
03-20-2012
|
 |
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی 
|
|
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172
3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
|
|
سیمۆن دۆبوار له ئاوێنه‌ی رۆمانه‌كانی دا ( 2 )
سیمۆن دۆبوار له ئاوێنه‌ی رۆمانه‌كانی دا
( 2 )
مێری ئیوانز
له فارسییه‌وه: ئاره‌زوو مه‌حموودی
مێری ئیوانز له كتێبه‌كه‌ی دا به نێوی سیمۆن دۆبوار ماندارنی فێمینیست به شێكی له ژێر ناوی رۆمانه‌كان: پیاوان و ژنان ی بۆ راڤه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پیاو و ژنی نێو چیرۆكه‌كانی دۆبوارته‌رخان كردووه و له خواره‌وه وه‌رگێڕاوی كورته‌یه‌ك له‌م بابه‌ته ئاراسته ده‌كه‌ین: دۆبوار له ره‌گه‌زی دووه‌م دا سۆز و دڵه‌ڕاوكێی كچه گه‌نجه‌كان كه چاوه‌ڕوانی نزیكایه‌تی له‌گه‌ڵ پیاوانن نیشان ده‌دات. به بڕوای دۆبوار هه‌ستی كچه گه‌نجه‌كان ئاوێته‌یه‌كه له هیوا و ترس، له لایه‌كه‌وه ئه‌و بواره به‌رفراوانه‌مان بۆ ره‌خساوه كه پیاوان ده‌یده‌نه ژنان و هه‌روه‌ها گۆڕه‌پانێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه ژنان به پشتگری پیاوانه‌وه ده‌توانن بچنه ناویه‌وه و له لایه‌كه‌ی تره‌وه‌و ئه‌و نرخه‌ی كه ده‌بێ بۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پیاوان بیده‌ن: سته‌می ناو ماڵ، دووگیانی، په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ و هه‌وڵدانێكی تاقه‌ت پروكێن به قه‌د درێژایی ژیانی ناو ماڵ.
ره‌گه‌زی دووه‌م وێنه‌یه‌كی جوان له‌و كه‌سانه به‌ده‌سته‌وه نادات كه ده‌توانن ده‌ركه‌یه‌ك له سه‌ر دنیا بكه‌نه‌وه و دواتریش ده‌ركه‌كه داده‌خه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ژن بۆ هه‌میشه له پشت ئه‌و ده‌ركه داخراوه‌دا بمێنێته‌وه. پیاو خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندییه‌كه كه دۆبوار ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه وه‌ك حه‌ز و مه‌یلێكی سه‌ره‌تایی بۆ زاڵ بوون به سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا ناوی ده‌بات و پێی وایه پیاو له دووهه‌زار ساڵی رابردووه‌وه ئه‌م حه‌ز و مه‌یله‌ی به لێشاو نیشان داوه. پیاو كه له زۆر رووه‌وه كه‌م ته‌رخه‌م و بێ‌به‌زه‌ییه به كه‌سێك ناسراوه كه بێ هه‌ست و عاتیفه‌یه و ته‌نیا خۆی ده‌بینێ و هه‌ڵسوكه‌وتی توندوتیژ له‌گه‌ڵ ژن ده‌كات. دۆبوار ئه‌و سیستمه به ئه‌خلاقی دوولایه‌نه ناودێر ده‌كا كه له لایه‌ن پیاوه‌وه ده‌یه‌وێ ژن كۆنترۆل بكا. پیاو هاوكات له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ژن به‌ره‌و خه‌یانه‌ت كردن، له‌باربردنی منداڵ، ئه‌خلاقی خراپ و هه‌ڵوێستی نابه‌جێ هان ده‌دا، تووشی یاسای توند و تیژی دژ به ته‌ڵاق، له‌بار بردنی منداڵ یان سه‌ربه‌خۆیی له باری ئابووری ده‌بێته‌وه. به‌م پێیه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دوو ره‌گه‌ز بریتییه له دیالیكتیكی نێوان ده‌سه‌ڵاتی پیاو و بێ‌هه‌ڵوێستی ژن. ئه‌م چه‌شنه په‌یوه‌ندییه پیاو هان ده‌دا وه‌ك ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ڵسووكه‌وت بكا و ژن به‌ره‌و بێ هه‌ڵوێستی و درۆ كردن ده‌با؟ هیچ كام له‌و دوو ره‌گه‌زه توانایی ده‌ربڕینی ویستی راسته‌قینه‌ی خۆی نییه و هه‌ردوو لا هه‌میشه ده‌كه‌ونه به‌ر مه‌ترسی ئه‌خلاقی دوژمن كارانه له به‌رامبه‌ر یه‌كتری‌دا. دۆبوار له كاتێ توێژینه‌وه له سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان دوو ره‌گه‌ز ژن راده‌سپێرێ تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی پیاو ره‌چاو بكا و ئه‌مه‌ش له بیروڕای دۆبوار دا دژوازییه. دۆبوار ژن بانگهێشت ده‌كا تا به كه‌ڵك وه‌رگرتن له ئه‌قڵ، سه‌ربه‌خۆیی و له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ست و سۆز ـ واته ئه‌و كه‌ره‌سانه‌ی كه پیاو بۆ سه‌ركوت كردنی ژنان كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرێ ـ له ژێرده‌ستی و كۆییله بوون خۆ رزگار بكات.
به رای دۆبوار پیاوكه‌ره‌سه و ده‌رفه‌ت و توانایی پێویستی له به‌ر ده‌ست دابووه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه به مه‌عریفه‌ی خۆی بدا (پیاو تووشی چاره‌نووسی ژن نه‌بووه كه پێویستی به خه‌ڵكانی دیكه بێ) و دنیای ده‌وروبه‌ری بناسێ و ئایدۆلۆژی كۆمه‌ڵایه‌تی و تاكی بخوڵقێنێ. به بڕوای دۆبوار ژن به مه‌به‌ستی ئه‌نجام دانی ئه‌م چه‌شنه چالاكییانه ده‌بێ له ژیان دا سه‌ربه‌خۆ بێ و له‌و په‌یوه‌ندییانه كه كرده‌وه و چالاكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه خۆ بپارێزێ. ئه‌گه‌رچی بابه‌تی سه‌ره‌كی كتێبی ره‌گه‌زی دووه‌م ناساندن و شی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دوو ره‌گه‌زه، به‌ڵام له راستی دا زۆربه‌ی روانگه و بۆچوونه‌كانی دۆبوار سه‌باره‌ت به‌م په‌یوه‌ندییانه له رۆمان و چیرۆكه‌كانی دا ده‌بیندرێ. دۆبوار به‌م شێوه‌یه‌ی له چوارچێوه‌ی چیرۆك دا توانیویه‌تی به‌شێك له مێژوو و ئاڵۆزیی په‌یوه‌ندییه عاتیفییه‌كانی ژن و پیاو بخاته روو، له ره‌گه‌زی دووه‌م دا نه‌یتوانیوه، چوونكه نموونه‌كانی ئه‌م كتێبه (ره‌گه‌زی دووه‌م) بۆ داڕشتنی تیۆره‌كه‌ی به‌كار ده‌هێنرا. به‌م حاڵه ئاشكرایه كه رۆمانه‌كانیش به‌رهه‌می قه‌ڵه‌می نووسه‌ری كتێبی ره‌گه‌زی دووه‌م ه، چوونكه هه‌موو كات جه‌خت ناخاته سه‌ر دابه‌شكردنی ئه‌و دوو بایه‌خه‌ی نێوان پیاو و ژن و به‌كارهێنانی مه‌عریفه به ته‌نیا رێگه‌ی چاره‌سه‌ر كردنی قه‌یرانی نێوان دوو ره‌گه‌ز داده‌نێ. له رۆمانه‌كانیش دا ده‌بینین ژن ناچاره‌له ده‌ست كه‌موكووڕییه بیۆلۆژیكییه‌كانی ڕا بكا. ئه‌گه‌ر لێكدانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كانی دۆبوار بخه‌ینه نێو چوارچێوه‌یه‌كی گشتی، له یه‌كه‌م رۆمانی درێژییه‌وه تا ژنی دۆڕاو نموونه‌یه‌كی گشتی ده‌خرێته روو. به‌م چه‌شنه كه ژن گۆڕانكارییه‌كی زۆری به سه‌ر دا نایه. (له رۆمانه جۆراو جۆره‌كان دا به‌شێك له كه‌سایه‌تییه ژنه‌كان به ناوی دیكه‌وه ئاماده‌ن) ئه‌وه له حاڵێك دایه په‌سند كردن و سه‌رنجڕاكێشی پیاوان به‌راده‌یه‌كی به‌رچاو كه‌م ده‌بێته‌وه.
پی یێر له میوان دا پیاوێكه خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی ئاڵۆز و له بابه‌ت ئه‌خلاقییه‌وه ناسك، كه‌چی موریس له دۆڕاو دا كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی زۆر به سه‌ختی له هاوژینێكی خه‌یانه‌تكار و له‌خۆبایی ده‌ترازێ.
به دوور كه‌وتنه‌وه‌ی پیاو له كێشه‌ی ئه‌خلاقی و عاتیفی، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ژن و پیاویش خراپتر ده‌بێت. په‌یوه‌ندی نێوان فرانسواز و پی یێر له میوان (ئان و لوویی له مانداره‌كان) دا په‌یوه‌ندییه‌كی رۆمانتیك نییه به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مه یه‌كده‌ستی و سه‌رنجی دوولایه‌نه‌ی تێدایه و ئه‌مه‌ش له دۆڕاو دا نابینین.
به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانی دۆبوار ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ژن له رۆژاوای ئوروپا كه به راده‌یه‌كی به‌رچاو له رزگاری گه‌یشتووه و تیۆری ژنانه سه‌باره‌ت به جێنده‌ر، سوننه‌ته باوه‌كانی تووشی مه‌ترسی كردووه. هه‌ر بۆیه جۆری روانینی ئه‌و وه‌ك نووسه‌رێكی وردبین و كارامه بۆ ئه‌م گۆڕانكاریانه زۆر سه‌رنج راكێشه. به بڕوای ئه‌و، ئه‌و گۆڕانكاریانه بۆ ژنان زیاتر شكست بووه تا سه‌ركه‌وتن و به مانای خراپتر بوونی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دوو ره‌گه‌ز بووه.
به‌رهه‌مه‌كانی دۆبوار به سێ قۆناغ دابه‌ش ده‌كرێ:
رۆمانه ئیگزیستانسیالیستیه‌كان (میوان، خوێنی دیتران، هه‌موو ده‌مرن).
رۆمانه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان (مانداره‌كان).
ئه‌و رۆمانانه‌ی باسی داماوی و بێ سه‌ره‌وبه‌ریی ئه‌خلاقی ده‌كه‌ن (كۆمه‌ڵه چیرۆكی دۆڕاو و رۆمانی وێنه جوانه‌كان).
له‌م سێ قۆناغه‌دا شێوه‌ی جۆراوجۆری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دوو ره‌گه‌ز و وێنه‌ی هه‌مه‌ره‌نگ له ژن و پیاو به‌دی ده‌كرێ. له قۆناغی یه‌كه‌م، واته له رۆمانه ئیگزیستانسیالیسته‌كان دا، دۆبوار كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندی عاتیفی گه‌رم و گووڕ و گرینگتر له هه‌مووان هاوكاری وێنا ده‌كات: پیاو و ژن به هۆی هاوبه‌ش بوون له حه‌ز و به‌هاكان دا لێك نزیك ده‌بنه‌وه. وه‌ك پی یێر و فرانسواز له میوان و ژان و هێلێن له خوێنی دیتران دا كه په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان له سه‌ر بنه‌مای ئامانجی سیاسی و رووناكبیرانه‌ی هاوبه‌ش و هاوده‌نگی دوولایه‌نه‌یه له باره‌ی رێبازی ژیان و باوه‌ڕه ئه‌خلاقییه‌كان. ئه‌م لایه‌نه هاوبه‌شانه، په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م دوانه (ژن و پیاو) و دنیای ده‌وروبه‌ر و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی ده‌روونییان جێ‌به‌جێ ده‌كات.
دۆبوار جارێك گوتوویه‌تی خۆی و سارتێر یه‌ك مۆریان به نێوچاوانه‌وه‌یه. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه به ته‌واوی له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی په‌یوه‌ندی نێوان فرانسواز و پێ‌یێر و هه‌روه‌ها ژان و هێلێن ده‌چێت. چه‌شنێ رێككه‌وتنی شاراوه‌یه دژ به دنیا: رێككه‌وتنی نێوان دوو مرۆڤ هه‌ر به‌و جۆره‌ی كه به ته‌وه‌ری ژیانی هاوبه‌شی ده‌زانن، بوونه‌ته یه‌ك.
دۆبوار ئه‌م هاوژینانه كه ئه‌ركی ئه‌خلاقییان له به‌رامبه‌ر یه‌كتردا هه‌یه، به‌ره‌وڕووی كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندی عاتیفی ده‌كاته‌وه. له دۆڕاو دا ئه‌م بابه‌ته ده‌بێته بابه‌تی سه‌ره‌كی:
په‌یوه‌ندییه‌ك كه تێیدا ژن له باری عاتیفییه‌وه به ته‌واوی ده‌روه‌ستی پیاوه و وه‌ك تاك ناتوانێ له هیچ بابه‌تێك دا خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی سه‌ربه‌خۆ بێ.
ئه‌م نموونانه له هه‌موو رۆمانه‌كانی دۆبواردا ده‌بیندرێ. له میوان دا ئێلیزابێت دوای ئه‌وه‌ی ده‌بینێ ده‌ستی مێرده‌كه‌ی بۆ چركه‌یه‌ك له سه‌ر شانی ژنێكی دیكه‌یه، هه‌ستی خۆی ئاوا ده‌رده‌بڕێ:
له كۆتایی هۆڵی بینه‌ران دا، بۆ چركه‌یه‌ك راوه‌ستا، كلۆد یارمه‌تیی سوزانی دا تا باڵته‌كه‌ی داكه‌نێ، پاشان له لای دانیشت. سوزان داهاته‌وه و ده‌ستی له سه‌ر باسكی دانا. ژانێكی مه‌رگ هێنه‌ر ئێلیزابێتی داگرت. به ناچاری بیری له شه‌وێكی مانگی دێسامبر كرده‌وه كه به دڵخۆشییه‌كی ته‌واوه‌وه به شه‌قامه‌كان دا ده‌ڕۆیی، چوونكه كلۆد پێی گوتبوو: تۆ ئه‌و ژنه‌ی كه خۆشم ده‌وێی....
ئێلیزابێتیش وه‌ك هه‌موو ژنانی ناو به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ی دۆبوار له ئێره‌یی بردن و ره‌نج كێشان كه به‌رهه‌می خه‌یانه‌تی مێرده‌كه‌یه‌تی و ئیتر تایبه‌ت به خۆی نییه، ئازار ده‌بینێ.
چیرۆكه‌كانی دۆبوار له‌م قۆناغه‌دا نیشانه‌ی گشت ئه‌و گرفتانه‌ی پێوه دیاره كه له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دوو ره‌گه‌ز دا هه‌یه و له به‌رهه‌مه‌كانی دواتردا كه‌وتوونه‌ته به‌ر لێكۆڵینه‌وه.
جێی خۆیه‌تی سه‌رنج بدرێته تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ی رۆمانه‌كانی دۆبوار كه هه‌ر له یه‌كه‌مین رۆمانییه‌وه ده‌بیندرێ و ئه‌ویش بریتییه له رای دۆبوار سه‌باره‌ت به سرووشت و لایه‌نه‌كانی مه‌یلی جنسیی ژنانه و پیاوانه. دۆبوار له ره‌گه‌زی دووه‌م دا باسی ئه‌وه ده‌كا كه مه‌یلی جنسی پیاوانه له چاو مه‌یلی جنسی ژنانه كێشه‌ی زۆر كه‌متره. هه‌ر ئه‌مه له رۆمانه‌كانی دا شێوازی چیرۆكی به خۆیه‌وه ده‌گرێ و ئه‌و مۆدێلێكی جنسییه‌تی دووپات ده‌كاته‌وه، واته ژن ده‌روه‌ستی ئه‌و پیاوه‌یه كه له گه‌ڵی په‌یوه‌ندی جنسی هه‌بووه و ناتوانێ حاشای لێ بكا. ئه‌مه له حاڵێك دایه كه پیاو حه‌ز ده‌كا په‌یوه‌ندی جنسی به كه‌م به‌ها یان لانی كه‌م ده‌یه‌وێ له چاو ژن ئه‌م په‌یوه‌ندییه به گرنگ دانه‌نێ.
ئه‌م نموونه‌یه دووپات كردنه‌وه‌ی ئایدیالۆژی په‌سند كراوی رۆژاوایه. به پێی ئه‌م ئایدیالۆژیایه نیازی جنسی پیاو سرووشتییه كه ده‌بێ ده‌ری ببڕێ، له حاڵێك دا نیازی جنسی ژن زۆر جار په‌یوه‌سته به نیازه‌كانی دیكه‌یه‌وه و زیاتر له پیاو تێكه‌ڵاوی هه‌ست و سۆز ده‌بێ. به پێی ئایدیالۆژیی نیازی جنسی پیاو (به چه‌شنێ كه مێری مه‌كینتاش باسی كردووه) خه‌یانه‌ته زوو تێپه‌ڕه‌كانی پیاو و نیاز به سۆزانی و ...تاد نابێ به نائه‌خلاقی دابنرێ به‌ڵكوو نیشانه‌ی بوونی ئه‌و دنیایه‌یه كه تێیدا چاوه‌ڕوانی له كوڕ ده‌كرێ كه پیاو بێ. پیاوی ناو رۆمانه‌كانی دۆبوار به ده‌گمه‌ن هه‌ڵده‌كه‌وێ له باری ئه‌خلاقییه‌وه سووك بێ، به‌ڵام به هۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی دیكه‌یه‌وه زه‌بری رۆحی قورس له هاوژینه‌كه ده‌دات. دۆبوار له رۆمانه‌كانی دا به‌ره به‌ره لایه‌نی عاتیفیی په‌یوه‌ندییه جنسییه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه.
ئه‌گه‌ر له رۆمانه سه‌ره‌تاییه‌كانی دۆبواردا په‌یوه‌ندی نێوان ژن و پیاو په‌یوه‌ندییه‌كی دوولایه‌نه‌یه و تێیدا ژن و پیاو له باری عاتیفی و جنسییه‌وه چالاك و به‌رپرسن له ماندارنه‌كان دا چه‌شنێ به‌های دوولایه‌نه له نێوان دوو جۆره په‌یوه‌ندی دا خۆی ده‌نوێنێ: له لایه‌كه‌وه ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی كه ژن و پیاو تێیدا خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك به‌های ئه‌خلاقی یان سیاسی هاوبه‌شن بێ ئه‌وه‌ی له باری عاتیفی و جنسییه‌وه چالاك بن و له لایه‌كی تره‌وه ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی له سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵسووكه‌وتی جنسی و راكێشرانی عاتیفییه. درووست وه‌كوو وێناكردنی دۆبوار بۆ ژنان كه له ماندارنه‌كان دا هاتووه:
به ئه‌شقه‌وه ژیان، واته مردن به هۆی ئه‌شقه‌وه
دۆبوار له رۆمانه‌كانی دا ئه‌مه شی ده‌كاته‌وه كه مرۆڤ ده‌توانێ له بواری روناكبیری‌دا چالاك بێ، تێگه‌ییشتنێكی بیرمه‌ندانه‌ی مه‌زن و نزیكایه‌تی عاتیفی به خه‌ڵكانی بێ. به‌ڵام وێده‌چێ ده‌یه‌وێ بڵێ هه‌ر كه كێشه‌ی جنسی بێته گۆڕێ گشت ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه مه‌زنانه له پڕ بزر ده‌بن. هیچ كام له‌م په‌یوه‌ندییانه‌ی له ماندارنه‌كاندا باسیان ده‌كرێ به‌خته‌وه‌رانه پاراو نین و نرخێكی كه بۆ ئه‌م په‌یوه‌ندییانه به شێوه‌ی شۆرشێكی عاتیفی، رۆژه به‌تاڵه‌كانی ته‌نیایی و چاره‌ڕه‌شی و بێهووده‌یی ده‌درێت، زۆر گرانه.
سه‌ره‌ڕای وه‌سفی ئه‌و گرفته زۆرانه‌ی له په‌یوه‌ندییه‌كانی ناو رۆمانه‌كه دایه، ئه‌گه‌ری خۆشه‌ویستی دولایه‌نه‌ی نێوان دوو ره‌گه‌ز ره‌ت ناكرێته‌وه. به‌ڵام دۆبوار له دوایین رۆمان و كۆی كورته چیرۆكه‌كانی دا باسی ئه‌م بوارانه ناكات و ته‌نیا سه‌باره‌ت به‌م په‌یوه‌ندییانه ده‌دوێ كه له سه‌ر بنه‌مای چه‌وساندنه‌وه و فریودانی دوولایه‌نه‌ن. هه‌روه‌ها باری ده‌روونی ئه‌و ژنانه‌ی به‌هۆی خۆشویستنی پیاوێك ده‌شڵه‌ژێ له سێ كورته چیرۆكی كۆی ژنی تێكشكاو دا دێنه به‌رباس و له چیرۆكی دۆڕاو دا به به‌ربڵاوترین و زیندووترین شێوه وه‌سف ده‌كرێ. له دوایین به‌رهه‌مه‌كانی دۆبواردا بێجگه‌له ره‌شبینی و چاوه‌ڕوانی كردنی ئاكامی نیگه‌تیڤی په‌یوه‌ندی عاتیفی نێوان دوو ره‌گه‌ز گۆڕانكارییه‌كی تریش له‌م به‌رهه‌مانه‌دا ده‌بیندرێ. فه‌زای چیرۆكه‌كان ئیتر فه‌زای رۆشنبیرانی لیبراڵ نییه، به‌ڵكوو كه‌سایه‌تییه‌كان له نێو به‌ڕێوه‌به‌ران و پسپۆڕان دا هه‌ڵبژێر دراون. پیشه‌یان له به‌راورد له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی رۆمانه‌كانی سه‌ره‌تای، به ته‌واوی جیاوازه و له‌و پێوه‌ره بایه‌خییانه‌ی رۆمانه‌كانی سه‌ره‌تای جیا ده‌كاته‌وه.
لۆرنس پاڵه‌وانی كتێبی وێنه جوانه‌كان سه‌رقاڵی ئیشی پڕوپاگه‌نده‌یه و مێرده‌كه‌ی ژان شارل ئارشیتێكت ه و به پێچه‌وانه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كانی پیاوی رۆمانه‌كانی پێشووی دۆبوار مه‌به‌ستێكی نییه بێجگه له‌وه‌ی به ئامانجه‌وه له خزمه‌ت سه‌رمایه‌دارێك دابێ كه ژیانێكی ئاسووده‌ی پێ به‌خشیوه و لێی دڵنیایه. سه‌ره‌تا مه‌به‌ستی به‌ده‌ست هێنانی پاره و خاوه‌ن دارییه‌تی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه كه له‌و سه‌رمایه‌داره چاوه‌ڕوان ده‌كرێ و هه‌روه‌ها پێكهێنانی هاوسه‌نگییه‌كه له نێوان ژیانی بنه‌ماڵه و چوارچێوه سوننه‌تییه‌كان . چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ناكا لۆره‌نس له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانی هاوبه‌ش بێ. ته‌نیا شتێكی كه ده‌یه‌وێ ئه‌وه‌یه ژنێكی سه‌رنج راكێش بێ و زیانی ماددی نه‌بێ. ئه‌م رۆمانه‌ش هه‌ر وه‌ك رۆمانه‌كانی تری دۆبوار ناوێكی به‌رچاوی هه‌یه. كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو رۆمانه‌كه به ته‌واوی ته‌سلیمی ئه‌و وێنانه ده‌بن كه بۆ خۆیان درووستیان كردوون. هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر مه‌یل به پاراستنی ئه‌و بایه‌خه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی ده‌یاری ده‌كه‌ن كه مرۆڤی له چه‌شنی ئه‌وان ده‌بێ چ جۆره هه‌ڵسووكه‌وتێكیان هه‌بێ. به‌م جۆره لۆره‌نس كاتێ ژان شارڵ دیارییه‌كه‌ی پێ ده‌دا حاڵه‌تی سووپاس كردنێكی ژنانه له خۆی نیشان ده‌دا:
نه‌ختێ سه‌ری دانه‌واند، بۆ ئه‌وه‌ی پیشه‌یی پێشكه‌وتوو به شێوه‌ی پێویست به‌رچاو نه‌بوو، به‌ڵام هه‌رچۆنێ بێ رۆمانه‌كه وێنه‌یه‌كی په‌سند كراوه له كۆمه‌ڵگایه‌كی خۆشگووزه‌ران، به‌ره‌و فه‌نابوون و به‌تایبه‌ت به‌تاڵ له به‌هاكان. كۆمه‌ڵگایه‌ك كه دژه ئه‌خلاق نییه (له راستی دا زۆربه‌ی كه‌سایه‌تییه‌كان له كرده‌وه‌ی نائه‌خلاقی بێزارن) ئه‌گه‌ر سه‌رنجدان به كێشه گشتییه‌كان به سه‌ره‌كی ترین فاكته‌ری به‌ئه‌خلاق بوون دابنێین ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ی كه وێنا ده‌كرێ به ته‌واوی به‌تاڵه له به‌هاكان. له وێنه جوانه‌كان دا بێجگه‌له لۆره‌نس (مێرده‌كه‌ی پێی وابوو بۆچوونه‌كانی لۆره‌نس تاڕاده‌یه‌ك هه‌ستیارانه‌یه) كه‌سێكی تر نابینی كه جیا له پرسی شه‌خسی به‌ڵێن یان زانیارییه‌كی تری هه‌بێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسه شه‌خسییه‌كان بكه‌ونه به‌ر مه‌ترسییه‌وه ئه‌م كه‌سایه‌تییانه (وه‌ك دۆمینیك، دایكی لۆره‌نس) ده‌توانن به بڕیارێكی پته‌و، سه‌ركه‌شانه به‌ربه‌ره‌كانی بكه‌ن . دۆمینیكیش یه‌كێك له‌و پاڵه‌وانانه‌ی دۆبواره كه كاتێ مێرده‌كه‌یان به‌جێیان بێڵێ ده‌شێوێن، به توند و تیژی هه‌ڵسووكه‌وت ده‌كه‌ن و لانی كه‌م بۆ ماوه‌یه‌ك شێت ده‌بن. به‌ڵام هه‌ڵوێستی دۆمینیك توند و تیژ و لاتره و تاڕاده‌یه‌كیش له ئاستێكی نزم دایه چوونكه ورده ورده به‌ره‌و باش بوون ده‌چێ و بێ هیچ كه‌موكووڕییه‌ك درێژه به ژیانی خۆی ده‌دات.
له وێنه جوانه‌كان دا دنیای عاتیفه‌كان ـ هه‌ر به‌و چه‌شنه‌ی كه نموونه‌ی دۆمینیك روونی ده‌كاته‌وه ـ به‌سۆز تر و سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش بگۆڕتره. نیازێكی یه‌كجار زۆر به په‌یوه‌ندییه شه‌خسییه‌كان له ئارادایه (دۆمینیك له شوێنێك دا ده‌ڵێ: ژن به بێ پیاو ناته‌واوه). بێجگه‌له ئه‌مه له زۆربه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ی كه له‌م نیازانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن گرفته‌كه زیاتر دۆزینه‌وه‌ی بارودۆخێكه بۆ ئه‌وه‌ی تێیدا له گه‌ڵ كه‌سێكی دیكه په‌یوه‌ندی ساز بكرێ. ژێده‌ری به‌ها دانێكی ئه‌وتۆ تاڕده‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌شێت زه‌ماوه‌ند كردن و پێكهێنانی په‌یوه‌ندییه‌كان له ریزی په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بێ. به‌م پێیه به‌شێك له تایبه‌تمه‌ندییه شه‌خسییه‌كانی مرۆڤ یان به‌ها و روانگه هاوبه‌شه‌كانی ـ ژن و مێرد ـ ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ریی داگیركردنی هاوبه‌شی جنسی. گه‌ش نه‌بوونی په‌یوه‌ندییه شه‌خسییه‌كان له سه‌رمایه‌داریی پێشكه‌وتوو دا، سه‌رنجی نووسه‌رانی دیكه‌شی راكێشاوه. بۆ نموونه ده‌توانین به هێربێرت ماركوزێ، كریستۆفێر لاش، ده‌یڤید ریسمه‌ن ئاماژه بكه‌ین. له‌ناوچوونی هه‌ستی راكێشانی تاك سه‌باره‌ت به مرۆڤه‌كانی دیكه، خواسته دوولایه‌نه‌كانی پیاو، ژن و منداڵانی بنه‌ماڵه و هه‌روه‌ها په‌لهاویشتنی له راده‌به‌ده‌ری به‌ها مادی و ئابوورییه‌كان له هه‌موو بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و تاك دا، بۆته هۆی پێكهێنانی بارودۆخێك كه تێیدا په‌یوه‌ندییه‌كانی تاك، رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ بێ‌سه‌مه‌رتر ده‌بن. به‌ڵام هه‌ر به‌و چه‌شنه‌ی دۆبوار ده‌ست نیشانی ده‌كا ئه‌م بارودۆخه بۆ ژن و پیاو یه‌كسان نییه. دۆبوار له رۆمانه‌كانی دا باسی گرفتی ژنانێك ده‌كات كه مێرده‌كانیان به‌جێیان هێشتوون. له كتێبی وێنه جوانه‌كان و دۆڕاو دا كولتوورێك وێنا ده‌كات كه له‌وێدا مرۆڤه‌كان ده‌بنه ئۆبژه‌كان و له نێو ئه‌م ئۆبژانه‌ش دا ژنان له چاو ئه‌وانی تر كه‌متر ده‌توانن چاره‌نووسی خۆیان بگۆڕن. به‌م جۆره كۆمه‌ڵگای به‌كارهێنه‌ر به‌ستێنێكی گشتییه به‌ڵام به شێوه‌ی جیاواز له سه‌ر دوو ره‌گه‌ز كاریگه‌ری نیشان ده‌دا.
دۆبوار له كۆچیرۆكی ژنی تێك شكاو و ته‌مه‌نی شاردنه‌وه‌ی نهێنی و به‌تایبه‌تی له كورته چیرۆكی دۆڕاودا له ژنێك ده‌دوێ كه ژیانی به‌ختی مێردێك كردووه كه به‌جێی دێڵێ. مونیك پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی چیرۆك، ته‌مه‌نی 40 ساڵه و موریسی مێردی پێی ده‌ڵێ كه له‌گه‌ڵ ژنێكی گه‌نج تر په‌یوه‌ندی هه‌یه. سه‌ره‌تا مونیك هه‌وڵ ده‌دات خۆڕاگر بێت و ده‌وری ژنێكی ئاشق و لێواولێو له تێگه‌ییشتن بگێڕێ و هیوادار بێ كه مۆریس بۆلای بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام له درێژه‌ی چیرۆكه‌كه‌دا ده‌بینین كه وا نابێت. نۆئێلی هه‌موو ویست و ئاره‌زووه‌كانی ئێستای مۆریس كه خوازیاری ژنێكی رێك‌وپێك و ئه‌مڕۆژینه به‌جێ دێنێ. وه‌ك چۆن مونیك وه‌ك هاوسه‌رێكی ئاشق و پاڵپشتی موریس سه‌رده‌مایه‌ك نیازه‌كانی به جێدێنا. ئه‌وه‌ی كه هه‌موو پیاوێك له سه‌ره‌تای ژیانی كار و ده‌سه‌ڵاتخوازی‌دا پێویستییه‌تی.
موریس له دۆڕاو دا كه‌سایه‌تییه‌كی خۆشه‌ویست نییه به‌ڵكوو وه‌كوو ژان ـ شارڵ له وێنه جوانه‌كان دا دیلی ده‌سه‌ڵاتخوازیی پیشه‌كه‌یه‌تی و هه‌وڵده‌دات وێنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی بچه‌سپێنێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه به پێی بۆچوونه‌كانی دۆبوار پیاوان ئه‌گه‌ر بێ‌ئه‌خلاقیش بن به‌ڵام خراپ یان دژ به ژن نین و ژنان گه‌رچی قوربانی كرده‌وه‌ی پیاون، به‌ڵام هه‌ر بۆ خۆیان بارودۆخی قوربانی بوون پێك دێنن. مونیكیش ـ وه‌ك پۆل له ماندارنه‌كان دا ـ خۆی ده‌داته ده‌ست ئه‌م خه‌یاڵه كه ژیان ته‌نیا له سایه‌ی خۆشه‌ویستی پیاوێك دا مانای هه‌یه. كات، توانایی و جاری وایه به‌هاكانیشی به‌خت ده‌كات و وا بیر ده‌كاته‌وه به‌م كاره خۆشه‌ویستی هاوسه‌ره‌كه‌ی مافی ئه‌وه. لێكدانه‌وه‌ی دۆبوار له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه نییه كه ژنان هه‌قیان به ده‌سته و پیاوان خاوه‌ن هه‌ڵوێستێكی نابه‌جێن. به‌ڵكوو زیاتر پرۆژه‌یه‌كی ئاڵۆز دێنێته ئاراوه كه تێیدا ژن و پیاو به شێوه‌یه‌كی دوولایه‌نه یه‌كتر له ناو ده‌به‌ن. ژنان هه‌موو شتێك له پێناو خۆشه‌ویستنی پیاوێك به‌خت ده‌كه‌ن. پیاوان ئه‌م ئه‌رك و خۆبه‌خت كردنه خۆهه‌ڵبژێره‌ی ژنان قبووڵ ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كولتوورێكی نامۆیه كه ئه‌م چه‌شنه په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان ژن و پیاو به نموونه‌یه‌كی گونجاو داده‌نێ. به‌ڵام ئه‌م دوو ره‌گه‌زه له پێناو ئه‌مه ده‌بێ نرخێكی قورس بده‌ن. به‌م جۆره ژن هیچ كات توانای بیركردنه‌وه و كرده‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی نابێ. چوونكه ده‌بێ هه‌موو بواره‌كانی به‌پێی ویستی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی رێك بخات و پیاوانیش ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ریی هه‌ست به تاوان كردن و گوشاری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه سه‌باره‌ت به پاراستنی په‌یوه‌ندی گه‌لێكی نه‌زۆك.
له‌وانه‌یه زۆربه‌ی فێمینسته‌كانی هاوچه‌رخ بڕوایان وابێ كه له بارودۆخه‌دا كه پیاو سه‌ربه‌خۆیه و ژن سه‌ربه‌خۆ نییه، پیاو به‌رده‌وام ره‌گه‌زی هه‌ڵبژارده و ژنان به‌رده‌وام دۆڕاوه. به‌ڵام دۆبوار به دوای پاراستنی دابه‌شكردنی ئه‌م دوو بایه‌خه ره‌هایه نییه، به‌ڵكوو له هه‌موو رۆمانه‌كانی دا ئاماژه به‌مه ده‌كا كه هه‌ر دوو ره‌گه‌ز به هۆی زێده‌ڕۆیی ئه‌و ئه‌شقه‌ی له ژنه ئاشقه‌كان دا چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ئازار ده‌بینن. له راستی دا دۆبوار به‌ها ئیگزیسته‌نسیالیستییه‌كانی خۆی ده‌پارێزێ و له گشت به‌رهه‌مه‌كانی دا بڕوای به ئازادی تاك و توانای هه‌ڵبژاردنێكی ئازادانه هه‌یه. به‌ڵام له ماوه‌ی نێوان نووسینی كتێبی میوان و دۆڕاو دا گۆڕانكاری به سه‌ر دۆبواری نووسه‌ر دادێ. ئه‌مه‌ش بوو به هۆی گۆڕانی وێناكردنی راده‌ی توانایی پیاو و ژن و به تایبه‌ت ژن بۆ دیاری كردنی چاره‌نووسی. له دیدی كرده‌وه زه‌مینییه‌كانی مرۆڤه‌وه، له نێوان كرده‌وه و تێگه‌ییشتوویی .
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
|
جای تبلیغات شما این‌جا خالیست با ما تماس بگیرید
|
|