چوارڕا و مسافیرێکی سه‌ره‌ڕۆ
بۆ کوێ ئه‌ڕۆی ئه‌ی مسافر
ویستگه‌یەکی نامۆییه و
خولیای هه‌ناراوی‌ترین ساته‌کانی دڵت
ناگه‌یته شه‌قام و
کز له چرای دارتێلێکا ئه‌وه‌رێی
به‌ر له‌وه‌ی هه‌نگاوت له دایک بێ
شه‌قام پچڕا و
دوڕیانیش
یه‌ک‌گرتنه‌وه‌ی هیچ عاشقێکی نه‌کرده مێژوو
هه‌نگاو مه‌نێ ئه‌ی مسافیر
تابلۆکانی چوارڕا
به‌ره‌و یه‌ک شه‌قامت نابه‌ن
تابلۆی یه‌که‌م شه‌قامی باکووره و
چه‌ند هه‌نگاوێک سه‌رووتر
شاخه و فرۆشگه‌یه‌کی کۆتره سپیه‌کان
تابلۆی دووهه‌م شه‌قامی خۆرهه‌ڵاته و
ترمیناڵێک پڕ له ده‌ڵاڵ و بێ‌مسافیر
پڕ به ده‌نگیان ئه‌یان‌نه‌ڕاند؛
" چه‌ند نه‌فه‌ر بۆ ئاسمانی حه‌وته‌م "
" گه‌شتی مسافیره‌تی به‌ره‌و خوا "
" شه‌وڕه‌وانی تاریکی به‌ره‌و خۆر"
تابلۆی سێهه‌م شه‌قامی باشووره و
١٠٠ متر ئه‌ولاتر
نه‌خۆشخانه‌یه و دڵ ئه‌به‌خشن
خوێن ئه‌به‌خشن
-هاواری پیرێک بوو، له ده‌رکه‌وه قاوی ئه‌کرد؛
بێ‌دڵ و بێ‌خوێن، پووچه‌ڵم! بڕیار نه‌بوو پڕم که‌ن له خۆر؟
هه‌موومان خاڵیئه‌کرێین له خوێن و هیچ خاڵیه‌ک پڕ نه‌بووه!!!-
تابلۆی چواره‌م شه‌قامی خۆرئاوایه و
فاڵچیه‌ک و
چنگێ گڵ و چه‌پکێ گوڵ و مستێ ئاو
دامه‌به‌زه مسافیر
عێلی شه‌قامانی ئێره
قه‌ت نایه‌نه‌وه چواڕا
نه کۆتر و نه خوێن نه دڵ
ئه‌م چوارڕێیانه ئه‌ناسن؛
نه فڕۆکه‌ی ترمیناڵێک
بۆ ئاسمانێک باڵ ئه‌گرن
فاڵچیه‌ک بوو به ته‌نیایی
گڵی کرده نیشتمان،
گوڵی کرده به‌هار و
ئاویشی کرد به ئازادی
دامه‌به‌زه ئه‌ی مسافیر
سێوه‌ڕۆی نیگات
به سێپه‌ڕه‌ی زه‌رده‌ی ئه‌م ویترینه سه‌وز نابێ
ئه‌و کۆڵانه‌ی
چه‌رچی نیگاکانی تۆی، تیا تێپه‌ڕی
به‌ر له‌وه‌ی بگاته شه‌قام
خنکا
لیتاوێ بوو حه‌وزی چوارڕا
ڕووحی مانگی ماچه‌کانی تۆی تیا خنکا
کلیسایه‌ک بوو چوارڕا
به‌ر له دایک‌بوونی مریه‌می نیشتمان
مه‌سیحی ده‌سته‌کانی تۆی تیا نێژرا
به‌ر له‌وه‌ی یه‌که‌م ماسی له دایک بێ
ڕووحی "ئاو" له‌م ئاکواریۆمه‌ی به‌ر شه‌قاما
وشک هه‌ڵات
مه‌گه‌ڕێوه ئه‌ی مه‌سافیر
لێره، شه‌قام قه‌ت ناگاته چوارڕا و
چوارڕاش بۆ ئه‌به‌د نابێته شار!
محه‌ممه‌د مسته‌فازاده ـ بانە