
02-17-2012
|
 |
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی 
|
|
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172
3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
|
|
بۆشایی كیسه‌ڵێكی به‌خته‌وه‌ر
بۆشایی كیسه‌ڵێكی به‌خته‌وه‌ر
چنوور سه‌عیدی
من كیسه‌ڵێكی گه‌وره نیم، خانه‌كانی سه‌ر پشتم زۆره كه قه‌ت نه‌متوانیوه بیژمێرم چونکه به‌رده‌وام زیاد ئه‌كا، خانه‌كان به قه‌د خاڵه وه‌رچه‌رخانه‌كانی* ژیانمه. رێك له سه‌ر پشتمدا، له نێو به‌ندی خانه‌كاندا، خانه‌یه‌كی گه‌وره و به‌تاڵ هه‌یه، زۆربه‌ی ئه‌و رووداوانه‌ی كه هه‌ستم ئه‌كرد زۆر گرینگ نیه و ئه‌بێ فه‌رامۆش بكرێ له خانهكانمدا جێیگرتووه. چی خاڵهوهرچهرخانهكانی ژیانم گه‌وره‌تر بێ، به‌و راده‌یه خانهكانیشیان گه‌وره‌تره، ئاوات ئه‌یگوت: گه‌وره‌تر نا، داگیر كردن. له به‌ر سێبه‌ردا نه‌رم نه‌رم پیاسه ئه‌كه‌م، گوێ له قه‌ره‌باڵغی سه‌ر پشتم ئه‌گرم، له ده‌نگی رادیۆكه‌ی باوكم كه هه‌میشه له سه‌ر شه‌پۆلی ئیسرائیل‌دا بوو، ئیتر ئه‌و پاڕازیته به‌رده‌وامه بووبوو به به‌شێكی باوكم، نه‌رم و پڕ تاقه‌ت سیگاره‌كه‌ی له‌ته‌نیشتی لێویه‌وه دائه‌نا و هێنده شه‌پۆله‌كانی ئه‌گۆڕی تا ده‌نگه زوڵاڵه‌که‌ی ئه‌دۆزیه‌وه. من هه‌میشه نیگه‌رانی سووتووی سیگاره‌كه‌ی بووم كه به ئه‌ندازه‌ی به‌ندی قامكی ئه‌سووتا و ئه‌مزانی ئێستا دائهكهوێت و فه‌ڕشه‌كه ئه‌سووتێنێ و دایكم ژیانمان ئه‌كا به جه‌هه‌ننه‌مه‌وه. هه‌میشه چركه‌یه‌ك پێش داكه‌وتن سووتووهكهی دائهتهكانده ژێرسیگارییهكهیهوه، باوكم به خوومهكێكی زۆر سه‌یره‌وه ئه‌و چركه هه‌ره گرینگه‌ی هه‌ست پێئه‌كرد و نه‌یئه‌هێشت ئه‌و كاره‌ساته روو بدا به‌ڵام من قه‌ت بڕوام به‌و خوومهكه نه‌بوو. هه‌ر كه پاڕازیتهكه ده‌ستی پێئه‌كرد، خه‌ریكی خوێندنه‌وه بوومایه یا قاپ شۆردن و كاری ناو ماڵ، نیگه‌رانییه‌كانی منیش ده‌ستی پێئه‌كرد. من ئه‌و خانه‌یه‌ی سه‌ر پشتم ناو ناوه: "خانه‌ی پارازیت".
زۆر جار كه ئه‌بێ پڕ به دڵ شاد بم و ئاره‌زوو بكه‌م خانه چێرهییهكان جێگایه‌كی فره‌تر داگیر بكه‌ن، دلم ته‌نیا لای ئه‌و بۆشاییه غه‌ریبه‌یه، بۆ نموونه سه‌یری خانه‌ی "كورسییه به‌تاڵه‌كه " بكه‌ن:
له ئاتێلیهین، وێنه‌گره‌كه بۆ زه‌وقی جوان،له ناو شاردا به‌ناوبانگه، كاتێ ده‌ستووری ژێست گرتنی عاشقانه‌مان پێئه‌دا، من مه‌جبوورم بۆ یه‌كه‌مجار له نزیكه‌وه لۆچه‌كانی ته‌نیشتی چاوانی هیوا بژمێرم. ئه‌و( ئاماده؟ یه‌ك، دوو، سێ) وتنانه‌ی هێند خاو بوو، ئه‌و چاوه‌ڕوانییه بۆ دیتنی برووسكه‌ی كامێراكه هێنده درێژخایه‌ن بوو كه من ده‌رفه‌تی دیتنی راده‌ی قووڵای ئه‌و لۆچگهلهم هه‌بوو.
- پێبكه‌نه بووكه‌خان با وێنه‌كه‌ت جوان بێ.
- فره ماندووم پێكه‌نینم بۆ نایه.
- بیر له شتێكی خۆش بكه‌وه، ئه‌مڕۆ رۆژێكی مێژووییه بۆتۆ.
من زه‌رده‌خه‌نه‌م کرد چونكه چاوم كه‌وتبوو به كورسییه‌كی به‌تاڵ له سووچێكی ئاتێلیهدا.
*********
« خانه‌ی به‌خته‌وه‌ریم به پێی گێڕانه‌وه‌ی ریزی سه‌ره‌ی نانه‌وایی»
- ره‌نگه زاواكه‌ی شه‌ریفه ژنێكیتری هێناوه وا كچه‌كه‌ی به ده شه‌و و بیس شه‌و ناچێته‌وه لای مێرده‌كه‌ی.
- حاح! تۆ شه‌ریفه ناناسی چه‌نده ده‌مه‌وه‌ر و قه‌ره‌چییه؟ به خودا تا بن و بنه‌ڕه‌تی نه‌سووتێنێ و ماره‌یی و جیازی و زێڕه‌كانی كچه نه‌ستێنێ و نه‌یكاته دیان و بازنه‌ی زێڕ و هه‌ر به‌و ده‌سته پڕبازنهیهی بۆ خۆنواندن پاره نه‌داته ده‌ستی شاتر حه‌مه‌وه، وازی لێناهێنێ. نه خۆشكهگیان ژنی چی، له‌م ماوه‌یه ماشێنی بۆ كچه كڕی.
- تو خوا به راسته خه‌جێ خانم؟! وه‌ڵا من نه‌مه‌زانی، وامئه‌زانی هه‌وێی به‌سه‌را هاتووه، ئه‌ی بۆ هه‌ر له ماڵی باوكیه‌تی؟
- من رۆژێك هه‌روا چووم بۆ ماڵیان و لێم پرسی...
- ئاده‌ی؟
- ئهڵڵانهوینی! داوێنێكی كورتی له پێكردبوو ،شان و قۆڵی رووت، پاو پوزی سپی، له به‌ر چاو ئه‌و باوك و برایه‌ی نازانم چۆن شه‌رمی نه‌ئه‌كرد. له دڵی خۆمه‌وه گوتم هه‌ر به‌م قرتی و فرتییهیه وا ئه‌و مێرده‌ی كه‌ر كردووه، ئه‌گینا ئێمه كه‌ی وا بووین له بیرته له روومان نه‌ئه‌هات له به‌ر چاوی باوكمانه‌وه نان بخۆین؟!
پرسیم له شه‌رێ وتی: زاواكه‌ی رووناکبیره‌و به كچه ئازادی داوه به ته‌نیا سه‌فه‌ر بكات و له ماڵی باوكیشیا به ده شه‌و و بیس شه‌و دانیشێ و هه‌ر چه‌ند سه‌ره‌تای ژیانیانه به‌ڵام بیری یه‌كتر ئه‌كه‌ن و بێعابی نه‌بێ به زمانیشی دێنن و هه‌ر ناشچێتهوه!
- رووناک‌بیر؟ رووناک‌بیر چیه؟
- كوبرا خانم ئه‌مه ئینجه و فینجه‌ی ئه‌م ده‌وره‌یه، شه‌رێ ئه‌ڵێ ئه‌م رووناکییه قسه‌ی زاواكهیهتی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر میوانیان فره بێ، خۆ وه‌كوو پیاوی لای خۆمان نیه پێ له سه‌ر پێ بخات و ده‌ستوور بدا، یارمه‌تی كچه ئه‌دات و ناهێڵێ ماندوو ببێ.
- جا ئه‌و كچه به جله‌كانیه‌وه چل كیلۆ نابێ كه‌ی به‌رگه‌ی كار و فه‌رمانی ناو ماڵ ئه‌گرێ؟!
- ئیتر چووزانم خۆشكه ئهیگو هه‌ر به گیان گیان پێكه‌وه ئه‌دوێن، میوانشیان نه‌بێ هه‌ر جل و گۆره‌وییه‌كانی خۆی ئه‌یشوات و كاری ناو ماڵیشی بۆ ئه‌كا، له به‌ینی خۆمان بێ پێم وایه كچه حه‌قی ته‌ڵاقیشی لێی وه‌رگرتووه!
- ئه‌ی ڕۆ! جا ئه‌وه كه‌ی پیاوه؟! رووناکیوا خوا بیبڕێ! خۆ كچه له‌و پیاوتره! ئه‌ک داوه‌شێی پیاو بۆ غیره‌تت!
- به خوا هه‌مووی به ناوچه‌وانه، ئه‌گینا مه‌گه‌ر شه‌رمینی منیش ده‌رسی نه‌خوێند و ده‌ستیشی له گیرفانی خۆیدا نیه؟ هه‌موو مانگێ ئه‌و مێرده بێشه‌ره‌فه‌ی پاره‌كه‌ی لێئهستێنێ و به قسه‌ی نه‌كا لێشی ئه‌دا،قه‌ڵه‌وتر و جوانتریشه له كچه‌كه‌ی شه‌رێ! قوربانی خوا بم وا نازانێ به‌خته‌وه‌ری به كێ بدات و به كێی نه‌دا.
- به‌ڵام خه‌جێ خانم! له بیرت دێ پێش زه‌ماوه‌ندی كچه جارێكیان چوو بۆ عێراق؟ به په‌یغه‌مبه‌ر من ئه‌ڵێم ئه‌و شه‌رێ قه‌ره‌چییه، چووه‌ته لای شێخه‌کانی چه‌مپاراو و نووشته‌ی له زاواکه‌ی کردووه وا كردوویه‌ته زایفهیهكی... ئه‌گینا رووناکی چی و شتی چی!
- بێده‌نگ به كوبرا خانم ئه‌وه‌تا هات...
**********
دایكم ژنێكی سیاسه‌تمه‌داره، ئه‌زانێ چی بكه‌ین تا پیاو وه‌ك ماستی مه‌ییوی لێ بێت. به‌ڵام باوكم پیاو نه‌بوو، كیسه‌ڵێكی بێده‌نگ بوو، تا ئێواره كاری ئه‌كرد و پێش ئه‌وه كلیل له ده‌ركه بخات سه‌ری ئه‌كرده ناو قاپووڕهکهی و رادیۆكه‌ی له ته‌ك خۆی ئه‌برد و تا به‌یانی نه‌ئه‌هاته ده‌ر. دایكم هیچ داوێكی بۆ سه‌ر ده‌رهێنانی دانه‌ئه‌نا، بۆ هه‌موو شتێكی ژیانمان هه‌ر خۆی حیساب بوو، باوكم هێور هێور بوو به تارماییه‌ك له كیسه‌ڵێكی خه‌مین به‌ڵام ئومێده‌وار.
- مه‌گه‌ر ئیسرائیل رزگارمان بكات.
كاتێ هیوا ماشینێ بۆ كڕیم خێرا مانای به‌خته‌وه‌ری له ناو خزم و ریزینانه وایدا به‌م شێوه‌یه گۆڕا:
« ته‌نیا ئه‌و ژنه‌ی كه هه‌م ناوچه‌وانی هه‌یه و هه‌م سیاسه‌ت،ئه‌توانێ پیاوێكی رووناک‌بیر له دا‌و بخات و به‌خته‌وه‌ر بێ» ئاوات ئه‌یگوت:
- خۆزگه تۆش زانستی سیاسه‌ت بخویندبایه، ئهمكردی به خاوه‌ن ئیمتیازی ئه‌م گۆڤارانه و شانازیم پێوه ئه‌كردی، بڕوانه، ئیتر ماوه‌یه‌كه ئه‌ده‌بیات جیهان ناگۆڕێ.
من ئهمگۆت: - ئه‌ترسم سیاسه‌تی زانکۆ وه‌كوو هی دایكم بێ و بمكات به كیسه‌ڵێكی بێ‌سنوور و خه‌مین.
دایكم ئه‌ڵێ: - تۆ قه‌دری به‌خته‌وه‌ریت نازانی چونکو سیاسه‌تت نیه، ماڵێكی ساده و ژیانێكی بێده‌نگ، نه زه‌وقێكی ژنانه، نه جم و جۆڵ و گورج و گۆڵیهك!
ئاخر سیاسه‌تی كیسه‌ڵ و دایكم جیاوازه، كیسه‌ڵ ته‌نیا بیر ئه‌كاته‌وه بۆیه هێواش ئه‌ڕوا، ئه‌ڵێی سه‌ر پشتی پڕه له چاو كه هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانی بڕیارێک ئه‌بینێ. ئه‌و نازانێ بۆیه زوو زوو سه‌فه‌ر ئه‌كه‌م چۆن له ماڵی خۆماندا زه‌حمه‌ته بچمه ناو قاپووڕهکهمهوه، هیوا باش ئه‌زانێ چۆن ههڵمخهڵهتێنێ سهردهربێنم. پێش ئه‌وه‌ی بچمه ناو قاپووڕهکهمهوهو، ئاگاردارم كه هه‌موو كاره‌كانم پێشتر كردبێ، چێشتم لێنابێ، چا ئاماده و تازه بێ، ماڵه‌كه‌ش خاوێن،جله‌كانی ئوتوو كرابێ،هه‌موو شتێ له‌سه‌ر جێگای خۆی بێ تا رێگه به بیانوو گرتنی نه‌ده‌م،ته‌نیا ئه‌و مۆسیقاگهله وا حه‌زم لێیانه،ئه‌و كتێب گه‌له وا پێشتر خوێندوومن یا ئاوات به دیاری پێی داوم و فریای خوێندندنهوهیان نه‌كه‌وتووم، دار‌و دیواری قاپووڕهکهم وێنه‌کانی منداڵی خۆم و ئاواته، ئه‌وێ بێده‌نگی و ئه‌رخه‌یانی ته‌واوه. كاتێ له‌و په‌ڕی به‌خته‌وه‌رین و حه‌ز ئه‌كه‌ین قسه‌ی خۆش بكه‌ین هیوا له پڕا ئه‌پرسێ: بۆ ئه‌و رۆژه نه‌تهێشت له سه‌ر كورسیه‌كه دانیشم و پێكه‌وه وێنه بكێشین؟!
**********
«خانه‌ی فێڵ و گومان و قژ راكێشان»
ئه‌زانم ئه‌بێ ناوێكی خۆشتر له‌م خانه‌یه بنێم به‌ڵام هه‌ر كات بیری ئه‌و شه‌وه ئه‌كه‌ومه‌وه، سه‌رم ژان ئه‌كا. سی و دوو گیره‌ی ره‌شی ئاسنی، قژێكی شینیۆنی ده‌ستكردیان وه‌ها ئاوێته‌ی قژه‌كانم كردبوو كه هه‌مووان بڕوامان كردبوو هی خۆمه!
ماندووم له‌و هه‌موو زه‌رده‌خه‌نه زۆره‌ملییانه بۆ خه‌ڵك و برووسكه‌ی كامێرا‌كان. پێم خۆشه هه‌ر له‌وێ به جله سپییهكانمهوه له سه‌ر ته‌خته‌كه‌وه بخه‌وم و تا حهوتهكهم هه‌ڵنه‌ستم. ئاوات ماوه‌یه‌كه ون بووه، هیوا كۆڕێكی رووناکبیره ئه‌توانم سه‌فه‌ر بكه‌م و به‌دوایدا بگه‌ڕێم، هه‌ر له‌م وڵاته‌یه ئه‌زانم، ناتوانێ سنووره‌كان ببه‌زێنێ. ئه‌ڵێن كیسه‌ڵه‌كان جاری واهه‌یه تا هه‌زار كیلو مه‌تریش سه‌فه‌ر ئه‌كه‌ن به‌ڵام له ئه‌نجامدا هه‌ر ئه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌و جێگایه وا ماڵیان هه‌یه، هێلكه‌یان كردووه و ره‌گیان داكوتاوه، ئه‌م خانه گه‌وره‌یه ماڵی ئاواته، ئه‌مه نهێنیێکه له نێوان هه‌ر دوومان. ئه‌وه‌تا ئه‌م وێنه‌یه‌شم به تایبه‌تی بۆ ژووره‌كه‌ی گرتووه.
- بۆ ئه‌مڕۆ نه‌تهێشت له سه‌ر ئه‌و كورسییه دانیشم؟
ئه‌و وه‌كوو من نیه، ئێستا بڕوای به چاوه‌كانمه له نێوان ئه‌م هه‌موو خه‌ت و لێنز و برژانگی ده‌ستكرده‌دا. كه‌وایه بۆ چاوه‌كانمی لێداشارم؟
- ئێمه پێشتر قسه‌مان كردووه ئازیزم، بڕوانه هه‌ندێ شت هه‌یه كه ته‌نیا بۆ خۆمان مانای هه‌یه، بۆ نموونه هێشخانه تاریكه‌كانمان.
- دیسان ده‌ستت پێكرده‌وه؟ تكایه با ئه‌مشه‌ومان لێ تاڵ نه‌بێ،بڕوا چه‌نده جوان بووی، گه‌ر من به جێگه‌ی ئه‌و ئارایشگه‌ره بوومایه خاڵه‌كه‌ی لا لێوتم دانهئهشارد. خۆزگه منیش ژن ببوومایه و ئارایشمیان بكردایه!
پێئهكهنم: - ئه‌م خاڵه ئیتر بۆ شه‌وی بووکێنی باوی نه‌ماوه كه‌وایه وه‌ره جێگه بگۆڕین تۆ دووسه‌د هێلكه بكه‌و ئاگاداریان به با من سه‌فه‌ر بكه‌م.
- هێلكه؟ مه‌به‌ستت منداڵه؟ نه ژن بوون ته‌نیا ئارایش و جلهجوانهكانی خۆشه.
برسیمه‌و هێزم نیه زۆر قسه بكه‌م، پشتم ژان ئه‌كا،خانه‌که‌ی ئاوات خه‌ریکی داگیرکردنه،قفڵهكانی جلهبووكێنییهكانم ئه‌كاته‌وه:
_ وێنه‌ی بووكێكی خه‌مین له ته‌نیشت كورسییه‌كی به‌تاڵ، جوانه وانیه؟ ئه‌ها! ئێستا تێگه‌یشتم، ده‌ته‌وێ لێیبنووسی؟
بێ په‌روا ئه‌ڵێم: - پێشتر نووسیومه.
كه‌سێك كه بڕوا به ره‌نگی درۆزنی چاوم و ئه‌و برژانگانهی ئه‌كا كه كه‌وتوونه‌ته سه‌ر مێزه‌كه‌وه و لاروخلیچ بوون! حه‌قیه‌تی هه‌ر ئه‌مشه‌و و ئه‌م پرسیاره ببیستێ كه:
_كورسییه‌كی به‌تاڵ بیری چیت ئه‌خاته‌وه؟
به گومانه‌وه ئه‌پرسێ: جێگای به تاڵی ... كه‌سێك؟
به ناز و عه‌یارییه‌وه پێئهكهنم یه‌عنی نا. ناشپرسێ ئه‌ی چی؟
ئه‌گه‌ر په‌ره به‌م دیالۆگانه بده‌م نهێنی خانه‌ی تهقهڵهكانم ده‌رئه‌که‌وێ،ئاخر هه‌موو به‌خته‌وه‌ری و که‌سایه‌تیم له گره‌وی ئه‌م خانه‌یه‌یه و ئیتر ئه‌و هه‌ست ناكا یه‌كه‌م كاشفی ئه‌شكه‌وتێكی دووره‌ده‌ست و سێحراوییه.
*********
«خانه‌ی تهقهڵهكانم»
من ئه‌م خانه‌یه‌م ده‌مێكه خستووه‌ته ژێر زگمه‌وه، هه‌ر ئه‌و كاته وا شریته سپیه‌كه له دوورترین شوێنی ئهشكهوتهكهمدا توایه‌وه‌و تێكه‌ڵی گۆشت و ماسوولكهكانم بوو،ئه‌م خانه‌یه‌ش هێنده كه‌وته په‌ڕاوێزه‌وه تا كاڵ بووبووه‌وه. ته‌نیا دیالۆگهكانیهتی كه قه‌ت له بیرم ناچێته‌وه.
- پیاو هه‌موویان به عام ده‌عبایه‌کی بێمێشكن، هه‌موو ژنان وه‌كوو كونێكی پڕ له چێڕ ئه‌بینن، تۆ له من بپرسه كچێ جا نازانم ئێوه كچانی گه‌مژه كه‌نگێ له من تێده‌گه‌ن. من ئه‌بوا ده‌روونناس ببوایه‌م نه دوكتۆر.
ئه‌و كاته من ئه‌و كچه گه‌مژه‌یه‌ش نه‌بووم كه خانم دوكتۆر – دوكتۆر نه دایه‌ن- ئه‌یگوت، پهزێكی لاڵ بووم، هه‌ر جۆره ناکۆکی و به‌رگرییه‌ک له لایه‌ن منه‌وه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه یا له ژووره‌كه‌ی ده‌رم بكات و یا ته‌قه‌ڵێك كه‌متری لێ‌بدا.
- پێم سه‌یره تۆ ئه‌ڵێی ده‌رست خوێندووه، لیسانسی زانکۆی تاران... ئه‌ی هاوار!بۆ ئه‌بێ خۆت بخه‌یته ژێر ده‌ستی ده‌عبایه‌كی شه‌هوه‌تی و هیچ و پووچه‌وه!
كه‌چی سه‌رم له ناو قاپووڕهکهمدایه به‌ڵام هه‌ر ده‌نگی جوان ئه‌بیستم، مست ئهكوتم به دیواری قاپووڕهکهمدا شووشه‌ی قاپه عه‌كسی منداڵی ئاوات دائهكهوێت و ئه‌شكێ ده‌ستم خوێناوی ئه‌بێت و ورده وێنه‌كانی كۆ ئه‌كه‌مه‌وه.
ئه‌چمه سه‌ر ته‌خته‌كه‌وه، شه‌ڕی سنووره‌كانم،پێداگری خانه‌كه‌ی ئاوات... مه‌ترسه ناتسڕمهوه.به‌ڵام مه‌جبوورم،ژیان له ته‌ک تۆ یه‌عنی هه‌ڵاتن له ناخی ئاگردا!
قاچه‌كانم به ئاسته‌م ده‌ردێنم و له سه‌ر ئه‌و جێگا تایبه‌ته‌ی بۆ قاچی كراوه‌ی ژنان دانراوه دایئه‌نێم.
- خۆت خستووه‌ته ژێر ده‌ستی كێ؟
- ده‌زگیرانم بوو، تا پێش ئه‌م رووداوه بڕیار بوو زه‌ماوه‌ند بكه‌ین به‌ڵام من په‌شیمان بوومه‌وه...
- که‌ر خۆتی ئه‌زانی!! هه‌مووتان وا ئه‌ڵێن تا ئهیدروونهوه، دوای كوڕێكیتر سواری ماشێنهكهیتان ئه‌كات و له‌ته‌کیا ئه‌چنه ماڵه‌وه ودیسان به چیرۆكێكی درۆوهوه دێنه‌وه بۆ لای من.
دڵم پڕ ئه‌بێ و حه‌ز ئه‌كه‌م بگریم. ئه‌زانم ئه‌م دایهنهش هه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وێ، به‌ڵام نه له به‌رخاتری قسه‌كانی به‌ڵكوو دڵم بۆ ئه‌شكه‌وته‌كه‌م ئه‌سووتێ.
په‌شیمان نیم به‌ڵام ئه‌مه تاوانی ئه‌و هیوا پیرۆز و گرینگهته بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌شكه‌وته تاریكه،دۆزینه‌وه‌یێکی گرینگ وه‌كوو گه‌یشتن به چه‌مكی سه‌ربه‌ستی له قامووسی تۆدا. بۆ ئه‌م سه‌ركه‌وتنه جوانترین جلم له به‌ر كرد، ژووره‌كه‌مان به مۆم روون كرده‌وه، له نێو كتێبه‌كانتا جێگای دوو مرۆڤی لاواز و قانعمان درووست كرد. تۆ ناوی ئه‌و شه‌وه كه ساڵێك چاوه‌ڕوانی بووین و شه‌ڕمان بۆی كرد داتنا به" شه‌وی خولیاكان"... ئه‌و شه‌وه هه‌موو شتێ ته‌نانه‌ت قالۆنچهكانی پشتی كتێبخانه‌كه‌ت به شێوه‌یه‌كی زۆر منداڵانه، پیرۆز و به‌خته‌وه‌ر بوون! ئه‌و دۆزینه‌وه‌یه بۆ تۆ وه‌كوو یه‌قینێكی بڕوا پێكراوی مرۆڤ بوو له حه‌قیقی بوونی خۆی و جیهان.
- شه‌رم له من مه‌كه، له خوا شه‌رم بكه. هه‌موو كچێنیتی دڕاندووه، ئه‌بێ تهقهڵێكی زۆرتری لێده‌م، كه‌وایه گرانترت بۆ ئه‌كه‌وێ قه‌یدی ناكا؟!!
چراقووهكه هه‌ڵئه‌كات و دهسكێشه لاستیكه‌كه‌ی له ده‌ست ئه‌كات و به چێوێكی سارد و وشك ناو ئه‌شكه‌وته‌كه‌م ئهپشكنێ، یا خوا شوێن په‌نجه‌كانت له سه‌ر دیواری ئهشكهوتهكهما نه‌سڕێته‌وه ئه‌زانم ئه‌م ژنه تووڕه‌یه، نه شوێن په‌نجه‌كانت و نه نه‌قش و بیره‌وه‌ریه‌كانمان نابینێ. كه‌س نایبینێ ته‌نانه‌ت خۆتیش كه ون بووی.
ئیستا تۆ چه‌نگیز خانی موغۆلی كه هرووژمت هێناوه بۆ ئه‌شكه‌وتێكی دووره‌ده‌ست و بێ تاوان، بۆ تۆ: كردنه‌وه‌ی ئه‌شكه‌وتێكی سیحراویه و بڕوایه به پیاوه‌تی و زاڵ بوون و سه‌ركه‌وتنت.
بۆ من پێشكه‌شی شه‌وێكی خولیایی به هه‌ردوومان و سه‌لماندنی ئه‌م راستیه به خۆمان كه له بنبه‌ستی ئه‌و ئه‌شكه‌وته هیچ شتێكی سه‌رنج راكێش و هه‌ره گرینگ نیه كه شایانی ئه‌و هه‌موو چه‌مك و شه‌ڕ و سازكردنی مێڕوویه بێ وا هه‌یه...
- كاری قورس مه‌كه، وه‌رزش مه‌كه، كرێمێكت بۆ ئه‌نووسم تا یه‌ك هه‌فته لێیده، پیاسه‌ش مه‌كه با جوان بلكێ به یه‌كه‌وه و شریته‌كه بتوێته‌وه له نێو ماسوولكهكهدا، ئیتر ئاگاداری خۆت به، جارێكی‌تر نایدروونمهوه،له بیریشت بێ من ئه‌م كاره بۆ كه‌س ناكه‌م. من دوكتۆرم...
ئێشم زۆره، ئێشی شه‌ڕی تۆ بۆ مانه‌وه‌ت له سه‌ر پشتم، له سه‌ر دیواری ئهشكهوتهكهمدا، ئێشی ته‌قه‌ڵی سه‌ركه‌وتنت، ئێشی قسه‌كانی دایه‌نه‌که،ئێشی ده‌نگێكی تووڕه‌تر له هی ئه‌و ژنه كه به‌رده‌وام ئه‌ڵێ درۆزن، درۆزن... به‌م هه‌موو ئێشه‌وه ناتوانم بچمه‌وه بۆ ماڵ خۆم ئه‌كه‌م به كۆڵانێكدا، تووڕه‌م، ورد بووم ورد،چلۆن ئه‌توانم ئه‌م دیالۆگانه بخه‌مه ژێر زگمه‌وه؟ كه‌نگێ هێنده ئه‌خشێ به‌زه‌وینا تا كاڵ بێته‌وه؟نه‌كوا تا کۆتایی ژیانم ئه‌م ده‌نگه وا ناوی ناوم درۆزن وازم لێنه‌هێنێ؟ نه‌كوا هه‌ر ته‌قه‌ڵی نه‌دابێ و پاره‌كه‌ی لێسهندبێتم؟ نه‌كوا شریته‌كه له له‌شما نه‌توێته‌وه، نه‌كوا شوێن په‌نجه‌كانت بۆ پیاوێكیتر كه نایناسم و ماره‌م ئه‌كا ده‌ركه‌وێ... نه‌كوا پێش گه‌یشتن به ماڵ بهڵایهكهم بۆ بگات و پزشكی یاسایی هه‌موو شتێ روون بكاته‌وه‌و دایه‌نه‌که جه‌ریمه بكرێت و ئابڕووی دایكم له ناو خزم و دراوسێیا بڕوا... ئه‌و هه‌موو ئه‌گه‌ره رێگه به فرمێسكه‌كانم ئه‌دا، هه‌ست به سووك بوونه‌وه ناكه‌م هه‌ست به سووكی ئه‌كه‌م. جنێو به دار و دیوار و دوكتۆر و خودا و خۆم و قالونچهكانی پشتی كتێبخانه‌كه‌ت ئه‌ده‌م و له خودا شه‌رم ناكه‌م.
***********
"خانه‌ی پۆستاڵه قورسه‌کان"
سه‌رم گیری كردووه، ده‌ست و پێم بۆ حه‌شار نادرێ، ئه‌ڵێن كاتێ بیانه‌وێ سه‌ری ژیشك ببڕن، فێڵی لێئه‌كه‌ن، ئه‌یخه‌نه ناو ئاو تا سه‌ر ده‌ربێنێ، ئینجا سووژنێک به سه‌ریا ئه‌كه‌ن و سه‌ری ئه‌بڕن. ناهێڵن سه‌ر بكه‌مه ناو ژووره‌كه‌م و به هیچ فێڵێكه‌وه نهیهێنمهوه ده‌ر. پیاوێك به پۆستاڵه قورسهكانیهوه له راڕهوێكی چۆڵ و درێژا هه‌نگاو ئه‌نێ، هه‌نگاوه‌كانی وه‌ك تك تكی ئه‌و ئاوه‌یه وا هیوا قه‌ت تا ئاخر نایبه‌ستێ و هه‌میشه ئازارێكی وێرانگره له‌مندا. پێش ئه‌وه بێم هه‌موو دیالۆگه‌كانی ئه‌م خانه‌یه‌م نووسیوه. راڕه‌وه‌كه دووره‌و ئه‌و بۆ گه‌یشتن په‌له‌یه‌كی نیه. تا بگا ده‌رفه‌تم هه‌یه جارێكی‌تر به‌م زانیاریه سووتاوانه بێمه‌وه وا خۆیان باشتر له من ئه‌یزانن. په‌له‌یه‌كی نیه چۆن ئه‌زانێ ده‌ست و پێم قفڵ كراوه.
ئۆكسیژنی ئه‌م ژووره تاریكه كه‌مه، تكایه ته‌نیا ده‌لاقه‌یه‌ك، دڵنیا بن نامه‌وێ بزانم كوێیه، پێش ئه‌وه ده‌رگا ئاسنینه‌كه بكاته‌وه سه‌یری ئه‌م خانه‌یه مه‌كه‌ن، بڕوانن بۆ هه‌موو ئه‌و خانه خۆشانه‌ی كه‌وتوونه‌ته په‌ڕاوێزه‌وه.
- تۆ ماڵی ئاوات ئه‌زانی، چۆن به‌رده‌وام له‌وێ بووی.
- گه‌ر بمزانیبا ئه‌م ماوه‌یه‌ی ونم كردبوو ئه‌چوومه به‌ر ماڵیان و هه‌واڵێكم لێئه‌زانی.
- جا مه‌گه‌ر ئه‌و كارهشت نه‌كرد؟ هه‌فته‌یه‌ك پێش زهماوهنهكهت حه‌ڤده‌ی گه‌لاوێژی پار، ئاسانسۆرهكهیان خراپ بوو تۆ له گه‌ڵ پاسه‌وانه‌كه‌دا به شه‌ڕ هاتی، یازده قات به بیست ده‌قه سه‌ركه‌وتی پێت بڵێم چه‌نده پلیكان بوو؟
شه‌قێكم تێههڵئهدا و ئهكهومه سه‌ر پشت، شهقێكیتر و من وه‌ك بێشكه‌یه‌كی بێقهرار ئهلهرێمهوه.پێم وتی سه‌یری ئه‌م خانه‌یه مه‌که له‌عنه‌تی!
- ته‌نیا تۆ ئه‌زانی ئه‌و رێوییه له كویێه، كه‌چی باش ئه‌زانی به حوكمی ده‌ستبه‌سه‌ر كردنتهوه چی پێمان خۆش بێ پێتی ئه‌كه‌ین و گرینگ نیه ئێستا بوویته ژنی ماڵان.
ناهێڵێ له له‌ره‌له‌ر بكه‌وم.
ئه‌و بارستاییه‌ی كه تۆ داگیر ئه‌كا له تك تكی ئاوێك كه نه‌گیرساوه‌ته‌وه، له چاوه‌ڕوانی بۆ نزیك بوونه‌وه‌ی ده‌نگی هه‌نگاوێكی دوور و به‌سه‌ره‌خۆ له راڕهوێكی درێژ‌و چۆڵدا، یان ده‌رگایه‌ك كه ههڵنهپێكراوهو به هه‌ر شنه بایه‌ك زرم ئه‌درێته‌وه و نابه‌سترێ و ئاماده ئه‌بێ بۆ زرمهیهكیتر، بارستایی ده‌نگه‌كان نییه به‌ڵكوو هی زه‌مه‌نه. تۆ دڵنیایی له دوای ئه‌و ده‌نگه، ده‌نگێكیتر هه‌یه به‌ڵام كه‌نگێ؟ مه‌ودای نێوان ئه‌و دوو ده‌نگه، ئه‌بێت به چاوه‌ڕوانییه‌كی كوشه‌نده كه ده ساڵیش خه‌تێكی ئاوا له ده‌مووچاوت ناكێشێ.
- پێموایه ماڵیان ئێستاش له "نه‌واب" بێ به‌ڵام هه‌روا كه ئه‌زانن پڕه له ئاپارتمان و له دوای ئه‌م ماوه‌یه‌وه به راستی له بیرم نه‌ماوه كامه ئاپارتمانه و قاتی چه‌نده‌مه. ره‌نگه هه‌ر له‌وێش نه‌مابێ، ئێوه باشتر له من ئه‌یناسن هه‌موو جارێ ره‌قه‌می ته‌له‌فوون و ئادره‌س و ئیمهیل ئه‌گۆڕێ.
ئیتر چاوه‌ڕوان نیم له له‌ره بوه‌سته‌وه،ئه‌ترسم نه‌قشی ئه‌م خانه‌یه هێنده زه‌ق و داگیر كه‌ر بێ كه ته‌نگ له خانه‌كه‌ی ئاوات هه‌ڵچنێ، ئه‌بێ بیخه‌مه ژێر زگمه‌وه.
- گه‌ر بتبه‌ینه‌وه بۆ نه‌واب دێته‌وه بیرت تۆ به‌رده‌وام له‌وێ گانت ئه‌دا كه‌وایه زه‌حمه‌ت نیه.
من ماڵی ئاوات ئه‌زانم به‌ڵام تۆ چاو له‌م خانه‌یه هه‌ڵبڕه، ژێره زگێكی سپی و چه‌ند خانه، ته‌حقیری ئاوێزان بوونی كلك و ده‌ست و قاچ و سه‌رم له نێوان زه‌وین و ئاسماندا هیچ وێنه‌یه‌كی جوان نیه كه بتهه‌وێ بیبینی، مه‌جبورم،ئه‌م لاپه‌ڕه سپیگهلهیان لێوه‌ر ئه‌گرم تا هه‌ر كات هیوا له ماڵ نیه، پڕیان كه‌مه‌وه. هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌ك بۆ كه‌سێك، ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی كه نازناویان هه‌بوو و ئاوات قه‌ت نه‌یئه‌هێشت به ته‌واوی بیانناسم، نیگه‌رانی ئاواتیش مه‌به، ئه‌و كیسه‌ڵێكی زانایه، له شوێنێك ماڵ ناكاته‌وه ئاو بیبا.
**********
هیوا ده‌م و دان ئه‌شوا، هه‌فته‌یه‌ك جارێ ئه‌یشوات و هه‌میشه‌ش به شێوه‌یه‌ك كه من ئاگام لێبێ.
- گوڵم ئه‌مشه‌و پێم خۆشه به ته‌نیا بخه‌وم كه‌ناڵێكی مۆستهنهدی فارسیم دۆزیوه‌ته‌وه فره عالییه به تایبه‌ت به‌شی حهیوانهكانی.
چلۆن ئه‌مشه‌و له‌م قه‌ره‌وێڵه‌یه جیای بكه‌مه‌وه؟ باشتره ئاوه‌كه نهگیرسێنمهوه تا هه‌ر له جێگای خۆیه‌وه هاوار بكات: - وه‌رهه‌م !ئاوه‌كه ئه‌تكێ، به قسه‌ی ناكه‌م و تاقه‌تی یه‌ك ده‌قه‌شی نیه، تا هه‌ستێ خۆی بیگیرسێنێتهوه خێرا جێگای ئه‌گرم، یا ده‌نگی به‌رزی پڕۆپاگه‌نده ژن خهڵهتێنهكانی كه‌ناڵه فارسییه‌كان بۆ فرۆشتنی كرێمی ده‌م و چاو، بۆ لابردنی چرچی ده‌وری چاو، ده‌زگایه‌ك ورگ بچووك ئه‌كاته‌وه، كهناڵێكیتر به بیست رۆژ هه‌ر چه‌ند ته‌مه‌نت بێ ئه‌تكا به بیست ساڵانه‌وه! یا بازاڕی گه‌رمی كه‌ناڵێك ئیتالیای كه به‌رده‌وام جهواهێرهكانیان ئه‌نوێنن، جار وا هه‌یه كامێرا بۆ ماوه‌ی نیو سه‌عات له سه‌ر ئه‌ڵماسی ئه‌نگوستیله‌یه‌ك له ده‌ستی ژنێكی پیردا قه‌تیس ئه‌بێ و تۆ هه‌ر چرچ ئه‌ژمێری و وردهمووی پیری سهرقامكهكانی!
چه‌ند جار ئاو غه‌ڕغه‌ڕه ئه‌كات و تفی ئه‌كاته‌وه، شریتی دانه‌كه به ئه‌ندازه‌ی خوێ ئه‌بڕێ و له به‌ر چاومه‌وه ئه‌یهێنێ به به‌ینی دایانهكانیدا، من زۆرم پێخۆشه سه‌ر بكه‌مه ناوقاپووڕهکهم و چاو له تارمایی پیاوێك هه‌ڵگرم كه زاری تا ئاخر كردووته‌وه‌و و ئه‌توانم دوورترین كاكیله ره‌ش و شكاوه‌كانی یان بۆشایی چه‌ند دانی ببینم و بڕوا به یه‌قینی خه‌جی خانم بكه‌م.
سه‌ر قاڵییهكانی ئاوات هێنده بوو كه فریای هێچی ئه‌مانه نه‌ئه‌كه‌وت و من قه‌تیش بیرم له‌م ره‌هه‌ندانه‌ی نه‌ئه‌كرده‌وه كه چی هه‌میشه ئه‌یگوت: - تۆ به‌م وه‌سواسه رۆحییه‌ته‌وه ئه‌زانم گه‌ر رۆژێ بگیرێی، به‌رگه‌ی شه‌قێك و دووقسه‌ی تاڵ ناگری و هه‌موو زهحمهتهكانم به فیڕۆ ئه‌ده‌ی.
- من كیسه‌ڵێكی پڕتاقهتم ئاواتێ، ئه‌وه‌تا فێری گیا خۆریت كردووم و راهاتووم.
له‌م گۆشه نیگاوه ئه‌بینم كه چیها له بنی دانی ده‌ردێنێ و به ئاسووده‌ییه‌وه ئهیساوێ به جلهكانیا.
- بۆ نموونه چ حه‌یوانێك؟
- كیسه‌ڵ!
پێئه‌كه‌نێ و له ته‌نیشتما له سه‌ر قه‌نه‌فه‌كه دائه‌نیشێ.
- بڕوام پێبكه ئاوات من راسته كچێكی سیاسیكار نیم به‌ڵام ئاگام له خانهكانته، ناشمه‌وێ هیچ خانهیهكت بۆ پڕكهمهوه ته‌نیا با بزانم له كوێ خۆ ئه‌شارییه‌وه با ئاگام لێت بێ.
شریته‌كه وه‌كوو تاڵه قژێكی زه‌رد و سپی كه‌وتووه‌ته سه‌ر سه‌رینه‌كه‌م هه‌ر به‌و ده‌سته‌ی وا خستیه ناو ده‌میه‌وه ده‌ست ئه‌خاته نێو قژه‌كانم به پشتی قامكی لاملم نه‌وازش ئه‌كا. نا سه‌ر ناهێنمه ده‌ره‌وه ئه‌مه داوێكه.
ره‌نگه ئازاری پشتی ده‌ستی پێكردۆته‌وه، گه‌ر ئازار بێ ئاهێك یا ناڵه‌یه‌ك ئه‌كا، ئه‌زانم له‌م كاته‌دا نامبینێ، به‌ڵام من ئه‌مشه‌و و تاقه‌تی ئه‌م بێدهنگییهیم نیه. كه‌چی وه‌كوو بێده‌نگی خوا ژنێكی كون وایه و سه‌ره‌تای عاشق بوونم بیر دێنێته‌وه.
ترمی چواری زانکۆت له بیره؟ له به‌ر هه‌تاوێكی گه‌رما خه‌ریكی پشكنین بووین و تۆ له‌و هه‌موو گه‌رما و مانتۆ و سه‌رپۆشه وه‌ڕه‌ز بوویی، مامۆستا گۆزه‌ڵه‌یه‌کی چاخی پێش زایینی دۆزیه‌وه، نه‌قشی خوا ژنێكی "ماده‌كان"، تۆ حه‌په‌سابووی، نا بێده‌نگ بووی، وه‌ك ئێستات، وه‌ك زۆرجار، چه‌نده بێدهنگیهكهت وه‌ك ئه‌و خواژنه بوو...
- ته‌نیا پێت خۆشه مۆسته‌نه‌د تماشا بكه‌ی؟
سه‌ر ده‌ردێنم و چاو ئه‌بڕمه ناو چاوانی هه‌ردووكمان جیدین، ئه‌و به نه‌ختێ گومانه‌وه‌و من به تووڕه‌ییه‌وه: - تكایه ئاگات له خه‌ته سووره‌كانمان بێ!
هه‌ر به‌و ده‌نگه نزمه‌وه كه وه‌ك ده‌نگی ژن وایه و هه‌ر جار ته‌له‌فوون هه‌ڵئه‌گرێ وائه‌زانن میوانێكی ژنمانه ئه‌ڵێ:
- ئه‌م رۆژانه پێم خۆشه بزانم له‌و په‌ڕی دیواره‌كانته‌وه چی روو ئه‌دا، بۆ ماوه‌یه‌كه نایته ناو ژووره‌كه‌وه؟ بۆ شه‌و و رۆژ نووساوی به‌م قه‌نه‌فه‌وه؟ له خێرا گۆڕینی ئه‌م كهناڵگهله به دوای چی دا ئه‌گه‌ڕێی؟ بۆ هه‌موو جار RojTv دائه‌نێم و ئه‌یسڕیته‌وه؟ و هه‌زار پرسیاری‌تر، تكایه قسه‌م له گه‌ڵا بكه.
پێم سه‌یره، ئاخر هیچ جۆره لاینگهرییهكهم تێدا نه‌دیوه، بۆچی ئه‌م كه‌ناڵه به‌رده‌وام ئه‌سڕێته‌وه، ره‌نگه پێشتر كه‌سێكی خۆش ویستووه و... نه شتی وانابێ، هه‌میشه دڵنیای كردووم، بڕیاری راستگۆیی پێداوم، ره‌نگه رقی له كه‌سێك بوو بێ... رق؟ نازانم، لێم نه‌پرسیوه، ئێستاش ناكرێ قه‌ڵس ئه‌بێ، با ئه‌مشه‌ومان تێك نه‌چێ.
چاوه‌ڕێیه كاریگه‌ری ئه‌و ده‌نگه نزمه‌ی و نهوازشهكانی له چاوانما ببینێ، نازانێ ئاوا تووڕه‌تر ئه‌بم، خۆی فێری كردووم ده‌رده‌دڵی بۆ نه‌كه‌م چونکه ده‌زگایه‌ك له مێشكی ئه‌ودا هه‌یه كه ته‌نیا ئه‌زانێ قسه‌كانم به پێی مێعیارهكانی خۆی هه‌ڵسه‌نگێنێ و شیكاته‌وه. بۆ نموونه ناتوانم بڵێم ئازار ئه‌بینم له‌و ژنانه‌ییه وا له تۆ دا هه‌یه و تۆ وائه‌زانی به قوڕێكی نه‌رم و بێخه‌وشه‌وه خۆڵقای كه ژنان حه‌زیان لێیه. خه‌ریكه بیر ئه‌كاته‌وه چلۆن بتوانێ سه‌رم ده‌ربێنێ، سه‌رگه‌ردانه له نێو چوون و مانه‌وه، وه‌ك من كه دوێنێ كه‌وتبوومه سه‌ر پشت و ده‌ست و پێم و سر و كلكم ئاوێزان بوو له نێو زه‌وین و ئاسماندا،
- وه‌ره سه‌رینه‌كانمان بگۆڕینه‌وه، بیری بۆنی سهرینهكهتم كردووه.
ئه‌زانم حه‌زی له‌م گه‌مه‌یه نیه، به‌ڵام چارم ناچاره، كاتێ ئاوا بێده‌نگه ژیان زۆر بێتامه! له گه‌ڵم نادوێ، ماڵه‌كه‌ش ئاو بیبا ده‌ربه‌ست نیه، ئه‌و چاوه جادوویگهلهی ئه‌بڕێته جێگایه‌كی دوور و ئه‌ڵێی زنجیریان كردۆوهته قه‌ره‌وێڵه‌که‌وه.
هه‌موو رێگایهكهم بۆ ئه‌وه‌ی بزانم بیر له چی یا كێ ئه‌كاته‌وه، تاقی كردووه‌ته‌وه به ئه‌نجام ناگه‌م.
ئه‌زانم كاتی ئه‌م یارییه نیه، ئه‌زانم قه‌ڵس ئه‌بێ و ده‌نگی به‌رز ئه‌كاته‌وه، له بێده‌نگی ته‌واو باشتره، لانیكه‌م ده‌ست ئه‌خه‌مه سه‌ر ئه‌و خاڵه لاوازه‌ی گه‌ر بڵێم سه‌رینی تۆ ژنانه‌یه‌و گه‌ر بیخه‌م ژێر سه‌رینه‌كه‌م، ئه‌بێت به سه‌رینێكی به‌رز و پیاوانه وه‌ك هه‌میشه به‌رگری له خۆ ئه‌كات و هه‌موو تێئۆرییه‌كانی ره‌گه‌زی دووهه‌می دووبوارم بۆ ئه‌ڵێته‌وه‌و من له دڵه‌وه پێی پێئهكهنم و ئه‌یدوێنم.
قرچ و هۆڕی سنووره‌كانم، شه‌ڕی هه‌میشه‌یی خانه‌كان و پێداگری ئه‌و خانه گه‌وره‌یه‌م بۆ مانه‌وه، له سه‌نته‌ری پانتایی سه‌ر پشتم خه‌ریكه ئهمقرتێنێ. ئێره ئیتر ماڵی تۆ نیه ئاوات، بۆ هێشتا خه‌ریكی شه‌ڕی؟ تكایه، من ئیتر به‌رگه‌ی شهڕهكانت ناگرم له‌عنه‌تی.
- ئه‌وه خه‌ریكی ئه‌گری گوڵێ؟
- پشتم فره ئازاری هه‌یه.
- دیسان؟ ئه‌و هه‌موو دوكتۆر و ئازمایشه ئه‌ڵێ هیچت نیه. به خوا ئیتر نازانم چی بكه‌ین وه‌ره بیشێلم بۆت.
- نه نامه‌وێ گه‌ر تۆزێ ئیستراحه‌ت بكه‌م چاك ئه‌بم، جنسی ئه‌م ئازارگهله ئه‌ناسم.
هه‌ر وشه‌یه‌كی تۆ، هیوا، خانهیهكم بۆ زه‌ق ئه‌كاته‌وه، كه هه‌وڵ ئه‌ده‌م به خاتری به‌خته‌وه‌ریمان بیخه‌مه ناو خانه‌كانی ژێر زگمه‌وه تا هێورهێور بخشێ به سه‌ر زه‌ویندا و كاڵ بێته‌وه.
زۆربه‌ی ئه‌و رووداوانه وا ره‌وتی فیكر و ژیانمان ئه‌گۆڕێ له پشت شێلانه‌وه ده‌ست پێئه‌كا. هه‌مووان ئاگاداری سێحری ئه‌و سهرپهنجانهین له سه‌ر پێستی ساف و لووسی به‌رامبه‌ره‌كه‌مان به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ژن بێت و ده‌ست له نزیكی ژێر باخه‌ل و سینگیان بێته‌وه، سنووره‌كان پاشه‌كشه ئه‌كه‌ن و گورز و سپهرهكانیان دائه‌خه‌ن. ئاوات ئه‌یگوت: - هیچێ خۆشتر له شێلاندن نیه به ده‌ستی میهره‌بانی كه‌سێك و دڵه‌ڕاوكه‌ی ماندووبوونی ده‌سته‌كانی ناهێڵێ پڕ به دڵ چێژ ببه‌ی، نازانی كه‌نگێ ئه‌بێ بڵێی ئیتر به‌سته. نازانی چۆن زه‌مه‌ن وه‌ستاوه نه قورسه نه سووك، هه‌ر هه‌ست به هه‌بوونی ناكه‌ی ته‌نیا نیگه‌رانی ئه‌و ده‌سته بچووكه میهره‌بانانه‌ی كه تۆزێ نینۆكی هێشتووه‌ته‌وه ختوولكهشت ئه‌دا و ئه‌ویش قه‌ت قه‌ت ناپرسێ به‌سته؟ ته‌نیا دڵه‌ڕاوكه‌و ختوولكهو حه‌سانه‌وه‌و خواخوای ملهۆڕی و داگیركردنی و ته‌واو.
ئێواره‌یه‌ك له پاركی لاله له گه‌ڵ رهفیقهكانماندا بووین، ئه‌مزانی له دوای وه‌سفی ئه‌و ده‌ستانه، كچه‌كان له ناو خۆیاندا به دوای ده‌ستێكی بچو‌وكدا ئه‌گه‌ڕان، من ده‌سته‌كانم خستبووه ناو قاپووڕهکهم و بابه‌تی قسه‌كه‌م گۆڕیبوو.
- جنسی ئه‌م ئازارگهله چیه وا دوكتۆر نایناسێته‌وه؟
- نازانم باوكیشم وابوو، هه‌میشه ئازاری هه‌بوو، پێم وایه میراتی ئه‌وه به من گه‌یشتووه.
باوكم هه‌میشه ئازاری بوو به‌ڵام كیسه‌ڵێكی بێ‌سنوور بوو. هه‌موو پانتای سه‌ر پشتی خانه‌یه‌كی گه‌وره‌و خۆڵه‌مێشی و چۆڵ بوو.
ئاوات ئه‌یگوت:
- كیسه‌ڵه‌كان ژیرن، ره‌نگه خانه‌كانی خستبێته ژێر زگیهوهو دایشاردبێ.
- ئه‌دی بزانم چه‌ند خانه‌ی شاراوه‌ت هه‌یه؟
پێئه‌كه‌نی و ئه‌یگوت: - من كیسه‌ڵێكی ساكارم، ئه‌وه‌تا هه‌مووی له سه‌ر پشتمدایه.
به‌ڵام درۆت پێوتم، بڕیار بوو ئه‌و ژێر زه‌وینه ماڵی هه‌میشه‌یی تۆ بێ، بۆ هه‌ر كوێ سه‌فه‌ر ئه‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه كه‌چی... راستت ئه‌گوت من به‌رگه‌ی شه‌قێكم نه‌گرت كه‌وایه ئه‌و گومان و دوودڵیه وا ته‌نانه‌ت له ماچهكانیشتدا هه‌بوو به كه‌ڵكت هات، كه نه‌یهێشت پڕ به دڵ عه‌شق ته‌جره‌به بكه‌ی.
- منت زۆرتر خۆش ئه‌وێ یا Rojtv؟
به دوو دڵییه‌وه پێئه‌كه‌نی ئه‌مزانی خه‌ریكه بۆ وه‌ڵامێك ئه‌گه‌ڕێ كه هه‌م راست بێ و هه‌م دڵی من خۆش بكا و هه‌م دوایی كێشه‌ی بۆ ساز نه‌كات و هه‌م...
- هه‌ر دووكتان.
دره‌نگ وه‌ڵامی ئه‌دایه‌وه چۆن دره‌نگ بیری ئه‌كرده‌وه ئه‌بوا هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌و وه‌ڵامه‌ی جوان بدیبایه و پێشبێنی ره‌فتاری منیشی هاو كات له مێشكی‌دا بكردایه.
- درۆ ئه‌که‌ی! تۆ كیسه‌ڵێكی دڵڕه‌ق و درۆزنی چۆن هه‌موو شه‌وێك RojTv تماشا ئه‌كه‌ی و ته‌نانه‌ت هه‌واڵیشی بۆ ئه‌نێری كه‌چی گه‌ر یه‌ك هه‌فته‌ش نه‌مبینی هه‌واڵێكم لێناپرسی.
- دوێنێ پیاسه‌ی فره‌م كرد بۆیه ئازارم زۆره سه‌ردانی هاوڕێیه‌كی كۆنم كرد.
– ماڵیان له كوێ بوو؟
- له نه‌واب بوو، هیچ ژماره‌یه‌كم لێی نه‌بوو، كه چی ماڵه‌كه‌شیان فرۆشتبو و چووبوون بۆ ئه‌ورووپا.
یه‌ك له پرسیاره‌كانی ئه‌م لاپهڕهگهلهی ژێر سه‌رینه‌كه‌م ئه‌مه‌یه و خوا بكا ئه‌مشه‌و ئه‌م یارییه بێمانایه‌م له‌گه‌ڵدا نه‌كا: كه‌نگێ و چلۆن ئاواتت ناسی؟ من وه‌سفی ئه‌م خانه‌یه ئه‌نووسم وا له دوێنێوه خستوومه‌ته ژێر زگمه‌وه: ساڵی یه‌كه‌می زانکۆیه، مامۆستاكانم گه‌نجن و تازه ئه‌زانم كه پیاو یه‌عنی مامۆستاكانم، یه‌عنی كه‌سێك كه بتوانێ له هیچه‌وه دوو سه‌عات قسه بكات و تۆ نه‌ك هه‌ر ماندوو نه‌بی به‌ڵكوو هه‌ست بكه‌ی چه‌نده ئه‌زانێ!
- ئێوه ئه‌م هه‌موو كتێبه‌تان خوێندووه‌ته‌وه؟
- حه‌ح! دوو ئه‌وه‌نده‌شم له ژێر زه‌وینی ماڵهكهماندایه و هه‌موویانم خوێندووه‌ته‌وه.
تا پێش بیستنی ئه‌م دیالۆگه خاڵه وه‌رچه‌رخانه‌كانی ژیانم هه‌موویان تێكه‌ڵی یه‌كتر بوون، هیچیان بیری له داگیر كردن و شهر بۆ نوقم نه‌بوون و مانه‌وه نه‌ئه‌كرده‌وه، ئاوات هه‌موو خاڵه وه‌رچه‌رخانه‌كانی له ته‌نیشتی یه‌كتره‌وه چنی و خۆی له نێوانیاندا دانیشت.
بۆ ئه‌و دیالۆگێكی ئاسایی بوو و بۆ من ئه‌و په‌ڕی كیسه‌ڵ بوونم، سه‌ره‌تای داگیر كردنم و جیا بوونه‌وه‌ی خه‌ته‌كان له یه‌كتر و ئازاری پشتم. چه‌مكی بۆشایی،سنوور،پڕكردنه‌وه،شه‌ڕ، بێده‌نگی و ته‌حه‌مولی له مندا خوڵقاند،كه گوتم ئاخ، پشتم ئازاری هه‌یه،به ئه‌ده‌ب و سهمیمیهتهوه داوای لێكردم بمشێلێ.
- بۆ هاوڕێیه‌كه‌ت ئه‌گری كه چووه بۆ ئه‌ورووپا یا ئازارت هه‌یه؟
- هه‌ر دووكیان.
– به ته‌نیا چووی؟
- ئه‌رێ.
– بو ماشینه‌كه‌ت نه‌برد؟
- ترافیك بوو تاقه‌تم لێنه‌بوو.
ناڵێم كه له ته‌ک ئه‌و پۆستاڵه قورسانه چووم و چی هه‌وڵمدا ئه‌و ژێر زه‌وینه‌ی و كتێبه‌كانی نه‌هێنمه‌وه بیر و خۆم گێژ كه‌م نه‌یانهێشت.
ئه‌مه‌وێ بڵێم سپاس كه ده‌م و دانت شۆرد به‌ڵام من پێویستم به ناو قاپووڕهکهمه.
- راستی وێنه‌ی ئه‌و كورسیه چۆڵه‌ی رۆژی زهماوهنهكه له سه‌ر دیواره‌که تۆ لات برد؟
- ئه‌رێ، دڕاندم، لێی ماندوو بووم نازانم چ وێنه‌یه‌ك به جێگای دانێم، با جێگای چۆڵ نه‌بێ.
- به‌یانی بیری لێئهكهینهوه، ئێستا تۆ بنوو به‌ڵكوو باشتر بی.
- تكایه گڵۆپه‌كه بكوژێنه‌وه.
* نقطه عطف
سنه،یه‌ك شه‌ممه - 25/12/1389
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
|
جای تبلیغات شما این‌جا خالیست با ما تماس بگیرید
|
|