چه‌ند په‌یڤێک بۆ ژیله‌مۆی بن خۆڵه‌مێش
یه‌که‌م
تۆ ئه‌ی لێڕه‌واری وشه
چ رووبه‌ندێکی دوور و ئه‌ستووره
ئه‌و سه‌فه‌ره‌ت
تۆ ئه‌ی سه‌رت کوێستان و
دڵت ئاگردان
تۆ چیت ده‌وێ له‌و سه‌رده‌مه هه‌ڵه‌مووته؟
چیت گه‌ڕه‌که
له زه‌نا زه‌نای ئه‌م داڕووخانه؟
هه‌موو رۆژێ
تۆ ئاڵقه به ئاڵقه‌ی زنجیره‌که‌ت ده‌ژمێری و
من هه‌نگاو به هه‌نگاوی ئازادیت
هه‌موو شه‌وێ
تۆ میله به میله‌ی گرتووخانه‌که‌ت داده‌گیرسێنی و
من رێگا به رێگای لێڕه‌واری سه‌رت
هه‌موو کازیوان
تۆ باوه‌ش باوه‌ش سێداره‌کان ده‌ڕووخێنی و
من چرا چرا وشه‌کانت ده‌چه‌قێنم
هه‌ر پێکه‌وه‌ش
تف له رۆژژمێر ده‌که‌ین و
به‌ڕه‌ی داهاتوو ده‌ته‌نین
دوه‌م
تۆ خه‌می چیته؟
په‌یڤه‌کانت؟
هه‌ناسه گڕ گرتووه‌کانت؟
یان ئه‌و تۆزه خاکه‌ی سه‌د جغزی گڵکۆت به سه‌ر دا کێشا؟
تۆ بیر له چی ده‌که‌یه‌وه؟
پێنووسه‌کان؟
منداڵه‌کان؟
یان هه‌مووی ئه‌و ده‌رگایانه‌ی دوو له دوای دوو
به سه‌ر ماته‌م دا داده‌خرێن؟
سێهه‌م
بۆ من
که هه‌موو شه‌وان
کورسی به کورسی بیره‌وه‌ریه‌کانت ژان ده‌که‌ن
منێ که هه‌ر تاڵه موویه‌کت
مۆمێکه و
وه‌خت و ناوه‌خت
له چاوم دا ده‌کوژێته‌وه
منێ که پیت به پیتی رێگات
ده‌کولێنمه‌وه
منێ که له چوار چڕای بیرت دا
سێ ته‌ڵاقه‌ی داربه‌ڕوویه‌ک فڕێ ده‌ده‌م
که به‌ڵێنی به گه‌زه گوریسێک دابێ و
منێ که ده‌مگوت
له ئه‌به‌دییه‌تی په‌نجه‌ره
غوسڵی نه‌فره‌ت ده‌رده‌که‌ین...
دووریت
لاپاجه‌یێکه ده‌ڕوانێته به‌ژن و باڵای گه‌ڕانه‌وه‌ت
چواره‌م
ئێمه که چوار ناڵ سه‌ره‌تای بێ کۆتاییمان نیه
ئێمه که شه‌ش دانگ
داچێنه‌رین
ئێمه که شه‌ق هه‌ڵده‌ده‌ین
له به‌ند به به‌ندی ئایه‌ته ره‌شه‌کانی داماوی
ئاشنای بزووتین
هه‌نگاو ده‌ژمێرین
رووه‌و ئاسۆیه‌کی سرک
داهاتوویێکی ئه‌زموون نه‌کراو
هێمنایه‌تیێکی تورت...
پێنجه‌م
له بیرمه که پێم گوتبووی:
"له به‌هاری ده‌ست قووچاو دا
گله‌یی له هه‌ور ناکرێ"
پێم گوتبووی:
"که وا مێژووی ئاوس له قاره‌مانه‌تی
له ژێر میچی سه‌ده‌ی بیست و یه‌که‌میش دا
هه‌ر به‌رداوێ"
پێم گوتبووی:
"ئێمه جۆگه‌له‌کانمان
فێری ئاوی هه‌نده‌ران کران"
له کاتێک دا
که"ساماڵمان
گڕ له هه‌وره‌کان به‌رده‌دا"
به‌ڵام ئێستا گه‌رمه ئاگردانی وشه
به گڕ و تینی چاوه‌ڕوانی
ئاکام
ئێستا...
"یه‌که یه‌که یاده‌کانت
ئاوێزانی خه‌ونم ده‌بن
دار و به‌ردیش ده‌پشکوێن له بێداری
وایان له گوێ دا چرپاندین
بێت و هه‌ناسه‌مان گوڵ کا
یان چریکه‌مان خه‌نی بێ
رێگامان چڕ و قاقڕه
یاری فێ داری سه‌ر هه‌ڵه‌مووته
قاقا له گرێژنه ده‌چێ و
ئاسته‌نگ
سه‌ر له هه‌ور ده‌سوێ
-مردن یان به حیزی ژیان؟
له ناو لرفه‌ی ئابڵۆقه دا
وێڕای ئاڵقه ئاڵقه‌ی سه‌ران
وێڕای ته‌په‌ی مێشک و دڵان
مه‌رگه ویه‌خه‌ی ژێن داده‌دڕێ
هه‌له و مژی به‌ر هه‌تاوه
شێره و نووزه‌ی ره‌زیلیه
خێڵه و
هه‌واری ساباته...
لێره..له‌م قڕه ئاقاره
یه‌که رێگا
رێگای بزه سووتاندنه
یه‌که چاره
گڕکانی وره ته‌قاندنه
ئاشتی..ئایه‌ی نووزانه‌وه ی
مه‌ودای چرپه و چریکه‌یه
ئاشتی..تووره‌که‌ی بێ تێشوو
نێری و په‌لکێشی داهاتوو
عه‌لی سۆهرابی - شنۆ