بۆ به‌نازه‌کانی نیشتیمان
گوناهی گڕ نیه کاتێ
په‌پووله باڵ په‌شمه‌کیه‌کان ئه‌بنه قه‌قنه‌س
ئه‌وه جه‌وری دێوه‌کانی شه‌وه‌زه‌نگه
فێری ڕاموسانیان ئه‌کا له‌گه‌ڵ مه‌رگا
ئای .. نیشتیمان
چۆن بووی به‌قه‌ڵای دێوه‌کانی شه‌و
گوناهی ئاو نیه کاتێ
پێده‌شته‌کان ئه‌بنه سه‌حراو
گوڵه گه‌نمه‌کان ناگه‌نه ته‌مه‌نی که‌روێشکه
ئه‌وه بێ میهریی خواوه‌نده‌کانه که‌باران
هه‌ر له‌حه‌وزه‌کانی خۆیانا قه‌تیس ئه‌ده‌ن
ئای .. نیشتیمان
چۆن بووی به‌باخی عه‌ده‌نی خوداکان و
به‌دۆزه‌خی گوڵه گه‌نمان
گوناهی با نیه کاتێ
هه‌ڵاڵه مه‌یلی سه‌فه‌ری غوربه‌ت ئه‌کاو
باکی نیه گۆڕ غه‌ریب بێ
ئه‌وه ئه‌مری قه‌یسه‌ره‌کانی ئه‌مڕۆیه
ژوان حه‌رام ئه‌که‌ن له‌گوڵان
تاسه‌رقاڵی عیشق نه‌بن
ئای .. نیشتیمانی بێ ڤه‌له‌نتاین
تۆ له‌سفری وجوده‌وه
موڵکی جێماوی قه‌یسه‌ری بۆ کوڕه‌کانی
گوناهی خه‌ون نیه کاتێ
کچه بێ نازه‌کانی حه‌وا
قژیان له‌خه‌نه‌ی گڕ ئه‌نێن
ئه‌وان چیتر متمانه‌یان به‌په‌لکه‌زێڕینه‌کانی
خه‌ون نیه
ئه‌و خه‌وانه‌ی هه‌ر له‌ژووره تاره‌کانا
ئه‌بینرێن و نایه‌نه‌دی
ئه‌وه پاڵه‌وانه‌کانی شه‌ون که‌به‌ربه‌یان
له‌خه‌و ڕابوون هیچی تر نین
غه‌یری داهۆڵ
دڵنیاشن له‌وه‌ی سه‌مای ده‌سته‌ویه‌خه
له‌گه‌ڵ مه‌رگا به‌داهۆڵه‌کان ناکرێ
بنوو ئازیزه‌که‌م بنوو
ئێره نیشتیمانی خه‌ونی
داهۆڵه‌کانه .. داهۆڵه‌کان
به‌ندی عه‌لی