
06-25-2012
|
 |
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی 
|
|
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172
3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
|
|
لەبەر ئاوازێك نایەوێ ببێتە گۆرانی
لەبەر ئاوازێك نایەوێ ببێتە گۆرانی
أبِنْتَ الدَهْڕ عندی كُلُ بِنْتٍ
فكَیفَ ۆصَلْتِ أنتِ منَ الزحامِ ؟
( المتنبی )*
ئاوێك دەناسم هەموو سیفەتێكی ئاگری هەیە.
*
گەر ئەبجەدییەت بە هانام بێ ،
پێش ئەوەی مێژونوسان بێن ، من دەتنوسمەوە .
هەر تۆ براوەیت !
من لە پەنجەرەی زیندانی زمانەوە ،
لە باخچەی موعجیزەكانت دەڕوانم ،
تۆش درەختی لەززەتی و بنەچەت دەچێتەوە سەر مەجاز ،
تامێكی دیاری بۆ میوەیەكی نادیار و
بە غوباری گێڕانەوەم نالەرزیت .
چەند لە دنیا دەچیت ،
هەر پێشدەكەویت ، بەڵام ئاوڕ نادەیەتەوە !
چەند لە شێتییەوە نزیكم ،
پێمناخۆشە بچیتە سەربان و تانكی ئاوەكە پڕكەیت ،
بچیتە سەر ئەزمڕ و چای خەڵووز بخۆیتەوە ،
لەو بەرزاییە خودا جوانیت ببینێ ، بۆ خۆیت دەباتەوە .
پێمخۆشە پێبكەنیت ،
تریقەت هەڵوەرێ و بفڕێ و
بەسەر باڵەخانەكاندا ببێتە ئاڵا .
تۆ هەبیت ئاژاوەی دنیا نامێنێ :
بەندیخانەكان دەبنە دایەنگە ،
تاوانبارەكان ، بە دەنكە شقارتە ،
پیكابی بچووك بۆ منداڵە هەژارەكان دروست دەكەن .
جنێوەكان لە فەرهەنگی خاڵدا دەسڕێنەوە .
قەسابەكان تا ماون بۆ ئەوە دەگرین ،
لە بری چەقۆ ، گیتاریان هەڵنەگرتووە .
ئەوانەی ئێواران بە دەمڕێوە پاقلە دەخۆن ،
توێكڵەكە دەخەنە گیرفانیانەوە .
هەموو ئەوانەی ماسییان برژاندووە ، داوای لێبوردن دەكەن .
*
تۆ لەسەرتە رۆژانە جارێك پیاسە بكەیت :
پێڵاوەكانت داكەنە و بە پێخاوسی بگەڕێ ،
رێگا قیرتاو كراوەكان ، دەبنە پسكویتی بە قاوە .
رێگا خۆڵەكان : بەوەوە دەنازن گوایە ئەسڵت قوڕە و
بە خزمایەتیەكی دوور پێت دەگەنەوە .
سڵاوت لە هەر كێ كرد چاوەڕێی وەڵام مەبە
ئەوەی تۆ ببیبنێ : باشە
بە غەمزەیەك ، عەمودەكانی سەرجادە كون كون كە ، دەبنە شمشاڵ .
بتڵە ئاوە مەعدەنیەكانی سەر شۆستە بە پۆزەوە خۆیان بە كانی دەزانن .
سەبوری ئەو شوتیە بەستەزمانانە بدەوە ،
بە هەنجەتی باشیەوە بە چەقۆ سكیان هەڵدەدەڕن .
دڵی ئەو درەختانە رابگرە ،
بە ناوی جوانكردنی شارەوە لە باخچە دایانبڕیون .
قاپ و تەشتی نایلۆنی سەر عەرەبانە گەڕۆكەكان ،
بگۆڕە بۆ پارچەی پیانۆ .
بە دوو سایدەكەی بەكرەجۆدا وەرە خوارێ ،
با سایلۆ پڕ بێ لە گەنم .
پڕ بێ لە گوارە ، بۆ ئەو كچانەی لەمساڵدا گوێیان دەسمرێ .
پڕی كە لە عەتر ، بۆ ئەو نامانەی هێشتا نەنێردراون .
دوو ماچ بۆ هاوین فڕێدە ، فێنك فێنك دەبێتەوە .
قژت لە دواوە ببەستە ، چیتر رەشەبا نامێنێ و
ئەو خانووانە دەحەسێنەوە رووە و قیبلە نین .
لەبەر خاتری ئەو ساوایانەی دەیانەوێ بەم نیوەڕۆیە بخەون ،
خۆت لەم خۆڵبارینە توڕەكە .
دوای نیوە شەو ، لەپێكت پڕكە لە تریفە ،
لەپێكت پڕكە لە حەرفەكانی ناوت ،
بچۆرە لای سینەماكان ،
با سواڵكەر و عەرەبە نووستوەكانی سەر كارتۆن و بەتانی عەسكەری ،
ئەلفی سەرەتای ناوت ، چەشنی چۆرەك بكرۆژن و
قومێك روناكی بخۆنەوە و متمانەیان بە دنیا بێتەوە .
*
تۆ لەسەرتە هەفتەی جارێك بچیتە چێشتخانەی یاقوت :
میوانەكان مینیۆی جەستەت ببینن و لە خۆیانەوە تێر بخۆن :
مەمكی مەحشی ، بە شیر و هەنگوین .
سینگی بە خاڵ ، وەك نانی بە كونجی .
پەنجەی پێچراو بە گەڵای مێو .
گەردنی تەڕ بە ئاوی شووتی .
تكەی تەنووریی تەماشا و
سووپی سووری سووراو و
شیلەی مەیلەو سوێری ئارەقی چاڵی چەناگەت بخۆنەوە .
تۆ لەسەرتە رۆژێ جارێك بچیتە نەخۆشخانەی فێركاری ،
نەخۆشەكان ماچكە چاك دەبنەوە .
برۆت لە شێوەی ( لا ) گرژ كە ،
مردن لەو ناوە نامێنێ .
سەرێكی ژێرپردەكە بدە و
پەتی پێی ئەو قازانە بپچڕێنە سپێتی باڵیان لە رۆحت و
خرپنیان لە قۆڵ و باسكت خواستووە .
دەرگای قەفەسی مریشكەكان بكەوە ، با بتبینن و
دوا نیازی بەر لە سەربڕینیان بێتەدی .
تۆ لەسەرتە ساڵی جارێك بچیتە گەرمیان ،
لە هەردەی زەنگەنە و چەم داوێ ، خۆت رووتكەوە و راكشێ ،
با بەرخەكان لە گیای بەر و ژێر باڵت بخۆن و
لە تووكی نەرمی بناگوێت بلەوەڕن .
بەردێكی بچووك بخەرە درزی مەمكەكانت با ئارەق بكا و
وشكەساڵی نەمێنێ .
*
بەیانیانی هەینی بە دزییەوە بچۆرە سەر قەبری باوكت ،
مردووەكان بتبینن بەو خەفەتە دەمرنەوە ،
لە زەمەنی تۆدا نەژیاون .
سەرەخەو مەشكێنە
تۆ بە خەبەر نەبیت ، نان تامی نامێنێ .
منداڵەكان بەخەبەر نایەن بچنە قوتابخانە .
ترافیك قەت سەوز نابێ .
كەس تاقەتی كڕینی میوەی نامێنێ .
وەكو چوكلێت ، مانا بپێچەوە و
بیخەرە دەمی توخمەكانەوە .
بە هەناسەم بڵێ كە هەردەم بە دواتەوەیە ،
ببێتە گسك و پیربوونە رژاوەكانی بەردەم مزگەوتەكان كۆكاتەوە .
كە نوستیت دەرگا جوان جوان قفڵدە ،
با ئاواز بەڕەڵا نەبێ دراوسێكانت بشڵەژێن .
پەردەكان جوان جوان دادەوە ،
با ئەستێرە نەیەتە ژوورەوە نوری نێوچەوانت بدزێ .
كە لەخەو هەڵسایت باوێشك نەدەیت ،
دەمت مەكەرەوە ، با ددانێكت نەبێتە ئیمامی تەسبیحی كرمان .
پێش ئەوەی بچیتە حەمام خۆت بپشكنە ،
بزانە هیچت لێ نەدزراوە ؟
هێڵەكانی لەپت نەچۆتە شوێنی ئایەتە هەڵواسراوەكە ؟
لەتە نانە رەقەكانی ناو سەبەتەكە ،
نەرمایی گوێتیان نەدزیوە ؟
چاڵی ناوكت وەك خۆی ماوە و پڕ نەبووە لە هەنگ ؟
درەختێكی باخچەكەتان ،
سەوزیی ، وردە دەمارە سەوزەكانی روومەتی نەبردووی؟
بزانە خۆت ، خۆتی ؟
گێلاسی ناو رەسمی دیواری مەتبەخەكە ،
بۆیەی نینۆكەكانی تاڵان نەكردووی ؟
لەبەر چاوی مەركانەی گەڵاكانت ددانت نەشۆی ،
مەیانكە بە دوژمنی نەعنای ناو مەعجونەكە .
كە چات خواردەوە سەیری كوپەكە نەكەیت ، دەنا دەبێتە ئینجانە .
شەكری تێمەكە ، منی تێدام ، بە كەوچكەكە تێكمدە .
بە چەتاڵ پەنیر بخۆ ،
پەنجەت بەری كەوێ دەتوێتەوە و دەچێتەوە دۆخی منداڵیی خۆی و
دەبێتەوە شیر .
سەمون كەرت نەكەی ، گەنممان لێ مەڕەنجێنە .
بەزەییت بە شتەكاندا بێتەوە ،
سابونەكە حەز دەكا بە دەستت بیشۆیت و پاكبێتەوە .
خاولیەكەت حەز دەكا بە قژی وشكت تەڕی كەی .
ئاوێنەكەت حەز دەكا ببێتە ستراب ، تەنانەت نەعل و
شوێنێكی لەشت راموسێ .
پێڵاوەكەت ئیرەیی بە سیسەمەكەت دەبا ، لەسەری دەخەوی .
سیسەمەكەت رقی لە پێڵاوەكەتە ، دەیبەیتە دەوام .
كتێبەكانت ئامادەن خۆیان بە دەفتەرە گەورە چڵكنەكەی دائیرە بگۆڕنەوە ،
كە هەموو بەیانیەك ، ئیمزایەكی لەسەر دەكەی زۆر لە سەری بولبول دەچێ .
ئامان ، جلت هەڵخست ئاگاداربە ،
سەرچەفەكان نەبنە باڵ و بتكەنە فریشتە و بتفڕێننە ئاسمان .
زوو زوو دەرگای سەلاجەكە بكەرەوە :
ماستی ناو مەنجەڵەكە و نانە هەورامیەكە و
باینجانی ناو نایلۆن و شرووبی تا ، چاوەڕێتن و
هانا بۆ مەڵهەمی سووتانەكە دەبەن .
كەڵەشێری بەستووی ناو فرێزەر و
ماسی ناو قوتوەكەش ، بە خەبەرن و غەریبیت دەكەن .
*
بەیانیان رۆژنامە بخوێنەوە ،
تا تیرۆریستەكان ببنەوە دەروێش و
لەسەر دەستی تۆ لەو كاتەی بە كەفاوی جلشۆرینە : تۆبە بكەن .
با تانكەرەكانی نەوت بگەڕێنەوە و
شەربەتی ئەناناس و شەرابی ترێ لە چاوتا باركەن .
لەبەردەم ماڵتاندا ریز ببەستن و
یەكە و 36 هەزار لیتر ، رەنگ بۆ دنیا ئاودیو بكەن .
لە جیاتی نەوتی رەش ، رەشێتی ماسكاراكەت ،
لەبری نەوتی سپی ، سپێتی رۆحت بگوازنەوە .
سەیرێكی هەواڵە ناوخۆییەكان بكە ،
با ژنەكان خۆیان نەسوتێنن و پرێمز بچێتە مۆزەخانەوە .
نا ، رۆژنامە مەخوێنەوە ،
جوانیت ناخرێتە بەر باس و لێكۆڵینەوە .
تەنیا سەیرم كە ،
جوانترین هەواڵ لە چاومدایە .
تكایە ، تا پێشت دەكرێ پێڵوت دامەخە ،
دایمەخە با كارەبا نەكوژێتەوە .
تەڵعەت تاهیر
* موتەنەبی ئەم شیعرەی بە نەخۆشی گوتووە و گرانەتای بووە ، ماناكەشی بەم شێوەیە دێتەوە : گەر لە فرمێسك و بەڵای رۆژگار دەپرسی ، هەموو فرمێسك و بەڵایەكم هەیە ، لە قەرەباڵخی ئەو هەموو فرمێسك و بەڵایەی دەوری داوم ، تۆ چۆن گەیشتیە لام ، بە كوێدا هاتیت؟
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
|
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید
|
|