ئاره‌ق و تین
پێش ئه‌وه‌ی گزنگی هه‌تاو
ترۆپکی چیا بنگێوێ
پێش ئه‌وه‌ی شنه‌ی به‌یانی
بسکی به‌ره‌زا ببزێوێ
.....
پێش ئه‌وه‌ی قاسپه‌ی خاسه‌که‌و
له زه‌رد و ما ده‌نگ داته‌وه
پێش ئه‌وه‌ی بولبول بخوێنێ
خونچه ده‌می بکاته‌وه
.....
پێش ئه‌وه‌ی سێڕه‌ی هه‌ڵۆیان
په‌رده‌ی بێده‌نگی دادڕێ
پێش ئه‌وه‌ی چوڕه‌پۆپنه‌کی
به‌ره‌و ڕوناکی بفڕێ
.....
پێش ئه‌وه‌ی شه‌می سه‌رچاکی
ئاخر فرمێسکی هه‌ڵوه‌رێ
پێش ئه‌وه‌ی گژه‌بای تووڕه
ژیله‌مۆی په‌پووله به‌رێ
.....
پێش ئه‌وه‌ی لاوی به‌خته‌وه‌ر
ده‌م ڕاگوێزێ له‌سه‌ر خاڵان
پێش ئه‌وه‌ی شه‌وگه‌ڕی دڵته‌ڕ
وه‌ڕه‌ز بێ له ماڵه‌و ماڵان
.....
پێش ئه‌وه‌ی بێری شل و مل
چاوی خه‌واڵووی هه‌ڵبێنێ
پێش ئه‌وه‌ی شوان مه‌ڕی شه‌وێن
وه‌گێڕێ، به‌ردا ده‌سبێنێ
.....
پێش ئه‌وه‌ی پۆلی نه‌شمیلان
شل شل داگه‌ڕێن بۆ کانی
پێش ئه‌وه‌ی سه‌رکانی و ده‌راو
ژاوه‌ی بێ له په‌ری جوانی
.....
پێش ئه‌وه‌ی حاجی سه‌له‌مخۆر
هه‌ژارێک هه‌ڵنێ به ته‌مال
پێش ئه‌وه‌ی ڕێچکه ببه‌ستن
بۆ مزگه‌وتێ شان به به‌رماڵ
.....
پێش ئه‌وه‌ی ده‌روێشی چڵکن
په‌نجه‌ی خه‌ڵیفه‌ی کوشیبێ
پێش وه‌ی شێخ وه‌ک تارمایی
به‌ره‌و خانه‌قا خوشیبێ
....
پێش ئه‌وه‌ی گزیری به‌دفه‌ڕ
له دیوه‌خان پاروو بادا
پێش ئه‌وه‌ی خاتوونێک به‌ناز
په‌رده‌ی کۆشکی ئاغا لادا
.....
من کاوی خۆم له کار دیوه
من جه‌رگی زه‌ویم دڕیوه
من شێله‌گه‌م هه‌ڵبڕیوه
من یه‌کسه‌ریم ئاخنیوه
.....
من ڕێزه سواڵه‌م داناوه
شه‌غره وێنجه‌م پێوه داوه
من گاگێره‌م تێر کراوه
یاخۆیانم وه‌رگێڕاوه
هاوین و پایز و به‌هار
هه‌تاو لێی نه‌داوم بێکار
.....
من جوتیارم، من جوتیارم
من له‌گه‌ڵ هه‌تاو هاوکارم
من به ئاره‌ق و ئه‌و به تین
دامان ڕشتووه بناغه‌ی ژین
باسکی من و تیشکی ئه‌وی
بژیوده‌ستێنین له زه‌وی
گه‌ر جوتیار ئاره‌ق نه‌ڕێژێ
گه‌ر هه‌تاو تیشک ناوێژێ
دانیشتووی ناو کۆشک و قه‌ڵا
ده‌خۆن نانی گه‌ڵا گه‌ڵا؟
.....
به‌لام حه‌یف ئێستاش لێره
من برسیم و که‌سێک تێره
نه قه‌ت ئاره‌قی ئه‌سڕیوه
نه قه‌ت گه‌وزی هه‌ڵبڕیوه
نه مه‌چه‌کی جه‌مام بووه
نه چۆڵه‌مه‌ی له جێ چووه
نه ئه‌نگوستی ڕاگیراوه
نه داسۆ له چاوی داوه
نه دڵی پێی دڕ دڕ بووه
نه بن هه‌نگڵی خڕ بووه
نه که‌فی ده‌ر دا به کڵۆ
نه په‌نجه‌ی ده‌ری کرد دڵۆ
نه ده‌ستی پاشباره‌ی ناسی
نه ساوێکی دا له داسی
نه به گه‌رما داهێزاوه
نه خه‌وی له چاوی زاوه
نه به سه‌رمایه ته‌زیوه
نه له کای پایز خزیوه
نه نووسه‌که‌ی پێوه نووسا
نه له به‌ر بارانێ خووسا
نه زوقمی به‌سه‌ر دا باری
نه له قوڕ دا که‌وت باری
نه دی شه‌و و شه‌ونخوونی
نه چێشتی ده‌ردی نه‌بوونی
.....
تاکه‌ی وابم، تاکه‌ی وابم
ده‌س به‌تاڵ و ڕه‌نج به با بم
تاکه‌ی ڕه‌نجی شان و پیلم
بۆ دوژمن بێ، بۆ من دیلم؟
نا، نا ، تازه ڕاپه‌ڕیوم
ناتوانن بده‌ن فریوم
ڕێبازی شۆڕش به‌رناده‌م
مه‌ودا به داگیرکه‌ر ناده‌م
له شان و باهۆی خۆم ڕادی
هه‌ڵگرم ئاڵای ئازادی
Hemin