پينج شيعرى كورت
محمد كوردۆ شاعری
توانای کوردستانی عراق
1-نیشتمان
ئێمه دوو مرۆی پڕ سووتانین
خه‌ڵك سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی ماڵ و
ئێمه هه‌ڵوه‌دای راوكردنی
چه‌ن چركه‌ساتێكی جوانین
خه‌ڵك شپرزه‌ی ئیشی به‌یانیان و
ئێمه وێڵی
پیاسه‌ی
ئێوارانین!
ده‌ڵێن: ماڵ نیشتمانێكی بچكۆلانه‌یه
ئێمه ماڵێكمان نییه پێكه‌وه كۆمان بكاته‌وه
ئای من ئێستا ئه‌زانم
ئێمه‌ی خه‌ڵكانی رۆژهه‌ڵات
چه‌ن بێنیشتمانین!!
2-نازانم چاوه‌ڕوانی كێ ده‌كه‌م؟!
ژیان وێستگه‌یه‌كی دڵته‌نگه
هه‌موو ده‌مه‌و ئێوارانێ
من چاوه‌ڕێ ده‌كه‌م
ده‌ڵێم دێت و
داوای ده‌سته میهره‌بانه‌كانی لێده‌كه‌م
ده‌یانخه‌مه سه‌ر دڵم
تامناڵ ده‌بمه‌وه
ئینجا وڕكی لێده‌گرم و
گێچه‌ڵی پێده‌كه‌م
له‌ناو قژ و
له‌به‌ینی مه‌مكه بۆنخۆشه‌كانیا
تێر چاوشاركێ ده‌كه‌م
ئای به‌ڵام هه‌مووجارێ
شه‌و دادێت و
كه‌س دیارنیه و
منیش نازانم چاوه‌ڕوانی كێ ده‌كه‌م؟!
3-وێنه‌كانی ناوچاوم
له ئێواره‌یه‌كی خه‌مگینا
ژنێك
له‌شێوه‌ی فریشته‌یه‌كی نازه‌نینا
پرچی به‌سه‌ر شانیا شاباش كرد
به‌دڵێكی لێوان‌لێو له‌سۆز و میهره‌وه
ده‌ستی خسته ناو ده‌ستم و
په‌نجه‌كانمی پڕ له‌ئێواره باشكرد
به‌بۆنی گۆی مه‌مكه‌كانی
دڵمی وه‌ك لیمۆی حه‌په‌ساو قاش قاشكرد
به‌رله‌وه‌ی بڵێم ماڵئاوا
سه‌رنجێكی ئه‌فسووناوی تێگرتم
هه‌رچی وێنه‌ی ژنی جوان له‌ناو چاومابوو
هه‌مووی وردوخاش كرد!!
4-ژیربوونه‌وه
نیشتمانه‌كه‌م گریا
به‌حیكایه‌تێكی ئه‌فسانه‌یی و
به‌چه‌ن به‌ڵێنێكی درۆ ژیر بۆوه
كتێبخانه‌كه‌م گریا
به‌دیوانێكی ئه‌دۆنیس و
به‌رۆمانێكی ڤیكتۆر هۆگۆ ژیربۆوه
مناڵه‌كه‌م گریا
به‌فیلمێكی ڤاندام و
به‌وێنه‌یه‌كی رۆناڵدۆ ژیربۆوه
دڵم گریا
هه‌رگریا و هه‌رگریا
هه‌رچیم بۆ هێنا بێسوود بوو
سه‌ره‌نجام
لای دڵه میهره‌بانه‌كه‌ی تۆ ژیربۆوه!
5-دار
له‌ناو هه‌موو داره‌كانی ئه‌م وڵاته‌دا
دارێكی نه‌شمیل چاو ده‌ده‌م
ده‌یكه‌م به‌تۆو
له‌بری مه‌مكه نازه‌نینه‌كانت
به‌گه‌ڵا نازداره‌كانی ئه‌و
دڵ و گیان و
بوونم زاخاو ده‌ده‌م
هه‌ركاتێكیش
هه‌ستم كرد دووریت زۆری بۆ هێناوم
وه‌ك كه‌سێك سرووتێكی ئایینی جێبه‌جێ بكات
تێر تێر داره‌كه ئاو ده‌ده‌م !