موضوع: ڕاوه‌تاژی
نمایش پست تنها
  #1  
قدیمی 04-10-2012
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض ڕاوه‌تاژی


ڕاوه‌تاژی


مامۆستا هێدی

ڕاوی کەروێشک لە دوای خەرمان هەڵگرتن و کا کێشان و لەگەڵ شین بوونی ڕەپستە و کەشاو داچاندن کە دەکەوێتە سەرەتای پاییز وردە وردە دەس پێ‌دەکا. لەو کاتەوە ئیتر ڕاوچی بەتەواوی بەخۆی و تاجیی پەنجە بەخەنە و ئەستۆ بەقەڵادە و بارگینی ناڵ‌کراو و تێرئالیکەوە وەخۆ دەکەوت و هیچ دەرفەتێکی بۆ ڕاوی قوڵەشینی کاک هێمن گوتەنی گورج و گشت و سیخوارلەپشت لە دەس نەدەدا کە بەڕاستی ڕاوەکەشی وەک گۆشتەکەی و گۆشتەکەشی وەک ڕاوەکەی خۆشە و لێ‌دانی تاجی (لە کەروێشک) بۆ خاوەن تاجی لە هەردووکیان خۆشترە؛ بەتایبەتی ئەگەر لە پێش تاجیی ڕاوکەرەکانی تردا خۆی بگەیێنێتە کەروێشک و بیگێڕێتەوە یان هەڵیگرێ. ڕاو ئەگه‌ر لە کێویش تەواو بایە لە ماڵێ تەواو نەدەبوو، شەوێ دیسان شێو و وەردیان دەداوە و دەبوو بەهەرا و گوڕە و سوێندخواردن لەسەر ئەوە کە تاجیی ئەو خێراتر بووە لە تاجیی ڕاوچییەکانی تر و ئەگەر گۆڵەشینی ئەو وەک هەڵۆ لە ڕکەیدا پێیدا نەهاتبا و بەرەو خواری نەکردباوە شینکێ مات و مەلول! ڕزگاری ببو و دەرچوبوو، ئەو وتانە هەمووی سوێند خواردنی گەورەشیان لەگەڵ بوو. هەروەک لە جەنگەی لێدانی تاجییەکەدا چەند جار خۆی بەقوربانی دەکرد!
ڕاوی کەروێشک لە دوایی‌دا وا ببو بە باو و هێندی پەرە ساندبوو کە لە پاییزدا تاجیی خێرا بە نرخێکی زۆر کڕین و فرۆشتنی پێ دەکرا و لە هەر جێیەک هەبا ناوبانگی دەڕۆیشت و کڕیار دەگەیشتنە سەری و تەنانەت تاجیی خێرا و خۆشبەز لە خاوەنی دەشدزرا.
هەتا پاییز درەنگ‌تر بێ ڕاو بۆ ڕاوچی خۆش‌تر و بۆ تاجی بەزەحمەت‌تر و بۆ کەروێشک شانسی خۆ ڕزگارکردن پتر دەبێ، هەتا وای لێ دێ لە جەنگەی بەستەڵەک و بەقەولی ڕاوچیان لە (نینۆک شکێن)دا کەم تاجیی وا دەبێ بگاتە کەروێشک و هەر تاجییەک لەو جەنگەدا بگاتێ وە برەو دەکەوێ و لای خاوەنی خۆشەویست‌تر دەبێ.
ڕاوچی ئەوە دەزانێ کە ئەگەر تاجییەکەی زۆر تێبەربوو دوای بەینێک ڕاوچیان گوتەنی (ناڵی دەچێ) واتە بەری پەنجەی هەر چوار پەلی چەرمەکەی ناسک و تەنک دەبێ و لە غاردانێدا دێشێ و لە خۆشبەزیی تاجیەکە کەم دەکا. لە کاتی وادا چەند ڕۆژێک دەبێ نەیبەنە ڕاوێ و پشووی پێ بدەن هەتا ساڕێژ دەبێتەوە ئەگەر ڕاوچی سوار دەبێ بۆ ڕاو تاجی هەست بەوەدەکا و لەجەنگەی سوار بوونی خاوەنی‌دا بەهێندێک کردەوەی وەک ڕاوێچکەو ناسکە ناسک و قروسکاندن کەیف‌خۆشی و ئامادەیی خۆی دەردەبڕێ بەڵام لە هێندێ حاڵەت‌دا ئەگەر ئامادە نەبێ بۆ ڕاو بە پێچەوانەی ئەوە نەک هەر ئەو ڕاوێچکەیە ناکا خۆشی لە ڕاوچی دەدزێتەوە بە تایبەتی ئەگەر پێش ڕاوێ چووبێتە سەر کەلاک و زۆری خواردبێ چونکە دەزانێ ناگاتە کەروێشک و خۆی دەبوێرێ.
من ئەوەم بە تاجیی خۆمەوە دیوە و، سبه‌ینەیەک کە حازر ببوم بچمە ڕاو، گۆڵە تاجییەکە دیار نەبوو هەر چەند بانگم کرد هەر پەیدا نەبوو ناچار وە دوای کەوتم، دیتم بە ورگی هەڵمساو خۆی لە ئاخوڕی تەویلە دا مەڵاس داوە.
لەوێش هەر چەندی هەوڵم لەگەڵ دا نەهاتە دەر و ئەو ڕۆژە بەتاجی تر چوومە ڕاو. ڕاوچیی حیرفەیی و کارامە ئەوە دەزانێ کە تاجی ڕۆژێ دوو جار یانی نیوەڕۆ و شەو دەبێ لەنانی ویشک تێر کرێ و شەویش جێگەی گەرم بێ و ئەگەر لە نانی ویشک زیادتر شتی تری وەک شیو و چەقاڵتەی گۆشت و ئێسک و ئەوانە پێ بدەن بەزی پێ دەگرێ و قەڵەو و قورس دەبێ و ناگاتە کەروێشک.
ئەو چاوەدێرییەی خواردنی تاجی بۆ وەختی ڕاوە نەک بە تەواوی ساڵ کە دەزانین لەگەڵ هاتنی بەهار ڕاوی کەروێشک هەڵدەگیرێ و هەر لە مانگی ڕەشەممەدا ڕاو لە شلی دەدا چونکە لەو مانگەدا کەروێشک ئاوس بوونی پێوە دیارە و ئیتر ڕاو بەتاوان دادەندرێ.
زۆر کەس لە زستان‌دا جل بۆ تاجی دەدروون و لە ماڵ بە پشتی دادەدەن کە پێی گەرم بێتەوە، بەڵام تاجی ئەگەر فێری ئەو جلە کرا خۆڕاگرتنی لەبەرانبەر سەرمادا کەم دەبێ و ئەگەر لەماڵ هاتە دەر دەلەرزێ.
ڕاوی ڕەشانگ ناڵێم بە تاقە سوارە ناکرێ بەڵام خۆش نییە و ئەگەر سوار زۆریش نەبن دوو یان سێ کەس هەرپێویستە و ئەگەر لەوەش زیاتر بن خۆشتر دەبێ بەو مەرجە بێ سەرەوبەرە و ناڕێک و پێک نەبن و تاجیی ڕست نەکراویان لەگەڵ نەبێ کە ڕاو لە ڕاوچی تێک دەدا و زۆر جار پێش ئەوەی بگاتێ، کەروێشک هەڵدەستێنێ و لە کیس ڕاوچی دەچێ.
ئەگەر کەروێشک لە پێش سەفی سواران هەستێ ڕاوچی ڕستەی تاجی ڕادەکێشێ و ئەویش وە دووی دەکەوێ، بەڵام ئەگەر ڕاوچی بزانێ کەروێشکەکە لە قەمچی‌دا نییە و لێی دوورە و تاجیەکەی هەر ماندوو بوونی پێ دەمێنێ تێی بەرنادا، بەڵام تاجیی ڕست نەکراو لە هەر جێیەک کەروێشک هەستێ دوور بێ یان نزیک ڕێی دەکەوێ و چونکە لێی دوورە ناشیگاتێ و ماندووبونێکی زۆر و بێ سوود[ی] تووش دەبێ.
ئەگه‌ر هاتو کەروێشک لەسەر ڕاو یانی لەلای سەر و لە پێش سواران هەستا، سواری لای داوێنێ دەزانێ هەتا تاجیەکانی تری لای سەرووی سەفەکە نەکەونە لێدانێ کە لێی نزیک ترن تێ بەردانی ئەو بێ سوودە و لەبەر ئەوە گوێ ناداتە خۆ ڕاپسکاندنی تاجییەکەی ڕاوچی تەنیا ئەو توتکە تاجییە بە بێ ڕست کردن لەگەڵ خۆی دەباتە ڕاوێ کە چێشتە نەکرابێ. ئەوە دەزانین کە توتکە تاجی هەتا چێشتە نەکرێ، یانی دەم لە کەروێشک نەنێ نازانێ ڕە کەروێشک بکەوێ بەڵام ئەگەر لەگەڵ تاجیی گەورەتر جارێک دەمی لە کەروێشک نا بۆ جاری دووهەم و سێهەم چاکتر ڕێ دەکەوێ.
تاجی ساڵی یەکەم توتکە و ساڵی دووهەم شەکە و ساڵی سێهەم ئەبێتە خەرت و لەو قۆناغەدا دەوری هەڵدان و چێشتە بوون و عاملاویی دیوە و لێی تێپەڕیوە. ئەوجار ئەگەر نەگاتێ ئەوە ئیتر نانی خۆی و (سەنگەسیر)ی خاوەنی پێکەوە دەبڕێ.
ڕاوی بەفر لەگەڵ ڕاوی ویشکی و ڕەشانگ تەفاوەتی هەیە. چونکە لە ڕاوی بەفردا ڕاوچی دەبێ بە شوێن گێڕان کەروێشک بدۆزێتەوە و دەبێ بزانێ شوێن بگێڕێ، بە پێچەوانەی ڕاوی ڕەشانگ کە کەروێشک یان بە تەماڵ دەبیندرێتەوە، یان خۆی بازرە دەبێ و هەڵدێ.
شوێن گێڕانی کەروێشک بە تایبەتی لە هەزارەدا زۆر وە زەحمەت دەکەوێ و هێندێ جار هەزارە هیند تێکەڵ و بەربڵاو دەبێ ڕاوچی سەری لێ دەشێوێ و شوێنەکانی پێ لێک جودا ناکرێتەوە چونکە وا دەبێ شوێنی چەند کەروێشک لە جێیەک تێکەڵ دەبنەوە و ڕاوچی نازانێ ئەو شوێنەی ئەو بەدوویەوە بوە کێهەیان بوە و ئەگەر وای لێهات ڕاوچی لەوەبەدەر دەوری هەزارە بدا هیچی تری لەدەس نایە، بۆ ئەوە کە لە هەر جێیەک شوێن لە هەزارەکە جودا بووبێتوە وەدوای ئەو کەوێ و، ئەگەر بە دوای شوێنەکەدا گەیشتە دوو لایی ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە کەروێشک نیزیک بەرەبەیان بووە و لە شەوگەڕ و لەوەڕ بۆتەوە و خەریکی کەوتنە، لەو کاتەدا ڕاوچیی سوار بەغار بەدوای شوێنەکە دا دەڕۆن و بە فیتو ئیشارەی یەکتر دەکەن و قسە ناکەن بۆ ئەوە کەروێشکەکە گوێی لێ نەبێ و هەستیان پێ نەکا نەوەک بازرە بێ (بازرە ئەوەیە کەروێشک خۆی لە دوور هەڵێ و لە قەمچی ڕاوچیدا نەبێ)، ڕاوی بەفر بۆ تاجی ماندووبوونی کەمە چونکە کەروێشک پەلی کورتە و لەکاڵەبێنێک بەفردا هەڵاتنی وەزەحمەت دەکەوێ و هەموو تاجییەک دەیگاتێ و ئەگەر بەفر لە کاڵەبێن زیادتریش بێ وا دەبێ بەدەستی دەگیرێ.
زۆر جار ئەگەر بەفر زۆر دەکەوێ کەروێشک دوو یان سێ شەو لە بن بەفر نایەتە دەر و ناچێتە لەوەڕ لە وەختی وادا شوێنی هاڵاوی لووتی لە بەفرەکەدا دیار دەبێ و کونێکی زەرد لە بەفرەکە دەکا کە ڕاوچی بەو کونە دەڵێن (خوزە) و هەر بەو کونەش دەیدۆزنەوە و دەزانن لەوێ لە بن بەفرەکەدایە و دەگەنە سەری.
فەند و فێڵی ڕاو و ڕاوچی زۆرە و ڕەنگە لێرەدا ئەگەر لەوە زیاتر لە سەری بڕۆم هێندەی جێگە وەبەر نەکەوێ و نازانم ئەوەی سەرەوەش نووسینی هەمووی پێویست بوو یان نا بەڵام ئەوەی دەزانم ڕاوچییەتی و خووی ڕاوچیگەری نەخۆشیەکی وایە ئەگەر کەسێکی گرت بەهاسانی بەری نادا و ئەگەر ڕاو دەستی نەدا بیری ڕاویش هەر باشە و پێی دەچێتەوە سەردەمێکی تر.
زۆر ڕاوچیی وا هەیە ئەگەر سەری شەوێ بستێک بەفر بکەوێ لە خۆشیی ڕاوی سبەینێ هەتا ڕۆژ خەوی لێ ناکەوێ و هێشتە هەوا هەر تاریکە سوار دەبێ و لە پێش‌دا دەوری مەڵبەندێک دەدا بۆ ئەوە کە رێگەی ڕاوچیی تر بگرێ و، ئەگەر سواری تر هاتن و شوێنەکەی ئەویان دیت بزانن ئەو ناوە ڕاوچیی تری هاتۆتێ و ئەگەر شوێنی لێ بووبێ گێڕاویانە و هەر لەوێوە بگەڕێنەوە دواوە.
بەڵام ئەگەر ڕاوچی بۆ ڕاوی قوڵەشینی گورج و گشتی سیخوارلەپشت هەموو لایەنێکی کاروباری خۆی لێک دەداتەوە و ئەو پەڕی وەستایی لێ بەکار دێنێ پێت وانەبێ کەروێشکیش هیچ فرت و فێڵی نییە و هەروا لە گوێی گادا نوستوە، ئەویش بەشی خۆی دەزانێ و چ له‌ کاتی شێنه‌یی و چ لە تەنگانەدا فێڵ لە تاجی و لە ڕاوکەر دەکا.
هەری شەوێ کە لانی کرد و تێیدا کەوت خەمی ئەوەی لەبەرە کە ئەگەر هاتوو سبەینێ لێی قەوما جێگەیەکی سەختی وای بە دەستەوە بێ خۆی لە چنگ دێڵ و گۆڵان ڕزگار کا.
بەڵام سەرەڕای ئەو تێبینییە بەجێیەش لەبەر ئەوە کە زۆر کەیفی بە جێگەی سارد و باگر نایە ئەگەر ساڵ سارد بوو بەشی زۆرتر هەر لە داوێن و پەنا و بەرڕۆژانە لان دەکا کە یەکەم زەردەی هەتاو بیانگرێ. ئەوە سروشتی خۆیەتی ئەگەر ڕۆژێک بای هات دیتنەوەی کەروێشک لە ڕۆژانی تر هاسان ترە و پتر لەو شوێنانە دەکەوێ کە گوتمان پەنا و بانەگرن، چونکە ڕاوچیان گوتەنی بە هەوای بای دەکەوێ، ئەوەش سەرەڕای هەزارە و دولاییەکەیەتی کە ئەویش پڕە لە فێڵ و تەڵەکە و هەتڵەکردن.
هەروەها ئەو دەمیش کە تاجی لەسەریەتی و دەم لە سەرپشت دەیهێنن ترسی ئەوە کە ها ئیستە هەڵیگرن ها تاوێکی دی فێڵ و تەڵەکەی لە بیر ناباتەوە و بە بێ ئەوە سەری لێ بشێوێ لە دەرفەتێکدا بۆ تێشکاندنی تاجی بە تایبەتی لە شوێنی لێژ و سەر بەرەژێر لە جەنگەیەکدا کە تاجیەکان بە هەموو توانایانەوە ڕێی دەکەون و لێی نیزیک بوونە لە پڕ خۆی لە عەرزی دەدا و تاجیەکان لەو حاڵەدا کە باش پڕبوون و خۆیان کوشیوە پێیان ناکرێ لەگەڵ ئەو خۆ لە عەرزدانەی ئەو بگەڕێنەوە و لانی کەم تاجیەکان چل هەتا پەنجا میترێک بەسەری دەکشێن و هەتا ئەوان دەگەڕێنەوە کەروێشک لە تەلانی سەردەکەوێ و بە گوێی قیچەڵ فاچەوە کە نیشانەی سەرکەوتنیەتی لە ڕەوەزی شاخی خۆی نەدیو دەکا.
واش دەبێ دەچێتە ناو کونێ بەڵام ئەوە کەم هەڵدەکەوێ و کەم شاخ شوێنی وایان هەیە و ئەگەر هەشیانبێ کەروێشک کەم دەچێتە ناوی چونکە لەو کونانەدا رێوی دەچێ دەیانخوا.
ڕاوی کەروێشک سەرەڕای تاجی، بە تفەنگیش دەکرێ زۆرتر (تفەنگی تاپڕ) کە ئەگەر نەشڵێم ڕاوێکی ناڕەوایە لانی کەم ئەو سەیر و سوعبەت و سوارکاری و هەوراز و لێژ کردنەی لە ڕاوی تاجی‌دا بۆ ڕواچی هەیە لە ڕاوی تفەنگ‌دا نییەو بێجگە لەوەش ڕێگەی ئەو دەستەوەکەرییە لە کەروێشک دەگرێ کە لە ڕاوی تاجی‌دا هەیەتی و لە سەدا پەنجا شانس و ماوەی خۆ ڕزگار کردنی هەیە و هێندێ جار زیاتریش و ڕەنگە ئەو لایەنەی ئەو ڕاوە غەدرێکی تێدا بێ بۆ کەروێشک.
لە کوردەواری خۆمان بۆتە مەسەل دەڵێن: ڕاوی ڕێوی بۆ کەوڵیە. ئەوە ڕاستە، بەڵام ڕاوی کەروێشک بۆ گۆشت و سەیر و سەرگەرمی و تاقی بوونەوەی تاجی و ئەسپە؛ کە دیارە کەم کەس گۆشتی ڕێوی دەخوا بۆیە وا دەڵێن هەر چەند بیستوومە بۆ باداری باشە و هەرچی بێ ئەویش ڕاوچیی خۆی هەیە و من هەر ئەوەندەی دەزانم ئەگەر ڕاوچی لە ڕاوی کەروێشکێ وا دەبێ تووشی ڕێوی دێن دڵیان نایە تاجیی تێبەردەن بە تایبەتی تاجیی چێ کە بۆ خاوەنی خۆشەویستە چونکە ڕێوی دڕە و قەپ با تاجی‌دا دەگرێ و زۆر جار داریش لە لغاوەی دەنێن هێشتە بەری نادا و ڕاوچی گوتەنی زاری قفڵ دەکا و بێجگە لەوە کە تاجییەکە برین هەڵدەگرێ دوایە بۆ ڕاوی کەروێشکیش ترسەنۆک دەبێ و باش خۆ ناداتێ لە ترسی ئەو گەزتنە.
دیارە ڕێوی وەک کەروێشک خێرا و خۆشبەز نییە و زۆربەی تاجی دەیگەنێ ئەگەر بیوێرنێ. لەبەر ئەوە ئەو گۆڵە تاجییانەی نەگەنە کەروێشک بۆ ڕاوی ڕێوی کەڵکیان لێ وەردەگرن.
زۆر چیڕۆکی سەیرم لە فێڵ و تەڵەکەی ڕێوی بیستووە کە لێرە دا پێم ناکرێ پێیان‌دا بچمەوە بەڵام هەرچی بە زۆرزانیی مام ڕێوییەوە بڵێن هەیە و هەموو حیلەیەکی لێ دەوەشێتەوە. ئەگەر بە مرۆی زۆرزان و بە فێڵ و تەڵەکە دەڵێن: دەڵێی ڕێوییە جێی خۆیەتی. بەو شەرتە ئێوە نەفەرموون لە ڕێوی زۆرزانتر ئەو کەسەیە کە ڕێوی دەگرێ و ئەگەر گرتی کەوڵی دەکا و ئەگەر کەوڵی کرد لە شار و باژێڕانی دەگێڕێ و جەندەکەکەشی وەک سوورە ساقە لەوێ فڕێ دەداو ئەو کلکە تووکن و جوانەی وەک تێلی تەلەیفون دەڕووتێنیتەوە و بەو جۆرە چەندی مریشکی قەڵەوی قوڵەی سەر بە کڵاوە و کەڵەبابی جنجیری هەزار پۆپەی پیرێژنان خواردبێ تۆڵەی هەموویانی لێ دەکاتەوە کە سەردەمێک بەبێ ئادرێس و ناونیشان!! بەکولانەی هەموویانی دەزانی و هەردەتدی سەری پێدا دەکردن ئەویش بە شەوی تاریک و تنوک و ئەنگوستەچاو.

سه‌رچاوه‌: هێدی، ئاوێنه‌شکاو، هه‌ولێر، ئاراس، لل 44ـ39


قه‌مچ: نزیکی، تخوون، قه‌ره‌ ف: نزدیکی، در دسترس (هه‌نبانه‌ بۆرینه‌)


تێبینی: ئه‌م وێنه‌یه‌ی مامۆستا هێدی له‌ وێبلاگی کاک هه‌رمان وه‌تمانی هه‌ڵگیراوه‌:


__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید