چارەچەقیلە
چارەچەقیلە
دیسان ملی ڕێی گرتبوو، گەیشتبووە لای تاشەبەردەكە و ڕاوەستابوو. هەتاوی نیوەڕۆی نۆزدەی بانەمەڕ پەلك و گەڵای گیاوگژ و دارانی پڕشنگباران دەكرد. دەنگی خۆشی هەوێردە و سیچڕە و زەردەوەلی ئەمپەڕاوپەڕ دەنگی دەدایەوە. كابرا چاوی لە چیمەنی بەردەمی تاشەبەردەكە بڕیبوو. بنجێك چارەچەقیلە لەنێو گژوگیاكاندا بەدەم نەرمەباوە دەشنییەوە و جارجار پەلكی ناسكی لێ هەڵدەوەری. چاوی لە بنجەگوڵەكە بڕیبوو و نەیدەترووكاند. هەموو ساڵێك لە كاتی دیاریكراودا دەهات و لەو شوێنە ڕادەوەستا و لە گژوگیاكە ڕادەما. یان پاڵی دەدا بە تاشەبەردەكەوە و دەستەوئەژنۆ دادەنیشت و فرمێسك لەچاویدا قەتیس دەما. جاروباریش زەنگوڵ زەنگوڵ لە چاوییەوە كەلاوڕێژی دەكرد و بە ڕیشە سپییەكەیدا دەچۆڕا خوارێ. چەندساڵە ئەوە پیشەیەتی و دڵنیا نابێ. ساڵانی پێشوو لەگەڵ ژنە پیرەكەی دەهات، بەڵام سێساڵە بە تەنیا دێ.
یەكەم ساڵ كە هاتن چووم بۆلایان و ڕۆحم دایە بەر ڕێژنەی خەمەكانیان.
«لەبیرمە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆ بوو، هەواكەی تاووساو و گەرم بوو. خەڵك هەموو لە مەزرا خەریكی كاروباری كشت و كاڵ بوون. مانگی بانەمەڕ وڵاتی سەوز داگێڕابوو. گوڵ و گیا بەدەم شنەباوە دەشنینەوە و گەنم و جۆ كەروێشكەی دەكرد. دەنگی مەلان ڕۆحی بە بەر ئەو سروشتە نەخشاوەدا كردبوو. ئەمبەراوبەر ئەو ئاوازە دڵبزوێنەیان بۆ یەكتری دەساندەوە. دەنگی هەوێردە لەنێو مێرگ و باخاندا ئەمپەڕاوپەڕ دەڕۆیشت و لەگوێی خڕ و دۆڵ و گرد و تیرەگاندا دەبوو بە زایەڵە. لەپڕ دوای بانگی عەسر لەبەر كێوی (كەڵكەپیرێژنە) قرمە پەیدا بوو. تەقوتۆق وەك ڕهشەبایەكی ناوەخت تەواوی ئەو جوانییانەی شێواند. خەڵك بەنێو شیو و دۆڵ و كەندڕاندا مەڕ و ماڵاتیان وەپێش دا و خۆیان كردەوە بەنێو ئاواییدا.»
كاتێك دەیبینم خۆم پێڕاناگیرێ و بێئیختیار هەنگاوم بۆلای دەخوشێ ئەگەرچی فرمێسكەكانی و هەناسە دووكەڵاوییەكەی كسپە دەخەنە هەناومەوە، بەڵام دەچم بۆلای و بەشێوەیەك خۆم بە شەریكی خەمی دەزانم، جاری وایە خۆم بە تاوانباریش دەزانم. چونكە من یەكەم كەس بووم چاوم بە تەرمە شەڵاڵەكەی كەوت.
«خۆم دیم لەوێ كەوتبوو. لەپەنا ئەو تاشەبەردە، لەسەر پشت چاوی لە ئاسمان بڕیبوو. ڕۆژێك دوای شەڕەكە بوو، لای ئێوارە دەمویست بڕۆمەوە بۆ ماڵێ. كاری ئاوداشتنم تەواو كردبوو. لەخۆڕا لە ڕێگاكە كلابووم و بە نێو ئەو خڕەی لای تاشەبەردەكەدا وەسەر كەوتم. كە چاوم پێیكەوت وامزانی كاك ئەحمەدی خاوەنی مەزراكەیە لەوێ ڕاكشاوە. كە چوومە پێشێ لاوێكی نەناس بوو. خوێن لە كەلەكەی چەپەیەوە هەڵقوڵیبوو و بە مەودای سێبست لەخوار خۆیەوە شۆلاوگەی بەستبوو بە عەرزەكەوە مەیی بوو. دەست و پلی شەڵتانی خوێن بوو، خوێنەكەی بە چاكەتە بۆرەكەیەوە ڕهق بووبوو. دەستێكی نابووە. سەر برینەكەی و دەستەكەی دیكەشی لە گیا و خۆڵی پەنا تاشەبەردەكە گیر كردبوو، دەتگوت دەیهەوێ هێز لە خۆی بدا و هەستێتە سەرپێ. چوومە ژوور سەری و هەڵترووشكام. دڵم بەپڕتاو لێیدەدا و دەستم دەلەرزی. دەستە لەرزۆكەكەم لە ڕهگی لاملی دا، نەمابوو. لەشی گەرم بوو، لەوەدەچوو تازە گیانی دابێ. دەستێكم بەچاویدا هێنا و پێلوویم خەواند. بە هەڵەداوان چوومەوە بۆ نێودێ و چەندكەسم ئاگادار كرد، بەڵام هیچكەس نەیوێرا یارمەتیم بدا. تەنانەت واشیان ترساندم ئیتر نەموێرا هەر باسی بكەم.»
كاتێك ئەو قسانەم بۆ كابرا پیرە دەگێڕایەوە چاوی لە بەردەمی خۆی بڕیبوو، هەستم دەكرد خەریكە لە ناخەوە هەڵدەقرچێ. دەتگوت سەهۆڵە و لەبەر تاوت داناوە. دەستی بە بەرچاوییەوە گرتبوو و شانی هەڵدەتەكاند. نەمدەویست برینەكەی بكولێنمەوە، یان خەفەتبار و هەناسەساردی بكەم. پێموابوو دڵنیا دەبێ و دەڕوا. ئیتر واز لەو تاشەبەردە و شیوەكە دێنێ و نایەتەوە. بەڵام دوای ئەوەش دەستی هەڵنەگرت و هەموو ساڵێك لەو ڕۆژەدا دەهاتەوە.
بەدەم فرمێسك هەڵوەراندنەوە گوتی:
ـ دەزانم لێرەیە. دڵم پێم دەڵێ هەر لەم دەوروبەرەیە. هەست بە بۆنی كوڕەكەم دەكەم. هاوڕێكانی گوتیان لەبن ئەو بەردەپێكراوە و نەیانتوانیوە تەرمەكەی لەگەڵ خۆیان بەرن و بەجێماوە. دڵنیام هەر لێرەیە. ناچارم ڕۆژێك تەواوی ئەم دەوروبەرە هەڵدڕم. بە نینۆخیش بێ هەڵیدەكۆڵم. هەتا چاوم پێی نەكەوێ دڵنیا نابم. دەبێ هەر بیدۆزمەوە. دەیدۆزمەوە. دەیـ ... دۆز ... مەوە.
كاك ئەحمەد چەند مانگ دوای ڕووداوەكە گوتبووی:
ـ ترسام برا، گاڵتە نییە. لە مەزراكەی مندا كوژراوە. دەترسام تووشی گێرە و كێشەم كەن. هەر ئەو شەوە پاچ و پێمەڕەم برد و چەند هەنگاو لەولای تاشەبەردەكەوە ناشتم.
هەر ئەو ئێوارەیەی تەرمەكەم دی و بە هەڵەداوان چوومەوە بۆ نێودێ، بۆ شەوێ كاك ئەحمەد چووبوو تەرمەكەی شاردبۆوە. بەیانی كاتێك چووینە شوێنەكە ئاسەواری نەمابوو. بۆیە بێدەنگەمان لێهێنا. ڕهسووڵ گوتی: «ڕەنگە شەوێ هێزەكانی خۆیان هاتبێتن و تەرمەكەیان بردبێ.» ئێمەش گوتمان ڕاست وایە و گەڕاینەوە بۆ ئاوایی.
چەندكەس لە خەڵكی ئاوایی و تەنانەت كوڕەكانی خۆشی شوێنی گۆڕەكەیان لە كاك ئەحمەد پرسیبوو، بەڵام نیشانی هیچكەسی نەدا و ساڵێك دوای ڕووداوەكە مرد.
كابرا پیرە هەموو ساڵێك ڕۆژی نۆزدەی بانەمەڕ دێتە ئەو شوێنە و پاڵ دەدا بە تاشەبەردەكەوە. چاوە فرمێسك تێزاوەكەی لەو بنجە چارەچەقیلەیە دەبڕێ كە پەلكە ناسكەكانی بەدەم نەرمەباوە هەڵدەوەرن.
ئەمین گەردیگلانی
هاوینی 1386
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
|