
07-31-2011
|
 |
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی 
|
|
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172
3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
|
|
حیلهی جوانوو ئهسپی تۆڕ
مستەفا شێخە
"لە سفرەوە بۆ یەک، لە سفرەوە بۆ یەک...، تەححا... کوا ئێستا وەختی فشەکردنە!؟ ناوەڵلا... دەڵێی ئامێرەکەیان لە کارەبا نەداوەو شارژی تێدا نەماوە. شتی وا نابێ، رەنگە دیسان لە ترسان شاردبێتیانەوە."
لە بەرزاییەوە دابەزیە ناو قۆرتاییەکە و لە سەر زەوی قوونی وەسەر کورتانی یەخترمە تەوەزەلەکە دا و ئەنگوستی شایەتمانی کردە نیوکەوانە و بە نیشانەی بیرکردنەوە خستیە سەر لێوی ژێرینی. لەدوورەوە چاوی کەوتە باوکی کە لەگەڵ نەناسراوێکدا هێور هێور نزیک دەبوونەوە. بە ئاماژە و ئیشارەی پەنجەکان وەستانی نێوەنێوەی باوکی و سەرلەقاندنی کابرای نەناسراو، زانی باوکی خەریکە کامە کۆنەقەوان بۆ کابرای میوانی لێدهداتەوە:
- "بەسەری تۆ ئەو تاقە کوڕەم دەبەر خوێندن نا، گوتم بەڵکوو ببێتە گۆچانی پیریم و بمحەسێنێتەوە. ئەشهەدوبیلا لە کەلاسی یەکەوە هەتا وەختی دانیژگای هات، وەک کەڵان بابی خۆی رووزەردی نێو دۆست و دوژمنان نەکرد و زۆر باش خوێندی. لە ترسی قبوڵ نەبوون بۆ دانیشگا رەنگی بە ڕوانەوە نەمابوو. هەر زانیم لە دانیژگای شەریفی تاران وەریدەگرن، دوور لە چاوی دایکەکەی شەکەنێرێکم کڕی و سەرم بڕی و بەسەر دەروجیراناندا دابەشم کرد. میرزا و خوێندەواری وەکی جەنابت دەیانگوت هەر خوێندنی ئەلەکترۆنیک تەواو بکات کاری بۆ پەیدا دەبێت و دایک و بابی دەحەسێنێتەوە و بۆ خۆشی شای بە سەپان ناگرێت. جا ئەوجار کوڕە بە چەوری و شیرینی بەرەو تاران بەڕێکرا. یەک دوومانگی بەسەردا تێپەڕی کوڕە ئەگەر دەهاتەوە، یان لە قولینچکێکی ماڵێ خەریکی خۆێندنەوەی کتێبۆکە و رۆژنامان دەبوو، یان دەگەڵ برادەرەکانی سەری پێکەوە دەنا و سرت وخورتی دەکرد. دوو ساڵ و نیوان بەو جۆرە رایبوارد، بەڵام نێوەنێوە سەردانی تارانێی دەکرد. قەدەرعەیامێک تێپەڕی هەتا رۆژێکی برادەرێکی گوتی مام رەحمان ئەرێ ترسی ئەوەت رێنەنیشتووە، لە ئاخیریدا کامەران بکەنە ئەستێرەدار؟ گوتم نەوەڵلا ئەستێرەدار یانی چی؟ گوتی چۆن؟... زۆر وێدەچێت کاک کامەران لە دانیشگای سەنعەتیی شەریفی تاران ئەستێرەی بدرێتی. گوتم دەک بەقوربانت بم کوڕە تاقانەکەم! کوڕ ئاوا دەبێ، دەک لە چاوی بابی خۆت کەوێ! دیارە ئەوەندە جوان دەخوێنێت، ئەستێرەشی دەدەنێ. برادەرەکەی گوتی: مام رەحمان، دەزانی ئەستێرەدار بوون یانی چی؟ گوتم نە بەخوای جا ئەمن چووزانم، گوتی: یانی لە دانیشگادا لە ژێر چاوەدێریی دەوڵەت دابووە و رەنگە پێش ئەوەی خوێندنی تەواو کات، دەریشی کەن. ئاخری وای لێهات کاکەکامەرانی خۆمان سێ چوار مانگی رەبەق لە ژوورماڵێ لە سەر چاوان بۆی کەوت. گوتم هەی لەحەمری منت نەکەوێ، هەستە هەست! جوان و جحێڵی سبەینێ دوو ئەسپانت بۆ دەکڕم و دەگەڵ ئەسپ و ئێخترمەکەی خۆمان دەبنە چوار. پێکەوە هاتووچۆی ئەو دیویان پێدەکەین. ئەوجار بە جغارە و چینی و مینیش راناوەستین، یەکسەر دەبین بە کرێباری ئابجۆ و ویسکی."
بۆ ئەوەی کامەران درێژەی قسەکانی نەبیسێت، لە ئاخریدا بە پەلە گێڕانەوەکەی کۆکردەوە و گوتی: "جائەوە ئێستا باب و کوڕ پێکەوە بوونەتە قاچاخچی و ئەگەر کەمین و مەمین لێمان گەڕێ هەموو شەوێ بە هاسانی کەڕەتێکی دەکەین."
کامەران دەستێکی بە سەروچاویدا هێنا و سەری هەڵبڕی. بەرلەوەی بابی و میوانەکە بگەنەلای لە قۆرتەکە، لە هەرچوار ئەسپەکە نزیک بۆوە. یەخترمە تەوەزەلەکە دەنکە جۆیەکی لە تورئەسپەکەدا نەهێشتبوو. دوو ئەسپەکەیدیکە وەک رۆژانی رابردوو کاوجۆی ناو تورئەسپەکانیان نیوە کردبوو. بەڵام جوانوو ئەسپەکەی خۆی هەرچەندە جوانوو بوو، تورکەی دەمی هەر دەتگوت لالوێچێکی لێنەخوراوە. ئارەقەی دێنا و دەبرد. پێستی لێک و لووسی سەرشان و کەفەڵی بریقەی دەدا.
- " ئەوە سەرمەستی چی؟ بۆ تفاقەکەت نەخواردوە، ها؟ خەمت نەبێ هەر دووسێ مانگی دیکەیە، لە کۆڵ ئەم دەردیسەریەت دەکەمەوە و دەتفرۆشم. نا، ناتفرۆشم، کاری واناکەم. یانی بتبەمەوە بازاڕی ئەسپان و بتدەمەوە بە یەکیدیکە و ئەوەندەی دیکەت بار بکات و دووبارە لە تاریکانیدا بەناو ترس و کەمین و دڵەڕاوکێدا بتهێنێت و بتبات؟ نا، هەرگیز کاری وا ناکەم. خۆ ئێستاش هەوارچیەکان رەوەی ئەسپ و ماینانیان ماوە و لە چێنک و مێرغوزاراندا بەرهەڵایان دەکەن. دەتبەمە ناو رەوەی هەوارچیان و هەتا ساردی پاییزێ بەوانت دەسپێرم. جا لەچاوی منت کەوێت لە ئاوی سازگاری کوێستانان بخۆوە و سەری شینکەی تورت و پڕلە ئاو هەڵپسێنە. لەناو رەوەی مایناندا بەو لەش ولارە جوانەت لووتی بۆ بەرزبکەوە و شای هەموو کوێستانەکان و ئەسپی خۆشبەز و کوێت و بۆر و بدەوی ناو هیچ رەوە ئەسپێکی ئازاد و بێدەروەست بە سەپانی خۆت مەزانە. بیگوزەرێنە جوانوو ئەسپە بێبەختەکە بیگوزەرێنە.
لە گەڵ هاندانی جوانووە کوێت، خۆی لەسەر شەقامی ئازادی دیتەوە. بە تەنیشت چەند کیوسێکی تەلەفۆنی گشتیدا تێپەڕی، ئەو کۆمەڵە کچەی بە بیانووی تەلەفۆن لە نۆبەدا لە بەر کیوسکەکاندا وەستابوون و ئارامیان لێبڕابوو، لە رەوەماینێکی ئازاد دەچوون کە بەزۆر ئەم سەر ئەوسەری خەرەندێکی قووڵیان لێگیرابێت. زۆربەیانی ناسیەوە. هەموو ئەو خوێندکارانە بوون کە دەیانهەویست لە رێگەی تەلەفۆنە گشتیەکانەوە پێوەندی بە دۆستانیانەوە بگرن و لەم رێگایەوە هەواڵە حەرام کراوەکانی ناو زانکۆ و کۆمەڵەی خوێندکاران بەملاوئەولادا بڵاو بکەنەوە. رەنگه چەند توانجێکی دڵدارانەش بگرنە دەنگەکانی ئەودیو هێڵەکانی تەلەفۆن. لە سووچی کۆڵانی تەنیشت کیوسکەکانەوە بسووڕابایەوە، یەکسەر دەڕۆیشتە ناو بەشەناوخۆی زانستگای شەریف. لە سووچی سەر کۆڵانەکە پشت بە شەقامی ئازادی بە سەرشانی چەپیدا ئاوڕی دایەوە. یەکەیەکەی هاوڕێکانی ناسیەوە. بیری لەوڕۆژە دەکردەوە وەک جوانوو ئەسپێکی تۆڕ لەگەڵ یەک دوو کوڕی دیکە لە ناو ئەم رەوە کچەدا لە بەر دەرگای بەڕێوەبەری بەشی پاراستنی کۆلێژەکەیاندا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە کۆیان کردوونەتەوە و هەرجارە قورسایی لەشی دەخاتە سەر پێیەک و بە زەحمەت خۆی لەنیگای یەکەی یەکەی ئەو کچانە دەدزێتەوە کە رەنگە وەک خۆی چاوەڕوانی ئەوە بن کۆتاییدا ببن بە خوێندکاری ئەستێرەدار.
جوانووەکە گوێی بۆ شل کردبوو دەتگوت لە قسەکانی تێدەگات. لەو جێگایەدا کە باسی رەوەماینەکەی بۆ کرد، هەردوو گوێی دەمووچەوە بردن. هەر دوای ئەو قسانە، داگژایە تفاقی ناو توورەکەکە و دەنگی داکرماندنی دەنکە جۆیەکان ئاوی تاسەی خواردنی خستە دەمی کامەرانەوە.
کامەران ئاوی ناو دەمی بە ئیشتیایەکی تایبەتەوە قووت دایەوە و ناهومێدانە ئامێرەکەی بەر پشتبێندی دەرهێنایەوە و بە لووت و گوێچکەی وەنایەوە و دووسێ جاری دیکە بە قەو گوتی: "لە سفرەوە بۆ یەک...! لە سفرەوە بۆ یەک...!"
ئەمجارەش وەڵامێکی دەست نەکەوت. بەرەو قۆرتەکە وەرسووڕایەوە. باوکی لەگەڵ میوانەکە هەریەکەو قوونیان وەسەر کورتانی یەکێ لە ئەسپەکان دابوو. کورتانی یەخترمەکە بەرانبەریان داندرابوو. دەتگوت چاوەڕوانی ئەوەن ئەویش بێت و لەبەرانبەریاندا لەسەری دانیشت.
باوکی بە ئاماژەی دەست بانگی کرد و بۆ درێژەی قسەکانی یان بۆ دامەزراندنی باسێکی دیکە رووی کردەوە کابرای میوان.
کامران دڵی بە باوکی سووتا. هەستی کرد پێویستە هەنگاوەکانی شل کاتەوە و ئەمجارەش لێگەڕێت باوکە دوور لە چاوی کوڕەکەی لای ئەم میوانەش خۆی ڕابنێت. ئەو سوور دەیزانی مام رەحمان خەریکە چیرۆکی ئامێرەکە بۆ کابرای میوان دەگێڕێتەوە:
- "ئەو خوێندن و دانیشگایە لە بنەڕەتدا خۆ زەرەری نییە. کاکە میرزا! ئەوە ئەو کاک کامەرانەی کوڕم لە سایەی خوێندنەکەی لە دانیشگای شەریف شتێکی دروست کردووە کە بۆ ئەو کارەمان زۆر بە کەڵکمان دێت. دیتت شتێکی وەک تەلەفۆنی مۆبایلی بە زاروگوێیان وەنابوو؟ ئەوە بۆ خۆی دروستی کردووە. ئەوە لەو تەلەفۆنانەیە کە لە برقی دەدرێن و دەتوانی دەسکە چکۆلەکەیان لە کنەخۆت بێت و قسەی پێبکەی. ئەوە کامەرانی کوڕم ئەو دەزگایەی کڕی و لە ماڵێ هەر بۆخۆی سێ دەسکی دیکەی لێ زیاد کردن. ئێستا بنەکەی لەماڵێ لە برقی دەدەین و دەسکەکان لە کنە خۆن دەبن. ئەوە کامران ئێستا دەگەڵ ماڵێ قسەی پێدەکات. ئەگەر چەکدارەکانی دەوڵەت لە رێگا کەمینمان لێبگرن، ئەوە لەوێڕا بەو بێسیمە ئاگادارن دەکەنەوە. ئەگەر پێویستیش بێت ئەوە لەو دیوو یەکێک دەست دەداتە دەسکێک و بە دوای چەکدارەکاندا دەڕوات لە نەدیوی ئەوان هەر باس و خەبەری رێگاکەمان پێ دەڵێت.
کامەران لەناکاو بەبیریداهات ئەو باسەی کە رەنگە ئێستا باوکی بۆ میوانەکەی بگێڕێتەوە، وەک نهێنی وایە و نابێ بدرکێنێدرێت. هەنگاوکانی خێرا کرد و لێیان نزیک بۆوە.
مام رەحمان گوتی: "چ بوو کوڕم پرسیاری رێگات کرد؟" دیار بوو بابی بەڕەی لە سەر هەتیوان هەڵداوەتەوە و بۆ کابرای میوان لەبنی کوولەکەی داوە.
- "نا...، وادیارە لەو دیو کێشەیەک دروست بووە، لە بەیانیەوە وەڵام نادەنەوە. رەنگە ئامێرەکە تێکچووبێت یان لە ترسان لێی نزیک نەبنەوە یان هەر خۆشیان گیرابن.
میوانەکە یەکپێ هەستا و چاک وچۆنی لەگەڵدا کردوو بە ناو دواندی. بەڵام ئەو وەک زۆرجاری دیکە بە هۆی ئەوەی باوکی لەگەڵ میوانەکە بە یەکتری نەناساندن، لە زانینی ناوی بەرانبەرەکەی بێبەش مایەوە.
- زۆر بەخێربێی کاکە، خۆشحاڵم کە یەکتر دەناسین.
میوانەکە هەستی بە ناتەواویەکەی کاری مام رەحمان کرد و گوتی: منیش ناوم ئەحمەدە و بە دیتنی جەنابت خۆشحاڵترم.
مام رەحمان وەک دەسکەوتێکی گەورەی وەدەست هێنابێت بزەیەک درزە ئاسۆییەکەی ژێر سمێڵە سپی و زەردەکەی قەڵاشت و لەبەر خۆیەوە بە دەنگێکی نزم گوتی: "بە..ڵـــێێێێێ... میرزا ئەحمەد!"
میرزا ئەحمەد رووی کردە کامەران و گوتی جەنابی مام رەحمان هەتا گەیشتینە ئێرە تەوسیفی جەنابتی بۆ کردم و زۆر خۆشحاڵ بووم کە جەوانێکی خوێن گەرمی وەک جەنابت دەناسم. جەوانانی وەک جەنابت مایەی ئیفتخاری ئێمەن. ئێوەی تەحسیلکەردەی دانیشگاه دیدە کە لە تەحسیلاتی عالی بەرخوردارن، سەرمایەی ئایندەی ئێمەن.
مام رەحمانیش بۆ ئەوەی بێتەوە ناو کۆزیلکەی قسەکان، هەڵیدایە: "ئەوە دەمهەویست بگەڕێمەوە ئێرە، لە رێگا چاوم بە میرزا ئەحمەد کەوت. ئەو پرسیارەی لەمن کرد و پاشان هەتا ئێرە قسەمان کرد. میراز ئەحمەدیش وەک خۆمان دەبێ بە قاچاخ بچێتەوە. دیارە شارەزای رێگاکەش نییە. ئەگەر وەڕێکەوتین ئەو جانتایەی بۆ بخە ناو باری جوانووە کوێتەکە. ئەویان هەرچەندی باری زیادی لێبنێی گوێی پێنابزوێت. میرزا ئەحمەد بۆخۆشی شوکور گورج و گۆڵە و پێکەوە وردەوردە رێگا دەبڕین. باشە ئەرێ میرزا ئەحمەد، من زۆر جاران لە بەرخۆمەوە دەڵێم چ دەبوو ئەو سنوورە نەبوایە و ئێستا من و تۆ بە ئیسراحەت بەوێ بانوێدا وەسەر دەکەوتین و پاشان بۆی شۆڕ دەبووینەوە.
- جا مام رەحمان ئەگەر ئەو سنوورە نەبوایە، ئێمەش بەو حاڵە لێرە نەدەبووین. بە هۆو جادەیەدا بە سواری ماشێن هاتوچۆمان دەکرد. رەنگ بوو یەکتریشمان نەناسیبا. بۆ سەیرانیش نەبوایە سەردانی ئەو چیا و کوێستانەمان نەدەکرد. ئەو دەمی ئەگەر هاتباینە ئەو چیایانە، لە جیاتی ترس و دڵەڕاوکێ لەزەتمان لە ئاوی کانیاو و شنەی سەر کەویە بەفر و بۆنی ئەو هەموو گوڵوکە جوان و بۆنخۆشانە دەبرد. ئەوکات حەتمەن ئەو ئاغا کامەرانە خوێندنەکەی تەوا دەکرد و وەک موهەندیسێکی زیرەک خزمەتی وڵاتی خۆی دەکرد. دیارە ئێستاش هەر موهەندیسە و لە ئێستاوە من هەر بە مەهەندیس بانگی دەکەم.
قسەکانی میرزا ئەحمەد هەودای خەیاڵێکی ئاڵۆزی بێئەمسەر- ئەوسەریان بە بیرگەی مام رەحمان ئەسپارد. ئەم خەیاڵە ئاڵۆزانە رواڵەتی مام رەحمانیان بێدەنگ کرد و چەخماخەی شەڕێکیان لە مێشکیدا لێدا کە هەر دەهاتو ئاگری تێکهەڵچوونەکان گەرمتر دەبوو.
میرزا ئەحمەد بە پرسیارەکەی مام رەحمان و قسەکانی خۆی ترسی نەپارێزرانی جانتاکەی هەڵیگرت و کامەرانیش هەر بیری لە چارەنووسی ونی بێدەگبوونی جیهازە دەستکردەکەی خۆی دەکردەوە.
مام رەحمان کە وەک فەرماندەی ئەم دەستە سێ کەسیە سەیری دەکرا، دەبوایە هەر ئەو لە جێگا هەستیارەکاندا فەرمان بدات. بۆ ساتێک توانی لە ژێر هورژمی پەیتاپەیتا خەیاڵات بێتە دەر:
- "رۆڵە کامەران تاریکان دابێت، ئەسپەکانمان بۆ بار ناکرێن. دەی خێرا بیانهێنە با کورتانیان کەین و لەو نشێوەی خوارەوەش بارەکانیان لێدەنێین."
مام رەحمان هەستایەوە. وەک لە جێبەجێ کردنی فەرمانەکەی رازی بێت، خۆی هاویشتە سەر هەردووپەنجهی پێی. کامەران جڵەوی ئەسپەکانی بەردا و تەنیا جڵەوی جوانوو ئەسپەکوێتەکەی دایە دەست میزا ئەحمەد و لە دوای سێ ئەسپەکەی دیکە کورتانی خستە سەر. لەگەڵ بەستنی تەنگە و پاڵوودا بە لەپی دەستی کەفەڵی ساف و لووسی لاواندەوە و ئەویش بەچەشنێک سەری سوپاسی بۆ وەرسووڕاند کە هەودای جڵەوەکە بۆ ماوەیەک لە دەستی میرزا ئەحمەددا گورجتر بوو.
جوانووە کوێت بەسەر خڕەبەردەکاندا پێش هاوڕێکانی دەکەوتەوە و لەگەڵ قەڵەمبازە وردەکانیدا شڵپوهۆڕی ئەو بوتڵانەی لێیان بارکردبوو، میرزا ئەحمەدی دەخستەوە یادی شڵپ و هۆڕی مەشکەی بن سێپەکی یەکەم گراویی ساڵانی لاویەتی لە هۆبە و هەواری بەرزاییەکانی لەندی شێخان. جانتاکەیشی دەتگوت لەترسی چارەنووسێکی ون خۆی لە نێوان هەردوو لاباری سەر پشتی جوانوو ئەسپە پێشڕەوەکەدا مەڵاس داوە.
"دەستی راستی بە سمێڵە نەرمەکانی داهێنا و بە بن لاپانکی رەشماڵکەدا شانی زیاتر لەو ئەستوندەگە ترینجاند کە پاڵی وێدابوو. وەک بە چەکێکی لوولەدرێژ سێرە لە دوور بگرێت، بە بۆشایی نێوان سینگ و گەردنی کابانە باڵەبەرزە مەشکەژەنەکە و هێڵی ئاسۆیی لای سەروی مەشکەکەدا لە ناو قووچەکی سێپەکدا سەرسێرەیەکی دروست کرد. بەم سەرسێرەیەدا لەوبەری روانی. وردەوردە هەستی کرد چاو لە وێنەیەکی سێ رهەندی دەکات. چاوی تراویلکەیان دەکرد. لە ناو وێنە سێرەهەندیەکەدا کە رووبەرەکەی لە کۆمەڵێک گیاوگۆڵ و رووتەن و رەوەزەبەرد پێکهاتبوو، کۆمەڵێک بوونەوەری جووڵاو سەرنجیان پێ وردتر کرد. لاشەیەکی بێگیانی دیت کە لە سەر سک بەملاوئەولای پشتی ئەسپێکدا شۆڕ بۆتەوە و دەست و قاچی دەلەرێنەوە. بە جلەکانیڕا ناسییەوە، رێک ئەو جلانەی لەبەردابوون کە لە ئاخر رۆژی لێکجیابوونەوەیان لە حەوشی خوێندگەوە بەرەو چیا کردبوونیە بەر. دەستی چەپی بە سمێڵی داهێنا، تاڵە رەقەکانی سمێڵی یەکە یەکە بەناو رووبەری نەرمی خەیاڵیدا رۆچوون و تێکەڵی شڵپەشڵپی شلەمەنیی ناو بوتڵەکانی سەرپشتی چوار ئەسپەکە و دەنگی ناڵ و بزماری سمی جوانووە کوێت و ترپەی دڵی خۆی بۆوە.
مەودایەکی کورتی هەناسەبڕیان تێپەڕاند. هەنگاوە پتەو و خێراکانی جوانووی پێشڕەو ورەی زیاتری بە ئەسپە بۆر و پارگینە سوورخون و یەخترمە تەوەزەلەکە و موهەندیس کامەران و میرزا ئەحمەد و مام رەحمانیش دەبەخشی.
مەهەندیس کامەران بە پەلە خۆی گەیاندە پێشرەوی کاروان و مام رەحمان بە گوێی میرزا ئەحمەدیدا چپاند ئەگەر لە ماوەی چارەگە سەعاتێکی دیکەدا هیچ روو نەدات بە سڵامەتی دەگەینەوە.
دەنگی ناڵ و بزماری پێی ئەسپەکان ترپەی دڵی میرزا ئەحمەد و کوتەکوتی ژێر پێی مام رەحمانیان وەبن خۆیان دا. هەر دووچرکە بەسەر حیلەی جوانوو ئەسپیتۆڕدا تێپەڕی و بوو بە ئاخرزەمان. قرمژنی هاوکاتی کۆمەڵە چەکێک دنیای شێواند. حیلەی دووهەمی جوانوو ئەسپی تۆڕ زیاتر وەک هاواری یارمەتی خوازتن دەچوو. تەقە بێدەنگ بوو. هەتا کازیوەی بەیانی بێدەنگیەکی ئاوسی رووداوی چاوەڕوان نەکراو باڵی بەسەر ژیانی پڕ لەجووڵە و هیوای چەند سات لەمەوبەر داگرت.
کامەران خۆی گەیاندە قەڵشتی کەڤرێک و خۆی تێدا مەڵاس دا. شنەیەکی فێنک ئارەقەی ساردی دەرئەنجامی ترسی ساردتر کردەوە. غەڵبەغەڵبی چەکدارانی کەمینەکە پەیدا بوو. لە ناو قەڵشتە بەردەکەڕا سەیری کرد. گولـلە جانتاکەی دابێژ دابێژ کردبوو. کردیانەوە. پڕ لە کتێب بوو. گولـلەی گەرم بەچەند کونێکی سووتاو کتێبەکانی دابێژدابێژ کردبوو. چەکدارەکان نەیاندەزانی ناوی کتێبەکان بخوێنەوە. بە دەنگێکی فەرماندەرانە یەکێکیان بانگ کرد:
- ئەوانە چین، یەک یەک بیانخوێنەوە
- بەڵێ بەچاوان. بەڵام ئەو کونە سووتاوانە؟
- دەی بیان خوێنەوە.
- بەفـ...، حەسـ...وسەگەکانی باوکـ... ، قـ...ڵای سپـ...، گرەوەی بەختـ...ڵاڵە، حیکایـ ...انی باوکـ...، ژنێکی منگـ...، ئەو باڵندە...منـ... .
- ماناکەیان بڵێ.
- گەورەم، گولـلە وشەکانی لێک دابڕیوە و بۆشاییەکەیانم بۆ پڕ نابێتەوە.
کامران بە هیوای دیتنەوەی مام رەحمان و میرزا ئەحمەد و جوانوو ئەسپی تۆڕ، زیاتر خۆی لە قەڵشتە بەردەکە دەپەستاوت. وردەوردە شنەبا ئارقە ساردەکەی وشک دەکردەوە و لەوبیرەدا دەبوورایەوە کە بە یارمەتیی میرزا ئەحمەد شوێنی پیتە سووتاوەکان پڕکاتەوە.
٢/٩/٢٠١٠
فهرههنگۆک :
یهخترمه = اسب یدک
تهوهزهل = تنبل
شهک = برهی دو بهار دیده
سهپان = کارگر کشاورزی که یک پنجم بهره میگیرد
قۆرت = چاله
لالۆیچ = پر یک کف دست
چێنک = سبزه و چمنی که اطرافش خشک باشد
کوێت = اسب سرخ مایل به سیاهی، کهر
هێڵی ئاسۆیی = خط افقی
قووچهک = مخروطی کوچک
سێ رهههند = سه بعدی
تراویلکه = سراب
پارگین = جوی اطراف خانه
سوورخون = اسب سرخ روشن با لکههای سفید
قرمژنی = غرنبه، صدای مهیب
کهڤهر = کمر کوه
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
|
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید
|
|