەواو کرد کە ژیلەمۆیئاوێنەی ڕوخساری باوەشێن دەکرا و دەرگا دارەکەی ژوورەوەی بە دووای خۆیدا بە ڕقەوە بە یەکدادا. لە دەرەنجامیکارەکەیدا لە دەلاقەکەوە چاوێکی بە ناو ژوورەکە و منداڵەکانیدا خشکاندبوو. لە وێوێشەوە بە خورشێی وتبوو تا کۆتایی ڕێ و ڕەسمەکە و وەرگرتنی دوا شاییەکانی پاداشتەکەی ناگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە. خورشێش بە زەردە خەنەیێک ڕەزامەندی خۆی دەڕبڕیبوو.
... لەگەڵ سێ چوار کەسی ڕاسپاردەی قۆپچە زیوەکە لە چەقاندن و هەڵنانی دوا دارەکە بووبوەوە. کزەی شەماڵی شەوێکی مام ناوەندی خاکەلێوە، دوای ئارەق کردنەوەیێکی بێ وچان لەرزی دەخستە دڵیەوە. تەنیا و لە بوومەڵێڵدا و لە سەر تەپۆڵکەیێک ئەژنۆکانی لە باوەش نابوون و چەناگەی خستبووە سەریان و لە هەیبەت و باڵای بەرهەمەکەی خۆی دەڕوانی: "هۆمەر! ئەمجارەیان مێسلێ جارەکانی گوزەشتە نییە. تەواو خۆتی پێوە ماندە و خەستەبکە، دەبێ زۆر مەحکەم و سفت و قەوی دروستی بکەیت. سەری ئەم دەفعە بوزورگە هۆمەر، زۆر بوزۆرگە و زلە و پاداشیش زۆر چەورە، چەور!
غەڵبە غەڵبێک بە سواری شەماڵ گەنە مووەکانی گوێچکەی نەرم ئاژەن کرد و بە بێ خوڵق کردن خۆی دەکردە خانەخویێ مێشکی:
"کوڕینه‌ سه‌یری به‌ژن و باڵام که‌ن، چ دارێکتان دیوه‌ هێنده‌ی من قیت و قۆز و رێک‌وپێک بێ؟ دار تاشه‌که‌مان له‌ناو هه‌ر سێکماندا منی کردووه‌ به‌ برا گه‌وره‌، برا گه‌وره‌یی له‌ خۆوڕا نابێ. ئه‌رکی زۆرتری له‌ سه‌ر شانه‌.ده‌بێتهکۆڵه‌که‌ی ماڵه‌که‌. نابینن من چۆن بوومه‌ته‌ کۆڵه‌که‌ بۆتان!"
"کوڕه، ‌که‌م فشه‌فشبگرەوە. له‌وه‌تی هه‌ڵنراوی یه‌ک بین زمانت ده‌گه‌ڕێ، ده‌ڵێی ئاشه‌ بووجاڕییه‌هه‌ڵده‌سوڕێ. به‌رده‌وام ده‌ڵێی: به‌ژنم وایه، لاقم وایه و کلکم وایه‌. عه‌یبه‌ پیاو باسی خۆی بکا، یه‌کێک له‌ نیشانه‌کانی پیاوی گه‌وج و نه‌‌فام به‌ خۆدا هه‌ڵوتنه‌. له‌ کۆنه‌وه‌ وتوویانه‌: درێژ ئه‌قڵی له کۆشیدایه‌! "
"پیاوی چا بن دوو قسه‌ی باش بکه‌ن. داوه‌شێی برا چکۆله‌، ئه‌رێ ئه‌وورته‌ ورته‌ت لێ چیه‌؟ که‌م ڕژدو چاو چنۆک به‌ برا، تاکوو ئێستا له‌ ناو ئێمه‌دا، بێ حورمه‌تی به‌ برا گه‌و‌ره‌ مان‌ نه‌کراوه‌، گه‌وره ‌و چکۆله‌یی هه‌ر ماوه‌.ڕاسته‌ ده‌ڵێن: پیاوی کورته‌ باڵا و گوله‌که‌ شه‌و وڕۆژی حه‌وت جاران له‌ عه‌بد هیچ، له‌خوداش یاخی ده‌بێ!"
سەری هەڵبڕی. گوێی تیژ کرد. بێجگە ئەو سێ دارەی بەرهەمی چەند کاتژمێر هانکەهانک و ماندووبوونی بوو، کەسی دیکەی بەرچاو نەهات. تەزووێکی سارد ویبرەی خستە هەناویەوە. " تۆ بڵێی لەم جۆرە کاتانەدا دارەکانیش وە قسە بێن، بسم اللە... ! "
دنیا لە ڕوون بوونەوەدا بوو.سەرەتای پێو قەدەمی گزینگ لە ڕۆژهەڵات ڕا.
دەنگێک نەدەبیسترا بەڵام دەیوت: " کوڕینە دەزانن ئێمەش ناومان چووە ناو ناوانەوە؟!"
لە ماڵەوەش خورشێ لە جێ و بانەکەیدا خەونی بە ژێر چەنە و لاگیرە و پاوانەوە دەبینی...
شارۆچکەی هەتاو - نوور - مازندەران
17/3/1381

behnam5555 06-18-2014 02:11 PM


رزگار لوتفی ــ بانه
ده‌ست نووێژی خوێن...!

''
هه‌نگوینی ژیان خۆی له‌ پلووره‌ی مه‌رگدا مه‌ڵاس داوه‌ !"

ملی ڕێت گرتووه‌ ، ته‌نیا ! هه‌روا که‌ به‌ ته‌نیا پێواوته ‌و ڕچه‌ت ، له‌ سه‌ر پێ ده‌شتی سپی پۆشی ژیان شوێنه‌واری جێ هێشتووه‌ .
ته‌نیایی ، قه‌ده‌رته‌ . له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ وه‌کوو دۆڵپاکه‌ی سه‌لیمی جه‌وهه‌ری ، وا به‌ کۆڵته‌وه‌ . پێی ڕاهاتوویت . ته‌نیا شه‌ڕابێکی خه‌س...ت و خۆڵ ، دایده‌ته‌کێنێت . به‌ڵێنی پێداویت له‌ فه‌راز و نشێوه‌کاندا ، تاکه‌ هاوده‌نگت بێت و هه‌ردووکتان ، پێکه‌وه‌ ، پیاوی ڕێی هات و نه‌هات بن .
ده‌چیت په‌ڕه‌سیلکه‌کان ، بۆ دواکۆچیان ، ئاگا‌دار وه‌که‌یت و ئه‌و که‌ناریه‌ی له‌ یه‌که‌م ڕۆژی ژیانیه‌وه‌ دیل وده‌سته‌مۆیه‌ ، ڕه‌های بکه‌یت !
به‌ گوڕمیت . تاکوو ئێستا ، ڕێ ، خۆی بۆ نه‌گرتوویت . کووچه‌ و کۆڵان و خانووه‌کانی شاریش ، له‌به‌ر نیگات ، خۆ ناگرن . هه‌ڵدێن . گه‌ر باشتر بڕوانی ، که‌وتوونه‌ته‌ چاوشارکێ !
کۆمه‌ڵێک منداڵ ، به‌ زاق و هه‌راوه‌ ، ده‌رکه‌و‌تن و به‌ هه‌ڵه‌داوان ، تێپه‌ڕین . وه‌ک بزمار چه‌قیت...!
...چکۆله‌ن و گه‌وره‌ش ! هه‌ر ئه‌وه‌ن که‌ هه‌ن . " پێست و ئێسقان و گۆشت، دڵێکی بچکۆلانه‌ی ڕه‌نگ شین و بزه‌یێکی سه‌رشێت !" هێشتا پێنه‌گه‌یشتوون که‌ له‌ کوونج و قوژبنی خانووه‌کاندا ، سه‌رقاڵی چنینی ڕایه‌ڵ و پۆی پیلانگه‌لی سامناک بن !
'' بڕوانه‌ ئه‌و خانووانه‌ ! ئاوسن ! ئه‌وه‌ی زگی نۆ مانگ بێ ، به‌ پیلانێکی گه‌وره‌تره‌وه‌ ئاوسه‌ و ئه‌وه‌شی کز و لاته‌ ، به‌شی ، له‌ پیلان گێڕیدا لاوازتره‌ !''
بیرو هۆشت ئاراسته‌ بوو ، به‌ره‌و ئه‌هرامی سه‌لاسه‌ی میسر . ئه‌وانیش ‌هه‌ر خانوون ، به‌ڵام گه‌لێک ئاوس تر بوون ، ڕه‌نگه‌ به‌ چه‌ند منداڵه‌وه‌...!
فیرعه‌ونه‌کان ، له‌ هه‌گبه‌ی خانووه‌ ئاوسه‌کانیاندا ، بۆ هه‌زاران کۆێله‌ و مه‌یته‌ری ڕه‌ش و ڕووت ، به‌ پیلانه‌وه‌ بوون . تۆ بڵێی ، ئه‌وه‌ی کۆشک و ته‌لاری زل و زه‌به‌لاحه‌ ، هه‌موویان به‌م چه‌شنه‌ بن ؟!
مێشکت ده‌زرینگێته‌وه‌ . چاوت له‌ ڕه‌شه‌وه‌ دێت . داده‌مووکێیته‌وه‌ و له‌پی ده‌سته‌کانت ده‌خه‌یته‌ ‌ سه‌ر ئه‌ژنۆکانت . وزه‌ت چۆڕاوه‌ته‌وه‌ . قه‌فه‌سه‌ی سینگت ده‌کوترێت . ته‌په‌ی دێت . چه‌شنی ده‌رگایێکی به‌ساڵاچووی دارینه‌ی کۆنه‌ ماڵێک :
'' مه‌گه‌ر ئه‌م زاۆ و زێیانه‌ ، ته‌نیا له‌ به‌ر، ڕۆژێ مانه‌وه‌ی زیاتر و هاتووچۆی مه‌بال کردنێکی دیکه‌ نیه‌ ...؟!''
پیره‌ گۆڕستانی شار ، سه‌ری ڕووتاوه‌ته‌وه‌ ! سه‌یره‌ . له‌ ته‌پڵه‌ سه‌ری قاله‌ی دراوسێتان ده‌چێ ! که‌ پاش ماوه‌یێکی دوورو و درێژ گه‌ڕاویته‌وه‌ باوه‌شی شار، حه‌ز و تاسه‌ت ، بۆ بینینی گوڵه‌ زه‌رد و سووره‌کانی پیره‌ گۆرستانی شار، چه‌ند قات بووه‌ . به‌ڵام مه‌خابن ، خه‌ونه‌که‌ت به‌ نه‌زۆکی مایه‌وه‌ : '' ده‌سته‌ چه‌په‌ڵه‌کان ڕنیبوویاننه‌وه‌ !"
شار، به‌ هه‌موو قه‌ڕه‌باڵغیێکه‌وه‌ جێ ده‌هێڵی و له‌ قرم و قاڵی بێ بڕانه‌وه‌ی دوور ده‌که‌ویته‌وه‌ .
دڵت به‌ ته‌کانه‌ . پاڵه‌ په‌ستێو ده‌کات ، به‌شکوو بتوانێ به‌ جۆرێ خۆی له‌م زرم و کوته‌ دیاریکراوه‌ ده‌رباز بکات . هه‌ست به‌ نائاسایی بوونی جووڵه‌ی ناو ده‌ماره‌کانت ده‌که‌یت . وێنه‌ی زه‌رده‌ مارێکی باریک ، سه‌ری پێکرابێت و په‌له‌ قاژه‌ی بێت ... گرمه‌ی شایلۆغانێکیش ، له‌ قه‌راغ‌ شاره‌وه‌ ، گوێ ، ئاژه‌ن ده‌کات !
...گه‌یشتیه‌ سه‌ر دوو گۆڕی غه‌ریب و نه‌ناس ! جووته‌ن . له‌ سه‌ر یه‌کیان ده‌نکه‌ مازووێک و له‌ سه‌ر ئه‌وی دی ، تاقه‌‌ به‌ڕووێک داندراون . هه‌ڵتگرتن و له‌ گیرفانت هاویشتن . له‌وێدا ، که‌وتنه‌ گه‌مه‌ کردن و زۆران بازی . یادگارین ، دارمازوار و به‌ڕواره‌کانی چیا . ''‌‌ حه‌زت لێیه‌ به‌ که‌سێکیان بسپێری که‌ قه‌دریان بزانێت .''
چوویته‌ سه‌ر تاشه به‌ردێک . حه‌وایته‌وه‌ و هه‌ناسه‌یێکت نوێ کرده‌وه‌ . مه‌لی نیگات چه‌شنی کۆترێک ، تیلی شار کرا . سووڕێکی خوارد و ڕووی کرده‌ گه‌ڕه‌کی خۆتان . دواتر ، به‌ره‌ و ئاربه‌با هه‌ڵکشا . هه‌ناسه‌یێکی ڕه‌ش له‌ هه‌ناوته‌وه‌ کشایه‌ ده‌ره‌وه‌ و ئاوێته‌ی هه‌ناسه‌ی مردووه‌کان بوو .
...قۆلی کراسه‌که‌ت ، هه‌ڵماڵیوه‌ . بۆ ده‌ستنوێژه‌ ! ده‌ستنوێژ بۆ نوێژێ که‌ له‌ هه‌موو پیس و په‌ڵۆخیێک پاکژت ده‌کاته‌وه‌ . ئه‌و پیساییه‌ی به‌ هیچ شتێکی دیکه‌ خاوێن نابێته‌وه‌ . شاده‌ ماره‌ ، ده‌خشێ و ده‌لوولێ و هه‌ڵپه‌یه‌تی . گرژه‌ و به‌ ته‌مایه‌ له‌و به‌ندیخانه‌یه‌ بڕه‌خسێ . چه‌شنی که‌ناریێکی سه‌رلێ شێواو له‌ وتاغێکی داخراودا ، خۆی بوکتێ بۆ ده‌رێ و ناشاره‌زا و به‌ پڕتاو ، ڕاپێچی شووشه‌ی ده‌لاقه‌که‌ بێ .
له‌وه‌ پتر مه‌راقی نه‌دا و ده‌رکی ده‌لاقه‌که‌ی بو ئاواڵه‌ کرد .

'' ژیانیش به‌رده‌وامه‌ له‌ ناڵه‌ ، له‌ ژێر شه‌لاقی مرۆڤه‌کان !''

behnam5555 06-18-2014 02:18 PM


کامڕان حامیدی ــ مه‌هاباد
چیرۆکی شێعر
ئەمن بە هەتیوی گەورە بووم، یانی نە دایكی خۆم دیتووە و نە باوكم، هەر بەر لە هاتنە سەر دونیام باوكم نەخۆشێكی پێوە دەنووسێ كە دەبێتە هۆی ئەوەی كە جووت‌لاقی درێژ كات و تەواو بێت، ماوەیەكی كورت پاش بوونی من، دایكیشم بە جێی هێشت‌بووم، رەنگە رازی بەو كارەش نەبووبێ بەڵام بێ‌دەسەڵات بووە هەر وەك ئەو جۆرەی كە بیری لێ‌دەكەمەوە شووكردنی بە باوكیشم لەوانەیە بە ویست و خوازی خۆی نەبووبێت. جا بۆیە قەتی لێ‌دڵمەند نەبووم، پێم وایە ئەو رووداوانە بوونە هۆی سەرەكی ئەوەی كە من تا ئەو رادەیەی هۆگری شێعرم.
ئێستا كە باسی ئەو شتانە دەكەم تەمەنم چۆتە سەر و بەرەو نەمان هەنگاو هەڵ‌دێنم و هەروا بە تەنیا ماوم، بێ‌بەش و تەریك لە هاودەمێك، قەتم نەتوانی زەماوەند بكەم نە ئەوەی كە نەمویست‌بێ، دەڕاستی‌دا بۆم نەرەخسا، لەوانەیە ئەو پرسیارە بێتە ئاراوە تۆ كە قەت ئەوینداریت نەكردووە، ئەی چۆن دەتوانی چێژ لە شێعر وەرگری؟ دەبێ بڵێم ئەمن جارێك هەستم بە ئەوین كردووە ئەویش ئەو دەم بوو كە بۆ ماوەی چەند خولەكان كیژێكی شۆخ و شەنگم بەرامبەر بە خۆم دیت، دڵم بە گرمە كوتای و ئەو هەستەی كە دوایە بۆم دەركەوت ئەوینە، تەواوی جەستەی دەخۆ گرتم، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانی پێكەوە بدوێن، ئەو دەتكوت كەڕولاڵە، هەرچەند ئەو كاغەزانەی كە شێعری حافزیان لەسەر نووسرابوو نیشانم دەدا هیچ هەستێكی تێدا نەدەبزاوت و تەنیا سەرقاڵی بە خۆ داهاتن بوو، لەو دەمەوە زانیم ئیتر بەشی من هەر تەنیاییە، هەر بۆیەش هێندەی‌تر گیرۆدەی شێعر بووم، تازە لاو بووم كە چاوم بە شێعرەكانی حافز كەوت هەوەڵێ هیچیان لێ‌حاڵی نەدەبووم و پیتەكان لە پێش چاوم وەك تاقمێك خاڵی رەش و بێ‌مانا دەچوون، وردەوردە گوێم پێیان ڕاهات. خووم پێ‌گرتن، راستە هەوەڵ جار لە برسان بۆ لایان چووم، دوو رۆژ بوو غەیری ئاو هێچم نەخواردبوو، لە برسان سەرم لە گێژەوە دەهات و ئەژنۆم دەلەرزێن، ئەو سەر ئەو سەری دیوەكەم كرد تەواوی كەلێن و قوژبنم پشكنی، بێ‌كەڵك بوو، وزەم لێ‌بڕابوو، لەپڕ پۆلێك كاغەزی نووشتاوەم لەبەر دەمم دیت و لە ژێر وان‌دا چ‌ شتێ شار دراوە، شاڵاوم بۆ بردن و كاغەزەكانم خێرا خێرا لادان بە ئامانج گەیشتم، لەو دەمەوە زانیم ژیانم بە شێعرەكانی حافز بەستراوەتەوە. ئێستا كە بیر لە ژیانم دەكەمەوە، هەست دەكەم ژیانێكی ئارام و خۆشم هەیە تەنیا شتێك ئازارم دەدات ئەویش ئەوەیە كە قەت نەمزانی لە ناو ئەو قەفەسەی كە تەواوی تەمەنم تێی‌دا رابوارد ئەو دوو باڵە شۆڕانەم بۆ چی بوو؟!


اکنون ساعت 06:10 AM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.

Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)