«بۆ وه‌نه‌وشه‌ی ده‌ستگیرانم»
(بۆ کچێکی ئه‌فسانه‌یی و عه‌شقێکی ئه‌فسوناوی)
شاخت له‌گه‌ڵ روحم رواند
هه‌ر ئه‌تۆش بووی
له گه‌ڵ په‌نجه‌م
ده‌نک ده‌نک چیاشت چاند
له گه‌ڵ چاوم
به‌رگی گوڵه‌به‌ڕۆژه و خۆر و ئاسۆت
له‌به‌ر کرد
* * *
حه‌زم کرد لێت
بۆیه ویستم
بۆ بینینت گڕوو بگرم
بۆ چاوانت ئاسمان و
بۆ باڵات چیا‌و چنار و
بۆ له دایک بوونێکیشت
به‌سته‌ڵۆکی گوێ جۆگا بم؛
حه‌زم کرد لێت
له کوێی گه‌ر ساتێک بت بینم
بۆ نازانی بۆ ناسینت
چه‌ند چاوی ریپۆق زه‌ردی گوڵه‌به‌ڕۆژه و
تراویلکه‌ی ئاسۆ گه‌ڕام
له‌نجه‌ی رێگام
به حه‌زی تۆوه خۆش ئه‌ویست
به‌ڵام هه‌رگیز
مل که‌چ بوون و بێ ده‌نگی
نا . . . نا.........
* * *
وه‌نه‌وشه‌ی من
ئه‌ی پیرتر له سه‌دان ساڵه‌ی خۆشه‌ویستی و
منداڵ تر له ته‌نیا چرکه‌یه‌ک ماچ
خۆزیا ساتێک . . . . ته‌نیا ساتێک
له گۆمی مه‌نگی چاوه‌کانتا
ده‌تخنکاندم
تا کام تاوان گه‌وره‌یه
له ئه‌ستۆم بێ و
کام ئاگره به تین تره
تێیدا بگڕێم؛
وه‌نه‌وشه‌ی من
چۆن ناتناسم؟!!!......
من له دوور ڕا
تێکه‌ڵی جه‌سته‌ی زامداری عه‌شقت بووم
بۆنی که‌رکوکی نه‌وتاوی په‌نجه و
هه‌ڵه‌بجه‌ی هه‌ڵقرچاوی روح و
سنه‌ی خوێناوی سه‌ر سنگت
شه‌پۆل ئه‌دا له مه‌ستی ئه‌م شه‌وه بێ که‌سیه دا
گه‌ر بتبینم چۆن ناتناسم
به‌ڵام داخم شاراوه‌ی لێم
گه‌ر بتبینم:
ئیبڕاهیمێکم پێیه بۆت
باڵداری له‌ت له‌تی جه‌سته‌ت هه‌ڵفڕێنێ،
مه‌سیحێکم پێیه بۆت
له بێشکه‌دا هاوار بکا بۆ دایکی بێ تاوانت.........
به‌ڵام داخم شاراوه‌ی لێم........
شاراوه‌ی لێم....
محه‌ممه‌د مسته‌فازاده - بانه