- -
پیره‌باب
(
http://p30city.net/showthread.php?t=39575)
behnam5555 |
09-22-2013 08:22 PM |
پیره‌باب
بینهکۆکهیهکی توند و به تین سینگی راته‌کاند، لوێچێکی خوێن له گه‌روو ده‌رپه‌ڕی و به سه‌ر گوڵه‌کانی فه‌ڕشه‌که‌دا پرش و بڵاو بوو. چاوه کز و بێ هێزه‌کانی به دوای ده‌سرۆکه یان شیتاڵێک، به هه‌ر چوار ده‌وری ژووره چۆڵ وهۆڵهکهدا گێڕا. به دڵساردی سه‌یری جه‌ڵته خوێنه‌کانی کرد و له ترسان تای هاتێ. له خه‌یاڵدا باڵا که‌ڵه‌گه‌ت و دیمه‌نه مۆن و چاوه تووڕه‌کانی کوڕه‌که‌ی که فهرمانهری بانک بوو، هاتنه‌وه به‌رچاوکه وا سه‌یری جه‌ڵته خوێنه‌کان ده‌کات و به سه‌ریدا ده‌گوڕێنێ((پیره‌سه‌گ: که‌ی ده‌مری له ده‌س تۆ رزگارمان بێت؟)) و به مست و پێلاقه وهریدهگهڕێتێ.
به دژواری له جێگاکه‌ی هاته‌ده‌ر، بۆ لای ده‌رگا گهڵهدراوهکه رۆیشت و به مسته‌کۆڵه کوتای:
ده‌رگاکه بکه‌نه‌وه، حاڵم خراپه!
که‌س وڵامی نه‌دایه‌وه.((ناکا له ماڵ نه‌بن؟))
بانگی بووکه‌که‌ی کرد: گوڵه ده‌رگاکه بکه‌وه!
ده‌نگی له دیواری بێده‌نگی هه‌ڵبه‌زییه‌وه و وڵامێکی نه‌بیسته‌وه. نه‌وه‌کانی بانگ کرد: ره‌وشه‌نه‌ک! حامید!
ده‌نگی له‌رزۆک و نووساوی بێ وڵام ما.((مناڵه‌کان له قوتابخانه‌ن، گوڵش بۆ شتوومه‌ک کڕین چووه یان له‌گه‌رماوه!))
بهکۆمهکۆم وه‌رسووڕایه‌وه و له پشت په‌نجه‌ره‌که‌وه سه‌یری ده‌ره‌وه‌ی کرد: به‌فر، دارکاجه به‌رز و ته‌نیاکه‌ی حه‌وشه‌ی بهرانبهریانی هاشوور ده‌دا. هه‌وا رووناک بوو. کۆزه‌ره به‌فرێکی ئه‌ستوور له هه‌مبه‌ر دیواری به‌رانبه‌ر که‌ڵه‌که کرابوو. دارئه‌رخه‌وانی ماڵه هاوسێکه‌یان پرچی سپی ببوون. وای به خه‌یاڵ داهات که باڵتۆ کۆنه‌که‌ی سه‌رده‌می کارگێڕی پله‌خواری مه‌زرینگه‌ی (تۆمارگه‌ی ناوان)ی له به‌ر دایه، کڵاوه‌که‌ی به سه‌ره‌وه‌یه و ملپێچه‌که‌ی له ستۆی هاڵاندووه و له ژووری قاوه‌خانه، له ناو بازاڕه کۆنه‌که له سه‌ر کورسییه‌ک دانیشتووه و سه‌یری هاتووچۆی خه‌ڵکی ده‌کات((مام سه‌لیم! چایه‌کی تازه و گه‌رم بێنه! چه‌ند زوو پیر بووین مام سه‌لیم چه‌ند زوو! چه‌ند زوو له بیرکراین! ته‌مه‌نێک خوێنی دڵ بخۆوه، ته‌مه‌نێک له پێناو منداڵاندا هه‌وڵ بده و کۆڵ مه‌ده و له گه‌ڵ ئه‌م وئه‌ودا سه‌روکه‌لله لێده و مناڵت بنێره قوتابخانه و هه‌رله فکری دابه، نه‌کا شتێکی لێ هاتبێت و له کۆڵانێکدا ههڵخلیسکابێت و جێگایه‌کی زامدار بووبێت و مناڵ که تای هاتێ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی بفڕێنه و له گه‌ڵ دوکتۆر و په‌رستاراندا به شه‌ڕ وه‌ره و چه‌نه لێده و هات وهاوار بگره‌وه و له زاری خۆت بگره‌وه و به منداڵت رابگه و...ئاخ!... ئاکامی ئه‌و هه‌موو هه‌وڵانه‌ش هیچ! دونیا چه‌ن بێ وه‌فایه مام سه‌لیم! پوشکه کایه‌ک ناهێنێ ئه‌م دنیایه، یه‌ک پوشکه کا! دوو ساڵه له دیوێکدا زیندانیان کردووم مام سه‌لیم، سێ ژه‌مه پاروه خۆراکێک- وه‌ک له پێش سه‌گی دانێن- له پێشم داده‌نێن، چه‌ند جارێکیش مۆڵه‌تی چوونه سه‌راوم ده‌ده‌ن، له‌وه زیاتر به درێژایی شه‌و و رۆژ ده‌بێ له سووچێک‌دا ههلکوورمێم و له فکران راچم. سیغاریش، بۆ خۆت ده‌زانی که ناکێشم، خووی تهسبیعانیشم نییه. له دیوه‌که‌دا نه ته‌له‌ویزیۆنی لێیه و نهکهچه رادیۆیهکیش که بزانم دنیا چ باسه! که‌سیش سه‌ردانم ناکات بزانم کێ مردووه؟ کێ ماوه؟ ته‌نیایی ته‌نیام مام سه‌لیم! ماوه‌یه‌ک لهمهوپێش خۆره‌تاوێکی جوان له دارکاجهکهی دابوو، چۆله‌که تێکیانه‌وه داویشت، هه‌واش بێگه‌رد و خۆش بوو، خه‌ریک بووم ده‌چووم بۆ سه‌راو، نا! سه‌راوم کرده بیانوو و له داڵانه‌که‌دا یه‌خه‌ی کوڕه‌که‌مم گرت و گوتم حه‌ز ده‌که‌م بچمه ده‌ره‌وه، وتی ون ده‌بی، گوتم شارهزام و ئینجا دووریش ناڕۆم، تا ئه‌و پارکه‌ی لای ماڵی خۆمان ده‌چم! گوتی نابێ! چاوت نابینن، هۆشت له خۆت نییه! ماشێن لێت ده‌دات. وتم: خوا نه‌ناس بۆ خۆت بمبه! دیقم کرد. له ده‌می دام، زارمی پڕ له خوێن کرد، ددانه دهسکردهکهم شکا، هاوسه‌ریشی دهستهوگهسک پێم وه‌ربوو، منداڵه‌کانی پێده‌کنین مام سه‌لیم! منداڵه‌کانی پێده‌که‌نین! ئینجا به ئهژنۆتێههڵدان له ژووری کردمه‌وه و ده‌رگاکه‌ی له سه‌ر گه‌ڵه دام. ئه‌مڕۆ له بیریان چووبوو ده‌رگای دیوه‌که داخه‌ن، که‌سیش له ماڵ نه‌بوو، باڵتۆیهکهم ده‌به‌ر کرد و ده‌ستێکم پێیدا هێنا، فوویهکم له کڵاوه‌که‌م کرد و کردمه سه‌رم، ملپێچه‌که‌م ته‌کاند و هه‌ر دوو لکهکهیم به له‌باری خستنه‌وه ژێر چاکه‌ته‌که‌م و به‌سپایی، به پێدزکێ پێدزکێ، له پلیکانه‌کان چوومه خوار و ده‌سگره‌ی ده‌رگاکه‌م داگرت. ده‌رگای حه‌وشه‌یان داخستبوو. فکرێکم به که‌له‌دا هات. دزئاسا پێڵاوه‌کانم داکه‌ند و به داڵانه‌که‌دا رۆیشتم و چوومه حه‌وشه. پێڵاوه‌کانم ده‌پێ کردنه‌وه و نهردیوانهکهی په‌نا دیواری حه‌وشه‌م ده‌ست دایێ و به دیواری ماڵه جیرانهکهمانم هه‌ڵنا و سه‌رکه‌وتم. وریا بووم به‌رنه‌بمه‌وه، که سه‌رکه‌وتم به‌فری سه‌ر دیواره‌که‌م به ده‌ست ماڵی و پێنیژهکهم هه‌ڵکێشایه سه‌ره‌وه، کارێکی دژوار بوو! ماندووی کردم! نزیک بوو له هه‌ناسه بکه‌وم! هه‌ر چۆنێک بوو ناوی خوام لێهێنا و پێیژهکهم به دیواری ماڵه هاوسێکهماندا داهێشت و پێیدا چوومه خواره‌وه و به ده‌نگی به‌رز وتم: کێی لێیه؟ هاوسه‌ری هاوسێکه‌مان، نه‌سرین خان هات و وتی پیره‌باب ئه‌وه لێره چ ده‌که‌ی؟ وتم پێم وابێ تۆپه‌که‌ی حامید که‌وتووه‌ته حه‌شه‌ی ئێوه! نه‌سرین خان چاوێکی به حه‌وشه‌که‌یاندا گێڕا و وتی لێره نییه پیره‌باب. وتم ناتوانم به‌و پێیژهدا سهرکهومهوه، له سه‌ر ئیزنی ئێوه به ده‌رگای حهوشهکهتاندا ده‌چمه ده‌ره‌وه. وتی بۆ نا، گوڵه خان له ماڵه؟ وتم ئه‌دی! خه‌ریکی چا لێنانه! ئینجا له‌وێ هاتمه ده‌ر و به کۆڵاندا ملم لێنا. وه‌کوو ئازاد بووبم. وه‌کوو له کویله‌تی رزگارم بووبێت. له‌و هه‌وایه‌ی! له‌و خۆره‌ی! له سه‌ر خیابان به په‌له تاکسیم گرت و سوار بووم هاتم بۆ ئێره. ده‌ڵێی چی؟ هه‌ندێ به قهوتر قسان بکه مام سه‌لیم، خۆت ده‌زانی گوێم گران بوون! به‌ڵێ! دوایی بۆ کوێ ده‌چم؟ ده‌ی...دیاره! ناچمه‌وه ئه‌و زیندانه‌وه، ده‌چم بۆ لای کچه‌که‌م بۆ کاشان! دروسته زۆر دووره، به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێ هه‌ر ئه‌وێم باشتره. وتت چی؟ وایه! دروسته، ئه‌ویش جاری پێشوو ده‌ری کردم، وتی بڕۆ ملت بشکێ، بۆ هه‌ر کوێیه‌ک ده‌چی بچۆ به‌ده‌ر لێره! دونیا چه‌ند بێ وه‌فایه مام سه‌لیم! مووه‌کانم به دیار ئه‌و کچهمهوه سپی بوون. ده‌به‌ر خوێندنم نا تا دیپڵۆمی وه‌رگرت، دار و نه‌داری خۆم بۆ دا به جیاز تا به رووسووری سه‌ر به ماڵی به‌ختی دابکات، کاتێک رۆیشت، ئاخ! نازانی چه‌ند ته‌نیا مامه‌وه! دڵم شکا مام سه‌لیم، دڵم وه‌کوو گوڵدانێکی بلوور به زه‌ویدا که‌وت و ههزارکوت بوو! چایه‌کی تر بێنه، ئه‌مجاره‌یان بار جیاوزه. مووچه‌ی یه‌ک مانگی خانه‌نشینیم داناوه و نیوه‌ی ده‌ده‌م به دیاری، به ده‌ستی پڕه‌وه ده‌چم. که‌ل وپه‌لێکی زۆری یاریکردن بۆ منداڵه‌کانی ده‌کڕم! به بڕوای تۆ بۆ خۆیان چ به دیاری به‌رم؟ شتێکی به نرخ وبه‌رچاو، تاقه‌تی پرته و پۆڵهم نییه؛ شتێکی رۆژباو، په‌توو؟ نا! په‌توویان زۆر هه‌ن. گه‌سکی کاره‌بایی؟ ئه‌ویان رێی تێده‌چێت! تۆ بڵێی رێگه‌م بدات مام سه‌لیم؟ له ناو خۆمان دابێت، ئه‌و جاره‌ی جنێویان زۆر پێ دام، ئه‌تک و سوکایهتێهکی زۆریان پێکردم. دیانگوت نانخۆری زیادیمان ناوێت، یه‌ک ده‌بێ جل وبه‌رگت بۆ بشوات، یه‌ک چاوه‌دێریت بکات، بۆ ئه‌ستۆی خۆت ناشکێنی و ناڕۆی؟ مام سه‌لیم! به بڕوای تۆ حه‌فتا ساڵ ته‌مه‌ن زۆر زۆره؟ هه‌وایه‌ک گوێم گران بوون، ئه‌گه‌ر که‌س هه‌بێت بۆ لای دوکتۆرم ببات و چاویلکه‌م بۆ بنووسێت، چاویشم باش ده‌بینن. ئێستاش له نزیکی باش ده‌بینم، بۆ دووری لێڵ ده‌بینم. مردن خۆ به ده‌س خۆم نییه مام سه‌لیم، مردن به ده‌س خوایه. ئه‌وه ویستی خوایه که تا ئێستا هه‌ر ماوم. ئای له‌و رۆژگاره‌ی! بۆ مرۆڤی پیر به‌نده‌ی خوا نییه؟ بۆ پیری هه‌ر به پیر منه‌وه هاتووه؟ پیری وشترێکه له ده‌رماڵی هه‌مووان ی‌خ ده‌خوات! ئه‌وانه چۆنیان بیر لێکردۆته‌وه؟ رۆژێک دێ پێویست بکا که‌سێکیش قۆڵی ئه‌وان بگرێت.
((نا مام سه‌لیم، نا! ئه‌گه‌ر مانگی ده‌هه‌زار تمه‌ن مووچه‌م وه‌رده‌گرت ئێستا سه‌د که‌س وه‌کوو په‌پووله به ده‌ورمدا ده‌خولانه‌وه، ئه‌گه‌ر ماڵ و میراتێکی باشم ده‌بوو، ئێستا رۆژگارم به ته‌رزێکی تر بوو! نه‌داری ده‌ردێکی گرانه مام سه‌لیم! ئه‌وه ده‌ردی نه‌دارییه ده‌یچێژم، ده‌ردی پیری نییه.))
قاڵاوێک بۆ چه‌ند ساتێ له سه‌ر دارکاجهکه هه‌ڵنیشت. پیره‌باب هه‌ستی له خۆی بڕی گوێی له ده‌نگی بێت.((ئه‌گه‌ر بقاڕێنێ بێ شک ئه‌وه یه‌کێک دێت. رێبوارێ، میوانێکی ئازیز و دڵپاک، رزگاریده‌رێک)) تا ئه‌و راده‌یه‌ی ده‌یتوانی خۆی به دیواره‌که‌وه نووساند و سه‌ری له په‌نجه‌ره‌که نزیک کرده‌وه((پێی ده‌ڵێم که دوو ساڵه ره‌نگ و بۆی شه‌قام، روخساری خه‌ڵک و رووکاری پارک و داره‌کانم نه‌دیتووه. دوو ساڵه له گه‌ڵ که‌س نه‌دواوم و ده‌ردی دڵم نه‌کردووه. پێی ده‌ڵێم که ئه‌و دیوه دڵم ده‌گوشێت، ئیتر ماندوو بووم و وه‌زاڵه هاتووم. من خواردنم ناوێ، له تاو تۆزێک هه‌وای تازه سوێم بۆوه، له سوێی دیتنی لقێکی سه‌وز، بزه‌ی منداڵێک، ده‌نگه‌ده‌نگ و بۆنه‌کانی ناو بازاڕ سوێم بۆوه، حه‌ز ده‌که‌م لای کۆنهپردهکه له ده‌ستی مام سه‌لیم دوو چای دارچینی گه‌رم بخۆمه‌وه، له نۆبه‌ی نان وه‌رگرتنا بوێستم و بۆن نانی تازه هه‌ڵمژم، له ناو باغی گشتیدا کۆنه دۆستان ببینم و پێکه‌وه پێبکه‌نین و بۆنی تووتنم بۆ بێت، له سه‌ر چوارڕییهکاندا به‌رپرسانی رێنمایی ببینم و بۆنی خۆشی شێلمم به به‌ر لووت هه‌ڵڵا بێت. ده‌ڵێن گوێت گران بوون، چاوت چاک نابینن؛ باوه‌ڕتان هه‌بێت درۆ ده‌که‌ن. قسه‌که‌یان ئه‌وه‌یه که بۆ کچه‌که‌م پارێزگاریم لێ‌ناکات، ئه‌رکی سه‌رشانی ئه‌وه ئاگاداریم بکات، ده‌ڵێن هه‌رچی بووت خه‌رجی ئه‌وت کرد، ئێستاش ئه‌و ده‌بێ پارێزگاریت لێبکات. باش! ئه‌ویش که وه‌ده‌ری کردم! من مانگی دوو هه‌زار تمه‌ن مووچه‌ی خانه‌نشینی وه‌رده‌گرم، دوو هه‌زار تمه‌ن. ده‌ڵێن خه‌رجی گران بووه، به‌شی ژیانی حه‌وتوویه‌کی دوو که‌س ناکات. با وازم لێ بێنن، به‌و دوو هه‌زار تمه‌نه زۆر چاک ده‌یگوزه‌رێنم. که‌سێکی زۆر چڵێس نیم، پاروه نانێکی ویشک و پیاڵه ماستێکم لێ زیاده. جل و به‌رگیش که ناکڕم. ته‌نیا که‌سێکم ده‌وێت جلکه دژوێنهکانم بشوات، هێزی ده‌ستانم نه‌ماوه، ناشزانم چۆنیان بشۆم. ئه‌گه‌ر خێزانم ده‌ما ئه‌و گیروگرفتانهم نه‌ده‌بوو. خوا لێی خۆش بێت. ئای که خۆڕاگر بوو، ئای که دڵسۆز بوو، ئای که ئارام و دڵۆڤان و نهێنیپارێز بوو. بۆ ته‌نیا جارێک به سه‌رمدا نه‌یقیژاند. له گه‌ڵ دارونهدارمدا ده‌سازا. ئه‌وه‌ندی بڵێی که‌م چاوه‌ڕوان و پشوو درێژ بوو! ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ما ئێستا ئه‌و ژووره بۆن گوڵاوی ده‌دا، بۆنی گوڵه زه‌ردان. ده‌رگای دیوه‌که کراوه و قۆری گوڵ سوور له سه‌ر سه‌ماوه‌ری نوقره‌یی قه‌دیم گیزه‌ی ده‌هات و بۆن چای((جووت ئاسک)) ده‌و ژووره‌ی ده‌گه‌ڕا و دووبه‌دوو باسی رۆژه خۆشه‌کانی رابردوومان ده‌کرد. ئه‌و رۆژانه‌ی که له((سینه‌ی گوڵ زه‌رد)) به یه‌که‌وه پیاسه‌مان ده‌کرد و قسه‌مان ده‌کرد و بۆ داهاتوو نه‌خشه‌مان ده‌کێشا. ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ما ژیان چه‌ند خۆش ده‌بوو! لانی که‌م که ده‌مردم چاوی له سه‌ر یه‌ک ده‌نام و رووه‌و رووگه درێژی ده‌کردم و گوڵاوی لێ دهڕشاندم. ئه‌وه‌ندی من لاسار بووم، ئه‌و باش بوو. وه‌ک فرشته پێی له ژیانم بڕی و رۆیی، وه‌ک فرشته))
قاڵاو بێ هه‌ست و خوست له سه‌ر دارکاجهکه هه‌ڵنیشتبوو و سه‌ری دانواندبوو. ریشه سپیه‌که‌ی پیره‌باب به فرمێسکان ته‌ڕ ببوو. لێوه‌له‌رزه‌ی هاتبۆیێ و هێدی هێدی کۆره‌گه‌ی ویشکهوهبووی گه‌رووی پڕ له لیپاوی قین ده‌بوو. بینهکۆکهیهکی توند هه‌یکه‌لی له‌رزۆکی راتڵهکاند. چه‌ند جه‌ڵته‌یه‌کی خوێن له گه‌روو ده‌رپه‌ڕین و گوڵه زه‌رده‌کانی فهڕشهکهیان گوڵڕهنک کرد. دڵی رێک دهگوشێنرا و ده‌تگوت سینگی فوو ده‌درێت و ههڵدامسا، رکهی سینگی خه‌ریک بوو بته‌قێت. ئێش و ژانێکی به‌سۆ چنگوڕکی به دڵیدا ده‌کرد و وه‌کوو بڵێی هه‌زار کوت بوو. له سه‌ر ته‌ختی پشتی درێژ بوو و چنگوڕکی له سینگی گیرکرد. هه‌وڵی ده‌دا بانگی کچه‌که‌ی بکات و یارمه‌تی لێ بخوازێت، ده‌می قفڵ ببوو و ده‌نگی ده‌رنه‌ده‌هات. خێزانی، وه‌کوو فرشته، به دوو باڵی سپی وگه‌وره، شووشه‌یه‌کی پڕ له گوڵاو له ده‌ستێکدا و لخه گوڵێکی زه‌رد له ده‌سته‌که‌ی تردا، وه‌به‌ر چاو هاته‌وه.
قاڵاو له سه‌ر لقی پیرهکاج هه‌ڵفڕی. به‌فر هه‌وای هاشوور ده‌دا.
وه‌رگێڕانی له فارسییه‌وه بۆ سه‌ر زمانی کوردی: هێرش بێتووشی سه‌رده‌شت – پاییزی (78) ی هه‌تاوی
|
اکنون ساعت 10:41 PM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد. |
|
Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)