موضوع: کورته چیروک
نمایش پست تنها
  #44  
قدیمی 07-31-2011
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض


شوانی رەنجەڕۆ

ئاخر چۆن دەبێ هەوسارێکی کورتت خستبێتە ملی ئاژەڵێکەوە و لە تەنیشت خۆتەوە گورگ لێی‌بدات و بیخوات و پلە گۆشتێکی لێ نەهێڵێتەوە و تۆش لەو بنەوپاڵە پێ‌نەزانی؟
تەواوی خەڵکی ئەو گوند و شارانە لێم بپاڕێنەوە و بمکەنە پاشای حەوت مەملەلەکەتان بەقسەی کەس روو لە ئاوەدانیان ناکەمەوە. با لەناو ئەم ئەشکەوت و زەندۆڵ و خڕ و شیوانەدا دڕندە بمخۆن و تاو بمسوتێنێت و یان سەرما هەڵمپروێنێت. نا، قەت قەت مل نادەم بێمەوە ئاوەدانی و لە دیوەخان و قاوەخانە و مەجلیسی شایی و شینان کۆزیلکەم لەدەوری ببەستن و فشەم پێبکەن و سەرتاپای بەسەرهاتەکەم پێ بگێرنەوە و پاشان بڵێن خەرفاوە و ئاگای لە خۆ نەماوە. یان پاشەملەی خۆم تریشقەی پێکەنیان بێت و بە لەپی دەست لە نەرمەی رانیان بدەن و بەسەرهاتەکەم لە کێبەركێی درۆیاندا بگێڕنەوە. بەڵام هەرکەس رووبکاتە ئەم چیا بەرزانە و لێرە بمدۆزێتەوە، ئەوەندەی زەینم لەدەستی بێت، ئەم بەسەرهاتەی بۆ دەگێڕمەوە.

لەوەتی شوان بوومە و لە دەشت و ئاقار و حەوشەمەڕ و قەدپاڵی کێو و کوێستانان مەڕم راگرتۆتەوە و شەوێنم داوە، هەمیشە بە رۆژ و بەشەو چاوەدێریی و ورییایی یەک‌یەکەی مەڕ و بزن و نێری و بەران و شەک و کاوڕەکانم کردووە. نایەتەوە بیرم تەنانەت بۆ یەک شەویش بێ دەسبێن خەوتبم. هەمووشەوێک پێش ئەوەی سەرم خستبێتە سووچی فەرەنجییەکەمەوە، دەسبێنێکی مەحکەمم لە قۆڵی خۆم بەستووە و بە گرێبەرانە لە ملی سڵ و ڕەوەکترین بەرانی ناو ڕانەمەڕەکەم گرێداوە. من بەرانی سڵ و رەوەک و بەتاقەتم خۆش دەو‌ێت. هەر لەکاتی مێرمنداڵیمەوە فێری گرێبەرانە بووم. ئەو کاتانەی سەری دەسبێنم دەکردە ملی بەرانە هەرە بەتاقەتەکان گرێبەرانەم لەبیر دەبوو، چونکە گرێبەرانە ملی نێری رێکناگوشێت و نایخنکێنێت. هەموو جارێک کاتێ گرێبەرانە لێدەدەم تاونبارە ئیعدام کراوەکانم دێتەوە یاد. خۆزگە گرێبەرانەیان لە پەتی ملی ئەوانیش دابا، رەنگ بوو زۆربەیان لەخنکان رزگاریان بێت.
دیسانیش دەڵیم بە حەقی ئیلاهی، یەک شەویش نەمدیوە تاقە مەڕێک لە ناو رانەکە رەویبێتەوە یان بەرانێک فشقاندبێتی و گوێم لە کاڕەی کاوڕێک بووبێت کە هاواری مەترسی و هەڕەشەی گورکی پێوە دیار بووبێ و بەدوایدا نەچووبم. بە درێژایی تەمەنم چەند جاران گورگ لە رانەکەمی داوە و بۆخۆم و سەگەکانم رەواندومانە، یان هەر لەوێ خنکاندوومانە. گورگ، شەکە نێر و کاوڕبەرانی باشی لێ دڕیوم. بەڵام خۆم و سەگەکانم هەرگیز کەلاکمان نەداوە و قوڵاغمان دەست کەوتۆتەوە. ئەگەر لە سوێند و ئایەتان‌دا شین هەڵبگەرێی یان قورئانێ بجاویەوە و مەرکەبەکەی بە لالغاوەتدا بێتەوە خوار، بە مەرجێک گوێچکەی نێشانە کراوی ئاژەڵی گورگ لێدراوت بۆ ماڵەوە نەبردبێتەوە، کەس باوڕت پێناکات و بوختانێکیشت بۆ هەڵدەبەستن و دەڵێن ئاژەڵەکەی فرۆشتووە یان ونی کردووە و چووزانم... یان نەیوێراوە هەر بەشوێنیشیدا بڕوات.
زۆرم لا سەیرە، نە بەرانی بەردەسبێنم خۆی دەبێزێوێت و نە حەپە لە دەمی تاقە سەگێکەوە دێت و نە مەڕێک دەکاڕێنێت و نە پڕمەی بەرانێک دەبیسم. بەڵام کە رووناکیم لێ‌دادێت، بەوەجترین شەک‌بەران یان قیت و قۆزترین نێریی پێش مێگەلم، گورگ لێیداوە و نە کەلاکی دیارە و نە قوڵاغی. تەنیا پاشماوەی خوێنی رژاوی دەمخاتە شک و گومانەوە. زۆر سەیرە دەڵێی من و بەرانە دەسبێن لەملەکە و شەک‌بەران و پیرەمەڕ و گیسکە‌‌نێر و بزنە گوێ شۆڕەکان و سەگە وریاکان یەکە یەکەمان چەنگێک لۆکەی فەڕەنگیی پتەومان لە کۆێچەکانمان ئاخنیوە.
هەتا ئێستا لە هیچ شوانکارە و کۆچەر و بێری و مەشکەژێن و سەرشوان و پیرە کابانێکی ژێر هیچ رەشماڵ و بەر کولێنی هیچ هۆبەیەکم نەبیستووە گورگ لە ران و مێگەلی دابێت و لەو ناوەدا نە بزنێک رەویبێتەوە، نە بەرانێک دەسبێنی شوانی راکێشابێت، نە نێرییەک پڕماندبێتی و نە حەپەی سەگێک هاتبێت.
حەقمە روو لە ئاوەدانیان نەکەمەوە. ئاخر خۆشم هەر بەشک و گومانەوە سەیری بێ سەرو قوڵاغ بوونی ئەو هەموو مەڕ و نێری و کاوڕ و بەرانە دەکەم. هەرچەند جاری شک و گومانەکەم دەگێڕمەوە، ئەو گومان و دوودڵیەم زیاتر لە راستی نزیک دەبێتەوە و هەرنەبێ بۆخۆم بەڕاستی دەزانم . وابزانم هەر راستیشە، ئەگەر وانییە ئەدی بۆچی پۆل پۆل و دەستە دەستە لە گوند و شارانەوە دێنەلام و سەرتابەخواری ئەو بەسەرهاتانەم پێ دەگێڕنەوە.
دەی بە جەهەندەم، کەیفی خۆیانە بەڕاستی دەزانن یان بە درۆ. بەڵام من شکی خۆم بە یەقینی کەس نادەم. ئەوشەوەی بەرانە شین‌بەشەکەم گورگ لێیداو بێ ئەوەی نەقەی لێوەبێ لە جۆلاوکەی خوێنە گەشەکەی زیاتر نە لەتە ئیسقانێک و نە قوڵاغێکم نەدیتەوە، پێش هەموو شتێک لە سەگەکانی خۆمان وەگومان کەوتم. بۆ بەیانی بە رووناکی لێیان وەخۆ کەوتم، بەڵام تەمەشام کرد لە برسان دەستی منیان لەگەڵ لەتە نانەکان رەپێچەک دەدا. پێشان بە چەند مانگان جارێک ئەو گوڵمەزیەم بەسەر دەهات و کاوڕێک یان مەڕێکم بەو مەرەدە دەچوو. ساڵ بەساڵ و مانگ بە مانگ و رۆژ لە دوای ڕۆژ ئەو دەردە زیادی دەکرد. وای لێهات شەو نەبوو رانەکە کەم نەکات و لانیکەم شینی یەکێکیان نەگێڕم. ئاوەتەخواز بووم ئەو دڕندەیە خۆم بخوات و لە کۆڵ ئەو چەرمەسەریەم بکاتەوە. بە شەو و بە رۆژ ئارام و قەرارم لێ بڕابوو. شەوێک لە تەنیشت خۆڵەمیشی ئاگری ساردەوەبوو دانیشتبووم و بە گۆچانەکەم لە خۆڵەمێشەکەم دەوەژاند و ئەو پشکۆیانەی ئاخرین هەناسەی گەشانەوەیان پێوە مابوو، بە بێوازی دەبیرسکانەوە. گۆچانەکەم لەناو خۆڵەمێشکەدا سووڕاند و پشکۆ بێ‌هێزەکان بەدوای نووکی گۆچانەکەمدا خەتێکی وایان دروست کرد دەتگوت لووت و قەپۆزی ئەو بەرانە زەردبەشەیە چەند ساڵ لەمەوبەر لە خۆڕا رەگەڵ رانەمەڕەکەم کەوت. ئۆخژنێکی خۆش بە لەشم داهات و تەزوویەکی هاندەر لە بەری پێمەوە هات هەتا کڵاوەکەم ئاگای کرد و لە تەپڵی سەرم دەرچوو. هەڵتووتەکام و فەرنجیەکەم بەسەر شانم دادا و سیغارەکەم بەو تەنیا پشکۆیە داگیرساند کە خەریک بوو ئاخیر ترووسکەی خۆی پێشان دەدام. مژێکی توندم لێدا. بەرانە زەردبەش هات...، هات...، هات و دووگەی یەک دوو پیرە مەڕ و شەکەمێی لەراندەوە و لە تەپوتۆزی مێگەلە مەڕەکەدا ون بوو. بەدوایدا گەڕام و دۆزیمەوە. تەمام گرت جودای بکەمەوە و پرسیار لە هەموو شوان و هۆبە و رەشماڵی دەوروبەر بکەم و بڵێم "خەڵکینە بەرانێکی بەداروباری باڵابەرزی زەردبەش کەوتۆتە ناو رانەکەم، هەتا ئێستا ماڵی کەسم نەخواردووە و دەمهەوێ بە ساحێبی بکەمەوە."
پەژیوان بوومەوە و بەرانە زەردبەشم خستە ناو رانەکە. هەوەڵی پاییزێ بەرانمان تێپبەردا. بۆ ئەوەی بەرانەکان شاییان بە خۆ بێت و تێکەڵی مێگەل بن و بەرخ و کاوڕی بەوەجیان لێ وەپاش کەوێت، سەرشان و دووگەمان بۆ شین و سوور کردن. بەرانە زەردەبەشم وا رەنگاند کاوڕە مێ و شەک و پیرەمەڕەکان ئەستۆی خۆی بۆ بشکێنن. پاش ماوەیەک وای لێهات هەر بەرخ و کاوڕ و شەک و بەرانێکی دەدیت شپی نێریە زەرد بەشی دەهاتێ و زۆربەیان دەتگوت لە گەڵ ئەو لەتی سێوێکن. رانەکەم بەچەشنێک زیادی کرد، ئەگەر رە ئاوی بەفراوانم دەخست، تەڕایی لێدەبڕی. بە شەو و بەڕۆژ هەر پێم دەکرا ئایەتەلکورسیانی بەسەردابخوێنم، زاری گورگی لێ ببەستم و لە ترسی چاوی بەد لاگونی چەپی لێ بادەم و ناڵە ئەسپان لە دەوری بەردەبێر و لاپانکی رەشماڵێ کۆکەمەوە و خێر و خێراتی بۆ بکەم. لە رەشماڵێش کابان و بێری هەر پێیان دەکرا سەلکە پەنیر و قاپە ماست و خوری و بەرگن بە خێرات ببەشنەوە. لە ناکاو رانەمەڕ وەک قڕڕانی تێکەوتبێ، لە کەمیی دا. شەو نەبوو چەند سەر کەم نەکات. بەیانی کە رووناکی دادەهات، دەمڕوانی لە چەند جێگا خوێن رێژاوە و ئەو کاتەی زەینێ خۆم دەدایەوە ناو مێگەلی. دەمزانی دیسان چەند سەری دیکە تێدا چوونە. ئەوکاتەی هەستم کرد بەرەبابی نێریە زەرد بەش پێچەوانەی مەڕ و بزنەکانی دیکە لە زیادین، دەسبێنم لە هیچکام لە نێریەکانی ئەم بەرەبابە نەگرتەوە. شک و گومانی خۆم بۆ هەرکەسێک دەگێڕایەوە، دەیگوت خەرفاوە و ئەوەش یەکێک لە نیشانە چاوەڕوان کراوەکانی تەمەنی پیرییە. ئێستاش کە رانەمەڕەکەم جێ‌هێشتووە و رووم کردۆتە چیاو چۆڵان، شکی خۆم بە یەقینی کەس نادکەەم و دەترسم بەرەبابی بەرانە زەردبەشە‌کە بە ناو مێگەلی هەموو هۆبەو هەوارەکانی ئەم ناوەدا بڵاو بێتەوە.

مستەفا شێخە

__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید