بازگشت   پی سی سیتی > ادب فرهنگ و تاریخ > شعر و ادبیات > زبان ادب و فرهنگ کردی

زبان ادب و فرهنگ کردی مسائل مربوط به زبان و ادبیات و فرهنگ کردی از قبیل شعر داستان نوشته نقد بیوگرافی و .... kurdish culture

پاسخ
 
ابزارهای موضوع نحوه نمایش
  #1  
قدیمی 07-12-2012
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض جه مال غه مبار


جه مال غه مبار

1

دوای گەڕانەوە لە سەفەر
ھەموو نیشتمانم ھێنایەوە بۆ پایزە غەمگینەکەی ئەدیلاید
شتێک نەبێ لەوێم جێ ھێشت؛
ئەویش دڵم بوو.. دڵی پڕ بارانی خۆم!

٢
بمبەخشە ئەی دڵی بێشەوق!
من جێم ھێشتی تا بەر تۆفانی غەریبیم نەکەویت و
نەچیتەوە شەوەکانی نائومێدی،
نەبیتەوە بە گومان و ئاوێنەکانم لێ پڕکەیت لە تەنیایی.

٣
لە ئێوارەمدا کە ئەستێرەیەک ھەڵدێ
ئەڵێم ئەوە تۆی،
بۆیە قەت حەز بە ئاوابوون ناکەم!

٤
لەبەر تەنیایی
رۆژێک دێت ئەم (مەتاعی غرور)ە جێ بھێڵم (*)
ئەزانم لەوێش، لەو دنیا، تەنیا ئەبم!

٥
بێکۆتاییە حیکایەتی ھەڵوەرینی من
لە کوێوە دەست بە نوسینەوەم ئەکەیت، لە کوێوە؟
-لەو سەفەرانەی کە جانتاکانی ژیانم تێدا بەجێ ھێشتن؟
-لەو مێرگانەی کە قەراربوو شتێکیان تێدا شین بێ لە پیری بچێ؟
-یان لەو تێرمیناڵ و فڕۆکەخانە گەورانەی
ناوی خۆم و
عەینەکی تەمەن و
دوا شیعری جاویدانیم تێدا بزرکردن؟

٦
کە ئەتبینم، شیعریشم وەک دڵم ئەلەرزێ!

٧
تۆ کە جانتاکەت پڕە لە میھرەبانی،
عیشقێک دێت پڕم کەیت لە غەزەلی خۆت
ئەوینێک دێت بەدەم ئاوابوونەوە
لە پایزەکەی خۆتم ھەڵکێشیت!

٨
ئەی میھرەبان!
کەمێک لە تریفەی خۆتم بدەرێ
شەوی سەفەری من وەک خەمی تۆ نابڕێتەوە.

٩
ھەتاوێک فێربووە
بەیانیان لە پەنجەرەی ئیحساسم ئەدات!
ھەتاوێک فێربووە
نیگەرانیم ئەخاتە بەر باران و
لە خۆیدا ئەمنوسێتەوە.

١٠
جاران کە مانگ شیعری ئەنوسی؛
-ئەستێرە، قاوەی بۆ حازر ئەکرد
-شەوگار قەڵەمی ئەدایە
-ئاسمان سنگی بۆ ئەکردە دەفتەر!
ببینن، قەسیدەکانی مانگ، چۆن ڕەنگی خودایان لێ ئەتکێ.

١١
کە بانگت ئەکەم؛ باران
-باخچەیەک ئاوڕئەداتەوە
-کانییەک بەخەبەر دێ.
کە بانگت ئەکەم؛ باران
-(سلێمانی) ئەڵێت: بەڵێ!

١٢
کە ماچت ئەکەم
دەمی ھەنار ئاو ئەکات
دڵی ڕووبارێک ئەلەرزێ!

١٣
حەزئەکەم قەت پێک نەگەین.
گەر پێک بگەین؛
ئیتر شیعر چۆن داگیرسێ!

١٤
لە ژووری سەفەرمدا، تۆ ئاوێنەیت.
لە ساڵی قەسیدەمدا تۆ پایزێکی غەمگینیت.
لە باخچەکەی تەنیاییشما تۆ ھەمیشە بارانیت، باران!

١٥
-بۆ قاوەکەت ناخۆیتەوە، بۆ قاوەکەت تەواو ناکەیت؟
ئەترسیت قەرەجێک بێت و
(بەخت)ێکت بۆ بگرێتەوە و
بە ترسێکەوە پێت بڵێ؛ بۆ یەک نابن!

١٦
ھەموو شەوێک ئەتخوێنمەوە و تەواو نابیت!
ھەموو شەوێک چراکەی خۆتم ئەدەیتێ و
کەچی ھێشتا من تاریکم، ھێشتا تەنیام!

١٧
وەرە ئەمبەری تەنیاییم،
بەسەر پردی تەمەنمدا بپەڕێوە
پایز و ھەتاو و شیعرم لەگەڵ بەش کە.

١٨
ڕۆژێک دێ ئەم حیکایەتە ببێتە بیرەوەری
ھەینییەک دێت بەلای گۆڕێکدا تێپەڕیت
دڵێکی بێدەنگی تێدا ڕاکشاوە
بە خۆت بڵێیت؛
-لەم دڵەوە چەند نزیک بووم.
چەندجار ئەم دڵەم بردۆتە ناو ژوورەکانی خەیاڵم.
بە خۆت بڵێیت؛
-لە ھەیوانە تاریکەکەی مەراقمدا
چەندجار ئەم دڵەم وەک چرا ھەڵکردووە.

١٩
لە نێوانی من و تۆدا، (سلێمانی) خۆی شاھیدە؛
دڵم چەند تێکشکانی بینیوە
ڕۆحم چەندجار خراوەتە قەفەسەکانی عیشقەوە!
کەچی من ئاقڵ نابم و
ھێشتا دەست بۆ پشکۆکان ئەبەم.

٢٠
من ھەتا ئەبەد لەلاتم
ھەتا ئەبەد مانگت بۆ ئەکەم بە دیاری،
ڕووبارت بۆ ئەکەم بە قەسیدەی درێژ،
گۆرانییت بۆ ئەھێنمە ماڵێ!
بەڵام ئەوەی تا ئەبەد ترسم لێی ھەیە:
بەیانییەکی سارد
لەسەر تەمی پەنجەرەکەم بنوسیت؛
-لەبیرم کە ئازیزی من، لەبیرم کە!
ئەم حیکایەتەی من و تۆ
چنگێ خۆڵەمێشی خەم بوو
لە پشکۆی دڵتەنگی جێما..
مۆمێک بوو، تەنیایی دایگیرساند و
بێھودەیی کوژاندییەوە.
لەبیرم کە ئازیزی من، لەبیرم کە!

٢١
لەوە غەمگینترم
بە ماچێک دڵم بدەیتەوە دەست خۆی!
لەوە غەمگینترم
چنگێ ئەستێرەم بدەیتێ و
ببیتە دەلیلی ھەورەکانم، گوڵەکانم
بۆ گەڕانەوە بۆ لای خۆم، بۆ کەلاوەکانی ڕۆحم،
بۆ گەڕانەوە بۆ شارە سووتاوەکانی یەقین.

٢٢
کەی ئەمبیستیت خودایا!
کەی ئەمبینیت..

٢٣
رەزی عومرم ھێشووی خەمێکی گرتووە
لە تۆ ئەچێ.
لێوی قەسیدەم گوڵێکی وا پێوە
لە دڵی شکاوی تۆ ئەچێ.
لەم چۆڵەوانیی ڕۆحەدا
ھەموو گەڵاکانی ئومێد بوونە تەرم
کەچی من نازانم بۆچی ھێشتا دەستم لە دەستی عیشقایە و
گۆرانی بۆ زیندانێک ئەڵێم پێی ئەڵێن؛ ژیان!

٢٤
ئەو ئاسمانەی مەرگی منی بە بێدەنگیی لێوەھەڵدێ
ئەوە بێ شک ئاسمانەکەی غەریبانە
ھەموو دڵێک ناتوانێ لەوێوە ھەڵبێت!
ئەو گۆڕستانە غەمگینەی تەنیاییم ئەگرێتە باوەش
ئەوە گۆڕستانە ڕووناکەکەی غەریبانە
جێگەی ھەموو دڵێک ناکاتەوە!

٢٥
ئەو ڕێگەیەی منی شیعری ھێنایەوە بۆ نیشتمان
ڕێگەیەک بوو پڕ بوو لە فڕین و غەزەل
پڕ بوو لە تۆ.
لەو ڕێگەیە
ئەستێرەی ئەو ھەموو خەونەم بینی ڕژابوون.
لەو ڕێگەیە
عاشقانی ئەو ھەموو حیکایەتەم بینی کوژرابوون.
لەو ڕێگەیە
چاوی ئەو ھەموو نەورەس و کۆترانەم بینی
لە تەماشای مناڵێکەوە ئاڵابوون، بۆ کۆچی ئاوێک ئەگریان.
لەو ڕێگەیە ئەو ھەموو شاعیرەم بینی؛
ھەندێکیان نوریان ئەچنی
ھەندێکیشیان بە دیار شکانی بەلەمەکانی ژیانەوە
تەجەللایان ڕاو ئەکرد.
ئاوابوو ئەو ڕێگەیەی
منی ئێوارەی گەیاندەوە شەوی ئەوێ.
ئاوابوو ئێوارەی درەنگی ئەو ڕێگەیە؛
گوڵێک نوێژێکی بۆ باخچە نەکرد.
لەو ھەموو ئەستێرەیەی لەو ڕێگەیە ھەڵھاتن
ئەستێرەیەکم نەدی لە گۆرانییەکەی تۆ بچێ!
ئاوابوو نووسینەوەی سەفەری من؛
لەو ھەموو قافیەی مردنە،
مەرگێک نەبوو لەو ڕێگەیە پڕ بەبەری ژیانی من بێت!
لەو ڕێگەیە زۆر ئەترسام دەستی بارانێک بگرم و
کەچی تۆ نەبیت.
لەو ڕێگەیە زۆر ئەترسام دنیا بڕوخێ و
سێبەری تۆم لەگەڵ نەبێت.
ئەترسام، زۆر ئەترسام بۆ دواجار پێت بڵێم:
وێرانم کە، تا پێت نەڵێم خۆشم ئەوێیت!
وێرانم کە؛
تازە قیامەتی دڵی من ئاگرێکی تری تێدا ناڕوێت
عیشق بگرێت!

وێرانم کە،
نە مەملەکەتی ڕۆحە بزێوەکەی تۆ و
نە سەرابستانی مەنفاکەی من
ھیچیان پەنجەرەیەکیان تێدا نەماوە؛
بۆ ھەتاوی ئومێدێک،
بۆ ھەناسەی عاشقێک،
بۆ نزای نەورەسێکی بێوەژن
یان بۆ سەبای خەمێکی تری نیشتمان بکرێتەوە!

پایزی ٢٠١٠ ی ئەدیلاید

(*) سەرنج:
مەتاعی غرور: مەبەست لە دنیایەکە کە بە پێی چەمکی ئایینی دواجار فەنائەبێت و دنیایەکی تر ھەیە بۆ نەمریی. ڕەنێوھێنانی ئەم چەمکە لێرەدا بە تەنھا ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە (تەنیایی) لە ھەموو شوێن و زەمەنێکدا لە ڕۆحی ئینسان نابێتەوە.

جه مال غه مبار....
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید




پاسخ


کاربران در حال دیدن موضوع: 1 نفر (0 عضو و 1 مهمان)
 

مجوز های ارسال و ویرایش
شما نمیتوانید موضوع جدیدی ارسال کنید
شما امکان ارسال پاسخ را ندارید
شما نمیتوانید فایل پیوست در پست خود ضمیمه کنید
شما نمیتوانید پست های خود را ویرایش کنید

BB code is فعال
شکلک ها فعال است
کد [IMG] فعال است
اچ تی ام ال غیر فعال می باشد



اکنون ساعت 05:31 AM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.



Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)


سایت دبیرستان وابسته به دانشگاه رازی کرمانشاه: کلیک کنید




  پیدا کردن مطالب قبلی سایت توسط گوگل برای جلوگیری از ارسال تکراری آنها