کێشی هۆنراوه‌کانی گۆران
( 2 )
نووسه‌ر: حسێن عه‌لی شانۆف
وه‌رگێڕ بۆ عه‌ڕه‌بی: شوکور مسته‌فا
وه‌رگێڕ بۆ کوردی: محه‌مه‌دئه‌مین شاسه‌نه‌م-بۆکان
شاعیری مه‌زن مه‌وله‌وی له هه‌موو هۆنراوه‌کانیدا که‌ڵکی له‌م بڕگه‌یه وه‌رگرتووه، هه‌روه‌ک بڵێی ئه‌مه لایه‌نێکی پێویستی هۆنراوه‌کانیه‌تی و له دیوانه‌که‌یدا بۆ ده‌رمان بڕگه‌یه‌کی ترمان ده‌س نه‌که‌وت:
چه‌رخ هه‌ر ئه‌و چه‌رخه‌ن، تا ئاوه‌رد و به‌رد
ده‌س ئه‌و ده‌س نگین، تا خاته‌م ئاوه‌رد[5]
گۆران نرخ و بایه‌خێکی زۆری ده‌دا به‌م چه‌شنه کێشه و ناوی لێ نابوو "کێشی په‌نجه" و له وتاره‌که‌ی له گۆڤاری "ئازادی"دا ده‌نووسێ: «له به‌ستێنی هۆنراوه به شێوازی بڕگه‌ییدا، هۆنراوه‌کانی هه‌ورامان به‌ناوبانگترین چه‌شنی شیعری کوردییه، چونکه هه‌موو گۆرانی و سرووده حه‌ماسییه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه، به‌م شێوازه‌ن و ئه‌مانه شیعرگه‌لێکن که له سه‌ر کێشی 10 بڕگه‌یی هۆنراونه‌ته‌وه و به گشتی نیشانه‌ی هه‌موو چه‌شنه شێعرێکی نه‌ته‌وایه‌تیی کوردن و شاعیری پایه‌به‌رز مه‌وله‌ویش بۆیه شێعره‌کانی خۆی به‌وپه‌ڕی بلیمه‌تی و ناسک خه‌یاڵییه‌وه له‌م کێشه‌دا هۆنیوه‌ته‌وه هه‌تا جێگای خۆی له ناو خه‌ڵکدا بکاته‌وه.»[6]
هه‌روه‌ک له شێعری فه‌ڕه‌نسیدا، شێوازی 12 بڕگه‌یی و له هۆنراوه‌ی ئینگلیزی و تورکیدا شێوازی 11 بڕگه‌یی ـ وه‌ک پێوانه‌ی کۆنی نه‌ته‌وایه‌تی ـ ده‌بینین، له شێعری کوردیش‌دا چاومان به کێشی 10 بڕگه‌یی ـ وه‌ک تایبه‌تمه‌ندییه‌کی ڕه‌سه‌نی کورد ـ ده‌که‌وێ.[7]
گۆرانی پایه‌به‌رزیش هێندێ چامه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م کێشه هۆنیوه‌ته‌وه، بۆ نموونه دوو هاوینه‌گه‌شتی هه‌ورامان و قه‌ره‌داغ و هێندێ هۆنراوه‌ی دیکه:
به ئاسمانه‌وه ئه‌ستێره‌م دیوه
له باغچه‌ی به‌هار گوڵم چنیوه
***
ڕۆڵه‌ی تاقانه‌م هیوای ژیانم
ئه‌ستێره گه‌شه‌ی به‌ری به‌یانم[8]
له دوای شێوازی 10 بڕگه‌یی، گرینگ‌ترین کێش له شێعری گۆران‌دا کێشی 8 بڕگه‌ییه، ئه‌م کێشه بۆ هۆنینه‌وه‌ی زۆربه‌ی شیعره فۆلکلۆرییه‌کانی کوردی هاسان و خۆشه، به‌ڵام یه‌که‌م که‌سێ که ئه‌م کێشه‌ی له شێعری نووسراوه‌ی کوردی‌دا دانا و که‌ڵکی لێ وه‌رگرت گۆران بوو. ئه‌م هۆنه‌ره نموونه‌ی جۆراوجۆری شیعری فۆلکلۆری کوردی کۆ کرده‌وه و پاش لێکۆڵینه‌وه به پێی تایبه‌تمه‌ندیی هه‌رکام له‌وان، ده‌سته‌به‌ندی کردن و هێندێک وتار و لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌م فۆلکلۆرانه نووسی که داگری زۆر بیروڕای پڕبایه‌خ و پوخته‌ن.
«دوای شێوازی 10 بڕگه‌یی، کێشی 8 بڕگه‌یی (4+4) و 7 بڕگه‌یی (4+3) گرینگ‌ترین کێشی هۆنراوه‌ی فۆلکلۆری کوردییه و له لاوک و حه‌یراندا له سه‌ر کێشی 11 بڕگه‌یی که دێڕی یه‌که‌م له 6 و دێڕی دووهه‌م له 5 بڕگه (6+5) یان دێڕی یه‌که‌م له 3 و دێڕی دووهه‌م و سێهه‌م له 4 بڕگه پێک‌بێ (3+4+4)، هۆنراوه‌یه‌کی زۆر که‌م له کوردی‌دا هه‌یه، به‌ڵام هۆنه‌ره‌کانمان بۆ زیندوو کردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕێباز و کێشه تازانه‌ی میراتی ئه‌ده‌بی کوردی، هه‌وڵیان نه‌داوه، مه‌گه‌ر له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا نه‌بێ.»[9]
بێ‌گومان گۆران یه‌که‌مین زیندووکه‌ره‌وه‌ی ئه‌م پێوانانه‌یه و له هۆنراوه‌کانیدا پێوانه‌کانی شیعری نه‌ته‌وایه‌تی، به‌وپه‌ڕی هونه‌ر و هه‌سته‌وه، ده‌بینرێن. بۆ نموونه له سه‌ر کێشی 8 بڕگه‌یی دوو شیعری "بت و بته‌وان" و "لاوکی سوور بۆ کۆریای ئازا"ی هۆنیوه‌ته‌وه که دوو شاکاری بێ‌وێنه و ناسکی شیعری سیاسین. هه‌روه‌ک چامه و شیعری ته‌مسیلی زۆری دیکه‌ی له‌م کێشانه‌دا هۆنیوه‌ته‌وه.
ئه‌م شێوازه له‌به‌ر موسیقایه‌کی بزوێنه‌ر و ئاهه‌نگێکی دڵخۆشکه‌ر و سووکی و بزووتن و خێراییه‌کی که هه‌یه‌تی، ڕێگای خۆی له شیعری گۆران‌دا کرده‌وه، شاعیر ته‌نیا پابه‌ندی کێشی 8 بڕگه‌یی که هه‌ر دوو به‌شه‌که‌ی به‌رامبه‌ر بێ (4+4) نییه، به‌ڵکوو که‌ڵک له چه‌شنی نابه‌رامبه‌ری ئه‌م بڕگه‌یه‌ش وه‌رده‌گرێ (5+3):
ئه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کۆریای نه‌به‌ز
ئه‌ی سێ ملیۆن له زه‌رد ڕه‌گه‌ز[10]
له‌م دوو دێڕه‌دا کێشی 5+3 هاتووه.
له زۆربه‌ی شێعره فۆلکلۆرییه‌کاندا بڕگه‌کان (4+4)ن، به‌ڵام بێجگه له‌مه هێندێک له لق‌وپۆپه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م کێشه وه‌ک (3+5)، (5+3) و (3+3+2) له شێعری گۆران‌دا ده‌بینین که ئه‌مانه بۆ یه‌که‌م جاره له شیعری هاوچه‌رخی کوردی‌دا دێ و ته‌نیا که‌سێک که یه‌که‌م که‌ڕه‌ت هه‌وڵی دا شێوازی بڕگه‌یی بێنێته ناو شیعری کوردییه‌وه و که‌ڵک له که‌رسته ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی ده‌ربڕین وه‌رگرێ گۆرانه، چونکه کۆمه‌ڵێکی زۆر له کێشه بڕگه‌ییه‌کان نه له فۆلکلۆر و نه له شیعری نووسراوه‌دا هه‌یه، به‌ڵام گۆران به سه‌رکه‌وتوویی و شاره‌زاییه‌وه ئه‌م کێشانه‌ی خسته سه‌ر شێعری کوردی و ئه‌مڕۆکه له به‌ستێنێکی به‌ربڵاودا که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گیرێت و هه‌موو هه‌وڵ و تێکۆشانێک، بۆ درووس کردنی ئه‌م شێوازه و ده‌رباز بوون له کێشه عه‌رووزییه‌کانه. له‌م چه‌شنه کێشانه ده‌توانین ئه‌مانه ناو به‌رین:
6 بڕگه‌یی (3+3)، 9 بڕگه‌یی (3+3+3)، 11 بڕگه‌یی (4+4+3)، 12 بڕگه‌یی (4+4+4 و 3+3+3+3)، 13 بڕگه‌یی (4+4+5)، 14 بڕگه‌یی و لقه‌کانی، 15 بڕگه‌یی (5+5+5) و 16 بڕگه‌یی (6+5+5) و لقه‌کانی دیکه‌ی.
گۆران به سه‌رکه‌وتووییه‌وه که‌ڵکی له هه‌موو ئه‌م کێشه کوردییه جوانانه وه‌رگرت و هێندێک به‌رهه‌می شعری دڵڕفێن و هه‌ست‌بزوێنی هۆنییه‌وه که له مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی‌دا به ڕووداوێکی گرینگ دێته ئه‌ژمار.
گه‌رچی چوارچێوه‌ی کێشه بڕگه‌ییه جۆراوجۆره‌کان ـ که له شیعری گۆران‌دا هه‌رکام تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه ـ به‌ربڵاوه، به‌ڵام گۆران سنووری ئه‌م کێشانه ده‌به‌زێنێ و ئاڵ‌وگۆڕیان پێ ده‌کات و له هه‌ر چامه‌یه‌کدا که‌ڵک له چه‌شنه جۆراوجۆره‌کانی کێشه‌که وه‌رده‌گرێ، چامه‌یه‌ک که ئه‌م وته‌یه ده‌سه‌لمێنێ، چامه‌ی "به‌سته‌ی دڵدار"ه، که له‌م چامه شه‌ش به‌نده‌دا، تووشی کێشی 3 و5 و 8 و 9 بڕگه‌یی دێین.
له ژێر ئاسمانی شینا
له پاڵ لووتکه‌ی به‌فرینا
کوردستان گه‌ڕام
دۆڵاودۆڵ پێوام[11]
که شاعیر به‌ندی یه‌که‌می، له سه‌ر 8 بڕگه‌یی (2+4+2) و 7 بڕگه‌یی (2+2+3) و 5 بڕگه‌یی (3+2) داناوه، به‌ڵام به‌نده‌کانی دیکه‌ی چامه‌که له سه‌ر کێشی دیکه‌ن، به‌ڵام هێشتا چامه‌که ئاهه‌نگ و موسیقای خۆی له ده‌س نه‌داوه و گۆران سنووری سه‌ربه‌نده‌که نابه‌زێنێ، واتا ئه‌گه‌ر کێشی سه‌ربه‌نده‌که 10 یان 8 بڕگه‌یی بێت، له به‌نده‌کانی دیکه‌دا لێی زیاد ناکا و هه‌وڵ ده‌دا کێشه سووک و هاسانه‌کان هه‌ڵبژێرێ، ئه‌ویش به‌و مه‌رجه‌ی له جێگایه‌کی جوان و باش‌دا بێت و ببێته هۆی هێزگرتنی ده‌ربڕین و ڕوون و سه‌رجه‌م‌بوونی واتا؛ دوایه دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کێشی سه‌ربه‌نده‌که و هه‌ندێک جار موسیقاکه‌ی ده‌چێته سه‌ر و بڕێک جاریش دێته خوار.
گۆران به چاوی به‌دیهێنه‌ر و خوڵقێنه‌ر له هه‌ر دوو شێوازی عه‌رووزی و بڕگه‌یی ده‌ڕوانێ و پێی وایه هیچکام له‌م دووانه مافی سه‌روه‌ری و مانه‌وه‌یان نییه و به بڕوای ئه‌و نابێ له‌و شته‌ی که واتا و بیری شیعره‌که ده‌یهه‌وێ، وه‌ک زۆریی کێش، جۆراوجۆری شکڵ و شێوه، دووری بکه‌ین و ده‌کرێ که پته‌ویی کێش و به‌هێزیی شکڵ، له هه‌ر حاڵێکدا پێوانه‌ی هه‌ر چه‌شنه تایبه‌تمه‌ندییه‌ک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی جوانی بن، ته‌نانه‌ت دژایه‌تی واتا و شکڵ له شاعیریه‌تی گۆران‌دا، له بناغه سه‌ره‌کییه‌کانی به‌دیهێنانیه‌تی و جۆراوجۆریی کێش و شکڵ ده‌بنه هۆی ته‌واوکردنی ده‌ربڕینی بیروڕا، و شوێن‌دانانی جوانیی شێعره‌که زۆر به‌هێزتر ده‌که‌ن.
له‌م باسه‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که هۆنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی زۆرتر بتوانێ سازگاری له نێوان بابه‌ته هه‌ڵبژێردراوه‌که‌ی و شکڵه‌که‌یدا دابنێ و هه‌روه‌ها بتوانێ به سه‌رکه‌وتووییه‌وه هه‌ست و بیری به‌هێز و زیندووی خۆی ده‌رببڕێ، ناچاره له چامه‌یه‌کدا جارێک له کێشه جۆراوجۆره‌کانی عه‌رووزی و جارێکی دیکه له کێشه بڕگه‌ییه‌کان که‌ڵک وه‌گرێ، یان له یه‌ک کات و له یه‌ک شیعردا له هه‌ردوو کێشه‌که به‌هره وه‌رگرێ. ئه‌م شێوه هۆنراوه‌یه له ئه‌ده‌بی کوردی له عێراقدا به شیعری ئازاد به‌ناوبانگه و گه‌رچی ئاوازه‌ی به‌م ناوه ڕۆیشتووه، به‌ڵام ئه‌و ئازاده‌ش نییه که ئێمه بیری لێ ده‌که‌ینه‌وه، چونکه هه‌ردوو شێوازی بڕگه‌یی و عه‌رووزی ده‌بێ وه‌کوو بناغه‌یه‌کی سه‌ره‌کی سه‌روای له‌گه‌ڵ بێ و هیچ دێڕێک به‌بێ سه‌روا نابێ، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که شاعیر له کێشێکه‌وه ده‌چێته کێشێکی دیکه، هه‌تا به‌رهه‌مه‌که هه‌مه‌ڕه‌نگ و جوان بێ، ده‌بێ بڵێین که ئه‌م کاره شاره‌زایی و لێهاتوویی ده‌وێ تاکوو ئێمه‌ی خوێنه‌ر هه‌ست به بێ‌هۆیی و هه‌ڵکه‌وته‌یی کاره‌که نه‌که‌ین، هه‌ر بۆیه ته‌فعیله‌کان و به‌نده‌کان یه‌ک له دوای یه‌ک به ڕێک‌وپێکی و دڵگری و تێکه‌ڵ به ئاهه‌نگ، ڕیز ده‌بن، به‌ڵام مه‌به‌ست له‌م هه‌مه‌ڕه‌نگییه ته‌نیا ئه‌وه‌یه که هه‌ستی خوێنه‌ر هه‌تا پله‌ی چێژی هونه‌ری بباته سه‌رێ و شوێن‌دانانی جوانیی به‌رهه‌مه‌که له هه‌ستدا زیاتر بکات و ئه‌و بیر و خه‌یاڵانه‌ی که شاعیر ده‌یهه‌وێ به‌رگی ڕاسته‌قینه‌ی له به‌ر بکات، به باشترین شێوه بۆ مێشکی خوێنه‌ری ڕوون بکاته‌وه.
دروسته که شیعر به‌م کێشانه‌وه ته‌نیا به ڕێبازێکدا ده‌ڕوا، به‌ڵام ئه‌مه هه‌ستی شاعیر ناسک ده‌کاته‌وه و ڕه‌ق‌وته‌قی ڕوانگه‌ی هونه‌ری لاده‌با، به چه‌شنێک که شاعیریه‌ته ئاوه‌ڵاکه‌ی هیچ ڕووداوێک له کیس نادا و جارێک ئاهه‌نگ به‌ره‌و "زیل" ده‌بات و جارێک به‌ره‌و "به‌م".
ئه‌ی چاو! چه‌شنی بازی قه‌فه‌س هه‌ڵوه‌ری په‌ڕت
کوا باڵه تیژه‌کانی نیگای حوسنی دڵبه‌رت؟
کوانێ دوو چاوی مه‌ست؟ کوانێ؟
کوانێ برۆی په‌یوه‌ست؟ کوانێ؟
کوانێ زولفی ڕه‌ش؟
کوڵمی ئاڵ و گه‌ش؟
کوا هه‌یکه‌لی جه‌مال؟
کوا حوسنی بێ‌میسال؟[12]
به‌م چه‌شنه هه‌موو به‌نده‌کان هه‌تا کۆتایی به‌م شێوه‌یه، یه‌ک له دوای یه‌ک دێن. لێره‌دا ده‌بینین کێشی به‌یتی یه‌که‌م (موزاریعی تاممه)، واته (مفعول فاعلات مفاعل فاعل)، به‌ڵام به‌یته‌کانی دیکه له سه‌ر کێشی بڕگه‌یین: به‌یتی دووهه‌م 8 بڕگه‌یی (2+4+2)، به‌یتی سێهه‌م 5 بڕگه‌یی (2+3)، به‌یتی چواره‌م 6 بڕگه‌یی (4+2). یانی هۆنه‌ر ته‌نیا له یه‌ک کێشی عه‌رووزی که‌ڵکی وه‌رگرتووه، که‌چی 3 چه‌شنه کێشی بڕگه‌یی هثناوه که ئه‌م هه‌مه‌ڕه‌نگییه له به‌ر ئه‌وه‌یه موسیقای شیعره‌که دروست و ڕاستتر بێت و جوانتر هه‌ستی حه‌سره‌ت و خه‌فه‌ت و چاوه‌ڕوانی ده‌رببڕێت. به‌ڵام مه‌به‌ستی له یه‌کسان نه‌بوونی موسیقا و هه‌مه‌ڕه‌نگ کردنی ئاهه‌نگ ئه‌وه‌یه که بیرێکی تایبه‌تی له‌مه‌ڕ ده‌وڵه‌مه‌ندی و دڵگری و نه‌رمی موسیقای شیعر بدا به خوێنه‌ر و هه‌روه‌ک مه‌به‌ست و شێوازه‌کانی شیعری گۆران ئه‌م به‌دیهێنانه‌ی تێدا دیاره، له کێشه‌کانی هۆنراوه‌کانیشیدا ئه‌م لووتکه‌ی داهێنانه و قووڵایی لایه‌نه‌کانی ـ که شاره‌زای ده‌وێ لێی نزیک بێته‌وه ـ به‌رچاو ئه‌که‌وێ. شاعیر هه‌ر به‌و ڕاده‌ی که ڕوانگه و بیری کۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌شه ده‌کات و په‌ره ده‌ستێنێت، ئاسۆی بیری به‌ربڵاوتر ده‌بێت، ڕوانگه‌شی له‌مه‌ڕ جوانیی ئه‌ده‌بی باشتر و ناسک‌تر ده‌بێت.
شایانی باسه که پێشکه‌وتی ئه‌م که‌ڵه شاعیره له بواری کێشدا، ده‌رگایه‌کی تازه‌ی بۆ ژیانی شیعری هاوچه‌رخی کوردی کرده‌وه و ئێستاش به‌ره‌ی ئه‌ده‌بیی پاش ئه‌م هونه‌رمه‌نده بلیمه‌ته درێژه‌ده‌ری ڕێبازی به‌رهه‌مه خوڵقێنراوه دانسقه‌کانیه‌تی و قوتابخانه‌ی ئه‌ده‌بی گۆران که ڕێبازی ڕاسته‌قینه و ڕۆمانتیکی شۆڕشگێڕی گرتۆته به‌ر، له ڕوانگه‌ی ئیدیۆلۆژی و سه‌نعه‌تی هونه‌رییه‌وه خاوه‌نی هێندێک تایبه‌تمه‌ندی به‌که‌ڵک و که‌م‌وێنه‌یه که پێشکه‌شی ئه‌ده‌بی گه‌له‌که‌ی کردووه و بووه به هۆی پێشکه‌وتن و گه‌شه کردنی هێزه ئه‌ده‌بییه تازه‌کان له جیهاندا.
سه‌رچاوه: کتێبی "شاعیری هاوچه‌رخی کورد، عه‌بدوڵڵا گۆران".
[1] عه‌لائه‌دین سه‌جادی، پێشه‌کی "فرمێسک و هونه‌ر"
[2] بڕوانه: وتاری دڵسۆز، میراته ئه‌ده‌بییه‌که‌مان، گۆڤای ئازادی، ژماره‌ی 49، به‌غدا، 1960
[3] گۆڤاری ئازادی، ژماره 79، به‌غدا 1960
[4] گۆرانیی کوردی، تهران، 1951، ل 23
[5] عه‌لائه‌دین سه‌جادی، مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی، ل 257
[6] گۆڤاری ئازادی، ژماره 49، 1960
[7] سه‌رجه‌می به‌رهه‌می گۆران، محه‌مه‌دی مه‌لاکه‌ریم، به‌غدا، 1980، ل 32
[8] سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 9 و 93
[9] گۆڤاری ئازادی، ژماره 49، به‌غدا 1960
[10] گۆڤاری بڵێسه، عه‌بدوڵڵا گۆران
[11] سه‌رجه‌می به‌رهه‌می گۆران، ل 28
[12] سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 13
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن
دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی
خالید حسامی( هیدی )
ویرایش توسط behnam5555 : 10-15-2013 در ساعت 05:52 PM
|