کچی لەباری ڕەوند،هەڵیکرد بەلەك و زەند
کەزی هۆنیەوە وەك بەند،کوڕان دەگرێ بە کەمەند
لە بەر دەرکی رەش ماڵان،دەبینی چاو کەژاڵان
دڵان دەبەن بە تاڵان،کاس دەکەن کوڕ و کاڵان
لێو ئاڵن،دەم بچووکن،خوێن شیرین،رەزا سووکن
کوڵمەیان وەك گوڵووکن،گەورە کچن،نۆ بووکن
شل و مل و لەبارن،چاو بە کل،گۆی بە گوارن
دەسماڵ پووڵەکەدارن،شەدە و گێل گێلە لارن
ناسك و نەرم و نۆڵن،خاوێنن،سپی و سۆڵن
بڵباسی و توند و تۆڵن،بە مژۆڵ جەرگان دەکۆڵن
هەلیان ماڵیوە باسك،باسکی قەڵەو ناسك
کە دەکەن تاسکە تاسك،ڕەوەکترن لە ئاسك
کیژی مەرزینگ و سەکرن،بە لەنجە و لار رادەبرن
ناز دەکەن،چاو دادەگرن،کوڕگەل دەبەریان دەمرن
کابانی قۆڵ بە بازن،شەنگەبێری کێل گەردن
لە نێو مەڕ دێن و دەچن،وەك پۆلی پۆڕان دەچن
سوێسن و وەنەوش و هەمین،کەژێ و خەندان و جەمین
خاسێ،کەوێ،خاتوزین،بە پۆل دەچنە مەڕ دوشین
زیڕن و کابان و مێرێ،دانیشتون لە بەر بێرێ
ئەستی دەکا هاوێرێ،گوڵی بەرخان دەژمێرێ
خونچە و گوڵووك و گەوەر،شەم و کەژاڵ و دڵبەر
زێن و مرۆت و ئەسمەر،لە تاوڵی هاتونە دەر
مامز دایگرتوە شیری،ناسك دەکوشێ پەنیری
ناز دەشێلێ هەویری،کاڵێ دەکا نان تیری
ئامان چۆتە کوڵێنێ،پەری مەشکەی دەژێنێ
بەسێ لۆرکی دەکوڵێنێ،خەیاڵ ئاوردووی دێنێ
( هێمن ) لە سەرەخۆ بە،نەکەی بچی بۆ هۆبە
دەنا دەشکێنی تۆبە،ئاور دەگری وەك سۆبە.
هێمن
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )