 |
|
behnam5555 |
03-09-2012 12:25 PM |
شانوی : خه‌ونی پیاوێکی قه‌شمه‌ر
خه‌ونی پیاوێکی قه‌شمه‌ر
نووسینی: فێئۆدۆر داستایۆفسکی
وه‌رگێڕانی فارسی: وحید مواجی
فارسی بۆ کوردی: سه‌لاح محه‌مه‌دی
*********************************
من بنیامێکی قه‌شمه‌رم. هه‌ڵبه‌ت ئێستا پێم ئه‌ڵێن شێت. ئه‌کرا بڵێم پله‌وپایه‌م چووه‌ته سه‌ر، ئه‌گه‌ر هێشتا ئه‌وه‌نده به قه‌شمه‌ریان نه‌ده‌زانیم. به‌ڵام ئیتر ئه‌مه نامڕهنجێنێ. هه‌موویانم خۆش ئه‌وێ ته‌نانه‌ت کاتێ پێم پێئه‌که‌نن. له راستیدا کاتێ پێم پێئه‌که‌نن زیاتر خۆشیانم ئه‌وێت. منیش ئه‌متوانی له‌گه‌ڵیان پێکه‌نم، نه به خۆم، به‌ڵکو به‌هۆی خۆشه‌ویستیه‌ک به ئه‌وانم هه‌یه، ئه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌و کاته‌ی ته‌ماشایان ئه‌که‌م خه‌م دامنهگرێت. خه‌مین له‌وه‌ی ئه‌وان له راستیه‌کان نازانن و من ئه‌زانم. ئای چه‌ن سه‌خته ته‌نیا که‌سێ راستیه‌کان ئه‌زانێ تۆ بیت! به‌ڵام ئه‌وان تێناگه‌ن. نا تێناگه‌ن.
زۆر پێشتر، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌شمه‌ر ئه‌هاتمه به‌رچاو، هه‌ستم ئه‌کرد بهوبهختم. نه‌ک ئه‌وه‌ی وا بنوێنم به‌ڵکو به‌ڕاستی قه‌شمه‌ر بووم. له سه‌ره‌تاوه قه‌شمه‌ر بووم و خۆم به‌مه‌م ئه‌زانی. ره‌نگه هه‌ر له‌و کاته‌وه له دایک بووم. ره‌نگه له‌و کاته‌وه حه‌و ساڵان بووم ئه‌مزانی قه‌شمه‌رم. دواجار چومه فێرگه‌و زانستگا‌و هه‌رچه‌ن زیاتر ئهمخوێندو زیاتر فێر ئه‌بووم باشتر تێئه‌گه‌یشتم قه‌شمه‌رم. وای لێهات هه‌رچی زیاتر ئه‌چوومه قوڵایی ئه‌و زانستانه‌ی له زانستگا فێریان ئه‌بووم به‌مه ئه‌گه‌یشتم که بوونی زانست هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه به من بسه‌لمێنن قه‌شمه‌رم. ژیانیشم هه‌ر وه‌ک زانسته‌که‌م بوو. ساڵ له دوای ساڵ، زانیاریم له قه‌شمه‌ریم زیاتر ئه‌بوو و له منا په‌ره‌ی ئه‌سه‌ند. هه‌مووکات هه‌مووان پێم پێئهکهنان. به‌ڵام هیچیان نه‌یانئه‌زانی یان به بیریشیان نه‌ئه‌هات که ئه‌گه‌ر که‌سێ له‌م دونیا له هه‌مووان باشتر بزانێ من قه‌شمه‌رم، ئه‌و تاکه که‌سه هه‌ر خۆمم. ئه‌مه‌ش له هه‌مووشتێ زیاتر ئهیڕهنجانم که ئه‌وان به‌مه‌یان نه‌ئه‌زانی. خه‌تای خۆیشم بوو. هێنده‌ش ده‌مار زل بووم قه‌ت نه‌متوانی ئه‌مه به هه‌مووان راگهیێنم. ساڵه‌کان تێپه‌ڕین و ئه‌م ده‌مار زلیه له‌گه‌ڵما گه‌وره بوو. ئه‌گه‌ریش توانام بوایێت له خۆم ببمه‌وه‌و لای هه‌مووان بمووتایێت من بنیامێکی قه‌شمه‌رم، حه‌تم هه‌ر ئه‌و رۆژه، مێشکمم په‌راش په‌راش ئه‌کرد. ئای، له تافی لاوی‌دا چه‌ن ره‌نجم کێشا له‌وه‌ی نه‌کا لای هاوقوتابیهکانم به وتنی رای خۆم سه‌باره‌ت به قه‌شمه‌ریم سووک کرێم. به‌ڵام که بووم به پیاو، به‌هۆی بڕێ به‌ڵگه‌ی نادیار هێمنتر بوومه‌وه، هه‌رچه‌ن ساڵ له دوای ساڵ زانیاریم له تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی قه‌شمه‌ریم زیاتر ئه‌بوو. ئه‌ڵێم نادیار بۆ ئه‌وه‌ی هێشتا نازانم بۆچی. ره‌نگه به‌هۆی بهوبهختیهکی گه‌وره بوو که به‌هۆی شتێک له ده‌رونما په‌ره‌ی ئهسهندو ته‌نیا خۆمی ئه‌گرته‌وه‌و، ئه‌و شته‌یش، ئه‌رخایه‌نی له‌وه بوو که له‌م دونیایه‌دا هیچ شتێک بایه‌خی نییه. سه‌رده‌مانێکی زۆر شتگه‌لێکم له‌م بابه‌ته‌وه ئه‌زانی به‌ڵام ساڵی پار بوو که به هه‌ڵکه‌وتێکی رووداو توانیم به ته‌واوی لێی بگه‌م. به هه‌ڵکه‌وت تێگه‌یشتم، بوون و نه‌بوونی دونیا‌و هه‌رچی شته، قه‌ت هیچ جیاوازیه‌کی بۆ من نه‌بووه‌و نییه‌و پڕ به‌دڵ هه‌ستم ئه‌کرد هیچ شتێک بوونی نییه. سه‌ره‌تا لام وابوو له رابردودا شتگه‌لێک بووه، به‌ڵام دواجار پێموابوو هیچکات ته‌نانه‌ت له رابردوشدا هیچ شتیک بوونی نه‌بووه‌و من به هه‌ڵه وامئه‌زانی شتگه‌لێک بووه. وای لێهات که پێموابێت له داهاتوشدا هیچ شتێک بوونی نابێت. ئه‌وکاته بوو که ئیتر له خه‌ڵک توڕه نه‌ئه‌بووم و ئه‌توانم بڵێم که‌سم له‌به‌ر چاو نه‌بوو. ئه‌م له‌به‌ر چاو نه‌گرتنه‌ش له هه‌موو به‌شه‌کانی ژیانما خۆی ئه‌نواند: وه‌ک پاڵنانی خه‌ڵک له شه‌قام،ئیتر بۆم ئاسایی بوو. نه‌ک به‌هۆی تێفکرین له بیرۆکه‌کانم، چیم بوو بیری لێبکه‌مه‌وه؟ ئه‌وکات بیر کردنم له بیر کردبوو. هیچم لا گرینگ نه‌بوو. خۆزگا لانیکه‌م گیر‌و گرهفتهکانمم چاره‌سه‌ر کردبوو! ئۆف، چه‌ن زۆر بوون و هیچیشیانم چاره‌سه‌ر نه‌کردبوو! به‌ڵام ئیتر گرینگیم به هیچ نه‌داو کۆسپه‌کان فڕین و رۆشتن.
دوای ئه‌مه بوو حه‌قیقه‌تم دۆزیه‌وه. ره‌زبه‌ری پار له حه‌قیقه‌ت گه‌یشتم. گه‌ر بمه‌وێ وه‌ک خۆی بیڵێم، سێی ره‌زبه‌ر بوو. هه‌مووشتێکم باش له بیره. ئێواره‌یێکی خه‌ماوی بوو. خه‌ماویترین ئێواره‌یێک که بکرێ بوونی هه‌بێت. ده‌وروبه‌ری کاژمێر یانزه بوو ئه‌گه‌ڕامه‌وه ماڵ. له بیرمه پێموابوو ئێواره‌یێ له‌وه خهماویتر نابێت. ته‌نانه‌ت سروشتیش ناتوانێت ئێواره‌یێکی به‌مجۆره بخولقێنێت. ئه‌و رۆژه تا ئێواره هه‌ر باران باری. بارانێ سارد، تاڵ و ترسێنه‌ر به قینه‌وه به‌سه‌ر مرۆڤدا ئه‌باری. به هه‌ڵکه‌وت نێوان ده‌و یانزه، گرساو دوابه‌دوای بارانه‌که تهڕایێکی تۆقێنه‌ر هه‌موو شوێنێکی داگرت. تهڕایێکی ساردترو ته‌ڕتر له بارانه‌که بوو. هه‌مووشتێک تا چاو هه‌ته‌ری ئه‌کرد له شه‌قام و کۆڵان هه‌تا دار‌و به‌رد هاڵاوی ته‌م و مژی لێههڵهستا. ناکاو به بیرما هات، ئه‌گه‌ر هه‌موو گڵۆپه‌کانی سه‌رشه‌قام بکوژێنه‌وه خهمڵاویهکهی ئێواره که‌م ئه‌بێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی دڵی بنیام به گاز خهمینتر ئه‌بێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به ته‌واوی روونی ئه‌کاته‌وه. نیوه‌ڕۆی ئه‌و رۆژه چێشتم که‌م خوارد‌و دوانیوه‌ڕۆش له‌گه‌ل ئه‌ندازیارێک و دو که‌س له هه‌ڤاڵانم به‌سه‌ر برد. من بێده‌نگ دانیشتبووم، پێموابێ هیلاکیانم کرد. ئه‌وان سه‌باره‌ت به شتێکی پڕجموجۆڵ ئه‌دوان و له ناکاو که‌وتنه جوڵه. به‌ڵام ئه‌وان به راستی سه‌رنجیان نه‌ئه‌دا، من ئه‌متوانی له قسه‌کانیان بگه‌م و ته‌نیا وا پیشانده‌م که‌وتومه‌ته جوڵه. ناکاو منیش وه‌ک ئه‌وان به توندی قسه‌م کرد. به ئه‌وانم وت" هاوڕێیان، ئێوه سه‌رنجی هیچ ناده‌ن". ئه‌وان نهڕهنجان به‌ڵام پێم پێکهنان. بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌وسه‌وه قسه‌م نه‌کردو ئه‌مه‌ش لای من گرینگ نه‌بوو. ئه‌وان تێگه‌یشتن لای من گرینگ نییه‌و هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه هۆی سه‌رقاڵ بوونیان.
هه‌روا که خه‌ریکی بیر کردنه‌وه له گڵۆپه گازیه‌کانی شه‌قام بووم چاوم بڕییه ئاسمان. ئاسمان تاریکی تاریک بوو به‌ڵام ئه‌کرا له نێوان ئه‌و ره‌شاییه په‌ڵه هه‌وره‌کان ببینی. ناکاو له نێو رهشاییهکه ئهستێرهیێکم بینی و به ئه‌نقه‌ست لێی ورد بومه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌که بیرۆکه‌یێکی خسته مێشکم: ویستم هه‌ر ئه‌و شه‌وه خۆم بکوژم. دو مانگ پێشتریش ئه‌م هه‌ڵوێسته‌م بێ سێ و دوو گرتبوو. هێند به‌وبه‌خت بووم هه‌ر ئه‌و رۆژه دهمانچهیێکی عالیشم کڕی و فیشهکدانهکهیشیم پڕ کرد. به‌ڵام دوای دو مانگیش ده‌مانچه‌که هه‌روا له نێو کهشاوهکهدا که‌وتبوو. ئه‌وه‌نده بێ ده‌ره‌تان بووم که له ده‌رفه‌ت ئه‌گه‌ڕام بێ ده‌ره‌تان نه‌مێنم. بؤچی، نازانم. ماوه‌ی دو مانگ هه‌رچی شه‌وه که ئه‌هاتمه‌وه ماڵ بیرم له‌وه ئه‌کرده‌وه که خۆم ئه‌کوژم. هه‌ر له بیری ئان و ساتێکی له‌بار بووم. ئێستاش ئه‌م ئه‌ستێره‌یه وای کرد بیرێک که‌وێته مێشکم. به خۆمم ئه‌ووت هه‌ر ئه‌مشه‌و کاتی دیاریکراوه. ئیتر بۆچی ئه‌و ئه‌ستێره‌یه هۆی ئه‌م بیره بوو نازانم.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ته‌ماشای ئاسمانم ئه‌کرد، کچۆڵهیێک قۆڵمی گرت. شه‌قام چۆڵ بوو و تاک و تروک ئه‌هات و ئه‌چوون. له‌ولاتر شۆفێڕی تاکسیه‌ک له نێو تاکسیه‌که‌ی خه‌وتبوو. منداڵێکی هه‌شت ساڵان بوو به له‌چکێک به سه‌ریه‌وه‌و جگه له جل و به‌رگێکی ته‌سک که باران خوساندبووی هیچیتر له به‌ریدا نه‌بوو. به‌ڵام ئێستا پێڵاوه کۆنه خوساوهکانی که سه‌رنجمی راکێشا دێته‌وه بیرم. ئێجگار سه‌رنجمیان راکێشابوو. ناکاو قۆڵمی گرت و بانگی کردم. نه‌ده‌گریا، به‌ڵام جۆرێ وشه‌کان به هاواره‌وه له زاری ئه‌هاتنه ده‌ر که خؤیشی نه‌یئه‌زانی چی ئه‌ڵێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌رز دایگرتبوو. له شتێک ئه‌ترساو هاواری کرد:مامان، مامان"! روم لێ وه‌رگێڕاو هیچم نه‌ووت و رۆشتم. به‌ڵام هه‌ڵات به دومداو خۆی به منا هه‌ڵواسی و ئه‌و ترسه مناڵانه‌ی به ناهمێوی رژاندبووه گه‌رووی. ئه‌مجۆره ده‌نگانه ئه‌ناسم و هه‌رچه‌ن نه‌یتوانی به جووانی بیڵێت به‌ڵام تێگه‌یشتم دایکی خه‌ریکه ئه‌مرێت یان شتێک له‌م چه‌شنه خه‌ریکه لێیان ئه‌قه‌ومێ و ئه‌میش هاتووه که‌سێ بۆ یارمه‌تی دایکی ببات. من له‌گه‌ڵی نه‌چووم و به پێچه‌وانه هه‌وڵمدا له‌خۆمی دور خه‌مه‌وه. سه‌ره‌تا پێم وت بچێت پولیس ئاگادار کات. به‌ڵام په‌نجه‌ی له‌یه‌ک هه‌ڵپێکاو به دومدا هات و ئه‌گریاو له کۆڵ نه‌بووه. ئه‌مجار منیش به‌سه‌ریا گرماندم. ئهپاڕاوه"ئاغا،ئاغا!..." به‌ڵام ناکاو ده‌ستی له‌سه‌ر هه‌ڵگرتم و پڕتاو به شه‌قامه‌که‌دا هه‌ڵات. یهکێتری دیبوو و کچه له لای منه‌وه بۆ لای ئه‌و باڵی گرته‌وه.
چومه ژوره‌که‌م که له نۆهۆمی پێنجه‌مدایه. ژورێکم له ئاپاڕتمانێکدا هه‌یه که کرێنشینیتریشی تێدایه. ژوره‌که‌م پچوک و ههژارانهیهو په‌نجه‌ره‌یێکی گومبه‌زی هه‌یه. موبلێکم هه‌یه که چه‌رمه‌که‌ی ئه‌مریکییه‌و مێزێ که کتێبه‌کانم له‌سه‌ری داناوه. دو ساندهڵی و دهنکێتریش دهسکدارم هه‌یه که هه‌رچه‌ن کۆن و بێ قه‌واره‌ن به‌ڵام جووانن. دانیشتم و مۆمێکم داگرسان و که‌وتمه بیر کردنه‌وه. له ژوره‌که‌ی پاڵمهوه، شێتخانهیێکی به‌ته‌واو مانا هه‌یه. ئه‌م شێتخانه‌یه له پێره‌وه دامه‌زراوه. ئه‌فسه‌رێکی خانه‌نشین له‌وێ ئه‌ژیاو مۆڵه‌قێ بنیام ئه‌هاتنه لای و هاتوچویان ئه‌کرد. ئه‌و بنیامانه که ناوبانگێ باشیشیان نه‌بوو ئه‌هاتن دائه‌نیشتن ئاره‌قیان ئه‌خواردو به پاسوره کۆنه‌کان قوماریان ئه‌کرد. شه‌وی پێشتری شه‌ڕیان کردبو و ئه‌بێ بڵێم دوانیان تا دره‌نگان قژی یه‌کتریان کێشا. خاتونی خاوه‌ن ماڵ ئه‌یویست ناڕه‌زایی خۆی ده‌رببڕێ به‌ڵام وه‌ک سه‌گ له ئه‌فسه‌ره‌که ئه‌ترسا. له‌و نۆهۆمه ته‌نیا یه‌ک کرێنشینیتری لێبو، ژنه سه‌رهه‌نگێکی لاوازی کورته‌باڵا که سه‌رده‌مانێ به هه‌ڵکه‌وت چوبووه پێتێرزبۆرگ و هه‌ر سێ مناڵه‌که‌ی له‌وێ نه‌خۆش ئه‌که‌ون و ئیتر له‌وکاته‌وه هاتووه‌ته ئێره‌و کرێنشینه. خۆی و مناڵه‌کانی وه‌ک جو له ئه‌فسه‌ره‌که ئه‌ترسان و شه‌و تا به‌یان وه‌ک شه‌قشه‌قه ئه‌له‌رزان و مناڵه پچوکترهکهش له ترسی شه‌ڕی ئه‌م پیاوماقوڵانه فێی لێئه‌هات. له جێگه‌یێک بیستم ئه‌م ئه‌فسه‌ره له"نوسکی پروسپێکت" ده‌س له خه‌ڵک درێژ ئه‌کاته‌وه‌و سواڵ ئه‌کات. ئیتر له ئه‌رته‌ش رێگه‌ی ناده‌ن به‌ڵام سه‌یره(له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌مه ئه‌ڵێم) له‌و یه‌ک مانگه‌ی ئه‌فسه‌ره‌که لێره بوو، قه‌ت هه‌ڵس و که‌وتی منی نهڕهنجان. هه‌ڵبه‌ت له سه‌ره‌تاوه خۆمم لی ئه‌پاراست و ئه‌ویش تاقه‌تی دیتنمی نه‌بوو. به‌ڵام قه‌ت بۆ من گرینگ نه‌بو چه‌ن که‌سیان ئه‌نه‌ڕێنن یان چه‌نیان له‌وێ دایانکوتاوه. شه‌و تا به‌یان ناخه‌وم و دائه‌نیشم و هێنده له بیریان ئه‌که‌م که ته‌نانه‌ت ده‌نگیشیان نابیسم. یه‌ک ساڵه تا به‌ره‌به‌یان به‌خه‌به‌ر ئه‌مێنمه‌وه. شه‌و له‌سه‌ر سهندهلیه دهسکدارهکهم دائه‌نیشم و هیچ ناکه‌م. ته‌نیا به رۆژا شت ئه‌خوێنمه‌وه. من دائه‌نیشم، ته‌نانه‌ت بیریش ناکه‌مه‌وه. بیرگه‌لێک له مێشکمدا دێن و ده‌چن و منیش لێیان ئه‌گه‌ڕێم چۆنیان ئه‌وێت بێن و بچن. هه‌موو شه‌وێ مۆمێک به ته‌واوی ئه‌سووتێ. ئه‌و شه‌وه بێده‌نگ له‌سه‌ر مێزه‌که دانیشتم. ده‌مانچه‌که‌م له پێش خۆم دانا. کاتێ ئه‌مه‌م کرد له خۆمم پرسی:"به‌مجۆره‌یه؟" و به دڵنیایی وڵامم داوه:"هه‌ر به‌مجۆره‌یه ئیتر". ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه ئه‌بێ ته‌قه‌م له خۆم بکردایێت. دڵنیا بووم ئه‌بێ هه‌ر ئه‌و شه‌وه ته‌قه له خۆم بکه‌م به‌ڵام نه‌مئه‌زانی ئه‌بێ چه‌نێ دانیشم و تامڵ گرم. دڵنیاشم ئه‌گه‌ر به‌هۆی ئه‌و کیژۆڵه‌یه نه‌بوایه، هه‌ر ئه‌و شه‌وه ته‌قه‌م له خۆم ئه‌کرد.
بینیتان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هیچ شتێکم لا گرینگ نه‌بوو، به‌ڵام چه‌نێ ره‌نجم کێشا. ئه‌گه‌ر که‌سێ پێمه‌وه بلکایێت، توڕه ئه‌بووم. له ده‌رونیشه‌وه هه‌ر به‌مجۆره بووم: ئه‌گه‌ر بابه‌تێکی به‌سۆز رووی ئه‌دا، هه‌ر وه‌ک جاران که بڕێ شت لام گرینگ بوون، هه‌ستم به هاوسۆزی ئه‌کرد. ئه‌و ئێوارهشه هه‌ستی هاوسۆزی ده‌ستی پێدام. ئه‌بوا یارمه‌تی ئه‌و منداڵه‌م بکردایێت. ئه‌ی بۆ یارمه‌تی ئه‌و کیژۆڵهمه نه‌دا؟ به‌هۆی بیرێک که له‌و ئانه‌دا که‌وته مێشکم: کاتێ بانگمی ئه‌کردو ئهیکێشام، ناکاو پرسیارێک هات و نه‌متوانی تاوتوێی که‌م. ئه‌و پرسیاره، زۆر قۆڕ بوو به‌ڵام ئازارمه ئه‌دا. له‌گه‌ڵ ئه‌م بیره که ئه‌گه‌ر بڕیاره ئه‌مشه‌و خۆم بکوژم ئیتر نابێ هیچ شتێک له ژیانما گرینگ بێت، رهنجام. بۆچی هه‌ستم به هیچ ده‌ردێک نه‌کردو به ئاسایی له جێگه‌ی خۆم وه‌ستام؟ له راستیدا له‌مه باشتر ناتوانم هه‌ستی ئه‌و ئان و ساته‌ی خۆمتان بۆ بگێڕمه‌وه. به‌ڵام ئه‌م هه‌سته له ماڵه‌وه، کاتێ له سه‌ر مێزه‌که‌م دانیشتبووم به‌رده‌وام بوون و هێند توڕه بووم که ماوه‌یێکی درێژ بوو وه‌ها توڕه‌ییم له خۆما نه‌دیبوو. بیره‌کان، یه‌ک له دوای یه‌ک ئه‌هاتن و ئه‌چون. ئه‌مزانی تا ئه‌و کاته‌ی هێشتا بنیام بووم نه‌ک شتێکی هیچ و پوچ،زیندو بووم و ئه‌متوانی ره‌نج بکێشم، توڕه بم و له کرده‌وه‌کانم ترێق ببمه‌وه. زۆر باش. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕیاره دو کاژمێریتر خۆم بکوژم، ئیتر چیم به‌و کیژۆڵه‌یه داوه‌و ترێق بوونه‌وه یان هه‌ر ئیشێکیتری ئه‌م دونیایه چی به من داوه؟ من بڕیاره له‌ناو چم، به‌ته‌واوی له‌ناو چم. داخۆ ئه‌کرێ ئه‌م خۆزانییهی که ئه‌مه‌وێ له ناوی ببه‌م و به‌و پێیشه ههمووشتێکیتریش له‌ناو ئه‌بات، کاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌ستی مرۆڤانه‌م سه‌باره‌ت به منداڵ یان تریقانهوهم دوابه‌دوای گوکارییهک نه‌بێت؟ من پام داچه‌قان و به‌سه‌ر منداڵێکی بێده‌سه‌ڵاتدا نه‌ڕاندم وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێم: نه‌ک هه‌ستی مرۆڤانه‌م نییه، به‌ڵکو له‌وه‌ش پیسترو نامرۆڤانهتریش له ده‌ستم بێت ئه‌یکه‌م و ئازادم ئه‌وجۆره‌ی پێم خۆشه ببم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا دو کاژمێریتر هه‌مووشتێک له‌ناو ئه‌چێت. بڕوا ئه‌که‌ن هه‌ر به‌م هۆیه به‌سه‌ریا نه‌ڕاندم؟ ئێستا له‌مه دڵنیام. وه‌ک رۆژ لێم روون بوو ژیان و دونیا به‌جۆرێ به منه‌وه به‌ستراون. ته‌نانه‌ت ئه‌توانم بڵێم دونیا هه‌ر ئه‌ڵێی بۆ من ساز کرابوو. ئه‌گه‌ر ته‌قه له‌خۆم بکه‌م ئیتر دونیایێک بۆ من نامێنێت. ئیتر له‌وه ناکۆڵمه‌وه ئه‌گه‌ر نه‌بم له‌وانه‌یه هه‌موو شتێکیش له‌ناو بچێت و هیچ بۆ که‌س نه‌مێنێته‌وه‌و هاوکات له‌گه‌ڵ تیاچونی خۆزانییهکهم، هه‌موو دونیاش وه‌ک به‌شێ له خۆزانینم ئه‌بێته هاڵاو و وه‌ک تاپۆیێک باڵ ئه‌گرێته‌وه. بۆئه‌وه‌ی ره‌نگه ئه‌م دونیا‌و هه‌موو بنیامهکانیشی هه‌ر خۆمی خۆم بن. له بیرمه دانیشتم و بیرم کرده‌وه، هه‌مووی ئه‌م پرسیارانه‌م وا یه‌ک له دوای یه‌ک ئه‌هاتن ئهمپێچان و بیرم له شتێ‌تر ئه‌کرده‌وه.
جارێکیان بیرێکی سه‌یر هاته مێشکم. وتم ئه‌گه‌ر ژیانم له کوره‌ی مانگ یان مریخ بوایێ و له‌وێ تووشی پیسترین و ناشیرین‌ترین کرده‌وه بوایێتم و هێنده بێ ئابڕوویی و ناوزڕاندنی له‌گه‌ڵدا ئه‌بوو که وه‌ک خه‌ون و خه‌یاڵ بێته به‌رچاو، ئه‌گه‌ر دواجار خۆمم له کوره‌ی زه‌وی بهدیکردایێ و ئه‌متوانی ئه‌وه‌ی له کورهکانیتر کردوومه بێنمه‌وه بیر و بمزانیبا ئیتر قه‌ت ناکرێت جارێکی‌تر بۆ ئه‌و شوێنانه بگه‌ڕێمه‌وه‌و له زه‌ویه‌وه مانگم ته‌ماشا کردایێت داخۆ دڵم ئه‌که‌وته خرپه؟ داخۆ به‌هۆی ئه‌و کرده‌وانه‌م ترێق ئه‌بوومه‌وه؟ ئه‌م پرسیارانه قۆڕو بێ‌مانا بوون، بۆئه‌وه‌ی ده‌مانچه‌که‌م لا بوو و بڕوام بوو ئه‌و کاره ئه‌کرێت. به‌ڵام ئه‌و پرسیارانه توڕه‌یان کردم. ئێستا پێویست بوو پێش ئه‌وه‌ی بمرم، بڕێ شت چاره‌سه‌ر که‌م. له‌م حه‌یس و به‌یسه، هه‌راو هوریای ژوری ئه‌فسه‌ره‌که بڕایه‌وه. قوماریان کۆتایی هات و ئه‌یانویست بخه‌ون و هاوکاتیش بۆڵه‌یان ئه‌هات و هیلاک و ماندوو ده‌سیان له شه‌ڕکردن هه‌ڵئه‌گرت. ناکاو له‌سه‌ر سه‌نده‌ڵی خه‌وم لێکه‌وت. پێشتر قه‌ت به‌مجۆره نه‌بوو. ئه‌توانم بڵێم بێئه‌وه‌ی بمه‌وێت خه‌وم لێکه‌وت.
هه‌روا که هه‌موو ئه‌زانین، خه‌ون و خه‌یاڵ شتێکی سه‌یرو سه‌مه‌رن. به‌شێکیان جووان ئه‌بینین، به ورده‌کاریه‌کی شارهزانهو زێڕین. به‌ڵام بهشهکانیتری هه‌روا ته‌ماشا ئه‌که‌ین و سه‌رنجیشمان راناکێشن. خه‌ون وا ئه‌نوێنێ نه‌ک له زانست به‌ڵکو له ئاوات، نه‌ک له مێشکه‌وه به‌ڵکو له دڵه‌وه دێن. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش بڕێ‌جار، زانست کڵاوی ناوه‌ته سه‌ر خه‌ون و چیها شتی بێ سه‌روبن له خه‌ونا رووی نه‌داوه! بۆ وێنه براکه‌م پێنج ساڵه مردووه. بڕێ‌جار خه‌وی پێوه ئه‌بینم. ئه‌و له کاره‌کانما به‌شداری ئه‌کات و زۆریش گیرۆده‌ی یه‌کین. هه‌رچه‌ن له خه‌ویشدا ئه‌زانم ئه‌و مردووه‌و له ژێر گڵه. چۆنه ئه‌و که مردووه به‌ڵام له لامه‌و پێکه‌وه کار ئه‌که‌ین لام گرینگ نییه. ئه‌ی بۆچی مێشکم بڕوا به‌مه ئه‌کات؟ به‌ڵام ئیتر به‌سه. ئه‌مه‌وێ خه‌ونه‌که‌م بگێڕمه‌وه. به‌ڵێ، من خه‌ونێکم بینی. خه‌ونی سێی ره‌زبه‌ری من. خه‌ڵک لۆمه‌م ئه‌که‌ن و پێم ئه‌ڵێن خه‌ون بووه. به‌ڵام جیاوازی چییه خه‌ون بێت یان راست، ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ونه راستیه‌کانی بۆم ئاشکرا کردبێت؟
ئه‌گه‌ر سه‌رده‌مانێک، که‌سێک له راستیه‌کان بزانێ و بیانبینێ، تێده‌گات هه‌ر ئه‌وه راسته‌و شتێکی‌تر ناتوانێ بێت، جا چ خه‌وتبێت چ به‌خه‌به‌ر. ئێستا وابزا خه‌ون بووه، ده‌سی خۆش بێ، به‌ڵام من به خۆکوژیم ئه‌مویست هه‌ر ئه‌و ژیانه راسته‌قینه ئێوه پێوه‌ی ئه‌نازن له ناوی ببه‌م و خه‌ونه‌که‌م، خه‌ونه‌که‌م، ئاخ، ژیانێکی جیاوازی پیشان دام. ژیانێکی سه‌ر له نوێ، شکۆدارو پڕ له هێزو توانا. گوێ بگرن.
وتم بێئه‌وه‌ی بمه‌وێت خه‌وم لێکه‌وت و وایشه بوو وامئه‌زانی هێشتا خه‌ریکم له‌و شتانه بیر ئه‌که‌مه‌وه. ناکاو خه‌وم دی ده‌مانچه‌م نا به‌سه‌ر دڵمه‌وه، دڵم نه‌ک مێشکم. به‌ڵام پێشتر ویستبووم لای راستی مێشکم کاول که‌م. دوای ئه‌وه‌ی نام به سینگمه‌وه، یه‌ک دو چرکه ماتڵ بووم و ئه‌مجار مۆمه‌که‌م، مێزه‌که‌م و دیواری ژوره‌که‌م له پێش چاوم که‌وتنه جوڵه. به‌په‌له چرکاندم.
له خه‌ونه‌کاندا، بڕێ‌جار له به‌رزایی ئه‌که‌ونه خوار، یان چه‌قۆتان لێئه‌درێت یان که‌سێک لێتان ئه‌دات، به‌ڵام قه‌ت هه‌ست به ئێش و ژان ناکه‌ن مه‌گه‌ر خۆتان کوتابێته سه‌ر نوێنهکهتان و ئێشتان پێگه‌یشتبێت و له ئێشا به‌خه‌به‌ر بێن. خه‌ونه‌که‌ی منیش هه‌روا بوو. هه‌ستم به ئێشێک نه‌کرد، به‌ڵام وا ئه‌ینواند له‌گه‌ڵ ته‌قه‌که‌م، ئه‌وه‌ی له نێو سکما بوو که‌وتبوونه جوڵه‌و ناکاو هه‌مووشتێک له دهوروبهرما ره‌ش و تاریک هه‌ڵگه‌ران. وه‌ک ئه‌وه‌ی کوێر ببێتم و هه‌ستم ئه‌کرد سڕ بووم و پشته‌وقه‌فا له‌سه‌ر شتێکی ره‌ق درێژم کێشاوه. هیچم نه‌دی و نهیشمهتوانی جوڵه بکه‌م. لهملاولام چه‌ن که‌سێک هاتوچویان بو و هاواریان ئه‌کرد، ئه‌فسه‌ره‌که ئه‌ینه‌ڕاند، خاتونه خاوه‌ن ماڵه‌که ئه‌یقیژاند. ناکاو له ناو تابوتێکی سه‌ربه‌ستراودا ئه‌یانبردم. تابوته‌که ته‌کان و شه‌کانی زۆر بوو هه‌ربۆیه لێی ورد بومه‌وه. بۆ یه‌که‌مجار دایه مێشکم نه‌کا مردبێتم،مردووی مردوو. ئه‌مه‌م زانی‌و بڕوام پێ‌کرد. نه توانای دیتنم بوو، نه توانی جوڵانه‌وه به‌ڵام هه‌ستم بو و بیرم ئه‌کرده‌وه. کاتێ خۆمم له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌که‌دا رێخست و هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی ئه‌بێ له خه‌ونا رووبدات منیش بێ سێ و دوو هه‌مووشتێکم په‌سه‌ند کرد.
ئێستا له ژێر گڵ بووم. هه‌موویان رۆشتن، ته‌نیا مامه‌وه، ته‌نیای ته‌نیا. جوڵم نه‌کرد. جاران هه‌رکات بیرم له گۆڕ ئه‌کرده‌وه، هه‌ستم به شوێنێکی نماوی و سارد ئه‌کرد. هه‌ربۆیه هه‌ستم کرد سه‌رمامه، به تایبه‌ت نوکی قامکه‌کانی پام، به‌ڵام هه‌ستم به هیچیتر نه‌کرد.
هه‌روا راکشابووم و سه‌یره چاوه‌ڕوانی هیچ نه‌بووم. بێ سێ و دوو بڕوام کردبوو مردوو نابێ ته‌مایه‌ری هیچ شتێک بێت. به‌ڵام ئه‌وێ ته‌ڕ بوو. نازانم چه‌نێ تێپه‌ڕی، کاژمێرێ یان چه‌ن رۆژ یان چه‌ن ساڵ. ناکاو دڵۆپێ ئاو تکایه سه‌ر چاوی چه‌پم که قونجابوو. ئه‌و دڵۆپه له درزی تابوته‌که‌وه دزه‌ی کردبوو. دوای خۆله‌کێک، دڵۆپی دوههمیش تکا. خولهکێتر سێیه‌میان تکاو به‌مجۆره هه‌ر خوله‌ک دڵۆپێ ئه‌تکا. ناکاو هه‌ستی توڕه‌یێکی قوڵ که‌وته دڵم و له‌و هه‌سته ژانێکی سروشتیم پیا پێچیا. به‌خۆمم وت"ئه‌مه شوێنی برینه، برینی فیشه‌ک..."و هه‌ر خوله‌کێک دڵۆپێ ئه‌تکایه سه‌ر چاوه قونجاوهکهم. له ناکاو، نه‌ک به ده‌نگ، به‌ڵکو به هه‌موو توانام، با‌نگم له‌و هێزه که به‌رپرسی هه‌موو ئازاره‌کانمه کرد:
"ئه‌ته‌وێ کێ بیت ببه، ئه‌گه‌ر هه‌یت، ئه‌گه‌ریش شتێک ماقوڵانه‌تر له‌وه‌ی لێره رووئه‌دات شک ئه‌به‌یت، به‌ساقه‌و بم، بینێره با بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌ته‌وێ به‌م ئاکامه تۆقێنهرو هیچ و پووچ و قۆڕه، تۆڵه‌ی خۆکوژیم لێ بسێنیته‌وه، پێت ئه‌ڵێم هیچ لێدان و ئهشکهنجهیێک وه‌ک ئه‌م سووکایه‌تیه‌ی به زمانی به‌سراوه هه‌ستی ئه‌که‌م نابێت، ئه‌گه‌ر ملوێنێ ساڵیش ئه‌شکه‌نجه‌م که‌یت".
ئه‌م گله‌یی و بناشتهم به هێمنی کرد‌و بێده‌نگ مامه‌وه. خوله‌کێک به بێده‌نگی تێپهڕاو دواجار دڵۆپێکیتر تکا. به‌ڵام دڵم قورس بوو له‌وه‌ی هه‌مووشتێ ئهگۆردڕێت. ناکاو گۆڕه‌که‌م له بنه‌وه قڵهشا. هه‌ڵبه‌ت نازانم قڵهشا یان ئه‌و ئانه تێگه‌یشتم. به‌ڵام گیانله‌به‌رێکی ره‌ش و نامۆ هه‌ڵیگرتم و به‌ره‌و ئاسمان بردمی. ناکاو چاوم ساخه‌وه بوو شتم ئه‌بینی. نیوه‌شه‌و بوو. قه‌ت وه‌ها تاریکایهکم نه‌دیبوو. ئێمه ئێجگار دور له زه‌وی، له ئاسمانا ئهفڕاین. له‌و گیانله‌به‌ره‌ی منی گرتبو هیچم نه‌پرسی. خۆڕاگر چاوه‌ڕوان مام. خۆمم دڵنیا کرد که ناترسم. نازانم چه‌نێ فڕاین. ناتوانم بیری لێبکمهوه. هه‌ر وه‌ک خه‌ون، کاتێ هه‌موو یاساکانی زه‌وی و ئاسمان و بیر و بوون له‌به‌ر چاو ناگرین و هه‌ر ئه‌و شتانه‌ی پێمان خۆشه ئه‌بینین، روویدا. بیرمه ناکاو چاوم به ئه‌ستێره‌یه‌ک له‌و تاریکیا که‌وت. بێ بیرکردنه‌وه پرسیم: ئه‌مه کۆمه‌ڵه ئه‌ستێره‌ی یهمانییه؟ بۆئه‌وه‌ی بڕیارم دابووه خۆم پرسیار نه‌که‌م.
گیانله‌به‌ره‌که وا منی ئه‌برد وڵامی دایه‌وه: نا، هه‌ر ئه‌و ئه‌ستێره‌یه شه‌وه‌که کاتی گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵ له ناو هه‌وره‌کان بینیت.
تێگه‌یشتم روخسارێکی وه‌ک بنیامی هه‌یه. سه‌یره نه‌ک خۆشم لێی نه‌هات به‌ڵکو زۆر قینم لی بوو. من به ته‌مای نه‌بوونێکی کوت و مت بووم و هه‌ر به‌م بۆنه‌وه فیشه‌کێکم نا به دڵمه‌وه. به‌ڵام ئێستا لێره له باوه‌ش گیانلهبهرێکا بووم که بنیام نه‌بوو به‌ڵام گیاندار بوو. به‌و گهوجیهتیه سه‌یره له خه‌ودا هه‌یه به خۆمم وت: ئێ، وادیاره ژیانی دوای مردنیش هه‌یه. به‌ڵام هیچ گۆڕانێک له دڵما رووی نه‌دا. بیرم کرده‌وه: ئه‌گه‌ر ناچار بم دیسان زیندوو ببمه‌وه‌و جارێکی‌تر له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزێکی نه‌به‌زدا بژیم، ئیتر نه ئه‌یدۆڕێنم نه سووک ئه‌بم.
پرسیارێکی سووکانهم له مێشک‌دا بوو که نه‌مئه‌توانی نه‌یڵێم و هه‌ستیشم ئه‌کرد سووکیهتی وه‌ک ده‌رزی ئه‌چه‌قێته سه‌ر دڵم، به‌ڵام ناکاو به هاوڕێکه‌مم وت: ئه‌زانی لێت ترسام و ئه‌توانی به‌م بۆنه‌وه سووکایه‌تیم پێبکه‌یت؟ ئه‌و وڵامی پرسیاره‌که‌می نه‌دایه‌وه به‌ڵام ناکاو هه‌ستم کرد سووکایه‌تیم پێئهکاو بگره پێم پێئهکهنێو هیچیش دڵی بۆم ناسووتێت و ئه‌م سه‌فه‌ره‌یش هه‌ر بۆخۆم گرینگه‌و به‌س. دڵه‌ڕاوکێم ده‌ستی پێ‌کرد. شتێک بێده‌نگ و هه‌را خه‌ریک بوو له لایه‌ن هاوڕێکه‌مه‌وه بینمی ئه‌گرت. ئێمه خه‌ریک فڕین له شوێنێکی تاریک و نامۆ بووین. بۆ ماوه‌یێک بیناییم نه‌ماو نه‌مئه‌توانی کۆمه‌ڵه ئه‌ستێره‌کان ببینم. ئه‌مزانی چه‌نا ئه‌ستێره له ئاسمانه‌کان هه‌ن که هه‌زاران و بگره ملوێنان ساڵ ئه‌بات شه‌وقیان بگاته سه‌ر زه‌وی. ره‌نگه ئه‌وکات خه‌ریکی فڕین له‌و جۆره شوێنانه بووین. به ترسه‌وه چاوه‌ڕوانی شتێکم ئه‌کرد. ناکاو هه‌ستێکی ناسراو هاته ناخم و هاتمه‌وه خۆ. ناکاو خۆرم دی. ئه‌مزانی ناکرێ ئه‌مه خۆره‌که‌ی خۆمان بێت، هه‌ر ئه‌وه‌ی ژیان ئه‌دات به زه‌وی. ئه‌مه‌یش له کاتێکا بوو که ماوه‌یێکی دور له خۆره‌که‌ی خۆمان دور بووین به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه تێگه‌یشتم ئه‌مه خۆرێکه وه‌ک خۆره‌که‌ی خۆمان. لفهودووانهی ئه‌و. هه‌ستێکی خۆش دڵمی وروژاند. هێزێکی هاوتا له شه‌وقێکی هاوتا، هێزێکی خسته دڵم و بۆ یه‌که‌مجار، دوای مردنم، هه‌ستم به ژیان کرد، ژیانێک وه‌ک ژیانێ که پێشتر بووم.
هاوارم کرد: به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه خۆر بێ، ئه‌گه‌ر وه‌ک خۆره‌که‌ی خۆمان بێ، ئه‌ی زه‌وی له کوێیه؟
هاوڕێکه‌م ئه‌ستێره‌یێکی پیشان دام له‌و دوره‌وه به تیشکی سه‌وزه‌وه بریقه‌ی ئه‌هات و ئێمه به‌ره‌و ئه‌وێ ئهفڕاین.
له خۆشی و ئه‌شقی دیتنی زه‌وی، ئه‌و زه‌ویه که جێم هێشتبوو، هاوارم کرد: داخۆ ئه‌م دوپات بوونه‌وانه له دونیادا ئاساییه؟ داخۆ ئه‌مه ئه‌توانێ یاسای سروشت بێت؟... ئه‌گه‌ر زه‌ویه‌ک له‌وێ ببێت، ئه‌کرێ وه‌ک زه‌وی خۆمان بێت... وه‌ک خۆی، هه‌ر به‌و به‌وبه‌ختی و خهمینیهو هاوکات خۆشه‌ویستی هه‌مووان؟ داخۆ ئه‌میش ئه‌توانێ له ناخی بنیامه سپڵهکانیا، هه‌ر ئه‌و ئه‌شق و خۆشه‌ویستیه ساز کات وا ئێمه به زه‌وی خۆمان هه‌مانه؟ وێنه‌ی ئه‌و کیژه داماوه‌ی له خۆمم تاراند هاته پێش چاوم.
هاوڕێکه‌م وڵامی دامه‌وه: له هه‌مووشتێک تێئه‌گه‌یت. خه‌مێک له ده‌نگیدا بوو. به‌ڵام ئێمه به په‌له له ئهستێرۆکهکه نزیک ئه‌بووینه‌وه. ورده‌ورده شته‌کانم باشتر ئه‌دی. ئه‌متوانی زه‌ریاو وشکاییه‌کان جیا که‌مه‌وه. ناکاو هه‌ستێکی قوڵی چاوچنۆکی که‌وته دڵم. چۆن ئه‌کرێ هه‌مووشتێک دووپات بکرێته‌وه‌و له‌به‌ر چی؟ من ئه‌شقی ئه‌و زه‌ویه‌م وا جێم هێشت، وا به سپڵه‌یی به خوێنم پیسم کرد، وا به فیشه‌کێک کۆتاییم به ژیانم هێناو هه‌ر خۆشیشم ئه‌وێت. به‌ڵام قه‌ت، قه‌ت پاشه‌کشێم له خۆشه‌ویستیم نه‌کرد و ره‌نگه ئه‌و شه‌وه‌ی جێم هێشت له هه‌مووکاتێ زیاتر خۆشم ئه‌ویست. داخۆ له‌م زه‌ویه نوێیه‌ش ره‌نج هه‌یه؟ له زه‌وی خۆمان ته‌نیا به ره‌نج کێشان و له رێگه‌ی ره‌نج کێشانه‌وه ئه‌توانین خۆشه‌ویستی بکه‌ین. جۆرێکی‌تر ناتوانین، جۆرێکی‌تر له خۆشه‌ویستی ناناسین. ئهئهمهوێ بۆ خۆشویستن ره‌نج بکێشم. تامه‌زرۆی ئه‌و ده‌مه‌م به فرمێسکه‌کانم ئه‌و زه‌ویه‌ی وا جێم هێشتووه ماچ که‌م و ژیانی سه‌ر زهویهکیترم ناوێت و نه‌مگه‌ره‌که.
به‌ڵام هاوڕێکه‌م جێمی هێشتبوو. ناکاو بێئه‌وه‌ی بزانم و ئاگام لی بێت،خۆمم له به‌ر تیشکی روونی خۆره‌تاوێکی ناسکی به‌هه‌شت له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویه بینی. دڵنیام له دوڕگهیێکی سه‌ر زه‌وی خۆمان، له‌وانه‌ی کۆمه‌ڵه دوڕگه‌ی یۆنان پێک ئێنن، یان له وشکایی به‌رانبه‌ریان، وێستابووم. ئاخ، هه‌مووشتێ وه‌ک شته‌کانی خۆمان بوون. ته‌نیا جیاوازی ئه‌وه بوو هه‌موو شتێ وا ئه‌ینواند له خۆشی و شادییا ئه‌دره‌وشێ و شکۆ و گه‌وره‌ییه‌کی پیرۆزی هه‌یه. زه‌ریای دڵاوا، سه‌وز وه‌ک زمڕوت هێمن به لێوارا ئهخزاو به ئه‌شقێکی ئاشکرا ماچی ئه‌کرد. دار به‌رزو خۆشه‌ویسته‌کان به‌وپه‌ڕی شکۆی لاویه‌تی، باڵایان کردبوو دڵنیام به خشه‌خشی خۆشی گه‌ڵاکانیان به‌خێرهاتنیان ئه‌کردم و ئه‌ڵێی وشه‌ی ئه‌شقیان بۆ ئهچڕیم. سه‌وزه‌ڵانی به گوڵه بریقه‌دارو بۆن خۆشه‌کانیه‌وه سه‌مای ئه‌کرد. باڵنده‌کان به‌کۆمه‌ڵ ئه‌فڕان و بێ مه‌ترسی له سه‌ر شان و قۆڵم ئهنیشتنهوهو به چێژه‌وه باڵیان له من ئه‌سوی. له ئاکامدا خه‌ڵکه خواپێداوهکانیم بینی و ناسیانم. ئه‌مه له کاتێکدا بوو که له ده‌ورم کۆ بونه‌وه‌و ماچیان کردم. منداڵانی خۆر، منداڵانی خۆره‌که‌ی خۆیان، ئاخ که چه‌ن جووان بوون! له‌سه‌ر زه‌وی خۆمان قه‌ت جووانیهکی وام له هیچ بنیادهمێکا نه‌دیبوو. ره‌نگه له نێو منداڵان ئه‌ویش له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نیان بکرێ به‌شێکی پچوک له‌م جووانیه ببینی. چاوی ئه‌م خه‌ڵکه سه‌رخۆشه،بریقه‌ی ئه‌هات و ئه‌دره‌وشایه‌وه. روومه‌تیان، به تیشکی هێمنی و زانست که له تێگه‌یشتوویی سه‌رچاوه‌ی ئه‌گرت ئه‌دره‌وشا. روخساریان سه‌رخۆش و وشه‌و ده‌نگیان سه‌رخۆشیه‌کی منداڵانه‌ی تێدا بوو. ئاخ، هه‌ر خێرا له سه‌ره‌تاوه له هه‌موو شتێ تێگه‌یشتم! ئێره، زه‌ویێک بوو که تاوانی هاتنه‌خوار به نێوچاوانیه‌وه نه‌بوو. خه‌ڵکێکی بێ تاوان له‌وێ ئه‌ژیان. له به‌هه‌شتێک ئه‌ژیان که به پێی چیرۆکه کۆنه‌کانی مرۆڤ،دایک و باوکمان پێش له تاوانه‌که‌یان له‌وێ ژیابوون. ته‌نیا جیاوازیه‌که‌ی له‌وه‌دا بوو که ئه‌م زه‌ویه هه‌موو شوێنێکی وه‌ک به‌هه‌شت بوو. ئه‌م خه‌ڵکه که به چێژه‌وه پێئهکهنان، له ده‌ورم کۆ بوونه‌وه‌و له ئامێزیان گرتم. له‌گه‌ڵ خۆ بردمیانه‌وه بۆ ماڵیان،و هه‌رکام به‌جۆرێ ئه‌یانویست ئهرخایهنم که‌ن. ئاخ، ئه‌وان هیچ پرسیرێکیان لێم نه‌کرد. به‌ڵام به‌ڕای من، بێئه‌وه‌ی شتێک بپرسن، هه‌مووشتێکیان ئه‌زانی و ئه‌یانویست به په‌له نێوچاوانم له خه‌م بسڕن.
پێتانوایه بوو به چی؟ هه‌رچه‌ن هه‌مووی خه‌ون بوو، به‌ڵام هه‌ستی خۆشه‌ویستی ئه‌و خه‌ڵکه بێ تاوان و جووانه هه‌تاهه‌تایه له دڵما ئه‌مێنێت. جۆرێکیشه هه‌ست ئه‌که‌م هێشتا خۆشه‌ویستیان له‌وێڕا بۆم دێت. به چاوی خۆم ئه‌وانم بینی، ناسیم و دڵنیا بووم خۆشیانم ئه‌وێت. دواجار به‌هۆی ئه‌وانه‌وه ره‌نجم کێشا. ئاخ، هه‌ر ئه‌وکات، تێگه‌یشتم سه‌ر له بڕێ کاریان ده‌رناهێنم. وه‌ک رۆشنبیرێکی نوێخوازو شارنشینێکی هه‌ژار، تێگه‌یشتم ئه‌وان به‌و هه‌مووه زانینه‌ش هێشتا زانستێکی وه‌ک ئێمه‌یان نییه. به‌ڵام زوو زانیم زانسته‌که‌یان به هه‌ستێکی جیاواز پێک هاته‌و په‌ره‌ی سهندهو ئاواته‌کانیشیان جیاوازه. ئه‌وان ئاواتێکیان نه‌بو و له ئاشتی و ته‌باییدا ئه‌ژیان. ئه‌وان وه‌ک ئێمه تامه‌زرۆ نین مانای ژیان بزانن بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێ بێ که‌م و کوڕییان بوو. به‌ڵام زانستیان سهرترو بیرمهندتر له زانستی ئێمه بوو. زانستی ئێمه به‌و ئاواته‌یه ژیان شی بکاته‌وه‌و تێبگات به‌ڵکو بتوانێت خۆش ویستنمان فێر بکات. به‌ڵام ئه‌وان ئه‌یانزانی چۆن بژین بێئه‌وه‌ی له هیچ زانستێ که‌ڵک وه‌رگرن. من له‌مه گه‌یشتم به‌ڵام نه‌متوانی له زانستیان تێبگه‌م. ئه‌وان داره‌کانیان پیشان ئه‌دام و من نه‌مئه‌توانی له‌و خۆشه‌ویستیه قوڵه بگه‌م کاتێ له داره‌کانیان ئه‌ڕوانی. وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گیانله‌به‌رێ وه‌ک خۆیان ئه‌دوێن. ههڵهیشم نه‌کرده گه‌ر بڵێم له‌گه‌ل داره‌کان وت‌ووێژیان ئه‌کرد. ئه‌وان فێری زمانی داره‌کانیان ببوون و دڵنیام داره‌کانیش له قسه‌کانی ئه‌وان تێئه‌گه‌یشتن. ئه‌وان هه‌ر به‌مجۆره له سروشتیان ئه‌ڕوانی، گیانله‌به‌ره‌کان بێ مه‌ترسی ئه‌ژیان و هێرشیان نه‌ئه‌کردو خه‌ڵکه‌که‌یان خۆش ئه‌ویست و ئه‌مانیش به ئه‌شقه‌وه فه‌رمانیان ئه‌دا. له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌کانیش هه‌ر به‌وجۆره پێوه‌ندیه‌کی زیندوویان بوو که من قه‌ت لێی نه‌گه‌یشتم. ئه‌و خه‌ڵکه ئه‌یانویست لێیان تێبگه‌م. به‌ڵام هه‌ر به‌مجۆره‌ش که بووم منیان خۆش ئه‌ویست و منیش تا ئه‌متوانی سه‌باره‌ت به زه‌وی هیچم نه‌ووت. له پێش چاوی ئه‌وان زهویهکهیانم ماچ ئه‌کردو بێده‌نگ ئهیانمپهرهست. ئه‌وان له‌مه تێگه‌یشتن و ئیزنیان دام بێئه‌وه‌ی ترێق ببمه‌وه له پێش چاویاندا بیانپهرهستم، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش ئاشق بوون. ئه‌وان له‌وه‌ی بڕێ‌جار به گریانه‌وه پایان ماچ بکه‌م نهئهڕهنجان و به چێژه‌وه ته‌مایه‌ری خۆشه‌ویستیان ئه‌بووم. بڕێ‌جار به خۆمم ئه‌وت بۆچی قه‌ت نامڕهنجێنن و قه‌ت به‌خیلیم پێ نه‌بردن؟ بڕێجاریش له خۆم سه‌رم سوڕ ئه‌ما به‌و هه‌مووه درۆزنیه بۆ قه‌ت باسم له‌و شتانه‌ی ئه‌مزانی نه‌کرد، ئه‌و شتانه‌ی به بیریشیاندا نه‌ده‌هات، قه‌ت نه‌که‌وتمه راڕا بۆ ماق کردنیان یان خێرێکیان پێبگه‌یێنم.
ئه‌وان وه‌ک منداڵ خۆش و به که‌یف بوون و له نێو دارستان و گوڵاڵه سوره جووانهکانیان ئه‌گه‌ڕان و گۆرانیه خۆشه‌کانی خۆیانیان ئه‌خوێند. نان و چێشتی جێژنه‌کانیان ساکارو بریتی له به‌رهه‌می داره‌کان و هه‌نگوینی دارستان و شیری گیانله‌به‌ره خۆشه‌ویسته‌کانیان. به سانایی چێشت و جل و به‌رگیان ته‌یار ئه‌کرد. ئه‌شقی یه‌ک ئه‌بوون و منداڵیان ئه‌بوو. به‌ڵام قه‌ت ته‌ماح تێکردن و ئه‌و شاوهته بێرهحمهی که سه‌رچاوه‌ی هه‌موو تاوانه‌کانی بنیامی سه‌ر زه‌ویه له‌واندا نه‌مدی. کاتێ منداڵیان ئه‌بوو شاد ئه‌بوون بۆئه‌وه‌ی منداڵیان به خوڵقاوێکی نوێ ئه‌زانی که ئه‌بێ شاییهکانیان له‌گه‌ڵا به‌ش که‌ن. قه‌ت شه‌ڕ و به‌خیلیم لێیان نه‌دی و مانای ئه‌و وشانهشیان نه‌ده‌زانی. منداڵیان منداڵی هه‌مووان بوو. بۆئه‌وه‌ی هه‌موو بنه‌ماڵه‌یێک بوون. به‌ده‌گمه‌ن نه‌خۆش ئه‌که‌وتن به‌ڵام مردنیشیان بوو. پیره‌کان له‌وپه‌ڕی هێمنایه‌تیدا، وه‌ک ئه‌وه‌ی بیانه‌وێ بنوون، ئه‌مردن و به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی ئهشقانهوه دۆعای به‌خێریان ئه‌کرد بۆ ئه‌وانه‌ی له ده‌وریان بۆ دوایین ماڵاوایی کۆ ئه‌بوونه‌وه. له‌و کاته‌دا قه‌ت خه‌م و شین و شیوه‌نم نه‌دی، ته‌نیا ئه‌شقێکی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر بوو که به هێمنی و بیرمه‌ندی و ماقوڵانه ئه‌یاننواند. پێموابێ دوای مردنیش پێوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ئه‌و رهحمهتیهدا به‌رده‌وام ئهماو یه‌کگرتنه زهوینیهکهیان به مردن کۆتایی نه‌ده‌هات. ئه‌وان کاتێ پرسیاری قیامه‌ت و هه‌تاهه‌تایی بوونم لێئه‌کردن له قسه‌کانم تێنه‌ئه‌گه‌یشتن. به‌ڵام ئاشکرا دیاربوو هێنده له‌م بابه‌ته دڵنیا بوون وه‌ک ئه‌وه‌ی قه‌ت ئه‌م پرسه‌یان لا گرینگ نه‌بووه. ئه‌وان په‌رستگه‌یان نه‌بوو به‌ڵام ژیانێکی راسته‌قینه‌و هه‌ستێکی به‌رده‌وامیان له بوونی یه‌ک خوا بۆ هه‌موو دونیا بوو. ئه‌وان بێ بڕوا بوون، به‌ڵام به زانستێکی بێ سێ و دوو قاییل به‌وه بوون دوای کۆتایی هاتنی چێژی سه‌ر زه‌وی، هه‌مووان، مردوو یان زیندوو، به‌هۆی پێوه‌ندی گرتن به هه‌موو جیهانه‌وه چێژێکی قوڵتر تهمایهریانه. ئه‌وان به چێژه‌وه ته‌مایه‌ری ئه‌و ده‌مه بوون. به‌ڵام په‌له‌یان نه‌بوو و خه‌میان بۆ نه‌ده‌خوارد. به پێچه‌وانه وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشتر چێژهکهیان چێشتبێت باسیان ئه‌کرد.
ئێواره، پێش ئه‌وه‌ی بنوون، تێکڕا چه‌ن گۆرانیه‌کی خۆش و رێک و پێکیان ئه‌خوێند. ئه‌وه‌ی له‌و رۆژه هه‌ستیان کردبوو به گۆرانی ده‌ریان ئه‌بڕی و ئیتر بیریان لێنهئهکردهوه. ئه‌وان به‌م گۆرانیانه رێزیان له سروشت، زه‌ریاو دارستان ئه‌گرت. ئه‌وان گۆرانیان به یه‌کترا ئه‌خوێندو وه‌ک منداڵ تاریفی یه‌کتریان ئه‌کرد. گۆرانیه‌کان ساکارو له دڵه‌وه بوو. نه‌ک له گۆرانیه‌کاندا به‌ڵکو ژیانیشیان بریتی له تاریف کردنی یه‌کتر بوو. وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌شقی یه‌کترن و ئه‌مه هه‌ستێکی گشتی بوو.
من له بڕێک له گۆرانیه فه‌رمیه‌کانیان تێنائهگهیشتم. له وشه‌کانی ئه‌گه‌یشتم به‌ڵام قه‌ت نه‌متوانی له ما‌نایان بگه‌م و هه‌روا به نه‌زانی مامه‌وه. به‌ڵام ئه‌م نه‌زانیه به‌رگری له حه‌زی من نه‌ئه‌کردو رۆژ له دوای رۆژ زیاتر له دڵما جێگه‌ی ئه‌کرده‌وه. بڕێ‌جار به ئه‌وانم ئه‌ووت، ئه‌م شکۆو چێژه‌م کاتێ له سه‌ر زه‌وی خۆمدا ئه‌ژیام به شێوه‌یێکی خه‌ماوی و رقاوی هه‌مبووه‌و وێنه‌یێکم له‌م شکۆو خه‌ونه له مێشکمدا دیبوو. بۆیه قه‌ت نه‌متوانی ته‌ماشای ئێوارانی خۆر بکه‌م و به‌هۆی رق و قینم له بنیامه‌کان نه‌گریم. بۆئه‌وه‌ی خۆشیانم نه‌وێت بۆچی ناچار بووم قینم لییان نه‌بێت؟ بۆ نه‌مئه‌توانی بیانبوورم؟ خۆشه‌ویستیشم به ئه‌وان هه‌ر وه‌ها. بۆئه‌وه‌ی قینم لییان نه‌بێت بۆچی ناچار بووم خۆشیانم نه‌وێت؟ ئه‌وان گوێیان لێئهگرتم و ئه‌مزانی لێم تێناگه‌ن به‌ڵام له‌وه‌ی وتم په‌شیوان نه‌بووم. ئه‌مزانی ئه‌وان تێئه‌گه‌ن له‌وه‌ی چه‌ن به په‌رۆشم به تاسه‌ی ئه‌وانه‌ی جێم هێشتوون. به‌ڵام کاتێ به‌و چاوه پڕ ئهشقهیان، دڵۆڤانه ته‌ماشایان ئه‌کردم، کاتێ هه‌ستم ئه‌کرد به بوونی ئه‌وان دڵی منیش وه‌ک دڵی ئه‌وان خاوێن و بێخه‌وش ئه‌بێت، ئه‌م هه‌سته هه‌ناسه‌می ئه‌بڕی و بێده‌نگ ئهیانمپهرست.
ئاخ، ئێستا هه‌موو گاڵته‌م پێئه‌که‌ن و ئه‌ڵێن که‌س ناتوانێت به‌مجۆره‌ی موبهمو ئه‌یگێڕمه‌وه، خه‌ون ببینێت. داخۆ ته‌نیا خه‌ونێکه یان وڕینه‌ی کاتی خهوتنهو که به‌خه‌به‌ر هاتمهتهوه سازم کردوون. کاتێکیش وتم ره‌نگه به‌مجۆره بێت که ئه‌وان ئه‌ڵێن، ئای خوا، نازانن چۆن که‌وتنه پێکه‌نین و گاڵته‌یان پێکردم! ئاخ، به‌ڵێ،که‌وتمه داوی هه‌ستی خه‌ونم و ئه‌مه ته‌نیا شتێک بوو له‌و دڵه بریندارهما مایه‌وه. به‌ڵام وێنه‌کانی راسته‌قینه‌ی خه‌ونه‌که‌م، مه‌به‌ستم ئه‌و شتانه‌یه به خه‌و بینیم، هێند رێک و پێک بوون، هێند دڵڕفێن و راسته‌قینه بوون که کاتێ به‌خه‌به‌ر هاتمه‌وه توانای گێڕانهوم به‌م زمانه کولهمان نه‌بوو. بۆیه وه‌ک وێنه‌یێکی ڵێڵ له مێشکما مانه‌وه‌و ره‌نگه دواجار ناچار بووم ورده‌کاریه‌کانی له خۆمه‌وه سازکه‌م و به پێی هه‌ستم نه‌ختێک بیانگۆڕم و تا دره‌نگ نه‌بووه بتوانم به‌شێکی بۆ ئێوه بگێڕمه‌وه. به‌ڵام ناتوانم یارمه‌تیتان بده‌م بڕوای پێبکه‌ن. ره‌نگه هه‌زاران جار به‌چێژترو روونترو خۆشتر له‌و شته بوو ئه‌یڵێم. هه‌رچه‌ن به خه‌و بینیومه به‌ڵام ئه‌بێ راست بووبێ. ئه‌مه‌وێ نهێنیێکتان بۆ باس بکه‌م. ره‌نگه خه‌ون نه‌بوو! بۆئه‌وه‌ی دواجار شتگه‌لێکی هێند تۆقێنهرو راسته‌قینه روویدا که ناکرێت خه‌یاڵاتی خه‌ونێک بن. ره‌نگه ئه‌م خه‌ونه له دڵمه‌وه هه‌ڵقوڵابێ به‌ڵام داخۆ دڵم به ته‌نیا ئه‌توانێ رووداوه تۆقێنه‌ره‌کانی دواجاریشی خۆڵقاندبێت؟ چۆن ئه‌متوانی ئه‌مانه به ته‌نیا خۆم بخوڵقێنم یان به خه‌و بیانبینم؟ داخۆ ئه‌م دڵه هه‌ژاره‌و مێشکه رزاوهم ئه‌یانتوانی به‌و ئاسته بگه‌ن راستیه‌کان ببینن؟ ئاخ، خۆتان را بده‌ن: تا ئێستا ئه‌مه‌م ئاشکرا نه‌کردبوو به‌ڵام ئه‌مه‌وێ راستیه‌که‌ی بڵێم. راستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه من... هه‌موویانم گه‌نده‌ڵ کرد!
به‌ڵێ، به‌ڵێ، ئاکامه‌که‌ی ئه‌مه‌یه. هه‌موویانم گه‌نده‌ڵ کرد! چۆن وای لێهات، نازانم. به‌ڵام هه‌مووم باش له بیره. خه‌ونه‌که‌م هه‌زاران ساڵ درێژه‌ی کێشاو ته‌نیا هه‌ستێکی گشتی له مندا جێهێشت. ته‌نیا ئه‌وه ئه‌زانم هۆکاری تاوان و دابه‌زینی ئه‌وان من بووم. وه‌ک پاشاوخۆرێکی بێکه‌ڵک، وه‌ک میکڕۆبی تاعون که‌وتمه گیانیان و خاکیانم گووایی کرد. ئه‌و خاکه‌ی، وا پێش هاتنه‌که‌م سه‌رانسه‌ر شایی و بێ تاوانی بوو. ئه‌وان فێربوون درۆ بکه‌ن، فیز به درۆکانیانه‌وه بکه‌ن و له فڕوفێڵی درۆ وتن تێبگه‌ن. ئاخ، ره‌نگه سه‌ره‌تا هه‌روا بێ بیرکردنه‌وه روویدا. به گاڵته‌یێک، لهنجهولارێ، به لاسایی کردنه‌وه‌یه‌کی ئاشقانه. ره‌نگه به میکڕۆب. به‌ڵام ئه‌و میکڕۆبی درۆیه چووه دڵه‌وه‌و بووه هۆی شادی و خۆشییان. دواجار، هه‌رزوو، ته‌ماح تێکردن هات. ته‌ماح، به‌خیلی به‌دوادا هات و به‌خیلیش، زوڵم و زۆر و هه‌روا هه‌تادێ...
ئاخ، نازانم، له‌بیرم نییه، به‌ڵام زۆری نه‌خایاند، بۆ یه‌که‌مجار خوێنێ رژیا. ئه‌وان گێژ بوون و ترسا‌و که‌وتنه جیابوونه‌وه‌و لێک دابڕان. ئه‌وان کۆمهڵانێکیان دژی یه‌کتر پێکهێنا. تانه‌و ته‌شه‌ر ده‌ستی پێ‌کرد. ئه‌وان فێری ترێق بوونه‌وه بوون و بووه هۆی ئه‌وه روو له پارێزگاری بکه‌ن. مانای شه‌ره‌ف که‌وته زاریان و هه‌ر گروپێ ئاڵای خۆی هه‌ڵکرد. گیانله‌به‌رانیان ئه‌شکه‌نجه ئه‌کردو له ترسا روویان کرده دارستان و بوونه دوژمنی ئه‌وان. ئه‌وان بۆ جیابوونه‌وه، بۆ گۆشه‌نشینی، بۆ تاک بوون، بۆ به‌شی من و به‌شی تۆ، که‌وتنه هه‌وڵ. ئه‌وان قسه کردن به زوانگهلێکی جۆراوجۆریان ده‌س پێ‌کرد. ئه‌وان خه‌م خواردن و حه‌ز به خه‌م خواردن فێر بوون. ئه‌وان تینووی ره‌نج کێشان بوون و ئه‌یانووت ته‌نیا به ره‌نج کێشان راستیه‌کان ئاشکرا ئه‌بن. دواجار زانست خوڵقا. هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پیس و شهڕانیان لێهات، باسی برایه‌تی و خۆشه‌ویستی مرۆڤ که‌وته سه‌ر زاریان. هه‌ر که بوون به پیاوکوژ، دادوه‌ریان خوڵقان و بۆ چاودێری له دادوه‌ری، هه‌موو یاسایێکی ماڤ پارێزیان داڕژان و بۆ دڵنیایی له به‌ڕێوه‌چوونی دادوه‌ری، گیۆتین ساز کرا. قه‌ت بیریان له‌وه‌ی له کیسیان چووبوو نهئهکردهوهو له راستیدا بڕوایان به‌وه نه‌بوو سه‌رده‌مانێ بێ‌تاوان و به‌خته‌وه‌ر بوون. ته‌نانه‌ت گاڵته‌یان ئه‌کرد به‌وه‌ی پێشتر به‌خته‌وه‌ر بووبێتن و وه‌ک خه‌ون و خه‌یاڵ باسیان ئه‌کرد. هه‌رچه‌ن بڕوایان به‌و به‌خته‌وه‌ریه‌ی پێشوویان نه‌بوو وه‌ک چیرۆک باسیان ئه‌کرد به‌ڵام هێند تامه‌زرۆی شادی و به‌خته‌وه‌ری بوون که وه‌ک منداڵ خۆیان دابووه ده‌ست ئه‌م ئاواته‌و په‌یکه‌ره‌و په‌رستگایان ساز کرد‌و ئه‌م خوڵقاوه‌ی خۆیان ئهپهرهست. هه‌رچه‌ن بڕوایان بوو ئه‌و مێژووه قه‌ت نایێته‌وه به‌ڵام سه‌ری کڕنۆشیان بۆ دائهنهواندو به گریانه‌وه ئهیانپهرهست! به‌مجۆره بوون و ئه‌گه‌ر که‌سێ باسی ئه‌و بهختهوهریهو پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی بکردایێت به دڵنیاییه‌وه نه‌یانئه‌ویست! له وڵامی پرسیاری مندا ئه‌یانووت: ره‌نگه ئێمه درؤزن و بێ ویژدان بین، ئه‌مه ئه‌زانین و خه‌م ئه‌خۆین و بۆی ئه‌گرین و ره‌نگه زیاتر له‌و دادوه‌ره‌ش که له‌سه‌ر خوو خدهمان را ده‌ر ئه‌کات و ناویشی نازانین خۆمان ته‌مبێ و ئه‌شکه‌نجه ئه‌که‌ین. به‌ڵام ئێمه زانستمان هه‌یه‌و له‌م رێگه‌وه راستیه‌کان ئاشکرا ئه‌که‌ین و لێیان تێئه‌گه‌ین. زانست گرینگتر له هه‌سته. ناسینی ژیان گرینگتره له ژیان. زانست ئاگاداریمان پێئه‌دات. ئاگاداری، یاسا ئه‌خوڵقێنی و ئاگادار بوون له یاسای شادی گرینگتر له شادییه.
ئه‌مه ئه‌و شته بوو ئه‌یانووت و دواجار هه‌موویان خۆیان له هه‌موو که‌س خۆشتر ئه‌ویست. له راستیدا نه‌یانئه‌توانی جۆرێتر بن. هه‌موویان هێنده ئاگاداری ماڤی تاکه‌که‌سی خۆیان بوون که به‌و په‌ڕی تواناوه هه‌وڵیان ئه‌دا ماڤی ئه‌وانیتر پێشێل بکات و ئه‌مه‌یان به گرینگ‌ترین به‌شی ژیانیان ئه‌زانی. دواجار، کۆلیهتی خوڵقا، ته‌نانه‌ت کۆلیهتی خۆخواز. لاواز، به‌و مه‌رجه‌ی هێزدار یارمه‌تی ئه‌و بدات بتوانێت لاوازتر له خۆی بکێشیته ژێر رکێف، خۆی ئه‌دا به ده‌سته‌وه. دواجار، پیاوخاسهکان ده‌رکه‌وتن و هاتنه نێو خه‌ڵک و به گریان و شیوه‌ن کردن باسی خۆڕاگری و یه‌کگرتن و ناته‌بایی نێوانیان و بێ حه‌یایی خه‌ڵکیان ئه‌کرد. خه‌ڵک گاڵته‌یان به‌و پیاوخاسانه ئه‌کرد و به‌ردبارانیان ئه‌کردن. خوێنی پیرۆز له درگای په‌ره‌ستگاکان رژا. دواجار خه‌ڵکانێک بیریان له‌وه کرده‌وه چۆن ئه‌کرێت دیسانه‌وه هه‌مووان یه‌ک بگرنه‌وه، ئه‌وجۆره‌ی که‌س خۆی هه‌ڵنه‌قورتێنێته کاری که‌س و هه‌مووان ژیانێکی ته‌بایی و هاوسه‌نگیان بێت. به‌م بۆنه‌وه شه‌ڕگه‌لێک هه‌ڵگرسا. هه‌موو شه‌ڕکه‌رێک، بڕوای وابوو زانست و ئاگاداری له خۆ ویستن ئه‌بێته هۆی یه‌کگرتن و پێکهێنانی کۆمه‌ڵگایێکی هاوسه‌نگ و راسته‌قینه. به‌م بۆنه‌وه، بیرمه‌ند، بۆ ئه‌وه‌ی به‌خێرایی ئه‌م ئه‌رکه بچێته پێش، هه‌وڵی ئه‌دا تا ئه‌کرێ خێراتر ئه‌وه‌ی بێبیر بوو و له بیرۆکه‌ی ئه‌م نه‌ئه‌گه‌یشت له ناو ببات. بۆ ئه‌وه‌ی ره‌نگه بێبیر، ببێته هۆی دواکه‌وتن و سه‌ر نه‌که‌وتنی. به‌ڵام هه‌ستی خۆ ویستی به‌خێرایی لاواز بوو. خه‌ڵکانێکی بهپیزو سووک هه‌ڵکه‌وتن داوای هه‌موو یان هیچیان ئه‌کرد. بۆ وه‌ده‌س هێنانی هه‌مووشته‌کان، که‌وتنه کوشت و بڕ و ئه‌گه‌ر سه‌ر نهکهوتایێتن خۆیان ئه‌کوشت. ئایینگهلێک سه‌ریان هه‌ڵدا که بیرۆکه‌یان بۆ دامه‌زراندنی هێمنایه‌تی بریتی له نه‌بوون و خۆ کاول کردن بوو. له ئاکامدا، ئه‌م خه‌ڵکه له‌و ره‌نجه بێ مانایه ماندوو بوون و روخساریان ره‌نگی ره‌نجی لێ‌نیشت. ئه‌مجار بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان کرد ره‌نج کێشان جووانهو ته‌نیا ره‌نج کێشان مانای هه‌یه‌و به‌س. له گۆرانیه‌کانیان رێزیان له ره‌نج ئه‌گرت. ئه‌چوومه لایان و به توڕه‌یی بۆیان ئه‌گریام به‌ڵام زیاتر له‌و کاته‌ی وا هیچ ره‌نجێ به روخساریانه‌وه نه‌بوو بێ تاوان و خۆشه‌ویست بوون، خۆشیانم ئه‌ویست. ته‌نانه‌ت ئه‌و زه‌ویه‌ی وا گه‌نده‌ڵیان کردبوو زیاتر له‌و به‌هه‌شته‌ی پێشوو خۆش ئه‌ویست. ره‌نگه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌می تیا رووابوو. داخه‌که‌م! من هه‌میشه خه‌م و ره‌نج کێشانم خۆش ویستووه، به‌ڵام هه‌ر بۆ خۆم. من دلم ئهسوتاو ئه‌گریام. به ناهمێوی لییان ئهپاڕامهوهو جنێوم به خۆم ئه‌دا. پییانم وت من تاوانبارم. ته‌نیا من. هۆی گه‌نده‌ڵی و پیسی و درۆ کردنیان منم. پاڕامه‌وه هه‌ڵمواسن. فێریانم کرد سێداره ساز بکه‌ن. توانای خۆکوژیم نه‌بوو، دڵی ئه‌وه‌م نه‌بوو. به‌ڵام ئه‌مویست ئه‌وان بمڕه‌نجێنن و به ئاواته‌وه بووم تا دوایین دڵۆپی خوێنم به ئه‌شکه‌نجه‌و ئازاره‌وه بڕێژن. به‌ڵام هه‌ر گاڵته‌یان پێکردم و دواجار وه‌ک شێت له منیان ئه‌ڕوانی. ئه‌یانووت ئه‌وه‌ی ئه‌یانویست هه‌یانه‌و من تاوانم نییه. ئه‌مجار وتیان خه‌ریکم مه‌ترسیدار ئه‌بم و زمانم گرێ نه‌ده‌م، ئه‌مخه‌نه شێتخانه. دواجار خه‌مێکی قوڵ دایگرتم و دڵم له‌وانه بوو بتۆقێت و هه‌ستم کرد خه‌ریکم ئه‌مرم و دواجار... دواجار له خه‌و راچڵه‌کام.
به‌یان بوو، هێشتا هه‌تاو نه‌که‌وتبوو، کاژمێر ده‌وروبه‌ری شه‌ش بوو. هه‌ر له‌سه‌ر سه‌نده‌ڵیه دهسکدارهکه به‌خه‌به‌ر هاتمه‌وه. مۆمه‌که توابوویه‌وه. له ژوری ئه‌فسه‌ره‌که هه‌موو نووستبوون و بێده‌نگی هه‌موو شوێنێکی داگیر کردبوو ئه‌مه‌ش له‌م ئاپاڕتمانه بێ وێنه بوو. سه‌ره‌تا په‌شۆکاو راسته‌وه بووم. قه‌ت رووداوی له‌م چه‌شنه‌م نه‌دیبوو ته‌نانه‌ت له بێ بایه‌خترین به‌شی ئه‌و شتانه‌ی باسم کردن. بۆ وێنه قه‌ت له سه‌ر سه‌نده‌ڵیه دهسکدارهکهم خه‌وم لێنه‌که‌وتبوو. که هاتمه‌وه خۆ ناکاو دهمانچهکهمم ته‌یار و پڕ فیشه‌ک بینی، به‌ڵام خێرا فڕمدایه سووچێک! ئاخ، ئێستا ژیان، ژیان! ده‌ستم به‌رز کرده‌وه‌و بانگی حه‌قیقه‌تی بێکۆتاییم کرد، نه‌ک به وشه‌و ده‌نگ، به‌ڵکو به فرمێسک. به‌ڵێ، ژیان و هه‌واڵی خۆش! ئاخ، له‌و ئانوساته ویستم هه‌واڵێکی خۆش به هه‌مووان رابگه‌یێنم و ئه‌م ههڵویستهم بۆ سه‌رانسه‌ری ژیانم گرته‌به‌ر. من ویستم ئه‌م هه‌واڵه بڵاو بکه‌مه‌وه. ئه‌مویست هه‌واڵێ بڵاو بکه‌مه‌وه به‌ڵام هه‌واڵی چی؟ هه‌واڵی حه‌قیقه‌ت، ئه‌وه‌ی بینیم، ئه‌وه‌ی به چاوی خۆم بینیم، ئه‌وه‌ی به هه‌موو شکۆو گه‌وره‌ییه‌که‌یه‌وه بینیم.
له‌وکاته‌وه تا ئێستا هه‌ر خه‌ریک ئامۆژگاریم! جیا له‌مه‌ش، ئه‌وانه‌ی گاڵته‌م پێئه‌که‌ن خۆشتریانم ئه‌وێت. هۆی ئه‌مه چییه، نه ئه‌یزانم و نه ئه‌توانم شی بکه‌مه‌وه. به‌ڵام هه‌ر ئه‌مه‌یه‌و گرینگیش نییه. پێم ئه‌ڵێن تێکچووم و وڕینه ئه‌که‌م. دواجار چیم لێدێت؟ له راستیدا ئه‌وان راست ئه‌ڵێن. من تێکچووم و وڕینه ئه‌که‌م و ره‌نگه خراپتریشم به‌سه‌ر بێت. هه‌رچه‌ن پێش ئه‌وه‌ی ئامۆژگاری کردن فێر بم، یانی فێر بم کام وشه به کار بێنم و چی ئه‌بێ بکه‌م، ره‌نگه قۆڕیاتم وتبێت و ئه‌مه‌ش ئاساییه. هه‌موو شتێکم لا روون و ئاشکرایه، به‌ڵام کێ هه‌ڵه ناکات یان نه‌یکردووه؟ هه‌موو بۆ یه‌ک ئامانج خه‌ریکن هه‌ڵه ئه‌که‌ن. هه‌مووان، له زانا‌و نه‌زان بیگره هه‌تا دزو جه‌رده، هه‌وڵی بۆ ئه‌ده‌ن و ته‌نیا رێگاکانیان جیاوازه. ئه‌مه حه‌قیقه‌تێکی کۆنهیهو ئه‌وه‌ی نوێیه ئه‌مه‌یه: من ناتوانم زۆر هه‌ڵه بکه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی له حه‌قیقه‌ت تێگه‌یشتم. تێگه‌یشتم و ئه‌زانم خه‌ڵک ئه‌توانن جووان و به‌خته‌وه‌ر بن بێئه‌وه‌ی هێزی ژین له کیسیان بچێت. بڕوا ناکه‌م و ناتوانم بڕوا به ئاژاوه‌گێڕ بوونی بنیامه‌کان بکه‌م. ئه‌وان هه‌ر به‌م بڕوامه گاڵته ئه‌که‌ن. به‌ڵام چۆن ئه‌توانم یارمه‌تیان بده‌م بڕوا بکه‌ن؟ من له حه‌قیقه‌ت تێگه‌یشتووم، نه‌ک له‌خۆمه‌وه سازم کردبێت، به‌ڵکو به‌م چاوانه‌ی خۆم بینیم و هه‌تاهه‌تایه رۆحمی داگیر کردووه. به‌جۆرێ چڕ‌وپڕ بینیومه که بڕوام نییه بنیام نه‌توانێت بیبینێت. ده‌ی چۆن ئه‌کرێ هه‌ڵه بم؟ ره‌نگه ورده ههڵهیشم بووبێت یان زمانم قسر بێت به‌ڵام زۆر ناخایێنێت. وێنه‌ی زیندووی ئه‌وه‌ی بینیم هه‌تاهه‌تایه له مندایه‌و هه‌تاهه‌تایه رێنوێنیم ئه‌کات. ئاخ، من لیپاولیپی نه‌ترسی و لاویه‌تیم و هه‌زار ساڵیش بخایێنێت درێژه به رێگه‌م ئه‌ده‌م. سه‌ره‌تا ئه‌مویست ئه‌و راستییه داشارم و نه‌ڵێم من ئه‌وانم گه‌نده‌ڵ کرد، به‌ڵام ئه‌مه هه‌ڵه بوو، یه‌که‌م هه‌ڵه‌م بوو! به‌ڵام حه‌قیقه‌ت به گوێم‌دا چرپاندی که خه‌ریکم درۆ ئه‌که‌م و نه‌یهێشت به لاڕێدا بڕۆم. به‌ڵام چۆن ئه‌کرێ به‌هه‌شت ساز که‌ین، نازانم. بۆ ئه‌وه‌ی نازانم به وشه ده‌ریببڕم. دوای خه‌ونه‌که‌م، ئیتر نه‌متوانی به‌سه‌ر وشه گرینگ و پێویسته‌کاندا زاڵ بم. به‌ڵام گرینگ نییه. له ئامۆژگاری کردن به‌رده‌وام ئه‌بم و کۆڵ ناده‌م. بۆئه‌وه‌ی به چاوی خۆم بینیم هه‌رچه‌ن ناتوانم ئه‌وه‌ی بینیم بیگێڕمه‌وه. به‌ڵام گاڵتهچییهکانم له‌مه تێناگه‌ن. ئه‌وان ئه‌ڵێن هه‌مووی خه‌ونێک بووه، تاپۆیێک، وڕینهیێک. ئاخ! ره‌نگه هه‌رواش بێت! ئه‌مجار ئه‌وان سه‌ربه‌رزو له‌خۆبایین! خه‌ونێک! به‌ڵام خه‌ون چییه؟ داخۆ ژیانی ئێمه، خه‌ون نییه؟ دیسانه‌وه ئه‌ڵێم. وا داینێن به‌هه‌شت، هه‌ر نه‌بێت(به‌ڕای من) به‌ڵام من ئامۆژگاریم له‌سه‌ر ئه‌وه درێژه ئه‌ده‌م. چه‌ن ساکاریشه: رۆژێک، له کاژمێرێکدا، هه‌موو شتێک ناکاو رێک و پێک ئه‌بێت! گرینگ‌ترین شت، خۆش ویستنی ئه‌وانیتر به‌قه‌د خۆته‌و ئه‌مه گرینگ‌ترین شته‌و هه‌موو شتێکیشهو پێویستیتان به هیچیتر نییه. له ئان و ساتێکدا تێئه‌گه‌ن ئه‌بێ چی بکه‌ن. ئه‌مه‌ش حه‌قیقه‌تێکی کۆنه‌و ملوێن جار وتراوه‌و دیسانیش ئه‌ووترێت، به‌ڵام هێشتا نه‌بووه‌ته به‌شێکی ژیانمان! زانستی ژیان گرینگتر له ژیانه. ئاگادار بوون له یاسای به‌خته‌وه‌ری گرینگتر له به‌خته‌وه‌ریه. ئه‌مه ئه‌و شته‌یه ئه‌بێ له‌گه‌ڵی خه‌بات بکه‌ین. من ئه‌م کاره ئه‌که‌م. ته‌نیا کاتێ هه‌مووان بیانهه‌وێت، ئه‌کرێ له ئانێکدا، هه‌موشتێک رێک و پێک بکرێت.
من که‌وتمه شوێن ئه‌و کیژۆڵهیهو رۆشتم... ئه‌ڕۆم و هه‌ر ئه‌ڕۆم...
سه‌لاح محه‌مه‌دی
26خاکه‌لێوه1389هه‌تاوی
|
اکنون ساعت 10:13 AM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد. |
|
Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)