پی سی سیتی

پی سی سیتی (http://p30city.net/index.php)
-   زبان ادب و فرهنگ کردی (http://p30city.net/forumdisplay.php?f=150)
-   -   شعر كردي ... (http://p30city.net/showthread.php?t=12987)

behnam5555 02-23-2015 08:24 PM


ئامانجی قەڵەم

ئامانجی وایە پێنووسی دەستم
وەهایە هیوای شێعر و هەڵبەستم



تاقەی مرواری هەر چەندە جوانە
بووکی بە نرخی نێو گەوهەرانە



بەڵام ئەو کاتەی کۆ بکرێتەوە
لە سەر شریتێ بهۆنرێتەوە



ئەو ساتە جوانە و جوانتر دەنوێنێ
تاکوو بە تەنیا لە لای بمێنێ



***
زمانی کوردیش ئەو گەوهەرەیە
کە دیاری بەرزی مێژووی ئێمەیە



وشەی جوان جوانی نێو کوردەواری
جوانتر لە زێڕ و لەعل و مرواری



کاتێ بە شێوەی جوانی هۆنراوە
کرایە بەستە و شێعر و هۆنراوە



چاکتر دەنوێنێ و هەر لە بەر چاوە
هەرگیز ون نابێ و ناخرێتە لاوە



ئامانجی وایە پێنووسی دەستم
وەهایە هیوای شێعر و هەڵبەستم


شەریف حسەین پەناهی



behnam5555 02-23-2015 08:25 PM


مافی خۆتە

چۆنت پێخۆشە، بە ئارەزووی خۆت
لەت کە ئەو دڵەی شادی دەوێ بۆت.
لە چەقی ڕێگەم، هەر لە بەر چاوم،
بنێ ژێر پێیان نامەی پێچراوم.
شان بە شان بڕۆ، قشتیلە و نازدار،
لەگەڵ دۆستێکی تازەی پارەدار.
ئەو دۆستە کەوا ناو لە زارانە،
هەر هی تۆ نیە و هی هەزارانە!
بیلاوێنەوە، تێر بۆی پێکەنە،
لە دڵما نەقشی یادگار هەڵکەنە.
قەیناکە، گیانە، مافی خۆتە خۆ،
ئەو ڕەفتار دەکا بە ئارەزووی تۆ.
بێبەشت ناکات لە شێلانی لەش،
لە سکاڵای زۆر، وەنەوزەی باوەش.
قەیناکە، گیانە! ڕاستی، زۆر ڕاستی
پێم نەهاتە جێ چی دڵت خواستی!
تەنیا شیعر بوو ئەوەی من هەمبوو،
بۆ قنیاتی تۆش شیعر زۆر کەم بوو!

عەبدوڵڵا پەشێو

١٩٦٧- هەولێر


behnam5555 02-23-2015 08:28 PM


ژار


له داخی مەینەتی دەوران، دڵم پــڕ ئاوره ساقی
له ژاری تاڵی ژین دیسان پیاڵەی دڵ پـڕه ساقی



وەره ئەمشەو وەكوو هەرشەو، وەره ساقی دڵم خوێنه!
هـەتـاكـوو دێتـه چـاوم خـەو، حـەرامـەشـەربـەتان بێـنه!



دڵم زووخاوی لێ دەڕژێ، دەسا هەسته! بكه مەسـتم!
شـەرابی كۆن له جامی نوێ، بەخوڕ تێكه، بده دەسـتم!



كـەوا كون‌كون بـووه جـەرگم، له جـەوری ماتەمی دنیـا
هەتاكوو سەردەمی مەرگم، وەره هەر تۆم دەوێ تەنیا



هەناسەی سەردی پـڕداخم دەمێكه گرتوویه ناخم
شەرابی تۆیه دەیشۆرێ؛ پەژارەی ژینی پـڕئاخم



شەریف حسەین پەناهی



behnam5555 02-23-2015 08:29 PM


یادێ


بولبولی بەندی قەفەس پەروەردەی ئەو کێوانەیە
بۆیە تا ئاخر نەفەس هەر وا بە تاسەی لانەیە



باڵی ئازادی ئەسووتێنین و دانەی پێ ئەدەین
نەک ژیانی ئەو مەلە، تەنیا بە ئاو و دانەیە



شینی هێلانەی دەکا، ئەگریت و سەربەستی دەوێ
بانگ و ئازادی قەفەس، ئەو شیوەن و گریانەیە



سووچی بەندی بۆ دەڕازێنینەوە بێخەم بژی
کەی نیشانەی ژینی بێخەم، زیوەری کاشانەیە؟!



تێدەکۆشێ هەڵفڕێ، بەندی قەفەس بۆی ناچڕێ
ئاخرین ئاواتی بەرزی دیتنی هێلانەیە



نە‌غمە سەردانی کە وا پاراوی هەستی گەل دەکا
شینی بێ فرمێسکی ئەو باڵندە بەستەزمانەیە



سووچی بەندیخانە وایە هەر کە ئازادی دەوێ
بەرهەمی کاتی خەمی، ئەو نەغمە بەرز و جوانەیە



«‌قانع»م دێنێتەوە بیر ئاوازی باڵەندەی قەفەس
قوڕ بە سەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە



شەریف حسەین پەناهی



behnam5555 02-23-2015 08:34 PM


نوێژی شێوان

له‌ کاتی نوێژی شێوان بوو ، گه‌یشتم پێی وتم ڕۆژ باش
به‌ غه‌مزه‌ و ڕه‌خنه‌وه‌ فه‌رمووی غروبه‌، نۆێژی شێوانه‌

وتم گیانم فیدای گیانت که‌ ڕۆژی ڕووت له‌ من ده‌رکه‌وت
جه‌هانی وا له‌ من ڕوون کرد که‌ وام زانی تلوعانه‌


نالی


behnam5555 02-23-2015 08:37 PM


دیل


وەکوو ئاوی بنی گۆمێ کە جێمابێ لە ڕووبارێ
وەکوو بەردی سەری شاخێ کە دانرابێ لە دیوارێ



وەکوو کاتێ گەڵای زەردێ دەسی بەربێ لە سەر دارێ
دڵم تەنگە لە تەنیایی نە هاوڕازێ نە خەمخوارێ



من ئەو بەردەی گرفتارم، کە دیلی چینی دیوارم
من ئەو ئاوەی بنی گۆمم کە جێماوم لە ڕووبارم



گەڵای زەردم، مەلێ پیرم، من دڵداری زنجیرم
لە بیرم دێ کە سی ساڵە لە بەندیخانە یەخسیرم



لە تاریکی ژیانم دا لە سووچی سەردی زیندانا
بە مۆرەی بەردی ناکامی بە جارێ عومری خۆم دانا



بەڵێ ئەو ساتە لاوێ بووم وەلێ ئێستا وەها پیرم
هەیە جارێ بەسەرهاتی خەمینی خۆم نییە بیرم



قەرەوڵ دێت و ڕادەبرێ، شەوانی عومرم ئەژمێرێ
شەوێکیش وا منی دیل، بە دەستی مردن ئەسپێرێ

شەریف حسەین پەناهی




behnam5555 02-23-2015 08:38 PM


ڕەق هەڵاتم


من لە داخی خزمی خوێڕی و ئاشنای ئەحمەق هەڵاتم
من لە ترسی زاق و زووقی ئەمینەی چاو زەق هەڵاتم



کوا بە خۆشی خۆم بەجێ دێڵم وڵاتی خۆشەویستم؟
من لە ترسی زللە و باتووم و دار و شەق هەڵاتم



هەر بەپێیان و بەکۆمە کۆمە گەیمە ئەم وڵاتە
ڕەنگە پێت وابێ بەسواری مایەنی گوێ لەق هەڵاتم



(نۆکەری بێگانە ناکەم) هاتە جێ فەرمایشی خۆم
وا لە برسان و لەبەر بێ بەرگی ئیمرۆ ڕەق هەڵاتم

هێمن




behnam5555 02-23-2015 08:39 PM


گومان

گومان ژنە قەرەجێکە فاڵگر
هەموو رۆژێ
لە ئاستانەی چارەنووسم دا
چۆک دائەناو دەڵێ:
دەی دەستەکانت بێنە با…
زۆر دەترسم ئەم گومانە نەفرەتاوییە
سەری دوا رۆژمان بخوا و
لە جواناوی هەناسەکاندا
بمانخنکێنێ!!

فەوزیە سوڵتان بەگی


behnam5555 02-23-2015 08:41 PM


فرمێسکی هەژارێک


لە سەر چۆمی « ڕاین » لە ڕۆژگارێ جارێ
تکا ئەشکی ئاوارە کوردێ، هەژارێ



بە سەریا خوڕی: کوێندەریی ئەی تکەی سوێر
ئەتۆ و ئێرە چی دەنکە فرمێسکی بێ خێر؟



وتی: ئاوی چاوی کوری کوردستانم
لە دەجلە و فوراتڕایە ناو و نیشانم



لە زێڕینە ڕوود و تەتاهۆ سەلامێ
لە بەژنت لە چل چەشمە پێمە پەیامێ



لەسەر خۆبە ئەی ڕاینی شۆخ و شیرین
شتێک بوین ئەمەش گەرچی ئێستا ئەسیرین



هەچەند دیل و بێچارەشە نیشتمانم
ببەخشە لە جێی تۆی بە خۆشتر دەزانم



چ کەڵوە و چ سیروان و ئاوێزەڕۆیە
بە دیمەن هەمووی شۆخ و شەنگتر لە تۆیە



ئەگەر لادەچێ ئەم تەمەی نەگبەتیمان
بە خاوەن دەبێ کێو و چۆم و زەویمان



لە دڕکی نەیاران بژارێکی دەکرێ
هەزارانی وەک تۆ لە شاباشی دەدرێ



بەڵێ ئاوی چاوم لە دڵ هەڵکزاوم
لەڕێی سەربەخۆبوونی کوردان ڕژاوم



وتی ڕاین: ئەی تیشک و هێزی دڵی من
وەرە باوەشم بت بەمە بەحری بێ بن



بە هاوار و دادت موحیت بشڵەژێنە
لە چەپگەردی گەردوون بەشی کورد بسێنە

هەژار




behnam5555 02-24-2015 07:15 PM



اکنون ساعت 09:05 AM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.

Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)