
04-10-2012
|
 |
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی 
|
|
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172
3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
|
|
ڕاوهتاژی (2)
ڕاوهتاژی (2)
ساڵ درەنگ بوو. پایز داهات. زەوی ڕەنگی بزرکا. شینایی نەما. تینی هەتاو کەم بۆوە. ڕۆژ چیان بەبەروە نەما. شەو درێژ و درێژتر بوون. هەوا فێنک بوو. ڕەز ڕندران. مشتاخ هەڵخران. بێستان لەبەر کەوتن. بڕکە هەڵکێشران. جێ تووتن شێو کرانەوە. ئاوێژە لەبەراو دەرچوون. ئەستێر داریان لێ ڕاکێشرا. سەرچاوە، قەوزەیان گرت. بناوان هەڵدێران. دەراو بۆگە و لێڵ بوون. پاوان و هەڵەسوون پێخوست و بۆژە بوون. پێورەوێنجە داسپەڕێن کران. ڕەپستە کۆڵەپنج بوون. نەوەندە تیشەیان چەند پەلکە بوو. ساردەکێڵ دندووکەیان دا. کا و گزرە لە کادێن کران. کۆدە و پۆڵکە و نەرمەگیا لە تایە و گیشە دران. تفاقی زستان داخرا. دێمکێڵ بەهیوای بارانی ڕەحمەت و هەقەپەڵەی پایز، دێمەکار و ئیشکەکەندیان داچاند.
جارجار هەوری سپی و تەنک بەدەم باوە بە پەلە بەئاسماندا تێپەڕین. چەند پڕیشکی بڵاویان وەراند. دڵی شکارتەکێڵی بێ زەوییان داخورپاند و ترسان نەوەکو ئەوەندووکە دەغڵەی ئاوماڵان بۆیان داچاندوون گەندەنێ بن و بەجارێک قووتبڕاو و بێسەڵات بکەونەوە. دار و دەوەن خەزەڵیان دا. مێرگ و چیمەن بێ دیمەن بوون. لاپاڵی بژوێن بوونە ڕێچکە. نواڵەی زەنوێر کاتۆر کران. تەلان و بەندەن ڕووتانەوە. ڕووباری خوڕێن لە خوڕین کەوتن. ڕێبواری خورێن لە تەنکاویان دا. سوار بۆ بوار نەگەڕان. گیابەرزە بوونە ئیشکەڵ. دڕوو بوونە نەشتەر. تیکان بوونە پەیکان. پێکوڵ و کونجی بوونە بزمار و دەرزی و لە پێی گالەوەڕێنی پێخواس هەڵچوون و گردەنشینیان کرد. بابردەڵە وەک لەشکری بەزیو و شکاو ڕەتێنرا. خۆی بۆ نەگیراوە. بڵاو بوو. پووش و پەڵاش وەک ترسەنۆک و دوورەپەرێزان خۆیان لە خوارە بایان گرت. لە نەدیو و پەسیو و بوودڕ و کەنداڵان خزین، هەوار خاڵی بوون. چادر و چیغ پێچرانەوە. سێپەک هەڵپەسێران. مەشکە بەرچیغیان تێ هەڵکێشرا و لەبن میچی قوڕماوی نران. دۆدانە و شیرمەشک لە خەرارە کۆنان پێچران و لەبەر هەیوان و بێڵا بە سینگ داکران. نێرەی بێ خێر هەڵاوەسران. گوریس و پەتک هەڵوێزنران. شەنگەبێری قۆڵچاغەیان داڕنی. بووزەڵە و بەربێنکەیان شانەوشان کرد. جامی مەڕدۆش و گادۆشکەیان لەبن پێڕک و هەرزاڵان ئاخنی. بێژینگ و دەستاڕیان وەکار خست تا زەمهەڕ بۆ زستانی دوور و درێژ گێژەو بکەن، ساوار بهاڕن، بڕوێش بەبا کەن، بۆ دراو لێ بکەن. کاکی شوان کە لە کوێستانی مەزن و هەواری سازگاری مەڕی لە چڕگەن دەچەقاوە و دەمی دە لەوەڕی پڕ و تەڕ و ناسک دەنا و یەکی لە یەکی دەرنەدەچوو. بۆ خۆشی لەسەر بەردێک دادەنیشت و قامکی لە بلوێر دەبزاوت و ئەوی لێی دەدا لێی نەدەداوە و پاشای بەسەپانی خۆی نەدەگرت. ئێستا بلوێری لەماڵ داناوە چونکە مەڕی کوێستان کە لەنگ و لۆر و دەغەزداری تێدا نەماوە و بێ چاوێنی بێ سمڕە و ساکەتەی دووگی دەڵێی لینگە دەستاڕە و پشتی گرێی لێ بڕاوە، کوا لە ئارانی قاقڕ و کڕاڕ دادەمەزرێ و دەچەقێتەوە؟ لە دەشتی کاکی بەکاکیدا پەڕ هەڵداوێ. پەڕەم پەڕەم دەبێ. هەر کرتکەی ڕوو لە لایەک دەکا شوان ئەگەر وەک ددانی ماریش بێ، پێ ڕاناگا پێشی بگرێ، تێکی بکاتەوە. مەڕی قەڵەو و ساغ لە ئارانی بێ لەوەڕ چۆن چێشتاوان مۆڵ دەخوا؟ پاڵێنان کۆڕ دەبەستێ؟ شێوەخۆران ڕادەوەستێ و شەوێنان لە حەوشەدا گیر دەبێ؟ شوان دەبێ چاوێکی ببێتە چوار چاو و خەو و خواردن لە خۆ حەرام بکا. گورگی فێڵباز و دز هەمیشە لە کەلێندایە شوان بخافڵێنێ، سەگ بخیچێنێ، تا کەلاک بستێنێ، کام مەڕی شاز و قەڵەو بڕفێنێ و ئەگەر خودای نەخواستە شوان لەخەو بمێنێ و دەزبێنی نەگرتبێ مێگەل ڕابدا و یەکی نەهێڵێ و هەمووی بخنکێنێ. جا لەو حاڵەدا شوان کوا مەجالی هەیە لە بلوێر بتووڕێنێ و عالەمێک وەجۆش بێنێ؟
ساڵان لەم وەرزەدا کە کاری دێهات کەم دەبوو، سواغ و پینە و پەڕۆی بان و دەرک و دیواران تەواو دەبوو و ئاوردوو دادەخرا، جەنگە ڕاوە تاژی دەهات. ڕاوەتاژی لەمێژە لە کوردستاندا باوە. تا نیوەی دووەمی ئەم چەرخە زۆر بەداب و دەستوور دەکرا، هەرچەند ئێستاش کەم تا کورتێک ماوە، بەڵام بەرەو نەمان دەچێ. دیارە هەر ڕێوشوێنێک بەسەر چوو، ئەم وشە و زاراوە و ئامرازانەی پەیوەندییان بەم ڕێوشوێنەوە هەیە، لەسەر زار و زمانان نامێنن و وردە لە بیر دەچنەوە. تەنیا لە بەیت و باواندا دەمێننەوە کە تێگەیشتنیان بۆ بەرەی داهاتوو دژوار و ئەستەم و گرانە. خۆ بەناشکوری ناڵێم فەرهەنگنووسێکی ئەوتۆمان نەبووە و قامووسێکی وامان نییە ئەم وشە و زاراوانەی تۆمار کردبێ و لە نەمانی پاراستبێ. ئەم ڕۆژانە بۆ نووسینی ئەم وتارە پەنام بۆ فەرهەنگی تاقانەی کوردی بۆ کوردی «خاڵ» برد. لەژێر وشەی ڕاو و تانجی و تاژیدا شتی وای نووسیبوو کابرا گوتەنی: «ئەزی تێدا شەرمەزار بوومەوە». بۆیە ویستم ئەوی لەبیرم ماوە و لێی دەزانم لەو بارەدا بنووسم تا قامووسنووسی دواڕۆژمان کەڵکی لێ وەربگرن و ئەو لاوانەی کە وەک من ئەدەبی فۆلکلۆریکی کوردی بەخەزێنەی زمان دەزانن سوودی لێ وەربگرن.
تاژی یا تانجی و تاجی تۆرەمە سەگێکی درێژ، ناسک، شووش و لەسەرلینگە. پێستی تەنک و ئاماڵ ڕووتەیە. جوان و ژیکەڵەیە. گوتوویانە: «تاژی شازادەی سەگانە» توند و تۆڵە. باش لینگ دەدا و بەدەوامە و بەکەڵکی ڕاو دێ. تاژی تا زەنگەی بەرزتر، تەنگەی گورجتر، کەفەڵی بڵیندتر، پشتی ڕاکشاوتر و ئامال کوورتر، پەنجەی شووشتر، سەر و کەللە و دەم و لەمبۆزی باریکتر و ڕەقتر و درێژتر بێ پەسندترە.
وەک هەموو تۆرەمە سەگێک بە نێری دەڵێن گۆڵ و بەمێی دەگوترێ دێڵ. گۆڵ هەمیشە بۆ جووتبوون ئامادەیە. بەڵام دێڵ جارێک یا دووجار وەبا دێ. زۆر پێشتر نیشانەی وەبا هاتنی دیاری دەدا. جا ئەگەر خاوەنەکەی بخوازێ زووتر با بگرێ باشتری تێر دەکا تا قەڵەو بێ و ئەگەر بەپێچەوانە نەیەوێ ئاوس بێ ئەوە لە ژوورێکی تاریکدا دەیبەستێتەوە تا لەڕ و لاواز بێ و لە با بچێتەوە. جووتبوونی تاژیش وەک هەموو جسنە سەگێک «پێوەڕوانی» پێ دەڵێن، دێڵ و گۆڵ پێکەوە دەنووسێن و تا ماوەیەک لێک جوێ نابنەوە. تەنانەت ئەگەر لە زمانی کوردیدا بەزایینی هەموو نینۆکدار و گواندارێک «جگە لە مالۆس کە سمدارە» دەڵێن ترەکین – لە شێرەوە تا مشک - ڕەنگە بۆیە بێ کە زۆریان بێچوو دەبێ، تاژیش و سەگیش لەوان هەڵناوێرن. دەڵێن دێڵەتاژی بەحەفتا شەو و ڕۆژ دەترەکێ. بەوەندە تووتکەی بە زگێک دەبێ دەڵێن کۆخێک. دێڵێک لە سێوە تا یازدە تووتک دەینێ. دێڵەتاژی هەشت گوانی ئەمبەرئەوبەری هەیە. تووتکەتاژی لەپێشدا چاوی نووساوە و نابینێ. پاش چەند ڕۆژ چاوی دەپشکوێ. بەقسەی کۆنە ڕاوەکەران هەوەڵ تووتک و ئاخر تووتکی کۆخێک لەوانی دیکە باشتر دەردەچن. تووتکە تاژی زوو فێری تێکوشین خواردن دەبێ و ئیتر نیازی بەشیری دایک نامێنێ. دێڵەتاژیی ترەکیو پێویستە زۆر باش بەخێو بکرێ و تێر بێ، دەنا زیانی خورۆ و ماڵانگەڕ دەبێ و پەکی ڕاوکردنی دەکەوێ. تووتک کە ژیوەڵە بوو، گوجووکی پێ دەڵێن و لە خۆیەوە فێری ڕاوێچکە دەبێ. ڕاوێچکە کردن تەمرینی ڕێکەوتن و ڕاو فێربوونە. گوجووکێک هەڵات دیارە لە خۆی ڕادەبینێ و بە گەورەییش لەوانی دیکە چێتر و خێراتر و بەکارتر دەبێ. گوجووکێک بەساڵەوەختێک سونوو یا سوونی دێتەوە و پێی دەڵێن شەک. نیشانەی سوون هاتنەوە ئەوەیە کە گۆڵ لەکاتی میزکردندا لاقی هەڵدێنێ. پاش ساڵێک دەبێتە خەرت و ئەمجارە تەمەنی بەخەرت حیساب دەکرێ. خێرایی و خوێڕیایەتیی تاژی تا نەبێتە خەرت دیاری ناکا. وا دەبێ شەک نۆرەش ناکا و کەچی بەخەرتی زۆر چێ دەبێ و بە پێچەوانە شەکی خێرا خوێڕی دەردەچێ.
ڕەنگەکانی تاژی:
تاژی ڕەنگی جۆربەجۆری هەیە؛ سپی، ڕەش، سوور، نەباتی، شێ، خەزاڵ، بۆر، تاڵە، شڵە، خورمایی، خەنەیی، گورگی، پڵینگی، قەزوانی، بازوو، بۆزقاجی و بەڵەک، ڕەشبەڵەک، سووربەڵەک، و شینبەڵەک.
دەنگەکانی تاژی ئەمانەن:
لووراندن، نووڕاندن، قرووسکاندن، نووزاندن، مڕاندن و ناسکاندن.
سیفەتەکانی تاژی:
چێ، خێرا، تیژ، پەل، ڕەشکوژ، خۆشڕست، بەدڕست، هەرزە، قڕخەمەڕەس، دەمسارد، دەمگەرم، بەهەڵم و بەدەوام.
تاژی بەکاری ڕاوی ئاسک و کێوی و کەروێشک دێ. چێترین و باشترین و بەکارترین تاژی ئاسک کوژە. من کوێستانیم و ئاسکیش لە دەشت و گەرمیان دەژی و لە ڕاوە ئاسک شارەزانیم. مامۆستا عەلای ڕەحمەتی لە کتێبی «کوردەواری» باسی ڕاوە ئاسک دەکا من بەنەزانی خۆمەوە بەدڵم نەبوو. پێم وابوو هەڵەی تێدایە. ئەمما پیرەبەگێکی جاف جارێک باسی ڕاوە ئاسکی بۆ کردووم ئەوە بۆتان دەگێڕمەوە. ڕاست و درۆی وەباڵ بەستۆی خۆی دەیگوت: زەمانی دەسەڵات و باوی بەگ و پاشاکانی جاف کە کۆچەر و ڕەوەند بوون باشترین تاژی و ڕەسەنترین ئەسپ لە نێو جافاندا هەبوو. لە موکریانیش ناوبانگی ئەسپی جافان بووە ـ ڕەنگبێ ڕاست بێ چونکە لە عەرەبان نیزیکن و جسنە ئەسپی عەرەبیش لە دنیادا مەشهوورە- دەیگوت: «پاشاکان تیپە سوارێکی باشیان هەڵدەبژارد. تاژییەکانیان وا فێر کردبوو کە ڕاویان دادەبەست و ڕستەیان هەڵدەکێشا و تاژی خۆی داویتە پێشکۆی سوار و مات دەبوو. کە ئاسک هەڵدەهات سواران بەو ئەسپە خۆشبەز و بەکارانەوە دهیانڕەتاند تا دەیانزانی شەکەت بوون ئەمجار تاژییەکانیان بەردەدایە تا لە خۆڵی دەگەوزاند. هەموو ڕاوکەرێک خەنجەری دەبەردابوو و کێردی دەبان و تیژی لە دیوی ژووی خەنجەردا لە کالان چەقاندبوو بەو کێردە سەری ئاسکیان دەبڕی و ڕەفیسکەیان کون دەکرد و لە بەن ساموڕتەکەیان هەڵدەکێشا و بەتەڕیزەی ئەسپەوە هەڵیانداوەسی.
کورد بە هەموو گیاندارێکی گواندار و سمدار کە کەوی و ڕام نەبێ دەڵێ کێوی. لە کێوە سەرکەش و شاخە سەخت و ڕژد و هەڵەمووت و زەرد و ماهەکانی کوردستاندا کێوی دەژین. کەڵەکێوی، گاکێوی، شوور، یەکجار کەم بوون و لەوانەیە ڕەگەزیان لەم حاڵەدا لە مەترسیدا بێ و هەر نەمێنن و نەمبیستووە ئەوانە بەتاژی ڕاو بکرێن. بیستووتانە کە کێوی بەتایبەتی ڕۆژانە لە شاخی هەرە سەخت و ڕەوەزی ئەستەم نابێتهوە. دەڵێن هەر جێگایەکی شاخ بارانی وێ بکەوێ کێویش دەتوانێ پێیدا بڕوا. دیارە تاژی لە جێگای وا کارناکا.
بۆ ڕاوە کێوی بەتاژی بەرهگە دەنێنەوە. کێوی کەلەم شاخەوە بچێتە شاخێکی تر تیرەگ بەرنادا؛ یانی بەجێگایەکدا دەڕوا کە هەردووک دیوی کێوی لێ دیار بێ. جا ڕاوکەری شارەزا، تیرەگێکی ڕەچاو دەکەن و حاشارگەی لێ دروست دەکەن. ئەگەر گوێنی و گیابەرزی لێ هەبێ، کۆختەیەکی دوو میتری یا کەمتر سازدەکەن و خۆیان و تاژییەکانیان لەوێدا مەڵاس دەدەن. ئەگەر ئەوەیان بۆ نەلوا وارشی بەرد دروست دەکەن. کێوماڵ بەرێکی شاخ بە هەراوهوریا و تەقوڕەق و چەقەچەق دەتەقێنن تا حەیوان بترسێ و بەتیرەگدا بپەڕێتەوە شاخی ئەوبەر و لەو بەرەگە هەڵەنگوێ. ئەگەر مەودای نێوان دوو کێو بەرین بێ لە دوو جێگاوە بەرهگەی بۆ دەگرن. تا ئەگەر تاژی پێشەوە ڕاستی بکەن بەسەر بەرەگەی دووەمدا بکەوێ و ڕزگاری نەیە. تاژی قایم و بەهەڵم و فێڵاوی نەبێ نە دەگاتە کێوی و نە دەوێری خۆی لێدا. بەران و نێری قەیرە دەس دەکەنەوە و بەگژ تاژیدا دێنەوە و بەشەقۆن تێی هەڵدەدەن و برینداری دەکەن. وا دەبێ دەشیتۆپێنن. بەڵام تاژی کە فێڵاوی بوو، هەر لە پاشڕا لە کێوی ڕۆ دێ و کە بۆی هەڵکەوت، باتووی دەگرێ و بڕستی دەبڕێ. ڕاوکەر دەڵێن هۆی ئەوەی تاژی دەگاتە کێوی، ئەوەیە کێوی لە هەڵاتندا زۆر ئاوڕان دەداتەوە و مەحتەل دەبێ؛ دەنا زۆر بەباز و بردترە. کێوی بە تەڵە و شتی دیکەش دەگرن کە دێرەدا جێی باس نییە.
نەخۆشییەکانی تاژی:
سەگبایی، شانەڕەقە، شەکگە، سەبنێسی، هاری، سووزەنەک.
ڕاوەکەروێشک بە تاژی:
کەروێشک گواندارێکە کە نینۆکی ههیە. گیا خۆرە. کلکی زۆر قوڵەیە. تووکی نەرمە. درێژایی لە بەرزایی پترە. پێشووی لە پاشوی کورتترن. بەباز و قنە دەڕوا. گوێی زۆر درێژن. سەری لەچاو لەشی زۆر گەورەیە. چاوی زەق و لەڕوون و نانووقێن. زیاتر بەچاوان دەبیندرێتەوە، دەڵێن مێیەکەی حەیز دەشوا. دەترەکێ و زەو و زووی زۆرە. لە جێگای سارد و گەرمدا هەیە. لە بژوێنترین کوێستانی کوردستاندا و گەرمترین و کڕاڕترین بێروونی عەرەبستاندا دەژی. بەبێچووی دەڵێن بەچ و کە پەڕەوازە بوو و توانی توند ڕابکا «سەپسێن»ی پێ دەگوترێ. بەڕواڵەت یەکجار بەستەزمان و بێدەسەڵات و ترسەنۆکە و لەبەر هیچ گیانداری چوارپێ و باڵندەی بچووکی ڕاوێ دەس ناکاتەوە؛ کەچی دوژمنی وەرزێر و ڕەزەوان و بێستانچییە. تا دەستی لەسەر دابنێی بەزەڕ و بەدفەڕە. بە ڕۆژ لەلاندا خۆی مەڵاس دەدا و بەشەو دەگەڕێ و دەلەوەڕێ، هیچ ناپارێزێ. بۆ باغ، بێستان، شیناوەرد و ڕەپستە تەنانەت خۆیان و خەرمان وەک بەڵا وایە. بۆیە وەرزێر و باغەوان ڕقیان لێیە و بەتەپکە و تەڵە و خوردە و داو دەیگرن. گۆشتی دەخورێ. دەڵێن تەمەنی بەوەڕا دیارە کە هەر ساڵە کونێکی لەبن کلک دەبێ.
نیزیکەی سی چل ساڵ لەوەی پێش کەم ساحێب مڵک و ئاغا و مەزنی کورد هەبوو ڕەموودەی ڕاوە کەروێشک نەبێ. دیارە ئەم کارەش بەستە بە دەست ڕۆین و نەڕۆینەوە بوو. ئاغای دەوڵەمەند ڕستەیان لە ئاوریشمی ڕەنگاوڕەنگ دەهۆنییەوە و گوڵینگی سیمپێچی جوانیان وێ دەخست. سەری گوڵینگداریان لەباسکی ڕاستە یا ڕاست و چەپ لە شان دەکرد. قەڵادەیان لە قایشی باش دروست دەکرد و بەئاوریشم دەچنی. زەنگوڵەی زەرد، زێو تەنانەت زێڕیان لێ دەدروو. سەری دیکەی ڕستەیان لە ئاڵقەی قەڵادە هەڵدەکێشا. ئاغای دێ بەخۆی و باب نۆکەر و رەعیەت و سوارەوە دەچووە ڕاو. لەو جێگایەی زانیبایان کەروێشکگرە ڕاویان دادەبەشی و سوار سەفیان دەبەست. لەکێو یا بانوو سوارێک بەتاژییەکی کارامەوە سەرڕاوی دەگرت. سەرڕاو دەبوو لە پێش سواراندا بێ و چاوی لەلای خوارێ بێ تا ئەگەر کەروێشکیان لە داوێنی تێبەردا وریا بێ و بزانێ ڕوو لە کام لا دەکا. ئەو دەبوو ڕاستەوڕاست لە پێشدا بێ، ئەگەر تاژی خوارەوە نەیانکوشت و بەماندوویی گەیشتە سەرڕاو ئەو تاژییەکەی خۆی بەرداتێ. دەبوو تاژی سەرەوژێر بەرنەدا و ڕاوەستێ تا کەروێشک کەمێکی لێ ڕەت دەبێ. بەرڕاو سوارێک بوو کە باشترین و چێترین تاژی پێ بێ و کەمێک لە دوای سوارانەوە بێ تا ئەگەر کەروێشک پاش ڕاو بکا، تاژی خۆی تێبەردا. سوارەکانی دیکە کە نێوانیان پێنج شەش گەز پتر نەبوو، چ تاژییان پێ با یان نەبا، دەبوو لە ڕێکی یەک بڕۆن و هەر کەسە لەلای سەرووی خۆی ورد بڕوانێ و هەوڵ بدا هیچ بنچک و بەردێک نەبوێرێ. تا سەف ڕاستتر و نێوانی سواران کەمتر بایە، کەروێشک چاکتر دەبیندرا وە یا زووتر هەڵدەهات، لانی تازە و کوێرە و لانی شەوێ دینێ نیشانەی ئەوەبوو کەروێشک هەر لەو دەوروبەرەیە. جا دەبوو بە فیتوو یەکتر حاڵی بکەن سەف ڕاستتر و سوار خوردتربن، ورد بڕوانن و نەیبوێرن. کەم وایە کەروێشک لەبەر سەفی ڕاست و ڕێکوپێک و سواری ئارام بوێرێ ڕا بکا، خۆی لەلاندا مەڵاس دەدا و لەعەرزی دەخا. ڕاوکەری لێزان بەتەماڵ دەیبینێتەوە.
ئەو سەردەمی داب بوو ئەگەر نۆکەرێک یا رەعیەت سوارێک تەماڵی دیباوە دەیگوت: «نۆکەری ئاغای خۆم و ڕاوکەرانم پێ دەڵێن هۆی تەماڵە!» عادەت وابوو ئاغا و خزمەکانی تەماڵانە بدەن بەو ڕاوکەرە و خەڵاتی بکەن. سوار لە دەورەی تەماڵ کۆ دەبوونەوە، پایزە، ئازیزە، گوڵێ گوڵێ، حەیران و گەلۆیان لەسەر دەگوت و جاروبار دەهۆڵ و زوڕنا و سێ تەپڵیشیان لەسەر لێ دەدا. ئەگەر بۆ خاتری سەیر نەبا بەهاسانی بەدەستی دەگیرا. بەڵام ئاغای گەورە بۆ سەیر دەچوونە ڕاو نەک بۆ ڕاوەگۆشت. جا بۆیە ئەسپیان وەسەر دەپەڕاند کە هەڵێ و تاژیی تێ بەردەن. دوو یا سێ تاژییان تێ بەردەدا. ئی وابوو چێ و دەمگەرم بوو گوریسێکی نەدەبرد و لە سەفی سوارانی دەرنەدەکرد و هەڵی دەگرت و ئی وابوو خێرا و پەل و دەمسارد بوو، چەند جاری دەگێڕاوە، لێی دەدا، تێی ڕۆدەهات تا هەر خۆی یا تاژییەکانی دیکە دەگەینە نۆرە و هەڵیان دەگرت. تاژیی ڕەسەن کە کەروێشکی هەڵدەگرت نەیدەشەمزاند یا بەدەمیەوە دەگرت یا چەمۆڵەی لەسەر دادەدا. سوارێک دادەبەزی و سەری دەبڕی و وە بەن ساموڕتەی دەخست. ئەگەر تاژی خوێڕی بایە نەیدەشکاندەوە و خوارەی پێ نەدەکرد و کەروێشک ڕزگار دەبوو. ئەگەر باشتر بایە ڕاستی دەکرد و دەیگەیاندە سەرڕاو یا لە کونی دەکرد. کەروێشک هەمیشە بۆ لێقەومان کونێک ڕەچاو دەکا. بەڵام تا زۆری بۆ نەیە ناچێتە کونەوە. سەرڕاوی شارەزا لای کونێیان لێ دەگرت. وا دەبوو لە زارکی کوندا دادەنیشتن و ئەویش خۆی لە باوەش داویشتن. ئەگەر چوو لە کونیشەوە بە پێچەک دەریان دەهێنا. لە هێندێک مەڵبەند بەتەماڵ دەڵێن «دیاردی».
خۆشترین کاتی ڕاوە کەروێشک پاش بارانە. چونکە کوێرە و لانی تازە لە دوورەوە دیارە. وا دەبێ کەروێشک لەو کاتەدا کۆنەلان دەکاتەوە کە ئەویش دۆزینەوەی بۆ ڕاوکەری شارەزا هاسانە. جگە لەوه بەر پێی تاژی کە ڕووت و بڵە نەرم دەبێتەوە و ترسی کاڵە دڕانی نامێنێ. بەر پێی کەروێشک کوڵکنە و قوڕ دەگرێ و باشیش ناتوانێ ڕابکا و پێی دەڵێن کەڵاشە کردن. ئەو سەردەمە زۆری پێ ناچێ و وەختی نینۆک شکێن دێ. کە وشکبەند پەیدابوو و کەروێشک لان بەرەژێری کردەوە و ڕەپستە و باغی پاوانی داوە بەر پەلامار هێند قەڵەو دەبێ کە دەڵێن گورچیلەی دە بەزیدا ون بووە. ئەمجار بەسەر زەوی بەستراو و ڕەقدا وا هەڵدێ هەر ویزەی لەبەر پێی دێ. تاژی لەترسی هەڵخلیسکان و نینۆک شکان ناوێری توند ڕابکا، هەر تاژییەکی لەکاتی نینۆکشکێن و سیخوار لە پشتدا بگاتێ نایابە. کە نوابەفری هەوەڵ کەوت و باڕنی نەکرد باسی سەری کەروێشکە؛ چونکە شوێنی دەگەڕێ و بە پێشووی کورتەوە هەر دەرناچێ. ئەو گیاندارە بەڕواڵەت گێل و گێژە کە زانی شوێنی دەگەڕێ زۆر فێڵەزان دەبێ. شوێنی جووتەیە، پاشووی بەجووت وەپێش پێشووی دەخا. ڕاوکەر کە تووشی ڕاستەشوێن هات دەزانێ کەروێشک یا چۆتە شەوگەڕ یا گەڕاوەتەوە و بە پەلە دەیگێڕێ تا دەگاتە «دوولایی»، دوولایی ئەوەیە کەروێشک بەسەر شوێنی خۆی دا دەگەڕێتەوە. لە جێگایەکی بازێکی بڵیند داوێ و لەسەر کەڵەکێک یا قەدی ڕەوەزێک دەکەوێ. دەبێ ڕاوکەر بەقەراغ دوولاییدا بڕوا و نەیشێلێ تا بزانێ کەروێشک لە کوێ بازی داوە و وریا بێ پاشڕاو نەکا و بازرە نەبێ. «هەزارە» هەر وەک دوولایی وایە، بەڵام کەروێشک چەندین جار بە شوێنی خۆیدا هاتوچۆدەکا. وا دەبێ هەر لەنێو هەزارەدا دەکەوێ. وا دەبێ دیسان بازێکی دوور داوێ و لەهەر جێگایەک کەوت مات دەبێ. شوێنگێڕی باش لە فێڵ و هەزارە و دوولایی کەروێشک دەگا و دەیدۆزێتەوە.
«کوتە» ئەوەیە کە کەروێشک دوای هەزارە و دوولایی بەقەد جێ جێخوونێک بەدەورە دەگەڕێ و ئەوەندەی پێدا دێ و دەچێ کە کەس سەرەدەرە لە شوێنی ناکا. ڕاوکەری شوێنگێڕ دەبێ زۆر بەسەرنجەوە دەورەی کوتە بدا، کە نەڕۆییبوو ئەوە دیارە لەنێو کوتەدایە ئەودەم دەبێ وەنێو کوتە بکەوێ، تا یا بیدۆزێتەوە یا ناچاری بکا هەڵێ. کەبەفر زۆر بوو و بەفر بەسەریش نەبوو کەروێشک ڕونوو بەفر دەکۆڵێ و دەچێتە نێو بەفرەوە، بەوە دەڵێن «خوزە»، کەروێشک لە خوزەدا بەوە دیارە کە جێی هەناسە هەڵکێشانی زەرد دەبێ و دیارە لێرەدا فێڵێک دەکا بەبن بەفردا ڕەهەندێک دەکۆڵێ و لە چەند جێگا خوزە دیاری دەدا. بۆ ئەوەی ئەو فێڵەشی لێ ببڕن، یەکێک بە تاژییەوە لە نێوەڕاست ڕادەوەستێ و ئەوانی دیکە خوزەکان دەشێلن، کەروێشکی خوزە زیاتر ناوێرێ ڕابکا و بەدەستی دەگیرێ. لەپێشدا گوتم کەروێشک تا زۆری بۆ نەیە ناچێتە نێو کون کە چووە نێو کون و دیاربوو و دەستی نەگەیشتێ، دارێکی نەرم و درێژ دێنن سەری لەلە دەکەن و لە تووکی کەروێشکی بادەدەن و بەم دارە دەڵێن «پێچەک». ئەگەر بەوەش نەهاتە دەر، ئەمجار تەڵەی لێ دادەنێنەوە و دەیگرن. لەمانگی ڕەشەمەدا ڕاوە کەروێشک دوایی دێ، هەم لاواز دەبێ و بۆ خواردن نابێ هەم با دەگرێ. بەناوبانگترین چێشتێکی لە گۆشتی کەروێشکی دروست دەکەن «سەنگەسیرە». لەکابانان بپرسن چۆن ساز دەکرێ!!
ڕاوە ڕێوی بەتاژی
کام منداڵی کوردە ناوی ڕێوی نەبیستبێ. سەدان ئەفسانە لەسەر ڕێوی لە فۆلکلۆری کوردیدا هەیە. خۆ لە پەندی پێشینیاندا ئەوەندە باسی ڕێوی کراوە هەر مەپرسە وەک:
ڕێوی خۆی لەکونەوە نەدەچوو قانگەلاشی بەکلکیەوە دەبردە ژوور، ڕێوی دەمی نەدەگەیشتە ترێ دەیگوت ترشە، ڕێوی کێچی دەکەوڵی کەوتووە، ڕێوی خۆی لەئاوی خوڕ نادا، ڕاوی ڕێوی بۆ کەوڵییە و سەیری لە ڕاوە ڕێوی خۆشترە، وەک ڕێوی سیرمە خۆرە...
ڕێوی بەڕاستی جانەوەرێکی فێڵاوی و مەکربازە. نەوسن و بەزەڕە. هەموو شت دەخوا میوە و گۆشت و شتی وا. دوژمنی کەروێشک و مشک و باڵندەیە بەتایبەتی باڵندەی پێڕۆیە. ئەوەندەی کەروێشک بۆ باغەوان و وەرزێڕ خراپە ئەویش ئەوەندە بۆ ئەوانەی باڵندەی کەوی و ماڵی ڕادەگرن جێگای مەترسییە. تووشی ڕەوە قەلەموونێک بێ تاقی لێ دەبڕێ. مریشک و جووچک هەر ناهێڵێ. لە کێویش هەمیشە لە کەو و سوێسکە و زڕەکەو هەوێردە لە کەمیندایە. تەنیا کاری چاکی خواردنی مشکی کێوی و بەچە کەروێشکە. بەڵام ئینسان فێڵی لەویش دەبڕێ. بەڕاستی ڕاوە ڕێوی سەیری خۆشە. ڕێوی لە کوردستاندا زۆرە. وەک دەڵێن ڕاوی بۆ کەوڵییە، دەنا گۆشتی ئەگەرچی دەیخۆن، زۆر دزێو و ناشیرینە. دەڵێن وەک گۆشتی ژووشک بۆ باداری دەرمانە.
بەڕاستی هەقیانە ئەو کەسانەی دەڵێن «سەیری لە ڕاوە ڕێوی خۆشترە» ڕاوە ڕێوی زیاتر بە پیادە دەکرێ. ڕێویش وەک کێوی کەترسا هەمیشە تیرەگی کێو دەگرێ و بۆ کێوێکی دیکە دەپەڕێتەوە. دیارە لە کێو و شاخی ئەستەمدا ناژی. لە هەموو جێگایەک تەنانەت لە دەشتی نەرمانیش هەیە. دوو دەستە کێوماڵ کێوێک دەتەقێنن و هەراوهوریایەکی زۆر دەکەن تا ڕێوی بترسێ. ڕاوکەرێک لە حاشارگەدا بهرهگهی لێ دهگرێ تا کێوماڵهکان ڕێوی وا دهتهقێنن بهسهر بهرهگهدا بکهوێ، ئهودهم بەرەگەگر تاژی تێبەردەدا. تاژی دەرناچێ. بەڵام دەستی دەگەڵ دەکاتەوە. گازی لێ دەگرێ. بەنینۆک دەیڕنێ. تاژی کارامە هەوڵ دەدا لە پشت ئەستۆی ڕۆبێ و ڕایوەشێنی تا لە کاری دەخا یا لە قەفەزی پشتی ڕۆبێ و هەڵیدێرێ تا بڕستی لێ دەبڕێ. بۆ ڕاوە ڕێوی پێویست ناکا تاژی خێرا بێ. ئەسڵەن تاژی ڕەشکوژ و چێ لە ڕێوی بەرنادەن تاژی ڕێویکوژ ئازا و قایم بێ باشترە نەک تیژ و گورج.
دوڕە یا «دووڕەگ» بۆ ڕاوە ڕێوی باشترە. دووڕەگ وەک لە ناوەکەیەوە دیارە جسنە سەگێکە لە جووتبوونی سەگ و تاژی پەیدا بووبێ. جا فەرق ناگا گۆڵ سەگ بێ یا تاژی؛ هەرچەند ئەگەر گۆل تاژی بێ دووڕەگ جوانترە. دووڕەگ لە باسکە سەگ ڕووتەتر و بەرزەلینگتر و لە پاش تاژی لە هەموو جسنە سەگێک توندتر ڕادەکا. ئی زۆر خێرایان لێ هەڵدەکەوێ کە بۆ ڕاوە کێوی و کەروێشک تەنانەت گورگیش بەکار دێ. تۆرەمەی دووڕەگ و تاژی پێی دەگوترێ «قەدەم».
خوێنەری خۆشەویست! بەم باسە دوور و درێژە ماندووم کردی با نەقڵێکی خۆشت بۆ بگێڕمەوە، کەمێک بێیەوە سەرخۆ. دەڵێن ڕۆژێک ڕێبوارێک تووشی ڕاوکەرێک هات. تاژییەک و توڵەیەکی کونێ و دارێکی درێژ و تەڵەیەکی پێ بوو. گوتی: کاکە ئۆغر بێ، چ دەکەی؟
- دەچمە ڕاوە ڕێوی.
- ئەوانە چن پێتن؟
- کاکە ئەگەر ڕێوی لەبەرم هەڵات، ئەوە تاژییەکەی تێ بەردەدەم. ئەگەر کوشتی باشە، دەنا لە کونێی دەکا. کە کونەکە زۆر قووڵ نەبوو ئەم دارەی لێ پێچەک دەدەم، دەیهێنمە دەر. ئەگەر زۆر قووڵ بوو، توڵەکەی لەباڵ دەکەم. ئەگەر ئەویش بۆی نەهاتە دەر تەڵەی لێ دادەنێمەوە ئاخری پێوە دەبێ.
ڕێبوار گوتی:
-کەوابوو، بۆ ڕێوی خودا ماوە و بەس!
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
|
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید
|
|