بازگشت   پی سی سیتی > ادب فرهنگ و تاریخ > شعر و ادبیات > زبان ادب و فرهنگ کردی

زبان ادب و فرهنگ کردی مسائل مربوط به زبان و ادبیات و فرهنگ کردی از قبیل شعر داستان نوشته نقد بیوگرافی و .... kurdish culture

پاسخ
 
ابزارهای موضوع نحوه نمایش
  #1  
قدیمی 02-11-2012
behnam5555 آواتار ها
behnam5555 behnam5555 آنلاین نیست.
مدیر تاریخ و بخش فرهنگ و ادب کردی

 
تاریخ عضویت: Aug 2009
محل سکونت: مهاباد
نوشته ها: 19,499
سپاسها: : 3,172

3,713 سپاس در 2,008 نوشته ایشان در یکماه اخیر
behnam5555 به Yahoo ارسال پیام
پیش فرض کامۆ و خوێندنەوەیەکیتر


کامۆ و خوێندنەوەیەکیتر



وەرگێڕان: عادڵ قادری

کورتەی وەرگێڕ
کامۆ یەکێک لەو بیرمەند و نووسەرانەیە کە دەمێکە لەجیهانی ئێمەدا هەڵهاتووە و ناخوازێت ئاوا بێت، ئەگەرچی ئەو بە جوغرافیا و بە کولتوور مەودا و جیاوازییەکی قەبە و زۆری لە گەڵ ئێمەی کورددا هەیە بەم حاڵەشەوە کامۆ بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ئێمە دا دەژی. هۆی جیهانگیری و بێ سنوور بوونی کامۆ یان باشترە بڵێم خەمە کامۆییەکان ئەو ناوەرۆک و تێم و مانا وجوودی و بوون ناسانەیە کە لەسەرەتای نووسینیەوە تاکوو کۆتایی ژیانی تراژیکی هۆنییەوە و بەرگری لێدەکردن. ناسیاوەتی و پێناسەی ئێمە لە کامۆ زۆرتر لە رۆچنە و رێبازی ئەدەبیاتەوە بووە نەک خوێندنەوەو شیکاری بەرهەمە هزری و بیرکارییەکانی. کامۆ لە ساڵی 1913 لە مۆندۆڤی سەر بە وڵاتی ئەلجەزایر لە دایک بوو، باڵا کردن و پێگەیینی کامۆ هاوکات بووە لە گەڵ قات و قڕی و لەناوچوونی بەشێکی زۆر لە سامان و بوونی مرۆڤایەتی بە دەستی مرۆڤ خۆی واتە دەسپێکی جەنگی ماڵوێرانکەری جیهانی یەکەم ، کاتێک لە سێپتەمبەری ساڵی 1914 دا باوکی دەکەوێتە بەر خومپارەوە ئیدی داهاتووی کامۆ ئاقارێکی جیاواز بە خۆیەو ە دەبێنێت. ئەو لە نەمان یان باشترە بڵێم نەبوونی سوپێر ئێگۆ(super ego)یەکی تایبەت و تۆکمە بەناوی باوک(لە روانینی فرۆیدەوە یەکێک لەو پێکهات و رۆنراوانەی کە لە گەشە و پێگەییشتنی کەسایەتی دا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت)، تووشی جۆرێک لە دژوازی و ململانێیەکی نەبڕاوە لە گەڵ خۆی و ئەو جیهانەی کە وێنای دەکرد بووەوە. لە نەبوونی باوکیدا دایە گەورەی، راهێنان و پەروەردەکردنی کامۆ و دوو خاڵۆی کامۆی گرتە ئەستۆ کە هیچ کات نەیتوانی بۆ کامۆ رۆڵی سوپێر ئێگۆ بگێڕێت. ئەم غەیبەتی سوپێر ئێگۆیە لە دواجاردا وا دەکات کە کامۆ بڵێت: لە جیهانی هەنووکەم دا هیچ بۆم فام ناکرێت و پووچی چواردەوری تەنیوم بریا کەسێک ببایە هانی دابام و رایبهێنام تەنانەت لە سۆنگەی هێزێکەوە کە هەیەتی، من باوکمم دەوێت. کامۆ جیهان و ئەزموونێک دەژیا کە بۆی غەوارە و "بێگانە" بوو، ئەو رۆڵەی جەنگ و تەنیایی و مەرگ و وجوود بوو. بەگشتی ئەو سەردەمەی کامۆ تێیدا پێگەیی مرۆڤایەتی ئەزموونێکی تاڵ و نەکردەی تاقی کردبووەوە، ئەو دۆخە جیهانگیرەی رەوشی مرۆیی و دۆخی تاکەکەسی و تایبەتی خۆی وای کرد کە کامۆ نەتوانێت پێمل و کۆیلەی رەهای مەسیحییەت (واتەدین) بێت، بۆیە لە شوێنێکدا دەڵێت: من دڵەراوکێ و خەمگەلی مەسیحییانەم هەیە بەڵام سرووشتم پاگانییە. پاگانی دەربڕینێکە کە یۆنانییە کەوناراکانیان پێناوزەد دەکرد و بە مانای جۆرێک لە "ئیلحادی فەلسەفی" دەکار دەکرا. واتە دەتوانین ئەم هەڵوێستەی کامۆ بو پێناسەکردنی خۆی ئاوەها لێک بدەینەوە کە مەسیحییەت نەیتوانی داڵغە و خەم و پرسیارەکانی کامۆ بەرسڤ بداتەوە و ساڕێژیان کات. لە کۆبەندی ئەم رووداوانەدا کامۆ لە ساڵی 1933 دا واتە ئەو کاتەی پلەی ماستەری لە زانکۆی ئەلجەزایر وەرگرت، تێزی ماستەرییەکەی لە ژێر ناوی "میتافیزیکی مەسیحی و فەلسەفەی ئەفلاتوونە نوێکان" پێشکەش کرد. ئەمە ئەو لایەنەی کامۆیە کە وەکوو بڤە ماوەتەوە و شەقڵی نەشکاوە تاکوو لایەن و رەهەندی فەلسەفی ئەو باشتر بناسرێت. هەر لە رێڕەوی تێزەکەیەوە دەردەکەوێت کە کامۆ سەرەڕای کاریگەرییەک کە لە مەسیحیەت وەریگرتووە بەڵام دەست دەداتە رەخنە و هەڵسەنگاندنی جیددی ئەو میتافیزیکەو لە هەندێک شوێنیشدا دەگاتە سنووری ئینکار و رەتکردنەوە یان خوێندنەوەیەکی نوێوە. سەرەڕای مەسیح، کامۆ لە ماتماتیکزان و بیرمەندێکی وەکوو بیلز پاسکال، لە رێبازی گنۆسییەکان، لە ئەفلاتوونە نوێیەکان، ئاگۆستێنۆسی قیددیس کاریگەری زۆری وەرگرتووە ئەمانە بە گشتی لەو بوونخواز و ئیگزیستانسیالیستە دینیانە بوون کە هێز و توانایی زەمینیان لە هەمبەر ئاسماندا دەگرتە بەر رەخنە و هەڵسەنگاندنگەلی پڕلە ترس و سام و لێوانلێو لە دڵەڕاوکێ. واتە ئەو دڵەڕاوکێ مەسیحییانەش وا کامۆ بەشداری بوو. بەڵام بە هەموو ئەمانەشەوە سەربووردە و باڵاکردنی ژیانی هزری و رۆحی کامۆ لە گومانێکەوە دەستی پێکرد و بەگومانێکیشەوە گیرسایەوە:واتە لە میتافیزیکێکەوە بۆ میتافیزیکێکیتر. گووشراوەی رێبازی فیکری و ئەدەبی کامۆ پووچ و پووچ خوازییە بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەی وا فام کراوەو بەرگری لێکراوە و تەنانەت چەسپاویشە ئەم پووچییە مانایەکی نەرێنی و نێگەتیڤی نییە بەڵکوو جۆرێکە لە میتافیزیک بۆ رزگاری و داسەکنانی مرۆڤ لە رێگەی تێپەڕاندنی و تەی کردنی هەرێمەکانی پرسیار و گومانەوە. پووچی لە روانگەی کامۆوە پرسیارگەلێکە کە هەستی و بوون لێی بێدەنگن و هیچ بەرسڤ و وەڵامێکی رووناکیان نییە. واتە بێدەنگ بوونی جیهان لە هەمبەر زایەڵەی پرسیارئامێزی مرۆڤ هەستێک لە پووچیمان پێدەبەخشێت. ئەو پرسیارانەی کە لە فلۆتین و گنۆسییەکانەوە تاکوو ئاگۆستینۆسی قیددیس درێژەی هەبووە و لای کامۆ چڕتر بوونەتەوە. بێگومان بەشێکی زۆر لەو هەڵگۆستە و خوێَندنەوانە کە لە پووچی کامۆ کراون چەواشە و نیوەچڵن، هۆکاری راستەقینەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئاخێزگە و بەستێنی پووچی لای کامۆ پرسیار ئامێزە و لای ئەو خوێندنەوە نیوەچڵانەش خەمۆکی ئامێزە بۆیە لە تێڕوانینی کامۆوە لە رێگەی خەمۆکییەوە پووچی نابێتە مایە و بەرهەمهێنەری مەعریفە و رزگاری بەڵکوو ئەوە پرسیارە کە سەرپشک و پێشڕەوی ئەو پرۆسیس و رەوتە رزگاریکەرەن. ئەو بەجارو بار گوتوویەتی کە فامکردن و تێگەییشتن لە پووچی دەبێتە هۆی رزگاری. و ئەوەش بۆی بەبایەخ و گرینگە بە وتەی خۆی بەدواداهاتەکانی پووچییە نەک خودی پووچی. بە خوێندنەوەی من پووچی لای کامۆ یان باشترە بڵێم میتافیزیکی پووچی لای کامۆ دەکرێت لە رۆچنەی سێیانەیەک(تریۆلۆژی) لە بەرهەمە ئەدەبییەکانییەوە وێنا بکرێت. یەکەمینیان رۆمانی بێگانەیە کە تێیدا مرۆڤ، پووچی جیهان فام دەکات و لەناویدا دەژی و باش باش هەڵیدەلووشێت. دووهەمینیان رۆمانی تاعوونە کە مرۆڤ بە فامکردنی پووچی، ناچارە لە گەڵیدا رووبەروو ببێتەوە و بەدواداهاتەکانی لە چەشنی تاعوون وەکوو پەتایەکی هەمەکی و جیهانگیر ئەزموون دەکات و لە بازنەی کارەساتئاوی دۆخەکەیدا تەنیا و تاق دەمێنێتەوە. سێهەمینیان رۆمانی مرۆڤی یاخییە کە مرۆڤ تێیدا بە فامکردن و رووبەرووبوونەوە لەگەڵ بەدواداهاتەکانی پووچی(تاعوون) و بینینەوەی تاق و تەنیایی خۆی رێباز و رێگەی یاخی بوون دژی هەموو ئەو شتانەی کە جیهان لە بوون و مانا بەتاڵ دەکەنەوە، دەگرێتە بەر؛ تەنانەت یاخی بوون دژی مرۆڤ خۆیشی. بێگومان ئەگەر بە وردی سەرنجی ئەم سێیانەیەمان دابێت رەوت و گەشەی مرۆڤ وەکوو چەشنێک(نوع) ئاوەهایە: لە بوونەوەرێکی بێگانە و غەوارە بەدنیا و بێدەربەست بە رووداوەکان بەرەو بوونەوەرێکی ئەخلاق خواز و کەسێک کە لە هەمبەر کارەسات و هەڵوێستە ئەخلاقی و رووداوە گرینگەکاندا لەرووی ئەخلاقییەوە خۆی بە بەرپرس دەزانێت، دەچێت. سەرەڕای ئەمانەش شتێکی دیکە کە دەبێت باسی لێوە بکەین ئەمەیە کە بە گشتی ژیانی ئالبێر کامۆ هەڵکەوتوو لە دۆخ و رەوش و سەردەمێک بوو کە بکەوێتە ناو ململانێیەکی قووڵ و جیددی لەگەڵ خۆی و دەوروبەریدا واتە کەسانی وەک خۆی لەوانە:ژان پۆل سارتێر و سیمۆن دۆ بووار و بە گشتیتر بازنەی رۆشنبیرانی پاریس لەو سەردەمەدا. ئەو جیاوازییە ئایدولۆژی و فیکرییەی کە لە هەمبەر رووداوەکانی ئەو سەردەمەدا(هێرشی بەرەی رزگاری ئەلجەزایر بۆ سەر ئەورووپاییەکانی دانیشتووی ئەلجەزایر، ململانێی دووجەمسەری کۆمونیزم و کاپیتالیزم و...) لە نێوان کامۆ و سارتێر دا بەرجەستە بوونەوە وای کرد کە ئەو "دووانە" دوای گۆڕینەوە چەند نامەیەکی توند و تیژ بۆ هەتاهەتایە هاوڕێیەتیان کۆتایی پێبێت. بەڵام لە سێهەمی ژانوییەی ساڵی 1960 دا کە کامۆ بە رووداوی ترۆمبیل گیانی لە دەست دا سارتێر لە شیوەن نامەیەکدا ئاوای هۆنییەوە: «ئالبێر کامۆ سامانداری ئەمڕۆیی ئەو زنجیرە دوور و درێژەی ئەخلاق خوازان بوو کەرەنگە سەرەکیترین شتەکان لە ئەدەبیاتی فەرانسەدا هی ئەوان بێت». کامۆ لە شوێنێکدا گوتبووی کە هیچ شتێک ریسواتر لە مەرگی منداڵێک و هیچ شتێکیش گەلحۆیانەتر لە مەرگ بە رووداوی ترۆمبیل نییە. پەرچەکرداری دایکی کامۆ لە هەمبەر مەرگی ئالبێر دا ئەوە بوو کە گوتی: زۆر لاو بوو. رۆژژمێری ژیانی کامۆ 1913 لەدایک بوون لە وڵاتی ئەلجەزایر 1914 کوژرانی باوکی لە بەرەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی 1930 رۆژنامەنووسی بۆ رۆژنامەی ئالجێر ریپۆبلیکەن و ماوەیەک دواتر چووە حیزبی کۆمۆنیستەوە 1933 وەرگرتن لە زانکۆ و تەواوکردنی قۆناغی ماستەری و دواتر پێشکەش کردنی تێزی ماستەری لە ژێر ناوی"میتافیزیکی مەسیحی و فەلسەفەی ئەفلاتوونە نوێکان" 1937 کامۆ بە هۆی پشتیوانی کردن لە رادیکاڵە عەرەبەکان کە بۆ دیاری کردنی چارەنووس و مافی کۆمەڵایەتی و مەدەنی خۆیان تێدەکۆشان، لە حیزبی کۆمۆنیست دەرکرا 1942 بڵاوکردنەوەی رۆمانی بێگانە 1943 چوونە ناو بۆ رێزی بەرەی خۆڕاگری فەرانسەوە لە هەمبەر داگیرکارییەکانی ئاڵمانی نازییەوە و ماوەیەک دواتر بوو بە سەرنووسەری رۆژنامەی نهێنی کۆمبات 1951 بڵاوکردنەوەی رۆمانی مرۆڤی یاخی 1957 وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بە دوودڵییەوە چوونکوو باوەڕی وابوو شایانی ئەو نییە و بەڵکوو شیاوی ئاندرێ مالرۆیە 1960 مەرگی کامۆ بە رووداوی ترۆمبیل ((ئەم وەرگێڕانە بەشێکە لە کتێبێک بە ناوی "فەلسەفەی کامۆ" کە ریچارد کامبێر نووسەر و بیرمەندی ئینگلیزی زمان نووسیویەتی و خەشایار دەیهیمی کردوویە بە فارسی و ئامانجیشی بەدەستدانی خوێندنەوە و هەڵکۆڵینێکیتر جیهانی کامۆ بووە کە بە ڕای من بۆ خوێنەر و کتێبخانەی کوردی گەلێک پێویست بووە، بۆیە هەموو کتێبەکەم لە فارسییەوە وەرگێڕاوە و بەم زووانە لە چاپ دەدرێت بەو هیوایەی ئاسۆیەکیتر لە ناسین و خوێندنەوەی کامۆ بۆ خوێنەری کوردی بنەخشێنێت.)) بێگانە الف. خوێندنەوەی فەلسەفی بێگانە رستە دەسپێکەکانی رۆمانی بێگانە لە ناودارترین رستەگەلی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەم دێنە ئەژمار: ئەمڕۆ دایە مرد. رەنگیشە دوێنێ، نازانم. لەخانەی بەساڵاچووانەوە تەلەگرامێک گەییشتەدەستم:«دایە مرد. ناشتن سبەینێ. لەگەڵ رێز» ئەمە هیچ مانایەک نادات. رەنگە دوێنێ بوو بێت. .(Stranger،3) راکێشەری و کاریگەری زۆری ئەم چەند رستە کورتە لەوەدایە کە هەستێکی کتووپڕ و راچڵەکێنەر لە هەمبەر بێگانەیێک لەئێمەدا شین دەکات کە لەگەڵیدا رووبەروو بووینەتەوە. وشەی فەرەنسی «دایە»، وشەیێکە کە مناڵان بۆ قاوکردنی دایکان بەکاری دەهێنن، بەم پێیە کە رستەی یەکەم شێوازێکی خۆمانی هەیە. لەم رستەیە دەردەکەوێت کە «بێژەر» لەگەڵ دایکی دا هاوڕێ و تەبا بووە و وادەنوێنێت نەبوون و لەکیس دانی خەمگین و خەمۆکی کردووە. بەڵام رستەی دووەم شتێکی بەتەواوەتی جیاواز دەدات بە دەستەوە. رستەی دووهەم سەرنجمان لە خودی مەرگ بەرەو مێژووی مەرگ دەگەڕێنێتەوە. باقی رستەکانی تریش هەر جەخت لەسەر ئەم هەستە دەکەن. بێژەر زۆرتر لە فەرمانبەرێک دەچێت کە سەرقاڵی لێکدانەوەی مێژووی مەرگ بێت نەک وەکوو رۆڵەیەک کە رەشپۆش و داخداری مەرگی دایکیەتی. هێنانی تەلەگرامی خانەی بەساڵاچووان لەم بەشەی دەسپێکدا، تا رادەیێک بە گاڵتەجاڕییەوە ئاماژەیەکە بۆ شێواز و ستایلی تەلەگرامیانە ی بێژەر(گویندە) : رستەگەلی کورت و لەیەک هەڵبڕاو. زۆربەی کات، تەلەگرامەکان بەکەمترین ئاستی دەربڕینی وشەوە، دەنووسرێت چوونکوو بەپێی زۆریی و کەمیی وشەوە نرخ(پار)ەکەی دیاری دەکرێت. بێژەری ئەم رۆمانەش هەر بەهەمان شێوازی تەلەگرامییانە لەدەربڕینی وشەکاندا دەم قووچاو و چاوچنۆک دەنوێنێت. هەر بەهەمان شێوە کە ژان پۆل سارتێر لەپێناسەکردنی کتێبەکە لەساڵی 1943 دا بەبیرمان دێنێت، رستەکانی ناو بێگانە (LE،24) هەرکامەیان دوورگەیێکن. وەگێڕی(راوی) رۆمانی بێگانە کێیە؟ رۆمانەکە کە بەرەو پێشەوە دەچێت، وردەوردە بۆمان دەردەکەوێت کە بێژەر یان وەگێڕ لاوێکی سەڵت و قەیرەیە کە لەوڵاتی ئەلجەزایر دا دەژی و فەرمانبەری کۆمپانییایەکی گچکەیە. دەزانین کە نازناوی بێژەر مۆرسۆیە بەڵام هەرگیز بۆمان دەرناکەوێت کە ناوی بچووکی چییە. لەرابردووشی شتێکی ئەوتۆمان دەست ناکەوێت. تێدەگەین کە باوکی خۆی نەبینیوە و تاسێ ساڵیش بەر لە مەرگی دایکی، لەگەڵیدا پێکەوە لە بینایەکدا ژیاون. دەڵێت : لە کاتێکەوە پێملی ئەوە بووە کە دەست لە خوێندن هەڵگرێت خەون و خولیاکانی لە کیس داوە. هەر چەندە ئەم قسەیەی بۆ فامکردنی بێدەربەستی ئەو لە مەڕ داهاتوویەوە بەس نییە. وهەروەها دەڵێت کە سەردەمێک لە پاریس ژیاوە. بێجگە لەم چەند شتە کورتانە نەبێت، ئیدی لە ساڵگەلی پێش مەرگی دایکی شتێکی ئەوتۆ بە ئێمە ناگوترێت و ئەم سات و ساڵانە بۆ ئێمە لێڵ و تەماوی دەمێننەوە. رۆمانەکە لە دوو بەشی تا رادەیێک هاوسان، پێک هاتووە. بەشی یەکەم لە شەش کەرت پێکهاتووە ؛ بەشی دووەم لە پێنج کەرت. بەشی یەکەم لەخۆگری یازدە رۆژە؛ بەئاگاداربوونی مۆرسۆ لە مەرگی دایکی دەست پێدەکات و بەکوژرانی پیاوێکی عەرەب لەرۆخی زەریادا کۆتایی پێدێت. بەشی دووەم یازدە مانگ لەخۆ دەگرێت ؛ کە بە لێپرسینەوە لە مۆرسۆ لە پۆلیسخانەوە دەستپێدەکات و بەتێڕامانەکانی سەبارەت بە پووچی ،کاتێک کە لە زیندانی تاکەکەسی دا چاوەڕوانی ئەوەیە ئایا سزای ئیعدامەکەی دەگۆڕێت یان نا، کۆتایی پێ دێت. لەبەشی یەکەمدا رەوتی ژیانی رۆژانەی مۆرسۆ بۆ ئێمە روون و ئاشکرادەبێت. دەخوات، دەخەوێت ، جگەرە دەکێشێت و لە فەرمانگە ئیش دەکات. رۆژانی پشوو یان دەچێت بۆ رۆخی زەریا یان لەسەر بانیژەی ماڵەکەیەوە چاو لە رێبواران دەبڕێت . زۆر قسە ناکات و کاتێک دێتە دوو، هەمیشە راست و رەوان و ئاشکرا ئەو شتەی کە بیری لێدەکاتەوە دێنێتیە زار.لەم رووەوە مۆرسۆ لە ئالسێست1 ی ناو شانۆنامەکە ی مولێر واتە، خەڵک بێز2 دەچێت. بەڵام ئالسێست بە ئەنقەست راستی و روونیی هەڵبژاردووە چوونکوو بۆ ئەو وەکوو پرەنسیپ وایە، لە حاڵێکدا مۆرسۆ خۆی لە خۆیدا بەو چەشنەیە. مۆرسۆ لە ئاست خەڵکدا ئەو شتەی وا بیری لێدەکاتەوە دێنێتە زار، نە بۆ ئەوەی لە رووبەروویان دا بوەستێ یان خەمناکیان بکات، بەڵکوو لە بەر ئەوەی نایەوێت رەنجی ئەوە وەبەر خۆی بدات کە بێجگە لەمە شتێکی کە بکات. تەنانەت کاتێکیش کە بەرژەوەندیشی لەوەدایە کە درۆ بکات یان هەموو راستییەکە نەڵێت،هەم دیس باوەڕەکەی ناشارێتەوە. مۆرسۆ زۆر کەم بیر لەرابردوو یان داهاتوو دەکاتەوە. ئەو رۆژگاری ژیانی بە هەمان شێوە کە دێتە پێشەوە دەژێت و ئەوەی لەسەرووی هەموو شتێکەوە بۆی گرینگە چێژەجەستەییەکان یان نائارامی و نائاسوودەگی بەرهەمهاتووی دۆخەکەیەتی. بە تایبەتی بە خۆرەتاوی ئەفریقای باکوور زۆر هەستیارە: هەندێ جار لە تیشکی زێڕین و گەرماکەی چێژ وەردەگرێت؛ هەندی َ جاریش گڕی تیژ و سووتێنەری دەهری و تووڕەی دەکات. لەهەمبەر کچە هاوڕێکەی، واتە ماریش3 دا، زۆر هەستمەندە. بزەنەخشینەکەی، پێستەسپیکەڵەکەی و لەش ولارەناسکەکەی، زۆر جێی سەرنجێتی و سوپاس و ستایشیشی لە هەمبەر سیما و رواڵەتیدا دێنێتە زمان. بۆ نموونە دەڵێت:«جلێکی کەتانی ئەسپی پۆشیبوو و زوڵفەکانی بڵاو کردبووەوە. پێم گوت کە جوان بووە، لە خۆشیانا پێکەنی. بەڵام مۆرسۆ بە وردەکارییە ماددی و لەشییەکانیش گرینگی دەدات، وردەکاریگەلێک کە زۆربەی ئینسانەکان بایەخی نادەنێ یان لە نیگایاندا زۆر بێ بایەخ و سووک دێنە پێش چاو. بۆ نموونە نیوەڕۆیان، لەفەرمانگە، کاتێ کەبە خاولی دەستەکانی وشک دەکاتەوە و خاولییەکە وشکە و شێدار نییە زۆر کەیف خۆشە و پیێ دەگەشێتەوە، بەڵام دوای نیوەڕۆیان کە خاولییەکە نەختێک شێدارە تووڕە و قەڵس دەبێت. مۆرسۆ، لەگەڕەکی کرێکارانی فەرەنسی لەوڵاتی ئەلجەزایر دا دەژی، وەکوو گەڕەکی بەلکوور4 واتە گەڕەکی سەردەمی منداڵی کامۆ . هاوڕێ و هاوساکانی مۆرسۆ نە خوێندەوار و نەپارەداریشن. ماری، بەردەستە(منشی) ;سێلێست5، کافەیەکی بچووکی لەگەڕەکدا کردۆتەوە؛ئیمانۆئێل6، فەرمانبەری پۆستخانەیە؛ سالامانۆ7، خانەنشین کراوێکە کە تەنها لەگەڵ سەگەکەی دا دەژی؛ ریمۆن8، بۆ خۆی دەڵێت کەبەڕێوەبەری عەمبارێکە بەڵام خەڵک دەڵێن کە جاکەشە. جێراڵد کامبێر9، لە «هێمای ناوەکان لە بێگانەدا» وای دەرخستووە کە ناوەکانی ئەم رۆمانە ماناگەلێکی وردتر و ناسکتریان هەیە. بۆنموونە ماری هەر هەمان ناوی مەریەمی عوزرای هەیە، سێلێست،کە ناوەکەی بەمانای «ئاسمانی» دێت، چێشت کەرێکی قەڵەوی راستبینە کە هێمایە بۆ سۆزی مرۆڤانە. ئیمانۆئێل، کە تا رادەیەک گەوجە، ناوێکی هەیە کە بۆ باسکردنی مەسیح کەڵکی لێوە دەگیرێت. ناوەکەی لە زمانی عیبری دا واتای«خواوەندلەگەڵماندایە»دەدا ت. سەرەڕای ئەوەی کە مۆرسۆ و هاوڕێکانی مرۆڤگەلێکی سادە و ساکارن، بەڵام رووداوەکانی بەشی یەکەم بەهیچ شێوەیەک سادەوساکار نین. بەڵکوو بە درێژایی یازدە رۆژ مۆرسۆ هەموو ئەم کارانە کە دەیڵێین دەیکات: لە رێو ڕەسمی ناشتنی تەرمی دایکیدا بەشدار دەبێت، بەسەرهاتێکی ئەڤیندارانە لەگەڵ ماریدا دەست پێدەکات و قبووڵ دەکات کە لەگەڵی ببێتە هاوسەر. لەگەڵ ریمۆن دەبێتە هاوڕێ و بڕیاری دەداتێ کە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە خۆشەویستە پێشووەکەی کە هەڵیفریواندبوو، هاوکاری بکات، برای خۆشەویستەکەی ریمۆن بە گووللەیێک دەکوژێت ؛ ئەمانە بۆ مرۆڤێک کە نوقمی ژیانی رۆژانەیە، رۆژانێکی پڕ رووداون. لەلایێکی ترەوە، شێوازی دەستەویەخەبوونی مۆرسۆ لە گەڵ ئەم رووداوانەدا نیشاندەری جۆرێک لە داهێزراوی و ناکارامەییە. لەهەر بابەتێکەوە رووداوەکان بە هەڵکەوت روودەدەن ، نەک بەپێی پلان و گەڵاڵەیێکی پێشووتر، و پەرچەکرداری مۆرسۆ لەهەمبەریاندا ئەمەیە کە رێگایەک هەڵدەبژێرێت کە هەست دەکات ساناتری رێگەیە. دایکی دەمرێت و ئەو بە بێ مەیلییەوە بەشداری لە رێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی دەکات، بە هەڵکەوت لەگوێی زەریا دا ماری دەبینێت، باسکەمەلەی لەگەڵ دەکات، بۆ سینەما داوەتی دەکات، دەیبات بۆ بیناکەی و شەو پێکەوە رادەبوێرن. حەزی ئێرۆتیکیانەی مۆرسۆ بۆ ماری فشۆک و ناکارا نییە، بەڕای ئەو ماری راکێشەر و ویستراوە. بەڵام کاتێک کەماری حەوتوویەک دواتر سەری لێدەدات و لەپڕێکدا لێی دەپرسێت کە ئایا دەیەوێت پێکەوە ژیان پێک بێنن یان نا، وەڵامی مۆرسۆ بە شێوەیێکی سەرسووڕهێنەر و ناباوەڕانە ناکارامە و فشۆکانەیە. «شەو ماری هاتە لام و پرسی کە ئایا دەخوازم لە گەڵیدا ببم بە هاوسەر. گوتم کە بۆ من تۆفیرێکی نییە و ئەگەر ئەو بیەوێت دەتوانین ببینە هاوسەر. دواتر بەتەما بوو بزانێت کە ئاخۆ من عاشقی هەم یان نا. هەمان وەڵامی پێشووم دایەوە گوتم : ئەمە هیچ پێوەندییەکی نییە بە مەسەلەکەوە بەڵام وای بۆ دەچم کە عاشقی نەبم. پرسی:«ئیدی بۆ ببین بە هاوسەر؟» بۆم روون کردەوە کە لەراستیدا ئەم مەسەلەیە گرینگ نییە و ئەگەر ئەو بیەوێت دەتوانین ببین بە هاوسەر. ئیدی ئەو ئەمەی باسکردبوو و من کارێکم نەکردووە بێجگە لەوەی کە گوتوومە باشە. دواتر بە بیری دا هانیمەوە کە هاوسەرگیری شتێکی زۆر جیددیە. گوتم : «نەخێر». ئەویش دەم و دەست بێدەنگ بوو بە ماتییەکەوە لێمی روانی . دواتریش هاتە قسە و دەیەویست بزانێت کە ئەگەر ژنێکی دیکەش هەر بەم تایبەتمەندییانەی ئەوەوە ئەم پێشنیارەی دەکرد ئایا قبووڵم دەکرد یان نا. گوتم٬«بەناچاری». مۆرسۆ لە گەڵ ریمۆنیشدا بە هەڵکەوت دیدار دەکات. ریمۆن داوەتی دەکات بۆ ژوورەکەی تاکوو مۆرسۆ لە دەردەسەری چێشت لێنان رزگاری ببێت. دوای نانی شێوان، ریمۆن داوای لێ دەکات کە نامەیێک بۆ کۆنە خۆشەویستەکەی بنووسێت. ریمۆن خۆشەویستەکەی خستۆتە بەر زەبر و لێدان تاکوو خوێناوی بووە، بەڵام هەنووکەش دەیەوێت بەم نامەیە هەڵیخەڵەتێنێت تاکوو ىیسان بیگەڕێنێتەوە و بتوانێت بەخەستی عەڵەوی کات. مۆرسۆ قبووڵ دەکات.« نامەکەم نووسی. بەشێوازێکی سەرسەری، بەڵام هەموو هەوڵی خۆم دا کە ریمۆن پێی بگەشێتەوە، چوون هیچ هۆیەکی نەبوو کە نەمەوێت ریمۆن بگەشێتەوە و پێی کەیف خۆش بێت. پێکگەیشتنی مۆرسۆ لەگەڵ برای کۆنە خۆشەویستەکەی ریمۆن لە رۆخی زەریا دا هەمدیس بە هەڵکەوتە. ئەگەرچی مۆرسۆ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە دواجار دوو عەرەبی تێدا بینیوە،بەڵام لەوەی کە کەسێک لەوێدا دەبینێتەوە تێکدەچێت.« تاشوێنێک کە پێوەندی بە منەوە هەبوو بابەتەکە جێگەی باس نەبوو و من بێ ئەوەی تەنانەت بیری لێبکەمەوە. چووبوومە ئەوێندەرێ. بەڵام یەکێک لە عەرەبەکان هێشتا لەوێیە.(جێی خۆیەتی سەرنج بدەین کە قوربانییەکەی مۆرسۆ واتە برای کۆنە خۆشەویستەکەی ریمۆن، تەنها بە«ئەو عەرەبە»ناوی لێدەبرێت. ئەوەی کە کامۆ ئەم کارەی کردبێت تاکوو بێ سۆزی ئەلجەزایرییە فەرەنسییەکان پیشان بدات یان بێ سۆزی و بێ هەستی خۆی، لە هەر حاڵدا جیاوازییەکی نییە، ئەنجامی بابەتەکە ئەوەیە کە مرۆڤێک بۆ سەر ئاستی جێ ناوێک دابەزیوە). کاتێک «عەرەبەکە» دەست دەکات بە گیرفانیدا و چەقۆیەک دەردەهێنێت، مۆرسۆش ئان و سات پەنجەی لەسەر دەمانچەی گیرفانی کۆتەکەیدا دا دەنێت. لەم ساتە بە دواوە ئیدی مۆرسۆ بە پێی وتەی خۆی، رۆحی داوەتە دەست تووڕەیی خۆرەتاو. شکست خواردووی گەرما و تیشکی کوێرکەری خۆرەتاو دەبێت ،چەند هەنگاوێک دەچێتە پێشێ و لە کابرای عەرەب نێزیک دەکەوێتەوە: عەرەب چەقۆکەی لێ دەڕاسێنێت. تیشکی تیژی خۆرەتاو لە تێغەکەیەوە دەگوازرێتەوە بۆ نێوچەوانی مۆرسۆ . مۆرسۆ، کوێر و شڵەژاو ، دەمانچەکەی دەستی دەگوشێت و پەلەپیتکەکەی دەکرچێنێت. گوللە بەر پیاوی عەرەب دەکەوێت. مۆرسۆ هەڵوێستەیێک دەکات و دواتر چوار گوللەی تر بە جەستەی بێجووڵەی کابرای عەرەبەوە دەنێت. ئەستەمترین کار روونکردنەوەی ئەم کردەوەیەی دواییە-چوار جاری زێدە تەقەکردن لە تەرمەکە. بەپێچەوانەی تەقەی یەکەم کە دەشێت شتێکی بەرووداو بێت:«پەرچەکردارێکی ناهۆشیارانە یان بە هۆی داخزانی بەهەڵەی دەستییەوە»، ئەو چوار تەقەکەی دیکە دەشێت کردەوەگەلێکی هۆشیارانە بێت. بۆچی مۆرسۆ هەڵوێستەیێکی کرد و دواترکاتێک کە دەیتوانی بڕیار بدات کە درێژەی پێ نەدات ، چوار جاری دیکە تەقەی لە لاشەکە کرد؟ پاڵنەری مۆرسۆ چی بوو؟ مەبەستی چی بوو؟ بەپێچەوانەی گرینگی ئەم پرسیارانە لە کاتی لێپرسینەوە و دادگاییەکەیدا مۆرسۆ ناتوانێت روونکردنەوەیێکی سەلمێنەرانە بدات بەدەستەوە. ئاشکرایە مۆرسۆ بێ ئەوەی کە بزانێت یان لەبەر چاو بگرێت کە کابرای عەرەب زیندووە یان مردوو، چوار جاری دیکە دەستی تەقەی لێ دەکاتەوە. بە هەمووی ئەمانەشەوە هیچ هۆیەکمان نییە کە وا بیر بکەینەوە کە ئەو لە ژێر کاریگەری هەستێکی خەستی وەکوو رق، تووڕەیی و یان ترس ئەم کارەی کردووە. ئەگەرچی تەقەی ئەو لە پیاویە عەرەبەکە بێسۆزی ئەو لە هەمبەر پیاوێکدا کە هیچ خراپەیەکی دەرهەق نەکردووە دەنوێنێت، بە ڵام وا نایەتە پێش چاو کە ئەو خولیای کوشتنی ئەو پیاوەی لەسەر بووبێت. لە رووبەرووبوونەوەکانی پێشوویدا لەگەڵ عەرەبەکان لە رۆخی زەریادا، مۆرسۆ وادێتە پێش چاوی کە « مرۆڤ دەتوانێت تەقە بکات یان نەیکات. وادیارە ئەو چوار تەقەیەی دوایی بە هۆی خۆبەدەستەوەدانەوەیە نەک لەسۆنگەی بڕیارەوە. لە بەشی دووەمی بێگانەدا ، بەرپرسانی دادگای تاوانەکانی ئەلجەزایر ئەم رووداوە بە هەڵکەوت و لەناکاوانە، گرێدەدەنەوە بە پەرچەکرداری سست و داهێزراویانەی مۆرسۆوە و روخسارێکی سامناک و تۆقێنەر لە مۆرسۆ درووست دەکەن. رەوتی لێکۆڵینەوە یان لێپرسینەوەی جیددی ڤەپرس(بازپرس) لە مۆرسۆ دەست پێدەکات. کاتێک کە مۆرسۆ ناتوانێت روونی بکاتەوە کە لە بەرچی دوای تەقەی یەکەم هەڵوێستەی کردووە و دواتر چوار گوللەی دیکەی پەستاوتۆتە نێو لەشی کابرای عەرەبەوە،ڤەپرس خاچێکی زیوین کە وێنەیێکی مەسیحی لەسەر هەڵکۆڵراوە، دەگرێت بەدەستییەوە و لەبەرچاوی مۆرسۆ دا دێنێ و دەیبا. لێی دەپرسێت کە ئایا باوەڕی بە خودا هەیە و کاتێک مۆرسۆ لە وەڵام دا دەڵێت : «نەخێر» کابرا رق دای دەگرێت. «گوتی: مەحاڵە،هەموو مرۆڤەکان باوەڕیان بە خودا هەیە تەنانەت ئەوانەش وا لێی روو هەڵدەگەڕێنن. ئەمە بیر و باوەڕی ئەو بوو و ئەگەر گومانی تێدا بکردایە، ژیانی بۆش و بێ مانا دەبوو. بە توندی هاواری کرد: تۆ دەتەوێت ژیانی من بێ مانای کەی؟. لە کۆتایی ئەم لێکۆڵینەوەیە دا ڤەپرس ئیدی مۆرسۆ بە «جەنابی دەجال» بانگ دەکات. هۆی دابڕاندن و بەخشینی ئەم ناتۆرەیە بە سەر مۆرسۆ ئەوەبوو کە تەواوی ئاکار، کردە ئاڵۆز و بێ ماناکانی مۆرسۆ بۆ گاورە بەڕێزەکان ماناداربکرێتەوە.ئەگەر کەسێک وابیر بکاتەوە کە مۆرسۆ وێناکراو و هێمای شەڕە، ئەو کات هەموو کردەوەکانی ئەو لە بەشی یەکەمدا هەر بەم پێوانە و سەنگەوە روون دەکاتەوە. رەوتێک کە بە لێپرسینەوەی ڤەپرس دەستی پێکردووە دادوەر لە دادگا دا درێژەی پێ دەدات. دادوەر بە وردییەکەوە هەڵس و کەوت و ئاکاری مۆرسۆ لەمەڕ ناشتنی دایکییەوە دەخاتەبەر شیکاری و هەڵسەنگاندن و لە خاڵێکدا بەوە تاوانباری دەکات کە:«مۆرسۆ دایکی بە شێوەیەکی کارەساتاوی لە دڵدا بە خاک سپاردووە. دادوەر سەربووردەی عاشقانەی مۆرسۆ لەگەڵ ماری و نامەنووسینی بۆ ریمۆن گرێدەدات بە ئەنگێزەی ئەو بۆ کوشتنی پیاوە عەرەبەکەوە: هەر ئەم مرۆڤەی کە لە بوولێڵی مەرگی دایکییەوە دەست دەداتە پیسترین و ناشیرین ترین ئاکاری ئێرۆتیکیانە، بە هۆکارگەلی زۆر سووک و ئاسانەوە مرۆڤ دەکوژێت، ئەوەش بۆ پێکەوەنانی پیسی و گەندەڵییەکەوە کە شیاوی باسکردن نییە. دادوەر لە کۆبەندی قسەکانی خۆی، لە کۆتایی دادگاییکردنەکە دا بەم خاڵەشەوە ناوەستێتەوە. دادوەر کە لە قسەزانی و دەمکراوەیی خۆی خرۆشا بوو. تێدەکۆشێت گوناهی مۆرسۆ هەڵپێکێت بە دانیشتنێکی دیکەی دادگاوە ، واتە دادگاییکردنی پیاوێک کە تۆمەتبارە بە کوشتنی باوکی. پیاوێک کە لە رووی ئەخلاقییەوە تاوانی کوشتنی دایکی لە ئەستۆیە و خۆی لە کۆمەڵگا دادەبڕێت، دەقاودەق هەر ئەو تاوانبارەیە کە دەستی تاوان لە باوکی دەکاتەوە، کە بوونی داوەتێ. بە هەر حاڵ، کردەوەی تاوانباری یەکەم رێگەخۆشکەری کردەوەی تاوانباری دووەم بووە، لەراستیدا یەکەمینیان سەرمەشقی(سەرچەشن) دووهەمینیانە و پسووڵەی کردنی تاوانی بۆ دەرکردووە. دواتر دەنگی تۆزێ هەڵبڕی و گووتی:« برایان، من دڵنیام لە سۆنگەی ئێوەوە زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم کە ئەو پیاوەی وا ئێستە لە جێگەی تاوانبار دانیشتووە،گوناهی کوشتنێکیش کە سبەینێ دانیشتنی لەسەر دەکرێت لە ئەستۆیە. دادوەر دەڵێت : ئەمە ((ئەرکی ئەستەمی))ئەوە کە خوازیاری سزای ئیعدام بێت، بەڵام بەم حاڵەشەوە دەڵێت:« بەدڵێکی ئارامەوە ئەم داوایە دەکەم. چوونکوو... لە درێژایی ژیانم دا هیچ کات ئەوەندە ئێستا ئیمانم لەسەر ئەم حوکمە پیرۆزە قورستر نەبووە ، هیچ کاتیش بە قەد ئێستا ئەوەندە هەستی سامناکیم نەبووە لەکاتی بینینی روخساری ئەم پیاوە دا کە جگە لە ئاژەڵێکی دڕندە هیچی تێدا بەدی ناکەم و هەر ئەمەش وادەکات کە دەرکردنی ئەم حوکمە بۆ من زۆر سووک و ئاسان و روونتر بێتەوە. دەستەی دادوەران پێمل دەبێت و مۆرسۆ سزا دەدرێ کە لەمەیدانی گشتیدا بدرێتە دەست تێخی گیوتین. لەدانیشتنی دادگایی کردنی مۆرسۆ دا چیمان بۆ دەردەکەوێت؟ کامۆی لاو، کاتێک هەواڵنێری رۆژنامەی ئالجێر رێپۆبلیکەن بوو، زۆربەی کات راپۆرتگەلێکی لەبارەی سزادانە تاوانکارییەکان لە ئەلجەزایر کۆدەکردەوە و زانیاریگەلێکی سەرەکی لە بارەی لاوازی و ناتەواوییەکانی دادوەریکردن هەبوو. ئەو تەنانەت لە بڕگەیێکی دیار دا خۆی دێنێتە ناوی رۆمانەکەوە. لە سەرەتای دادگایی کردنەکەدا، گەنجترین هەواڵنێری ناو رێڕەو ەکە سەرنجی مۆرسۆ رادەکێشێت؛ پیاوێک بە پانتۆڵێکی خۆڵەمێشی و بۆیینباخێکی شینەوە، چاوی بڕیوەتە چاوەکانی.« ئەو شتەی کە لە رووخساری تا رادەیێک داکەوتووی دا بەدیم کرد دوو چاوی زۆر گەشاوە بوون، واقم مابوون. . . و ئەم هەستە نامۆیە داگیری کردم کە دەڵێی: خۆم چاوم بڕیوەتە ناو چاوەکانی خۆم. بێگومان، یەکێک لە ئامانجەکانی کامۆ لە دانیشتنی دادگاییکردنی مۆرسۆ دا بەدەستەوەدانی لێکدانەوەیەکە سەبارەت بە رەوتی دادوەری تاوانکاریی. ئەو بە ئەزموون دەیزانی کە چۆن چۆنی پارێزەران، بەڵگەکان دەئاڵۆزکێنن ولێکی گرێدەدەن تاکوو رەوتی دادگایی کردن ببەنە پێشەوە. ئەو دەیزانی ئەوان خودا، دایک، و وڵات دەکەن بە بڕوبیانوو بۆ ئامانجەکانیان. ئەو دەیزانی کە دادوەران و دەستەی دادوەران دەتوانن چەندە کوشندە و بەروالەت حەق خواز دەربکەون. لەگەڵ ئەمانەشدا، ئەم دادگایی کردنە لایەنێکی فەلسەفیشی هەیە، راستە ئەو تاوانە سەیر و سەمەرانەی کە دادوەری گشتی و لێژنەی دادوەری دەیدایە پاڵی مۆرسۆ، جۆرێک قەشمەری بە دادوەریکردنی سزاکانە، بەڵام بێ نرخیش نین. مۆرسۆ هەڕەشەیێکی راستەقینەیە. راستە کە ئەو نە پیاوکوژێکی دڵڕەقە و نە دەجالیش، بەڵام وێنا و ئیماژی قارەمانێکی پووچە. شتێک کە لەم بوونەوەرەدا نامرۆیی (دۆڵپائاسا) و دەرەمرۆیی دەنوێنێت، هەڵکەوتوویی ئەو بۆ ئەنجامدانی تاوان و دەست دانە کارگەلی پیس نییە؛ بە پێچەوانەوە، دەربەست نەبوونی ئەو بۆ ئومێدەکان، ئیمان و هەروەها ئەو ئارمانجانەیە وا زۆربەی خەڵک لە گەڵیدا دەژین. مۆرسۆ بە بێدەربەست بوون بە خوا، داهاتوو و یان بە تێڕوانینی ئینسانە بەڕێزەکان سەبارەت بە خۆی، مروڤێکی مەترسیداری لێدەرچووە واتە یاخییەک. بێگومان مۆرسۆ یاسای بنەمایی دژە مرۆڤکوژی،خستۆتە ژێر پێوە بەڵام ئەم یاساشکێنییە، بەنیسبەتی بێدەربەستی ئاشکرای ئەو بۆ دین و پێکهاتەی ئەخلاقی جیهانییەوە، لاکەوتە و پەراوێزە. هاوبەش نەبوونی مۆرسۆ لە باوەڕەکانی خەڵکدا خراپە، بەڵام خراپتر ئەمەیە کە تەنانەت وەهاش نانوێنێت کە لە باوەڕەکانیاندا هاوبەشە. ڤەپرس کاتێک مۆرسۆ نکووڵی باوەڕی خۆی بەخودا دەکات، دەقیژێنێت: «ئایا دەتەوێت ژیانی من بێمانا بکەیت؟. و لە راستیدا بەم رستەیە ئاماژە بەم مەترسییە دەکات.راستە کە رەنگە ئەوانەی وا دادوەری لەسەر مۆرسۆ دەکەن بەدرووستی نەزانن مەترسییەک کە مۆرسۆ بۆ کۆمەڵگا هەیەتی فەلسەفییە و نەک جینایی، بەڵام بە هەر حاڵ مەترسییەکەی هەست پێدەکەن. درووسـتە کە مۆرسۆ بێ هیچ بزوێنەرێکی لۆژیکی مرۆڤێکی کوشتووە، تەنانەت بێ ئەوەی سووسەیێکیش چییە هەست بە پەشیمانی بکات کە ئەو مافی ژیانی لە کەسێک وەرگرتووە، بەڵام دەکرێت دادوەرییەکی جیاواز وێنا بکەین کە تێیدا مۆرسۆ سزای دەست بەسەرداگرتن لە نەخۆشخانەیەکی دەروونی بەسەری دا بسەپێت، چوونکوو توانایی جیاکردنەوەی راست و هەڵەی نییە و ئاکاری پێشبینی ناکرێت. بەڵام سزایەک کە دراوە لەو جۆرە سزادانانە نییە. گریمانەی نەدرکاوی حوکمە راستەقینەکە! ئەمەیە: رەگەزپەرەستی لە ئەلجەزایری ژێر پۆستاڵی فەرەنسە دا. چوونکوو مۆرسۆ سپی پێستێکی ئەورووپاییە و کوژراو عەرەبێک، ئەم گریمانەیە هەیە کە مۆرسۆ بەری جۆرێک لە بەزەیی دەکەوێت. رەنگە ئەمە بتوانێت بە جۆرێک روونی کاتەوە کە بۆچی پارێزەری مۆرسۆ لە سەرەتاوە ئەوەندە دڵنیایە کە ئیشەکان بەباشی دەڕۆنە پێشەوە. بەڵام مۆرسۆ بە سەرپێچی لە جەخت کردن لە باوەڕە مەسیحییەکان، سەرپێچی لە خەمگین نواندنی خۆ لە مەرگی دایک، یان دەربڕینی پەشیمانی لە کوشتنی ئەو پیاوە عەرەبە، خۆی لەم بەزەییە بێبەش دەکات. ئەو پیشانی دەدات کە «بێگانە»یە(unetranger) . کە لەزمانی فەرەنسی دا سەرەڕای مانای بیانی و غەریبە بەمانای ، مرۆڤێکیشە کە نایناسن. بەم پێیە ئەو لە چینی دەسەڵاتدار کە دەیتوانی یارمەتی بدات دابڕاوە. بۆیە سزادانی ئیعدام بە گیۆتین، بە پێداگری دادوەری لەسەر«گوناهکاری ئەخلاقیی»ئەو لە کوشتنی دایکی و باوکی ئەو پیاوە(رەنگ) سپی پێستەی، تاوانبار بە کوشتنی باوکی، جۆرێک لەشەرعییەتی رەگەزی دەگرێتە خۆ. مۆرسۆ دوای سزادان، رەوانەی زیندانێکی تاکەکەسی دیکە دەکەن، زیندانێک لە بەشی سزادراوان بەمەرگ، تاکوو چاوەڕوانی جێ بەجێ بوونی سزای ئیعدام بێت. ئەو داوای پێداچوونەوە و لێبووردنی کردووە. بەڵام هیچ وێنایەکی نییە کە ئایا داواکەی قبووڵ دەکرێت یان نا. شەو و رۆژی بە خەونی رێگەهەڵاتنێک لە ئیعدام رادەبوورێت و چاوەڕوانە بزانێت بەرلێبووردن دەکەوێت یان ئیعدامی دەکەن. ئەگەرچی مۆرسۆ بارەها خۆی لە رووبەرووبوونەوە لەگەڵ قەشەی تایبەت بە زیندانیان دەپاراست، بەڵام بەهەر حاڵ قەشە دێتە ژوورەکەیەوە. مۆرسۆ سەرەتا لەرز دای دەگرێت، چوون وادەزانێت ساتی ئیعدامەکەی گەییشتووە. قەشە دڵنیای دەکاتەوە کە ئاوەها نییە و دڵنیایی خۆی بۆ قبووڵ بوونی داوای لێبووردنەکەی دەردەبڕێت. دەڵێت ئامانجی لەم هاتنەی بۆ ژوورەکەی مۆرسۆ، هەڵگەڕاندنەوەی سەرەنجی مۆرسۆ لە دادی(عەدالەت) ئینسانی بۆ دادی ئیلاهی، و لە گوناهی یاسایی بەرەو گوناهی کەبیرەیە. مۆرسۆ وەڵام دەداتەوە باوەڕی بەخودا نییە و ناشخوازێت ئەم دەرفەتە کورتەی کە بۆی ماوەتەوە بە خەون و ختوورەی ژیانی دوای مەرگ بەفیڕۆ بدات. کاتێک کە قەشە مۆرسۆ دڵنیا دەکاتەوە کە سەرەڕای دڵی تاریکی، ئەو دۆعای بۆ دەکات، مۆرسۆ خۆی بۆ ناگیرێت. مۆرسۆ لە باتی ئەوەی وەکوو هەمیشە و بەپێی خووی رابردووی بە وانواندنێک بو هاوکۆک بوون لەگەڵی یان گوێ نەدان بە قەشە لەرووبەرووبوونەوە لەگەڵیدا پارێز بکات، چنگ لە جامانەکەی وەردەنێت و بە هەراوهۆریاوە بەر جنێوی دەدات. بەقەشە دەڵێت«هیچ کام لە دڵنیاکەرییەکانی بایەخی تاڵە قژی ژنێکیان نییە» و تەنانەت نازانێت کە زیندووە«چونکوو وەکوو مردووان دەژی». پاسەوانەکان دێنە ژوورەکەیەوە و قەشە لە چنگی مۆرسۆ رزگار دەکەن. مۆرسۆ، شەکەت و وڵەکەت لەم پێداهەڵشاخانە، لەسەر سیسەمەکەی خەوی لێدەکەوێت. کاتێک لە خەوا دێت«ئەستێرەکان لە سەر روخساری دەزریوێنن». شنەیێک لە ژوورەکەیدا هەڵدەکات کە بۆنی شەو، خاک و هەوای خوێئاوی(نمکی)هەیە. مۆرسۆ جارێکی دی لە پێوەندی لە گەڵ جیهانی ماتریاڵی دا، گیانی وەبەر دەکەوێتەوە. وتەکانی کە زۆربەی کات وشک و بێ رۆح بوون، شێواز و قەوارەیێکی تەغەزوولی دەگرنە خۆیان:« ئەوکات لەو تاریکییەی پێش بوولێڵدا زەنگەکان هاتنە دەنگ، زەنگگەلێک کە جاڕی کۆچیان بەرەو جیهانێک لێدەدا کە هەنووکە و بۆ هەمیشە هیچ مانایێکی بۆ من نەبوو». بۆ یەکەمین جار بە درێژایی چەندحەوتەیێک بیر لە«دایە» دەکاتەوە دەکەوێتەوە یادی پێوەندی ئەڤیندارانەی دایە لەگەڵ تۆما پرێز10ی پیر، «دەزگیرانی ئەو لە خانەی بەساڵاچووان دا». مۆرسۆ تێدەگات کە ئەویش ئامادەیە تاکوو ژیان سەر لەنوێ بژێت. «دەتگووت ئەم رقە پڕخرۆشە منی لە هەرجۆرە خراپی و گەردێک پاک کردبووەوە، لە هیوا بەتاڵ و قوتاری کردبوومەوە؛ بۆ یەکەمین جار، لەو شەوی گەش و رۆشنە بە نیشانەکان و ئەستێرەکان، دڵم بە رووی بێڕەحمی و بێدەربەستی پڕسۆزی جیهان دا کردەوە. دیتم کە جیهان بە شێوە چەندە لە خۆم دەچێت-وەکوو برام وایە- و هەستم کرد بەختەوەر بووم و جارێکی دیش هەر بەختەوەرم». مۆرسۆ، تامەزرۆی ژیان بەڵام ئاشتی کەر لەگەڵ مەرگ، هیوادارە کە لە رۆژی ئیعدامی دا بینەرانێکی زۆر هەبن و بە«زایەڵەگەلی نەفرەت» پێشوازی لێبکەن. ب.رەخنەی فەلسەفی بێگانە لە رووی فەلسەفییەوە گرینگترین بەشی بێگانە، بەشی کۆتاییە. لەم بەشەدایە کە مۆرسۆ بۆ هەوەڵجار وشەگەلێک بۆ دەربڕینی باوەڕی خۆی، سەبارەت بە پووچی حاشالێنەکراوی ژیانی ئینسانی دەدۆزێتەوە. جێی سەرنجە کە ئەم وشانە بەهۆی هەوڵ و تەقەللاکانی قەشەی زیندانە کە لە زەینی مۆرسۆ دا سەردەردێنێت. قەشە،بەبیرمانی دێنێتەوە کە هەموومان لەبەر سزای مەرگداین، تەواوی ئێمە، دێر یان زوو، دەبێت لەگەڵ داوەریی خوداوەند و چارەنووسی ئەبەدی خۆمان رووبەروو بکرێین. مۆرسۆ بەقەشە دەڵێت: باوەڕی بەخودا یان ژیانی دوای مەرگ نییە و نایەوێت ئەۆ چۆڕەژیانەی کە بۆی ماوەتەوە بە بیرکردنەوە لەسەر بابەتگەلێک کە بێگومان بۆی سەرنجڕاکێش نین، خەسار بکات. کاتێک قەشە تکا دەکات کە مۆرسۆ بڵێت: ئەو ژیانەی کە دوای مەرگ دەتوانێت خەونی پێوە ببینێت کامەیە، مۆرسۆ هاوار دەکات:«ئەو ژیانەی کە تێیدا بتوانم ئەم ژیانەم بە یاد .بهێنمەوە! » خۆشەویستی مۆرسۆ بۆ ئەم ژیانە زەمینییە، تەنانەت لەبەردەم مەرگیشدا، بۆ قەشە زۆر شڵەژێنەرانەیە. ئەو، کە قەشەیەکی کاتوولیکی نەرێتی(سوننەتیی) رۆمییە، ژیانی زەمینی وەکوو دەربەندێک لەئەسرین کەوا داکەوتووی جیهانە دەزانێت، کە تێیدا بەختەوەری راستەقینە و هەتاهەتایی دەست ناکەوێت. ئەو، مۆرسۆ دەخاتە ژێر زەخت و گوشارەوە و مۆرسۆ دەتەقێتەوە. وشەگەلێک کە کامۆ بۆ باسکردنی ئەم تەقینەوەیەی مۆرسۆ هەڵیبژاردووە دەرخەری ئەوەن کە:«ئەوەی وا لەبنی دڵمدا بوو بە تووڕەیی و شادی بەسەریدا باراندم» مۆرسۆ لێرەدا تەنها قەشە ناداتە بەرجنێوی خۆی، بەڵکوو بۆ یەکەمجار ئەوەی وا بەراستی لەدڵیایەتی دەیخاتە دەرەوە. بەمانایەک، ئەم بەرەوڕووبوونەوەیە، دانپێدانانیشە. ئەو بە دەربڕینی قووڵترین بڕواکانی خۆی بۆ پووچی زاتیی و بڕاوەی ژیان، حاشاکەری پێویستی بە بەخشیشی خودایەو لەهەر جۆرە گومانێک لەبارەی مانای کۆتایی و غایی لەبارەی ئەو هەڵبژاردنانەی کە کردوویەتی پارێز و دووری دەکات. پووچی زاتیی ژیان چییە؟مۆرسۆ لە بڕگەی ژێرەوە هەوڵ دەدات روونی کاتەوە: من بەم شێوەیە ژیابووم و دەمتوانی بەشێوەیێکی دیکەش بژیایەم. من فڵان ئیشم کردبوو و دەمتوانی فیسار کاریش جێ بەجێکەم...هیچ شتێک، هیچ شتێک بایەخێکی نەبوو، ومن دەمزانی بۆچی. ئەویش دەیزانی. لەسەرتاسەری ئەو ژیانە پووچەی کە ژیابووم، هەناسەیێکی رەش و تار لە قووڵاییەکانی داهاتوومدا، لە سەرووی ئەو ساڵانەی کە هێشتا نەهاتبوون، بەرەو پێخم دەشنایەوە... مەرگی دیتران، سۆزی دایک، ئەمانە چ بایەخێکیان دەتوانی بۆ من هەبێت؟ خودای ئەو، یان ئەو ژیانانەی کە خەڵک هەڵیاندەبژارد، چارەنووسگەلێک کە دەیانقۆزتەوە، چ بایەخێکیان دەتوانی بۆ من هەبێت، منێک کە بە هەر حاڵ بەتەنها، تاقانە چارەنووسێکی یەکە دەیتوانی هەڵمبژێرێت، و هاوڕێ لەگەڵ مندا میلیۆنها ئینسانی خۆشەویستی تر کە وەکوو ئەم قەشەیە خۆیان بە برای من ناوزەد دەکات؟...دیتران هەموو رۆژێک دەدرێنە بەر ئەم سزایە، ئەویش سزا دەدرێت. مانای ئەم بەشە بۆ رەخنەی فەلسەفی بێگانە زۆر گرینگە، چوونکوو تەنها لەم بەشەی رۆمانەکەدایە کە مۆرسۆ، واتە وەگێڕ«راوی» و کەسایەتی سەرەکی رۆمان، تێدەکۆشێت روونکردنەوەیەکی فەلسەفی بۆ باوەڕەکانی خۆی سەبارەت بە دۆخی ئینسانی دەربخات. بەڵام لە هەمان کاتدا روونکردنەوەی پێشکەشکراو لەم بەشەدا لە چەند رووەوە ناتەواو و دەڵەمە دەنوێنێت. وەرن چاو بگێڕین کە جێگای چی لەم بیچمبەندییەدا خاڵییە و هەوڵبدەین بڵێین چۆنچۆنی ئەم بیچم دانانە دەشێت یان دەبێت تەواو و کامڵ بێت. بنەمایی ترین وتەی مۆرسۆ ئەمەیە کەئەم ژیانە خەڵک دەیبەنە سەر و ئەو هەڵبژاردنگەلێشە کەدەیکەن«بێ بایەخە»، چوون هەمووان دێر یان زوو دەمرن. ئەوەی وا لەم بڕگەیەدا باس نەکراوە ئەمەیە کە مەرگ، کۆتایی ژیانی ئینسانە لە پێگەی تاکێک یان بوونەوەرێکی ئاگادا. ئەگەر ژیانێکی دوای مەرگ هەبێت، بۆنموونە بەهەشتێک یان جەهەنەمێک، ئەوکات هەر ئیشێک کە تاک لەدرێژایی ژیانی دا دەستی داوەتێ، دەتوانێت بە راستی بۆ ژیانی دواتری«بایەخی»هەبێت. بەڵام مۆرسۆ پێشتر حاشای هەرجۆرە باوەڕ بە خودا یان ژیانی دوای مەرگ دەکات، و ئەم حاشاکردنە گریمانەیەکی بە زار نەهاتووە لە روونکردنەوەکەیدا. رەتکردتنەوەی خودا هەروەها خوێندنەوەیێکی رەواقییانە لەم باسەدا پووچەڵ دەکاتەوە. رەواقییە رۆمی و یۆنانییەکان دەنگبێژ و راگەیێنەری«بێ دەربەستی» بەنیسبەت چەرمەسەری و بەختەوەرییەکانی ژیان بوون، بەڵام ئەم ئامۆژگارییەیان لەسەر بنەمای ئەم باوەڕە بوو کە هەموو رووداوەکان بەپێی خواستی عەقڵی ئیلاهی روو دەدەن. دەشێت گریمانەیێکی نەوتراوی تر لە دووتوێی باوەڕی بێخەوشی مۆرسۆ بە خودی ژیان بدۆزینەوە. لە هیچ جێگایەکی رۆمانەکەدا شتێک نابینینەوە، کە پیشان بدات مۆرسۆ لە ژیان وەڕەس و شەکەت بووە یان بیرلە خۆکوژی دەکاتەوە. بە پێچەوانەوە، ئەو ئینسانێکە کە هەر رۆژی ژیانی و ساکارترین چێژگەلێک کە پانتای ماددی(متکیی) دەوروبەری خۆی پێشکەشی دەکات، بە چێژەوە هەڵیدەلووشێنێتە گیانیەوە. تەنانەت ژیانی لە زیندان دا دوای ماوەیێک ساکار و سانا دەبێتەوە و بیر دەکاتەوە کە دەتوانێت لە بۆشایی کلۆری دارێکیشدا ژیان بکات. راستەوراست لە کۆتایی رۆمانەکەدایە، کە دەڵێت ژیانێکی خۆشی رابواردووە و هێشتاش خۆش و بەختەوەرە. بۆیە، ئاشکرایە کە خودی ژیان بۆ مۆرسۆ«بێ بایەخ» نییە. لەراستیدا، دەتوانین بڵێین کە ئەو بیر دەکاتەوە ژیان بایەخێکی زاتی و جەوهەری بۆ هەموو ئینسانەکان هەیە. ئەوە چییە کە بایەخی نییە؟«نموونەگەلێک» کە مورسۆ دەیهێنێتەوە ئەم وەڵامە دەدەن بە دەستەوە کە ئەوەی وا بایەخی نییە هەڵبژاردنەکان، کردار، و ئەو رووداوە تایبەتانەیە کە ژیانی ئینسانە جۆراوجۆرەکان پێکدێنێت. چ بایەخێکی هەبوو ئەگەر ئەو تۆمەتباری قەتڵ ببوایە و لەبەر ئەوەی لە رێوڕەسمی ناشتنی دایکی دا بەشداری نەکردبوو لە دار بدرایا؟ سەگی سالامانۆش بە هەمان ئەندازەی ژنەکەی بایەخی هەبوو...چ بایەخێکی هەبوو کە ریمۆن بەهەمان ئەندازە هاوڕێ و یاری ئەشکەوتم بوایە یان سێلێست، کە زۆر لەو بەبایەخ ترە؟چ بایەخێکی هەبوو کە ئەمڕۆ ماری ماچێکی دەبەخشییە مۆرسۆیەکی تازەتر؟ بەسەرنج دان بەم نموونانە، دەشێت بگوترێت کەئەم جەخت کردنەی مۆرسۆ کە«هیچ شتێک بایەخی نییە»، لەخۆگری ئەم مانایەشە کە«خودی ژیان بایەخی هەیە، هەرچەندە شێوازی ژیان و هەڵبژاردنە تاکییەکان بایەخیێکیان نییە». ئەم وتەیە لەگەڵ وتەیەکدا کەمۆرسۆ لەبەشی یەکەم دا بەسەرۆکەکەی دەڵێت یەکدەگرێتەوە: «هەر ژیانێک بەهەمان ئەندازەی ژیانێکی دیکە باشە». بەهەموو ئەمانەشەوە، ئەمە هەموو بەسەرهاتەکە نییە. ئەوەی هێشتا دەبێت تێیبگەین چەشنی «بایەخێکە» کە مۆرسۆ لێرەدا باسی دەکات. وشەی«بایەخ» بەگشتی وشەیێکی پێوەندییە نواندنی پێوەندارێتیە). ئەمەی کە x بڵێین بایەخی هەیە، بەم مانایەیە کە x بایەخی بۆ Y هەیە. سەرەڕای ئەمەش، x دەتوانێت بایەخی بۆy هەبێت چوون ئامێرێکە بۆ گەییشتن بە ئامانج، یان خۆی لە خۆیدا ئامانجە، یان هەردووحاڵەت. کامۆ لە سەرتاسەری زۆربەی ژیانی دا عەوداڵی چارەسەر و ساڕێژێک بوو بۆ نەخۆشی سیلەکەی. دەرمانکردنی سیل بۆ کامۆ بایەخی هەبوو چوونکوو ئامێرێک بوو بۆ گەییشتن بە ئامانجی ژیانێکی دوورودرێژتر و تەندرووست تر. لەبەر ئەوە، دەبێت لەم بانگەشەیەی مۆرسۆ کە ژیان و هەڵبژاردنە تایبەتییەکانی ئێمە، هیچ بایەخێکیان نییە چوونکوو دێر یان زوو ئێمە هەموومان دەمرین، چ تێگەیەکمان هەبێت؟ ئەگەر مەبەستی ئەو لە«بایەخ» هەمان«بایەخ بۆ ژیانی دوای مەرگ»بێت، بەسەرنجدان بەم گریمانەیەی ئەو، کە ژیانی دوای مەرگ بوونی نییە، بانگەشەکەی ئەو وەکوو لۆژیک راست و درووستە، بەڵام هەمانگۆیانە و ئەم ئەوییە«واتە بە پێی گریمانە یان پێناسەیەک درووستە». لەلایەکی ترەوە، هەڵبژاردنی تاک و دەرئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنانە زۆرتر بۆ خودی ئەو تاکە بایەخیان هەیە، چوونکوو بۆ ئەوە کە رۆڵی ئامێر یان ئامانج دەگێڕن. سەرەڕای ئەمەش، هەندێک لەم هەڵبژاردنانە دەتوانن بۆ دیتران، دوای مەرگی ئەو تاکە، بایەخیان هەبێت. تەنانەت خودی مۆرسۆش بە هیچ کڵۆجێک لەئاستی بزوێنەر و ختووکەدەرەکانی ماددی دەورووبەریدا کەمتەر خەم نییە. بە پێی پێلێنانی خۆی، ئەو، پیاوە عەرەبەکە لەبەر ئەمە دەکوژێت چوونکوو گەرمای خنکێنەری هەتاو لەسەر وجوودی زاڵ بووە. دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەشە ، ئەوەی وا رۆحێک دەکات بەبەرییەوە«بۆنی شەو، خۆڵ وشنەی خوێ ئامێزە کە کەللەسەری فێنک دەکاتەوە. کاتێک لەخاولییە خووساوەکەی ئاودەست بەدەنگ هات و هاواری بردەلای سەرۆک، سەرۆک شانێک هەڵدەکێنێت، یانی کە«بابەتێکی سووک و بێ بایەخە. بەڵام بۆ مۆرسۆ راشکاوانە بایەخی هەیە. سەرەڕای ئەمەش، بایەخ بە روانینی دیتران بۆخۆی دەدات. کاتێک کە سێلێست، دوای هەوڵەجیددی، بەڵام بێ ئاکامەکەی بۆ شایەتیدان لە دادگا، لێبووردوانە بە «لێوگەلێکی لەرزۆکەوە» تێی دەڕوانێت، مۆرسۆ دەڵێت:«یەکەم جارە لە ژیانمدا دڵم دەیخوازی پیاوێک ماچ کەم» ئێمە ناتوانین تێبگەین کە ژیان و هەڵبژاردنەکانی مۆرسۆ لە زیندەگی دا، دوای مەرگی ئەو چ بایەخێکیان بۆ دیتران هەیە، بەڵام ئاسان دەتوانین وێنای بکەین کە ئەم ژیان و هەڵبژاردنانە بۆ ماری یا ریمۆن، یان تەنانەت بۆ قەشەش دوا بە دوای رووبەرووبوونەوەی لەگەڵ مۆرسۆ دا«کەچاوەکانی ئەسرین رێژ ببوون»، بایەخی دەبێت. ئەگەر،ئەم روانینە کە«شێوازی ژیانی ئینسان و هەڵبژاردنەکانی بایەخی نییە، چوونکوو مەرگ هاتنێکی لێبڕاوانەوە و بێ پێچ و پەنایە»هامانگۆیانە یان درۆئامێز نەبێت، دەبێت«بایەخ» لێرەدا مانایەکی بەرینتر لە«بایەخ بۆ ژیانی دوای مەرگ»ی هەبێت و مانایەکی وردتریشی لە«بایەخ بەهەموو چەشنییەوە»ی هەبێت. بەڵام ئایا دەکرێت ئاوەها بێت؟ یەکێک لەو نموونە باشانە بۆ ئاوەها خوێندنەوەیەک،«بایەخێک لەسەرووی خەون و بەرژەوەندی تاکەکانی ئینسانەوە»یە.ئەوەی وا لەم خوێندنەوەیەی«بایەخ»دا لەدەرەوەی بازنەدا دەمێنێتەوە، هەر جۆرە پێکهاتێکی ئەخلاقی یان زنجیرەیێک لە پلە و ریزبەندی بەهاکانە، کە بە شتێک جگە لە خەون و بەرژەوەندییەکان«پێداویستییەکان ، خەونەکان، سەرێتییەکان، و خولیاکان، و هتد» ی تاکەکانەوە گرێدرابێت. بەم خوێندنەوەیە، هەڵبژاردن و کردارە ئینسانییەکان لەلایەن خوداکان، چارەنووسەکان، بەها ئەزەلییەکان، مافەسرووشتییەکان، یان یاساکانی مێژوو نییە کە بایەخ بەخۆوە دەگرن. بۆیە، دەکرێت لە تێڕوانینی مۆرسۆوە ئاوەها دەرئەنجامێک وەربگرین:«بەهۆی لێبڕاوەیی مەرگەوە، شێواز و چۆنێتی ژیانی ئینسان و هەڵبژاردنەکانی بایەخێکیان لەسەرووی بەرژەوەندی و خەونەکانی مرۆڤەوە نییە». شتێک کە دەمێنێتەوەو دەبێت روونی کەینەوە و لەسەری بڕۆین ئەمەیە، کە ئایا لە روانینی مۆرسۆ دا بایەخی خودی ژیانیش لەهەمان چەشنی بایەخگەلێکە کەهەڵبژاردنەکان و کردارە تایبەتییەکان هەیانە، یان وابیردەکاتەوە کە بایەخی خودی ژیان چەشنێک بایەخی نێوناخی و زاتی یان گشتی و سەرتاسەرییە؟ رەنگە بە هەمان شێوە کە مۆرسۆ بەسەرۆکەکەی دەڵێت: هەر ژیانێک بە هەمان ئەندازە و بارستایی ژیانێکی دیکە بایەخی هەیە، بەڵام ئاخۆ خودی ژیان بۆ باشە؟ مۆرسۆ راشکاوانە بایەخ دەداتە ژیانی خۆی و لە زیندوو بوون چێژ وەردەگرێت. بەڵام ئاخۆ بایەخ ، تەنها رووخسار و دەرکەوتەیەکی دیکەی خواست و خەونێکی تاکییانەیە یان شتێکی گشتی و سەرتاسەریتر رەنگڕێژی دەکات ودەردەخات؟ ئایا ژیان بۆ هەموو ئینسانەکان ئامانجێکە لەخۆیدا؟ و ئەگەر ئاوەهایە، بۆچی هەزارەها هەزار ئینسان ساڵانە خۆیان دەکوژن؟ ئایا باوەڕ بەمەی کە هەر ئینسانێک دەبێت بۆ خودی ژیان بایەخ دابنێت بنەمایەکی هەیە؟ دەقی بێگانە ئەم پرسیارانە لە زەیندا دەورووژێنێت، بەڵام وەڵامێکیان بۆ رێکناخات. بۆ فامکردنی ئەندێشەکانی کامۆ سەبارەت بە بایەخی خودی ژیان دەبێت رووبکەینە خوێندنەوەی ئووستوورەی سیسوفوس کە بەم رستەیە دەست پێدەکات:«بەتەنها پرسێکی فەلسەفی راستەقینە هەیە، ئەوەش خۆکوژییە» هەروەها، تێڕامانەکانی مۆرسۆ لە کۆتایی بێگانە دا دوو پرسیاری دیکەش سەبارەت بە دڵەڕاوکێ و دڵ بەدوایی تاکەکان بۆ دیتران دێنێتە پێشێ و کراوە و بێ وەڵام دەیانهێلێتەوە. پرسیاری یەکەم پەیوەستە بە پرسی خۆخوازییەوە. تا چ رادەیەک تاکەکان دەست دەدەنە ئەنجامی کردارگەلێک تاکوو وەڵامدەرەوەی خەون و بەرژەوەندی دیتران بێت-دیترانێک کەخۆیان لەخۆیاندا غایەت و ئامانجن- و بەتەنها مەبەستیان وەڵامدانەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان نییە؟ پرسیاری دووهەم بەندە بە ئەرکی ئەخلاقی بەنیسبەت دیترانەوە. تا چ رادەیێک تاکەکان دەبێت دەست بدەنە کردارگەلێک کە وەڵامدەرەوەی خەون وبەرژەوەندییەکانی دیتران بێت؟- دیترانێک کە خۆیان لە خۆیاندا غایەت و ئامانجن- و تەنها مەبەستیان وەڵامدانەو و خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیان نەبێت؟ ئێستاکە ئیزنم بدەن ئەوە یاد بخەمەوە کە ئەم پرسیارانە بە شێوەیێکی سەرنج راکێش بەند دەبن بە تێڕامانەکانی مۆرسۆوە سەبارەت بەمەرگ و پووچی ژیانەوە. ئەگەر، بەهەمان شێوە کە مۆرسۆ گریمانەی دەکات، ژیانی دوای مەرگ یان پێکهاتێکی ئەخلاقی دەرەوەیی بوونی نییە و تاک، بۆ خەون و بەرژەوەندی دیتران بایەخێک دانانێت، کەواتە دەکرێت بە سانایی تێبگەین کە بۆچی مەرگ، ژیانی ئەو لە هەر جۆرە بایەخێک بەتاڵ و بۆش دەکاتەوە. پرسەکە تەنها ئەوەنییە کە ئەو بایەخێک بەوەی کەدوای مەرگی خۆی بۆ دیتران روو دەدات نادات، بەڵکوو ئەمەشە کە ئەو لە درێژایی ژیانی دا بایەخێک بە هەر جۆرە دۆخێک کە لە داهاتوودا کاریگەریی بەسەر خەون و بەرژەوندییەکانی ئەوەوە نەبێت، نادات. لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر خەون و بەرژەوەندی دیتران-ئەو دیترانەی وا خۆیان غایەتن لە خۆیاندا-بۆ ئەو بایەخی هەیە، کەواتە بۆ هەر دۆخێکیش وا لەداهاتوودا ودوای مەرگی ئەو لەسەر ژیانی دیترانێک کەبۆی گرینگن کاریگەری هەبێت، بایەخ دادەنێت، دوو نموونە بێننە پێش چاوی خۆتان. زۆربەی باوک و دایکەکان خۆیان دەکەن بە قوربانی داهاتووی منداڵەکانیان و بەچۆنیەتی ژیانی منداڵەکانیان دوای مەرگی خۆیان بایەخ دەدەن. زۆرێک لە لایەنگرانی پاراستنی ژینگە لێبڕاوانە هەوڵ دەدەن ژینگە بپارێزن، چوونکوو باوەڕیان وایە دەبێت سەرچاوەکانی گۆی زەوی لەگەڵ بەرەکانی داهاتوودا بەش بکەن و بۆ چۆنیەتی ژیانی ئەوانەی واهەرگیز نایانبینن و نایانناسن بایەخ و گرینگی دادەنێن. ئەم تێڕوانینە بۆ مۆرسۆ غەوارە و نەناسراوە. هۆیەکی نییە کە بیربکەینەوە کە ئەو دڵەکورک و دڵبەسراوی شتێکە کە بۆ دیتران لە دوای مردنی ئەو روو دەدات. ئەو، لەئاستی خەون و خولیاکانی دیتراندا بەگشتی بێ بایەخ نییە. بەڵام توانایی ئەو بۆ هاوسۆزی نزمتر لە زۆربەی خەڵکە و باوەڕی نییە کە دەبێت دڵکورک و دڵبەستی خەون و خولیاکانی دیتران بێت. مۆرسۆ حەز دەکات ئەو دیترانەی کە لە هاودەمی و هاونشینی لەگەڵیدا خۆشن و چێژگر دەبن خۆشنوود بکات، بەڵام خەون و هۆگری بۆ ئەو بەشە لە دیتران کە کەرتێک لە دەوروبەری ماکییانەی ئەو نییەن، دەدۆڕێنێت و لەدەستی دەدات.. ئەو، دوای جێگۆڕینەوەی دایکی بۆ خانەی بەساڵاچووان بە دەگمەن دەکەوێتەوە یادی و هۆگری و سۆزدارییەکیش کە بۆ ماری هەیەتی لە درێژایی مانگەکانی زیندان دا لەکیس دەدات. ئان وسات بەر لە دیمانەی قەشە: یەکەم جار دوای ماوەیەکی درێژ بیرم لەماری کردەوە. رۆژگەلێکی زۆر بوو کە ئیدی نامەی بۆ نەدەنووسیم. ئەو شەوە بیرم لەمە دەکردەوە و لەگەڵ خۆمدا گوتم: حەتمەن لەوەی کە کچە هاوڕێی حوکمدراوێکی ئیعدامی بێت تاقەتی تێک چووە. بیریشم لەمە کردەوە کەرەنگە نەخۆش یان مردوو بێت. لەدواجاردا لەم رووداوانە دەقەومێن. چۆن دەبوایا بزانم، چوون جگە لە تێکەڵبوونی لەشیی هیچ شتێکی دیکە ئێمەی بە بیری یەکدی نەدەهێنایەوە. بەهەر حاڵ، دوای ئەم بیرکردنانە ئیدی ماری بۆم، هیچ بوو. هەستی هاوسۆزی و دڵ بەدوایی ئەخلاقی مۆرسۆ بۆ دیتران، بەبەراورد لەگەڵ زۆربەی ئینسانەکان، بەراستی لاواز و نزمە. بەهەموو ئەمانەشەوە ئەو تواناییەکی ئێرەیی بزوێنی، بۆ چێژ وەرگرتن لە تان وپۆی ژیانی خۆی هەیە. کامۆ لە«هاوین لەئەلجەزیرە»دا دەنووسێت:«چێژ خوازی، وزە و هەڵکەوتووییەکی تایبەتی دەوێت. مۆرسۆ ئەم هەڵکەوتووییە تایبەتەی هەیە. دەیگووت: ئەگەر پێمل بایە کە«لە کلۆری بۆشی دارێکی وشک هەڵاتوودا بژیبایە، و کارێک بێجگە لەمەی کە چاو لە ئاسمانی پشکووتووی سەر سەری ئەنجام نەدات ...پێی رادێت لەم رووەوە، مۆرسۆ عەنتیکەیەکی دیار و روون لەو وێنایەی پاسکالە کە لە ئینسانی بێ خودا کێشاویەتی. مۆرسۆ لەوەی وا لە ژوورەکەی خۆیدا بمێنێتەوە رازییە-تەنانەت ئەگەر ئەم ژوورە کلۆری بۆشی دارێک بێت. ئەو هیوایەتی سەفەر، بەسەرهات، یا چەشنەکانی تری هەڵگەڕان لەیادی تێدا نییە. کاتێک کە لە دواجاردا «دۆخی لەرزۆک و تێپەڕمان بە وردی دەخاتە بەر بیرکردنەوە». ئەم دۆخە بە هۆکاری بەختەوەریمان دەبینێت نەک بەدبەختییەکی بێ چارەسەر. هەر ئەم روانینە عەنتیکەیەیە کە وای لێدەکات لە کۆتایی رۆمانەکەدا بگاتە هاودەنگی و هاوڕاییەکی ئاگایانە لەمەڕ«بێدەربەستی میهرەبانانەی جیهان»ەوە. دوا پەرەگرافی بێگانە یەکێک لە هەستبزوێنەرترین بڕگەکانە لە تەواوی ئەدەبیاتی سەدەی بیستەمدا. بەڵام شیعری سادەی ئەم پەرەگرافە ئاڵۆزییەکەی پەردەپۆش دەکات. ئیزن بدەن با نیگایەکی وردتر و مووقەڵیشانەتر بەو رەگەزە جۆراوجۆرانە کە ئەم پەرەگرافەیان پێکهێناوە بکەین. هەستم کرد وادیارە ئێستا تێدەگەم بۆچی ئەو(دایە) لە کۆتایی ژیانیدا دەزگیرانی پەیدا کردبوو و بۆچی لەنوێوە کایەکەی دەست پێکردبوو... دایە، کەئەم هەمووە لەمەرگەوە نێزیک بوو، حەتمەن هەستی کردبوو کە ئێستاکە ئازادە و تەیاری ژیاندنەوەی(تێهەڵچوونەوە) هەموو شتێکە. هیچ کەس،هیچ کەس نەدەبوو بەسەریەوە بگریایە. منیش وام هەست کرد کە تەیاری بووژاندنەوە و ژیاندنەوەی هەموو شتێکم. ئەوەی وا ئەم دێڕانە پێماندەگەیەنێت بەتەنها رێزدانان بۆ ژیان لە هەمبەر مەرگدا نییە، بەڵکوو ئەم بۆچوونەشە کە مەرگ دەتوانێت ئێمە تەیار و ئامادەی«تێهەڵچوونەوە (ژیاندنەوە)ی هەمووشتێک» بکات. وا دێتە پێش چاو کە دەشێت کامۆ لەکاتی هەڵبژاردنی ئەم دەستە واژەیەی«تێهەڵچوونەوە (ژیاندنەوە)ی هەمووشتێک» تیۆرەی گەڕانەوەی ئەبەدی نیچەی لەزەیندا بوو بێت. کامۆ، ئەو سەردەمەی کە لە خوێندنگەی ناوەندیدا بوو خوێندنەوەی بەرهەمە پڕخرۆش و ناپێکهاتمەند(غیر سیستماتیک)ەکانی نیچە، ئەم فەیلەسووفە ئاڵمانییە کە رەسەنییەتێکی سەرسووڕهێنەری هەیە، دەست پێکردبوو. نیچە لە هەندێک لە نووسراوەکانیدا ئەم بیرۆکەیە دەخاتە بەر سەرنجەوە کە جیهان کۆمەڵێکی کەم و تەنگەبەر لە وزەیە کە بەرێژەیێکی زۆر بەڵام کورت لە حاڵەتانێکی مومکین و شیاو( یان لێکدراو)دان. نیچە دەڵێت: سەر ئەنجام هەموو ئەم زنجیرە حاڵەتانەی شیاو و مومکین دەگاتە کۆتایی و جیهان خۆی دووپات دەکاتەوە و دیسان تێهەڵدەچێتەوە(دەژێتەوە). ئەم رووداوە جارێک نا بەڵکوو بەجارەها دێتە گۆڕێ. ئەمەی کە نیچە ئاوەها بیرۆکەیەک لە پێگەی تیۆرەیەکی کەیهان ناسانە بەجیددی گەڵاڵە کردبێت یان نا، جێگەی هەڵوێستەو گومانە، بەڵام لەئاکامدا وەکوو ئەزموون وتاقیکردنەوەیێک بۆ داکۆکی و داسەپاندنی ژیانی خۆی سوودمەند بینییەوە. بۆنموونە لە زانستی شاد11 دا داوا لە خوێنەر دەکات کە وێنای ئەوە بکات کە ئەگەر لە ساتی تەنهایی رەهاماندا شەیتانێک دەرکەوتبایە و پیشانی بدایە کە بچووکترین وردەکارییەکانی ژیانمان دەقاودەق بە هەمان شێواز و تەکوزییەک کە هەبووە، زۆرتر لە جارێک دووپات دەبێتەوە. ئایا ئاوەها شتێک دەمانڕووخێنێت؟ یان لێوانلێومان دەکات لەشادی؟ نیچە دەڵێت، زۆربەی تاکەکان لە دەرئەنجامی ئەم رووبەڕووبوونەوەیە دا تێکدەشکێن و دەڕووخێن. تەنها ئەو تاقانە ئینسانانە نەبێت کە نە نیگایان بۆ خودی ژیان خەماویە و نە نیگایشیان بۆ ژیانی خۆیان، لەم رووبەڕووبوونەوە و کەشفە دا نوقم و شەڵاڵی شادی دەبن. بەهەر حاڵ، سەرکەوتن و سەروەری مۆرسۆ بۆ ئەوەی کە بەبێ داخ و دوو ژیان بکات، بنەمایەکی بەتەواوەتی جیاوازی لەو بنەمایە هەیە کە نیچە وێنای کردووە(ئەلەکساندێر نیاماس13 لە کتێبی نیچە: ژیان وەکوو ئەدەبیات14 خوێندنەوە و شرۆڤەیەکی سەرنج راکێشی بۆ ئەم بابەتە هەیە). لەروانینی نیچە دا، بنەمای درووستی دەسەڵات، ئیرادەیەکە کە ئینسان لە رێگەی هاوئاهەنگ بوون لەگەڵ بزوێنەر و هاندەرەکانیدا بەدەستی دەهێنێت. ئەمە بە مانای زاڵ بوون بەسەر خۆ و بەسەر خۆدا شکانێکە و خەلق و داهاتنی خودێکی یەکتا و تاقانە یە. بەڵام لەمەڕ مۆرسۆوە بەڕاستی ناکرێت بگوترێت کە بەسەر خۆیدا شکاوەتەوە و زاڵ بووە یان خوی داهێناوەتەوە. مۆرسۆ تەنها دەگاتە هەواری ناسینی خۆی. رووبەڕووبوونەوە/پێلێنانی ئەو لەگەڵ قەشە دا بوار و دەرفەتی ئەوە دەدات کە بە رووناکی ببینێت کە چ شتێک لەم ژیانە خاکی و زەمینییە لە پێگەی تێگەی هەستەوەرانە(درک حسی) دا بایەخی بۆی هەیە. بەپێچەوانەی زۆربەی ئینسانەکانەوە، بێدەربەستی جیهان بەنیسبەت هەوڵ و تێکۆشانی مرۆیی بۆ دۆزینەوەی مانا و هومێد ، بۆئەو هیچ بایەخێکی نییە. ئەو، بەهیچ شێوەیێک خوازیاری یەکتایی و یەکگرتوویی و فام کراوەیی ژیان نییە، پێویستییەکی نییە ئەمڕۆی بە رابردوو و داهاتوویەوە گرێ بدات. ئەو، جیهان زۆر لە شێوەی خۆی دەزانێت و هەر ئەمەش شادی دەکات;« دڵم بەرووی بێدەربەستی میهرەبانانەی جیهاندا کردەوە. بینیم کە جیهان بە شێوە چەندە لە خۆم دەچێت-وەکوو برام وایە- و هەستم کرد بەختەوەر بووم و جارێکی دیش هەر بەختەوەر دەبم. بەڵام رستەی کۆتایی رۆمان نەوایەکی نوێ و دژبەرانە دەخولقێنێت: بۆ ئەوەی هەموو شتێک لەبار و تەبا بێت و من کەمتر هەست بە تەنهایی بکەم، تەنها ئەمە مابوو کە هیوا بخوازم کە لە رۆژی لە سێدارەدانم دا بینەرگەلێکی زۆر هەبوون و بە زایەڵەی نەفرەتەوە پێشوازیم لێبکەن . لەمەدا چی دێتە دەستمانەوە؟ لە ئووستوورەی سیسوفوس دا، کامۆ پێداگری لەوە دەکات کە خوارکردن چەندە بۆ ئینسانی پووچ لە رووبەرووبوونەوە لەگەڵ دوژمندا بایەخی هەیە و چەندە هێز و وزەی دەداتێ. دەڵێت بە دەسەڵاتی خوارکردن تەنانەت دەتوانین بەسەر باری پڕووکێنەری بەردی سیسوفوس دا زاڵ بین. «شتێک نییە کە نەتوانرێت بە خوارکردن بە سەریدا زاڵ ببیت. بەڵام لە بێگانە دا ئەم ئەندێشەیە تا کۆتایی رۆمانەکە نایەتە کایەوە و دواتریش نابینین کە لە کردار و پراکتیک دا چی دەکات. مۆرسۆش پووچی دەژێت، بەڵام سەرکەوتنی لە ژیانی بێهیوای فشۆک و وەهم و وڕێنەدا سەرچاوەی لە بێدەربەستییەوە هەڵدەقوڵێت نەک زاڵ بوون. ئەو زۆرتر وێکچووی کەسایەتی چیرۆکی«هونەرمەندی برسی»15 کافکایە، کە دەتوانێت هەر چەندە کە بیەوێت بە رۆژوو بێت-تەنانەت تا سنووری مەرگ- چوون هەرگیز چێشت و پێخۆرێک نابینێتەوە کە بە دڵی بێت. هونەرمەندی برسی هەڵکەوتوویی و شێوەیێکی تایبەتی ژیاندن دادەهێنێت، کەلەسەر بنەمای بێحەزی ئەوە بۆ پێخۆر، بەڵام ئەم بێحەزیە لە زۆربەی ئینسانەکاندا نییە. مۆرسۆ ئینسانێکی پووچە و بەهۆی راستی رەهایەوە قارەمانێکی پووچە، بەڵام عەنتیکەتر و نەگونجاوترە لەوەی ببێت بەئایدیال و سەرچەشنی ئەوانی تر. بەهەر حاڵ، ئەم فەرمانبەرە رۆژپاتییە یەکێکە لە بەرچاوترین ئەزموونەکانی کامۆ بۆ نواندنەوەی جیهان بینی پووچ لە رۆچنە و دووتوێی ژیانی تاکێکەوە. کامۆ لەو دوو بەرهەمەی پەیوەست بەم تریلۆژی(سێیانە) پووچییەی دا پەرژاوەتە سەر رووخسار و پێرسۆناژ گەلێک، کە بلیمەتی و سەرنج فڕێنی زۆرتریان هەیە- ئیمپراتۆرێکی رۆمی و پاشایەکی ئووستوورەیی فێڵباز .
__________________
شاره که م , به ندی دلم , ئه ی باغی مه ن
ره وره وه ی ساوایه تیم , سابلاغی مه ن

دل به هیوات لیده دا , لانکی دلی
تو له وه رزی یادی مه ن دا , سه رچلی

خالید حسامی( هیدی )
پاسخ با نقل قول
جای تبلیغات شما اینجا خالیست با ما تماس بگیرید




پاسخ


کاربران در حال دیدن موضوع: 1 نفر (0 عضو و 1 مهمان)
 

مجوز های ارسال و ویرایش
شما نمیتوانید موضوع جدیدی ارسال کنید
شما امکان ارسال پاسخ را ندارید
شما نمیتوانید فایل پیوست در پست خود ضمیمه کنید
شما نمیتوانید پست های خود را ویرایش کنید

BB code is فعال
شکلک ها فعال است
کد [IMG] فعال است
اچ تی ام ال غیر فعال می باشد



اکنون ساعت 07:46 AM برپایه ساعت جهانی (GMT - گرینویچ) +3.5 می باشد.



Powered by vBulletin® Version 3.8.4 Copyright , Jelsoft Enterprices مدیریت توسط کورش نعلینی
استفاده از مطالب پی سی سیتی بدون ذکر منبع هم پیگرد قانونی ندارد!! (این دیگه به انصاف خودتونه !!)
(اگر مطلبی از شما در سایت ما بدون ذکر نامتان استفاده شده مارا خبر کنید تا آنرا اصلاح کنیم)


سایت دبیرستان وابسته به دانشگاه رازی کرمانشاه: کلیک کنید




  پیدا کردن مطالب قبلی سایت توسط گوگل برای جلوگیری از ارسال تکراری آنها