پی سی سیتی

پی سی سیتی (http://p30city.net/index.php)
-   زبان ادب و فرهنگ کردی (http://p30city.net/forumdisplay.php?f=150)
-   -   شعر كردي ... (http://p30city.net/showthread.php?t=12987)

behnam5555 02-19-2015 08:56 PM


سێ کورته شێعر
تۆپ باران ئه‌کرێی و من
له گوێسوانی تۆپخانه‌کانی ئاخر زه‌مان
ڕوحم ئه‌شکێ
...
له چوار لاوه‌وه و سوور
هه‌بوو... نه‌بوو
هه‌رمه‌نییه‌ک بلووری خه‌م
...
زوقمی نیگات
له‌نگه‌ر داوێ
دیاربه‌کرتر له جاران گلاره‌م بووی
...
هه‌رمان وه‌تمانی ــ مه‌هاباد

behnam5555 02-19-2015 08:57 PM


گێژەڵۆكە
گێژەڵۆكە گیرۆدەی ماڵە كاكم بوو
چەتری نەمانی هەڵداوە
لە ئاوێنەی زەردی دایكم‌دا دەبینمەوە
لقی بیرۆكەی كوڵەكانی وشك كرد
گێژەلۆكە لە ناو مێشكی كاكم‌دا ڕیشەی كوتاوە
گوڵ وەرێنە، تۆز، بنچینەی گوڵەكانی ‌داپۆشیوە
تەنەكەی دەستی كاكم پڕ بووە لە وشەی زەرد
گێژەڵۆكە هەرچی بیر و هۆشە لە گیرفانی‌دا نەهێشتووە
هەناسەكانی ئەتك كردووە
سەرچۆپی نەدامەتی هەر وا گەرمە
باڵەكانی پەپوولە دەسووتێنن
هەتا نەتوانن بۆنی شلێرێك هەڵمژی
هەناسەكەم هارووژاوە
تۆزی خۆڵەمێش وڵاتی داگرتووە
دڵم بڕوا ناكا شیلەی پنجی داربەڕوو
باڵی ڕەش بە سەر وڵات‌دا بكێشێ
بەڵام ناتوانی پنجی گوڵەكانی سەر چیا هەڵپرووكێنێ
ناتوانێ لقی شێعرەكانم وەرگەڕێنێ
سیس بوونی كاكم دادەبێژم
جل و بەرگی سەفەری گیاڕەنگ و قەندیل و ئاربابای دەبەر دەكەم
هەتا بە وشەكانی شمشاڵی شوان
بناغەی بە هەستی باڵەكانی داڕێژێ
ئەو جار دەتوانێ لە سەر پشتی گێژەڵۆكە بنیشێ
و لە باوەشی شلێرەكانی سەر چیادا ئۆقرە بگرێ.
سیامەند بریاجی ــ سه‌رده‌شت

behnam5555 02-19-2015 08:59 PM


ده‌ مه‌سێج

ئەوینێكی ڕۆژئاوایی
موبایلی خستوومە لەرزە
مێشكی لێ ئاڵۆز كردووم و
خۆیشم تەنیا هەست پێدەكەم
لەم سەر ئەرزە.
***
که‌وته‌ تۆڕی کورته‌نامه‌
ئه‌م دڵه‌ پڕ له‌ ئاواته
چ ڕایه‌ڵێکی له‌رزۆک و
پچڕانی چه‌ند کاره‌ساته‌ ؟!
***
کورته‌ نامه‌ :
دڵه‌
گیانه‌
جێژوانه‌
شاره‌
جیهانه‌
کورته‌نامه‌ بۆته‌ که‌ون
بۆته‌ گه‌ردوون
که‌ خه‌ت پچڕا
کورته‌نامه‌ی‌ چی
ماڵی چی
تێکده‌ڕمێ چی دار و په‌ردوون !
***
کورته‌نامه‌ت
موبایلی لا شیرین کردم
خۆزگه‌ ڤیبره‌ش
جارنه‌جارێکی ڕامژێنێ
له‌ ناو گۆڕیچه‌م
که‌ مردم.
***
نووکه‌ی حه‌زێکی پێداگر
تامی موبایلی پێچه‌شتم
خۆزگه‌ ڤیبره‌ش
سامی مردنی لێم ده‌ستاند
به‌ گۆڕیچه‌م هه‌ر که‌ گه‌شتم!.
***
بۆتە پەتا بۆ خەونووچكە
ڤیبرە و زەنگ و جووكەونووكە
بەڵام هێشتا
شێعر زیتە و
دێتە ژوور چەشنی پەیتووكە !.
***
لە سێ كوچكەی
من و
تۆ و
موبایلا وێڵە
ئەوینی ڤیبرە لێهاتوو
نازانم فێی لێداوە دڵ
یا شاگەشكە بووە خاتوو؟!.
***
ئەوین
بۆتە ئاڵ و گۆڕی
جووكە و ڤیبرە و كورتەنامە
ژوانگە چۆتە
حەشاریinboxێكەوە
كە مەودایەكی تەزیوە و
كە قوژبنێكی بێتامە!.
***
موبایلم پەشمی شیشەیە
ئۆقرە و ئارامی
هەڵگرتووم
كە مەسێجی تۆش ئه‌هێنێ
كەف و كوڵێكی دامردووم
***
كە لەلاتم
ڕووبەڕووت دامئەنیشێنی
میوانێكی
ماقووڵ و
هێژا و
سەربەرزم
كە دوورم
لە نێو جانتاكەت
ویبرەم و
هەر هەڵئەلەرزم
نە هەڵلەرزین
نە هێژایی
نە تاسەم هەڵئەچۆڕێنن
نە پێم ئەبەخشن سۆكنایی .
***
× قرتێنه‌
حه‌زی سه‌رما
جستانی هارووژاندوه‌
تارای به‌فر
به‌ده‌م باوه‌
ده‌ستم که‌سیره‌ی گیرفانمه‌
ته‌مام
له‌و قرتێنه‌ پشکۆیینه‌ی
به‌رۆکی
نازت هاڵاوه‌!
تابلۆی جێژوان
باران بۆ پێکه‌نینی خۆر
ڕاده‌کشێ
وه‌ک په‌لکه‌ حۆری
من به‌ بزه‌ی تۆوه‌ شێعرم
چونکه‌ تۆ جوانتر له‌ خۆری
شێعر و په‌لکه‌ حۆری جوانن
دیمه‌نی پێک گه‌یشتنی
خۆر و باران
تۆ و سۆرانن
شێعر و په‌لکه‌ حۆری
شه‌نگ و
باڵا به‌ باڵای جێژوانن!!.
خوێن
حه‌ز ناکه‌م قه‌ت خوێن ببه‌خشی
له‌ هیچ دۆخ و کات و بارێک
حه‌ز ناکه‌م دڵۆپێ خوێنت
به‌ر هیچ دڵیک که‌وێ جارێک
خوێنت نه‌گه‌ییه‌ ناو دڵم
وه‌ک گڕکانێکی هه‌ڵچووه‌
ئه‌وینت تێکه‌ڵ به‌ خوێن و خانه‌کانی له‌شم بووه‌
ئه‌ی که‌ خوێنت دڵێک له‌ گه‌ڵ خۆی ڕاژێنێ
بڵێی ئیتر ئۆقره‌ی به‌ خۆوه‌ ببینێ!.
نه‌ورۆزانه‌
به‌هاری نوێ
تاق تاق گوڵی تیا ئه‌پشکوێ
تاقانه‌که‌ی ئه‌م نه‌ورۆزه‌
که‌ سه‌ر له‌ به‌فر و گڵ ئه‌سوێ
لێوی گه‌رم و
باڵای نه‌رمی
بۆ خۆشی ئێوه‌ ده‌بزوێ!.
***
حه‌ز
تۆ
په‌یکه‌رێکی له‌ گزینگ
من
ده‌ستێکم له‌ شه‌و ڕه‌خسیو
تۆ
له‌ نه‌زرگه‌یه‌کی دوور
من
له‌ ده‌ربه‌ندێکی نه‌دیو!
له‌ مندا
په‌نگ ئه‌خواته‌وه حه‌زی هه‌ڵچوون
قوڵپی کانی
له‌ تۆدا
وه‌خته‌ وه‌ک گڕکان
خۆ ده‌رخا فوواره‌ی جوانی
که‌ تۆ هه‌تاو بی و
من باران
چۆن ناخه‌مڵێ ژینی ئێمه‌ به‌م ئه‌وینه‌
چۆن ڕاناخزێ
ئاسمانی حه‌ز
له‌ چه‌شنی په‌لکه‌زێڕینه ‌!.

سۆران حوسێنی_بانه

behnam5555 02-19-2015 09:00 PM


ئەو نەهێنێی له چاوی من کەوته خوارێ و
شەقامی نووقمی باران کرد
بیدۆزەوه
ئەو درەختەی له هەتاو دابڕاو
گوڵی سەوزی هەتیو کرد
هەڵیقەنە
ئەو سیبەرەی شەو شێواندی و
جێی ژوانەکانی هەڵوەراند
بیچێنەوە
ئەوە منیش هاوار دەبم بۆ کۆچەرێک
ڕەنگه
وڵامێکی بێ‌کۆتایی دام‌مرکێنێ...نیشتمان
بێدەنگ نییه شەوم
قولانج
قولانج
ئامێزم لە خەم داگرت و
خێرا
خێرا
پیاسەمە لە ناو پەنجەکانی شەو
سەهۆڵترین ئاواتەکانی ڕوحیشم
لە بەر هەتاوی شەو
دڵۆپ
دڵۆپ
دەتوێنەوه
ئاخ
ڕەشەبایەک
ئاوس بە دەنگی شمشاڵ و
سورەگوڵێک
لێی هەڵقوڵێ بۆنی پاییز
چەنده جوانن
بۆ هەو ترینگەی تەنیایی و
بۆ کاتەکانی لە تۆ زیز نیشتمان
منم بووکی هورگەزەوی
ڕەشاش
ڕەشاش
خەل ئەگرم لە بەر دمی ڕاوچی
ئەوە
سەمای
گڕێ که زێکانمه لە
سەر باڵای ئازادی و
وێڵ
ویڵ
بە دوایی هەتوانی کۆنه برین
هەڵۆ
سەقر
دەست لە ناو دەستی هەوره با
ڕاسپێرن
منم بووکێ لە خورهەڵات
لەشم حەری دەربازبوون
بروانه پیاسەی هەنگاوەکان
لە شەقامەکانی ئاسمان و
له نێو میلەکانی ژەنگ‌هەڵگرتوو
ڕوخسارم ببینەوە
ئەوە تارایە
كۆڵان بە كۆڵانڕادەكا و
ئاوێتەی مەرگ دەبێ
منم لێلی خورئاوا
گەفی شەوتی که لاوی لایه لایه و
له ناو سنوری زەوی و ئاسمان
بەری بەیان
له زوزان فارغ دەبم
منم زادەی هورگەزه و ینیشتمان
لە تۆ
کە وەرزی گریانی دارەکانی
لە خۆم
کە وەرزی گریانی منە
لە جیهان
دەگەڕێنەوە
فرمێسکەکانمان
نهێنییەکانی شەقام دادەپۆشن و
دەست لە ناو دەستی هەتاوێکی ساردوسڕ
بە ڕوخساری ترسەوە
پیاسەمانە
چ مەنشوورێکی سەد ڕەنگه
بۆ دوایین ژوان
تەزووی بێ‌ڕوحمی شەو و
هەڵوەشانی دەمارەکان
لەسەر لوتکەی دارەکان و
بزربوونی بێدەنگی
شەمی مان‌گرتووی
بە سەر ئازارەکان شۆڕ دەکاتەوە
وەکوو پاییز زەردەخەنن زەردهەڵگرا
لە تاریکی
کوچکه و
قەبیس‌ بوون
لە بەردمی وەرزەکان
بە خێرایی
ڕین دەبڕێتەوە...نیشتمان
نیشتمان محەممەدی _پیرانشار

behnam5555 02-19-2015 09:02 PM


له دڵ‌دا من ده‌نووسم ئه‌لف و لامێ
به ئینتڕنێت شه‌وێ دی ماچی دامێ
که‌چی سه‌رپای له‌شم گرتویه ویروس
گه‌شه‌ی کرد هاته ڕوو گشت ده‌رد و زامێ
له‌بۆ به‌زمی له دوور فه‌رمووی کرد فه‌رموو
په‌یاپه‌ی هات به‌ڵام هه‌رده‌م به تامێ
چییه که‌یسی له دڵ بۆ نیشته‌جێ بوون؟
له هاردی‌دا له‌بۆ جێگای نه‌دامێ؟
له مانیتۆڕه دیده‌م دێده‌وانه
به ئاواته له‌بۆ ئایدی په‌یامێ
وتم دڵ تاسه‌باری به‌ژنی یاره
بزه‌ی هاتێ به‌ڵام وێبی نه‌دامێ
له‌مه‌وپێش مانیتۆڕ به‌رده‌رکی یار بوو
نه‌بوو پێکیش هه‌بوو ماستاو به‌ جامێ
به پیری چه‌ت ڕۆم هه‌رخه‌ون و خه‌یاڵه
ده‌نێری بۆکێ ئیتر تۆ وڵامێ؟
میمۆڕی مێشکی من چه‌ند گێژ و هێژه؟
سمێڵ زل بوو وه‌کوو خۆم ده‌ردی دامێ
حامید ئه‌مین عه‌شایری _ پیرانشار

behnam5555 02-19-2015 09:03 PM


ئای بۆ بسکی ئه‌و حه‌زانەی
که‌وتنه‌ ده‌ستی ڕه‌شه‌باوه‌ .
له‌ گمه‌ که‌وتن
تۆرین
به‌ شه‌ققه‌ی شاباڵان فڕین
هێما عه‌شقه‌کانی کۆترستانی باڵکۆنی ئاواتم
زه‌ڕنه‌قووته‌ی هه‌موو ئاواته‌کانت
له‌ به‌رۆکی منه‌وه‌ باڵه‌فڕه‌ بوون، کوڕه‌ جه‌فا !
ئای بۆ به‌رۆکی جه‌رگ‌سووتاوم و
ڕۆڵه‌ ڕۆ...
هه‌ر شه‌وه‌و تووله‌نه‌مامی ئاواتێک
له‌ باغچه‌ی ژیانمان نێژرا
مه‌لابانگانی کازیوه‌ش
به‌ ده‌نک و نه‌مام و شه‌تڵ و خرسه‌ک
ماچ
جار نه‌جارێک ڕێم ئه‌که‌وێته‌
گۆڕستانی حه‌زی هه‌ساره‌ی به‌ مانگ و
زه‌مزه‌مه‌ ئه‌که‌م :
به‌رز و پیرۆز بێ یادی شه‌هیدانی
بێ‌به‌ڵێنی ئیقلیمی جه‌فا !
ئاسمان ئاوس به‌ گوناه و
شه‌رمه‌زاری ئه‌بارێ
بن گوێسوانی هیچ تۆبه‌یه‌ک
جێی تاوانت ناکاته‌وه‌ ،
بخووسێ ...
خۆ هێشتا له‌ دایک نه‌بووبووم ،
نه‌هاتی .
هێشتا جه‌سته‌ی شه‌که‌تم ڕوحێکی شه‌ڵاڵی تاڵه‌ بزه‌ی له‌ ئامێز بوو
له‌ چاڵت کردم !
که‌ هێڵنجیشم دێته‌وه‌ و
ئه‌ڕشێمه‌وه‌
له‌ به‌ر بۆگه‌ن خۆت ناگری و
چ زۆره‌ حه‌شارگه‌یه‌ک له‌ ...
ڕه‌‌نگی گه‌نم و ده‌نگی با‌ له‌ گه‌نمه‌جاڕه‌کان‌دا
بۆنی جه‌هه‌ننه‌م ئه‌که‌نه‌ بینگمه‌وه‌
سووره‌گوڵێک په‌ڕ..... په‌ڕ لێک هه‌ڵوه‌شا و
ویژدانی خه‌وتووی هیچ ڕێبوارێک خوتوولکه‌ی نه‌هات .
دڵی زه‌مه‌ن له‌ ترپه‌ که‌وتبوو
چاوی ڕوانین له‌ ڕێی نامه‌یه‌ک
که‌ هه‌رگیزاو هه‌رگیز په‌یتووکه‌یه‌ک نه‌یهێنا
چاوت لێیه ‌په‌پووله‌کانم چۆن نه‌زۆکن له‌‌ متمانه‌ و
هه‌ڵپرواوی‌ خه‌ڵوه‌ته‌ ژانێکن ؟!
هه‌سته‌‌ کوڕه‌ جه‌فا
خه‌به‌ر به‌ره‌ بۆ عه‌تا
بڵێ هه‌میشه‌یی‌ترین خه‌ونی له‌یلام له‌ ساتێک‌دا خاپوور کرد.
کوڕه‌ جه‌فا !
به‌زه‌ییت نه‌هات به‌ تاقێک له‌ گوڵ‌هه‌ناره‌کانی ناو په‌نجه‌ره‌که‌م
ئه‌و په‌نجه‌ره‌ شینه‌ی خۆت شینت کردبوو .
بڕۆ فه‌رهاد " ئه‌م غه‌مه‌ به‌رگه‌ی من ناگرێ "
بڕۆ و دوای دوایین هێڵی سپی که‌وه‌ ...
به‌ڵام
ده‌م بام مه‌یه‌
من باڵنده‌ نیم
تاڤگه‌م .
بڕۆن ،
تۆ و هه‌موو کوڕانی جه‌فا
تازه‌ خه‌ونی هیچ دارستانێک سه‌وزتان ناکا
که‌ بۆنێکی ئه‌هووراییتان له‌ به‌رۆکی کچانی وه‌فا تۆراندبێ
بڕۆن و دووکانه‌ و دووکان سه‌ودای ئۆدکۆلۆنی پره‌نسێس بکه‌ن
بڕۆن با زه‌رده‌په‌ڕی هه‌موو ئێواره‌یه‌ک
زه‌رده‌خه‌نه‌ی لێوی کچان له‌ گیانتانا وێنا بکا
بڕۆن و به‌ ده‌سرۆکه‌یه‌ک خه‌ڵتانی کچ
له‌گه‌ڵ جه‌فا سه‌ما بکه‌ن
کوڕه‌ جه‌فا !
ته‌مستانه‌ دنیا و
ته‌ونۆکه‌ی ماته‌م په‌نجه‌ره‌ی دڵمی ته‌نیوه‌
هه‌ودای وێڵی نیگای ڕووتم
له‌ عه‌ده‌م گیره‌ و له‌و‌ به‌رزه‌خم ڕاناپسکێنێ
به‌کره‌ی مێرگه‌وه‌ڕت بۆ له‌ سێداره‌ی کام دڵخۆشیم به‌م ؟!
که‌ وێنه‌ی پێنج شه‌ممه‌م
بۆ خستیه‌ چاوی عه‌سکه‌ره‌کانه‌وه‌ ، به‌س نه‌بوو؟
ئیتر نازانم جه‌للاد چۆن بێنمه‌ کڕنۆشت !
براکه‌م ...
سه‌ری خۆم له‌م مه‌مله‌که‌تی ڕه‌هێڵه‌ هه‌ڵئه‌گرم و
لیخناوستان بۆ تۆ به‌جێ دێڵم
له‌ یادت نه‌چێ
پێنج شه‌ممان فاتیحایه‌ک به‌ من قه‌رزداری ،
باوان !
مه‌هین کۆهزادی ــ بانه

behnam5555 02-19-2015 09:04 PM


چوارڕا و مسافیرێکی سه‌ره‌ڕۆ

بۆ کوێ ئه‌ڕۆی ئه‌ی مسافر
ویستگه‌یەکی نامۆییه‌ و
خولیای هه‌ناراوی‌ترین ساته‌کانی دڵت
ناگه‌یته‌ شه‌قام و
کز له‌ چرای دارتێلێکا ئه‌وه‌رێی
به‌ر له‌وه‌ی هه‌نگاوت له‌ دایک بێ
شه‌قام پچڕا و
دوڕیانیش
یه‌ک‌گرتنه‌وه‌ی هیچ عاشقێکی نه‌کرده‌ مێژوو
هه‌نگاو مه‌نێ ئه‌ی مسافیر
تابلۆکانی چوارڕا
به‌ره‌و یه‌ک شه‌قامت نابه‌ن
تابلۆی یه‌که‌م شه‌قامی باکووره‌ و
چه‌ند هه‌نگاوێک سه‌رووتر
شاخه‌ و فرۆشگه‌یه‌کی کۆتره‌ سپیه‌کان
تابلۆی دووهه‌م شه‌قامی خۆرهه‌ڵاته‌ و
ترمیناڵێک پڕ له‌ ده‌ڵاڵ و بێ‌مسافیر
پڕ به‌ ده‌نگیان ئه‌یان‌نه‌ڕاند؛
" چه‌ند نه‌فه‌ر بۆ ئاسمانی حه‌وته‌م "
" گه‌شتی مسافیره‌تی به‌ره‌و خوا "
" شه‌وڕه‌وانی تاریکی به‌ره‌و خۆر"
تابلۆی سێهه‌م شه‌قامی باشووره‌ و
١٠٠ متر ئه‌ولاتر
نه‌خۆشخانه‌یه‌ و دڵ ئه‌به‌خشن
خوێن ئه‌به‌خشن
-هاواری پیرێک بوو، له‌ ده‌رکه‌وه‌ قاوی ئه‌کرد؛
بێ‌دڵ و بێ‌خوێن، پووچه‌ڵم! بڕیار نه‌بوو پڕم که‌ن له‌ خۆر؟
هه‌موومان خاڵیئه‌کرێین له‌ خوێن و هیچ خاڵیه‌ک پڕ نه‌بووه‌!!!-
تابلۆی چواره‌م شه‌قامی خۆرئاوایه‌ و
فاڵچیه‌ک و
چنگێ گڵ و چه‌پکێ گوڵ و مستێ ئاو
دامه‌به‌زه‌ مسافیر
عێلی شه‌قامانی ئێره‌
قه‌ت نایه‌نه‌وه‌ چواڕا
نه‌ کۆتر و نه‌ خوێن نه‌ دڵ
ئه‌م چوارڕێیانه‌ ئه‌ناسن؛
نه‌ فڕۆکه‌ی ترمیناڵێک
بۆ ئاسمانێک باڵ ئه‌گرن
فاڵچیه‌ک بوو به‌ ته‌نیایی
گڵی کرده‌ نیشتمان،
گوڵی کرده‌ به‌هار و
ئاویشی کرد به‌ ئازادی
دامه‌به‌زه‌ ئه‌ی مسافیر
سێوه‌ڕۆی نیگات
به‌ سێپه‌ڕه‌ی زه‌رده‌ی ئه‌م ویترینه‌ سه‌وز نابێ
ئه‌و کۆڵانه‌ی
چه‌رچی نیگاکانی تۆی، تیا تێپه‌ڕی
به‌ر له‌وه‌ی بگاته‌ شه‌قام
خنکا
لیتاوێ بوو حه‌وزی چوارڕا
ڕووحی مانگی ماچه‌کانی تۆی تیا خنکا
کلیسایه‌ک بوو چوارڕا
به‌ر له‌ دایک‌بوونی مریه‌می نیشتمان
مه‌سیحی ده‌سته‌کانی تۆی تیا نێژرا
به‌ر له‌وه‌ی یه‌که‌م ماسی له‌ دایک بێ
ڕووحی "ئاو" له‌م ئاکواریۆمه‌ی به‌ر شه‌قاما
وشک هه‌ڵات
مه‌گه‌ڕێوه‌ ئه‌ی مه‌سافیر
لێره‌، شه‌قام قه‌ت ناگاته‌ چوارڕا و
چوارڕاش بۆ ئه‌به‌د نابێته‌ شار!

محه‌ممه‌د مسته‌فازاده‌ ـ بانە

behnam5555 02-19-2015 09:05 PM


دوور
له‌ سه‌رشانی کام په‌نجه‌ره‌
ئاوازت ڕێ ئه‌خه‌یت و
مانیتۆری ئه‌که‌یته‌ ڕۆحم!
چاوشاریکێی مناڵیم هه‌دای نادا و
له‌ عه‌زره‌ت خۆم
عه‌ده‌م سوکنا و
ده‌فه‌که‌ی دڵ
زڕ و شه‌هید!
دوور عه‌ترت
ئاوێته‌ و
نزیک خۆم گه‌ردانتم.
تلووعت من ژیانمه‌ و
هه‌زار به‌رم
له‌ که‌س له‌ که‌سی ئه‌م باخه‌دا !
له‌سه‌ر شانی کام په‌نجه‌ره‌
ڕۆحم ئه‌که‌یته‌ گۆرانی
ڕۆژ بچێته‌ ماڵه‌ باوان ؟!
دوور له ‌خۆم و نزیک له‌ تۆ
سوکنایم ها له‌ باخه‌ڵتا
نه‌مته‌کێنی!
ئه‌م به‌ره‌ خۆش ئاوازێکه‌
تا گۆرستان قسه‌ زۆره‌.

و نه هات!

بمگره‌ خۆم
و لێت نه‌ترازم
له‌ گۆچووی دوعای داییک و
بێتاقه‌تیه‌کانی کچێکم
له‌م هه‌رێمی ته‌ورداسه‌!
کۆم که‌روه و
له‌ لۆچی وێردێک تا سپێده‌م که‌ و
بم ڕوانه‌ به‌
ئه‌رخه‌وانتا
تا ئه‌م کفنه‌ شه‌رمێ و
بمڕژێنێته‌ ‌باڵاتا!؟
قه‌ره ‌قه‌ره‌ی ته‌ورداسه‌!
مناڵیم پیا بده‌نه‌وه.
ترازانی بزه‌یەک و
دوایین دوعا
ڕه‌نگه‌
خۆر له‌ په‌نجه‌م گرێ بدا !

یوونس حسه‌ینی ــ سه‌قز

behnam5555 02-19-2015 09:07 PM


دەنا كورتێ

بۆ ڕوحی هونەرمەند سەید عەلی ئەسغەر كوردستانی

ئێوارەیەك
بە لۆژەلۆژ
ئەو كاتەی وا پیلی زەریای تووڕەی خەیاڵ دەم‌هەژێنێ
ئەو كاتەی ڕۆژ دوایین چاوی لە لووتكەكان دەقرتێنێ
بە سەر پردی هەودای شێعرێكی بەستەڵەك ڕادەبوورم
لەپڕ دەنگێ،
لە پەنجەرەی دیوەخانێكی بەرزەوە
لەگەڵ بزەی چاو جوانێكی سركی ڕووخۆش
هاتە ناو دەروونی ڕوخاو
بەڵام بەڕواڵەتی خامۆش
لە بۆ تەشقی ئاسمانێكی سەر سەوز و پڕ پیتیان بردم:
"دەنا كورتێ چت لێ كردم"
ئای كۆترەباریكەی تیژباڵ
هۆ سەقرە تیژڕۆكەی چاوكاڵ
مەڕۆن،مەڕۆن، ئەوا منیش كەوتمە سەرباڵ
دەڕۆم بەرەو ئاسۆی شەپۆلی ئەم دەنگە
ڕوو بە بزەی ئەو غونچە گوڵەی سەر پەڕ پڕ پڕ لە ئاوەنكە
هۆ سەقرەكان!
تۆ خوا لێرەم جێ مەهێڵن
لەگەڵ خۆتانم خەن ئاخر
لەم ئێوارەی لای شێوانە باڵی هەڵفڕینم گرتووە
گوێم تێوە بوو دەنگێكی تیژی ئاشنا
لە پەنجەرەی دیوەخانێكی بەرزەوە
لەگەڵ بزەی چاوجوانێكی سركی ڕووخۆش
داود ئاسا دەنگی داوە
ناسیمەوە،
باڵم گرت و منیش هاتم بەرەو گەردنە خۆشكەی متفەڕكی لای «سەڵوەتاوا»
دیسان دەنگە نزیك نزیك نزیكە بێ و
لە حەنجەرەی مەكانەوە دەچریكێنێ:
«دەنا كورتێ چت لێ كردمبە قسەی خەڵكیت لەگەڵ كردم»
***
بە دوای دەنگە
چاوم خولخولەی بین خواردوون لە جێگای خۆم هەڵدەسووڕێن
منیش بێدەنگ وشك هەڵاتووم
دەتكوت دەنگە بەرقی هەبوو
دەزانم دەنگە هی كێ بوو
بەڵام شەپۆلی ئەمجارەی لەگەڵ جاران عەرز تا ئاسمان فەڕقی هەبوو
ئەمجارە ڕوحی سەید عەلی ئەسغەری زیندوو
دێتە گیانی گەروومەوە
منیش بە تاری حەنجەرەی شێعرێكی تۆسن و سەركەش
ئەچریكێنم پڕ بە دۆڵی«ئاویەر، ئارێز و كوچكەڕەش»
هاوار دەكەم
كورتێ،كوتێ
زۆر لە مێژە ڕوحی منیش
بە هەوای هەڵمژێینێكی شنەی خۆشی كوێستانی بەرۆكی تۆیە
بۆ لێم ونی؟
بۆ خۆتم لێ دەشاریەوە
كورتێ مەڕۆ مەڕۆ ئەگەر
بچیتە ناو هەورەكانیش دڵنیام بۆم دەباریەوە
***
كورتێ بووكە ڕازاوەكەی لە تۆی جلی شێعری سووڕا
كورتێ! جوانە پەروەردەكەی خوێنی هەتاو
لە ناو پەردووی خێر و نوورا
هیچ وڵامم ناداتەوە
زانی دڵمەندی ئەم كارەم كە بۆچ هیچ جوابم پێ‌ نادا
خودا كردی و لە پڕ
تریشقەی چەخماخەی هەوری پڕ پیت
هەوری لەسەر كورتێ لادا
تیشكی چاوە پڕ فرمێسك و گەشەكانی
وەك بریسكەی تاوی تینوو
لە ناو شەوەزەنگی ژین‌دا بگاتە سەر كانیاوێ سارد
خۆش خۆش بۆم دەترووسكایەوە
من بێ‌هۆش بووم
كورتێ كردیە بان بەرزی لێم
بە دەنگێكی زوڵاڵ و سیحراوی و خۆشتر لە هەوەڵ‌جار دواندمی
ڕاوەستابووم
ڕواندامی
كردمی بە دارێكی سەرسەوز پڕ گەڵا و تەڕ
لەسەر كێلی خەیاڵە مردووەكانی زووم چەقاندمی
***
نازانم ماوەی چەن سەعات لێكمان ڕوانی
نە من زانیم نە ئەو زانی
بەڵام لەپڕ كورتێ بووە كۆترەباریكەیێ سەرخۆش
دای لە شەققەی باڵ و هەڵفڕی
لە دوا نیگادا پێی گوتم:
«دوام مەكەوە
پێم حەیفە تۆش بە ئەوینم بسووتێنم
بڕۆ بڕۆ دیدارمان خۆش
گەر عاشق نیت با نەسووتێی
ئەم دیدارەش لە نێو گۆڕستانی دڵتا
بینێژە و بیكە فەرامۆش »
***
ئیتر من و قوڵپەی گریان
ئیتر من و فرمێسك و ئێش
لە دوای ئەم یەكەم دیدارەم
لە دوای كورتێ بوومە دەروێش
وەك مەولەوی بە دوای شەمسا
بە دەف و بە شێعر بە نەی
بوومە شێتە پەتیارەكەی ناو كۆڵانی مەیخانەكان
پیاڵە بە دەس بۆ چۆڕێ مەی
سنە گەڕام
سابڵاخ گەڕامسەردەشت، بانە، سەقز، بۆكان
پرسیم لە سولەیمانی و هەڵەبچەی شارەزوور
قامیشڵی و جزیرێ و بۆتان
بەڵام كورتێ
لە ناو مێشك و خەیاڵم‌دا شوێنی دیار بوو
دڵی لەگەڵ دڵم پاك بوو
كەچی بۆ خۆی لێم بووە بووكێكی ڕەش‌پۆش
لەگەڵ ڕوحی منا خاك بوو
***
جار جار بە زیندەخەو دەم دی
كیژێ بەرەو لووتكەی كێوەكان هەڵدەشكا
كاتێ چاوم هەڵدەهێنا بزر دەبوو
چاوم وەسەر یەكتر دەنا
كورتێ بێدەنگ لفكەی لەچكەكەی شۆڕ و جوان
لۆێی لە هەور لۆیێكی لە ئەرزی دەخشا
***
ئێستا ساڵەهایە كورتێ
دەسگیرانی هەتا هەتای شێعر و هەست و عەشق و دەنگ و لاوەتیمە
كە پیریش بم شەرتە خوایە
گراوی دی بێجگە لە ئەو چی دی نیمە
كورتێ بۆ من هەستە، گڕە، ڕوحە، تینە
كورتێ بۆ من ئاوی ژینە
نەك ئاوی ژین وەك ژیانە
كورتێ لای من «كوردستانە»

سه‌عید نه‌جاڕی "ئاسۆ" ــ بۆکان

behnam5555 02-19-2015 09:08 PM


شوالییەیەكی دۆڕاوم ققنوس تێم‌دا ناژیتەوە

له ڕۆیشتن‌دا ، له من‌دا، فه‌رامۆشت بووم
له سۆجده‌ی سۆزانیه‌ك‌دا، له دابڕان‌دا، داپۆشرام
له مۆدرنیته‌دا، به تۆدا، سوكم...
........
ئاشقانه نه‌بۆ ئه‌م شێعره
كه ڕوخاوه فێر بوونم
دره‌نگیه‌كانتم به لێوه‌كانت پێك لێ‌دا،
له حزووری پێشه‌وایه‌كی دڵ ڕوخاودا مه‌ست بووم كه
ده‌سه‌ڵاتی كه‌ل‌وپه‌له‌كان بۆ مانەوە پتر بوو له ئه‌ندیشه‌ی پشت چاوه‌‌كانت
له ڕۆشنای په‌نجه‌كانته‌وه
ته‌نیایم هه‌ر دێ و بچووك ده‌بێته‌وه
تارماییم ببینه له ژێر دیالۆگی مرۆڤایه‌تی،
تا ئه‌به‌دیه‌ت ڕێگایه‌ك له خۆده‌وه نه‌ماوه بۆ پێوان
ڕه‌نگی گه‌ڕانه‌وه فێر نه‌كرابی لۆمه‌ت پێ‌ناكرێ
به سوجده‌یی ئاخره‌وه ڕه‌نجه‌كان پێبكه‌نه
گیرۆده‌ی خاك بووم له ڕاوێژی بێ‌كه‌ره‌سه‌ی مۆدرنیته‌دا
چاوه شینه‌كانی لادێ لاده له‌سه‌ر
نه‌وت و خۆڵ و چیمه‌نتۆ
له سه‌ر دیواره‌كاگڵیه‌كانی وڵات تارمای چاو
ڕۆح
خۆت
بكێشه‌وه.
ئاشقانه نه‌بوو نیگات
كه پیاسه له فرمێسك‌دا پێكه‌نین به نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لێكه بوو
به‌ره‌و دۆنادۆن
شوالیه‌یه‌كی دۆڕاوم ققنوس تێم‌دا ناژیته‌وه
هه‌راسان مه‌به گۆڕان له من تێناپه‌رێ
شا‌ری خۆمم جێ هێشتوه بۆ ئاشقانه‌كانی تۆ،
جه‌فام كرد
جگه‌ره‌م بێ ‌تۆ كێشا
پێكم بێ ‌تۆ لێ‌دا
مه‌ست بووم و بێ‌ئۆقره‌یه‌كانم
له دره‌نگی ئه‌م ساڵانه‌دا گیرۆده‌ی خاك كرد و
فه‌رامۆشت بووم له من
موزاییكه‌كانی مێشكم تۆ ده‌قیژێنن
له دره‌خته‌وه له‌گه‌ڵ با مدیته‌یشێن به ئاو ده‌كه‌ین
گوێ‌بیستی حزوورم مه‌به
سه‌یاڵم له هه‌ناسه‌كانت
دروشمی ئه‌م دێڕانه ده‌نێرم بۆ تۆ
دیكتاتۆری ، به تۆدا ، زیندوو نابێته‌وه من
لۆمه‌م پێ‌مه‌كه تا نه‌گه‌ڕێمه‌وه ده‌ماره‌كانی دایكم و
بڕوا نه‌هێنم به باوكم،
شینم بووی له تۆ
دورم بووی له تۆ
تێڕاماوم له ئه‌فسانه‌م
بێ تۆ
له‌گه‌ڵ من
ئۆقره ‌ناگرێ ئه‌م دروشمانه .....
ئاشقانه نه‌بووم..
ته‌نیاییه‌كانم به هیچ فریویان خوارد
مدیته‌یشن به تۆ ده‌كه‌م
له‌گه‌‌ڵ ئاو
له‌گه‌ڵ با
سه‌یال نیم هه‌رام لێ‌مه‌كه...
دیمه‌ن سۆهرابی _ بۆکان


اکنون ساعت 08:48 AM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.

Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)