خه‌فه‌تی گه‌ڕانه‌وه
گه‌ڵی گاده‌ران یانی له بێمزورتێ را هه‌تا نازدارێ داخان
گه‌ڵی گاده‌ران یانی گه‌ڵی هه‌زار به هه‌زاران
یانی هه‌زار کانی،یانی لرفه و نێڵه،یانی رنوو،یانی خزۆک و جاڵه،یانی هه‌زار پێچ و هه‌زار قۆرت،یانی هه‌زار هه‌ڵدێر.
دایکم ده‌یگوت:"سڵاوی من به نازدارێ بگه‌یێنن."
دایکم ده‌یگوت"رێگا سه‌خت و هه‌ڵدێره،گاده‌ر رژد و چه‌توونه.پڕ له مار و گورگ و ورچه."
دایکم ده‌یگوت "گه‌ڕانه‌وه شه‌رتی چوونێیه."
دایکم زۆر شتی دیکه‌شی ده‌گوت.دایکم ده‌یگوت و ئێمه نه‌مانده‌بیست. یان ده‌مانبیست و نه‌مانده‌ویست.هه‌ر له سه‌ره‌تای رێگاوه لێمان بوو به کێشه.من ده‌مگوت رێ و رێ به ئاوێ سنجووی دا ده‌چینه‌وه شیوه خه‌ل و ئه‌و جار به کانیه محه‌ممه‌د خالیدی دا ده‌چینه‌وه تاڵه‌جاڕان.له وێش را به‌ره‌و شابتان ونازدارێ داخان تێهه‌ڵده‌کشێین.
ئه‌و ده‌یگوت نا به جۆت کانیان دا ده‌چینه‌وه پشتی ره‌ندۆڵه و بابۆڵه.به زهردکۆی دا ئاوای گورگۆی ده‌بین.ئه‌و جار بنارهوبنار به سواری زه‌رێ وکانی شه‌مسه‌دین دا ده‌چینه‌وه هه‌وار مامزی.له وێشڕا به‌ره‌و شابتان و نازداره گهردهنکهشهکهی داخان تێهه‌ڵده‌کشێین.
گوتم زه‌ردکۆ رژد و بڵینده.گوتی نا.گوتم گورگۆ هه‌تا حه‌ز بکه‌ی سارده گوتی نا.گوتم سواری زه‌رێ و کانی شه‌مسه‌دین ورچی لێیه گوتی هیچ نیه.گوتم له هه‌وار مامزی را بچینه شابتان ،ده‌بێ له چۆمی گاده‌ر ده‌ین.گوتی من و تۆ هه‌ردووکمان مه‌له ده‌زانین له چی ده‌ترسێی؟گوێم نه‌دا به بۆڵه بۆڵ و ورته ورتی.ملی که‌چ کرد.به دڵگرانی وه‌دوام که‌وت.پێداویستیه‌کانمان دابه‌ش کردبوو.نان وپێخۆرهکه به‌ر ئه‌و که‌وتبوو.به شوێن پێی من دا ده‌هات.لێکدا لێکدا ئاوڕم لێده‌داوه.گاده‌ر هه‌زاران جۆگه به‌فراوی قووت دابوو.غلوور ببوو. هه‌ر لرفه‌ی ده‌هات.هه‌ڕه‌شه‌ی له دار و به‌رد ده‌کرد.
ئێواره‌یێکی ته‌م و مژاوی بوو.نم نم باران ده‌باری.شمشێری برووسک تاریکی شه‌ق ده‌کرد.گرمه‌ی هه‌وران ک‌ش و ماتی ئه‌م ئێواره دره‌نگه‌ی ده‌له‌رزانده‌وه.بڕیارمان دا شه‌و له ئه‌شکه‌وته‌که‌ی تاڵه‌جاڕان بحه‌سێینه‌وه.ده‌مزانی جینگهنۆکهیه،هه‌ر منگه‌ی ده‌هات.پێمل بووم به هه‌موو داخوازه‌کانی.هه‌ر ده‌مگوت "قه‌یدی نیه،له‌به‌ر خاتری دایکم".به‌ڵام ئه‌و جار بۆ جارێ زیاتر مه‌یدانه‌که‌ی داگیر ده‌کرد.گوێم نه‌دایه.ماندوو بووم.له پاڵ ئاگره‌که راکشام.بیرم له داهاتوو ده‌کرده‌وه.
-کاکه
-گیانه
باوکمان کێ کوشتی؟
-نه‌یاران.
-بۆ کوشتیان؟
-چونکه له‌سه‌ر حه‌قی خۆی وه‌جواب ده‌هات.ئه‌وانیش به زمان ده‌ره‌قه‌تی نه‌ده‌هاتن.
-منیش ئه‌گه‌ر له سه‌ر حه‌قی خۆم وه‌جواب بێم...؟
-بنوو... شه‌و دره‌نگه.
-کاکه تاپڕ و باڵتۆکه‌ی باوکم به‌شی منیشیان پێوه‌یه؟
-ئه‌رێ ...بنوو..
-به‌شی من ئێستا بمده‌یه.
-من و تۆ هه‌ر پێکه‌وه‌ین.
-به‌ڵام تاپڕ و باڵتۆکه هه‌ر به تۆن،قه‌ت به من نین.
-بنوو...دره‌نگه.
نیوه‌شه‌و به هه‌ستێک وه‌خه‌به‌ر هاتم.به‌ره‌و جاده‌که راخوشی.له ناو مژ و تاریکی دا تارماییێک ده‌سته‌ملانی بوو. چوومه پێشتر. تارماییه‌که ده‌م و چاوی داپۆشرابوو.گوێم له ورته‌ورتیان ده‌بوو.به سرته قسه‌یان ده‌کرد.هیچیان لێ حاڵی نه‌ده‌بووم.تارماییه‌که به‌جێی هێشت.له ناو مژ و تاریکی دا بزر بوو.به‌ر له‌وی هاتمه‌وه ناو ئه‌شکه‌وته‌که و خۆم ده‌خه‌و کرد.هاته‌وه.شاگه‌شکه ببوو.کۆتهرهیێکی خسته سه‌ر ئاوره‌که.گڕی لێ به‌رز بۆوه.گه‌رمایێکی خۆش ئوخژنی دام.سه‌ر و ده‌ستی له به‌ر ئاوره‌که ده‌له‌رینه‌وه.هات له سه‌ر سه‌رم راوه‌ستا.زۆر له‌وه‌ی زه‌لامتر دیار بوو من بیرم لێده‌کرده‌وه.ترسێکی قورس هه‌موو له‌شی داگیر کردم.چاوی هێنده‌یتر ره‌ش و گه‌وره ببوون .ددانی دهبریسکان.به نه‌فره‌ته‌وه چاوی لێ ده‌کردم.که رۆیشته‌وه لای ئاوره‌که،پشوویێکی حه‌سانه‌وه‌م هه‌ڵکێشا....
که به‌یانی له خه‌و هه‌ستام،ئه‌و نه‌مابوو.به ره‌ژی له دیواری ئه‌شکه‌وته‌که‌ی نووسیبوو"من رۆیشتم بۆ سواری زه‌رێ...تۆش که‌یفی خۆته".روانیمه ده‌ور و به‌رم.باڵتۆ و تاپڕه‌که نه‌مابوون.بوومه پاچی ته‌ره‌سی.سه‌د جنێوم دا.
-به جه‌هه‌ننه‌م.به‌شکوو ورچ له‌ت و په‌تی کات.
پاشان په‌رۆشم بوو،ئاخر برامه...ئاخر دایکم...
به ناچاری به دوای دا هه‌ڵاتم .به مێرگهریس دا وه‌سه‌ر که‌وتم.بێ ئاکام بوو. له‌به‌ر ته‌پ و مژ هیچ دیار نه‌بوو.گه‌ڕامه‌وه.به‌ره‌و سێ چۆمان ده‌خۆم نووسام.
-له شابتان ده‌یگرمه‌وه.
به هه‌موو هێزمه‌وه خۆم ده‌کوتا به‌ر له‌وی بگه‌مه شابتان.ئاخر ههوارمامز له پشت شابتانه.هه‌وایه‌که جار بۆجارێ ناخۆشتری ده‌کرد.له سه‌ری شه‌وێوه به‌رده‌وام باران ده‌باری.زه‌وی تلیسابۆوه.زێڵهق بوو.شه‌که‌ت وماندوو سێ چۆمانم به‌زاند.به‌ره‌و شابتان که‌وتمه رێ.به‌رد به به‌ردی شابتان گه‌ڕام.ده‌نگم نووسا ئه‌وه‌نده‌ی بانگی که‌م.دیار نیه...له هیچ کوێ دیار نیه.تاریکایی ورده‌ورده چادری هه‌ڵدا.ده‌ستم له ئه‌ژنۆیان گرێ ده‌ده‌م.له حه‌یفان گریانم دێ.ماندووم.له‌به‌ر باران خووساوم.ئاواتمه به ساغی بیبینمه‌وه.زۆر قسه‌م له گه‌ڵی هه‌نه.
گرمه‌ی تفه‌نگێک رایچڵه‌کاندم.به‌ره‌و داوێنی شابتان راخوشیم.هه‌تا هێزم هه‌بوو ده‌مقیژاند..با‌نگم ده‌کرد.گه‌یشتمه لێواری گاده‌ر.له‌و به‌ری ،له ناو مژ و تاریکی دا تارماییێک به‌دی ده‌که‌م.به هه‌موو هێزمه‌وه بانگی ده‌که‌م.ئاوڕ ناداته‌وه.نازانم چیه.. ورچه...گورگه...یان عه‌لیه؟. له هه‌موو شتێک گرینگتر ئه‌وه‌یه "نازانم چ جوابی دایکم بده‌مه‌وه؟"
عه‌لی سۆهرابی شنۆ